تاریخ

ئاوڕدانەوەیەک لە میژووی روشنبیری مه‌هاباد و مزگەوت و مەدرەسەی بداغ‌سوڵتان(۲-۲)

هاوکات لەگەڵ “ئیبنوررەسوول” شوێنی گەورە مەلایەکی تر لە سابڵاغ بەرچاوە واتە “مەلا محەممەدی ئیبنو ئاده‌م “( ۱۱۶۴-۱۲۶۰ک) .بەشێکی زۆر لە ژیانی پڕ لە شانازی ئیبنو ئادەم- واتە (٣۵) سال -لە سابڵاغ تێپەڕیوە، نێو و نێوبانگی مزگەوت و حوجرەکانی سابڵاغ ساڵی (۱۱۹۲ک) ئەو زانایە بەرەو موکریان ڕادەکێشێ، لەو کاتەدا بداغ خان ( ١٢١٢-١٢٣٨ک) حاکمی سابڵاغ بووه‌ – سەد ساڵ دوای بداغ سوڵتان – مەلا محەممەدی ئیبنوئادەم لەسەر ویستی “بداغ‌خانی موکری” ساڵی (۱۲۲۷ک) بەشێک لە “فتاوی کبری”ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، ئیبنوئادەم لە سەرەتای ئەو وەرگێڕانە ئاماژە بەو بابەتە دەکا و دەڵێ: “اما بعد حقیر آرزومند، بندەی پناهندەی درگاە منان، محمد بن آدم، ماندە از کاروان، در اواسط شهر رمضان المبارک سال هزار و دوصد و بیست‌وهفت هجرت سرور کائنات علیە و علی آلە صلوات و التحیات، در اسعد ساعات شرف ملاقات با ابوالمعالی سیف‌الدین والدنیا بداغ خان مکری حماە‌اللە من العسر الی یسری اتفاق افتاد، چون آن خاقان کبیر و امیر عدالت دستگیر اعتقاد داشتە بود [نسبت] بە این داعی صمیمی و دولتخواە قدیمی فرمودند کەخاتمەی فتاوی کبری کە از اعظم مصنفات امام انام شیخ مشایخ (احمد بن حجرتهامی) است بە زبان پارسی شکر در رشتە‌ی ترجمە کشیدە، حقیر تعلل و تسویف روا ننمود…” (صمدی،تاریخ مهاباد، ۵٣٨-۵٣٩/ افخمی، تاریخ فرهنگ و ادب مکریان مهاباد، ١٣۴)
دوای (٣۵) ساڵ ئیبنوئادەم گەڕاوەتەوە بۆ ڕەواندز، ئەو زانایە بیری نەتەوە پەروەری زۆر بەهێز بووە، ئەوکاتەی دەسەڵاتی میری سۆران لەناو دەچێ، واتە ساڵی (۱۸۳۶) بەو چەند بەیتە کوردییە مەراقی خۆی هەڵدەرێژێ – سەدوهەشتا ساڵ بەر لە ئێستا ده‌ڵێ: “هەوران کردە گاڵە گال – میکائیلا ئەتۆش دەی/ توتن و ماشان بڕشێنە- دەبا نۆش بێتە سەر دەی / رۆمی ئەوا پەیا بوون – کتێبخانان دەکەن تەی/ میری سۆران و بۆتان – لەناو چوون بە دەسیسەی / کوردستانمان چی لێهات – کوردان بۆ ماتن تاکەی” (مەسعوود محەممەد، حاجی قادر کۆیی، ج ٢، ٧٧/ گۆڤاری هەولێر، ٩١)
دوای ئیبنوئاده‌م، بنه‌ماڵه‌ی یایی دوو سه‌ده‌ مه‌لا و موده‌ررسی مزگه‌وتی سوور بوون، له‌ هه‌موویان زاناتر مەلا محەممەدی یایی بووه‌، ئەو زانایە نەوەی گەورە‌ مەلای کورد “مەلا محەممەدی گڵۆلانی” بووە کە لە نیوەی سەدەی دوازدەی کۆچی لە قەڵا چوالان ڕا هاتۆتە سابڵاغ، لە مزگەوتی سوور مودەرریس بووە، نادرشای هەوشار (۱۱۴۸-۱۱۶۰ک) ئەو مەلایەی بۆ ڕاوێژ سەبارەت بەکێشەی ئایینی لە سابڵاغ ڕا بۆ “موغان” بانگهێشت کردووە. (صمدی، تاریخ مهاباد، ٣۴٧)
مەلا محەممەدی یایی کە لەو وتارەدا مەبەستی ئێمەیە نەوەی ئەو گەورە مەلایە بووە ولە لای زانای گەورەی کورد “مه‌لا عەبدوررحمانی رۆژبەیانی” ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، لە سەردەمی “عەبدولڵاخانی موکری” بۆتە مودەرریسی مزگەوتی سووری سابڵاغ، گەورەترین عالم و مودەرریسی موکریان واتە زانای هەڵکەوتە عەللامە مەلا عەلی قزڵجی ساڵی (۱۲۴۸ک) لە سابڵاغ لە مزگەوتی سوور ئیجازەی مەلایەتی لە مەلا محەممەدی یایی ورگرتووە. (ئەحمەدیان، عەبدوڵڵا، خەزێنە، ٣٠/ دەقی ئیجازەنامەی مەلا عەبدوللا وەڵزی) ئه‌وه‌ شانازییه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ شاری سابڵاغ هه‌ڵکه‌وته‌ی وه‌ک قزڵجی له‌ داوێنی خۆیدا په‌روه‌رده‌ کردووه‌.
وەچەی مەلا محەممەدی یایی له‌ سابڵاغ په‌ره‌یان ئه‌ستاندووه‌ وئەوڕۆ بە بنەماڵەی گڵۆڵانی و فازیلی و مفتی و مفتی‌زادە و قازی‌زادە و تەوحیدی دەناسرێن، پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێ نەتیژه‌ی مەلا محەممەدی یایی دواتر بوو بە مەلا و مودەرریسی مزگەوتی سوور بە ناوی “مەلا عەبدورەحمانی سابڵاغی” ـــ باپیری بنەماڵەی فازیلی ــ، زۆربەی تەمەنی لە مزگەوتی سوور مودەرریس بووە، یەکێک لە فەقێکانی ئەو زانایە “مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی” بووە.
له‌دوای بنه‌ماڵه‌ی ‌یایی گه‌وره مه‌لایه ک له نیوەی سەدەی سێزدەی کۆچی لە ناوچەی موکریان لە حوجرەکانی سابڵاغ سەر هەڵدەدا بە نێوی “مەلا عەبدوڵلا پیرەباب” یان”مەلا عەبدوڵلای دیبوکر”. لە ئیجازەنامەیەکدا بەو چەشنە خۆی دەناسێنێ: ” اما بعد فانی عبداللە الدهبوکری المعروفی بن احمد…” دەقی ئیجازەنامەی مەلا عەبدوڵلا وەڵزی) مەلا عەبدوڵلا لە “دێبوکر”ی ڕۆژئاوای سابڵاغ هاتە دنیا، دوای تێپەڕاندنی قۆناغی سەرەتایی خوێندن بەرەوگەرمێن رویشتووە، لە لای مەلا محەممەدی خەتێ و مفتی زەهاوی درێژەی بە خوێندن داوە. (روحانی، ج ٢، ۴۴) پاشان بەرەو موکریان گەڕاوەتەوە، لە تورجان لە خزمەت عەللامە مەلا عەلی قزڵجی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، رادەی زانایی مەلا عەبدوللای پیرەباب گەیوەتە ئەو دیوی مەلایەکی ئاسایی، تەنانەت بە یەکێک لە “فقهای اربعە” ناسراوە. (ترجانی‌زادە، ساڵنامە فرهنگ مهاباد، ج ٢، ۴۶) سەرەتا لە دەوروبەری سابڵاغ لە “وەتەمیش” و “ئیندرقاش” مودەرریس بووە، دوایە هاتۆتە سابڵاغ تا دوایین کاتی تەمەنی واتە ساڵی (۱۳۰۹ک) لە مزگەوتی هەباساغا سەرقاڵی تەدریس و لێکۆلینەوە بووە.
سەبارەت بە رادەی زانایی و سەردەرچوویی مەلا عەبدوڵلای پیرەباب، مامۆستا مه‌لا ئەحمەدی تورجانی‌زادە نووسیویە: “مرحوم پیرەباب بر اکثر مشکلات علوم ریاضی چە در جبر و مقابلە، چە در هندسە، چە در علم اکر و مرایا و مناظر و علم هیئت و نجوم تحریرات و تعلیقات شگفت‌انگیز دارد. اگر در اطراف حواشی و تعلیقات و ابکار افکار او تحقیقات کافی بعمل بیاید روشن خواهد شد کە آن بزرگوار نە تنها از دانشمندان ریاضی بلکە از حکمای این فن باید بشمار آید ولی افسوس کە آن تحقیقات نفیس و نادر در زوایای نسیان و گوشەهای خمول و گمنامی افتادە و هر قسمتی از آن در جائیست…” (ترجانی‌زادە، ساڵنامە فرهنگ مهاباد، ج ٢، ۴١)
مامۆستا مەلا عەبدوڵلا ئەحمەدیان سەبارەت بەو زانا هەڵکەوتەی سابڵاغ دەڵێ: “پیرەباب ،باپیری حەواناسی، تەختە روبعەکەی و ئوستوڕلابەکەی بە دەستەوە دەگرت و بە پشوو سواری وەسەر “داشامەجید” دەکەوت، لەسەر ئەو گردەڕا بەهۆی وەکار خستنی ئەو ئامراز و کەرەسە قەدیمیانە رادەی تێک بەزینی جوغزی سووڕانەوەی مانگ و ئەستێرە گەڕۆکەکان، هەروا پلەی کەوانەی گوێستنەوەی مانگ و ڕۆژ بۆ نێو دوازدە بورج و قەڵاتەکان و رادەی هێڵ و میلی جووڵە و رێچکەی خزینی ئەستێرە گەڕۆکەکان و کاکێشان لە چوار وەرزی ساڵدا، هەروا دەیان مەبەستی دیکەی حەواناسی، بەرژەوەندی دەدانێ و لەگەڵ یەکتر بەراوەردی دەکردن، ئاکامی هەموویانی دەنووسی و چەند یاسایەکی لێ هەڵدەکڕاندن. دوای سەدەیەک کە دنیا لەباری حەواناسین ئاڵووگۆڕی بەسەرداهات، پایەگاکانی حەوایی بەهۆی رەسەدخانە و ئەو دەسگا ئەلکترۆنیک و کامپیۆتیرە بەهێزانە وەکار کەوتن، هەر بەو ئاکامه‌ گەیشتن کە مەلا عەبدوڵلای پیرەباب لەباری حەواناسی نەزەری پێی گەیشتبوو وە لە شەرحی کتێبی “جەواد” و پەڕاوێزی “چەخمینی” و کتێبی “عامەلی “دا نووسیبووی” (ئەحمەدیان، عەبدوڵلا، تۆمار کراو بە دەنگ).
پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێ چەند گەورە مەلای کورد لە لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتیان وەرگرتووە وەک: مەلا حه مه حوسێنی قزڵجی، مەلا عەبدوڵلای وەڵزی، مەلا عەبدوررەحمانی سابڵاغی (فازیلی)، قازی عەلی، شێخ بابای بەرزەنجی (شێخی شەهید)، مەلا محەممەدی مەحوی شاعیری هه ره ناسراو، مەلا سەلیمی سنەیی (سالم) شاعیری ناودار، ئەوانە تێکڕا لە لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتیان وەرگرتووە، سەرئەنجام مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ساڵی (۱۳۰۹ک) ــ سەدوبیست و نو ساڵ بەر لە ئێستا – لە سابڵاغ کۆچی دوایی کردووە.
بۆ ئەوە ئەو بابەتە زۆر درێژ نەبیتەوە، بە تالۆکە ئاوڕ لەو کەسایەتییانە دەدەینەوە لە سەدەی ڕابردوو لە مزگەوتی سوور و حوجرەکانی تر لە سابڵاغ ئەرکێ مەلایەتییان ئەنجام داوە و مودەرریس بوون.
بنەماڵەی قازی چەند مەلا وکەسایەتی ئایینی زۆر گەورە و زانا و بەشکۆیان لێهەڵکەوتووە . له هه موان زاناتر له بواری زانستی ئایینی و شه رعزانی یه وه قازی عەلی (۱۲۷۹-۱۳۵۰ک) بووه که جیا لە پلەی مەلایەتی و مودەرریسی ،قازی سابڵاغ بووە ولە لای زانای هەڵکەوتە مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.
“مەلاوەسیمی سەردەشتی” ئەو گەورە مەلایەی تا دوا هەناسەی ژیان لە مزگەوتی قازی مودەرریس بوو و کەسایەتی وەک مەلا خەلیلی گۆڕومەری و (سه‌درولعوله‌ما) ومه‌لا عه‌بدولعه‌زیز مفتی سه‌قز و شێخ محەممەدی خانەقای ئیجازە دابوو. مامۆستا حەریق بۆ کۆچی دوایی ئەو مەلایە کە ساڵی (۱۳۲۶ک) بووە دەڵێ:
ای دریغا چشم علم از دوریت بی نور شد
ای دریغــا گنـج علمـت در نظر مستور شد
خــانــە دیــن از فـوات علم می‌گــردد خـراب
خــانـە جهـل از وفــات عــالمان معمور شد
(سپهرالدین، زندگینامە شمس‌الدین برهانی، ۲۰۳ – ۲۰۴/ حەریق، ۱۷۹)
بنەماڵەی قزڵجییەکانی سابڵاغ سێ گەورە مەلای زۆر زانا و توانایان لێ هەڵکەوتووە مەلاحه مه حوسێنی تورجانی – قزلجی – (۱۲۷۸-۱۳۳۳ک) کوڕی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی بووە، لە لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، واسیلی نیکیتین لە کتێبی “کورد و کوردستان”دا نووسیوە: “دەرس‌وێژی مزگەوتی بازاری سابڵاغ مەلا حوسێنی تورجانی – قزلجی– بووە. (نیکیتین، کرد و‌ کردستان ۵۸۸)
مەلا محەممەدی قزڵجی (۱۲۷۵-۱۳۳۸ هەتاوی) کوڕی مەلا حه مه حوسێن، یەکێک لەو هەڵکەوتانە بووە مێژووی موکریان تا ئەو ڕۆ ڕۆڵەی لەو چەشنەی بەخۆیەوە نەدیوە. جیا لەوە مەلایەکی مودەرریسی بێ وێنە بووە و لە ئەلئەزهەری میسر خوێندویە، زیاتر لە سی ساڵ لە بەغدا مودەرریس بووە، لەوە گرینگتر هەوەڵین ڕۆژنامە نووسی کورد بووە لە ئێران .ساڵی (۱۳۰۰ی هەتاوی) لە سەردەمی سمایل‌ئاغای سمکۆ ئەو مەلایە ڕۆژنامەی “کورد”ی بڵاو کردۆتەوە. (ئەحمەدیان، محەممەد، مەهاباد ١۴١، ١۴٢)، چەند مەلا و مامۆستای گەورە فەقێی مەلا محەممەدی قزڵجی بوون وەک: قازی محەممەدی خزری (قازی شنۆ)،مامۆستا مەلاهادی ئەفخەم‌زادە،مامۆستا مەلا ئەحمەدی تورجانی‌زادە(قزڵجی)، عەلائەددین سەجادی، مامۆستا شوکرمستەفا و ماموستامەلا عەبدوڵلا ئەحمەدیان، ئەوانە هەموویان فەقێی مامۆستا مەلا محەممەدی قزڵجی بوون.
هەر لەو بنەماڵە، مەلا ئەحمەدی تورجانی‌زادە – قزڵجی– (۱۲۸۰-۱۳۵۹ی هەتاوی) برای مەلا محەممەدی قزڵجی، چەند ساڵ لە مزگەوتی سوور مودەرریس بووە، دوایە لە تاران بووە بە مامۆستای “دارالفنون”، پاشان (۲۵) ساڵ لە تەورێز مامۆستای زانکۆی ئازەر ئابادەگان بووە. مەلایەکی تر “قازی شێخ موحسین (۱۲۶۳-۱۳۳۳ی هەتاوی) نەوەی عەللامە مه‌لا عەلی قزڵجی بووە لە لایەن دایکەوە – (مەلا ئایشێ دایکی قازی شێخ موحسین کچی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی بووە) ـــ ئەو مه‌لا زانایە ماوەی (٢٧) ساڵ لە مزگەوتی سوور مودەرریس بووە. زانایەکی تر کە زیاتر لە پەنجا ساڵ مەلا و مفتی سابڵاغ بوو چەند کەسایەتی گەورەی پەروەردە کرد مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی بوو ـــ باوکی شاعیروماموستای ناوداری زانکودوکتۆر محه‌ممه‌دی مه‌جدی ــ .لەو پەنجا ساڵەی دواییدا دوو کەسایەتی بیرمه ند وزانا و ماقووڵ وروناکبیر ونه ته وه په روه ر کە دوایین بەرهەمی حوجرەکانی موکریان بوون هاتنە ریزی مەلا هه ره ناوداره کانی میژووی سابڵاغ وموکریان ، ئەو کەسایەتییانە بریتی بوون لە مامۆستا مه لاکەریمی شاریکەندی(۱۳۰۵_۱۳۶۱ی هه تاوی) و مامۆستا مەلا عەبدوڵلا ئەحمەدیان (۱۳۱۲_۱۳۸۳ی هه تاوی).
٢- پەروەردە کردن و بارهێنانی چەند کەسایەتی بواری ئەدەب و شێعر:
ڕەنگە ئەو بابەتە بۆ هێندێک کەس تازە بێ کە جیا لە شاعیرانی موکریان و سابڵاغ کە لە حوجرەکانی ئەو شارە پەروەردە بوون، گەلێک لە شاعیرانی ناوچەکانی تری کوردستان وەک “نالی، حاجی قادری کۆیی، مەحوی، سالم، ناری، قانع “لە گۆشە و قوژبنی مزگەوت و حوجرەکانی سابڵاغ دەرسیان خوێندووە و بەشێک لەبیرو هزری خۆیان لەو بنکە ئایینییانە پەروەردە کردووە و لە ناو فەقێ و مەلا و موستەعید و رۆشنبیری موکریاندا پەروەردە بوون و سکڵی دڵیان لەو حوجرانە دا گەشاوەتەوە،جۆش و خرۆشی خوێندن و فێربوون لە حوجرەکانی سابڵاغ تا ئەو رادە ڕمێن و برەوی هەبووە، زۆربەی شاعیرانی کوردی بەرەو موکریان و سابڵاغ ڕاکێشاوە.
مەلا خدری شارەزوری (نالی) لە حوجرەکانی سابڵاغ دەرسی خوێندوە، لە سەرەتای دیوانی نالی دا نووسراوە “لە پێناو وەرگرتنی زانستە ئیسلامییەکان شار و دێهاتەکانی بەشێکی کوردستان گەڕاوە، ئەو شوێنانەی کە زۆر تیاندا مابووبێتەوە سنە و سابڵاغ و قەرەداغ و هەڵه بجە و سولەیمانین” (فاتیح،عەبدولکەریم،دیوانی نالی، ٢۴)
نێو و نێوبانگی حوجرە و مەلاکانی سابڵاغ دەبێتە هۆی ئەوە حاجی قادری کۆیی زۆر بەتاسە و ئاوات بێ ئیختیار بەرەو موکریان و سابڵاغ ڕاکێشێ و سەردەمێک لەو ناوچە بمێنێتەوە،مەسعوود محەممەد نووسیویە: “حاجی قادر سەردەمێک لە سابڵاغ ماوەتەوە: بەینێک لە مزگەوتی رۆستەم بەگ لەلای “مەلا حوسێن”ی خوێندووە، چەند دێرە شێعرێکی لە دیوارێکی مزگەوتەکە نووسبوو… زەبیحی دەیکوت: ئەم نووسینە تا ئەو دواییانە هەر مابۆوە، لەو ساڵانەی دواییدا ژێر سواغی سپی‌کاری کەوت، گوتی هەزارو دووسەدو حەفتاو نۆی لێ نووسرابوو، هی حاجی قادر بە خەتتی خۆی بوو، بێگومان کەمتەرخەمی و بێ پەرۆشی نەبا، دەبوو نووسینەکە وەک خۆی بمابایەوە، وەک میراتێکی مێژوویی و ئەدەبی و نەتەوایەتی زۆر نرخدار ئاگاداری لێکرابا. (محەممەد ، مەسعوود، حاجی قادری کۆیی، ج ٢، ١۵٠/ ئاغایی، مارف، وت‌ووێژ لەگەڵ مەسعوود محەممەد، سروە، ١٣٧١)
مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیویە: “مەلا محەممەدی مەحوی” (۱۲۶۴-۱۳۲۲ک) بە فەقێیەتی چووە بۆ سابڵاغ بۆ لای مەلا عەبدوڵلای پیرەباب، سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە” (سەجادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، ٣٢٨/ مەحوی، دیوان، ۵)
مارف خەزنەدار نووسیویە: “سالمی سنە (۱۸۴۸-۱۹۱۱) بە دوای ناوبانگی مەلا عەبدوڵلای پیرەباب لە ساڵی (۱۲۸۶ک) دەچێ بۆ سابڵاغ، دوای دوو ساڵ دەرسی مەلا عەبدوڵلای پیرەبابی بەرئەکەوێ، ساڵی (۱۲۹۱ک) لە سابڵاغ لە لای ئەو زانا گەورە ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ (خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ج ۴، ۶٣٧) هەروا مەلا کاکە حەمەی (ناری) لە سابڵاغ لە مەدرەسەی تورجانی‌زادەکان خوێندویە. (سەجادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، ۴۵۶) ته‌نانه‌ت مامۆستا قانعیش لە حوجرەی مزگەوتەکانی سابڵاغ فەقێ بووە. (خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، ج ۶،۴۶٢).
جیا لەو گەورە شاعیرانەی بۆ خوێندن هاتوونە سابڵاغ، شاعیران و هەستیارانی موکریان وەک: وەفایی وسه یف و حەریق و میسباح و مەلا مارف و مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و خاله مین وحه قیقی بەشێک لە ژیان و خوێندنیان پێوەندی بە حوجرە و مەلا و مزگەوتەکانی سابڵاغ بووە.
٣- تێکۆشان و چالاکی “کۆمەلایەتی_رووناکبیری” لە حوجرەکانی سابڵاغ:
ڕەنگە ئەو خاڵە هێندێک جێی سەرینجی خەڵکی ئەو سەردەمەی ئێمە بێ، لەبەر ئەوە ئەو مەلایانە و فەقێی ئەو حوجرانە لە ژێر ڕهێڵەی بیرو فەلسەفەی ئیسلام دابوون وەک پێویست نەپه رژاونەتە سەر بابەتی رووناکبیری و بیری نەتەوایەتی، بەڵام ئەوە بۆ زۆر کەس ئاشکرایە لەو سەد ساڵەی دواییدا کە بیری ناسیونالیستی برەوی پەیدا کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لە سابڵاغ زیاتر لە هەر بەشێکی تری کوردستان، مەلا و فەقێ بەشداری بزافی ناسیونالیستی کوردیان کردووە، ڕەنگە جێگای سەرنج بێت کە بەشێکی گرینگی دامەزرێنەرانی ئەو بزاف و حەرەکەتانە مەلا و خوێندکاری مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکان و حوجرەکان بوون، سەرەڕای ئیمان و باوەڕ بە ئیسلام، سەرەڕای پەروەردەی ئایینی و زانیاری ئیسلامییان، یەکەمین رێکخراوی ناسیونالیستیان – نەک ئیسلامییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندوە (سابیر، رەفیق، کولتوور و ناسیونالیسم، ١۵٣)
ڕەنگە بەلای هێندێک کەس سەیر بێ بڵێین هەوەڵین ڕۆژنامەنووسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان فەقێیەکی حوجرەکانی سابڵاغ بووە، واتە “مەلا محەممەدی قزڵجی” ئەو کەسایەتییە( ۹۶)ساڵ بەر لە ئێستا وه ک سه رنووسه ر به رپرس ڕۆژنامەی “کورد”ی سەردەمی سماعیل‌ئاغای سمکۆی بەڕێوە دەبرد و وتاری تێدا بڵاو دەکردەوە .مەلا محەممەدی قزڵجی جیا لەوە رووناکبیرێکی بواری ئایین بووە گەل‌دۆست و نەتەوە پەروەر بووە، بڕوانە ساڵی (۱۳۰۰ی هەتاوی) سەبارەت بە گەل‌دۆستی دەڵێ چی:
هەی تازە جەوان، هەستە لە غەفڵەت ببە بێدار- دەستێ بدە‌رە دەستەیی شمشیری شەرەردار ئەو مەوتەنی واڵایە، کە چاتر لە بەهەشته _ قوربانی بکە روح و حەیات و زەرو دینار..
(گیو، کەشکۆڵی گیو، ۱۷۶-۱۷۷)
ده‌ره‌نجام:
له‌ دواییدا پێویسته‌ بڵێین دوای تێپەڕینی پترله سێسه دو په نجا سال لە دامەزراندنی مزگەوتی سوور و حوجرەکانی ئه‌وڕۆ “هەر خاوەن دڵێکی ئاگا بڕوانێتە زارکی بێ زمانی ئەو حوجرە بێدەنگانە، دەزانێ کە دڵیان چەند پڕە لە خۆزگە و بریا، ئەگەر بڕوانینە حەساری مزگەوتی سوور، بێ‌گومان ڕۆژگاری “مەلا جامی” و “بداغ سوڵتان”مان وەبیر دێتەوە، ئەو ڕۆژانەی ئیبنوررەسوول و ئیبنوئادەم و مەلای یایی مەلای ئەو حوجرانە بوون و مفتی زەهاوی و قزڵجی و پیرەباب فەقێی ئەو حوجرانە بوون، مەولانا خالید و سەیدی چۆڕی و پێنجوێنی فەقێی فه‌قێی ئەو حوجرانە بوون (ئەحمەدیان، عەبدوڵلا، خەزێنە،۸۷)
بەڵام ئەوڕۆ دوای پترله سێ سه ده ونیو چرای ئەو حوجرانە کوژاونەوە و باغی زانست و ئەدەب بەرەو پایزی تەمەن رۆیشتووە و شەختەی نەزانی لێیداوە، جێی خۆیەتی ماتەم دامانگرێ و بپرسین بۆ ئەو باخە بێ‌بەر بووە، بۆ سەردەمی زێرێنی ئەو حوجرانە لە کزی داوە، شێعرەکەی حاجی قادری کۆیی گویمان دەزرینگەێنێتەوە:
مەسجید و مێحراب و مینبەر بێ کەسە
هــەر مــەپــرســە حاڵی چۆنە مەدرەسە

سەرچاوەکان:
١- ئەحمەدیان، عەبدوڵلا، ١٣٧٨، خەزێنە، نشر احسان
٢- ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ، ١٣٨٣، نگاهی بە سرزمین مهاباد، سیروان، ٢۴٧
٣- افخمی، ابراهیم، ١٣٧٣، تاریخ فرهنگ و ادب مکریان، ج ٢، نشر محمدی سقز
۴- باباطاهری ، حسن، ١٣۵١، مهاباد، دیروز امروز، نشریەداخلی شهرداری مهاباد
۵- توکلی، محمدرئوف، ١٣٨٧، جغرافیا و تاریخ بانە، انتشارات توکلی
۶- حەریق، مەلا ساڵح، ١٣۶٩، دیوانی حەریق، ناشر محمدی سقز
٧- حوزنی موکریانی، حوسێن، ٢٠٠٩،کردستانی موکریان، وەرگیراو لە: سەرچاوەی ژمارە ٩
٨- خەزنەدار، مارف، ٢٠١٠، مێژووی ئەدەبی کوردی، ج ۴و۶، چاپی دووهەم، ئاراس
٩- دەشتی، عوسمان، ٢٠٠٩، شێعری ناوچەی موکریان، مەڵبەندی کوردۆلۆژی
١٠- رۆژبەیانی، محەممەدجەمیل، ١٩٩٢، فەرمانرەوایی موکریان، رۆشنبیری
١١- روحانی، بابامردوخ، ١٣٨٢، تاریخ مشاهیر کرد، انتشارات سروش، چاپی دووەم
١٢- سابیر، رەفیق، ٢٠٠٣، کولتوور و ناسیونالیسم، سەردەم، چاپی دووهەم
١٣- سەجادی، عەلائەددین، ١٩۵٢، مێژووی ئەدەبی کوردی، معارف
١۴- سپهرالدین، ابوبکر ١٣۶٨، زندگینامە شێخ شمس‌الدین برهانی، انتشارات صلاح‌الدین ایوبی
١۵- صمدی، سیدمحمد، ١٣٧٣، تاریخ مهاباد، انتشارات رهرو
١۶- فتاحی قاضی، قادر، ١٣۵٩، گورستان ملاجامی در مهاباد
١٧- قزڵجی،محمد، ١٩٣٨، التعریف بمساجدالسلیمانیە، مطبعەالنجاح
١٨- قەرەداغی، محەممەدعەلی، ١۴١٩، مێژووی زانایانی کورد، بەغدا
١٩- موکریانی، گیو، کەشکۆڵی گیو
٢٠- مسعوود، محەممەد، ٢٠١٠، حاجی قادری کۆیی، ئاراس، چاپی دووهەم
٢١- مجدی، محمد، ١٣٣۴، سالنامە فرهنگ مهاباد، ج٢، چاپخانە شفق
٢٢- نیکیتین، واسیلی، ١٣٧٨، کردوکردستان، ترجمە محمد قاضی، کانون فرهنگی انتشارات درایت، چاپ سوم.

 محمد احمدیان – مهاباد

برچسب ها
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن