اندیشهعقاید

حق و مافه‌کانی پێغەمبەر (د.خ) له‌سه‌ر ئوممه‌ته‌که‌ی، به‌شی ٢

درێژەی باسی حەق و مافەکانی پێغەمبەر(د.خ) لەسەر ئوممەتەکەی:

۷- یەکێکی تر لەو حەق و مافانەی خۆشەویست(د.خ) لەسەر ئوممەتەکەی، زیادەڕەوی نەکردنە لەبارەی شەخسییەت و تاریف و مەدحی پێغەمبەردا:

ئەو حەقەش لە گرنگترین و گەورەترینی مافه‌کانێتی.

ئەنەسی کوڕی مالیک دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «أَنَّ رَجُلًا قَالَ لِلنَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: يَا سَيِّدَنَا وَابْنَ سَيِّدِنَا، وَيَا خَيْرَنَا وَابْنَ خَيْرِنَا. فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: ” يَا أَيُّهَا النَّاسُ، قُولُوا بِقَوْلِكُمْ، وَلَا يَسْتَهْوِيَنَّكُمُ الشَّيْطَانُ، أَنَا مُحَمَّدُ بْنُ عَبْدِ اللَّهِ وَرَسُولُ اللَّهِ، وَاللَّهِ مَا أُحِبُّ أَنْ تَرْفَعُونِي فَوْقَ مَا رَفَعَنِي اللَّهُ”» [مسند أحمد (12551, 13596) النسائی فی سنن الكبری و صححه الٲلبانی]

دەڵێت: کابرایەک هاتە لای پێغەمبەر(د.خ) و گوتی: ئەی موحەممەد، ئەی سەروەری ئێمە، ئەی کوڕی سەروەری ئێمە، ئەی باشترین کەسمان، ئەی کوڕی باشترینی ئێمە.
پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) فەرمووی: «ئەی خەڵکینە، هەروەک جاران بانگم بکەن، شەیتان فریوتان نەدا و هەڵتان نەخەڵەتێنێ، ئەمن موحەممەدی کوڕی عه‌بدوڵڵام، عەبدی خودا و نێردراوی ئەوم، سوێند بە خودا پێم خۆش نییە و ڕازیش نیم بەرزم کەنەوە لە ئاستی خۆم، لەو ئاستەی کە خودای گەورە پێی بەخشیوم.»

هەروەها خۆشەویست دەفەرموێت:

«لَا تُطْرُونِي كَمَا أَطْرَتِ النَّصَارَى ابْنَ مَرْيَمَ، فَإِنَّمَا أَنَا عَبْدُهُ، فَقُولُوا: عَبْدُ اللَّهِ وَرَسُولُهُ» [صحيح البخاري (6830) سنن الدارمي (2826) مسند أحمد (154, 164, 331, 391 )]

“زیادەڕەوی مەکەن لە تاریف و هڵکێشان و پێهه‌ڵگوتندا، هەروەک چۆن گاورەکان لەبارەی عیسای کوڕی مەریەم زیادەڕەوییان کرد (واته کردیان بە خودا). بە بێگومان ئەمن عەبد و بەندەی خودام، هەر بۆیە پێم بڵێن: عەبدی خودا و نێردراوی خودا.”

چەند نموونەیەک لە زیادەڕەی کردن لەشەخسییەت و کەسایەتی پێغەمبەر(د.خ):

۱- باوەڕ بەوەی پێغەمبەر(د.خ) لە ڕه‌گه‌زی بەشەر نییه‌!
ئەوەش وەدرۆ خستنەوەی ئاشکرای کەلامی خودای گەورەیە که دەفەرموێت:

«قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ يُوحَى إِلَيَّ…» [فصلت/٦]

“ئەی موحەممەد پێیان بڵێ: دڵنیا بن کە من بەشەرێکم وەک ئێوە، (ته‌نیا جیاوازیم ئەوەیە) من وەحی و نیگام بۆ دەکرێ.»

۲- باوەڕ بەوەی پێغەمبەر(د.خ) یەکەم دروستکراوی خودایە!

ئەوەش قسەیێکی بەتاڵ و بێ بنەمایە و هیچ ئەسڵێکی بۆ نییە، چونکە قوڕئان بە ئاشکرا دەفەرموێت: یەکەم دروستکراو لە بەشەردا، ئادەمە(سه‌لامی خوای لێ بێت). ئەوەش یەکدەنگی و کۆی موسوڵمانانی لەسەرە. خودای گەورەش دەفەرموێت:

«إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَراً مِن طِينٍ» [ص/۷۱]

“ئەو کاتەی پەروەردگارت گوتی: من دەمەوێ بەشەرێک، لە قوڕ دروست بکەم.”

۳- باوەڕ بەوەی پێغەمبەر(سڵاوی خودای له‌سه‌ر بێ) لە نوور دروست بووە.

بە بێگومانی ئەوەی لە نوور دروست کراوە، تەنها مەلائیکەیە و بەس. پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت:

«خُلِقَتِ الْمَلَائِكَةُ مِنْ نُورٍ» [مسلم(۲۹۹٦)، مسند أحمد (25194, 25354)]

“فریشتە و مەلائیکە لە نوور خوڵقێندراون.”

بەڵام کە قوڕئان پێغەمبەر(د.خ) بە نوور وەسف دەکا، بەو ئیعتیبارەیە کە وەحی بۆلا هاتووە لە قوڕئان و سوننەت، نەک ئەوەی لە زاتیدا نوور بێ و لە نوور دروست کرابێ.

جا هەرکەس باوەڕی وابێ کە پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) لە نوور دروست کراوە، ئەوە قسەیێکی بە دەم خوداوە هەڵبەستووە کە ئەو زاتە پیرۆزە نەیفەرمووە.

٤- باوەڕ بەوەی پێغەمبەران و باقی مەخلوقات، لە نووری پێغەمبەر(د.خ) دروست کراون. ئەوەش قسەیێکی بەتاڵ و بێ بناغەیە. خودا دەفەرموێت:

«قَالَتْ لَهُمْ رُسُلُهُمْ إِن نَّحْنُ إِلاَّ بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ وَلَكِنَّ اللّهَ يَمُنُّ عَلَى مَن يَشَاءُ مِنْ عِبَادِهِ…»

پێغەمبەرانیان پێیان گوتن: ئێمە تەنها بەشەرێکین وەکوو ئێوە و هیچی تر، بەڵام خودا ویستی هەر کەسێک بێ لە بەندەکانی، خۆی منەت دەخاتە سەری (هەڵیاندەبژێرێ بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزی).

۵- باوەڕ بەوەی خودای گەورە، مەخلوقات و بەهەشت و دۆزەخی لەبەر خاتری پێغەمبەر(د.خ) دروست کردووە.

ئەوەش ناڕاستە و خودا مەخلوقاتی بۆ بەندایەتی خۆی به‌دی هێناوه‌. وەک دەفەرموێت:

«وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ» [الذاریات/٥٦]

“بێگومان من پەری و ئادەمیزادم دروست نەکردووە تەنها بۆ ئەوە نەبێ کە من بپەرەستن و فەرمانبەردارم بن.”

٦- یان ئەوەی دەڵێن: پێغەمبەر(د.خ) سێبەری نییە و مێشیش لەسەر جەستەی نانیشێ.

شێخ محه‌ممه‌د ساڵحی کوڕی عه‌سیمین(ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) لەو بارەیەوە دەفەرموێت: هەر کەس بڵێ پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ) سێبەری نییه‌، یان نووری پێغەمبەر کاتێک بە بەر خۆردا بڕوا، سێبەرەکەی دەکووژێنێتەوە، هەموو ئەو قسانە درۆ و بەتاڵ و بێ بنەمان.

چەند نموونەیەک لە زیادەڕەوی کردن لە مەدح و تاریف و وەسفی پێغەمبەر(د.خ):

۱- کەسانێک ئیددیعا دەکەن کە پێغەمبەر(د.خ) غەیب و شتە نادیارەکان دەزانێت.

خودای گەورە دەفەرموێت:

«وَلَوْ كُنتُ أَعْلَمُ الْغَيْبَ لاَسْتَكْثَرْتُ مِنَ الْخَيْرِ وَمَا مَسَّنِيَ السُّوءُ…» [الاعراف/۱٦٦]

“خۆ ئەگەر غەیب و شاراوەکانم بزانیایە، ئەوە چاکەی زۆرم کۆ دەکردەوە بۆ خۆم و هیچ ناخۆشییەکیشم تووش نەدەبوو.”

۲- کەسانێک دەڵێن: پێغەمبەر(د.خ) دوای مەرگی نەفع و قازانج دەگەیەنێ و دەتوانێ زەرەریش دوورخاتەوە.

بە پێچەوانەوە خودای گەورە دەفەرموێت:

«قُلْ إِنِّي لَا أَمْلِكُ لَكُمْ ضَرّاً وَلَا رَشَداً» [الجن/۲۱]

“هەروەها پێیان بڵێ: من هیچ جۆرە زەرەر و زیانێکم بەدەست نییە، هەروەها هیدایەتیش بە دەست من نییە. (ئەگەر خۆتان بیرنەکەنەوە، قەناعەت بەزۆر نییە).»

۳- سوێند خواردن بە پێغەمبەر(د.خ)، ئەویش قەدەغەیە.

خۆشەویست دەفەرموێت:

«مَنْ كَانَ حَالِفًا فَلْيَحْلِفْ بِاللَّهِ أَوْ لِيَصْمُتْ»
[صحيح البخاري (3836, 6108, 6646, 7401) صحيح مسلم (1646) سنن الترمذي (1534) سنن النسائي (3764)]

“هەرکەس سوێند دەخوا با بە اللە سوێند بخوا، دەنا با بێدەنگ بێ.”

۸- یەکێکی تر لە مافەکانی پێغەمبەر(د.خ) لەسەر ئوممەتەکەی، ئەوەیە کە پێغەمبەرمان لە دایک و باب و ماڵ و منداڵمان خۆشتر بوێ.

وەک حەزرەت بۆ خۆی لەو بارەیەوە دەفەرموێت:

«لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى أَكُونَ أَحَبَّ إِلَيْهِ مِنْ وَالِدِهِ وَوَلَدِهِ، وَالنَّاسِ أَجْمَعِينَ.» [البخاری(15)، صحيح مسلم (44) سنن النسائي (5013, 5014) سنن ابن ماجه (67)]

“هیچ کام لە ئێوە ئیمانی کامڵ نابێت، مەگەر ئەوەی من لەکن وی، لە دایک و باب و منداڵەکان و هەموو کەسی خۆشەویستر نەبم.”

۹- ڕێزگرتن و بە گەورەدانانی پێغەمبەر(سڵاوی خودای له‌سه‌ر بێ):

خودای گەورە دەفەرموێت:

«فَالَّذِينَ آمَنُواْ بِهِ وَعَزَّرُوهُ وَنَصَرُوهُ وَاتَّبَعُواْ النُّورَ الَّذِيَ أُنزِلَ مَعَهُ أُوْلَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ» [الاعراف/۱٥۷]

“جا ئەوانەی باوەڕیان پێ هێناوە و ڕێزیان لێ گرتووە و پشتگیریان لێ کردووە و شوێنی ئەو نوورە کەوتوون (کە قوڕئانە) کە هاوڕێ لەگەڵیدا ڕه‌وانە کراوە، هەر ئەوانە سەرفەراز و ڕزگاربوون.”

۱۰- شوێنکەوتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پێغەمبەر(د.خ) یان ئیقتیدا بە خۆشەویست چ لە ڕووی ڕواڵەت و چ لە ڕووی نێوەڕۆکەوە و ئەنجام نەدانی داهێنراوەکان لە دیندا.

خودا دەفەرموێت:

«لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيراً» [الاحزاب/۲۱]

“سوێند بە خودا بە ڕاستی لە پێغەمبەری خودادا چاکترین نموونە و سەرمەشقی تەواو ڕێکوپێک هەیە تا شوێنی بکەون، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی ڕەزامەندی خودایان مەبەستە و سەرفەرازی قیامەت ئاواتیانە، هەمیشە و بەردەوامیش یادی خودا بە زۆری ئەنجام دەدەن و زمانیان پاراوە بە یادی ئەو.”

ئەو بڕگەیەش بریتین له‌ دوو بەش:

۱- گوێڕایەڵی و پەیڕەوی لە پێغەمبەر(د.خ) لەو شتانەی کە فەرمانی پێ کردووین بە ئەنجامدانی. وەک دەفەرموێت:

«…وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ» [نور/٥٦]

“و فەرمانبەرداری پێغەمبەریش بکەن بەڵکوو ڕەحمتان پێ بکرێت”

۲- دووری لەو شتانەی کە ڕەسوڵ(د.خ) نەهی لێ کردوویین. وەک دەفەرموێت:

«… وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا…» [الحشر/۷]

“جا ئەوەی پێغەمبەر(د.خ) پێی بەخشیون وەری بگرن، هەر فەرمانێکی پێدان بە گوێی بکەن و قەدەغەی هەر شتێکی لێ کردن، مەیکەن.”

۱۱- دووری کردن لە درۆ بە دمەوەکردنی پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ).

وەک دەفەرموێت:

«مَنْ كَذَبَ عَلَيَّ مُتَعَمِّدًا؛ فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنَ النَّارِ» [مسلم(3)، صحيح البخاري (110, 6197) سنن ابن ماجه (34 )]

“هەر کەس بە عەمدی درۆ هەڵبەستێ بە دەم منەوە، با جێگای خۆی خۆش کا لە ئاوری دۆزەخدا.”

ئەو حەدیسە په‌یتاپه‌یتایه‌ و زیاتر لە شەست سەحابە گێڕاویانەتەوە. [مبانی حدیث شناسی/مترجم: محمد عبدالطیف]

۱۲- خۆشویستنی ئال و بەیت و بنەماڵە و خێزانەکانی پێغەمبەر(د.خ) و ڕێزگرتنیان بێ تێپەڕاندنی سنوور غ و زیادەڕەوی.

خۆشەویست دەفەرموێت:

«أُذَكِّرُكُمُ اللَّهَ فِي أَهْلِ بَيْتِي…» [مسلم (2408)، سنن الترمذي (3788) سنن الدارمي (3359) مسند أحمد (19265, 19313)]

“ئاگادارتان دەکەمەوە لەبارەی بنەماڵە و خێزانەکانم”

۱۳- ڕێزلێگرتنی سەحابە و یارانی پێغەمبەر(د.خ) و بەگەورە دانانیان و باوەڕ بە گەورەیی پلە و پایەی ئەوان و دیفاع و بەرگری لێکردنیان.

وەک پێغەمبەر دەفەرموێت:

«لَا تَسُبُّوا أَصْحَابِي ؛ فَلَوْ أَنَّ أَحَدَكُمْ أَنْفَقَ مِثْلَ أُحُدٍ ذَهَبًا، مَا بَلَغَ مُدَّ أَحَدِهِمْ، وَلَا نَصِيفَهُ» [البخاری(3673)، صحيح مسلم (2541) سنن أبی داود (4658)
سنن الترمذی (3861)]

“جنێو و قسەی ناڕەوا بە یارانی من مەڵێن، سوێند بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە، ئەگەر یەکێک لە ئێوە بە ئەندازەی کێوی ئۆحۆد زێڕ لە ڕێگای خودا دا ببەخشێت، ناگاتە هێندەی مستێکی یارانم یان نێوەی مستێکی ئەوان.”

ئیمامی ئەحمەد دەفەرموێت:

“هەرکەس قسەی ناشایست و تانه‌ و ته‌شه‌ر بە یارانی پێغەمبەر(د.خ) بڵێ، ئەوە ئەو کەسە بیدعەچییە.
« باشترین مرۆڤه‌کان دوای پێغەمبەر(د.خ) یارانی ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ن.» (وه‌رگێڕ: اسحاق بن عبدالله العوضی)

۱٤- به پێویست زانینی حوکم کردن بە سوننەتی پێغەمبەر و ڕازی بوون بە فەرمان و حوکمی لە تەنگانە و فەرعانەدا.

خودای تاقانە دەفەرموێت:

«فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ يُؤْمِنُونَ حَتَّىَ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لاَ يَجِدُواْ فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجاً مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسْلِيماً» [النساء/٦٥]
“نەخێر سوێند بە پەروەردگارت، بڕوا و ئیمان ناهێنن هەتا لەهەموو کێشەیەکدا کە ڕوودەدا لە نێوانیاندا تۆ نەکەن بە دادوەر و گوێڕایەڵی تۆ نەکەن، دوای ئەوەش نابێ لە دڵ و دەروونیاندا هیچ ناڕەزاییەک دروست ببێ بەرامبەر ئەوەی کە داوەریت لەسەر کردووە و دەبێ بە تەواویی تەسلیم بن.”

قازانجەکانی هەستان بە ئەنجامدانی حەق و مافەکانی پێغەمبەر(سڵاوی خودای لەسەر بێ):

– دەبێتە هۆی گەیشتن بە هیدایەت و ڕێنمویی وەرگرتنی ئینسان. خودا دەفەرموێت:

«وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ» [اعراف/۱٥۸]

“و ئێوەش شوێنی بکەون، بۆ ئەوەی ڕێنمویی وەرگرن.”

– هۆیەکە بۆ بەدەستهێنانی خۆشەویستی و مەحەببەتی خودای گەورە. وەک دەفەرموێت:

«فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللّهُ» [آل عمران/۳۱]

“ئەی پێغەمبەر بە ئیمانداران بڵێ: دە شوێنی من بکەون و لە فەرمانی من دەرمەچن، ئەو کاتە خوداش ئێوەی خۆش دەوێت.”

– هۆکارێکە بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن و ڕزگاری عەبد و بەندەی خودا لە دنیا و دواڕۆژدا.

– دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی شیرنایی ئیمان و پتەوبوونی قەلب و دڵ و دەروون و خۆشبەختی ئینسان.

– هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە هاوڕێیی و ڕەفاقەتی پێغەمبەر(د.خ) لە بەهەشتدا.

التربیةالاسلامیه: شیخ محمد صالح المنجد
وەرگێڕان بە هێندێ گۆڕانکارییه‌وە: یونس سلیمان زادە
**********

از طريق
یونس سلیمان زاده
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده‌

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا