فتاویفقه

ئایا دروستە قورئان بدرێ بە بازیافت؟

  • سه‌باره‌ت به‌ لەبەین بردنی قوڕئان، کاتێ کۆن ده‌بن و یا چاپی قەدیمن و کەس تێیایدا ناخوێنیت، پرسیار کراوه‌ که ئایا ڕەوایە بفەوتێنرێن؟ یا خود تەرمیم کرێن؟ یان هەر لێی گەڕێین؟ یان بسووتێنرێن؟

وەڵام:

۱- هەر کاتێ قوڕئان کۆنی بەسەردا هات و دڕا، پێویسته‌ بە چەسپ و سەحافی چاک وەکرێ، ئەوە خێر و چاکەیه‌ و تەنانەت لەو ئیشە چاکانەیە کە پاداشیان هەیە. بەس ئەوندەی هەیە لە واجباتی شەرعی نییە که پێوێست بێ لەسەر وەقفکەر یا خەڵکی تر خەرجی تیابکەن، بەڵکوو لەسەر سنووقی مزگەوتە گەر وەقفی ببێ و تەرخان کرابێ بۆ بەرژەوەندییەکانی مزگەوت، گەر کەس گوێی بە قوڕئانە کۆن و دڕاوەکانی مزگەوت نەدا، واجبە بەرپرسانی ئەوقاف ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن.

٢- هەر کاتێ موسحەفەکە وای لێ هاتبوو سوودی لێ نەدەبینرا، لەبەر ئەوەی پەڕەکانی پەرتووکاو بووبوو یان ناسک بووبوونەوە و ئەدڕان، لەم شێوەیا له‌به‌ین بردنی دروستە، لێرەیا زانایانی شەرعزان دوو ڕایان هەیە:

۱ـ تاقمی یەکەم پێیان وایە لە چاڵدا ده‌فن بکرێن کە ئەمە ڕێڕەوی حەنەفییەکان و حەنبەلییەکانە.
ـ بۆ وێنە حەسکەفی لە زانایانی حەنەفی دەڵێت: «المصحف اذا صار بحال لایقرٲ فیه یدفن کالمسلم» (الدرالمختار) یانی: هەرکاتێ قوڕئان وای لێهات، بەکەڵکی تیاخوێندن نەهات، دەنێژرێت وەک موسوڵمان چۆن ده‌فن ده‌کرێت.
خاوەنی حاشیە داوێنی داوە بەم فەتوایە و ده‌ڵێت: ئەخرێتە ناو پەڕۆیێکی پاک و باش و جوان، دوایی لە شوێنێکا که ڕێڕەوی خەڵکی نەبێ، دەخرێتە ژێر گڵ.

  • بەهووتی کە حەنبەلییە ده‌ڵێت: ئەگەر قوڕئان ڕزا و دڕا دەخرێتە چاڵ. پێشەوا ئەحمەد باسی کردووە کە ئەباجەوزا موسحەفەکەی کۆن و ڕزی، هەر له‌ مزگەوتەکەی خۆی چاڵی کرد. (کشاف القناع).
    ـ ئیبنووتەیمییە ده‌ڵێت: قوڕئان عاقیق کاتێ پووا، کەس نەیتوانی تێیدا بخوێنێ، ئەوە لە شوێنێ دەنێژرێ کە پارێزراو بێ لەوەی خەڵک بچنە سەری، وەکوو چۆن لاشەی مرۆڤ لە شوێنی پارێزراو ه‌ دوور لە ڕێڕەوی خەڵکی ده‌نێژرێت. (مجموع الفتاوای).

۲- بڕێکی‌تر لە زانایان دەفەرموون، بە چاولێکردن لە ئیمامی عوسمان (ڕـ‌خ) ده‌سووتێنرێت، ئەوەش ڕای ڕێڕەوی مالکییەکان و شافعییەکانە.
ڕووداوی سووتانی موسحەفەکانی سەردەمی خەلیفەی سێهەم، وەک لە بوخاریدا هاتووە ئا بەو جۆرەیە؛
ئیمامی عوسمان بەدوای ئەو نوسخە قوڕئانەی نارد که لای حەفسە خاتوون بوو، بەڵکوو کۆپی لێ بگرن و دوایی بینێرنه‌وه‌. حه‌فسه‌ خاتوونیش بۆی نارد، ئەویش ئەمری کرد بە زەیدی کوڕی سابت و عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر و سەعیدی کوڕی عاس و عەبدوڕڕەحمانی کوڕی حاریس کوڕی هیشام که کۆپی لێ هه‌ڵگرن، دوای کۆپی گرتن، بۆ وڵاتانی ئیسلامی ناردن، دوایی دەستووری بە سووتاندنی ئەو قوڕئانانەی‌تر کرد کە لە لای ئەسحاب بوون. جا موسعەبی کوڕی سەعد دەڵێت: بە خزمەت تاقمێکی یەجگار زۆر لە ئەسحاب گەیەشتم لە کاتی سووتانەکەیا، گشتیان سەرسام بوون بە کارەکە، بەس ناڕەزایەتیان دەرنەبڕی. (رواه ابوبکر بن ابی داود فی کتاب المصاحف).

ئیبنووبەتتاڵ دەڵێت: لە دەستووردانی ئیمامی عوسمان بە سووتانی قوڕئانەکان تێدەگەیین کە دروستە هەر کتێبێ ناوی (الله) تەعالای تیابێ، بسووتێنرێت، ئەوە پاراستنی حورمەتیەتی، پارێزراویشە لە پێی خەڵکی و فڕێدانی لە زەویدا. (انتهی من شرح صحیح البخاری).

  • ئیمامی سیوتی دەفەرموێت: هەر کاتێ بە ناچاری بەشێ لە قوڕئان بەهۆی ڕزیوی، تەڕی، سووتان و… لە کار کەوت، ڕەوا نییە بخرێتە قەڵشی دیوار و… چون بەرده‌بێته‌وه‌ و ژێر پێ دەکەوێت. هەروەها ڕەوا نییە بدڕێنرێ، چون وشە و ڕستەکانی دوو لەت ده‌بن، ئەوەش خۆی سووکایەتییە. جا که‌وایه‌ سووتانی گرفتی نییە، چون ئیمامی عوسمان موسحەفەکانی گڕدا و کەس ڕەخنەی لێ نەگرت. (الاتقان فی علوم القرآن).

پووختەی باسەکە: بۆ هەر یەک لەم دوو چەشنە بۆچوونە ڕەوشێک هەیە. کامیانی کرد، تاوانی لەسەر نییە، هەرچەن سووتاندنەکەم بەلاوە پەسەندترە، چونکە هاوەڵان خۆیان کردوویانە.

لیژنەی دایمی فتوا ده‌ڵێت: ئەوەی دەدڕێ یان هەڵده‌وەرێ لە قوڕئان کە ئایاتیان پێوەیە، لە شوێنێکی خاوێن ده‌فن دەکرێت که دوور بێ لە هاتوچۆی خەڵکی و لە زبڵدانی خەڵکی. یان بسووتێنرێ باشە، چونکە ئەویش بۆ پاراستنی لە سووکایەتییه.
ـ مامۆستامەلاعوسەیمین ده‌ڵێت: پێویستە دوای سووتانەکە، وردورد بکرێ تاکوو هیچ لاپەڕەیێک بە ساخی نەمێنێته‌وه‌، چونکە ئاگرەکە ڕاستە دەیسووتێنێ بەس پیتەکان و ڕستە و ئایەکان بە ساخی لە سەر پەڕە سووتاوەکان هەر دیارن، جا کە وردوپرد کرا و بووە خۆڵەمێش، ئەو نائاسوودەیەش نامێنێ. (من فتاوی نور علی الدرب).

یەکێک لەو ئامێرە بەسوودانەی ئێستا هەیە و دەتوانین بەکاری بێنین بریتیە لە: دەزگای دڕاندنی وەرەق، «آله تمزیق الورق» که لە ئێران پێی دەوترێ: «بازیافت کاغذ» بەو مەرجەی وردوخاشی بکات و هیچ لە پیت و ڕستەی دیار نەمێنێ، نەک به‌س لەتووپەتی کات. جا عوسەیمین دەڵێت: ئەم جۆرە لەبەین بردنەش ڕێگەی سێهەمە و دروستە.
کاتێ کە سووتێنران یا بۆ بازیافت بە دوکانی نانەڕەقەکان فرۆشتران، پێویست ناکا قوڕئانی‌تر هەدیە بکرێن لە جێگەی ئەوان دانرێن.

🌿 وەرگیراوه لە ماڵ

ارسالی : سعدی مرادی

از طريق
سعدی مرادی
منبع
sozimihrab
برچسب ها

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود
بستن