فتاویفقه

یونیک فایناس(2-1)

کۆمپانیای (UniqueFinance) (یونیک فاینانس) ناوەندێک بۆ چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن

نووسینی: پڕۆفیسۆر. د. خالید موحەممەد ساڵح.
ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا عەلی پوور.

سەرەتا:
ئەگەر ڕۆژانە سەردانێکی سۆشیاڵ میدیا بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی بکەین دەبینین ئەگەر یەکێک هەر بە مەبەست بیەوێت هەواڵێک لە هەر بوارێک بڵاو بکاتەوە، هەمووان بە بایەخەوە لێی وەردەگرن، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لێ بکەن و بەدواداچوون بۆ سەرچاوەکەی بکەن و زانیارییەکی ئەوتۆیان لە بارەیەوە هەبێت و بێ ئەوەی ئاوڕێک لە یاساکانی شەرع بدەنەوە و بزانن تا چەند ئەو کارە لەگەڵ بنەما و ڕێکارە شەرعییەکاندا گونجاوە و کێ لە پشتی ئەو کارەوەیە و مەبەست لێی چییە و تا چەند خزمەت بە ئاوەدانی وڵات و پێشکەوتنی خەڵک و پەرەپێدانی ئاستی زانستی و گەشەکردنی بواری ئابووریی و دۆزینەوەی هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ لاوان دەکات و بەرهەم و داهاتی ئەو کارە دەچێتە گیرفانی کێوە؟!

هەر ئەم خۆش باوەڕی و سادەییەی خەڵکانی ئێمەیە وای کردووە کە زۆرێک لە کۆمپانیا ساختەکاری و قۆڵبڕ و خاوەن پڕۆژە وەهمی و گوماناوییەکان کۆمەڵگەکانی ئێمە بکەنە ئامانج و هەوڵی ساغکردنەوەی کاڵاکانیان و پەرەپێدان و فراوانکردنی پڕۆژەکانیان لەوڵاتانی ئێمەدا بدەن.
باشە ئێمە کە موسوڵمانین و باوەرمان بە ئیسلام و پەیامەکەی خوای گەورە و پەیامبەرەکەی هەیە، چۆن عەقڵی خۆمان بخەینە دەستی ئەو جۆرە خەڵکانە و بێ گەڕانەوە بۆ پرسی شەرع ببینە بەشێک لە کۆمپانیا و پڕۆژە وەهمییەکانیان؟!، ئەگەر ئامانج پێشـبڕکێیە لە بەدەستهێنان و کۆکردنەوەی داهات و دەستمایە بۆچی دەبێت لە ڕێگەی حەرام و لەسەر حسابی متمانەی خەڵک بێت؟! چونکە وەک دەڵێن: پەتی دڕۆ کورتە و دڕەنگ یا زوو ڕووی ڕاستییەکان دەردەکەون و کورد کوتەنی بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت و ئەو جۆرە داهات و دەستمایانەیش کە لەسەر بنەمای حەرام و دەستبڕینی خەڵکی بێت هیچ سوود و بەرەکەتێکیشی نابێت

مەخابن! ئەمڕۆ کولتووری خۆشباوەری تەنانەت لەبواری فتوای شەرعیش بۆتە پەتایەکی هەرە گەورەی کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی و لەناو زانایانی ئایینی بەتایبەتی.
برای ئازیز و خوشکی ڕێزدار و سەنگین؛ ماوەیەکە کۆمەڵێک کار و بەناو پڕۆژە و دراو و کۆمپانیا هاوشێوەی (وەن کۆین، بیت کۆین، بیز کۆین، کیو نێت، فۆر ئێڤەر، یونیک فاینانس، دی ئێکس ئێن، بیز ترەید) و دەیەهای تری هاوشێوەی ئەوانە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا سەریان هەڵداوە و خەڵکێکی زۆریان بە خۆیانەوە سەرقاڵکردووە…!

ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا قسەی لەسەر بکەین کاری یەکێک لەو کۆمپانیا وەهمیانەیە کە کۆمپانیای (UniqueFinance)ە. و ئەوەی دەیخەینە ڕوو پوختەی دەرەنجامی ئەو بەدواداچوون و تاوتوێکردن و توێژینەوانەیە کە لەسەر ئەو کۆمپانیایانە ئەنجام دراون و بەرهەمی ئەو کۆبوونەوانەن کە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای ناوبراو کراون.
جێی ئاماژەیە ئەو کۆمپانیایە و هاوشێوەکانی لە پێناو پشتگیری و شەرعییەت دان بە کارەکانیان، پەنا بۆ کۆمەڵێک فەتوای شەرعی لاواز و قسەی بەناو زانا دەبەن کە سەنگێکی ئەوتۆیان نییە و زۆرێکیان هیچ شارەزاییەکیان لەو بوارەدا نییە و کاتێک نوینەرانی کۆمپانیا دەچنە لایان وەک خۆی بابەتەکەیان بۆ باس ناکەن و زۆرێک لە ڕاستییەکانیان لێ دەشارنەوە و چەواشەیان دەکەن، ئەوانیش لەبەر ئەوەی شارەزا نین لە بوارەکەدا فەتوا لەسەر بنەمای ئەوەی دەیبیستن دەدەن و بەمەیش خۆیشیان و خەڵکیش بەلاڕێدا دەبەن.

یانیش هەندێک جار فەتواکە لەسەر بابەت و مامەڵەیەکی ترە کە لە ڕووکەشدا لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە لەیەک دەچن بەڵام لەناوئاخندا زۆر لەیەک جیاوازن؛ بەڵام کۆمپانیاکان ئەو فەتوایانە بۆ شەرعییەتپێدانی کارەکانیان بەکار دەهێنن، بۆ نموونە فەتوایەک دەهێنن لەسەر شەرعییەتدان بە مامەڵە کردن و بازرگانیکردن بە پشکی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی دونیاوە وەکوو فەیسبووک یان ئەپڵ یان مایکرۆسۆفت یان مارسیدس یان بی ئێم کە ئەمە هیچ کەس نەیگوتووە حەرامە؛ بەڵام بەو شێوەیەی کە کۆمپانیای (UniqueFinance) نێوەندگیری تێدا دەکات حەرامە، کەواتە حەرامییەکە هەڵقوڵاوی شێوەی کارەکەی ئەوانە نەک خودی پشکەکان؛ بەڵام ئەوان کە قسە بۆ بەشداربووەکانیان دەکەن باسی شێوەی کارەکەی خۆیان ناکەن، تەنها باسی فەتوای مامەڵە کردن بەو پشکانەوە دەکەن.

یانیش هەندێک پێوەر باس دەکەن کە هەرگیز ناکرێتە سەنگی مەحەک بۆ ڕێگە پێدان یان ڕێگە گرتن لە هیچ کار و بازرگانییەک وەک زۆری قازانج، ئاخر لە چ سەرچاوەیەکی شەرعدا هاتووە کە زۆری قازانج پێوەر بێت بۆ ڕێگەپێدانی مامەڵە بازرگانییەکان؟!.
یانیش کاری کۆمپانیاکانیان بە هەندێک مامەڵەی شەرعی دەشوبهێنن وەک دەڵاڵی یان خەڵاتکردن کە ئەمانەیش هیچیان ڕاست نین و کارەکەی ئەوان لەگەڵ هیچ مامەڵەیەکی شەرعی یەک ناکاتەوە.
هەموو ئامانەیش فێڵ و درۆ و چاوبەست و چەواشەکارییە کە ئەوان لەگەڵ بەشداربووەکانیان دەیکەن.

پێناسەی کۆمپانیای(UniqueFinance):

یەکێکە لەو کۆمپانیا نێوەندگیرانەی کە لە بازاڕی نازداکدا کاری نێوەندگیری لەنێوان وەبەرهێنەکان و کۆمپانیا خاوەن پشکەکانی بەشداربوو لە بازاڕەکەدا دەکات و بە پێی پێگەی فەرمی خۆی کۆمپانیای (UniqueFinance) لە مانگی (3) ساڵی (2016) وە دامەزراوە، بەر لەم مێژووە ئەم کۆمپانیایه هیچ هەبوونێکی ڕاستەقینەی نییە و ئەوەیش باس دەکرێت کە گوایە کۆمپانیا لە ساڵی (١٩٩٨) وە لە سویسرا دامەزراوە تەنها وەهمە و دوورە لە ڕاستییەوە.
بازاڕی نازداکیش یەکێکە لە بازاڕە بەناوبانگەکانی جیهان کە تێیدا بازرگانی بە پشک و قەواڵە و کاغەزە دارییەکانەوە دەکرێت و ساڵی (١٩٧١) لە ئەمریکا لە ویلایەتی نیویۆرک دامەزراوە و ڕۆژانە بۆ ماوەی شەش کاژێر کار دەکات و لە کاژێری نۆونیوی بەیانییەوە تا چواری پاش نیوەڕۆ بە کاتی نیویۆرک کراوەیە و لەهەر خولەکێکدا بە هەزارەها مامەڵەی تێدا ئەنجام دەدرێت و لە هەفتەیەکدا تەنها پێنج ڕۆژ کار دەکات و ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە پشووە و ئەم بازاڕە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی جیهان لەخۆ دەگرێت لە نموونەی: (فەیسبوک، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، مارسیدس، بیبسی، نایک، ڕۆزڕایز، و چەندینی تر. .

لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا خەڵکانی ئاسایی دەتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بازاڕ و بۆرسەی نازداکدا بکەن؛ بەڵام ئەم هەلە بۆ دانیشتوانی وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەست نییە؛ بۆیە خەڵکانی ئەم وڵاتانە ئەگەر بیانەوێت لە ڕێی ئەو بازاڕەوە مامەڵە بە پشکی ئەو کۆمپانیانیانەوە بکەن ناچار دەبن لە ڕێی کۆمپانیا نێوەندگیرەکانی هاوشێوەی (UniqueFinance) وە ئەو کارە ئەنجام بدەن.

بنەماکانی کاری کۆمپانیای(UniqueFinance)

گرنگترین بنەماکانی کاری کۆمپانیای (UniqueFinance) خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە:

یەکەم: کۆمپانیا کار بە سیستەمی ((ATS دەکات کە کورتکراوەی وشەکانی ((AUTMATEC TRADING SYSTEM ە و بە واتەی: (نظام التاجر التلقائي) دێت: وەک هەمووان دەزانین کار کردن لە بۆرسەدا هەروا ئاسان نییە و پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە کە ڕەنگە بۆ کەم کەس دەست بدات لەوانە:
١کات: چونکە تۆ دەبێت بەردەوام چاودێری نرخی پارە و پشک و قەواڵەکان بکەیت.
٢شارەزایی: تا بتوانیت هەڵسەنگاندن و پێشبینی دروست بۆ داهاتووی مامەڵەکان بکەیت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دروست لەسەر ئاڵوگۆرکردنی کاڵا و پشک و دراوەکان بدەیت.
٣بەدواداچوون: بەهۆی ئەوەی کە نرخەکان بەردەوام لە یاریکردن و بەرز و نزمیدان، پێویستە بەردەوام چاوت لەسەر شاشەکان بێت و لەکاتی پێویستدا کەلەوانەیە چەند چرکەیەک بێت بڕیاری دروست بدەیت.
٤بوێری و چاوقایمی: تا بتوانیت بڕیار بدەیت و لە زیان کردن نەترسیت.
لە پێناو دەستەبەرکردنی هەموو ئەمانە لەیەک کات و لەیەک کەسدا و بەباشترین شێوە هەندێک لە کۆمپانیاکان لە ئێستادا و کۆمپانیای (UniqueFinance) لە نێویاندا پشت بە سیستەمی ((ATS دەبەستن، لەم سیستەمەدا لە بری مرۆڤ ڕۆبۆتێک یان بۆتێک مامەڵەکان ئەنجام دەدات، کە ئامێرێکی میکانیکی ئالییە و هەموو ئەو بنەمایانەی پێشووی تێدایە و ژیرییەکی سەرسوڕهێنەری هەیە و کار بەچەند بنەمایەکی خواریزمی بیرکاری ئاڵۆز دەکات و سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ و لە مایکرۆ چرکەدا هەڵسەنگاندن و پێشبینی بۆ نرخ و مامەڵەکان دەکات و بڕیاری دروستیان لەبارەوە دەدات و لە (99.9%) ی بڕیارەکانی ڕاستن و قازنجیان هەیە و(0.1%) بڕیارەکانی ئەگەری زیانیان هەیە؛ تاکە کێشەی ئەم ڕۆبۆتانە ئەوەیە کە بە هۆی خێرایی بڕیارەکانیانەوە لەهەر مامەڵەیەکدا قازانجێکی کەم دەکەن و هەر ئەمەیش وای کردووە کە لە ئێستادا زۆرێک لە کۆمپانیاکان پشتیان پێ نەبەستن.

ئەم سیستەمەیش لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت:
١بنکەیەکی سەرەکی زانیاری و هەواڵگیری کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کەناڵە هەواڵییە جیهانییەکانی وەک (BBC _CNN) و ئەوانی تردا هەیە و لەڕێی ئەوانەوە بەردەوام زانیاری پێ دەگات.
٢بەرنامە و عەقڵێکی کارا کە هەڵدەستێت بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو زانیارییانەی کە پێی دەگات و بڕیاری خێرایان لەبارەوە دەدات.
دووەم: کۆمپانیا لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی بەشداربووانی کار بە سیستەمی پۆنزی: (( Hierarchical Marketing (التسويق الهرمي) بازاڕگەری قوچەکی و (Network Marketing) (التسويق الشبكي) بازاڕگەری تۆڕبەندی دەکات:
بەپێی ئەم سیستەمە هیچ کەس ناتوانێت ڕاستەوخۆ لە گەڵ کۆمپانیای (UniqueFinance) بەشداری بکات، تا لە ڕێی بەشدابوویەکی پێشوو ترەوە نەبێت کە بەستەری کۆمپانیای بۆ دەنێرێت و لەبەرامبەردا کۆمپانیا (10%) پارەی بەشداربووە نوێیەکە دەداتە ئەو بەشداربووەی کە بۆتە پردی پەیوەندی نێوان ئەو و کۆمپانیا.
واتە: ئەگەر کەسی بەشداربوو بە (1000$) بەشداری کرد کە کەمترین ڕێژەی بەشداربوونە و کۆمپانیا لەو ڕێژەیە کەمتر قبوڵ ناکات، ڕاستەوخۆ (100$) ی ئەو پارەیە دەڕوات بۆ بەشداربووە کۆنەکە و تەنها (900$) دەچێتە سەر ئەژماری فەرمی بەشداربووە نوێیەکە لە کۆمپانیا، خۆ ئەگەر بە (10000$) بەشداری کرد ئەو کات ڕاستەوخۆ (1000$) دەڕوات، ئەمەیش سیستەمێکی پۆنزی ئاشکرایە و دەچێتە خانەی (( Hierarchical Marketing (التسويق الهرمي) بازاڕگەری قوچەکی کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا یاساغە و زانایانی موسوڵمانیش بە کۆی دەنگ پێیان وایە حەرامە و جیاوازی لەگەڵ (التسويق الشبكي) بازاڕگەری تۆڕبەندی ئەوەیە کە لە بازاڕگەری تۆڕبەندیدا کاڵایەک هەیە و دەدرێتە بەشداربوو و بەو ناوەوە پارەی لێ وەردەگیرێت، بەڵام لە بازاڕگەری قوچەکیدا هیچ کاڵایەک نییە و ئەو پارەیەی لە بەشداربوو وەردەگەرێت تەنها لەبەرامبەر پێدانی مافی بەشداربوونە لە کارەکانی کۆمپانیا

سێیەم: هەموو ئەو پارانەی ڕەوانەی ژمارە حیسابی کۆمپانیا دەکرێن کەس نازانێت بۆ کوێ دەڕوات و هیچ دەوڵەتێک یان بانکێکی نێو دەوڵەتی یان دامەزراوەیەکی دارایی باوەڕپیکراو و خاوەن سەنگ خاوەندارێتی ئەو ژمارە حیسابییانەی کۆمپانیا ناکات و لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکدا گەرەنتی گەڕانەوەی ناکەن و کۆمپانیا خۆیشی هیچ گەرەنتییەک نادات.
چوارەم: کۆمپانیا بەڵێنی پێدانی قازانجی خەیاڵی بە بەشداربووانی دەدات کە ڕێژەکەی ساڵانە دەگاتە (80% ) ی دەستمایەکە و قازانجەکەیش بە پێی ڕێژەی پارەی بەشداربوو زیاد و کەم دەکات، واتە تا پارە زیاتر بدەیت ڕێژەی قازانجت زیاتر دەبێت، بۆ نموونە:

ئەگەر (1000$) بدەیت ڕۆژانە (3-4$) و مانگانە (60-80$) و ساڵانە (720 $ – 960$) قازانج وەردەگریت.
ئەگەر (2000$) بدەیت ڕۆژانە (6-8$) و مانگانە (120-160$) و ساڵانە (1400 $ – 1800$) قازانج وەردەگریت.
ئەگەر (5000$) بدەیت ڕۆژانە (15-20$) و مانگانە (300-400$) و ساڵانە (3600$-4800$) قازانج وەردەگریت.
ئەگەر (10000$) بدەیت ڕۆژانە (30-40$) و مانگانە (600-800$) و ساڵانە (7200$-9600$) قازانج وەردەگریت.
ئەم ڕێژەی قازانجەیش شتێکی خەیاڵییە و بەپێی هەموو پێوەرە بازرگانی و داراییەکان لە دونیادا شتی وا بوونی نییە و ئەگەر ڕاست بووایە دڵنیا بن لەوەی دەستی ئێمەی بەدبەخی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەڵکی ئەم وڵاتە داماوانە نەدەکەوت و ئەوروپییەکان بۆ خۆیان قۆرخ دەکرد.

پێنجەم: بەشداربوو دەتوانێت بڕی قازانجەکەی لە ڕێگەی ماستەر کارد یان ڤیزە کاردێکەوە وەربگرێت کە کۆمپانیا پێی دەدات، یان لەڕێگەی حەواڵەکردنی نێوان ئەندامەکان خۆیانەوە.
شەشەم: گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا بۆ ماوەی (٢) دەبێت و لەو ماوەیە کەمتر کۆمپانیا گرێبەست ناکات و تا ئەو ماوەیە تەواو نەبێت بەشداربوو بۆی نییە داوای پارەکانی بکاتەوە، خۆ ئەگەر هەر زۆر پێویستی پێی بوو ئەوە کەمترین ماوە بۆ ڕاکێشانەوەی پارەکان (٦) مانگە و لەو ماوەیەدا بەشداربوو هەر قازانجێکی وەرگرتبوو لە دەستمایەکەی دەبڕدرێت، واتە کۆمپانیا قازانجی ئەو شەش مانگەی لێ وەرردەگرێتەوە کە پێی داوە و ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمپانیا تا دوو ساڵەکە تەواو نەبێت هیچ قازانجێک بە بەشداربووان نادات و ئەوەیشی دەیداتێ بەر لەتەواوبوونی ماوەکەی لێی وەردەگرێتەوە.

ئەم شەش خاڵەی کە باسمان کرد دیارترین و گرنگترینی سیماکانی کاری کۆمپانیای (UniqueFinance) ن و ئێستا دێینە سەر ئەو تێبینییە شەرعییانەی کە لەسەر کاری کۆمپانیا هەیە:

درێژەی هەیە

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

عبدالله علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا