فقهکوردی

بۆ به‌نێوی خوا ده‌ست پێ بکه‌ین؟

نێوی خوا

باسێکی کورت لە سەر «بسم اللە الرحمن الرحیم»

لە نێو هەر قەوم و میلەتێک ڕەسم و باوە کە کارە بەنرخ و گرنگەکانیان بە نێوی گەورەیەک یان شەخسێکی تایبەت کە لە لای وان جێی ئیحتیڕام و ڕێزە، دەست پێ دەکەن تا کارەکانیان موبارەک و پیرۆز دەربێ، زۆر جاران بە نێوی بتێک، پادشایەک یا دەسه‌ڵاتدارێک کارەکانیان دەست پێ دەکەن. یان  نێوی خودای لێ دێنن، بەڵام کەسێکی دی لەگەڵ دەخەن!

شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام ئێمەی ئیماندار فێر دەکا که کاتێک کارەکانمان دەست پێکرد، چۆن دەستی پێ بکەین و نێوی کێی لێ بێنین.

خودای گەورە کەلامە موبارەک و بەنرخەکەی خۆی بە «بسم اللە الرحمن الرحیم» دەست پێ دەکا تا ببێتە سەرمەشقی کار و کردەوەکانی ئیمەی ئیماندار.

نە تەنها قوڕئان، باڵکوو تەواوی کتێبە ئاسمانییه‌کان بەو نێوە موبارەکە شروع دەبن و دەست پێدەکه‌ن.

سەرلەوحەی کاری هەموو پێغەمبەران هەر «بسم اللە» بووە. ئەوەتا دەبینین پێغەمبەر نوح(سه‌لامی خوای لێ بێت) کاتێک دەستور بە یارانی دەدا سواری کەشتێکە بن، دەفەرموێ:

«بسم اللە مجریها و مرسیها» (هود/۴۱)
واته‌: «(فەرمووی:) سوار بن و بڕۆنە ناو کەشتێکەوە، به نێوی خودای گه‌وره‌ ڕۆشتن و ڕاوەستان.»

حەزرەتی سوله‌یمان کاتێک ویستی مەلەکەی سەبا دەعوەت کا بەرەو ئیمان و خوداپەرەستی، پەیامەکەی بە «بسم اللە الرحمن الرحیم» دەست پێ دەکا، وەک لە سوڕەتی نه‌مل ئایەتی ۳۰ دا هاتووە و دفەرموێ:

«ٳنە من سلیمان وٳنە بسم اللە الرحمن الرحیم»

پێغەمبەری خۆمان کارەکانی بە «بسم اللە» دەست پێ دەکرد و سفارشی بە یارانی دەفەرموو کە بە نێوی خودا دەست بە کارەکانیان بکەن. وەک لە حەدیسدا هاتووە دەفەرموێ:

 ١- لە کاتی خواردندا بڵێن: «بسم اللە»

«قل بسم اللە و کل بیمینک و کل مما یلیک»
فەرموی: بڵێ بە نێوی خودا و بەدەستی ڕاست بخۆ و لە پێش خۆتەوە دەست پێ بکە و بخۆ.

۲- لە کاتی خوێندندا بە «بسم اللە» دەست پێ کەین: وەک خودای گەورە ئەمر بە پێغەمبەر(سه‌لامى خوای لێ بێت) دەکا و دەفەرموێ:

«ٳقرٲ بسم ربک الذی خلق»
واته: بخوێنە بە ناوی خودایەک کە دروستی کردووی.

۳- لە کاتی خەوتندا ناوی خودا بەرە: ڕەسولی ئەکرەم دەفەرموێ:

«بسمک اللهم ٲموت و ٲحیا»
واته: «به ناوی تۆ ئەی خودا دەمرم وە زیندوو دەبمەوە.»

۴- لە کاتی دەرچوون لە ماڵەوە هەر بڵێی (بسم اللە)
خۆشەویست دەفەرموێ:

«بسم الله توکلت علی الله ولاحول ولا قوه الا بالله» واته: «به ناوی خودا و تەوەککول لە سەر ئەو، هیچ حەڕەکەت و وزەیەک نییە بێجگە لە قودرەتێک کە یارمەتی خودای لەگەڵ بێ.»

۵- لە کاتی هاتنەوە بۆ ماڵێ: حەزرەت درودی خودای لێ بێ دەفەرمۆێ:

«بسم الله ولجنا و بسم الله خرجنا و علی ربنا توکلنا»
واته: «به ناوی خودا هاتینەوە  ماڵێ و بە ناوی ئەو چوینە دەرێ و تەوەککولیشمان لە سەر پەروەردگارمانە.»

۶- لە کاتی سەرجێیی لەگەڵ هاوسەر و خێزان: ڕەسوڵی ڕەحمەت دەفەرموێ:

«بسم الله اللهم جنبنا الشیطان و جنبا الشیطان ما رزقتنا»
واته‌: «به ناوی خودا، خودایا ئێمه له شەیتان دوور ڕاگرە و شەیتانیش لەو شتەی کە ده‌یکەی بە ڕزق و قسمەتمان  مەحرووم کە.»

هەروەها لە کاتی دەستنوێژ و نوێژکردندا دەبێ  (بسم اللە) لەسەر زمانمان بێ.

ئەو وشە پیرۆزە (بسم اللە) ئەوندە گرنگ و پڕبەهایە کە ئەگەر لە کاتی سەربڕینی ئاژه‌ڵ و حەیوان بە زمان نەوترێ، لای زۆربەی هەرە زۆری زانایان گۆشتەکەی حەرام دەبێ و ڕەوا نییە موسوڵمان بیخوا!

بە کورتی و بە کوردی دەبێ و باش وایە پێش دەست پێکردنی هەرکارێکی خێر [بسم اللە] بە سەر زار و زمانمان دابێ.

پرسیار:
بۆچی بۆ دەست پێکردنی کارەکانمان باش وایە [بسم اللە] بلێین؟

وەڵام:
«بسم اللە» ئاڕم و نیشانەی موسوڵمان‌بوونی ئێمەیە و دەبێ هەموو کارەکانمان ڕەنگ و بۆنی خودایی بەخۆ بگرێ. ئینسانی ئیماندار دەبێ خۆی لە باقی ئینسانەکانی دی جودا کاتەوە کە لەوانەیە بە نێوێک جگە لە نێوی خودا و «بسم اللە» کارەکانیان دەست پێ بکەن.

بۆ نمونە:
کارخانەیەک کاتێک بەرهەم و (محصولات) و کاڵای خۆی دەخاتە دەرێ و دروستی دەکا، مۆر و ئاڕمی تایبەت بە کارخانە و شەریکەی خۆی لێدەدا و بۆی فەڕق ناکا ئەو کاڵایەی گەورەیە یان چکۆلە.

ئێمەی ئیمانداریش لە هەموو کار و کردەوەکانماندا -بێ ئەوەی بپرسین لە گەورەیی و چکۆلەیی کارەکە- بە ناوی خودای گەورە (بسم اللە) دەیڕەنگێنین و دەست پێ دەکەین، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە مەخلوقی ئەو پەروەردگاره‌ین کە خالق و بەدیهێنەری هەموو بوونه‌وه‌رێکه و ئەگەر ویستی ئەو نەبێ، هیچ کارێک سەر ناگرێ. خۆ ئەگەر بە ڕواڵەت سەریشی گرت، بەرەکەتی نابێ و خێر ناداتەوە.

حوکمی «بسم اللە الرحمن الرحیم»:

مالکییه‌کان و حەنەفی مەزهەبەکان لەسەر ئەو ڕایەن کە [بسم اللە الرحمن الرحیم]، ئایەتێک لە سوڕەتی فاتیحه‌ و باقی سوڕەتەکانی دی نییه‌، به‌ڵکوو تەنها وشەیەکە کە سوڕەکانی پێ دەست پێدەکرێ و لە سه‌ره‌تای ئەواندا نوسراوەتەوە.

بەڵام شافعییه‌کان و حەنبەڵی مەزهەبەکان دەڵێن: [بسم اللە الرحمن الرحیم]، ئایەتێکە لە سوڕەتی فاتیحه‌. بۆیە خوێندنی لە کاتی نۆێژ بە واجب دەزانن.

خۆ ئەگەر لەو مشتومڕ و ئیختیلافاتە بێینە دەرێ، هەموو ئوممەتی ئیسلامی لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە [بسم اللە الرحمن الرحیم] بەشێکە لە ئایەتێک کە لە سوڕەتی (نمل)دا هاتووە. وەک خودای گەورە دەفەرمۆێ:

«ٳنه من سلیمان و ٳنه بسم الله الرحمن الرحیم» (نمل/۳۰)

کورته ی باسەکە:

 ۱- [بسم اللە] ئاڕم و نیشانەی ئینسانی ئیماندارە و لە باقی ئینسانەکانی دی کە ملکەچی خودا نین، جودایان دەکاتەوە.

۲- [بسم اللە] ڕەمز و دروشمی یەکتاپەرەستی و تەوحیدە و بەکار بردنی ناوی غەیری اللە ڕەمز و دروشمی شیرک و خوڕافەپەرەستییه‌.

۳- [بسم اللە] ڕەمزی دوورکەوتنەوە لە غرور و تەکەببور و ئاشکراکردنی زەبوونی ئینسانی ئیماندارە لە بارەگای خودای گەورە.

۴- [بسم اللە] شەیتان بەزێنە و دوورکەرەوی فێڵ و تەڵەکەی ئەوە و پووچەڵ کەرەوەی نەقشە و پیلانێتی.

۵- [بسم اللە] هەنگاوی یەکەمە لە مەسیر و ڕێگای عەبدایەتی بۆ خودای تاقانە و سەرلەوحەی کاری پڕ لە خێر و بەرەکەتی تەواوی پێغەمبەرانە.

سەرچاوەکان:

تەفسیری المنیر و هبە الزحیلی
تەفسیری نوری قرائتی
قەڵای موسوڵمان
تەفسیری انوارالقرآن

 ✍️ یونس سلیمان زادە _  قەڵاجۆغە
ویراستاری: سۆزی میحڕاب

نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده‌

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا