اصولفقه

ئەوەش دەمە تەقەیێک ، دەردە دڵ لەگەڵ تووتن

۱ـ ئەی تووتن تۆ چیت ماڵ وێران کەری
بۆ کوشتنی من زوو هەڵمەت بـــــەری.
۲ـ ددانی جوانم ئەتۆ وەرانــــــــــــدت
چێژی نێو زارم ئەتۆ فەوتانــــــــــــدت
۳ـ سمێڵی گەشم زەردو ناشریــــــــــن
بە دووکەڵی تۆ، لێت ببێ نەفـــــــرین
۴ـ لێوی سوورو جوان، ڕەش‌و نالەبار
تفی ناو زارم تاڵ (وەک) ژەهری مــار
۵ـ سوورێچکەو سنگم ڕەش وەک دەوار
جیکەڵدانەکەم زامدارو بیمــــــــــــار
۶ـ قڵخەو بەڵغەمم هەناسەی بەنـــــدم
تەپەی نێو دڵـــــــــــم خەوی لێ سەندم
۷ـ کونی سیپەلکم هەموو گیـــــــراون
ڕیخۆڵەم سستە هێــــــــــــــزی نەماون
۸ـ کۆخەی بەربەیان نیخەی سەرسینگم
لە تۆی دەزانم، گیراوی دەنگـــــــــــــم
۹ـ بە خڵتەی ئەتۆ سەرم گێژە، خــــوا
لەبەر ژاری تۆ دەروون کەمەخـــــــــوا!
۱۰ـ قڕژاڵەم بۆهات، خوێنم بوو ناپاک
سەرم خۆشەکەی بە وێنەی تریـــــاک
۱۱ـ دڵم بێ تەکان هاکا لێم وەســــــتا
مردن میوانە ئێستە نا ئــــــــــــستـــا
۱۲ـ هەر ماڵێ من بووم تۆ لێت سووتاندم
دزیت پێ کردم پەستت نوانـــــــــــــدم
۱۳ـ لە زۆر بەرافی لە جێگەی پڕبـــــار
زوو دەنگم دەدەن نەکێشم سیگــــــار
۱۴ـ بۆ ئیشتیای تۆ دەچمە دەس شۆیی
بۆ چایی خانەو جێگای فیڕۆیــــــــــی
۱۵ـ دۆست‌و هاوەڵم دوور دادەنیشــــن
لە دەست دووکەڵت دڵان بە ئێـــــــشن
۱۶ـ لەبەر تۆ خەرجی ماڵ‌و منداڵــــــــم
کەمتر بۆتەوە لەوەی بێ حاڵــــــــــــــم
۱۷ـ چاکەم پێ ناکرێ خێراتم نیـــــــــــە
نازانم چبکەم چ چارەم نــــــــــــــــــیە!
۱۸ـ خەڵکی پێم ئەڵێن: یارۆ نەزانــــــــە
ماڵی خۆی سووتان بەبێ بەهانــــــــــە
۱۹ـ پێم دەڵێن: ئەتۆ بێ ورەی ئیــــــــنا
دە تووڕی هەڵدە مەچۆ بە قیـــــــــــــنا
۲۰ـ چونکە زیانت ئەونـــــــــــــدە زۆرە
هەرچی لێی بڵێم کارم ناجـــــــــــــۆرە
۲۱ـ یاخوا هەرنەبی هاوەڵی خــــــراپ
لێم دوور وەکەوی قەڵبی وەک قولاپ.
🌿 وەڵامی تووتن🌿
۲۲ـ ئەی ئادەمیزاد ئەی خاوەن گیـــــان
هەوڵدەر بۆ تین، بۆ خۆشی‌‌و ژیــــــان
۲۳ـ ئەی ژیرو زانا ئەی خۆبـــــەزل زان
خۆتین دەر بفڕی بۆلای لامــــــــــەکان
۲۴ـ ئەتۆ دەزانی بە ئەو تەعنانــــــــــە
خۆ فریودەدەی دەگری بەهانــــــــــــە؟
۲۵ـ تا زیاتر بڵێی دەڵێم نەزانـــــــــــــی
گیرۆدەی هەواو ویستی شەیتانــــــــی
۲۶ـ ئەمن گیایێ بووم لە کێوو شاخــان
سەیرانم دەکرد وەکوو گوڵباخـــــــــان
۲۷ـ من گیایێ بووم لەو ســـەری زەوی
بێ خەم بێ خەیاڵ لە دەست ئەجنەوی
۲۸ـ بێ پرس‌و بێ ڕا تۆوی منت گــــرت
پڕژاندت تۆوم دەوری منت گـــــــــــرت
۲۹ـ لە مشتەیێکدا بێ کڵۆو بێ سەنگ
بژارت کردم بێ‌هەراو بێ دەنـــــــــــگ
۳۰ـ هەموو ئێواران وەک ئاوی بـــاران
ئاو پڕژێنت کردم بە دەستی یــــــاران
۳۱ـ کام جێگە چابوو بۆت تەخت کردم
بە کوودی حەیوان قەڵەوت کـــــــــردم
۳۲ـ دێراوت هەڵدا قووڵ‌و ڕێک‌و جوان
ئاوت بۆ هێنام لە چۆموو چاوگـــــــان
۳۳ـ شەتڵەکانی من دەستە بە دەستە
چەقاندت خێرا بەو دیدە مەســـــــتە
۳۴ـ بژارت کردم، نێوکۆڵ بە چاکـــــی
وەچەت لێ چنیم سبەینان پاکــــــی
۳۵ـ لە تەرەت دەدام واتا” ڕەش ببــــم
ڕەنگم ببزڕکێ لە کەڵک ببـــــــــــــــــم
۳۶ـ یا نە بە شیشە، یاخۆ بە شـــــریت
بەرتاوت دەدام، چاوت ببوو زیــــــــت
۳۷ـ نەکا پێ‌ڕۆیێ، نەکا مرۆڤــــــــــــێ
وەزەندەی بێنێ هەڵم گڵۆفــــــــــــــێ
۳۸ـ لەگەڵ وشک بووم لە زیندانێـــــدا
خاوت کردمەوە تا لە فەردێــــــــــــــدا
۳۹ـ بمبەی بۆ دەوڵەت بۆ پووڵ‌و پارە
خۆم پێ ڕاژێنی سبەو ئێـــــــــــــوارە
۴۰ـ کوا چاوت لێ بوو گەلت چی لێ دێ؟
چارەی چۆنەبێ، بۆ هەر ئومێــــــــــــدێ
۴۱ـ لێشت هەڵگرتم کەم‌و زۆر بۆ خۆت
تۆزت تەقاندم وەک کەواوو کـــــــــۆت
۴۲ـ بە تەتەڵەی باش، بە ئاوی تــــــرش
ئاوت لێ پڕژاندم نەم گرێ پــــــــــرش
۴۳ـ لە مەشکاڵەدا داتگرتم جــــــوان
لەوێت دەردێنام بۆ خۆت‌و میـــــوان
۴۴ـ یا لە کیسەدا، قوتووی جــــــوانا
هەڵت دەگرتم لە ناو گیرفــــــــــــانا
۴۵ـ یان بە سەبیلی، یا بە قلیانـــــــێ
یا بە پەڕەی پاک وەک گوڵی بانـــــێ
۴۶ـ دەم پێچێتەوە بە شەمچەو چەرخ
بە پشکۆی ناسک خۆش دەکەی مرخ
۴۷ـ ئێستاکە دنیا گەلێ گــــــــــۆراوە
سیغاری جۆرجۆر نیشــــــــــان دراوە
۴۸ـ ئەویانە زەڕە! ئەمیان زەڕیــــــنە!
ئەویانە تیرە! ئەمــــــــــیان نەرمینە!
۴۹ـ دەیان جۆری‌تر بۆ بازار گەرمــــی
دێننە بازار، زۆر بەبێ شەرمـــــــــــی
۵۰ـ بە فیزودەمار دووکەڵم دەمـــــژن
بۆ خۆشی خۆتان ئەمــــــن دەکوژن!
۵۱ـ منم تاوانبار یا ئەتۆی مـــــــرۆڤ؟
هەمە لەدەس تۆ هەزار ئاخ‌و ئـــــۆف
۵۲ـ کەی دووکەڵ کێشان شیاوە شیاو؟
وا بە عەیب‌وعار لە من دەکەی قــــاو!
۵۳ـ دە مەم سووتێنەو وردو خاشم کە
بۆ میکرۆب کوشتن تۆ لە کارم کـــــــە
۵۴ـ بۆ خوری، بۆ موو، بۆ بەرگی مەرەز
لە کارم بێنە قەت نەبـــــــــــی وەڕەز
۵۵ـ لە کارم بێنە بۆ جێگەی کێــــچ دار
بۆ قڕنوو گەنە زامی کرمـــــــــــــــدار
۵۶ـ یا بەپێی زانست بزانە خــــــــودا
بۆ چەن کەلکی چاک بردمیە مــــەودا؟
۵۷ـ ئەتۆ هەر ئاوای! مەغـــروورو ڕازی
بۆ قازانجی خۆت، بۆ خۆتی قــــازی
۵۸ـ لەبەر دەس شەیتان، هەواوو هەوەس
کزوو زەبوونی، نایڵێی بە کـــــــــــەس!
۵۹ـ نە تەنیا بۆ من بە تاوانبـــــــــــــاری
قەزاوەت دەکەی بە شەرمەســـــــــاری
۶۰ـ ئەتۆم، هیدرۆژن، ئاسن‌و فافـــــۆن
مس‌و کانی‌تر، لە تازەو لە کــــــــــــۆن
۶۱ـ بۆ چاکه خۆڵقان، کەچی تۆی نەزان
بۆ مرۆ کوشتن! دەستت تــــێ وەردان!
۶۲ـ هەر وایە ترێ‌و خەشخاش‌و میوە
هەرچی خوڵقاون سەرپاکت دیــــــــوە
۶۳ـ کەچی تۆ کەڵکی تریاک‌و مۆرفین
ئارەق‌و ئیتر لێی دەکەی یەقیــــــــــن
۶۴ـ بە وەش نابەزی بە جندە بــــــازی
بە لۆتی گەری دڵـــت بـــــــــــوو ڕازی
۶۵ـ بە نێو ئازادی، بە نێو وریــــــــایی
بۆیە دوڕندە، وەحشی دنــــــــــــــیایی
۶۶ـ سەرباقی هەموو ژیریت کــــە لانا
عەیب دارت کرد خودای تەوانــــــــــا
۶۷ـ بە یاســـاو دادی ناڕازی، لەولاش
خۆت پێ زانایە نەزانــــــــی قەلاش؟
۶۸ـ ببوورە، گەورەم قسەم کەڕووکە
لەگەڵ نەزانە، لەگەڵ چــــــــــڕووکە
۶۹ـ لەگەڵ ئەوەیە بۆ یاسای خـــودا
ملی کەچ نییە لە دین بۆ جـــــــــودا
۷۰ـ ئینا ئەوانەی پەیڕەوی دینـــــــن
کەی لەسەر ڕێگای دێوی لەعیـــــنن؟
۷۱ـ دەتۆش باوەکو هەتاکوو ئێستا
کەچ ڕەویت بووبێ لە قەرنی بیستا
۷۲ـ کەمێ بیروەکە لە چاک‌و خــــراپ
هەروا دامەچۆ بە قەڵبی‌و قـــــولاب
۷۳ـ بزانە بۆچی ئەتۆ خوڵقـــــــــاوی؟
بەس بۆ ڕێگەی چاک ئەگەر پیــــاوی
۷۴ـ کەڵک وەرگرە لەم بوونـــــەوەرە
بەو جۆرەی بۆ تۆ بەس بەهـــره‌وەرە
۷۵ـ بە ودمی خودا خاوەنی موڵـــک
ئنجا لە گشت شت دەبینی کەڵـــــک
۷۶ـ ئەمنیش یەکێکم لە بـوونەوەران
کوانێ بێ کەڵکم تا وابێ قەیـــــران؟
۷۷ـ بێ شک بزانە گەر تۆ زانابـــــــــی
لەم جیهانەدا بەو شێوە نابــــــــــــی
۷۸ـ خودای تۆ، بۆیە پێغەمبەرانــــــــی
بە یاساوە ناردوە، ڕێگە بزانـــــــــــــی
۷۹ـ خۆشبەخت‌و ڕازی لە خۆو ژیانت
لە تاوان دووربێ تەرم‌و گیانــــــــــت
۸۰ـ نەک بەهەوای‌خۆت‌نەوسی‌سەرکێشت
هەرچی بۆت گونجا بیهێنیە پێشت!
۸۱ـ موسوڵمان وایە بیــــــرو باوەڕی
بە یاسای خودا دەکــــــــــــا داوەری
✍️ داوەری نووسەر✍️
۸۲ـ ئەی برای ئازیز مەردی موسوڵمان
وەک مەردی ئازا گوێ بگرە بۆمـــــان
۸۳ـ بە ئاوەز بڕۆ چاو لەئەم مەکـــــە
لە ئەو مەڕوانە غروور کەم وەکـــــە
۸۴ـ تووتن گیایێکە بێ هێزو زەبوون
بێ دەسەڵاتە لە چەرخی گـــــردوون
۸۵ـ تۆی زاناو بەهێز، زەوی‌و ئاسمان
لەبەر دەستت‌دا بۆ خۆشی‌و ژیــــان
۸۶ـ بە ودمی خاوەن خودای مێهرەبان
کەڵک وەرگرە نابی پەشیمــــــــــــان
۸۷ـ ڕاستەکا تووتن، خودای تەوانـــا
بۆ چاکەی خوڵقاند گەر هەتە زانـــــا؟
۸۸ـ کەی بەجێیە تۆ دووکەڵی بمژی؟
خۆ تۆی بێ خەتا بە ژاری بــــــۆ کژی؟
۸۹ـ بە فیرۆ دەرۆی ماڵ وێرانەکــــــەی
کەچی واش ئەو خەتابارەکـــــــــــەی
۹۰ـ کاری خۆکردی تاوان لە خۆیــــــە
خۆ فریونەدا ئەو ڕەنجـــــــــەڕۆیــــە
۹۱ـ دە دەست هەڵگرە لەم ئیشە پەستە
گەر ویستی ڕاســــت بۆ تۆ مەبەستە؟
۹۲ـ خۆتی تاوانبار چونکە بـــــۆ خودا
ملت کەچ نییە لە حەق بووی جوودای
۹۳ـ خەریکی بەشتێ جگ لە بەدبەختی
بەرووبووی نییە، دەژی بە سەختی
۹۴ـ هەتاکوو وابی لە هەردوو دنیــــا
مستەخەساری ببە دڵنـــــــــــــــــــیا
۹۵ـ بۆیە موسوڵمان دەڵێ: دڵنـــــــیام
تەنیا ڕێی خودا بۆ ژیرە مــــــ‌‌ــــــەرام
۹۶ـ بۆیە (دەربەدەر) دەڵێتن: تــووتن”
لە داخی مرۆڤ حەقیەتی ســــــووتن.
🦋 و صلی الله علی سیدنا محمد و علی آله و ٲصحابه و ٲتباعه ٲجمعین ٳلی یوم الدین. 🦋
✍️ لە ڕێکەوتی ۱۳/ خەزەڵوەری/ ۲۷۱۸ کوردی تەوام بووم لە نووسینەوەی نامیلکەی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستای بەردەڕەشی بانە مەنشوور بە

عەللامە بەردەڕەشی.

سەعدی مرادی🎍

از طريق
سعدی مرادی
منبع
سوزی میحراب
برچسب ها

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود
بستن