اصولقرآن

ئاوه‌کانی ئاماژه‌پێکراو لە قوڕئاندا

تا ئیستا زانیوتە چەن جۆر ئاو (شلەمەنی) لە قوڕئاندا باسی هاتووە؟

قوڕئان باسی ۲۳ جۆر ئاوی کردووە! هەر ئاوەی سروشتێکی هەیە.

۱ـ ئاوی ڕۆچوو
بەو ئاوە دەوترێ کە دەبارێ و ڕۆدەچێتە ناو زەوی و ون دەبێ، کەم و زیاد دەکا، وەک قوڕئان دەفەرموێ: «وَغِيضَ الْمَاء» یانی ئاوەکەی تۆفانەکە مژرا و نەما.

۲ـ ئاوی کێم
بەو ئاوە دەوترێ کە خواردنەوەی دۆزەخییەکانە! خوای دڵۆڤان پەنامان بدا دەفەرموێ: «مِّن وَرَآئِهِ جَهَنَّمُ وَيُسْقَي مِن مَّاء صَدِيدٍ». یانی لە دوایانەوە دۆزەخ هەیە، توونیایەتیان دەشکێنرێ بە ئاوی کێماو! خوای بەڕەحم بمانپارێزێ.

۳ـ ئاوی کوڵاو
بە ئاوی قەتران یا ئاوی تواوە لە کانەکان (معدن) یا ڕۆنی کوڵیوی زۆر زۆر گەرم دەوترێ! خوا بمان پارێزێ. خوا دەفەرموێ: «وَإِن يَسْتَغِيثُوا يُغَاثُوا بِمَاء كَالْمُهْلِ يَشْوِي الْوُجُوهَ». واتە ئەگەر داوای یارمەتی کەن، یارمەتیان دەدرێ بە ئاوێک که وەک مسی تواوە وایە، ئەوه‌ندە گەرمە تینەکەی لە دووره‌وه‌ پێستی ڕوویان دادەماڵێ. خوا لێمان دوور وەخات.

٤ـ ئاوی زەوی
ئاوێکە لەگەڵ دەسپێکی زەوی‌ و حەوا دروست کراوە و تا دەمێنێتەوە تا کۆتایی دنیا، ئەم ئاوەیە کە دەیخۆینەوە و کشتوکاڵی پێ دەکەین. خوا دەفەرموێ: «وَأَنزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً بِقَدَرٍ فَأَسْكَنَّاهُ فِي الْأَرْضِ وَإِنَّا عَلَي ذَهَابٍ بِهِ لَقَادِرُونَ» باراندمان باران لە حەواوە بە ڕێژه‌ی کافی جێگیریشمان کرد لە زەویدا، گەر حەزمان لێی‌ بێ ئاوی لێ ناهێڵین.

۵ـ ئاوی پاکژ
ئاوی ڕەها، وەک ئاوی کانیاوەکان. خوای گەورە دەفەرموێ: «وَأَنزَلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً طَهُوراً» یانی لە حەواوە ئاوێکی پاکمان باراندووە.

٦ـ ئاوی تایبەت بە خواردنەوە
خوا دەفەرموێ: «هُوَ الَّذِي أَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً لَّكُم مِّنْهُ شَرَابٌ…» یانی ئاوی باراندووە لە حەواوە بڕێک لەوی تایبەتە بۆ خواردنەوە.

۷ـ ئاوی سوێر
ئاوێکە خوێی زۆرە، بۆ خواردنەوە نابێ. وەک دەفەرموێ: «أَفَرَأَيْتُمُ الْمَاء الَّذِي تَشْرَبُونَ، أَأَنتُمْ أَنزَلْتُمُوهُ مِنَ الْمُزْنِ أَمْ نَحْنُ الْمُنزِلُونَ، لَوْ نَشَاء جَعَلْنَاهُ أُجَاجاً فَلَوْلَا تَشْكُرُونَ» (واقیعه/۶۸-٧٠) واتا؛ ئایا نابینن ئەو ئاوەی بۆتان دەبارێنین؟ ئێوە ده‌یبارێنن لە هەورەکان یا ئێمە ئەی بارێنین؟ گەر مەیلمان بێ، دەیکەین بە ئاوێکی زۆر زۆر سوێر! نەتوانن وەیخۆن، دەی بۆ سپڵەن و شوکرانەبژێری ناکەن؟!

۸ـ ئاوی سووک
ئەو ئاوەیە کە بە چاوی سووک سەیری دەکرێ، مەبەست پێی ئاوی پیاوە! بۆیە وای پێ دەوترێ، چونکه بونییەی ڕێژەی ناوەکی بێهێزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی، واتە لە دەره‌وه‌ی شوێنی خۆی زوو دەفەوتێ و خۆڕاگر نییە. دەفەرموێ: «ألَمْ نَخْلُقكُّم مِّن مَّاء مَّهِينٍ،
فَجَعَلْنَاهُ فِي قَرَارٍ مَّكِينٍ، إِلَي قَدَرٍ مَّعْلُومٍ، فَقَدَرْنَا فَنِعْمَ الْقَادِرُونَ، وَيْلٌ يَوْمَئِذٍ لِّلْمُكَذِّبِينَ» (موڕسه‌لات/۲۰-۲۳) واتا؛ ئایا ئێوەمان چێ نەکردووە لە ئاوێکی بێمایە و بێنرخ؟!.

۹ـ ئاوی تێکنەچوو و نەگۆڕ
ئاوێکی سازگاری دایمە نوێی خۆش تام، وەک سەبارەت بە نیعمەتی بەهەشت دەفەرموێ: «مَثَلُ الْجَنَّةِ الَّتِي وُعِدَ الْمُتَّقُونَ فِيهَا أَنْهَارٌ مِّن مَّاء غَيْرِ آسِنٍ» واته‌: وێنەی بەهەشتی بەڵێن پێدراو بە پارێزگاران ئاوایە؛ تاڤگەی تێدایە لە ئاوی شیرینی نەگۆڕ و… تاد.

۱۰ـ ئاوی گەرم
بریتییە لەو ئاوەی زۆر کوڵ هاتبێ! دەفەرموێ: «وَسُقُوا مَاء حَمِيماً فَقَطَّعَ أَمْعَاءهُمْ» واتا: ئاو دەدرێن بە ئاوێکی گەرم کە ڕیخۆڵەیان دەچڕێنێ، خوای دڵۆڤان بمانپارێزێ.

۱۱ـ ئاوی بە پیت
ئاوێکە زەوی شین دەکا، گیا دەڕوێنێ، فەڕی پێوەیە. قوڕئان دەفەرموێ: «وَنَزَّلْنَا مِنَ السَّمَاءِ مَاءً مُّبَارَكاً فَأَنبَتْنَا بِهِ جَنَّاتٍ وَحَبَّ الْحَصِيدِ» واتا؛ لە حەواوە ئاوێکی پڕ پیتمان باراند کە گژوگیا و دانەوێڵەی پێگەیاند.

۱۲ـ ئاوی لێزمە
بەخوڕ و بە تەوژمێکی فرەفرە بۆ ماوەیێکی زۆر لە حەواوە دەڕژێتە خواره‌وه‌ و لە ئاکامدا کشتوکاڵ و کێڵگە و.. هتد لەناو دەبا و وێرانی ده‌کا. وەک قوڕئان دەفەرموێ: «فَفَتَحْنَا أَبْوَابَ السَّمَاء بِمَاء مُّنْهَمِرٍ». واته: دەروازەی حەوامان ـ ئاسمان‌ـ کردەوە زوو و بە خوڕ ڕژا بەسەریانا ئاوی لێزمە.

۱۳ـ ئاوی تاڤگە
نەرمە بۆ زەوی‌وزار، هەستی هێمنی دەدا بە چاو و بیلبیلە. قوڕئان ده‌فەرموێ: «وَمَاء مَّسْكُوبٍ» واتا؛ ئاوێ کە هەڵ‌ دەڕژێ، تاڤگەوار.

۱٤ـ ئاوی ڕۆچوو
ئاوێکە ڕۆدەچێ، سوودی لێ نابینی بۆ هیچ شتێ. قوڕئان دەفەرموێ: «أَوْ يُصْبِحَ مَاؤُهَا غَوْراً فَلَن تَسْتَطِيعَ لَهُ طَلَباً». یان ئاوەکەی ڕۆچێ ئێوە ناتوانن بەدوایدا بچن جارێکە بیهێننەوە.

۱٥ـ ئاوی کانی
ئاوێکە سانا و سازگار و پڕ پیت و قازانج. قوڕئان دەفەرموێ: «فَمَن يَأْتِيكُم بِمَاء مَّعِينٍ» واتا؛ کێیە ئاوی خۆش ‌و بەتامتان بۆ بێنێ گەر نەما؟

۱٦ـ ئاوی زۆروزەوەند
قوڕئان دەفەرموێ: «وَأَلَّوِ اسْتَقَامُوا عَلَي الطَّرِيقَةِ لَأَسْقَيْنَاهُم مَّاء غَدَقاً» واتا؛ گەر وەمێنن لەسەر ڕێبازی ئایین بە دڵنیاییەوە ئاوێکی یەجگار زۆریان بۆ ئەبارێنین.

۱۷ـ ئاوی بەتام
ئاوی زۆر خۆش. قوڕئان دەفەرموێ: «وَأَسْقَيْنَاكُم مَّاء فُرَاتاً» واتا؛ ئاوێکی خۆشمان دەرخوارد دان.

۱۸ـ ئاوی سێڵاو
قوڕئان دەفەرموێ: «وَأَنزَلْنَا مِنَ الْمُعْصِرَاتِ مَاء ثَجَّاجاً» واتا؛ لە هەورە چڕوپڕەکان ئاوێکی لافاو ئاسامان بۆ ناردن.

۱۹ـ ئاوی هەڵقوڵیو
ئاوێکی پڕ بە فشار بێتە دەر، ئەویش ئاوی پیاوە. قوڕئان دەفەرموێ: «فَلْيَنظُرِ الْإِنسَانُ مِمَّ خُلِقَ (5)خُلِقَ مِن مَّاء دَافِقٍ» واتا؛ مرۆ با بڕوانێ لەچی چێ کراوە! لە ئاوێکی هەڵقوڵیو.

۲۰ـ ئاوی مەدیەن
ناوی شارێکە لە مێژودا. قوڕئان سەبارەت بە گەورەمان مووسا دەفەرموێ: «وَلَمَّا وَرَدَ مَاء مَدْيَنَ» واتا؛ کاتێ چووە سەر کانیاوی مەدیەن.

۲۱ـ ئاوی سەراب
تراویلکە، ئەو ئاوەیە لە گەرمای نیوەڕۆیا لە دووره‌وه‌ دەیبینی، پێت وایە ئاوە، کە دەچی بۆی ئاو نییە! قوڕئان دەفەرموێ: «وَالَّذِينَ كَفَرُوا أَعْمَالُهُمْ كَسَرَابٍ بِقِيعَةٍ يَحْسَبُهُ الظَّمْآنُ مَاء حَتَّي إِذَا جَاءهُ لَمْ يَجِدْهُ شَيْئاً وَوَجَدَ اللَّهَ عِندَهُ فَوَفَّاهُ حِسَابَهُ وَاللَّهُ سَرِيعُ الْحِسَابِ» واتا؛ بێ بڕوایان کردەوەکانیان واسە تراویلکە، پێیان وایە ئاوە…تاد.

۲۲ـ ئاوی چەم و چاوگە
بریتییە لەو ئاوانەی دەبارێن و بە جۆگە و چەم، شیو و دۆڵی خۆیا دەڕوا و ڕێڕەوی خۆی دەزانێت. قوڕئان دەفەرموێ: «أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ أَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَسَلَكَهُ يَنَابِيعَ فِي الْأَرْضِ» ئایا نابینی کە خواوەندی گەورە بارانی باراندووە لە زەویدا کردوویەتییە کانیاو و چاوگە و تاڤگە.

۲۳ـ ئاوی گازاو
ئاوێکی خۆشخۆری بەتامی نۆشی گیان، ناوی کانیاوێکی بەهەشتە. قوڕئان دەفەرموێ: «عَيْناً فِيهَا تُسَمَّي سَلْسَبِيلاً» واتا؛ لە بەهەشتا چاوگەیێکی تێدایە ئاوەکەی تابڵێی خۆش و بەتامه‌، هاوتای نییە بۆ کام.

پەروەردگار لە ئاوی ئەم کانییە، خۆم‌ و ئەوەی ئەم پاچڤە دەیخوێنێتەوە تێراو بکات.

وەرگێڕ: سەعدی موڕادی – بڵەسەن
سۆزی میحڕاب- ح‌

از طريق
سعدی مرادی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا