تاریخ

با له هاوسه رگیری پێغه مبه ری خۆشه ویستمان فێر بین

 لەهاوسەرگیری خۆشەویستمانەوە فێر بین

ماوەیەکی زۆر بوو پرسیارێکم بۆ پێش هاتبوو کە دەمویست خۆم بە لێکۆڵێنەوە لەو بابەتە، بە وەڵامێکی دڵپەسەند بگەم و ئێستاش پەروەردگار ئەو دەرفەتەی پێ بەخشیوم کە کار لەسەر ئەو وتارە بکەم و پێشکەشتانی بکەم.

پرسیاری من ئەوە بوو کە یەکەمین دایکی موسوڵمانان و یەکەم کەسێک کە هاتە سەر رێی ئیسلام، خاتوو خەدیجە(خوا لێی ڕازی بێت) کچی خۆوەیلێد بە تەمەنی ۴۰ ساڵێوە، چۆن خاتوونێک بووە کە هێندە بە پاکی دە دڵی سەروەرمان حەزرەتی موحەممەد(سەڵات و سەلامی خودای لێ بێت) جێی بۆتەوە کە تەنانەت دوای کۆچی دواییشی، حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودا لە ڕووحی پاکی) هێندە بۆی بە پەرۆش بوو کە ئەگەر نێوی دەهات، فرمێسک لە چاوی پیرۆزی دەهاتە خوارەوە‌.

 بنە ماڵە و ڕەچەڵەکی

خاتوو خەدیجە کچی خۆوەیلێد کوڕی ئەسەد کوڕی عەبدولعێزا و کچی فاتیمەی کچی زائیدە بووە و سێ یا چوار دەیە پێش ئیسلام و لە ناو بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و بە ناوبانگ بە دنیا هاتووە، دەتوانین بڵێین لە ناو کۆمەڵگای ئەو زەمەنە، وەک شازادەیەک بووە و بە بانووی قوڕەیش ناویان بردووە.

 خاتوو خەدیجە پێش ئیسلام

خاتوو خەدیجە پێش ئیسلام، خاتوونێکی بەشەڕەف، داوێن پاک و سەوداگەرێکی دەوڵەمەند بووە و بە دامەزراندنی گەنجان و بازەرگانی، بژێوی ژیانی خۆی و گەنجانی دامەزراوی دابین کردووە.

هاوسەرگیری خاتوو خەدیجە

زانایانی ئایینی لەسەر ئەو بیر و ڕایەن کە خاتوو خەدیجە پێش حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) هاوسەری هێند کوری نەباش بووە و هێندێک لە زانایانیش ڕایان وایە کە خاتوو خەدیجە پێش سەروەرمان(سڵاوی خودای لێ بێت) سێ جار هاوسەرگیری کردووە.

 هاوسەر گیری ئەو خاتوونە بەڕێزە دەگەڵ حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) بەو شێوەیە بووە کە، دوای ئەوەیکە خاتوو خەدیجە، حەزرەتی موحەممەدی(سڵاوی خودای لێ بێت) بە ئەمیندار و ڕاستگۆ و پاکداوێن دەناسێ، ئەو بەڕێزەی بە ئەمینداری ماڵی خۆی دانا و بۆ سەفەرێکی بازەرگانی دەگەڵ غولامی خۆی بە ناوی مەیسەرە بۆ شاری شام دەنێرێ.

دوای گەڕانەوەیان لە شام و گوێبیس‌بوونی خاتوو خەدیجە لە بابەت ئەمینداری حەزرەتی موحەممەد(سلاوی خودای لێ بێت) بڕیاری خۆی سەبارەت بە هاوسەرگیری بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بە حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) ڕادەگەیێنێ و حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) بە دڵەوە قەبووڵی دەکا و لە ساڵی۶۱۸ زایینی کاتێک خاتوو خەدیجە تەمەنی ۴۰ ساڵ و حەزرەتی موحەممەد  ۲۵ ساڵی بووە، هاوسەرگیری ئەو دوو بەڕێزە ڕێکدەخرێ.

رێ و شوێنی هاوسەرایەتی خاتوو خەدیجە لە ژیانی حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت)

جار و بار لە ژیانمدا دیتوومە کە کاتێک گەنجە لاوێک بڕیار دەدا کە لەگەڵ خاتوونێکی گەورەتر لەخۆی هاوسەرگیری بکات، هەر چەند خۆیان بەو بڕیارە گەییشتوون کە دەتوانن یەکتر بەختەوەر بکەن و داهاتووی ژیانیان لە لای یەک بەختەوەرانە دەبێت، بەڵام گەورەکان و دایک و بابەکان ڕێگری دەکەن و هەندێک جار ئەوندە دە گوێی کوڕ و کچەدا دەخوێنن کە ئەو کارە هەر نەبووە و نابێ و بە هەندێک ڕێنموونی هەڵە بۆ نموونە: ئەو کچە لە تۆ گەورەترە و شایەد نەتوانێ منداڵی ببێ، دڵی دوو گەنجان لە یێک سارد دەکەنەوە و پێیان وایە زۆر کارێکی دروستیان کردووە و بێ ئەوەیکە بیر لەوە بکەنەوە کە سەروەرمان حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) کاتێک گەنجێکی جوان و ڕێک‌وپێک بووە، لەگەڵ خاتوونێک هاوسەرگیری کردووە کە تەقریبی ۱۵ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە و یەکەم هاوسەری بووە کە بە نرخترین کاتەکانی ژیانی لەگەڵ ڕابواردووە و لە نیوان ۹ خێزانی بەڕێزیان تەنیا لە خاتوو خەدیجە خاوەن ۲ کوڕ بە نێوەکانی عەبدوڵڵا و قاسم و ۴ کچ بە نێوەکانی ڕوقەییە، ئوممە کولسووم، زەینەب و فاتیمە دەبێ و لە خێزانێکی تریش بە نێو ماریە تەنیا یەک کوری بە نێوی ئیبڕاهیم دەبێ، دە حاڵێکدا کە خاتوو عائیشە کە بە تەمەنێکی کەمەوە خێزانی حەزرەت(سڵاوی خودای لێ بێت) بووە، پەروەردگار هیچ ئەولادێکی پێ نەبەخشیون.

دوای هاوسەرگیری، ئەو خاتوونە ماڵ و دارایی خۆی بە دڵەوە بە هاوسەرەکەی، حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) دەبەخشێ؛ بە پێچەوانەی ژنانی ئێستا کە بە داهات یا ماڵێکی کە بە دەستیان دەگات، مننەت دەکەن و ژیان لە خۆیان و هاوسەریان دەشێوێنن.

خاتوو خەدیجە هەمیشە دەستی دە کاری خێر و هەتیونەوازی دابووە و هیچ چاو لەدەستێکی نائومێد نەکردووە، هەر وەکوو سەبارت بەو ڕووحی خێرخوازیە، چەندین نێو و لەقەبیان لێناوە وەک، دایکی هەتیوان یا دایکی بێپەنایان، تا ئەو جێیەی هەموو ماڵ و سەروەتی دە ڕێی دین و ئایینێکی کە هاوسەری خۆشەویستی پێی ناساندووە، خەرج دەکات، تەنانەت پێش موسوڵمان بوونیشی بە نێوی تاهیرە، موبارەکە و سەییدە بانوو دەناسرا. بەپێچەوانەی خاتوونەکانی ئێستا کە ماڵی خۆیان لە ماڵی هاوسەریان بە جیا دەزانن، ئەوەش دەبێتە هۆی زۆرێک لە ناکۆکییەکانی ژیانی هاوبەش.

  خاتوو خەدیجە یەکەم کەسێک بووە که هاوڕێیی و هاوبیری پێغەمبەری ئازیزمانی کردووە و ئەو کاتانەی کە حەزرەت بۆ ماوەیێکی زۆر لە ئەشکەوتی حیڕادا دەماوە و گۆشەنشینی دەکرد بۆ عیبادەتی باری تەعالا، خاتوو خەدیجە بێ ئەوەیکە سکاڵا لە ژیانی بکا و دڵی هاوسەری بڕەنجێنێ یا خود لە ڕێبازی گرینگی بیگێرێتەوە، تەنیا بە پشت گرتنی و وەفاداری، توانی دەو ڕێیەدا ببێتە هاوڕێ و یاری شەفیعی پێغەمبەری ئازیزمان(سڵاوی خودای لێ بێت). بەپێچەوانەوە زۆرێک لە خاتوونە بەڕێزەکانی سەردەمی ئێستا کە لە کاتی تەنگ و چەڵەمەکانی ژیاندا هیچ تاقەتیان نییە و زوو بەرەو مەودای هەڵوەشاندنی ژیانی هاوبەشیان دەچن؛ بێ ئەوەیکە بیر بکەنەوە کە ژیان لە هەر کوێیێک یا هەر سەردەمێک یا خود هر بنەماڵەیەک، فەقیر بێ یا دەوڵەمەند، کێشە و گرفتی دەبێ و مرۆڤ دەبێ لە ساتەکانی گرفت بەهێز و بوێر بێت و بە شێوەیەکی ژیرانە کێشەکان وێڕا هاوبەشی ژیانی چارەسەر بکەن.

کاتێک لە کۆمەڵگای ئەو زەمەنە هەموو کافرەکان بۆ لە ناوبردنی سەروەرمان موحەممەدی موستەفا(سڵاوی خودا لە ڕوحی پاکی) دەستیان دابۆ دەستی یێک، ئەوە خاتوو خەدیجە بوو کە پشتگیری کرد و چۆن خاتوونێکی بە ناو بانگ بوو و قوڕەیش حیسابیان لێ دەبرد، نەیاندەتوانی زەفەری پێ ببەن.

خاتوو خەدیجە یەکەم خاتوون بووە کە لە پشت سەری هاوسەرەکەی، حەزرەتی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت) نوێژی کردووە، دە کاتێکدا کە هەموو قوڕەیش و دانیشتووانی مەککە زەمیان دەکرد و دوژمنی بوون. هەر بۆیەش شەفیعی مەحشەرمان دەفەرموێ: چاکترین خاتوونەکانی بەهەشت ۴ خاتوونن، مەریەم کچی عیمڕان، ئاسیە کچی مزاحم، خەدیجە کچی خۆوەیلێد و فاتیمە کچی موحەممەد(سڵاوی خودای لێ بێت).

خاتوو خەدیجە تەنیا خاتوونێک بووە کە لە لایان خوداووە کاتێک کە حەزرەتی موحەممەد لە مێعراج دەگەڕێتەوە، سڵاوی بۆ ناردراوە.

خزمەت، لایانگری و دڵگەرمییەکانی خاتوو خەدیجە بە هاوسەری خۆشەویستی و دینی پیرۆزی ئیسلام، ئەوەندە زۆرن کە بە قەڵەم و کاغەز دە بەیان و نووسین نایەن، هەر ئەوەندەی پەروەردگارمان دە بەیانی ئەو بەشە لە خزمەتکارەکان بە دینی خۆی دەفەرموێ:‏ «وَالسَّابِقُونَ السَّابِقُون» (الواقعە:۱۰) واتە: «پێش هەنگاوان و پێش قەدەمان دە خێرات و چاکەکاری  لە نیزیکانی پەروەردگارن و جێی و ماوەیان بەهەشتە»، کە خاتوو خەدیجە لە ڕێی ئیسلام یەکەم کەس لە السابقون دەژمێر دێ.

ئەو بابەتە بۆ من جێی سەرسووڕمانە کە قانوون و یاسایێک کە دە هیچ یەک لە کتێبە ئاسمانییه‌کاندا یا لە یاسا و ڕێسای هیچ وڵاتێکدا نەهاتووە، بە چ شێوەیەک لە نێو کۆمەڵگاکان و چوار قوڕنەی دونیا بۆتە باو، کە دەبێ حەتمەن پیاو لە ژن گەورەتر بێ!!

یاسایێکی ئاوا جێی سەرسووڕمانە، بۆ چی دونیا لایانگری ئەو یاسا هەڵەیە دەکات و ئێمەش چاومان لێ پۆشیوە!!

کێشە چییە کاتێک دوو گەنج بەو بڕیارە گەییشتوون کە خۆشەویستییەکی ژیرانە دە نێوانیاندا هەیە و دەتوانن مایەی خۆشبەختی و سەعادەتی یه‌کتر بن، قۆڵی هیممەتیان بۆ هەڵنەماڵین!!

با بەس بێ کورت بینی و چاوپۆشین لە زۆرێک لە یاسا هەڵەکانی دوونیایی وەک پێش ئیسلام، زۆرێک لە حەڵاڵەکانیان لە خۆیان حەرام کردبوو، بێ ئەوەی کە هیچ تێبینییەکیان لەسەر هەبێ. با بەس بێ قسە و باس دە کۆمەڵگادا کە بۆ چی فڵانە کوڕ فڵانە کچەی دەستنیشان کردووە بۆ ژیانی هاوبەشی کە لە خۆی گەورەترە! یا پێشتر لە هەموو پریسیارێک دەپرسن کچە یا بووکە خان تەمەنی چەندە!!!

بە هیوای داهاتوویەکی گەش و ورد بینییەکی شارەزایانە لە یاسا هەڵەکانی دونیایی.

نووسەر: مینا قرنی دولت آباد
پێداچوونەوە: حسن زادە

برچسب ها
نمایش بیشتر

مینا قرنی دولت آباد

استان آذربایجانغربی - مهاباد نویسنده و مترجم دارای ذوق شعر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن