خبرها،نظرها

پەیامی قوڕئانی ١٤

پەیامی قوڕئانی

سعدی مرادی

یەکەمن چەکی بوێر، کە بەکارگیرا لەسەر ڕووی زەوی بریتی بوو لە دوعا…!

ـ ڕێک ئەو ڕۆژەبوو کە پێشەوا نووح دەستەکانی هەڵبڕی بەرەو حەوا و فەرمووی:
(وَقَالَ نُوحٌ رَّبِّ لَا تَذَرْ عَلَي الْأَرْضِ مِنَ الْكَافِرِينَ دَيَّاراً (26) نوح/ واتە”
ئەی پەروەرێنم تاقە کافرێک لەسەر زەوی مەهێلەوە…

ــ کەواتە خۆت بپارێزە لەوانە بێجگە لە ئەڵڵا پەنای‌تر شک نابەن..
ــ هەروەها جگە لە دوعا سیلاحی‌تریان نیە..
ــــــــــــــــــــــــــــــــ

﴿اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (1) علق/ واتە”

بخوێنە، بە ناوی ئەو پەروەرێنەی خولقێنەرە…

اـ کەس نەبوو لە دانیشتوانی ئەم ئەستێرە گەڕۆکە ـ زەوی‌ ـ بزانێ کە زەوی ئەو شەوە لەگەڵ حەوادا نێوانیان هەیە…!

ب ـ کەسیش خەیاڵی نەئەکرد کە لە غارێکی تاریکی مەککەوە سەرهەڵئەدا تیشکێ ئەم پانتایی سەرزەوییە ڕووناک ئەکاتەوە تا ئەوسەری..!
د‌ـ زەوی توونی ئاسمان بوو، حەزرەتی جوبرەئیل ماوەی پێنجسەد ساڵ بوو تەشریفی نەهاتبووە سەر زەوی بە پەیامی فێرکارییەوە.
ـ ئەم ستێرەیە خەریکبوو نوقمی سەرلێشێواوی ئەبوو،
ـ کەمینەیەک لە مێرات بەرانی ئەهلی کتێب پەیامی ئاسمانیان گۆڕیبوو،
ـ زۆرینەش ئەوەیان ئەپەرەست کە بۆخۆیان ئەیانتاشی، تەنانەت گەر لە خورماش چاکیان بکردایە و بیان پەرەستایە لە کاتی تەنگانەدا ئەیان خوارد…
هـ ـ پاش ئەمانە ئەو ساتە وەختە هاتبووە ئاراوە کە ویستی خوایی بیهەوێ کۆتایی بێنێت بە گشت ئەمانە..
وـ نەخوێندەوارێ لە ئەشکەوتی حیرادا بۆی دێتەخوار وشەی ” بخوێنە” هەموویان فێر ئەکات وەک یەک..
ـ ئەو هەتیوەی باوکی نەماوە ئەبێتە ڕێنوێنی باوکان و پێشاندەری ژیانی دایکان..
ـ ئەو شوانەی شوانی ئەکرد بۆ چەند دیرهەمێک لە مەککە ئێستا شوانی بەشەریەتی لە ئەستۆیە…
ـ ئەو پیاوەی بە دارایی خێزانەکەی بازرگانی ئەکرد ئێستا ئابووری وڵاتان و دنیا دائەڕێژێ…

زـ ڕاستگۆی دەستپاک ئەو شەوە هەر زوو سپاردەکە وەرئەگرێ..!
ـ ئەشکەوتەکە تاریکە، بەڵام ئەو نووقمی خەیاڵێکە بە دووری ئاسمان و دەشتی بێروونی نەبڕاوە، لای خۆی ئەڵێ:
ئەم گەردوونەی من ئەیبینم گەورەترە لەوەی بوتێک بێت و عەبدێکی حەبەشی سازی کردبێت و گەورەکانی قوڕەیش بیپەرەستن!.
ـ کەچی کتوپڕ ئەبینێ وا جوبرەئیل لەبەر دەمیایەتی بێ هیچ پێشەکیەک پێی ئەفەرمێ: “بخوێنە” لە وڵاما ئەفەرموێ:” خوێندەوار نیم”
دیسان پێی ئەفەرمێ:” بخوێنە” دیسان ئەفەرموێ:” خوێندەوار نیمە” ڕای سێهەم ئەفەرموێ:” بخوێنە” ئەفەرموێ:” چی بخوێنم؟ بەخۆیەوە توند ئەیگوشێ و پێی ئەفەرموێ:” بخوێنە بەناوی پەروەردگارت کە خولقێنەرە..
﴿اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ (1) علق..

👈 ئەو وانانە چیـــن لەم ئایەتەوە وەری ئەگرین”
1⃣ یەکەم وشەی قوڕئان بریتی بوو لە خوێندن نەک نوێژبکە یا بەرۆژوو بە..! لەبەر ئەوەی عیبادات ئەبێ زانیاری و عەقیدە لە پێشیەوە بن.
ـ نوێژ بەبێ باوەڕ و زانست ئەبێتە وەرزشێکی ڕووت.
ـ ڕۆژوو بەبێ باوەڕ و زانست ئەبێتە ڕژیم گرتن.
ـ تەواف و سەعی بەبێ باوەڕ و زانست ئەبێتە دابەزاندنی کێش..

ـ دەستووری جیهادی پێنەدا، چونکە جیهاد بەبێ عەقیدەو زانست، شەڕوانەکان ئەکاتە ڕێگری ڕێگەو ئەفەوتێن.
ـ هەروەها فەرمانی بازرگانی کردنی پێنەدا، لەبەر ئەوەی سەوداگەری بەبێ باوەڕ و زانست، حەڵاڵ و حەرام لێک ئەدا…

👈 خوای گەورە بە نەزانی ناپەرەسترێ!
ئەو پەڕاوەی بە وشەی (اقراء) دەستی پێکردووە ڕازی نابێ لایانگرانی نەزان بن و شوێنکەوتەی ئارەزوویان بن..
ـ هەروەها نەشڕۆی بۆ پاڕلەمان ـ دارالندوه‌ ـ کە گەورەکانی قوڕەیشی لێبوون تا گەرەنتی لەگەڵ بکەن.
ـ تەشریفی چوو بۆلای خەدیجە خانم چونکە پووری بوو، هاوژینی بوو، هەموو کەس‌وکاری بوو! چونکە خەدیجە خاتوون هەموو سەروەتەکەی خستبووە بەردەمی، چونکە پێی ئیرادبوو هاوسەران لەسەر جێ کۆبن بەڵام دینار جودایان بکاتەوە..
ـ خەدیجە جێی بابی بۆ پڕ کردبوەوە، کە قەتی نەناسیبوو، لەجێی دایکی بوو کە بە چکۆلەیی لە دەستی دابوو، جێی باپیرەی بۆ گرتبوو کە بەخێوی کردبوو، جێی ئەو برایانەشی قەرەبوو کردبوو کە نەهاتبوونە دنیا!
ـ پێغەمبەری خواش [دخ] وەفاداری بوو، تا ئەو بوو بۆنی هیچ خێزانێکی‌تری نەکرد.
خاتوو عائیشە ئیرەیی پێ ئەبرد لە گۆرەکەشیداو ئەیوت: ئێستاش لەبیری ناکەی لە حاڵێکا هی چاکترت بە قسمەت بووە؟!
ـ ئەیفەرموو:
نەبەخوا کەس چاتر نابێ لە خەدیجە، ئای وەفاداری. خاترەی زیندوو قەرەبوو نابێتەوە لەسەر حیسابی مردووێک کە هەر دە قامکەکەی بۆ کردبوو بە مۆم!.
ـ وەختێ لە تەمەنی ٦٠ تێپەڕی، هاوڕێکانی خەدیجەی بینی کە تەمەنیان لە ٨٠ دان، گورج عەباکەی دانا بۆ ئەوەی لەسەری دانیشن، ئنجا سەیری دەورووبەری کرد تا سەرسامیان بڕەوێنێتەوە، فەرمووی:
ئەمانە هاوڕێ گیانی بە گیانی‌یەکانی خەدیجەن…!
ـــــــــــــــــــــــــــــ

(وَشَرَوْهُ بِثَمَنٍ بَخْسٍ دَرَاهِمَ مَعْدُودَةٍ وَكَانُواْ فِيهِ مِنَ الزَّاهِدِينَ (20) یوسف/ واتە”

یووسفیان فرۆشت بە چەند پارەیەکی بێ بایەخ و دیاریکراو! زۆر تامەزرۆی نەبوون..!

ــ وانە”

1⃣ دنیا ئاوایە کە حەزرەتی یووسفی تێدا ئەفرۆشرێ..
ـ حەزرەتی نووحی تێدا بە درۆ ئەخرێ..
ـ حەزرەتی ئیبراهیمی تێدا ئەخرێتە ناو ئاگر..
ـ حەزرەتی مووسای تێدا تۆمەتبار ئەکرێ بە جادوو..
ـ سەری حەزرەتی زەکەریای تێدا ئەکرێتە مارەیی بۆ داوێن پیسێک..
ـ حەزرەتی موحەممەدیشی تێدا بەردەباران ئەکرێ..
ــ جا دوای ئەمانە چاوەڕێیت تۆ بخاتە سەر شانەکانی و هەڵتگرێ؟!.

2⃣ ئەم خڕۆکەیە سەرکەشە!
ـ ڕەحمی خوایە ئەم هەسارەی کردووە بە جێی داچەندن نەک شوێنی دروونەوە..
کەواتە شتێک بچێنە سۆزی دڵخۆشت بکا کە ئەوە دەسڕەنجی خۆتە..

3⃣ داوێن پاک لای خەڵکی پڕگرێیە..!
ـ پابەند بە ئایین لای خەڵکی وشکە دینە..!
ـ خەباتکاری ئایینی لای خەڵکەوە تۆقێنەرە…!
ـ خێرخواز بەلای خەڵکەوە ماڵ فیڕۆدەرە…!
ـ هۆگری مزگەوت لای خەڵک ئەوەیە شوێنی‌تری نیە بۆی بچێت…!
ـ خوێنەری قوڕئان بەلای خەڵکەوە تۆمەتبارە، پەندی پێشینیانە؛ ئێمە ئۆممەتی خوێندنەوەین..!
ـ ئەگەر تۆ لە ناو چاویان بێیتەدەر هەزارجار گەورەتری لەوەی ئەوان ببن و تۆ هەر بۆخۆت بیت..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(قُلْنَا لَا تَخَفْ إِنَّكَ أَنتَ الْأَعْلَي (68) طاها/ واتە”
وتمان: مەترسە، بە ڕاستی تۆی سەرکەوتوو…

ـ وانە”

1⃣ بەتاڵ مەیدان بۆخۆی ئەرەخسێنێ، بەڵام ڕاستەقینە شەڕ مسۆگەر ئەکات!
چۆن؟

ـ نەمروود مەجالێکی ڕەخساند، بەڵام ئیبراهیم [س‌خ] شەڕی دەست کەوت!

ـ فیرعەون مەیانی ڕەخساند، بەڵام مووسا [س‌خ] شەڕ یەخەی گرت!

ـ پێغەمبەرمان [س‌خ] لەشەوی ئەموستە چاوا مەککەی بەجێ هێشت، بەڵام لەولاوە بە نوێژی نیوەرۆ گەڕاوە و چووە ناو مەککەی پیرۆز لە هەر چوار دەرگاکەیەوە…

2⃣ بەتاڵ کڵاوت سەر نەکا لەبەر ئەوەی ئەو گۆی مەیانی بەدەستە، هەروەها متمانەشت بە هەق کەم نەبێ، چونکە تا ئێستا شەڕی مسۆگەر نەکردووە!

3⃣ خوای گەورە بەتاڵ سەرئەخا بۆ ئەوەی ڕووتی وەکات.
ـ سەرکەوتنی هەقیش دوا ئەخات چونکە گەرەکیەتی قایمتری بکات!.

ـ یانی هەر کاتێ باتڵ گەیشتە لووتکە ئەو وەختەیە سەرکەوتنی هەق نێزیک بووەتەوە!

4⃣ ڕەوشی خواوەند لە گەردوونا وایە کە هەر شتێ گەیشتە تەواو بوون و کۆتاییەکەی وردەوردە دێتەوە بەرەو دوا..

5⃣ بیرت بێ؛ بە ڕاستی توندترین وەختی شەو تاریکیە، ئەو کاتەیە کە بە چەند خولەکێک پێش بانگی بەیانییە!.
ـــــــــــــــــــــــــــــ

(فَلَمَّا وَضَعَتْهَا قَالَتْ رَبِّ إِنِّي وَضَعْتُهَا أُنثَي وَاللّهُ أَعْلَمُ بِمَا وَضَعَتْ وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالأُنثَي وَإِنِّي سَمَّيْتُهَا مَرْيَمَ وِإِنِّي أُعِيذُهَا بِكَ وَذُرِّيَّتَهَا مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ (36) آل عمران/ واتە”

زەمانێ مناڵەکەی بوو، وتی: پەروەرێنم ئەمن کیژۆڵەم بووە ـ خۆت زاناتری چی بووە ـ نێرینە وەک مێیینە نیە! ئەوا ناومنا مەریەم، خۆی و ئەولادەکانیم پەنادا بە تۆ لە شەیتانی دەرکراو…

وانە”

1⃣ ڕستەکان لەسەر زمانی خێزانی عیمران وتراوە،
ـ ئەو مێیینەی لە دایکبووە سەری باسەکەیە کە حەزرەتی مەریەمەیە [س‌خ]..
ڕووداوەکەش بە کورتی بۆ ئەوەی تێبگەین لێی؛
ئەوەیە کە حەننە خێزانی عیمران درەنگ مناڵی بوو دوای شووکردنی، نەزری کرد ئەگەر بێتوو خوا مناڵی بداتێ بیکاتە خزمەتکاری ـ بیت المقدس ـ و تەرخانی بکات بۆ خواپەرەستی.
ـ باوی ئەو سەردەمە ئەوەبوو ئافرەت گۆشەگیری ئەکرت بۆ خواپەرەستی لە کلیسادا، بەڵام بۆ مەریەمە پێیان خۆشبوو لەبەر پلەوپایەی عیمران لە لایان.
ـ کردیانە کێشە، هەموویان ئەیانویست چاودێری بن، پەنایان بردە بەر پشک خستن.
ـ پشکەکەش ئەبوا تیریان بهاویشتایەتە ناو ئاو، جا هەرکەس تیرەکەی ڕاست ڕاوەستایە شەرەفی چاودێری مەریەمی پێ ئەبڕا..
سێ جار پشکەکەیان هاویشتەوە، هەرسێ ڕاکە تیری حەزرەتی زەکەریا دەرئەچوو، بۆیە ئەو بووە سەرپەرەستی.
ـ زەکەریا ئەبووە مێردی پووری مەریەم. جا ئەوەیە مەبەستی ئایەتەکە بۆمان کە ئەفەرموێ: (وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالأُنثَي)…

1⃣ لای خەڵکی وا باوە ئەم ئایەتە کەمیە بۆ ئافرەتان و بەرزی پلەی پیاوانە بەسەر مێیینەدا بە ڕەهایی!
ـ بەڵام ئەو تێڕوانینە زۆر هەڵەیە..

ـ ئەگەر ئایەکە ئاوا بوایە (ولیس الانثی کالذکر) ئەوسا ئەوەی مانایەی ئەبەخشی کا پیاوان بە گشتی بەڕێزترن لەسەر ئافرەتان.. بەس ئایەتەکە ئاوایە ( و لیس الذکر کالانثی)یە پیتی (کـ) بۆ چواندنە [تشبیە] ئافرەتیش لێچووە [مشبەبه] جا کەویە دەقەکە ئەیهەوێ لێکیان جیا وەکات (تمییز) نەک گەورەیی دابنێ و کەم‌وکوڕی دابنێت..
ـ ئەوەش یانی؛
ئافرەت لە بڕێ بواردا گەورەترە لە پیاوان،
هەروەها پیاوانیش لە هەندێ لایەندا گەورەترە لە ئافرەتان..

ـ ئەم بیروبڕوایە کە پێیوایە پیاوان لە هەموو لایەکەوە گەورەترن لە ئافرەتان هەڵەیە و نەشیاو. تێگەیینی نێرینەییە [ذکوریه] بۆ ئایەتەکە، دەمارگیریێکە بۆ ڕەگەزێک کە هیچ پێوانەیەک نایگرێتەوە..

2⃣ کاتێک خوای گەورە ئاگادارمان ئەکات کە ئافرەت دروستکراوە و لە ئاست پیاواندا جیاوازە، یانی لە سیستمی لەش‌ولار و داڕشتنی دەروونیدا، بۆیە خوای گەورە ئەیهەوێ لێکیان هەڵاوێرێ..

3⃣ هەڵاواردن شکۆیە نەک کەمایەتی.!
ـ جا ئەوانەی خوازیاری یەکسانی ئافرەت و پیاوانن بە ڕەهایی، هەر ئەوانەن سووکایەتی بە ئافرەت ئەکەن هەست بکەن یا نە..

ـ ئەوان بەم بیرۆکەیە شکۆی ئافرەت دێننەخوار، بەوەی کە تاکە جیاوازی ئافرەت نیسبەت بە پیاو بەس زاوزێیەتی و هیچی‌تر!!
ـ گومان لەوەدا نیە حەڵکی یەکسانن لە ڕێز و حورمەتی مرۆڤایەتیدا..

4⃣ ئەوە عادەتی ئیسلام نیە پیاوان ڕاگرێ و پشتیوانیان لێ بکات، بەڵکوو ئافرەت ئافرەتە و پیاویش پیاوە، بەس هەر کامیان هەم پێکهاتەیان جیاوازە هەم ئەرک و کاریان، کە بێتەوە لەگەڵ جەستەیاندا…

ـ وەختێ ئیسلام جیهاد لەسەر ئافرەتان فەرز ناکات لەبەر کەمی و نەتوانینی ئافرەت نیە. ئەوەنیە ئێسلام ئافرەتی بە ناسکی دروستکردووە؟
ــ ئافرەت ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەیە کە ڕێک دێتەوە لەگەڵ نەرم‌ونیانیەکەیدا کە خوای گەورە تایبەتمەندی کردووە بەوانەوە..

ـ ڕەقترین وتە کە بە ئافرەتان ئەوترێ ئەوەیە کە” تۆ وەک پیاوانی!”
ئەویش هەڵئەچێ و شێت و حەیران ئەبێ! ئەوندەی پێناخۆشە.. وانیە، چون پیاو بوونەوەرێکی مەترسی‌دارە..
ـ لەبەر ئەوەی ئافرەت جوانترین شت کە شانازی پێوە ئەکات مێیینە بوونیەتی!
ـ بەڵێ پیاوان وەک ئافرەتان نین!
ـ ئێوەی ئافرەت بەم لێدوانە بەڕێزتر ئەبن نەک نیوەچڵ بن..
ـ ئێوە شیکترن لە پیاوان لە شکڵ دا..
ـ ئێوە نەرم و نیانترن لە سۆزدا..
ـ ئێوە لە ئەویندا ڕاستگۆترن..
ـ ئێوە خۆڕاگرترن لەسەر زەحمەتی ناوماڵ..
ـ بە تواناترن لەسەر کوێرەوەریە کە بەرهەمی پیاوانە..
ـ من ئەتوانم سوێند بخۆم گەر پیاوان زاوزێیان بکردایە لە یەک سک زیاتر نەیان ئەهێشت..!
ـ بەڵام ئافرەتان گەورە و مەزن و بە توانان..

ـ مەرگ ئەبینێ تا مناڵەکەی ئەبێت!!
پاشان غەریزەی دایکایەتی پاڵی پێوە ئەنێت تا جارێ‌تر هێز بدات لە خۆی تاکوو کۆرپەکەی ببێت و ژیان بەم سەیارەیە ببەخشێت..

5⃣ ئێمە لە گل چاکراوین؛ ئیش ئەکەین و زەحمەت ئەکێشین و بەدبەختی ئەچێژین و نەتیجەش ئەگرین، بەڵام ئێوە ـ ئافرەت ـ لە پەراسووی نزیک دڵ چێ کراون..
ـ لەبەر ئەوەیە ئێوە سەرتاپا خۆشەویستین..
ـ ئێوە شێتانە ئاشق ئەبن..
ـ ئافرەت پیاوەکەی بە چاوی یەک دنیا سەیری ئەکات و دنیایەکە لەلای..
بەڵام هەر کام لە ئێمە ئافرەتانی هەموو دنیا بەشمان ناکات..!

6⃣ کەواتە قەت ڕێ نەکەون لەگەڵ ئەو قسەیان کە ئەڵێن: ئێوە یەکسانن شان بە شانی پیاوان! ئێوە شایانن جیاواز بن..!
ـ ئەبێ هەر لەسەر لایەنی نەرم و نیانی و سۆز و ئەوینداری و جوانی وەمێنن بۆ مرۆڤایەتی..

7⃣ ئەم کورەی ئەرزە پیاوی زیاتری ناوێ، یەک پیاوی بەسە، خوێنڕێژانی و تاجران و پاڵەوان و کاریگەران و ئەندازیاران و.. بەسە، بەڵام”
ـ نەبوونی عیشق و ئەوین کەم‌وکووڕیە بۆی
ـ خۆشەویستی بنەمای هێزتانە..
ـ قەت قەت نەهێڵن ئافرەتیەتیتان [انوثتکن] بدزن بە ناوی یەکسانییەوە، بە ئافرەتی وەمێنن و شانازی پێوە بکەن..
ـ هەر بەو ناسک و نازدارییە خۆتان وەهێڵن..

8⃣ جوامێرانە و ئازایانە شەڕکەن وەک پیاوان بۆ بەرگری لە مێیینە بوونتان..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(فَنَادَي فِي الظُّلُمَاتِ أَن لَّا إِلَهَ إِلَّا أَنتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنتُ مِنَ الظَّالِمِينَ (87) انبیاء/ واتە”

حەزرەتی یوونس [دخ] لە ناو جەرگەی تاریکیەکاندا بانگی کرد:
هیچ پەرەستراوێ نیە جگە لە زاتی ئەڵڵا، پاکی و بێ‌عەیبی بۆ تۆ، ئەمن لە ڕیزی ستەمکارانم!.

ــ وانە”

1⃣ بڕیارەکە پەیوەندی بە مۆم و چلچراوە نیە، بەڵکوو هەمیشە پەیواندی بە دڵەکانەوە بووە..
ـ زەرەدی نیە گەر دنیا گشت ڕووناکییەکانی خۆی وەکوژێنێ لە ئاست ڕووی تۆدا، مادام نوور لە دڵی تۆدا ئەدرەوشێتەوە…
ـ هەروا سوودی نیە تەنانەت مانگ و ڕۆژ لەسەر سەرت بوەستن مادام دڵت ڕووناکە..

2⃣ سەیرکە حەزرەتی یوونس [س‌م] لەناو سێ تاریکاییدا بوو!
ـ تاریکی شەو
ـ تاریکی دەریا
ـ تاریکی ناو سکی ماسیەکە..
ئایا ئەمانە زیانیان پێگەیاند؟
ـ جا هەر تاریکیێ لە ناو دڵتا نەبێ سانایە..

3⃣ بڕانە پێغەمبەرێکی ڕەوانەکراو خوای مەزن ئەیپارێزێ لە درۆودەڵەسە، لە فاحیشە و ڕیاکاری،
ـ هەروەها ئەگەر تووڕەبوو تووڕە بوونی بۆ خوایە، ئنجا کاتێ چووە ناو زکی ماسیەکە پاڕاوە لە خوای گەورە و فەرمووی:
(لَّا إِلَهَ إِلَّا أَنتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنتُ مِنَ الظَّالِمِينَ)
بێ تاوانیشە!

اـ چەندە جوانە ئەدەبی یوونس لە خزمەت خوادا!!
ب‌ـ چەندە جوانە پاڕانەوەکەی..!
ـ خۆی نزیک ئەخاتەوە لە خوای گەورە بەو کەمکاریەی لە خۆیدا ئەیبینێ! ئیتر شانازی ناکات بەو خواپەرەستیەی کردوویەتی..
ج‌ـ ئێمەمانان ئەگەر دوو ڕکاتمان کرد ئیتر وا ئەزانین شەش دانگی بەهەشتمان مسۆگەر کردووە بەس مردن ناهێڵێ بچینە ناوی!!.

دـ پشکنینی دڵتان بکان، بزان ئەستێرەیێکی پڕشنگدار بۆ دڵێکی تاریک چ سوودێکی هەیە؟!

4⃣ دایمە لە بیرت بێ؛
هەر تاریکیە لە دەرۆی دڵ بێت کاری ئاسانە..
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(وَقُلْنَا يَا آدَمُ اسْكُنْ أَنتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلاَ مِنْهَا رَغَداً حَيْثُ شِئْتُمَا وَلاَ تَقْرَبَا هَـذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الْظَّالِمِينَ (35) بقرە/ واتە”

وتمان: ئەی ئادەم، خۆت و خێزانت لە بەهەشتدا بسرەون، بیگوزەرێنن چۆنتان ئەوێ لەوێدا بێجگە لەو دارە نەبێت، ئینا ئەچنە ڕیزی ستەمکارانەوە..

ـ وانە”

1⃣ تەنانەت ئەو بەهەشتەی خوای گەورە کردوویەتیە شوێنی ئۆقرە، خاڵی نیە لە ئازموون!
ـ دەی ئەڵێی چی بۆ ئەم دنیایە کە ماڵی ڕێبواریە..
جا سەیری ڕەحمی خواکە تەنیا دارێکی قەدەغە کردووە بەڵام سەرجەم دارەکانی‌تری بۆ مەباح کردووی..
ـ بەڵام کاری شەیتان ئەوەیە قەدەغە کراوەکان لەبەر چاوی خەڵکی شیرین کات..!
لەگەڵ ئەوەشا ئەو دارە لەچاو دارەکانی‌تردا جیاوازی نەبوو، بەڵام ئەرکێکی هەستیار ئەخاتە سەر شانی خەڵکی..
ـ حەزرەتی ئادەم بایی هەوابوو بە مانەوەی هەمیشەیی! ئەوە کاری ئادەم بوو لە بەهەشت‌دا..
ـ خوای گەورە بوەتە زامنی ئەدەم کە برسی و ڕووت‌وقووت نەبێ، نە توونیت بێ و نە گەرما..

2⃣ ئێستا ئەڵێی چی سەبارەت بەم دنیایە کە بووەتە جێی ئەزموون؟
ـ ماڵی کوێرەوەریە؟
ـ ماڵی نەخۆشی و ناخۆشییە!

3⃣ بەسەرهاتەکە کۆنە لە خۆیدا، بەڵام بازنەی حەڵاڵی گەورە کردووە، و دایرەی  حەرامیشی چکۆلە کردووە..
ـ لەملاشەوە شەیتان لەبەرچاوی خەڵکدا ڕێژەی حەڵاڵ تەسک ئەکاتەوە و حەرمیان بەربڵاو پێشان ئەدات..
ـ وەختێ خوای گەورە سوودی (ربا) حەرام کردبێ، زۆر وەسایلی‌تری کاسبی داناوە..

١ـ ئنجا ئیبلیس ئاوڕ ناداتەوە بۆ قنیاتمان کە ئەوە وەسیلەی سانایە بۆ بژیوی، هەرچەند بێ پیتە با زۆریش بێت!.
٢ـ یان کاتێ ئارەقی حەرام کردووە، لەملاشەوە زۆرێکی لە خواردنەوەی‌تری حەڵاڵ کردووە، بەڵام خووی ئیبلیس وایە حەرامەکە ئەڕازێنێتەوە بۆ خەڵکی..
٣ـ یان وەختێ گۆشتی بەراز قەدەغە ئەکات، زۆر گۆشتی‌تریشی زەڵاڵ کردووە، بەڵام ئەوە داڵغەی شەیتانە وات لێ ئەکات کە حەرامەکە بەتامترە!.
٤ـ یان وەختێ داوێن پیسی ناڕەوا کردووە، لەملاوە هاوسەرگیریشی داناوە، بەس شەیتان ماندوو نابێ لە شیرین کردنی لە چاوی خەڵکیدا.

3⃣ جا هەرچەند ئێمە بەزۆرەملێ لە بەهەشت وەدەر نراوین، بزانە ئێمە لە وێستگەی دنیاداین کە دوو شەمەندەفەری تێدایە؛
ـ قەتاری بەهەشت
ـ قەتاری دۆزەخ

👈 جا قەتاری خۆتان هەڵبژێرن..!
ـــــــــــــــــــــــــــــ

(وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ وَهَمَّ بِهَا لَوْلا أَن رَّأَي بُرْهَانَ رَبِّهِ كَذَلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ السُّوءَ وَالْفَحْشَاء إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُخْلَصِينَ (24) یوسف/ واتە”

بە ڕاستی هاوسەری عەزیز نیازی ئەوی کرد و ئەمیش بەپێی غەریزەی نەفس نیازی ئەوی کرد ئەگەر بەڵگەی پەروەرێنی نەدیبایە! ئێمە ویستمان خراپە و فەحشای لێ دوور وەخەین، چون بەڕاستی ئەو ـ یووسف ـ لە بەندە پاکەکانمان بوو..

وانە”

1⃣ ئەم ئایەتە یەکێکە لەو ئایانەی جێی ڕاوێژی زانایانە ئەگەر زۆرینەش نەبن!

ـ لێرەدا تووشی ڕاجیایی دژبەر بوون، هەرچەند یەک دەنگن هەموویان لەسەر ئەوەی حەزرەتی یووسف تووشی خراپە نەبووە، لەسەر وشەی (هم) تووشی گرفت هاتوون!
ـ زۆرینە ئەڵێن:
یووسف ویستی ئیشێک بکات کە تووشی فاحیشە ببێت!! بەڵام کاتێ بەڵگەی خوایی دیت، گەڕاوە و دەستی هەڵگرت.
ـ بەڵگەی خوایی بە بۆچوونی هەردوولا بریتی بوو لە شێوەی باوکی [س‌خ].

2⃣ ئێستا وشەدان ـ لغت ـ سەبارەت بەم دۆسیە چی ئێژێت؟!

اـ لسان العرب: داڵغەی دەروونە، واتە پێش ئەوەی بێتە بوون و ببێتە کار..
ـ ئەوەش مانایەکی باوە لای عەرەب..

ب‌ـ پشت ئەبەستین بە فەرموودەی خۆشەویست بۆ ڕاڤەی وشەی [هم] ئەفەرموێ:
هەر کەس ویستی چاکەیەک بکات و نەیکرد باشەیەکی بۆ ئەنووسرێت..

واتە؛ کەسێک نەفسی چاکەیەکی پێشانداوە و ئەیهەوێ بیکات، کەوابوو هێشتا لە پلەی خەیاڵ دایە نەک کردن! [فعل].
ـ هەروەها لەبەر ئەوەی “کار” کردنە یانی [فعل مفاعلە]یە، پێویستی بە دوو لا هەیە، یەکەم ڕاوێژ ئەکات دووهەم یا ئەیکات یا وێڵی ئەکات!.
ـ جا ئێستا بڕوانە؛ هەممی زولەیخا بۆ یووسف لە بازنەی فیکر دەرچوو بۆ بازنەی کردن، ئەوە ئایەتەکە ئەیسەلمێنێت ( أَنَاْ رَاوَدتُّهُ عَن نَّفْسِهِ)..

3⃣ ئێستا هەممی یووسف چۆنە؟
ـ گەر خودێ بیفەرموایە (وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ وَهَمَّ بِهَا) ئەوجا تەواوی بکردایە و درێژەی نەبوایە، هەردوولا ـ یوسف و زولەیخا ـ یەکسان ئەبوون، بەڵام فەرمووی: (وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ وَهَمَّ بِهَا لَوْلا أَن رَّأَي بُرْهَانَ رَبِّهِ) ئا لێرەدا ئەسپەکەی بەستووەتەوە!

ـ لە ئایەتەکەدا پێش و دوا هەیە کە زۆرێک لێی غافڵن، دارشتنی ڕستەکە ئاوایە [ وَلَقَدْ هَمَّتْ بِهِ، وَ لَوْلا أَن رَّأَي بُرْهَانَ رَبِّهِ لهَمَّ بِهَا]!

ـ پیتی [لولا] بۆ گێڕانەوەی دەرەکییە واتە شتێک هەیە و ئەیگێڕێتەوە.. وەک ئەڵێی:
ئەگەر گرانی نەبوایە پارچەم ئەکڕی، کەوایە نایسێنم.

4⃣ یووسف نەیویست [لم یهم]..
ـ یەکێ ئەپرسێ: بۆچی خوا نەیفەرموو: و لقد همت بی و لم یهم بها؟
ـ ئایا ئاوا ماناکە ڕوونتر نیە و ساناتر نیە؟!

وەڵام” نەخەیر، چون ئەگەر وای بفەرموایە [و لقد همت به و لم یهم بها] ئەوسا نەفی فێعلەکەی ئەکرد بەڵام نەفی هاندەرەکەی نەئەکرد لەسەری! لەوانەشە نەیشی کردبێ چونکە ئەو گرفتارە، یا لەبەر ترسی دەسەڵاتی شووەکەی نەی وێرابێ، یا کتوپڕ لێیان وەژوور کەوێ!
ـ جا ئایەکە هاتووە باسی ویژدانی یووسف ئەکات نەک بۆ هەڵگیرساندنی گوومان و دوودڵی لە دەوری حەزرەتی یووسف [دخ].

ـ دوو”
با وەگەرێینەوە بۆ ناوەڕۆکی ئایەتەکە ( كَذَلِكَ لِنَصْرِفَ عَنْهُ السُّوءَ وَالْفَحْشَاء ) سەیری وردی ڕستەکە بکە؛
خراپەی لێ وەگێڕین! نەک” یووسف لە تاوانەکە وەگێڕین!
یانی گەر یووسف کارێکی بکردایە بۆ خراپەکاری، ئەوە خوای مەزن یووسفی لە خراپەکە ئەگێڕاوە، چونکە ئەو لەسەر لێواری کەوتنە! بەس ساتێ ئەفەرموێ: بە دڵنیاییەوە خراپەمان لێی گێڕاوە مانای وایە خراپە بەدووی یووسفەوەیە نەک پێچەوانەکەی!.

ـ سێ”
خوای گەورە کۆتایی ئایەکە بە تاریفی یووسف تەواو دەکات (إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُخْلَصِينَ (24)
ـ سەیرکە پیتی لام سەری هەیە [ ـلـَ ] جیاوازی نێوان وشەی موخلیسین و موخلەسین گرنگە بۆ ئەوەی تێبگەی چی ڕووی داوە.

ـ (المخلِص) ئەو کەسەیە خواپەرەستیەکەی بەس بۆ خوایە و کەسی نەکردووەتە هاوبەشی. [اسم فاعل] زۆرینەی ئیمانداران ئەگرێتە خۆی کە تاعاتیان زۆرترە لە تاوانیان، بەڵام ئەکرێ گوناح ڕوو بدات لێیان.

ـ (المخلَص) بریتییە لەو کەسەی خوا هەڵیبژاردووە [اسم مفعول] ئەو حەتمەن پارێزراوە، حاڵی سەرجەم پێغەمبەران وایە.
وەختێ خوای گەورە تاریفی حەزرەتی مووسا دەکات چی بۆ یووسف ئەفەرموێ بۆ مووساش ئەوەی فەرمووە: (وَاذْكُرْ فِي الْكِتَابِ مُوسَي إِنَّهُ كَانَ مُخْلَصاً وَكَانَ رَسُولاً نَّبِيّاً (51) مریم.. بە فەتحی لامەکە، یانی هەڵبژێردراو لە لایەن پەروەردگارەوە، واتە پێغەمبەر و پارێزراو [معصوم].
ـ یانی لە هیچ شتێکدا لەگەڵ زولەیخادا یەکسان نین!..

5⃣ کۆتایی دێنین بە ناوەڕۆکی ئایەتەکە”
(وَلَقَدْ رَاوَدتُّهُ عَن نَّفْسِهِ فَاسَتَعْصَمَ) واتە”
من پێم وت کە خۆییم ڕادەستکا بەڵام ئەو خۆی پاراست!.
ـ جا چۆن هەردووکیان هیممەت ئەکەن، بەڵام ئەو خۆی دوور ئەگرێ!؟
ـ گەر رای زۆربەی [مفسرین] ڕاست بوایە کە یووسفیش ویستوویەتی ئنجا دوای بینینی وێنەی باوکی گەڕاوەتەوە، ئەوە یووسف پارێزراو [معصوم] نەئەبوو..
(شەرقاوی)

#بڵۆ (سەعدی مرادی ـ بڵەسەن)

نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا