دل نوشتهکوردی

برسیایەتی !

“” بۆ برسیایەتی بەرۆکی مرۆڤ بەرنادا ؟! 

کۆمەڵگا لەچین و تۆیژی جۆراوجۆر پێک هاتوە ،هێندێک بەرز دەرواننە ژیان و هێندێک سروشتێکی سەرەڕۆیانەیان هەیە و تاقمێکیش بێ خەیاڵن و سەریان ناوەتە ناو کۆشی خۆیان.

ئینسان بۆ ڕزگاری لە مەرگ،خۆ بەئاو ئاگر دادەدا و هەوڵ دەدا کە خۆی و خێزانی بمێنن و نەکەونە بەر دەدانی تیژی مەرگ و نەمان.
ژیان و هەناسەکێشان، چەمکێکی مرۆڤن، لەپێناوی دا هەوڵدەدا ،شەڕدەکا،دەپچڕێنێ،زۆرجار کاری نامرۆڤانە دەکا.دەکووژێ، خوێن دەڕێژێ و دەچەوسێنێتەوە.
پێک هاتنی حکوومەتەکان لەبەر مانەوە و نەفەوتان پێک هاتوون جاهێندێک ڕەسمەی دەسەڵات بەرنادەن و زۆرێکیش بەدەستی خەڵک، دێنە سەر تەختی دەسەڵات.

کومەڵگا بۆێە ئاوساری ڤودرەتی لەئەستۆی حاکمان کرد هەتا بتوانن وەک دامەزراوە و یاسا
،بەکاروباری ئابووری و بەرژەوەندی وڵات ڕابگەن.
بەڵام بەدرێژایی مێژوو ،هەرتاقمێک کە هاتوونە سەرکورسی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی، لەکەری شەیتان دانابەزن و بەجێی ناهێڵن. کاربەدەست گرتن هێندەشیرن و بەتامە بەدڵ و بەگیان و هێزی سەربازی، پارێزگاری لێدەکەن. سامان و دارایی و نامووس و شەڕەفی خەڵک،بە شەش دانگی مڵکی خۆیانی دەزانن.

زۆربەی تێهەڵچوونەکانی خەڵک و حکوومەتەکان، لەسەر ماڤ زەوت کردن و دەسەڵاتە..داگیرکردن و عەمبارکردنی خێرو بێری وڵاتان لەلایەن کاربەدەستان پەتای هەژاری و نەگبەتی و برسیایەتی بەدوو دایە هێندێک تێرو تەسەل و زۆربەش لەبرسان نیوەمردوو و ڕەق هەڵگەڕاون.
تەمەنی برسیایەتی گەلێ زۆرە شان بەشانی مێژوو پەلی کێشاوە.گەدەزلی وتێرنەخواردنی تاقمی کاربەدەست و دەورو بەریان، بێ بەشی زۆرینەی لێدەکەوێتەوە.

چڵپاوخۆری وزگ هەڵدڕاوی هێندێک مروڤی بێ ویژدان،دەبێته بێ بەشی و هەژاری زۆربەی مرۆڤی دەستکورت.کانزا ژێرخانیەکان و بازرگانی و بەشی ئابووری هێندە زورن کەبەشی ملێونەها ساڵی دیکەش دەبن.
بەگەشەکردنی پیشە سازی هێندەی دیش بەرهەم و پیت و بەرکەت بەسەر دونیادا ڕژاوە بەڵام کردەوەی تێر نەخۆرەکان وای کردوە کە زۆرینەی خەڵک لە خۆشی بێ بەشن.
لەزۆربەی وڵاتاندا تاقمی دەسەڵات و گیرڤان ئاوس و چاوچنۆک، دەستیان داوەتە یەک و قوڕگی ئاپۆرەی گەلیان گڕتوە و ژیانیان پێ ڕەوا نابینن.بەنێو ناتۆرەی جۆراو جۆر، لە هێڵی سووری سامان ودارایی و دەسەڵات، دووریان دەخەنەوە.

بەشێک لەهەژاران لەبەر بێ ئاگایی و نەزانین برسین و دەبێ یارمەتی بدرێن بەرەو خۆشی هەنگاو هەڵێنن چوونکە پشتیان چەمیوەتەوە..ئەرکی کاربەدەستانە کە بتوانن لەو زەلکاوە نەخوازراوە ڕزگاریانکەن.بەشێکیش لەلایەن دەوڵەمەندانەوە دەچەوسێنرێنەوە و بەشێکیش لەلایەن دەوڵەت و دام و دەزگا حکوومیەکانەوە هەلی ژیانی باشیان بۆ ناڕەخسێ.
بەلێکدانەوەیەکی ساویلکە بۆ مانای دەوڵەت و یاسا،هەرسێک ئەرکەکە کاری دەسەڵاتدارانە چوونکە ئەو باوکی گەلە و دەتوانێ بەیاسای ڕێک و پێک ، هاووڵاتی خۆی یاریدە بدا ژیانێکی خۆشیان بۆ بڕەخسێنێ. هەم خۆی مافی ژێر دەستانی زەوت نەکا هەم پێش بە دەوڵەمەند و کاربەدەستان بگرێ کەنەهێڵن دژی گەل بن .
دونیای ئەڕۆ لەسایەی ئینێرنێت وپیشەسازی و خێرایی هاتوو چۆ و ڕاکەیاندنەکان، هێندە بچووک و لێک نێزیکە کە گوندێکی بچکۆڵەی دەشوبهێنن.

تیشکی ڕۆشەنبیری لەسێبەری ڕاگەیاندنە گشتیەکان، کەلێن و قوژبنی تاریکی و تەڵەمی لەدونیادا نەهێشتوون و بۆتە هۆی چاوکراوەیی و زبرو زرینگی گەلانی جیهان.
جا ئەگەر چاوچنۆکی و چەوسانەوەی دەسەڵاتدارانی حکوومی وخاوەنانی پووڵ وپارە نەبێ کوا ڕەوایە لەو چاخە ڕەنگینە دا کەزانیاری و پیشەسازی سەروەرن هێشتا مۆتەکەی برسیایەتی دەبێ بەرۆکی مرۆڤ بگرێ و بەرەو تەلەسمی هەژاری و لێقەوماویان بەرێ؟
ئەی ئەرکی دامەزراوەکانی وەک ماڤی مرۆڤ و بەرابەری چیە؟بەچ پێوەرێک درووشمی قەڵەو پڕ بەزار بەرزدەکەنەوە و ئاڵای سەروەری هەڵدەدەن؟

زۆر جار قسەو وهەڵوێست و کردەوەکانیان دژایەتی پێکەوە هەیە.ئەگەر لەوڵاتێک کارێک بەپێچەوانەی بەرژەوەنی و کزی دارایی وگیرفانیان بێ زۆر بەخێرایی بەهێزی چەک و دانووسان ڕادەپەڕن و گورزی کارێگەر دەوەشێنن.
ئەی بۆ لەزۆربەی وڵاتان کە خەڵکی هەژار بەدەست کاربەدەستانیان دەناڵێنن و دونیایان لێ بۆتە دۆزەخ، خۆی تێهەڵناقوتێنن؟بە بیانووی دەست تێوەرنەدان لەکارو باری ناوخۆیی خۆی لێ گێل دەکەن و وەسەرخۆی ناهێنن.
بەهیوای ئەو ڕۆژەی برسیایەتی بارگەو بنەی خۆی لەناو مرۆڤ باربکا و بۆ هەمیشە نەگبەتی و نەگریسی بەرۆکی هەژاران و لێقەوماوان بەربدا.

ئەوە تەنیا ئامانج و خولیای سەرەکی زۆربەی پیاوان و ژنانی دڵسۆزو بەئەمەگ و مرۆڤ دۆستە کە لە گەلێک وڵاتانی ئازادی خوازی جیهان ،وەدی هاتوە .
هیوامان وایە پڕیشکی بەرابەری و تێرو تەسەلی و سەروەری، بپڕژێتە زۆربەی وڵاتانی هەژارو چەوساوەی دەستی دیکتاتۆڕەکان.
جەهانگیربابایی ـ سەردەشت

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا