مناجات

ئیلاهی! دەزانم چ لوتفێکت لە گەڵ نـواندووم

ئیـلاهـی! دەزانم چ لوتفێکت لە گەڵ نـواندووم

خوایەگیان! باش دەزانم کە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ـ بەو چەشنەی کە خودی دەردەدارەکە دەیزانێ‌ ـ دەردی دڵی دەردەارێک بۆ حەکیم و چارەسازێک باس بکات، هەر کەس خۆی باشتر دەزانێ‌ کە سکاڵا و نیاز و پێویستییەکانی چین و چۆن و بۆ کێ‌ باسیان بکات، فارس گوتەنی: (کس نخواراند پشت من، مپل انگشت دست من.) واتە: هیچ کەسێک ناتوانێت پشتم بەو چەشنە بخورێنێ‌ کە پەنجەی دەستی خۆم دەیخورێنێ‌.

یانی خۆم دەزانم پێویستم بە چییە و چ ئازار و کەموکورتی و ناتەواوییەکم هەیە، هەردەبێ‌ خۆشم هیممەت بکەم بۆ دەستخستنی چارەسەری دەرد و ئازار و کەموکورتییەکانم، خۆم دەزانم کە سکاڵا و نیاز و خواستەکانم بۆ لای چ چارەسازێک ببەم تا بێت بە هانامەوە و نیازم بەراوردە بکات و دەرد و برینم چارەسەر بکات، بۆیە باشترین چارەساز و پەنا و فریادڕەسێک کە هانای بۆ ببرێت، تەنها خوای میهرەبان و بەدیهێنەری جیهانیانە.

منیش وەک بەندەیەکی نیازمەند و دەردەدار و بە کۆمەڵێک دەردی دڵ و نیاز و کەموکورتی ماددی و مەعنەوی و جەستەییەوە، لەگەڵ هەموو نیازمەند و دەردەدارەکاندا ڕوو دەکەمە دەرگای ڕەحمەتی ئەو خوا میهرەبانە باڵادەستە و پڕ بەدڵ دەپاڕێمەوە و دەڵێم:
ئیلاهی! کە تۆ پەنامی.. کە تۆ تاکە هانامی.. کە تۆ فریادڕەس و جێی هیوامی، چیم داوە لە پەنا و هانا و فریادڕەسە بێدەسەڵات و لەرزۆکەکان؟! چیم داوە لە فریادڕەسە بێدەس و بێدەسەڵاتە کاتی و درۆینەکان، لە پەنا لەرزۆک و ڕزیوەکان.. لە هانا بەرژەوەندیخوازەکان؟!

پەروەردگارا! ئەرێ‌ کەی منی بەندەی موشتاقت عابیدانە هاتوومەتە دیوانت و مێوانداریت نەکردبم؟! کەی وەک بەندەیەکی نیازمەند هانام بۆ هێناویت و پەنات نەدابم؟! کەی وەک بەندەیەکی زۆر موحتاجت داوام لێکردوویت و نیازت بەراوردە نەکردبم و خواستەکەمت بەدی نەهێنابێت؟! کەی وەک بەندەیەکی نەخۆش و بیمار، دەرد و نیازەکانمم بۆ باس کردوویت و نازت نەکێشابم و تیماری دڵی بریندارمت نەکردبێ‌؟! کەی دڵم ڕەنجاوە و لەگەڵت کەوتبمە ڕاز و نیاز و دڵنەواییت نەکردبم و دڵی شکاومت ساڕێژ نەکردبێ‌؟!

خوایەگیان! کەی لە بیابانی ژیانی دونیادا تەنها کەوتووم و هەستم بە بێ‌ کەسی و تەنیایی کردووە و دڵداریت لەگەڵ نەکردبم و دڵمت بە زیکر و یادت ئاوەدان نەکردبێتەوە؟! کەی ڕۆژێک بە دڵ لێت پاڕاومەتەوە و دڵمت ئاسودە نەکردووە؟! کەی دەم و زمانم بە یاد و زیکری ئارامبەخشت پاراو کردووە و زمانت شیرین نەکردووم؟! کەی چاوم لە ڕەحم و بەزەیی و سۆز و دەسەڵاتت بڕیوە و نیگای ڕەحمەتت لێ‌ نەگرتووم؟!

ئیلاهی! کەی هەنگاوێک بەرەو ڕووت هاتووم و سەدان هەنگاو نەهاتبیت بە پێشوازیمەوە؟! کەی بستێک لە زەوی بەرز بوومەتەوە بۆ لای دیوانت و تۆش خوایانە فەرسەخێک لە ئاسمان و لە عەرشەوە نەهاتبیتە خوارەوە بۆ ئەوەی بەرزترم بکەیتەوە؟! کەی دەستە لەرزۆکەکانمم بۆ لات بەرز کردووەتەوە و بە دەستە پڕ لە سۆزەکانت دەستمت نەگرتبێت؟! کەی دەستی خاڵیم بەرز کردووەتەوە بۆ ئاستانەی ڕەحمەت و خەزێنەی فراوانت و پڕت نەکردبێ‌ لە ناز و نیعمەتت؟! کەی پێویستم بە ڕوناکی بووە و ڕێگەکەمت نەکردووەتە چراخان؟! کەی شتێکی باش هەبووە بۆ ژیانم و ـ تەنانەت بەبێ‌ ئەوەی خۆم بزانم و دەرکی بکەم ـ تۆ بۆمت دەستەبەر نەکردبێت؟! کەی داوای خۆشەویستی و عیشقی تۆم کردووە و وەک تاوی باران نەتباراندووە بە سەر مەزرای وشکەوەبووی دڵ و دەروونمدا؟!

دەسا خوایەگیان! ئەی میهرەبانی حەکیم و تەبیب و چارەسازی بێ‌ چوون! هەرچی بەباش دەزانی بۆ دونیا و دواڕۆژم بۆم بێنە پێش، وام لێبکە کە خۆت پێتخۆشە و دەتەوێ‌ ئەم بەندە موحتاج و موشتاقەت بەو چەشنە بێت، بمکە بە بەندەیەکی خواناس و خواپەرست و خوادۆستی حەقیقی.. ئامین.. ئامین.

مودریک عەلی عارف

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
sozimihrab
برچسب ها

نوشته های مشابه

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود

همچنین ببینید

بستن
بستن