اصولعبادات

بۆچی بچین بۆ حه ج؟!

حج

زۆر جار لە نێوان نەیارانی دینەوە قسە و باس و ناکۆکی لە بارەی زۆرێک لە یاسا و ڕێسا بنەڕەتییەکانی دینەوە یا خود زۆرێک لە ئایاتی قوڕئانیەوە دەکرێ و زۆر کەس بەو قسە و باسانە بە تایبەت لەو دەمەوە کە تۆڕە کومەڵایەتییەکان هاتوونە کایە و مرۆڤ بۆ پەیوەندییەکانی تەنانەت لەگەڵ ئەو سەری دونیاش کێشەی نابێ، ڕێیان لێ ون بووە و لە دین و ئایینی ئیسلامی پیرۆز کشاونەتەوە.

             بۆچی حەج!!!

یەکێک لەو ناکۆکیانە ئەوەیە کە بۆ حەج!؟ کاتێک لە جیرانەتی خۆمان یا لە دۆستان و ئاشنایانمان ئی ڕووت و برسی زۆرن، حج بۆ!؟ بۆ چی ئەو هەموو پووڵە بخەینە ناو گیرفانی عەڕەبەکان!!!

ئەو قسە ئەگەر بە تێڕوانینێکی ژیرانەوە لێی بڕوانین ڕاستە، تا ماڵێکی هەژار لە جیرانەتیمان هەبێ یا ماڵ و داراییمان لە (حَقُ الناس) واتە مافی مرۆڤ، جا چ بنەماڵەی خۆت بێ یا کەسی ئاسایی دیکە خاوێن نەکرابێتەوە، ئەوە حەجی ئێمە
درووست نابێ.

هەر وەک هەموومان دەزانین خوای گەورە ئەرکێکی گرینگی لە سەر شانی هەموو موسوڵمانێک داناوە کە ئەویش ئەرکی زەکاتە، کە هەموو ساڵێک هەر کەسێک بە پێی توانای دارایی و موچەی مانگانە و کشت و کاڵ و باغداری و…ی کە هەیەتی، دەبێ بەشێک لە داهاتی ساڵانەی خۆی بە نێوی زەکات بدات بە فەقیر و هەژاران، ئەو بەشە شتێکی زۆر و ئەوتۆ نییە کە قورسایی بخاتە سەرشانی بڕوادار و لە هەمبەر بەجێهێنانی فەرمانی پەروەردگاریشمان کە بەڵێنی چەندین بەرامبەری داوەتەوە، هەر وەبەر چاویش نایەت. زەکات واتە گەشەکردن و زیادبوون و خاوێن بوونەوەی ماڵ.

۞إِنَّمَا ٱلصَّدَقَٰتُ لِلۡفُقَرَآءِ وَٱلۡمَسَٰکِینِ وَٱلۡعَٰمِلِینَ عَلَیۡهَا وَٱلۡمُؤَلَّفَهِ قُلُوبُهُمۡ وَفِی ٱلرِّقَابِ وَٱلۡغَٰرِمِینَ وَفِی سَبِیلِ ٱللَّهِ وَٱبۡنِ ٱلسَّبِیلِۖ فَرِیضَهٗ مِّنَ ٱللَّهِۗ وَٱللَّهُ عَلِیمٌ حَکِیم۞
واتە:
  سه‌ده‌قه ‌و زه‌کات بۆ هه‌ژاران و بێ نه‌وایان و  کرێکارانی کۆکه‌ره‌وه‌ی زه‌کاتە، واته‌: ئه‌و ده‌زگایه‌ هه‌ڵده‌سێ به ‌کۆکردنه‌وه‌ و دابه‌ش‌کردنی به‌سه‌ر (صنف)ـه‌کاندا.
{والمؤلفه قلوبهم} وه‌ به‌وانه‌ی ئومێد هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا دڵیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ هۆگر ببێ، (ئه‌میر)ی موسوڵمانان ده‌توانێ دیاریی و زه‌کات و هه‌ر شتێکی‌تر کە خۆی به‌ باشی بزانێ، بنێرێ بۆ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ تا به‌شکو هۆگر ببن.

پێشه‌وا ئه‌حمه‌د و موسلیم و ترمزیی ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ سه‌فوانی کوڕی ئومه‌یه‌ گوتی: زۆر ڕقم له‌ ‌پێغەمبەر(د.خ) بوو! به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ دیاری و به‌خششی بۆ ناردم، هه‌تا بوو بە خۆشه‌ویستترین که‌سم.

{وفى الرقاب} و‌ بۆ ئازادکردنی به‌نده‌ و یه‌خسیره‌کان، هه‌تا خۆیانی پێ ڕزگار بکه‌ن و له ‌کۆیلایه‌تی ئازاد ببن.
{والغارمین} و‌ بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی قه‌رزداره‌کان، واته‌: ئه‌وانه‌ی کە له ‌خزمه‌تی ڕێگه‌ی ئیسلامدا قه‌رزدار بوون.
{وفى سبیل الله} و له‌ پێناوی ڕێگای خوادا، واته‌: بۆ ئه‌و موجاهیدانه‌یه‌ کە هه‌میشه‌ ئاماده‌ن بۆ پاراستنی سنووره‌کانی ئیسلام و ده‌چنه‌ جیهاد.
{وإبن السبیل} و بۆ ئه‌و ڕێبوارانه‌ش که‌ له‌ ڕێگادا توێشوویان لێده‌بڕێ و ناگه‌نه‌وه‌ جێگای خۆیان ‌[تەفسیری ڕامان].

بەڵام ئایا تا چ ڕادەیەک ئەو فەرمانەی خوای گەورە بەجێ دەگێندرێت؟

یەکێکی دی لە ئەرکە بەجێ‌نەهێندراوەکانی مرۆڤیمان ئەوەیە کە کاتێک پەروەردگارمان ماڵی پێ بەخشیوین و چەند نەفەرێک فەرمانبەر و ژێردەستمان هەیە، ئەو ڕێز و ئێحتڕامەی دەبێ بۆیان دانێین، داینانێین یا خود بۆ کارێکی کە دەیکات،
بەهایەکی زۆر کەمی دەدەینێ، ئەی ئایا ئەوە حەققە؟! زۆر کەس هەیە دەڵێن خۆی ڕازی بووە بەو کارە، دەیتوانی نەیەت!! بەڵام ئەی لە خۆمان پرسیوە ئەو کەسە ئەگەر ئاتاجی ئەو موچەیە نەبێ، مەجبوور نابێ بەو شێوەیە کار بکات! جاری واهەبووە خاوەن کۆمپانیا کاتی نەهار یا شیو بۆ خۆی و گەورەکانی خۆی ئەسپاردوویەتی لە دەرەوە خواردنیان بۆ بێنن، بەڵام بۆ تاکە یەک نەفەر فەرمانبەری کە لەوێ بووە، نەیکردووە خواردنی بۆ بێنێت! لە ڕووی عەداڵەت و مرۆڤایەتیشەوە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە دروست نییە. من و کۆمەڵێک لە پێش چاوی تاکە یەک نەفەر شاهانە خواردن بخۆین و ئەو تاکە کەسە برسی بمێنێتەوە. ئایا ئەوە ماڵ زیاد دەکا!! ئایا ئەوە مرۆڤایەتییە!!

دوو بنکە و پایە لە بنکە بنەڕەتییەکانی ئیسلام، بریتین لە زەکات و حەج. کاتێک قسە دەگاتە حەج و تەوافی ماڵی خودا، هەموومان وەبیر فەقیر و هەژار دەکەوین. تازە وەبیرمان دێتەوە کە لە کۆمەڵگاکەمان تەنانەت لە دۆستان و ئاشنایان چەند فەقیری تێدایە! بەڵام هیچ کاتێک بیرمان کردۆتەوە کە پەروەردگارمان بۆ لە ناوچوونی فەقیری و هەژاری ئەمری زەکاتی دەر کردووە کە ئەگەر هر کەسە لە جێی خۆی بۆ ئەو فەرمانەی خودا تێبکۆشێ، هەژاری نامێنێت. بەڵام هەرکوو قسە لە حەج کرا، بۆ لادان لە ئەرکێک کە باری تەعالا لە سەر شانمانی داناوە، ئەویش بۆ کاتێک کە ماڵ و سامان بە ڕادەی پێویست هەبێ و بۆ ماوەی تەمەنیش بەس یەک جار، هەزاران بیانوو دەبینینەوە.

ئەی بۆچی کاتێک حەقی فەرمانبەرەکانمان بە تەواوی نادەین یا بە موچەیەکی لە ڕادەبەدەر کەم دایدەمەزرێنین، ئەو کات هیچ باسێک له هەژاری نییە!؟
بۆچی کاتێک ماڵی هەژاران کە هەر ئەو زەکاتەیە کە تێکەڵاوی ماڵەکەمانە، هەژاری لەبیر دەکرێت!؟
بۆچی کاتێک ماڵی خەڵک دەخۆین  یا گرانفرۆشی دەکەین، هەژاری نابینین!؟
بۆچی کاتێک هەژارێک دێتە دەرگامان و دەستی نەداری بۆلامان درێژ دەکات، بە هەزار بیانووی پڕوپووچ بە نائومێدی بەڕێی دەکەین، هەژاری نابینین!
بۆچی کاتێک شتی ساختەیی بە دوو قات دەفرۆشین و تەنانەت دەوڵەمەند و هەژاریشمان
لەبەر چاو نییە، فەقیری و هەژاری نابینین!

بۆچی کاتێک سفرەی میواندارییەکانمان یا سفرەی شایی و زەماوەندەکانمان کولکەزێڕینەیەک لە چێشت و خواردنە جۆراوجۆرەکانە و لەو هەزار و یێک ڕەنگییە تەنانەت یەک بەشیشی ناخورێ و تەنیا بۆ نیشاندانی سەروەت و سامان و خۆپێهەڵکێشانە و هەموو ئەو خواردنانەی کە دەتوانێ زگی سەدان برسی، ئەگەر تەنانەت بۆ یەک ژەمیش بێ تێر بکات، دەچێتە ناو زبڵدانی بێ‌ئاگایی و بێ‌ئەرکی و بێ فەرهەنگیەوە و میلوێنها پارە بەو جۆرە خاپوور دەکرێ، ئەو کات هەژارانمان لەبیر نییە!!!

 لەوانەیە بڵێین حەج تەنیا پارە دە گیرفانی عەڕەب خستنە، بەڵام ئەگەر بیر بکەینەوە ئەوە خۆمان وامان لێکردووە!

بەداخەوە ئێستا زۆرێک له حاجیان کاتێک دەچنە حەج، لەبەر کڕینی سەوغات و دیاری، تەنانەت حەججەکەشیان لەبیر نامێنێ! ئێمە دەتوانین بچینە حەج و تەنانەت پارەیەکی وەها خەرج نەکەین و پارەیە بدەینە دەست خاوەن پێداویسیان.

 لە دوای ئەوانەش هەر ئەو عەڕەبەش کە قسەی لێ دەکرێ، ئەگەر ئەو حەججە نەبایە، لەوانە بوو لە برسان هەمووی فەنا ببا، چون وڵاتی وان وڵاتێکی بێ کشت و کاڵە. ئەگەر وایە ئەوەش خۆی فەقیر لاواندنەوەیە. با بیر بکەینەوە کە زۆرێک لە یاسا هەڵەکانی دونیایی، خۆمان دایدەبەزێنین نەک خودای مەزن.

بۆ بێ‌ئەمری و نافەرمانی پەروەردگارمان، شەیتان و نەوسی خۆمان هەموو جۆرە هەوڵێک دەدەن، بەڵام با جارێک بیر بکەینەوە ئەگەر هەموو فەرمانەکانی خودا بە ڕێ و جێ بەجێ بێنین، نە هیچ فەقیرێک دەمێنێ و نە هیچ کەسیش پەڵپ و بیانووی حەج نەچوونی دەبێ.

بە هیوای تێبینییەکی ژیرانە و ڕۆژگارێک کە هەموو ژیانمان بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی پەروەردگارمان تەرخان بکەین، نەک بۆ جێبەجێ کردنی خواست و فەرمانەکانی شاراوەی نەوس و نەیارانی حەق و ئیسلام.

ئامادە کردن: مینا قرنی دولت آباد
پێداچوونەوە: حسن زادە

نمایش بیشتر

مینا قرنی دولت آباد

استان آذربایجانغربی - مهاباد نویسنده و مترجم دارای ذوق شعر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا