تاریخشخصیت ها

یادێک لە خوالێخۆشبوو سەید عەبدولقادر سەیدنیزامی

مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان

قالَ اللهُ تَبارَکَ وَ تَعَالی: بسم الله الرحمن الرحیم. إقرَأ بِاسمِ رَبِّکَ الَّذی خَلَقَ ٭ خَلَقَ الإنسَانَ مِن عَلَقٍ ٭ إقرَأ وَ رَبُّکَ الأَکرَمُ ٭ الَّذی عَلَّمَ بِالقَلَمِ ٭ عَلَّمَ الإنسَانَ مَا لَم یعلَم. صدَقَ اللهُ العَظیم.

لە ژێر تیشک و نوور و شەبەقی ئەو ئایەتە پیرۆزە، مەبەستێکی پێویست بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی خوێندەواری و فەرهەنگی پێشکەش بە ئێوەی بەڕێز دەکەم:

ژیانی ئینسانیی دیارە ژیانێکی کۆمەڵایەتییە و لە ژیانی کۆمەڵایەتیش‌دا دیارە چەندین کاروبار پێویستە ئەنجام بدرێن، کە تەواوی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە لە ئەنجام دانی ئەو کارانەدا پێویستە هاوبەشی بکەن. ئەو کاروبارانەش کە چەرخی ژیانی کۆمەڵێکی پێ بەڕێوەدەچێ لە ئەستێوڵکی نانەوایەک هەتا مەساسەی جووتێرێک و کەمچە و ماڵەی بەننایەک و تەبەنەی خەییات و گەچ و قەڵەمی موعەللیمێک تێکڕا شوێنیان لە هەڵسووڕاندنی چەرخی ژیانی ئەو عالەمەدا هەیە. دیارە هەمووی ئەوانەش لە حاستی خۆی ڕێز و حورمەتی تایبەت بە خۆیان هەیە و خاوەنەکانیان هەموو خاوەنی ڕێز و حورمەتن. ٭ إِنَّ أکرَمَکُم عِندَ اللهِ أتقَاکُم… ٭(حجرات ـ ۱۳)، هیچ تەفاوەت و تۆفیرێکیشیان نییە لە زاتی خۆیان‌دا، جگە لە تەقوای شوغڵی؛ یانی بەجێ هێنانی ئەو کارە لە ڕێگایەکی ویجدانی و ئینسانی و وەک ئەنجام دانی وەزیفەیەک کە پێیان سپێردراوە. بەڵام تەواوی ئەو کارانە، لە نێو خۆیان‌دا، لە باری شوێنەوارێک کە لە دوایە لێیان پەیدا دەبێ، ئەگەر دەگەڵ یەک کار یانی کاری خوێندەواری و کاری فەرهەنگی پێکەوەیان بگرین، لە یەکتر جیاوازن؛ کاری خوێندەواری و کاری فەرهەنگی لە دوو لاوە دەگەڵ تەواوی کارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە تۆفیریان هەیە؛ یەکێک، کاری خوێندەواری و کاری فەرهەنگی لە زاتی خۆی‌دا تەنیا بۆ هێشتنەوە و بۆ ڕاگرتنی مەوجوودییەتی ئینسانەکان نییە، بەڵکوو بۆ پێک هێنانی ڕوشد و تەکامول و تەڕەققییەکە کە لەو ڕێگایەوە بە ئینسانەکان دەگا. لە ڕێگای کاروباری ئیقتیسادی و لە ڕێگای کاروباری ئیجتیماعی هەر ئەندازە خزمەت بکرێ ماهییەتی ئینسان ناگۆڕدرێ؛ ئەگەر زۆر کۆک و پۆشتە ڕابگیرێ و ئەگەر تێر و تەسەل ڕابگیرێ، ماهییەتی ئەو ئینسانە ناگۆڕدرێ. بەڵام بە هۆی خوێندن و لە ڕێگای فەرهەنگییەوە وەکوو دەزانین تەماشا دەکەی ئینسانێک لە کوێ ڕا تا کوێ دەڕوا؛ لە ئینسانێکی بێسەواد تا پلەوپایەی پڕۆفسۆری، تا پلەوپایەی دوکتوری، تا گەیشتن بەو هەموو پلەوپایە بەرزانە. کەوابوو، خوێندن و خوێندەواری، سەبەبی ڕوشد و تەکامولی ئینسانەکانە. تەفاوەتێکی دیکەی کاروباری خوێنەواری و کاروباری فەرهەنگی ئەوەیە کە شوێن لە سەر کاروبارەکانی دیکە دادەنێ؛ هیچ کارێک لە کارەکانی دیکە بە بێ خوێندن و خوێندەواری ناتوانن پەرەگرتوو و پێشکەوتوو بن و لە ڕاستی‌دا، کۆمەڵی مینهای خوێندەواری یانی کۆمەڵێکی پەککەوتوو و دواکەوتوو و زەنگۆڵ و تێنەگەیشتوو. بەڵام کۆمەڵێکی بەعەلاوەی خوێندەواری یانی کۆمەڵێکی پەرەگرتوو و سەرکەوتوو و پێگەیشتوو لە هەموو بوارەکان‌دا؛ هەر وەکوو ئەو باغ و زەمەنانەی لە دنیادا بە چاوی خۆمان دەیانبینین، ئەگەر ماوەیەک ئاوەکەیان لێ هەڵبڕدرێ، تەواوی گیا و گوڵەکانیان دەبن بە پووش و پارە و دارەکانیان دەبن بە ویشکەڵ و لە سەفای جوانی و دڵگری و بەروبۆی ئەو باغە هیچ شوێنێک نامێنێ. هەروا ئەگەر یەک دوو سەدە خوێندەواری لە نێو کۆما و کۆمەڵی ئینسانەکان هەڵبگیرێ، بە پڕتاو ئینسانەکان بەرەو غارەکان دەکشێنەوە دوواوە و دەچنەوە نێو غارەکانی قەدیمی خۆیان و دەگەڕێنەوە نێو دنیای بەردینە(عصر حجر). کەوابوو لە ڕاستی‌دا، کۆمەڵی بەعەلاوەی خوێندەواری یانی کۆمەڵی حەوابڕ و مانگ‌نشین و خاوەنی بەرق و ئەتۆم و خاونی کامپیۆتێڕ و ئەولاوەتریش.

کەوابوو موعەللیم یانی چی؟

موعەللیم ئەو فریشتەیە کە دەست لە تینتینۆکەی دێوەزمەی جەهل و نەزانین دەنێ و هەتا پشووی لێ‌ نەبڕێ دەستی لێ بەرنادا و بە تەعبیرێکی دیکە موعەللیم ئەو وێنەگەرەیە کە لە سەرووی هەموو قانوونەکانی فیزیک و شیمی، تەنیا بە نووکی قەڵەمەکەی ڕەشایی جەهل و نەفامی ئاڵ‌ و گۆڕ دەکا بە سپیاییی زانین و فامین و تێگەیشتن.

هەروەها موعەللیم تەنیا تەونگەرێکە کە خوری و خاوک و کلو و هۆرپە وەردەگرێ و لە بەرابەردا تەندراوێکی یەکجار زۆر نەخشین و ڕەنگین و جوان بەدەستەوەدەدا.

هەروەها موعەللیم تەنیا زانیارێکە کە لە هەڵسووڕاندنی کارخانەی ئینسان‌ سازی‌دا ئینسانە جاهیل و نائاگا و نەفامەکان وەردەگرێ و لە بەرابەردا ئینسانە زانا و فامیدە و تێگەیشتووەکان تەحویل دەدا.

هەروەها موعەللیم تەنیا فریشتەیەکە کە کچ و کوڕە خنچیلەکان، باوەشی دایک و بابیان بەردەدەن و هەڕا دەکەنە لای ئەو؛ تەنانەت گەنج و لاوەکان، هەموو سەرقاڵییەکی خۆیان فڕێ دەدەن و بۆ گۆڕینەوەی تەڵای عومری خۆیان بە بەرهەمێک کە موعەللیم دەیانداتێ، هەڕا دەکەنە مەدرەسەکان.

جاکە وابوو جێگای خۆیەتی و جێگای خۆی بوو کە قوڕئانی کەریم لە هەوەڵین ئایەیەک کە پەیوەندی بەینی عەرز و عاسمانی پێ‌ کردەوە و لە هەوەڵین ئایەیەک کە پەیامی ئازادی و سەرکەوت و پێشکەوتی بۆ جامیعەی بەشەریی نارد، بە کەلیمەی «إقرَأ» یانی «بخوێنە» دەستی پێکرد و لە نێو قەلبی ئەو ئایەتەش‌دا، نێوی قەڵەمی هێنا: الَّذی عَلَّمَ بِالقَلَم. بە شوێن ئەو ئایەتەش‌دا، لە سەرتای بیست‌ونۆی سووڕەی قوڕئانی کەریم، ئەو ئەلف و بێتکانەی کە موعەللیمێک بۆ باسەوادکردنی بێسەوادەکان لەکاری دێنێ یانی لە ڕاستی‌دا کەل‌وپەلی باسەوادکردنی بێسەوادەکان لە نێوچاوانی سووڕەتەکان زۆر بەپیرۆزی و موبارەکی نیشانی دا. تەنانەت گەورەترین و ئاخرین کەلامی خۆی نێو نا «قرآن»، (قوڕئان یانی «خوێندراوەوە»)، هەموو لە ڕابیتە دەگەڵ خوێندن، خوێنەواری، کەرەسە و ئەسبابی خوێندن.

هەروا جێگای خۆی بوو کە لە شەڕە گڕگرتووەکانی سەرەتای ئیسلام، بۆ وێنە لە شەڕی بەدردا، کاتێک جەماوەرێک لە کافرە شمشیربەدەستەکان کە بۆ کوشتنی مسوڵمانەکان هاتبوونە جەبهە، کاتێک کە گیران، هەر یەک لەوانە ئازاد دەکران ئەگەر دە نەفەر لە منداڵی مسوڵمانەکان باسەوادبکا؛ یانی زیندووکردنەوەی دە نەفەر، باسەوادکردنی دە نەفەر بێسەواد، لە ڕاستی‌دا وەک زیندووکردنەوەی دە مردوو وایە و لە جێی خۆی دایە ئەگەر ئینسانێک کە کوشتنی واجب بووە، ژیانی تازەی وەدەست بکەوێ.

جا جێگای خۆیەتی کاتێک کە هاوکارێکی خوێنگەرم و زۆر بەکار و خزمەتکار ـ خزمەتکار بە قەڵەم و بە گەچ و بە هەموو ئازا و ئەندامی لە نێو ئێمە دەڕواتەدەر وەکوو دۆستی بەڕێز و خۆشەویست ئاغای «سەید عەبدولقادری سەیدنیزامی»، بەڕاستی دڵی هەموومان دەتەزێنێ و کۆنەبرینی خێڵی ڕۆیشتووەکان، «کاک سمایل»(۱) و «ئاغای سەعدیە»(۲) و «ئاغای زەرگە»(۳) و تەواوی ئەو کەسایەتیانەی کە لە ڕێگای ئاموزش و پەروەرش و خوێندەوارییەوە گەورەترین خزمەتیان بەو خەڵکە کردووە، دەکولێتەوە،و حاڵەتی هاژان و ڕاژان لە دڵی برینداری ئێمەدا پەیدادەبێ.

ئاغای سەید عەبدولقادری سەیدنیزامی کەسایەتییەک بوو سەرەڕای ئەوە کە دەستێکی پڕپیت و بەرەکەتی قەڵەم و زمانێکی پڕ بەکاری موعەللیمیی هەبوو، مەغزێکی موتەفەککیری مودیرییەتیش بوو و توانی لە ماوەی چەند ساڵان‌دا، هەر وەکوو بە قەڵەم و بە زمان ساڵەها لە ڕێگای موعەللیمییەوە گەنجەکانی شاری مەهابادی پێگەیاند، هەروا توانی لە ماوەی چەند ساڵێک لە ئاموزش و پەرورش‌دا گەورەترین خزمەت بۆ ڕێک و پێک کردنی مەدرەسەکان بکا و بۆ بەئاکام گەیاندنی کارە لەبار و پێشکەوتووەکان، زەحمەت بکێشێ و حەول و تەقەلا بدا.

ئاغای سەید عەبدولقادری سەیدنیزامی سەرەڕای خەدەماتی فەرهەنگی و ئەو هەمووە شوێنەوارە گەورانەی کە لە دوای بەجێ ماون، خاوەن ئەخلاق و فەزایلێک بوو کە ئەگەر هەر کەسێک جارێکی بدیبایە تا چ دەگا بەوە کە وەک ئێمە کە ماوەی ساڵیان لەگەڵی هەستاوین و دانیشتووین، دۆستایەتی و خۆشەویستی و محەببەتی وەکوو لەوحەیەکی بەردین کە بنەخشێندرێ، بەو جوورە لە دڵی ئینسان‌دا قایم دەبوو.

ئاغای سەید عەبدولقادری سەیدنیزامی دەڕۆیشت کە وەکوو بابە گەورەکەی کە ئەو مزگەوتەی دروست کردووە («مزگەوتی سەیدنیزام») و هەروا ئەو مەدرەسەیەی نێوی «مەدرەسەی سەیدنیزام»ە و هەروا پلوسکی ئاوپێ بەخشینی کۆما و کۆمەڵەکەی بۆ خەڵک دابین کردووە، دەیویست ئەو ڕێگایە دابگرێ و چ لە ڕێگای مەزهەبییەوە و چ لە ڕێگای فەرهەنگییەوە و چ لە ڕێگای کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بە تەواوی مانا وەشوێن بابەگەورەکەی بکەوێ.

خودای تەباڕەک و تەعالا لە ماوەیەکی کەم‌دا تۆفیقی دا کە زۆر کاری گەورەی کرد، بەڵام بەهیوا بوو ئەگەر بمابایە زۆر کاری دیکەی گەورەتری ئەنجام بدابایە و بیکردبایە.

هەر ئێستا ڕووحی پاک و ڕووحی ڕۆشن و نوورانیی ئەو ئینسانە بەڕێزە لە سەرووی ئەو مزگەوتە کە دەسکردی بابەگەورەیەتی و ئەو مەدرەسەیە کە دەسکردی بابەگەورەیەتی، هەروا لەسەر ئاموزش و پەروەرش و هەموو ئەو جێگایانەی کە کاری ئاموزشی و تەعلیماتیی لێ ئەنجام داوە لەنگەری گرتووە و دەسووڕێتەوە. چاوەڕوانی ئەوەیە: یەک، لە بارتەقای ئەو هەمووە خزمەتەی کە نیسبەت بەو میللەتە ئەنجامی داوە، بۆ حەسانەوەی لەو هەمووە ماندوویی و شەکەتییە کە بە درێژایی ژیانی تووشی بووە، هەموو لایەک دوعای مەغفیرەت و لێخۆشبوونی خودای تەباڕەک و تەعالای بۆ بکەن، و تێکڕا داوا بکەن کە خودای تەباڕەک و تەعالا بە ڕەحمەت و کەڕەمی خۆی بیباتە ڕیزی پیاوە چاکەکان و خۆشەویستەکان و ئینسانە بەڕێزەکانی مێژووی ئاموزش و پەروەرش.

دوو، هەروەها چاوەڕوانی ئەوەیە کە ڕەفیقان و دۆستان و هاوکارانی ئەو ڕێگای تەقالا و زەحمەت و ماندووبوون و سەداقەت و ڕاستی و دروستیی ئەو بەتەواوی دابگرن.

لە خودای تەباڕەک و تەعالا داوا دەکەین ڕووحی پاکی ئەو خودالێ خۆشبووە بە بەهەشتی بەرین شادبکا و لەو هەورازی ژیان کە دوای ئەو هەمووە ماندووبوون و شەکەت بوونە وەسەرکەوتووە، لەوێ بحەسێتەوە و لەگەڵ چاکان و پاکان بحهوێتەوە.

لە خودای تەباڕەک و تەعالا داوادەکەین هاوکارەکان و هاوسەنگەرەکانی بتوانن ڕێگای ئەو پێش بگرن و نەهێڵین ڕێگای ئەو کوێر بێتەوە و سەید عەبدولقادرە سەیدنیزامییەکان لە مێژووی مەهاباددا یەک بە دوای یەک‌دا بێنەدی.

لە خودای تەباڕەک و تەعالا مەغفیڕەت و لێخۆشبوون و ئەوپەڕی سەفای چوونی بەهەشت بۆ ئەو بوزورگەوارە داوادەکەم. هەدییەتەن ئەلفاتیحا…

پەڕاوێزەکان:

(۱) و (۲) و (۳) دوای پرسیار لە کاکم، بۆم ڕوون بۆوە کە ئەو خودالێخۆشبووانە، بەڕێزان «ئیسماعیل دانشیار» و «جەعفەر سەعدیە» و «ڕەحیم زەرگە»ن.

٭ئەو وتارە لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشیی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد واتاخوالێخۆشبوو «سەید عەبدولقادر سەید نیزامی» (کە ڕێکەوتی ۱۳۷۷/۷/۱ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە) پێشکەشی گوێگران کراوە.

دەقی بەردەست، دەقی دابەزێندراوی ئەو وتارە لە سەر شریت ڕا بۆ سەر کاغەزە و دەستنووسی وتارەکە نەماوە. پێویستە ئاماژە بەو بابەتە بکەم کە: چەشنی خوێندنەوە و چلۆنایەتیی تۆماربوونی دەنگی مامۆستا، وای دەردەخات کە مامۆستا خۆی ئەو وتارەی ڕۆژێک بەر لە پێشکەش کردن (واتا: ڕۆژی ۱۳۷۷/۱/۷)، بۆ ڕاهاتنی باشتر بۆ جوان پێشکەش کردن لە سەر شریت تۆمارکردووە و ڕۆژی دواتر (واتا: ڕۆژی ۱۳۷۷/۱/۸) وتارەکەی لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی پێشکەش کردووە.

شوێنی پێشکەش کردنی ئەو وتارە، مزگەوتی «سەیدنیزام» بووە و لە ناو وتارەکەدا مامۆستا ئاماژە بەو بابەتە دەکا؛ لەو جێیە کە دەفەرموێ: «هەر ئێستا ڕووحی پاک و ڕووحی ڕۆشن و نوورانیی ئەو ئینسانە بەڕێزە لە سەرووی ئەو مزگەوتە کە دەسکردی بابەگەورەیەتی … لەنگەری گرتووە و دەسووڕێتەوە».

بەشێکی کورت لە وتاری بەردەست لە ناو وتاری «هەر هەڵێ ڕۆژی موعەللیم»دا هاتووە و وێدەچێ مامۆستا ئەحمەدیان بۆ نووسینی وتاری «هەر هەڵێ…» چەند ڕستەیەکی لەو شریتە هەڵبژاردبێ و پێی حەیف بوو بێ کە کەڵک لەو ڕستانە وەرنەگرێ. وتاری «هەر هەڵێ ڕۆژی موعەللیم»، هەوەڵ جار لە گۆڤاری مەهاباد و بە ناونیشانی «موعەللیم» بڵاوکراوەتەوە و دواتر لە ژێر ناونیشانی «هەر هەڵێ ڕۆژی موعەللیم» (کە ناونیشانی هەڵبژێردراوی مامۆستا بووە) لە «خەزێنە»دا بڵاوکراوەتەوە؛ بۆ چاوپێکەتن بەو وتارە، بڕواننە:

ـ مەهاباد (گۆڤار)، ساڵی چوارەم، ژمارە ۳۸ (بانەمەأی ۱۳۸۳)؛ ل ۴۲

ـ خەزێنە (کۆمەڵەوتار)، عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، تاران: ئیحسان؛ چاپی یەکەم: ۱۳۸۷؛ لل ۲۹۲ ـ ۲۹۶

دوای دابەزاندنی وتاری بەردەست لە سەر کاغەز، چەند وشەیەک کە تایبەتن بە زمانیی زارەکی، وەک «حیفز»، «دارای» هەڵاوار دراون و لە جیات ئەوان هاوتا کوردییەکانیان داندراون. دیارە ناوەرۆکی وتارەکە دەستی لێ‌نەدراوە. ج. ئەحمەدیان ارسالی از دکتر احمد احمدیان

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا