طنزکوردی

گڵی دوور دەرمانە!

گڵی دوور دەرمانە!

مرۆڤی سەردەم، بۆتە ئامێریکی هەستیار بۆ هاورەگەزی پاوانخوازو لەسەر کورسی دانیشتوو،کە فەرمان و ئاوساری گشتی ئەم جیهانەی گرتوتە دەست.
کیبەرکێیەک لەناو جیهاندا هەبوە و هەیە کەسێک پێش دەکەوێ کە بێ وچان تێدە کۆشێ و ماندوویی نازانێ و بە پێی تواناکانی بەرەوپێش دەچێ و لەکەند و کۆسپ ناسڵمێتەوە.

کاروانی شارستانیەت،لەیونانەوە بۆڕۆم گواسترایەوەودوایە خۆی خستە باوەشی وڵاتانی ئیسلامی وجارێکی دیکە، بەرەو ئۆرووپا و ئەمریکا گەرایەوە بوون بە سەرقافڵەی شارستانیەت و تێکۆشان و هەوڵدان.

ئەوان هەتا ئێستا،سێ جار بوونە پێشەنگ وکوێخای شارستانیەت وبە ئارەزووی خۆیان دونیا خول دەدەن و چۆنیان پێ خۆش بێ سەرچۆپی دەکێشن.

هەرچەندلە لایەک شایەنی خۆیانە وبەرهەمی چالاکی خۆیان دەخۆن بەڵام، لە لایەکیش کەم تەرخەمی و ورەبەردانی وڵاتانی دیکەیە کە بە جارێک نەترەیان بەرداوە و خۆیان لەبەر چاو کەوتووە و ئەوان بە گەورە و خاون مێشک و هێزی رەسەن دەزانن.

‌لەباری زانیارییەوە ،سەلمێنراوە کە هۆش و بیروزرینگایەتی،پیوەندی بە ڕەگەز و ئایین و وڵاتەوە نییە تەنیا تێکۆشان و هەوڵدان و یەکڕیزی وکۆدەنگی ،دەبیتە هۆی سەرکەوتن و بەرزبوونەوەی بەیداخی شارستانیەت.

بەڵام داخی گرانم لە وڵاتانی دواکەوتوو،هێندە سەرقاڵی دەسەڵات و سامان کۆکردنەوە و عەمبارکردنی کانزاکان و ڕاگوێستنی بۆ ناوبانکە کانی دەرەوەن کەس بە فریای ئاوەدانی وگەشەپێدانی هزروبیروئەدەب وزانیاری و راهێنان ناکەوێ و بەزمانێکی دیکە هەلیان بۆ ناڕەخسێ.

من ڕام وانیە کەتەنیا قامک لە چاوی خەڵک وردەم،لە بنەرەتدا دەوڵەتەکان،بەرپرسی ئاوەدانی و سەوزایی و بڕەو پێدانی وڵاتن ئەوان دەبێ بیرورای زاناکان و داهێنەران، وەگەڕبخەن و وەک یاسایەکی پیرۆز،ڕەچاوی کەن و سەروەت و سامانی هەموو وڵاتەکان،لە ژێرڕەکێفی ئەوان دایە ئەوان دەبێ بەدڵێکی ئاواڵە و دادپەروەرانە، دابەشی بکەن و بڵێسەی زانیاری گەشه پێی بدەن هەتا تیشکی رووناکایی دونیا دابگرێ.

ناکۆکی بنە ماڵەیی و حیزبی و چەن نەتەویی و ئایینی و فکری وخۆمانە خۆمانە،بۆتە شێرپەنجەیەک کە وڵاتانی دواکەوتووی تەنیوە و ناهێڵێ هیچ مێشک و بیرو هزرێک، سەر هەڵدا و گەشە بستێنێ،وڵاتی بێ مێشک و هزرو بیر،وەک ماڵێکی خاپوور و بێ خاوەنە.

بەشێکی دیکەی دابڕان لە شارستانیەت، گەل و دانیشتوانێکن کە پاڵیان داوتەوە و ئەژنۆیان لە باوەش خستوە و شەمۆتەیان داژەنیوە.
نەخوێندنەوەی رابردووی گەشی خۆیان،بۆتە هۆی ورەبەردان وداڕمانی کەسایەتی وکاڵبوونەوە لەبەرامبەر شارستانیەتی رۆژهەڵات.

ئێمەی رۆژاوایی،هێندە کە گرینگی بە مێژوو و رۆژمێری رۆژهەڵاتیەکان دەدەین وزەقی دەکەینەوە ودڵمان پێدەگەشێتەوە،قەت بە چاوێکی وردبین ناڕوانینە مێژوو و دیرۆکی خۆمان کە چمان کردوە و چمان بەسەر هاتووە وکێ بووین و دەبێ ئێستاش چ بکەین کە زیاتر لە زەلکاو رۆنەچین و نەتوێنەوە ونەبینە کۆیلە وژێرچەپۆک.
مێدیاکان و بەستەرە مەجازیەکانی ئەورۆش،بوونە زارو دەهوڵی شارستانیەتی سەردەم ،کەسایەتی و مێشکی ئەوان بەرەو هەوران دەبەن و دیانکەنە خوای سەر زەوی ولەولاشەوە سامانی فەرهەنگی ومێژوویی ناوخۆ، سووک و چرووک دەکەن و هەتا مل لە قوڕی ڕۆدەکەن.

هەموو شارستانیەتێک، خاڵی بە هێز و لاوازی هەن کەلە ئەنجامدا لاوازەکانی دەبنە هۆی تەپین و کرمەرێزی خۆی.

لە حالێکدا،کەسێک شارزایەتی مێژووی ئەوانی هەبێ دەزانێ لە رابردوودا بە چەتەیی و دزی و داگیرکاری وڵاتانی ئێمە، ئەو زێروزەمبەریان، وسەریەک ناوە و دەستیان ناوەتە ناو قورگی هەژاران،ئێستاش بە هەزار ئەحمەدو مەحموود ، چەوساونەوی فەرهەنگی و ئابوری و سیاسی و ئاڵقە بە گوێ بوون، هەر دەوامی هەیە هەتا باشتر بتوانن گەدەی هەڵدڕاوی خۆیان تێرکەن و نیشتمانیان بڕازێننەوە.

دروشمی سەر کەوتنی ئەوان ئەویەکە،وەسەر کەوە و پی لەسەر شان و ملی هەموو کەسێک دانێ،باسیاسەت و فێل و تەڵەکە و زۆری و داسپەپاندن بێ.
هەر ولاتێک، لە باری ئابووری و دارایی هەژار بێ جا چ بە دزی وسیاسەتکاری لە گیرفانی زلهێزانی بکا یان بۆخۆی بە فیڕۆی بداو لەگەدەی خۆی ڕاکا،سەتاسەد هەژاری و لێقەوماوی فەرهەنگی و زانستیشی لە دوویه.

بە داخێکی گرانەوە،کاربەدەستانی وڵاتانی هەژار و داماو،لە گوێی گادا نوستوون یان دەزانن و ئاوری هەژاری خۆشتر دەکەن،بۆیە هەژاران، چاوی زەقیان بڕیوەتە وڵاتە دوڵەمەندەکان و وەک جووجیلەیەکی بێ پەڕ و باڵ و لاواز،زاریان قژ کردوە و هیچ هۆمێدیان نەبە خوا ماوە ونەبە هێزو مەچەکی خۆیان،تەنانەت لە خواش بە گلەیین کە بۆچی ودمی عیسا نانوێنێ و دەستێکێ سێحراوی بە فریایان ناکەوێ.

هەم نەبوونی وهەم چەوسانەوە،دەردێکی گران وکوشەندەن بەڵام لەوان جەرگبڕتروکوشەندەتر،هەست بەسووکایەتی خۆت وداب ونەریت ومێژوو وزمانەکەتە،مرۆڤی گرفتار بەوپەتایە،بەجەستە زیندوویەوهەناگاودەنێ بەڵام لەواقیعدا،مردوویەو دەماری نابزوێ ومێشکی لەکارکەوتوە،کوشتن ومەرگی ناوێ،ئەو هەربۆخۆی مردوە وگۆڕەپ

انی ژیانی بەتاڵان بەجێ هێشتوە،بۆتەئامێرێکی دەستکردو بێ هۆش وهەست وسڕکراو،بێجگە لە وشەی بەڵێ قوربان،شتێکی دیکەی بەسەر زاردا نایا ومێشکی داشۆراوە.

هەموومرۆڤێک،پێویستە بەخۆداهاتنەوەی هەبێ وڕاچڵەکێ هەتامارانگەزتوو نەبێ وبیروهزری سست ولاواز نەبێ.

فەرهەنگی باڵادەست، وەک ژارێکی کوشەندەیە کەنێچیر،بەخۆی نازانێ ولەخەوڕادەچێ وڕابردووی خۆی لەبیردەکا.ئەگەرجارجار خۆهەڵتەکاندنێکمان نەبێ توانەوەمان مسۆگەرە وەک پێشینیان دەڵێن :”ئاو هەتا زیاتروەمێنێ وقەتیسی گۆل وبەنداو بێ،نەخۆشی هەڵدێنێ و زوڵاڵی لێ دەڕەوێتەوە.”

جەهانگیربابایی ـ سەردەشت، ڕەشەمەی ۹۹

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا