اندیشهعقایدمناسبت ها

جەژنـــی نەورۆزی ٢٧٢١ سەری ساڵی کوردی و چەن وتەیەک!

نوروز

پێشـەکی…

???? یاد و بۆنە نیشتمانیەکان

بەپێی ئەوەی کە مێژووی کورد پڕیەتی لە هەوراز و نشێو ـ بەرزی و نزمی ـ خۆشی و ناخۆشی، و بەپێی ئەوەی لە سەدەی تازەدا و دوای بە عەلمانی بوونی ناوچەکە (وڵاتی کوردستان) ڕژێمە عەلمانیەکان بەردەوام لە دژایەتی کردنی گەلی کوردا بوون، لە بەرابەریش‌دا گەلی کورد بەردەوام لە شۆڕش‌دا بوون بۆ ڕوبەڕوبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی هێرشە ستەمکاریەکانی دوژمنان، بەم بۆنەیەشەوە چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر پێشهاتوە کە بڕێکیان ناوچەیین نەک نیشتمانی. جا ئەوەی مۆرکی نیشتمانی وەرگرتووە بریتیە لە جەژنی نەورۆز.

???? ناوەڕۆکـی باسەکە

ـ نەورۆز وشەیێکی کوردیە بە واتای ڕۆژێکی نوێ. ساڵانە گەلە ئاری نژادەکان کە بریتین لە کورد و فارس و… یادی نەورۆز دەکەنەوە، پۆشاکی جوان لەبەر ئەکەن و ئاهەنگ ئەگێڕن. لە ئێوارەی یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ کوردان ئاگر دەکەنەوە کە ڕەمزە بۆ سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگەر و کوردان بەسەر جەور و ستەمدا. لە ناو کوردا ڕۆژی نەورۆز وەکو جەژنی نیشتمانی و سەری ساڵ سەیر دەکرێت.

???? مێژووی سەرهەڵدانی نەورۆز

مێژوو نووسان ڕای جیاوازیان سەبارەت بە سەرەتای سەرهەڵدانی نەورۆز هەیە:

١ـ بەشێکیان دەڵێن: مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش زایین و سەردەمی مادەکان.
٢ـ چینێکی‌تر ئەڵێن: دەگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی پێغەمبەر ئیبڕاهیم بە بەڵگەی ئەوەی کە لە سەردەمی هاتنی ئیبڕاهیم پێغەمبەردا خەڵکی یادی نەورۆزیان ئەکردەوە و پێشوازیان ئەکرد لە هاتنی بەهار. هەر لەو ڕۆژەیا بوو ئیبڕاهیم بتەکانی شکاند.
٣ـ تاقمێ‌تر مێژووەکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی ئیبڕاهیم پێغەمبەر واتە پێش ئەو نەبووە. ئەم ڕای سێهەمە و بەڵگەی بەهێزی هەیە”
✔️ـ زوحاک لەسەردەمی پێغەمبەر ئیبڕاهیم بووە، ئیبنوکەسیر لە بیدایە ونیهایە‌دا ئەڵێ: ئەو پاشا ستەمکارەی میسر کە دژی ئیبڕاهیم وەستابوو برای زووحاکی ستەمکار بووە.

✔️ـ کاوەی ئاسنگەریش هەر لەسەردەمی ئیبڕاهیم بووە. ئالووسی لە تەفسیرەکەیدا دەڵێ: کاوە سەر لەشکری سپای زوولقەڕنەین بووە.
ـ ئەزڕەقی و چەن زانایێکی‌تر ئەڵێن: دوای ئەوەی کە باوک و کوڕ ماڵی خوایان چاکرد زولقەڕنەین سەردانی کردوون و تەوافیان کردووە و بڕوای پێهێناوە و شوێنی کەوتووە.
✔️ مادام هەردوو کارەکتەری سەرەکی لە سەردەمی زێڕینی پێغەمبەر ئیبڕاهیما بوون دەرەکەوێ نەورۆزیش بووە.
ـ جا نەورۆز لەو کاتەوە لە زۆربەی سەردەمەکانا ساڵانە یادی کراوە، بەتایبەت لەسەردەمی ساسانیەکان نەورۆز گوڕ وتینێکی زیاتری بە خۆوە دیوە. هێندێک گۆڕانکاریش لە داب و نەریت و شێوازی یادکردنەوەکەیدا بەدی کراوە! هێندێ کاری سیاسی و ستەمی تێکەڵ کرا وەک وەرگرتنی باجی تایبەت لە وەرزێڕ و جووتیاران.
ـ لە دوای هاتنی ئیسلامیش چەندین بەرزی و نزمی بە خۆوە بینی”

???? لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی لە سەردەمی پێشەوا عومەر بە فەرمی ڕێگری لێکرا! چونکە ئەوکات وەک دروشمێکی ئاگرپەرەستی سەیری دەکرا.

???? پاشان لەسەردەمی پێشەوا عەلی چونکە هۆکارەکە نەما خودی خۆی ڕێگەی‌دا بەوەی کە یادی نەورۆز بکرێتەوە، پیرۆزبایی لە یەکتری بکرێ، شیرینی دابەش بکرێ بەڵام ڕێگەی نەدا بە ئاهەنگ گێڕان.
????پاشان لەسەردەمی ئەمەویەکان بە ڕەسمی ڕێگەدرا بە یاد کردنەوەی هەتا سەردەمی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز فەرمووی:
ـ مادام جێنشینە ڕاشیدەکان ڕێگایان بەم یادە نەداوە منیش ڕێگەی پێنادەم.

????پاشان دوای هاتنی عەبباسیەکان سەرۆکەکانیان زۆر گرنگیان پێداوە، شاعیر و ئەدیبەکانیش کەوتنە نووسین لەسەر مێژوو و ڕووداوەکانی نەورۆز.

????پیرەمێردی شاعیر ئەڵێ:
بۆ یەکەم جار لە ژیانما لە ئەستەمبوڵ جەژنی نەورۆزم دی! ئەم ڕۆژە بە جەژنێکی پیرۆز نرخێندرا، هەموو ساڵێک لە نۆی مارس‌دا کاربەدەستان تێکڕا دەستە دەستە و پۆل پۆل دەهاتنە کۆشکی سەرۆک کۆمار بۆ پیرۆزبایی کردن لە سوڵتان شەربەتیان دەخواردەوە، لە گشت منارەکانی مزگەوتان مۆم و قوتیلەنیا (چرای نەوت) دادەگیرسا.

???? ئایا کاوە باوەڕدار بووە یان بێ باوەڕ؟

✔️ـ زۆر جار عەلمانیەکانی کوردستان و تەنانەت بڕێ لەوانەی توند ئاژۆن و بێ ئاگان لە مێژوو و یا مێژووی قین لە دڵانیان خێندوتەوە بە ناوی دینەوە ئەدوێن! بەڵگە دێننەوە لەسەر بێ باوەڕی و ئاگر پەرەستی کاوەی ئاسنگەر بەوەی کە دوای سەرکەوتنی بەسەر زوحاکدا ئاگری کردوەتەوە، بەڵام ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە و تەواو پێچەوانەی مێژووی گەورەیی و بەربڵاوی یادی نەورۆزە.
✔️ـ پێشەوا مەحموودی ئالووسی کە گەورە ڕاڤەکاری قورئانە و کوردە لە شرۆڤەی ئایەی (وَيَسْأَلُونَكَ عَن ذِي الْقَرْنَيْنِ…) ئەڵێ:
نووسان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە زولقەڕنەین بۆخۆی ڕۆژاواو ڕۆژهەڵات نەگەڕاوە بەڵکوو کاوەی ئیسفەهانی ئاسنگەر ئەو وڵاتانەی بۆ ملکەچ کردوون ئینجا ئەو چووەتە ئەوێ. کاوەی هێشتەوە بەسەر شەڕوانەکانیا تا مردن.

????تێبینی:
لەبەر ئەوەی کاوە لە شاری ئیسفەهان ژیانی کرووە بڕێک پێیان وایە کاوە فارس بووە و زووحاک کورد بووە!
بەڵام زۆرینەی مێژوو نووسان و توێژەران پاڵپشتی ئەم ڕایە ناکەن.
✔️ـ زولقەرنەین یەکێ لەو پاشا موسڵمانانەیە کە وەک سلێمان پێغەمبەر حوکمی هەموو دنیای کردووە (إِنَّا مَكَّنَّا لَهُ فِي الْأَرْضِ وَآتَيْنَاهُ مِن كُلِّ شَيْءٍ سَبَباً) پێشەوا عەلی ئەڵێ: زولقەرنەین بەندەیێکی چاکی خودا بوو خەڵکی بانگ ئەکرد بۆلای خوای مەزن.
✔️ـ جا لە ئەقڵ و لۆژیکەوە دوورە ئەگەر زولقەرنەین لە نێو ئەو هەموو باوەڕدارانەدا کاوەیێکی ئاگر پەرەست بکات بە سەرلەشکری سپاکەی و هەتا مردنیش بیهێڵێتەوە. بەڵکوو ڕاستیەکەی ئەوەیە کا کاوە باوەڕدار بووە بە خوای گەورە و شوێن کەوتەی زولقەرنەین بووە. کەواتە هەردوکیان لەسەر ئایینی ئیبڕاهیم بوون.

???? ئایا ئاگر نیشانەی ئاور پەرەستیە؟

✔️ـ وڵام” هەرچی ئاگری کردوەتەوە و لە ناو کۆشکی زووحاکا بووە ئەوە ئاماژە بۆ پەرەستن و ڕەهەندێکی دینی نییە. بەڵکو ئاگر کردنەوەکەی نیشانەی سەرکەوتن بووە، ئاگادار کردنەوەی دەورووبەری لەو سەرکەوتنە کە ڕەهەندێکی سیاسی بووە. لەسەر ئەمەش بێگانەکانیش شاهیدیمان بۆ ئەیەن بۆ نموونە د، کۆنتەر وشنەر لە کتێبی نەوەکانی سەلاحەدینا ئەڵێت:
✔️ـ ئاگر کردنەوە لە لای کوردان بەس ڕەهەندێکی ڕامیاری هەیە. وە ئاماژەیێکی ڕوونی کوردە بۆ حەزکردن لە دەرخستنی خۆیان و گەلێکی سەربەخۆ.
✔️ـ ئەشکرێ بڵێین: جگە لەم ڕەهەندە ڕامیاریە ئاگر کردنەوەکەی دەربڕینی ڕق و قینی خۆی و گەلە ستەمدیدەکەی بووبێت کە بە سووتانی کۆشکی زوحاکەکان دایمرکاندبێتەوە. ئەگینا جەژنی نەورۆز زۆر لە جەژنی ئاگر پەرەستان گەورەترە.
✔️ـ زۆریش پێئەچێت کە نەورۆز پەیوەندی بە ڕووداوێکی ئایینی یەکێک لە پێغەمبەران هەبووبێت کە ئەوکات هەموو گەلی ئارییەکان یەک دەوڵەتیان هەبووە و جەژنەکە هەموویان پێی هەستابن ئەوندە بڵێسەی تیژڕەو بووە نەک نەژادەکان بەڵکو سامیەکانیشی هێناوەتە سەما و جوڵە ئەوانیش لە بەهارا ئاهەنگ ئەگێڕن.
✔️ـ بەڵگەیێ‌تر ئەوەیە نەورۆز جەژنی کافر و ئاگر پەرەستان نەبووە چونکە گەلەکەی ئیبڕاهیم پێغەمبەر د.خ یادی نەورۆزیان کردوەتەوە کە لە حاڵێکا بتیان پەرەستووە نەک ئاگر، کەواتە ئێستا بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە جەژنی نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی ئاری نەژادەکانە. لەسەر دەستی کاوەی باوەڕدار سەری هەڵداوە. پاشان گەلە ئاری نژادەکان بە باوەڕدار و بت پەرەست و ئاگر پەرەستەوە یادیان کردوەتەوە.

????چەن جیاوازیێکی ئاگری نەورۆز لەگەڵ ئاوری ئاگر پەرەستان”
✔️ـ ئاگری ئاگرپەرەستان چوار وەرزەی ساڵ داگیرساوە و بۆ چرکەیێکیش ناکوژێتەوە چون ئەوان بە خوای دەزانن! خواش ناکرێ نەمێنێ، بەڵام ئاوری نەورۆز ساڵی جارێکە.
✔️ـ ئاورەکەیان خزمەتکاری تایبەتی بووە و نەیهێشتووە وەکوژێت. بەو خزمەتکارانەش وتراوە (الهرابذة) بەڵام ئاوری نەورۆز وانیە.
✔️ـ ئاوری ئەوان لە ناو پەرستگا و شوێنی تایبەتا بووە (آتشکده)، بەڵام ئاوری نەورۆز لەسەر بەرزاییەکان ەکرێتەوە بە زۆری.
✔️ـ ئەوان ڕێزیان لێ دەگرت بە سوجدە و ڕکووع بردن و لەبەرابەریدا ئەوەستان، بەڵام کوردەکان هیچ کات ئەوەیان نەکردووە. کەواتە” بۆمان دەرکەوت کە نەورۆز و ئاگری نەورۆز نە دوور نە نزیک پەیوەندی بە ئاگری پەرەستیەوە نیە، وە ئاوری نەورۆز بەڵگەش نیە لەسەر ئاگرپەرەستیەتی گەلی کورد، بەڵکو ئاگر کردنەوە لە نەوڕۆزا دروشمی سەرکەوتنە بەسەر ستەمکاریدا.

???? حوکمی شەرعی یادکردنەوەی نەورۆز

????ـ بەشێک لە مێژوو نووسان نەورۆز و ڕووداوەکانی وەک ئەفسانە دەبینن وای بۆ ئەچن کە نەورۆز و هەژدیها و خواردنی مۆخی گەنجی کورد و…هتد، هەمووی هەر ئەفسانە و دوورن لە ڕاستییەوە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە ڕووداوەکانی ڕاست بن یانە ئەوە یادکردنەوەی نەورۆز ڕاستیە و لەبەر دەستایە. لە کۆنەوە شاعیران و ئەدیبان خۆیان لە گەڵی خەریک کردووە شێعر و شانامەیان بۆ نووسیوە جا مادام وایە پێویستە فتوا و بۆچوونی زانایان بزانین سەبارەت بەم یاد کردنەوە.

???? سەرەتا پێویستە بزانین زانایان دوو بۆچوونیان هەیە”

✔️ـ بەشێکیان بە یەکجاری قەدەغەی دەکەن وەک حەزرەتی عومەر و عەبدوڵڵای کوڕی و حەزرەتی عەلی، چونکە لەسەردەمی حەزرەتی عومەردا مەترسی ئاگر پەرەستی لێ دەکرا و ڕیشەی دین لە ناخی خەڵکا جێگیر نەببوو بۆیە قەدەغەی کردووە.
حەزرەتی عەلیش ڕێگەی بە ئاهەنگی ئاگرکردنەوە نەدا، ئەگینا وەک ڕێوڕەسم بە ڕەسمی ناساندی ئابەم جۆرە.
✔️ـ محەممەدی کوڕی سیرین ئەڵێ:
شیرینی نەورۆزیان بۆ پێشەوا عەلی هێنا، فەرمووی: ئەوە بە بۆنەی چییەوەیە؟! وتیان: ئەمڕۆ نەورۆزە، فەرمووی: فاصنعوا كل یوم فیروزاً،، یانی هەموو ڕۆژێ فەیروز سازکەن! جا بۆیە فەرمووی فەیروز لە جیاتی نەورۆز چونکە پێی خۆش نەبوو ناوی نەورۆز بهێنێ بەڵام شیرینیەکەی خوارد. لە ڕیواتێکی‌ترا ئەڵێ: فالوودەیان بۆ هێنا فەرمووی: خۆشە، پیرۆز بێ.

وەک وتمان لەبەر پەرەستن ئەوسا زۆر گرنگیان پێ نەداوە ئەگینا بە حەرامی بزانیبایە شیرینیەکەشی نەدەخوارد.

واتە ئەوە توندخوو نەبوو وەک هی ئەم سەردەمە کە؟نەورۆزانە بە حەرام بزانێ.
٢ـ ڕای دووهەم بە کارێکی ڕەوای ئەزانن، ئەوەش ڕای بەشێک لە زانایان و مامۆستایانی کوردە وەک شێخ محەممەدی خاڵ و شێخ محەممەدی قەرەداغی و مەلا عەبدوڵڵای چڕوستانی و… فتوای لیژنەی باڵای کوردستان. لە ٢٠١٣ دا لیژنەی باڵای کوردستان بە پشت بەستن بە چەن بەڵگەیێک فتوای دروستی یادکردنەوەی نەورۆزیان‌دا بەڵگەکان کە ئەمانەن:
1⃣ نەورۆز جەژنێکی نەتەوەی گەلی کوردە و دروشمی سەرکەوتنە و هیچ پەیوەندیێکی بە ئایینەوە نییە، یاسایێکی فیقهی هەیە ئەڵێ: (الاصل فی الاشیاء الاباحة) واتا” بنەڕەتی هەموو شتێ ڕێپێدان و دروستبوونە مادام دەقێکی وەها نەبێت قەدەغەی بکات.

2⃣ پێغەمبەرگیان فەرموویەتی:( لكل قوم عید و هذا عیدنا) واتا” هەموو گەلێک جەژنێکی تایبەت بە خۆی هەیە (جەژنی نەتەوایەتی یا ئایینی) ئەوەش (ڕەمەزان و قوربان) جەژنی ئێمەیە، ئەم دەقە هیچ دژایەتیەکی نییە لە نێوانی جەژنەکان وەک جەژنی ئاینی کە عیبادەت بن یا عادەت و نەریت بێت وەک جەژنی سەرکەوتن و….

3⃣ هیچ دەقێک لە قورئان و سوننەت نیە ڕێگری بکات لەوەی بە بۆنەکان بوترێت جەژن، کەوابوو ئاساییە ئێمەی موسڵمان لەپاڵ جەژنە ئیسلامیەکانا جەژنی نەتەوەیشمان ببێت.

4⃣ خەڵکی ئەو جەژنە بە عیبادەت، نازانن وەها سەیری ناکەن کە خودای گەورە ڕۆژی نەورۆزی وەک جەژن بۆ دانابن. کەوابوو ئەچێتە ڕیزی داب و نەریتەکانەوە کە ڕێگە پێدراوە.

5⃣ لە ساڵی ١٩٧٠دا زانایانی کورد وەک” شێخ محەممەدی خاڵ، مامۆستا مستەفا نەجیب قەرەداغی، عەبدولحەمید ئەترووشی، شێخ محەممەد قەرەداغی، مامۆستا سەیید حەسەن لە کەرکووک، مامۆستا عەبدوڵڵای چروستانی و مامۆستا عەبدوڵڵای پەرخی، مەلا عەبدوسەلام و…” فتوایان داوە کە نەورۆز جەژنی گەلی کوردە، ئاگریش دروشمی سەرکەوتنی ئەم گەلە قارەمانەیە بەسەر بەستەڵەکی زستان و ستەمی ستەمکاراندا، نەورۆز سەری ساڵی کوردیە و خۆی لە خۆیدا بۆنەیێکی ڕەوایە.
✔️ـ ئەگەر شتی نائاسایی و ناشەرعی لە هەر بۆنەیێک ڕووی‌دا، نابێت بەو هۆیەوە بۆنە و جەژنی نەتەوەییمان لەکەدار بکەین.

6⃣ تێکەڵی پیاو و ئافرەت بەشێوەیێکی ناڕەوا و ناشەرعیەو ڕێگە پێنەدراوە و حەرامە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی بۆنەکە پووچەڵ وەکرێ، چوونکە ئەم حەرامە پەیدابووە و لاوەکیە هی خودی بۆنەکە نییە، پێویستە ئامۆژگاری گەنجەکان و خەڵکی بکرێ لەسەر حەرامی تێکەڵ بوونی کوڕ و کچ.

???? تێبینی: باشە چۆنە زانایان ئاگایان لە ڕەوشتی ئەسحاب و خەلیفەکانە کە نەورۆزیان قەدەغە کردووە، کەچی فتوایان داوە کە دروستە! ئایا ئەمە دژی ڕەفتاری ئەوان هەڵوێست گرتن نییە؟
لە وڵاما ئەڵێین:
✔️ـ قەدەغە کردنی خەلیفەکان بەس لەبەر تەشەنەکردنی پەرەستنی ئاگر بووە بۆ ناو خەڵک و گەلانی موسڵمان.
✔️ـ مەترسی ئەم حەرامە لاوەکیانەیان بووە بۆیە بۆخۆیان حازر نەبوون بەشداری تیابکەن و فتوای تەنزیهیان داوە کە باش وایە نەچن نەک بە قەتعی ڕێگربن ئاکاری پێشەوا عەلی ئەوە ئەسەلمێنێ.
ئەوە کە ئیبنوتەیمیەی زانای بەناوبانگی کورد فتوای قەدەغەی بەشداری کردنی داوە لەبەر ئەوەبووە لەسەردەمی ئەوا مەغوولەکان هاتنە وڵاتانی ئیسلامی مەترسی ئەوە پەیدا بووە کە نەریتی ئەوان تەشەنە بکاتە نێو نەریتی بۆنە کوردیەکان، چونکە زاڵبوون بەسەر وڵاتانی ئیسلامیدا و موسوڵمانان بێ دەسەڵات بوون بە گشتی.

✔️ـ جا ئیستا بۆنەکە جیاوازە و ئەو مەترسیانە نەماون، بۆیە زانایان فتوایان داوە بە ڕەوابوونی.

???? وتەی کۆتایی

✔️ـ ئەوەی تا ئیستا باسکرا بۆچوونی هەردوولا بوو لە زانایان، جا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە:
???? ئەگەر ڕێگە بدرێ بە بەرز ڕاگرتنی یادی نەورۆز ئەوە ئەبێ بە هەموو توانایێکمانەوە ڕێگری بکەین لەو بێ شەرعیانەی کە ئاوێتەی نەورۆز بوون؛
????ـ لە سازکردنی ئاهەنگی بێ شەرعی بە تێکەڵ کردنی پیاوان و ئافرەتان.
????ـ تیپی مۆسیقا ژەن و تیپی سەماکەری ژنان و پێاوان بە تێکەڵی.
????ـ دابینکردنی بودجەی خەیاڵی لە قوتووی خەڵکی بۆ ئەم کارە ناڕەوایە کە هێنانی گۆرانی بێژی بیانیە و… بۆ تێکدانی ڕەوشت و کلتوور و نەریتی کوردایەتی.
خۆ ئەگەر بێت و بۆمان بگونجێت وەکو پێشەوا عەلی ڕ.خ تەنیا ڕێگە بە جەژنە پیرۆزە و بەخشینەوەی شیرینی بدرێ و ڕێگری بکرێ لە ئاهەنگ گێڕانی بە تێکەڵ ئەوە باشترینیانە.

???? سەرچاوە” لە کتێبی “جەژن و یادەکان لە ئیسلامدا “، نووسینی عەلی محەممەد هێرۆیی،
بە هێندێک دەستکاری و زیاد و کەمەوە

✍ـ نووسینەوەی دەق” سەعدی مرادی [گمۆ].

از طريق
سعدی مرادی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

سعدی مردادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا