خبرها،نظرها

[پەیامی قوڕئانی بەشی ١٤]

پەیامی قوڕئانی

سعدی مرادی

(يَا لَيْتَنِي مِتُّ قَبْلَ هَذَا وَكُنتُ نَسْياً مَّنسِيّاً (23) مریم/

واتە”
مەریەمە خاتوون وتی: خۆزیا پێش ئەمە ئەمردم و لەبیر ئەکرام تاهەتایە..

ـ وانە”

1⃣ سات و کاتێک بە ژیانی مرۆڤدا تێپەڕ ئەبێ دنیای لێ ئەبێتە چەرمی چۆلەکە! وا هەست ئەکا ئەم گاوگەردوونە گشتی لەسەر سەری ئەوە، نەک لەبەر کەم ئیمانی بەڵکوو لەبەر دژواری ژیان.

2⃣ خاتوو مەریەم ئیمانی قایم بوو، یەجگار زۆر متمانەی بە خوای دڵۆڤان بوو، بەڵام ڕووداوەکە زەبەلاح بوو! کارەساتەکە دڵتەزێنە!
ـ مناڵێکی بێ باوک بێنێتە لای گەلێکی دڵ ڕەق! دنیا لێ وەتەنگ هات.

ـ کارەساتەکان تێکمان ئەشکێنن..!
ـ ڕۆژگارێکی یەجگار قورس ئەگوزەرێنین، وای دائەنێین تێپەڕ نابێت.!

ـ مرۆڤایەتیت بە لاواز و نالاوازیەوە بهێنە ژیانتەوە، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا،
ـ لەگەڵ خودا بە، خوات لەگەڵ ئەبێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَهُزِّي إِلَيْكِ بِجِذْعِ النَّخْلَةِ) ٢٥/ مریم..
واتە”
ڕایوەشێنە بەلای خۆتدا دار خورماکە..

ـ وانە”

1⃣ خوای گەورە ئەزانێ پیاوێکی بەهێز ناتوانێ دارخوڕماکە ڕاوەشێنێ چ جای ئافرەتێکی داماوی مناڵبوو!
ـ بەڵام کاتێک خوای مەزن فەرمووی: ڕاوەشێنە! مەبەستی گرتنەبەری هۆکارەکانە و فێرمان ئەکات هەوڵدان داواکراوە.

2⃣ خوای مەزن کرم دروست ئەکا، یا دانەوێڵە  بۆ چۆلەکە بەڵام بۆی ناخاتە ناو هێلانەکەی! جا ئەو زاتەی مناڵ ئەدات بە مەریەمە بێ باب، ئەشتوانێ خورمای بۆ بخاتە خوارەوە بێ ڕاوەشاندن.
ـ بەس ئەوندەی ئەوێ لێمان خەبات و تێکۆشان و چنگەکڕکێ بکەین..
ـ پاشان بە دڵنیاییەوە ئەوە بزانین ئەوە بەس هۆکارە، سوود و زیانی نیە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

(قِيلَ لَهَا ادْخُلِي الصَّرْحَ فَلَمَّا رَأَتْهُ حَسِبَتْهُ لُجَّةً وَكَشَفَتْ عَن سَاقَيْهَا) 44/ نمل..

واتە”
پێی وترا بچۆرە ناو کۆشکەکەوە، کاتێ دیتی پێیوابوو گۆماوە! قولی هەڵکرد..

ــ وانە”

1⃣ بلقیس پێی وابوو کۆشکی داڕێژراو لە شیشە، ئاوە! بۆیە قولاپەی هەڵکرد تا وەپەرێت، تا ئەو ڕادە جلەکانی درێژ بوون و داپۆشەربوون.

2⃣ داپۆشین بەرگ و پۆشاکی پاشاو مەلیکەکان بووە لە سەرەتای مێژووەوە.
ـ بەڵام ڕووتووقووتی و دەرخستنی لەش‌ولار، بەشی گۆرانی بێژانێک بووە ویستوویانە بەو هۆیەوە پیاوان بخەنە داوی تۆڕی خۆیانەوە.

3⃣ سەیری لیباسەکانت بکە، پاشان نەفست بکەرە دادوەر؛
اـ لەگەڵ پاشاکانیت وەک بلقیس
ب‌ـ یا لەگەڵ کەســـــــانی‌تریت؟!
ـــــــــــــــــــــــــــــ

(رَبَّنَا لاَ تُزِغْ قُلُوبَنَا بَعْدَ إِذْ هَدَيْتَنَا وَهَبْ لَنَا مِن لَّدُنكَ رَحْمَةً إِنَّكَ أَنتَ الْوَهَّابُ (8) آل عمران..

واتە”

پەروەردگار؛ دڵمان لامەدە دوای ئەوەی هیدایەت داوە، لە لایەن خۆتەوە ڕەحمەتی خۆتمان پێ کەرەمکە، بە ڕاستی تۆ بەخشەری..

ــ وانە”

1⃣ چەند نزایەکی بە بەهایە!
ـ هەرکە چەشتبێتی تامی نزیکبوون لە خوا، ترسی دووری خوای مەزن ئەڕەنجێنێ.
ـ کەوابوو داوای نزیکبوون بکەن لە پەروەردگار..
ـ چەندین مرۆڤ هەن پلەی نزیکبوونیان مسۆگەر کرد بەڵام مەخابن دوور کەوتنەوە!
ـ چەندین کەس ڕوویان کردە خوای مەزن پاشان پشتیان هەڵکرد!

ـ ئەوانە پێیان وابوو دامەزراوی بە دەست خۆیانە، بەڵام خوای دڵۆڤان لە قاپی خۆی دووری خستنەوە…

ـ گوێ ڕایەڵ ترسی هەیە تەرکی تاعەتی ئەڵڵا تەعالا بکات، زۆرتر لەوەی تاوانبار ئەترسێ لە تاوانەکەی.
ــــــــــــــــــــــــــ

1⃣ هەر نیازێک داوات کردبێ لە خوای گەورە کە ئاتاجی خەڵکی نەبیت..

2⃣ هەر ئاواتێک سپاردبێتت بە پەروەردگارت..

3⃣ هەرچی دوعایەک کردبێتت و لە بیرت چووبێتەوە ـ خوای گەورە لە بیری نەکردووە..

4⃣ یا هەر پێداویستییەک کە لە خۆشیان ئەسرینت هاتبێتە خوار بۆی و…

👈 بۆ هەموو ئەوانە بە دڵنیاییەوە بڵێ”

(يَأْتِ بِهَا اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ لَطِيفٌ خَبِيرٌ (16) لقمان..

واتە”
خوای گەورە ئەتداتێ، بە ڕاستی خوای گەورە ناسککار و وردبینە…
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

1⃣ بە یەک نزا”
خوای گەورە زەوی نوقمی ئاو کرد بۆ پشتیوانی بەندەکەی گەورەمان نووح!

2⃣ بە یەک نزا”
خوای گەورە خێزانی گەورەمان زەکەریای باش کرد کە نەزۆک بوو..!

3⃣ بە یەک نزا”
خوای گەورە ورگی نەهەنگەکەی ئاسایی کرد بۆ بەندەکەی یوونس!

4⃣ بە نزایەکی ئیبراهیم”
(فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِّنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ) ٣٧/ ابراهیم.. واتە:

دڵی خەڵکانێک ڕاکێشە بەرەو ئەوان..
ـ مەککە بووە مەڵبەندی دڵەکان..

👈 باوەڕت بێ؛ نزاکان دێنەوە سەر ڕێت بەو پێیەی داواتکردون..!
ــــــــــــــــــــــــــــــ

پەروەردگار” خۆڕاگریمان دەوێ وەک خۆڕاگری هاجەرە خاتوون،
ــ حەزرەتی ئیبراهیم [دخ] لەگەڵ کوڕەکەی جێی‌هێشتن لە دۆڵێکی چۆڵ‌وهۆڵ و بێ شینایی! نە ئاوی هەبوو نە ئاوەدانی..

ـ گشت ئەمانە شرۆڤەن و گرنگی پێنەدا ـ هاجەرە ـ جگە لە پرسیارێکی سەرەکەی هیچی نەپرسی: ئەڵڵای بەرز دەستووری پێداوی؟!
ـ کاتێ فەرمووی: بەڵێ،
ـ وتی: کەواتە بڕۆ خوای گەورە زایەمان ناکات!
👈 پەروەردگار”
ــ دڵێکی ئاوامان گەرەکە
ــ بڕوایەکی ئاوان ئەوێت
ــ دڵنیایەکی وامان ئەوێ
ــ خۆڕاگریەکی لەو شێوە!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تەختی بەلقیسی هێنا، لە یەمەنەوە بۆ ماڵە پیرۆزەکە (بیت المقدس) لە چاو ترووکانێکدا!  پاشان وتی:
(قَالَ هَذَا مِن فَضْلِ رَبِّي) نمل/ واتە؛ ئەوە یەکێکە لە بەخشینەکانی پەروەرێنم لەسەر من.
ــــــــــــــ

زولقەڕنەین”
ـ تیکە ئاسنی گەورە گەورەیان بۆ هێنا و تواندیەوە، بەنداوێکی زەبەلاحی دروست کرد، یاجووج و ماجووجی تێدا بەندکردن، پاشان وتی:
(قَالَ هَذَا رَحْمَةٌ مِّن رَّبِّي) کهف/ واتە؛
ئەوە ڕەحمەتی پەروەرێنمە…

👈 بەوپەڕی ئەدەبەوە ئیشەکان بکەو بیگێڕەوە بۆ تۆفیقی خودایی..
ــــــــــــــــــــــــــــــــ

(فَانطَلَقَا حَتَّي إِذَا أَتَيَا أَهْلَ قَرْيَةٍ اسْتَطْعَمَا أَهْلَهَا فَأَبَوْا أَن يُضَيِّفُوهُمَا) ٧٧/ کهف.
واتە؛
ڕۆشتن تا گەیەشتنە ئاوەدانیەک، داوای خواردنیان کرد لە دانیشتوانی، ئەوانیش میوانداریان نەکردن..!

ـ وانە”

1⃣ هەر وەخت ئەرزشیان نەزانیت، بیرت بێ دوو پێغەمبەری بەڕێز ـ مووسا و خدرـ ڕۆژێک بووە کەس دەرگای لێنەکردوونەوە، تەنانەت پاروە نانێکیان نەداونێ!!.

ـ پێویستە خۆت بناسی با نەشتناسن،
ـ ئەگەرچی سەرت بخەیتە سەر سەرینەکەت و ویژدانت ڕاحەت بێو تۆمەتباریشت کەن..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

کاتێ حەزرەتی مووسا [س‌م] گەیەشتە وڵاتی مەدیەن، سەرپەنایەکی نەبوو، وەزیفەی نەبوو، خێزانی نەبوو، بەڵام چاکەیێکی کردوو چوو لە سووچێکەوە پاڵی داوە، ئنجا دەستی بۆ ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی:
(رَبِّ إِنِّي لِمَا أَنزَلْتَ إِلَيَّ مِنْ خَيْرٍ فَقِيرٌ (24) قصص.
واتە:
پەروەڕێنم، بە ڕاستی من سەبەرەت بەوەی بە بارتا هێناوم لە چاکە، پێویستیم پێیەتی…!

ـ ڕۆژی ئەو ئێوارە ئاوانەبوو مەگەر ئەوەی هەم ماڵی دەست کەوت، هەم کاری دۆزییەوە، هەم خێزانیشی گرت..

2⃣ ئەم دوعایە دوای هەر چاکەیە تەجرەبە بکە…
ــــــــــــــــــــــــــــــــ

هەر وەختێ دڵتەنگ بووی بیرت بێ؛

ـ چۆن حەزرەتی نووح گەمیەکەی لێخوڕی لە ناو شەپۆلی کێوئاسادا!

ـ چۆن حەزرەتی ئیبراهیم ڕزگاری هات لە ئاگرەکە!

ـ چۆن حەزرەتی یوونس نەجاتی بوو لە ورگی ماسیەکە!

ـ چۆن حەزرەتی مووسا بەحرەکەی دوولەت کرد بە گۆچانەکەی!

👈 جوانترین فەرحانەی خوا کاتێ دێت، کە گشت هۆکان پچڕابن، لە دڵی بەندەکەیا  هیچ نەمابێ جگە لە ناوی ئەڵڵا تەعالا…
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ـ سەبارەت بە حەزرەتی مووسا”

دایکی پێی وترا”
(فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي) واتە/ فڕێیدە ناو ڕووبارەکە و مەترسە..

ـ دایکی دووهەمی وتی: (لا تَقْتُلُوهُ) واتە/ مەیکوژن..

ـ خوشکی ( ٳذ تَمْشِي أُخْتُكَ) واتە: کاتێ خوشکت ڕۆیی…

ـ خێزانی: (يَا أَبَتِ اسْتَأْجِرْهُ) واتە: ئەی بابەگیان بە کرێی بگرە..

👈 پیاوێ گەورەت دەست ناکەوێ کە ئافرەت ڕۆڵی تێیدا نەبووبێ…
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لاَ تَحْزَنْ إِنَّ اللّهَ مَعَنَا) توبە..
واتە:
بە ڕفیقەکەی فەرموو: غەمبار مەبە دڵنیابە خوامان لەگەڵە…

1⃣ وتەی نەستەق هەن لە ئاوێزەی گەردن ئەچن، یان وشەی ناسک هەن لە ئامێزت ئەگرن!.

ـ چەلی وایە دنیات لە تاریک ئەبێ، بەڵام ڕستەیێکی ناسک لە هاوڕێکەت ئەبیستی دنیات لێ ڕوون دەکاتەوە..

ـ جاری وایە دڵێک ئەژاکێنی؛ بەڵام وشەیەکی گەرم دێت لە لایەن خۆشەویستێکتەوە قەرەبووی دڵشکاویەکەت دەکاتەوە..

ـ هەندێ جار دڵت ئەشکێ؛ باوەشێکی گەرموگوڕی خزمێکت ساڕێژی ئەکات…

2⃣ ئێمە لەم دنیایەدا میوانین، ڕێگە ساناکە بۆ کەسانی‌تر…
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ـ بەس تۆ ئەی خوایە..

تۆ ئەتبینی دەرد و ئێش لە ناو دڵی حەزرەتی یاقووب ساتێ ئەیفەرموو:
(قَالَ إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَي اللّهِ) ٨٦/ یوسف..

واتە” من بەس دەردەدڵی خۆم ئەبەمە لای خودای بێ‌هاوتا..

ـ پەروەرێن هەرئێستا هەر دڵێ ئاوایە، بە ڕەحمەتی خۆت بیخنە و بڵێ بە خۆشیەکەی یاقووب کاتی یووسفی دی، وەرە بەلای منیشا رابرێ و تێپەڕە…
ـــــــــــــــــــــــــــــ

وڵامدانەوە دوائەکەوێ، چونکە لە بڕیاری خوادا بۆ تۆ پلەبەندی هەیە، تا ئێستا نەیگەیشتووەتێ!.
ـ هەروەها لە دڵیشا ڕەقی و توندی هەیە، خوای گەورە ئەیهەوێ نەرمیکا بۆت…

ـ گیرابوون دوائەکەوێ تا هەموو سەرسامیت بە خواپەرەستییەکەت بسڕێتەوە،
ـ یا گشت دەمار و لووت بەرزیت نەهێلێت..
ـ یا هەر بەراوردێ کە پێت وابووە لە خەڵکی‌تر باشتری نەهێڵێ..
ـ یا تەنانەت هەر تاوانبارێ کە سەیرت کردووە بە چاوی سووکەوە نەک بە چاوی سۆزەوە!.

ـ ئینجا دوای ئەمانە وڵامت ئەدرێتەوە..
ــــــــــــــــــــــــــــــ

لای عەزیزی میسر ـ یووسف ـ توانای بوو لەسەر دیاری کردنی هەڵەکە، بەڵام وتی:
(معاذاللە) پەنا بەخوا..

ـ لای پاشاش، دەسەڵاتی بوو تۆڵە بستێنێ بەڵام وتی:
( یغفرالله لکم) خوا لێتان ئەبوورێ..

ـ ئازایەتی و جوامێری ئێمە جاروبار لەوەدایە ئەو شتە نەیکەین کە دەسەڵاتدارین تێیدا!.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەو ماڵەی فیزنت دەکا؛ هەژارییە.!

ئەو شەهادەیەی لەخۆباییت دەکا؛ نەزانییە.!

ئەو دەسەڵاتەی لەخۆ دەرچووت دەکا؛ نزمییە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَاللَّهُ أَحَقُّ أَن تَخْشَاهُ) ٣٧/ احزاب..
واتە”
زاتی ئەڵڵا لە پێشترە لێی بترسی..

ـ دوای ئەمە؛
عیبادات پێش عاداتە

حەرامە پێش عەیبەیە

شەرع پێش ڕووداوە

سوننەتیش پێش خووە

زاتی ئەڵڵا پێش خەڵکییە

ـ بە خواتان ئەسپێرم..
ـــــــــــــــــــــــــــ

(قَالُوا سَمِعْنَا فَتًي يَذْكُرُهُمْ يُقَالُ لَهُ إِبْرَاهِيمُ (60) انبیاء..

واتە” وتیان بیستوومانە گەنجێکە! پێی ئەڵێن ئیبراهیم، باسی بتەکانی ئەکرد..

ـ وانە”

1⃣ لای ئەوان ئیبراهیم بەس لاوێک بوو و هیچیتر، بەڵام لای خوا ئۆمەتیک بوو، هەموو یاسای گەردوونی بۆ گۆڕی!!.

ـ خستیانە نێو ئاگرەکەوە، لەسەری بووە فێنک و بێ ئازار.

2⃣ خێزانەکەی گەیشتە پلەی نەزۆکی و پیربوو و پەکی کەوت، خوای گەورە بۆی چاک کرد و ئیسحاق پێغەمبەری پێدا.

3⃣ وەختێک فیرعەون ویستی کاریگەر بێ بە سارا خاتوون، خوای مەزن پەردەی غەیبی بۆ لادا، تا دڵی دامرکێ و دڵنیاببێ بە بینینی ئەو دیمەنە شاراوانە.

4⃣ مەگەرێ بە دوای شوێن و پێگەی خۆتدا لە ناو کۆمەڵگەدا، نرخ و بایەخی ڕاستەقینەی تۆ ئەوەیە کە لە حزووری خوایا هەتە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(فَصَبْرٌ جَمِيلٌ وَاللّهُ الْمُسْتَعَانُ عَلَي مَا تَصِفُونَ (18) یوسف..
واتە”
خۆڕاگریەکی جوان، زاتی ئەڵڵاش یارمەتیدەرە لەسەر ئەوەی ئەنگۆ لێکی دەدەنەوە…

👈 وانە”

1⃣ سڵاو بۆ ئەوانەی هەموو شتێک بە جیددی ناگرن!
ـ ئەوانەی بۆ هەموو کەوتنێ ناگرین..
ـ بۆ هەموو وتەیەک گوێ ناگرن..
ـ ئەوانەی هەڵەکانیان ناخەنە ئەستۆی دەورووبەر..
ـ ئەوانەی ئەزانن دنیا پڕە لە ڕەش و سپی، خراپەش بەشێکە لەو، وەک چۆن خێر و باشەش وایە..
ـ ئەوانەی باوەڕیان وایە دنیا ڕێگەی ڕێبوارییە، و ڕەزامەندی خواوەند سڵامەت دەکا کاروانی ڕێبواران..
ــــــــــــــــــــــــــــ

1⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لەوەی پێمان هەڵخزێ دوای نەبزووتنی..

2⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لەوەی خەڵکی لێ ئەگێڕینەوە و خۆمان دەیکەین..

3⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لەوەی خواپەرەستیمان تووشی سەرسامیمان بکات..

4⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لەو نیعمەتەی یاغیمان ئەکات..

5⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لە تاقیکاریەک تووڕەمان ئەکات لەسەر بڕیارەکانی خودا..

6⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لە تۆ، ڕائەکەین لە تۆوە بۆ لای تۆ…

7⃣ پەنا ئەگرین بە خودا لەوەی سەیری گوناحباران بکەین بە چاوی سووکەوە لەباتی چاوی سۆز و ڕەحمەت..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَحَرَّمْنَا عَلَيْهِ الْمَرَاضِعَ مِن قَبْلُ)١٢/ قصص..
واتە”
پێشتر شیردەرەکانمان لەسەر یاساغ کردبوو..

👈وانە”

1⃣ حەزرەتی مووسا برسی بوو، گریانەکەی کۆشکی فیرعەونی خنی، سەرجەم بەزەییان پێیدا هاتەوە..
بەڵام ئەو خودایەی شیردەرەکانی لەسەر قەدەغە کردبوو لەوان بە بەزەییتر بوو، بەس ویستی بیگێڕێتەوە بۆ باوەشی دایکی بە سۆزی..

2⃣ ئەگەر ئێمە هەستمان بە ڕەحمەتی خوا بکردایە سەبارەت بە گشت قەدەغەیەک، هەستمان بە حیکمەتی بکردایە لەهەر گێڕانەوەیەکدا، ئەوە بێگومان ڕێکەمان لەسەر سانا دەبوو..
(شەرقاوی)

# بڵۆ (سەعدی مرادی)

نمایش بیشتر

رسول رسولی کیا

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا