فتاویفقه

حوكمی شەرعی دەركردنی سەرفیترە بە پارە

سەرفیترە بە پارە

 

فیقهناسان لە كۆن و نوێدا دابەشبوون بۆ سێ‌ راو بۆچوون:

رەئی یەكەم: پێیوایە بە هیچ جۆر دروست نیە سەرفیترە بە پارە بدرێ‌، بەڵكو دەبێت صاعێك لەو خواردنە بدرێ‌ كە خواردنی زۆرینەی خەڵكی ئەو شارەیە، یان نیو صاع لە گەنم لای هەندێكیان، ئەمەش مەزهەبی كارپێكراوە لای مالیكی و شافیعی و حەنبەلییەكان. (سەیری: بدائع الصنائع 2/205 چاپی: دار إحیا‌و التراپ العربی، وە مۆسسە التأریخ العربی 2000م، وە حاشیەی ئیبن عابدین 2/79، وە الشرح الكبیر مع الدسوقی 1/805، و نهایە المطلب 3/420، والروچە 2/301، و مغنی المحتاج 3/116، والفروع 2/ 540 بكرێ‌).

مەزهەبی زاهیریش هەمان رەئی هەیە، تەنانەت وتوویەتی كە بە خورما و بە جۆ نەبێت دروست نیە، (سەیری المحلی ی ئیبن حەزم 6/118 بكرێ‌).

رەئی دووەم: پێیوایە كە لە هەموو بارێكدا بە رەهایی دروستە كە بە پارە دەربكرێ‌، ئەمەش مەزهەبی ئەبو حەنیفە و ئەبو یوسفە، ئەبو جەعفەری تەحاوی كە فیقهناس و فەرموودەناسە و لای حەنەفییەكان متمانەپێكراوە كاری بەم رەئییە كردووە، كە ئەویش لە سوفیانی سەوری و عومەری كوڕی عەبدولعەزیز و حەسەنی بەصری و كەسانی تریشەوە گێڕدراوەتەوە، ریوایەتێكیش لە ئەحمەدەوە هاتووە كە لەبەر زەرورەت یان بەرژەوەندییەكی بەهێز كار بەم رەئییە دەكرێ‌، ئەمەش رەئی زۆرینەی هەرە زۆری زانا هاوچەرخەكانە، هەروەها رەئی دەستەی جیهانیی پرسە هاوچەرخەكانی زەكاتە، هەروەها رەئی شێخی پێشووتری ئەزهەر مامۆستا مەحمود شەلتوت و مامۆستا یوسف قەرەزاوییە. (سەیری سەرچاوە فیقهییە پێشووەكان بكرێ‌).

ئیبن ئەی شەیبە لە موصەنەفەكەیدا لە (قڕە)وە گێڕاویەتەوە كە وتوویەتی: (نوسراوی عومەری كوڕی عەبدولعەزیمان دەربارەی سەرفیترە پێگەیشت كە نیو صاعە -واتە لە گەنم- بۆ هەر كەسێك، یان نرخەكەی كە نیو درهەمە)، حەسەن وتوویەتی: خراپ نیە گەر یەك درهەم لەجیاتی سەرفیترە بدرێ‌، ئەبو ئیسحاق وتوویەتی: (گەیشتمەوە پێیان كە لەجیاتی دەركردنی سەرفیترە نرخی خواردنەكەیان بە درهەم دەدا. سەیری: مصنف ئەبی شەیبە بكرێ‌ 3/174).

پێشەوا سەرخسی وتوویەتی: (فیقهناس ئەبو جەعفەر بە رەحمەت بێت دەیوت: نرخەكەی بدرێ‌ باشترە، چونكە سودی بۆ هەژار زیاترە، ئەوەی كە پێویستییەتی بەو نرخە دەیكڕێ‌ ، باسەكەش لەسەر گەنم و جۆ بووە، چونكە كڕین و فرۆشتن لەو كاتەدا لە مەدینە بەوان بووە، بەڵام لە ناوچەو وڵاتی ئێمە ئەوا كڕین و فرۆشتن بە پارە ئەنجام دەدرا، كە خۆشەویستترینی ماڵ و سامانەكانەو دەركردنی سەرفیترە بەو باشترە). تەنانەت ئەم گوتە پێشووەی داوەتە پاڵ ئەبو یوسف و وتوویەتی: (بە درهەم باشتر و لەپێشترە لە ئارد، چونكە پێویستی هەژار باشتر بەڕێدەكات، هەروەها خێراتریشە، بەهەمانشێوەش ئارد لە گەنم باشترە). سەیری: المبسوط (2/149) بكرێ‌.

رەئی سێیەم: پێیوایە ئەسڵ ئەوەیە سەرفیترە بە صاعێك لە خواردن دەربكرێ‌، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی بەهێز، یان پێویستبوون بە دەركردنی بە نرخ، یان بە دەستەواژەیەكی تر بڵێین وەها بێت كە پارەی نەقد بۆ هەژاران لە خواردن باشترە.

ئەمەش رەئی ئەبو ئیسحاق راهویە و ئەبو سەورە، لە مەوسوعە فیقهییەكەی سوفیانی سەوری دا هاتووە كە: (ئەگەر نرخی خواردەمەنیەكە بە پارە بدرێ‌ ئەوا سودی بۆ هەژار زیاترەو دروستە، چونكە مەبەست پێی بێنیازكردنی هەژارانە لە دەستپانكردنەوە، هەروەها بۆ بەجێگەیاندنی پێویستییانە لە ئەمڕۆدا)، ئەمەش هەمان بژاردەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییەیە. سەیری: موسوعەی فیقهی سوفیانی سەوری ل473 بكە.

بەڵگەی مەزهەبە فیقهییەكان:

یەكەم: ئەو زانایانە كە رێگرن لەوەی زەكاتی سەرفیترە بە پارە بدرێ‌ ئەم بەڵگانەیان هەیە:

1- ئەو فەرموودە راست و دروستانە كە پێماندەڵێن پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم زەكاتی سەرفیترەی بە صاعێك لە خورما…تادوایی دیاریكردووە، لێرەدا باسی بەهاكەی بە پارە نەكردووە كە ئەگەر دروست بوایە ئەوا باسی دەكرد، بەم پێیەش ئەوا هەركەس بە نرخی خواردەمەنیەكە دەریبكات ئەوا فەرمانی پێغەمبەری صلی الله علیە وسلم جێبەجێ‌ نەكردووە.

2- زەكاتدان پەرستش و نزیكبوونەوەیە لە خوای گەورە، كەواتە ئەوەی ئەسڵەو فەرزە بەگوێكردن و شوێنكەوتن بێت نەك داهێنانكردن تیایدا، بە دەستەواژەیەكی فیقهیش بڵێین سەرفیترە كارێكی پەرستشییەو ناچێتە ژێر پێوانەگیری و ئیجتیهادەوە.

ئەمانە گرنگترینی ئەو بەڵگانە بوون كە ئەوانەی رێگرن لە دەركردنی سەرفیترە بە پارە لە كۆن و نوێدا پشتیان پێدەبەستن، بەڵام دەكرێ‌ بەمجۆرەی لای خوارەوە مشتومڕی ئەو مەسەلەیە بكەین:

أ- ئەو باسەی لە فەرموودە پیرۆزەكانی پێغەمبەردا صلی الله علیە وسلم هاتووە ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا صاعێك لە خورمای….تادوایی داناوە، ئەمەش لە داڕشتنی ئەو هاوەڵەیە لەوەدا كە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم سەرفیترەی فەرزكردووە نەك ئەوە فەرموودەی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم بێت بە شێوازێك كە ئەوە بگەیەنێ‌ رێگری كراوە لە دەركردنی بە جگە لەو، چونكە دەقێكی جێگیر و

راشكاومان لە پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم نیە ئاماژە بێت كە ئەو سەرفیترەیە قەتیسكراوە لە صاع دا لە هەموو ئەو فەرموودانەدا كە لەوبارەیەوە هاتوون، گەورەترین بەڵگەش ئەوەیە كە كۆی زانا رێگرەكان رێگادەدەن بە دەركردنی یەك صاع لە گەنم لەجیاتی سەرفیترە، ئەمە لە كاتێكدا كە بەكۆی دەنگ لە فەرموودە راست و راشكاوەكاندا نەهاتووە، هەروەها زۆرینە رێگادەدەن بە دەركردنی یەك صاع لە برنج لەجیاتی زەكاتی سەرفیترە، كە ئەمەش لە هیچ فەرموودەیەكی نە راست و نە راشكاودا نەهاتووە.

جا ئەگەر ئەم پێوانەگیرییە راست و پەسەند بێت ئیتر چ جیاوازییەك لە نێوان ئەو و نێوان ئیجتیهاد كردن بە دروستی دەركردنی سەرفیترە بە پارە هەیە، بەڵكو دیاریكردنی نرخی خورما یان جۆ كە لە دەقەكەدا هاتووە نزیكترە لەوەی جۆرەكانی تری دانەوێڵە بلكێن پێیەوە كە لە دەقەكانی شەریعەتدا نەهاتوون.

ب- لە راستیدا زەكات بە گشتی، زەكاتی سەرفیترەش بەتایبەتی نیە لەناو رێوڕەسمە تەنها پەرستشییەكاندا، بەڵكو لەو پەرستشانەیە كە دەچێتە ناو ئەو مانا ئەقڵگیرانەوە كە دەتوانرێ‌ ئیجتیهادی تێدا بكری، ئێمەش بینیمان كە كۆی زانا رێگرەكان ئیجتیهادیان كردووە، ئینجا كێشانەیان كردووە دەرهەق بە گەنم یان برنج یان هاوشێوەیان مادامێ‌ وێنای زۆرترین خواردنی شارەكە دەكات.

بەمجۆرەش ئەوا بەڵگەكەیان هەڵدەگەڕێنەوەو دەبنە بەڵگە لەسەریان، چونكە پابەند نەبوونە بەوەی كە پەرستشێكی رووتەو هیچ پێوانەگیرییەكی تێدا نیە، جا ئەگەر ئەم پێوانەگیرییە كە ئیجتیهادی تێدا كراوە دروست بێت كەواتە بۆچی نابێت ئیجتیهاد بكرێ‌ كە دروستە بە پارە بدرێ‌؟

ج- جگە لەوەش ئەوا ئەو باسەی لە فەرموودەكەی ئیبن عومەردا هاتووە كە سەرفیترە بە خورما و جۆ و كەشك دەبێت، ئەوە باس لە جۆرەكانی خواردنی ئەو چەرخەی كردووە، بە بەڵگەی ئەوە كاتێ‌ جۆرەكانی تریش هاتنە ناو باسەكە پشتیان پێبەسترا، هەروەك ئەبو سەعیدی خودری لەبارەی گەنمەوە وتوویەتی.

دووەم: ئەو زانایانەش كە رێگایانداوە سەرفیترە بە پارە بدرێ‌ پشتیان بەم بەڵگانە بەستووە:

1- دانانی زەكاتی سەرفیترەو مەبەستی شەرع لێی تێكردن و دڵخۆشكردن و بێنیازبوونی هەژارانە بە داواكردن لە رۆژی جەژندا، بۆ خۆشی خستنە دڵیانە لە رێگای دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانیان، ئەمەش بەدڵنیایی لەم سەردەمەماندا بە زۆری بە پارە دەستەبەر دەبێت، تا ئەوان پێویستیە سەرەكییەكانیان بكڕن كە تەنها لە خورماو گەنم و جۆ و برنج و هاوشێوەیاندا تەواو نابن.

هاوەڵە بەڕێزەكانیش ئەم تێگەیشتنەیان بۆ سەرفیترە هەبووە، كە دەستكۆتا نەبوون تەنها بەوە كە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم لە سەردەمی خۆیدا بڕیاری لەسەر داوە لەسەر خورما و جۆ و كەشك بەڵكو گەنمیشیان زیادكردووە، تەنانەت زۆربەیان نیو صاعیان لە گەنم یەكسان كردووە بە صاعێك لە خورما یان جۆ -هەروەك پێشتر باسكرا-.

2- لە راستیدا گەورەترین بەڵگە: ئەو بۆچوونەی موعاویەیە خوا لێی رازی بێت كە لە حەج یان عومرەكەیدا پێشنیاری كردووە بۆ هاوەڵە بەڕێزەكان كە نیو صاع لە بۆرەی گەنمی شام یەكسانە بە یەك صاع لە خورما، هەروەك هاوەڵی بەڕێز ئەبو سەعیدی خودری و هیتریش دەڵێن و هاوەڵانیش رەزامەندییان لەسەر داوە.

كەواتە ئەو كۆدەنگییەیان بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر دروستی دەركردنی بە پارە چونكە یەكسانكردنی نیو صاع لە گەنم بە صاعێك خورما لە رێگای پارەوە نەبێت جێبەجێ‌ نابێت، ئەم هاوكێشەیەش لە عومەرەوە خوا لێی رازی بێت -هەروەك پێشتر وترا- گێڕدراوەتەوە.

3- لە دەقی شەرعی راست و دروستدا جێگیر بووە كە پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم و جێنشینە راشیدەكان پارەیان لەجیاتی زەكاتی هەندێ‌ كەسانی دیاریكراو لە چەندین حاڵەتدا وەرگرتووە، وەك وەرگرتنی درهەم و دینار لە جێگای جیاوازی لە تەمەنی خوازراو لە زەكاتی وشتردا، كە باقیاتەكە مەزەندە كراوە بە دوو مەڕ یان بیست درهەم.

4- هەروەها كاتێ‌ پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم مەعازی نارد بۆ یەمەن تا زەكاتی فەرز كۆبكاتەوە، مەعاز پێیوتن: (بە نرخی پۆشاكی خەمیص یان لەبیس بێنن بۆم بۆتان ئاسانترە لەوەی لە مەدینە هەیە لای كۆچبەران و پشتیوانان) بوخاری لە بەشی قسەكردن لەسەر زەكات گێڕاویەتەوە، گاوس وتوویەتی: (مەعاز بە خەڵكی یەمەنی وتووە: بە نرخی پۆشاكی خەمیص یان لەبیس بێنن بۆم لەجیاتی زەكات لە جێگای جۆ و گەنمەشامی بۆتان باشترە….). بەیهەقی لە السنن الكبری دا بە ژمارە 4/113، والمحلی 6/25، گێڕاویانەتەوە، حافز ئیبن حەجەر لە كتێبی تعلیق التعلیق دا 3/13 بە سەنەدی راست لە گاوسەوە گێڕاویەتەوە، بەڵام لە مەعازی نەبیستووە چونكە پچڕاوە، ئیبن ئەبی شەیبەش لە مصنفەكەیدا بە ژمارە 3/174 گێڕاویەتەوە.

چەندین بەڵگەی تریشیان هەیە لێرەدا بواری باسكردنیان نیە.

رەئی سێیەم: بەڵگەی ئەم بۆچوونەش، هەمان بەڵگەی رەئی دووەمن (رێگادەرەكان) لەگەڵ مەرجداركردنی بە بەرژەوەندییەكی بەهێزەوە، بەم پێیە ئەوا لەگەڵ رەچاوكردنی ئەو مەرجە دا ئیتر كار بە رێگادان بە پارە دەكرێ‌.

رای بەهێز:

لەدوای خستنەڕووی ئەو بەڵگانە بەپێی توانا، هەروەها لەدوای چەندین مشتومڕی زۆر دەربارەی ئەم مەسەلەیە كە كات بواری نەداین هەموویان بخەینەڕوو، بۆم دەركەوت كە رای دووەم بەهێزترە لەگەڵ توندوتۆڵكردنی بەوەی كە ئەهلی رەئی سێیەم وتوویانە كە دەركردنی بە پارە سودی بۆ هەژاران زیاترە، بەم پێیەش ئەوا ئەگەر دەركردنی بە پێدانی خواردن و دانەوێڵە سودی زیاتر بێت ئەوا هەر ئەوە ئەسڵە، خوای گەورە زاناترە ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەمەی خوارەوە:

یەكەم: هیچ راجیاییەك لە نێوان فیقهناساندا نیە كە دروستە كار بە رواڵەتی دەقەكان بكرێ‌َََ و صاعێك لە خواردنی باوی ئەو شارە بدرێ‌ یان لەوەی كە فەرموودە پیرۆزەكە باسیكردووە (ئەوەش بەپێی وردەكاری پێشتر).

دووەم: جا بەو پێیە كە راجیایی لە دەركردنی سەرفیترە بە پارە راجیاییەكی زۆر بەهێزە، ئیتر نابێت رەخنەی لێبگیرێ‌، هەركەس كار بە فڵان رەئی بكات كارەكەی رەتناكرێتەوە و هیچ یەك لە بۆچوونەكانیش بە خراپ ناناسرێ‌، چونكە ئەوە راجیاییەكی رێگاپێدراوە و هەر موسڵمانێك بۆی هەیە پرس بە دڵی خۆی بكات لە كاركردن بە رەئی رێگرەكان یان رێگادەرەكان، ئامۆژكاران و وتاربێژانی مزگەوتەكان بۆیان نیە ئەم مەسەلەیە لە وتاری ئامۆژگاری و وتارداندا بوروژێنن بۆئەوەی گرفت یان ژاوەژاو لە نێوان موسڵماناندا دروست نەبێت، چونكە مینبەرەكان جێگای وروژاندنی ناكۆكییەكان نین، هەر ئەمەش رێبازی زانا خواناسەكانمانە كە رای جیاوازی رێگاپێدراو وەربگرن و رێزی لێبگرن تەنانەت با رایەكی جیاواز بێت بەرانبەر بە رای ئەویتر.

سێیەم: بەدڵنیایی كە ئەم ئاینە لە پرسی بەخشین و وەرگرتن و لە بانگەواز و فەتوادا لەسەر ئاسانكاری و نەهێشتنی سەغڵەتی دامەزراوە، كەواتە دەركردنی زەكاتی سەرفیترە بە پارەی كاش كارێكی ئاسانترە لە دەركردنی بە خورما و جۆ و گەنم و هاوشێوەیان، جۆرێك لە سەغڵەتی و ناڕەحەتیش هەیە لە هەموو ئەو سەرفیترانەدا كە بە گەنم یان خورما یان برنج لە شارە گەورەكاندا لەم سەردەمەماندا دەدرێن، ئەمە لەپاڵ ئەوەدا كە ئەگەر لە ئەمڕۆدا بەو خواردنانە بدرێت ئەوا هەر هەموویان دەڕۆن دەیفرۆشن تا بە نرخەكەی پێویستییەكانی تریان بكڕن، لەلایەكی تریشەوە وادەبینین كە بەرنامەی پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم لە زەكاتدان و هیتریشدا لەسەر ئاسانكاری بۆ خەڵكی دامەزراوە، كەواتە هەر كەس ئەو ئەسڵەی كە فەرزە زەكاتی لێبدرێ‌ بەردەست نەبوو ئەوا جێگرەكەی وەردەگیرێ‌، یان جیاوازییەكە هەروەك لە زەكاتی وشتردا هەیە.

چوارەم: مەبەستەكانی شەریعەتی ئیسلامی لە زەكاتی سەرفیترە روونە، ئەویش بریتییە لە بەجێگەیاندنی پێداویستییەكانی كەسی هەژار، گومانی تێدا نییە كە پێویستییەكانی ئەمڕۆش بریتی نین تەنها لە خواردنی خورما و نانی گەنم یان برنج بەڵكو زۆرتر و فرەجۆرن، لەبەرئەوە پارە ئەو مەبەستانە باشتر دەستەبەر دەكات، كەواتە شایانی ئەوەیە پەسەند و قوبوڵ بێت ئەمە ئەگەر دەركردنی بە پارە باشتریش نەبێت، مەعلومیشە كە شەریعەت بونیاتنراوە لەسەر رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە.

پێنجەم: ئەم وتەیە تەنها هی حەنفییەكان نیە هەرچەندە ئەمە بەسەو زیاتریشە، بەڵكو ئەوە رەئی كۆمەڵێك لە هاوەڵان و شوێنكەوتووانە، چونكە هەموو هاوەڵان یان شوێنكەوتووان ئەوانەی كە رێگایانداوە نیو صاع لە گەنم بدرێ‌ لە جێگای صاعێك لە جۆ یان خورما، ئەوە لەخۆیەوە نەهاتووە تا نەوترێ‌ كە نرخ بە هەڵسەنگاندن دەنرخێنرێ‌، بەم پێیەش ئەوە رەئی ئیبن عومەر و ئیبن عەبباس و موعاویە و هەموو ئەوانەیە كە كاریان بە رەئییەكەی كردووە كاتێ‌ لە حەجەكەی یان عومرەكەیدا خستییە پێشچاویان.

ئەو گوتەیەش كە دەڵێ‌ دەكرێ‌ راستەوخۆ نرخەكە بدرێ‌ ئەوە لای عومەری كوڕی عەبدولعەزیز و حەسەنی بەصری و ئەبو ئیسحاق و سەوری جێگیرە، هاوكات مەزهەبی زەیدییەكانیشە هەروەك لە البحر الزخار دا بە ژمارە 3/202 هاتووە، هەروەها ئەوانی ئالوبەیتیش هەروەك لە السبیل الجرار بە ژمارە 2/86 هاتووە، بەهەمانشێوە گوتەی تاقمێك لە مالیكییەكانە وەك حەبیب و ئیبن ئەبی جازم و ئیبن دینار و ئیبن وەهەب.

پێشەوا حافز ئیبن ئەبی شەیبە لە بەشی پێدانی درهەم لە زەكاتی سەرفیترە 3/174 لە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز و حەسەنی بەصری و ئەبو ئیسحاقەوە وتوویەتی: (من گەیشتمەوە پێیان كە زەكاتی سەرفیترەیان بە درهەم بە بەهای خواردن دەردەكرد)، ئەم گوتەیە لەم كەسە شوێنكەوتووەوە كە چاوی بە عەلی و تاقمێك لە هاوەڵان خوا لێیان رازی بێت كەوتووە بەڵگەیە كە دەكرێ‌ پارە (واتە بەهای) لەجیاتی ئەو خواردنە كە لەو سەردەمەدا بووە دروستە، كە چاكترینی سەدەكانە ئەویش سەدەی هاوەڵانە.

هەر لەمبارەیەوە یەكێك لە زانایانی وڵاتی یەمەن -كە حافز ئەبولفەیز ئەحمەد كوڕی موحەممەد كوڕی صدیق غەمارییە، خاوەنی كتێبە ناودارەكان -لە سەدەی چواردەیەمدا- كتێبێكی نایابی داناوە بەناوی: تحقيق الآمال في إخراج زكاة الفطر بالمال ، كە مامۆستا نیزام یەعقوبی بڵاویكردووەتەوە، تیایدا رای زۆرێك لە هاوەڵان و شوێنكەوتووان و فیقهناسانی لە سەردەمە جیا جیاكاندا هێناوە لەگەڵ بەڵگەی باوەڕپێكراو، لە لاپەڕە 47-48 دا دەڵێ‌: (هەر كەسێ‌ شوێنكەوتە (مقلد) بێت ئەوا شوێنكەوتنی ئەو پێشەوایانەی بەسە با لە مەزهەبەكەی خۆیشی نەبن…، چونكە ئەوە لە هەموو مەزهەبەكاندا دروستە، بەڵام كەسێك كە خۆی لە زانایان و ئەهلی تێڕوانین و وەرگرتنی بەڵگە بێت با بزانێ‌ كە ئەم بەڵگانەمان بۆ ئەو مەسەلەیە لە لە چەند روویەكەوەیە) ئینجا بەڵگەكانی هێناوە، لەوانە: لە راستیدا وەرگرتنی بەها -واتە زەكاتی پارە- مەسەلەیەكی جێگیرە لە پێغەمبەری خواوە صلی الله علیە وسلم، هەروەها لە تاقمێك لە هاوەڵانی سەردەمی پێغەمبەر و سەردەمی دوای ئەویش، ئینجا هاتووە تا ئەوە بسەلمێنێ‌ سەنەدە متمانەپێكراوەكانی هێناوە.

پاشان جا ئەگەر ئەم رەئییە لەلای هەندێ‌ لە زانا هاوچەرخەكان وەك مامۆستا ئیبن باز و ئیبن عوسەیمین بە رەحمەت بن كاری پێنەكرا بێت، هەروەها لەلایەن زۆرینەی زانایانی سعودیەوە، ئەوا كۆی زانا هاوچەرخەكان لە وێنەی شێخە پێشووەكانی ئەزهەر لە سەدەی پێشوودا و زۆربەی زانایانی عیراق و شام و فەلەستین كاریان پێكردووە، مامۆستای پایەبەرزیش یوسف قەرەزاوی لە كتێبی فیقهی زەكاتدا 2/948-951 ئەمەی بەوپەڕی هێزەوە لاپەسەندە، تەنانەت فەتوایەكی دەستەجەمعی لە شەشەم كۆڕبەندی پرسە هاوچەرخەكانی زەكاتدا كە لە شارقە لە ساڵی 1996ز بەسترا بە دەق دەڵێ‌: (دروستە زەكاتی سەرفیترە بە پارەی كاش بە بەهای فەرزبوونی خواردن بدرێ‌، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ساڵانە ئەو بەهایە دەخەمڵێنن).

ئەمەمان وت خوای گەورەش زاناترە

كۆتا نزاو پاڕانەوەمان سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان

درود لەسەر گەورەمان موحەممەد و لەسەر ماڵبات و گشت هاوەڵانی

 

لە نوسینی بەندەی ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری

 د. عەلی محێدین قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا