تاریخ

قه واره ی ده نگی من

 

دوای ڕمانی دەسەڵاتی زۆرداری و لاساری لە جوگڕافیای ئێراندا و دانی هێز بە دەنگی جەماوەر بۆ خستنە ڕووی دەسەڵاتی زۆرینە، گەلی ئێران لە گەڵ جمگە و ڕواڵەتی جۆربەجۆردا ڕووبەڕوو بووەتەوە و هێزگەلێکی جیاوازی تاقی کردوونەتەوە کە هەر یەکەو بە شێوازێ مامەڵەو دانوساندنی لە گەڵ گەلانی دەرەوە و گەلی ناوخۆدا بووە.
دەسەڵاتی ڕیفۆرم خواز و دەسەڵاتی بناژۆخواز ئەو دوو هێزە سەرەکیەن کە هەنووکە لە سەرەوەی دەسەڵاتدا ململانێی زەبر و زەنگ دەکەن و بۆ جێگیر بوونی جێگە پێی شکۆمەندی داکۆکی و خەبات دەنوێنن.
لەم پێناوەدا هەوڵ و تەقالا دەدرێت زۆرێک لە گرفتەکان چارەسەر بکرێن و بەڵێنی جێکەوت کردنی بڕێک لە داخوازیەکان دەدرێت و لەم کەرەسە وەک پڕووپاگەندەیەک کەڵک وەردەگرێ.

زۆرێک لە ” ئێن جی ئۆ”، گرووپ و لایەنەکان هەوڵ دەدەن لەم سۆنگەوە بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان هەنگاو هەڵنێن و بە پاڵپشتی کردن و متمانە بەخشین بە لایەنێک، هەناوی لایەنی بەرامبەر کز بکەن و هێزی جەماورێک بخەنە تای تەرازوویەکەوە کە بەڵێنی سازکردنی بەستێنی خەونەکانیان بۆ ڕەچاو کردوون.

دیارە ئەم لۆسەی گوشارە توانیویەتی قورسایی خۆی بنوێنێت و زۆرێک لە ئاستەنگەکان بڕمێنێت و لە بوارگەلی جۆربەجۆردا چالاکی بەرچاو بخاتە ئاراوە.
ئەوەی لەم نێوەندەدا بە هەوانتە دەڕوات و هیچ شوێنەوارێک دانانێت و لە چاوی پاڵێوراودا قورسایی نانوێنێت، ئەو دەنگ و پەنجانەن کە بە هەڕەمە شەقاو دەنێن و نەیانتوانیوە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی گەل و بە کۆمەڵ ئاراستەی کەسایەتی متمانە پێدراوی بکەن.

نەبوونی دامەزراوە و ڕێکخراوەی شیاوو کاریزما ئەو نەهامەتیەیە کە قورسایی دەنگیش دادەبزێنێت و نایکاتە دەستەچیلەیەک بۆ هەنگاو نانەوە بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون و گەشاوە.
دەبێ ئەوە باش بزانین کە پێکهاتەی هەنووکە جیاوازی زۆری هەیە لە گەڵ قۆناغەکانی پێشوودا و ژیانی ئەمڕۆ بە کەرەسە و ئامرازێک پێک دەهێنرێ کە لە کۆمەڵگەی پێشینیاندا بایەخی پێ نەدەدراو قورسایی نەدەنواند.
یەکێک لەو ئامرازە پڕ بایەخانەی ئەمڕۆ لە ژیاندا شوێنەوار دادەنێ ئەو دەنگدانەیە کە دەلاقەیەکی نوێ و ئاسۆیەکی دی پێ دەست نیشان دەکرێت.
بەڵام گرێنتی قورس بوونی دەنگ، پێوەندی ڕاستەو خۆی هەیە بە بوونی دامەزراوە و ڕێکخراوەی بە ئەزموون و کاریزمایەکەوە کە بتوانێ هەر دەنگێک بکاتە هۆکاری هەڵنانەوەی شەقاوێک بۆ نزیک بوونەوە لە ئاواتەکان و ڕووخاندنی ئاستەنگەکان.

هەر گەل و نەتەوەیک نەتوانێ قەوارەیەکی یەک‌گرتوو پێک بێنێ، هەرگیز ناتوانێ لاپەڕەی ئامانجەکانی هەڵبداتەوە و بۆ خۆزگەکانی خۆی بڕوانێ.
کاتێک کۆمەڵێ کەسایەتی بوێر و خۆ نەویست بەرەو هێنانە دی خەونی گەلی کورد هەنگاو دەنێن و بە ئەزموون و هێزەوە داکۆکی لە ویست و داخوازی گەلەکەیان دەکەن، دەتوانن قورسایی بە دەنگی دانە دانەی ڕۆڵەکانیان ببەخشن و گەورەترین گرێ بەستی لە پێناودا تۆمار بکەن.
ئاستی ڕۆشەنبیری گەل دەبێ بگاتە ناوەندێک کە قەوارەی دەنگی خۆی بناسێت و بە هەوانتە بەر گێژەڵووکەی پڕووپاگەندەی چەن ڕۆژەی نەخاتوو نەتوانێ لە پێوانەی ژیاندا پێگەی بۆ بڕەخسێنێت.
زۆر گرینگە بیرمەندانە بۆ ئەم بابەتە دابچێت و دەنگی بخاتە پاڵ دەنگ و ڕەنگی جەماوەری نەتەوەکەیوو ڕێگە نەدات پەشێوی و بێ دەرەتانی ڕەخنە بکاتە نێوانی دەنگی قورسی گەلەوە و قەوارەی پڕ بایەخی بشکێنێت و لە تۆفانی بێ ئەزموونیدا بخولێتەوە.
بەو هیوایەی جێگە پەنجەی تەک تەکی ڕۆڵەکانی گەل ببنە گەڵاڵە داڕێژی ڕێگەی ئازادی چەوساوەکان و کردنەوەی دەلاقەی ژیانێکی نوێ.

سەردار شەمامی

نمایش بیشتر

سەردار شەمامی

@ کردستان - بانه @ نویسنده - مترجم @ فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا