دعوت اسلامیعبادات

بەخشیـن؛ هەوێنـی ژیانە!

عبدالله علی پور

بەخشین؛ ئەو وشەیە کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، خۆی لە فەرهەنگ و ژیانی تاک و خێزانی هەموو مرۆڤێکی به‌ویژدان زیندوو بینیوەتەوە.
لەڕاستیدا بەخشین؛ نەک هەر وەک وشە، بەڵکوو وەک حاڵەتێک کە دەکرێ بڵێین هیچ مرۆڤێک نییە لە ژیانیدا تووشی نەهاتبێ و ئەزموونی نەکردبێ، هەر بۆیە لە ژیانی مرۆڤی باوەڕدار وەک مەزنترین و به‌بایەخترین سووژە، بۆتە هێما و هەستبزوێنی هەموو مرۆڤێکی باوەڕدار. هەر لەلای گەنجی ئەوینداری کۆمەڵگەوه‌ بگرە تا دەگاتە پیرێکی بەساڵاچوو بەگشتی.

بەخشین؛ پرۆسەیەکە، مرۆڤ دەباتە مەملەکەتی ئەوین و حاڵەتی گەشەکردنی ڕۆح و سڕینەوەی غەمی ڕابردوو، بە جۆرێک تیکەڵبوونە دەگەڵ ڕەوتی ژیان و مسۆگەرکردنی یەکێتی و بەیەکەوە ژیان. خوڵقێنەری جیهان داوای لە مرۆڤی باوەڕدار کردووە ببەخشێ لەوەی پێی داوە. ئاشکرایە هەموو ئەوەی هەمانە و هەموو بونەوەر تەنیا موڵکی خوایە، خوای گەورە دەفەرموێت: «مَثَلُ الَّذِینَ یُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِی سَبِیلِ اللَّهِ کَمَثَلِ حَبَّهٍ أَنْبَتَتْ سَبْعَ سَنَابِلَ فِی کُلِّ سُنْبُلَهٍ مِائَهُ حَبَّهٍ وَاللَّهُ یُضَاعِفُ لِمَنْ یَشَاءُ وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِیمٌ الَّذِینَ یُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِی سَبِیلِ اللَّهِ ثُمَّ لَا یُتْبِعُونَ مَا أَنْفَقُوا مَنًّا وَلَا أَذًى لَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَیْهِمْ وَلَا هُمْ یَحْزَنُونَ: واتە: نموونەی ئەوانەی لەپێناوی خوادا ماڵ و سامانیان دەبەخشن، وەکوو تۆوێک وایە بڕوێت و حەوت گوڵی گرتبێت، لە هەر گوڵێکدا سەد دانەی تێدا بێت، خوای باڵادەست بۆ هەرکەس کە بیەوێت پاداشی چەند بەرامبەر دەکات و خوا فراوانگیر و زانایە. ئەوانەی لە ڕێگای خوادا ماڵ و داراییان دەبەخشن، بەدوای ئەوەی بەخشیویانە، هیچ جۆرە منەتێک نانێن و هیچ جۆرە ئازارێک ناگەیەنن، (ئەوانە) تەنها پاداشتیان لای پەروەردگاریانە، هیچ ترس و بیمیان لەسەر نییە (لە کەموکوڕیی پاداشت و تەنگانەی قیامەت)، خەم و پەژارەش ڕوویان تێ ناکات. سوورەتی بەقەڕە، ئایەتی ۲۶۱،۲۶۲

هێندێ لە توێژینەوەکانی بواری زانستی دەروونناسی ئەم دواییە باس لەوە دەکەن: بەخشینی سامان و دارایی ئەگەر کەمیش بێت، کامەڕانی بۆ دەروونی مرۆڤ دەستەبەر دەکات. ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، با سامان و پارەیەکی زۆر کەم بێت، بەڵام ئەو کاریگەرییەی لەسەر دڵی مرۆڤ دەبێ! ئەوە هەمان بیرۆکەیەکە پێغەمبەری ئازیزمان لە کاتی خۆیدا پێداگری لەسەر دەکرد و دەیفەرموو: خۆتان لە ئاگری دۆزەخ بپارێزن، ئەگەر بە بەخشینی دەنکە خورمایەکیش بێت! ئایا هەر ئەوە نییە قوڕئانی پیرۆزیش جەختی لەسەر دەکات، کاتێک خوڵقێنەری جیهان دەفەرموێت: «لِیُنْفِقْ ذُو سَعَهٍ مِنْ سَعَتِهِ وَمَنْ قُدِرَ عَلَیْهِ ڕزْقُهُ فَلْیُنْفِقْ مِمَّا آتَاهُ اللَّهُ لَا یُکَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا مَا آتَاهَا سَیَجْعَلُ اللَّهُ بَعْدَ عُسْرٍ یُسْرًا» واتە: جا ئەوەی دەوڵەمەندە با بەگوێرەی دەوڵەمەندیەکەی بەخشندە بێت، ئەوەی کە داهاتی کەمە و هەژارە، با لەوە ببەخشێت کە خوا پێی بەخشیوە، چونکە خوا بەگوێرەی دارایی هەر کەسێک داوای بەخشینی لێ دەکات، دڵنیاش بن کە خوا دوای تەنگانە هەرزانی دەهێنێت، دوای ناخۆشی، خۆشی دەهێنێت. سووڕەتی تەڵاق، ئایەتی ۷

ئایا بەخشین لێرە؛ بانگەشەیە بۆ تەمەڵی بۆ بارودۆخی هەژاران تا بەو شێوازە بژین؟

بەدڵنیاییەوە نەخێر.

با لە بارودۆخێکی وەک ئێستا، بیر و هزری چەقبەستوویی و تاریکی جاهیلییەت و سەرلێشێواوی و کوێرەڕێبازی لە گۆڕناوی، نەبێتە پاشگەزبوونی کاری هاریکاری و هەرەوەزی ژیانی ئێمە، کە گەلی ئێمە بە دڕێژایی مێژووی خۆی هەرەوەز و لەهاناچوونی یەکتری ڕەمزی ژیانی بووە، تەنانەت لەکاتی دوژمنایەتی دوو هۆز، زۆربەی جاران زۆر ماقوڵانە خەڵکی ئێمە لە هانای یەکتری هاتوون و ئەوە شانازی مێژووی ئێمەیە!

خوێنەرانی ڕێزدار؛ با ڕازیبوون، هەوێنی ژیان و ڕۆح و دڵمان بێت، با پەیامی ڕەزگارکردنی هەژاران و نەداران و مرۆڤایەتی، بکەینە سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی برایەتیمان.

مەخابن! نەداری و دەوڵەمەندی دوو جەمسەری ژیانن کە لە سەره‌تای ژیانی مرۆڤایەتی هەبوون و ئێستاش هەیە و هەر دەمێنێ.

ئەمڕۆ لە ڕێگای شوشیاڵ میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان حاڵ و ژیانی مرۆڤی هەژار دەبینین، کە پێویستیان بە هاریکاری و یارمەتییە، با لەو کاتە هەستیار و هەستۆکەدا یارمەتی خەڵکی فەقیر و هەژار بدەین. هەلومەرجی ژیان بەجۆرێکە بۆ هەموو کەس ئەو بارودۆخە ناڕەخسێ کە بتوانێ سەروەت و سامانێکی زۆر کۆ کاتەوە، ئەگەرچی ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە دەبێ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا لەفریای هەژاران کەوێ، بەڵام ئەمڕۆکە بارودۆخی ژیان وایە هەژاران و لێقەوماوان لەبیر چوونەتەوە و ژیانیان لە مەترسی گەورە دایە. هەر بۆیە مرۆڤی باوەڕدار بێ گوێدانە هەر جۆرە قسەوقسەڵۆک، دەبێ لەفریای هەژاران کەون و ژیانیان لەو قەیرانە ڕزگار کەن.

ئەو موژدانەی بە مرۆڤێک کە بەخشین، ژێرخانی ژیانیەتی، دراوە!

پاش ئەوەی مرۆڤ بە قەناعەتەوە لەسەر بنەمای زانستی ئیمان لە ناخیدا دادەمەزرێت، پڕۆسەی بەخشین دێتە پێشەوە و وەک باوەڕ و خواستی ڕۆحی دەگاتە ئەو ئاکامە کە نابێ تەنیا هەر بۆ خۆی بژیت. لەبەر ئەوەی مرۆڤی باوەڕدار خاوەن پەیامە، هەڵگری گەورەترین پەیامە، بۆیە دەبێ جیاواز بیرکاتەوە و تێڕوانینی جیاواز بێت و بەرهەمی گەورەیان دەبێ هەبێت، کە ئەویش دەکرێ لەژێر سێبەری ئایەتی: «یَٰٓأَیُّهَا ٱلَّذِینَ ءَامَنُوٓا۟ أَنفِقُوا۟ مِمَّا رَزَقْنَٰکُم مِّن قَبْلِ أَن یَأْتِىَ یَوْمٌ لَّا بَیْعٌ فِیهِ وَلَا خُلَّهٌ وَلَا شَفَٰعَهٌ ۗ وَٱلْکَٰفِرُونَ هُمُ ٱلظَّٰلِمُونَ»
واتە: ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی بڕواتان هێناوه‌، ببه‌خشن له‌و ڕۆزییه‌ی که‌ پێمان داون، پێش ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژێ بێ که‌ نه‌کڕین و فرۆشتنی تێدایه‌ و نه‌ دۆستایه‌تی و ئاشنایه‌تی و نه‌ تکای تێدایه‌ (تا ڕزگارتان کات له‌ سزا) و هه‌ر بێ بڕوایانن کە سته‌مکاران. سووڕەتی بەقەڕە، ئایەتی ۲۵۴

بەڵێ؛ مرۆڤی باوەڕدار تەنیا خەمی خۆی نییە، بەڵکوو خەمی خەڵکی، بە خەم و ئازاری خۆی دەزانێت. پێغەمبەر درود و سڵاوی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: «تبسمک بوجه‌ اخیک صدقه» واته‌: بزە و پێکەنین بەرامبەر براکەت، گەورەترین سەدەقەیە. مرۆڤی باوەڕدار دەبێ لە بارودۆخێکی وەک ئێستادا پێغەمبەرئاسا بژێت. مرۆڤی باوەڕدار وەک باران وایە، لەهەر شوێنێک بێتە خوارێ، سوودی خۆی دەبێت.
خوای گەورە لە ئایەتێکی تردا وەک موژدەیەکی گەورە بۆ باوەڕدارن دەفەرموێت: «ءَامِنُوا۟ بِٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَأَنفِقُوا۟ مِمَّا جَعَلَکُم مُّسْتَخْلَفِینَ فِیهِ ۖ فَٱلَّذِینَ ءَامَنُوا۟ مِنکُمْ وَأَنفَقُوا۟ لَهُمْ أَجْرٌ کَبِیرٌ» واتە: خەڵکینە ئیمان و باوه‌ڕ بهێنن به‌خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، لەو ماڵ و سامانەی کە خستوویەتە ژێر دەستتان و جێنشینن تیایدا، ببەخشن، بێگومان ئه‌وانه‌ی که‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌ لە ئێوە و ماڵ دارایی و سامان دەبەخشن، پاداشتی گه‌وره‌ چاوەڕێیانە. سوورەتی حەدید، ئایەتی ۷

بێگومان لەگەڵ خوای گەورە دڵت پڕ دەبێ لە ڕووناکی، زمان و پێنووست وشەی جوانیان لێ دەردەچێت. بە دڵخۆشکردنی هەژاران و مناڵانی بێ باوک و نەدار، فریشتەکان نزای خێر بۆ مرۆڤ دەکەن. دەی چۆن دڵمان خۆش نابێ کاتێک فریشتەی خوا نزامان بۆ بکات؟ پێغەمبەری خوا دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، دەفەرموێت: «ٲنا وکافل الیتیم فی الجنه هکذا، و قال: بٲصبعه السبابه والسطی» واتە: من و ئەو کەسەی کەفاله‌تی مناڵێکی بێباوک دەکات، لە بەهەشت لەگەڵ یەکداین. لە بوخاری ڕیوایەت کراوە.

چۆن دڵمان خۆش نابێت کاتێک زەردەخەنە، دەخینەسەر دڵی مناڵی هەژار و بێباوک!؟ چۆن دڵمان ئارام نابێت کاتێک هیوای ژیانی دووبارە دەخینەوە ناو خێزانێکی هەژار!؟ چۆن ژیانمان ناگۆرێ کاتێک بە خزمەتی هەژارێک، دەبین بە هاوڕێ و هاوەڵی خۆشەویستی خوای گەورە!؟

پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، دەفەرموێت: «الصدقه بعشر امثالها، والقرض بثمانیه عشر» واتە؛ خێر و پاداشی بەخشین، پاداشی یەک بە دەیە، پاداشی قەرز یەک بە هەژدە.
چ ڕاز و سڕڕ و نهێنییه‌ک لە بەخشیندا هەیە کە مرۆڤ دەباتە ناو گوڵزاری ئەوین.! بە دربڕینێکی تر دەکرێ بڵێین: بەخشین، داری مێهرەبانی دەبینێتەوە و هیچ ڕازێکی خۆی بۆ ناشاردرێتەوە تا برینی دەروازەکانی پەروەرێن و فڕین و عروج ناوەستێ!!

بەخشین؛ بنەما و کلیلی سەرەکی بەختەوەری و ئاسوودەییە لە ژیانی پڕ لە ئاڵۆز و جەنجاڵی ئەم سەردەمە. بەڵێ… ئەوە ئەو حاڵەتە ئەوینەیە کە چەقبەستوویی ناناسێ. کەوابوو ڕێک دەتوانین ئەوە بڵێین: بەخشین، ئەو حاڵەتەیە کە سەربەخۆیانە دەئاژوێ.

لێرەیە کە دەبێ مرۆڤی باوەڕدار خۆی کۆمەڵێک پرسیار لە خۆی بکات؛ واتە لە ژیاندا چ ئامانجێکی هەیە؟ بۆ گەیشتن بەو ئامانجەت کۆمەڵێک پرسیار لەخۆت بکە و خۆت وه‌ڵامیان بدەوە. ئەگەر مرۆڤ لەگەڵ خۆی ڕاستگۆ بێت بە ئیڕادەیەکی بەهێز و پۆڵایینەوە مامەڵە لەگەڵ خۆی بکات، بێگومان باوەڕمەند دەبین بەوە کە: «هەر کەس، نابێ بۆ خۆی بژیێت»، واتە ئەو کات چێژ لە هەموو چرکە ساتەکانی ژیانت دەبینی.

ڕەنگە زۆربەتان چیرۆکی ئەو گەنجە ئیماراتییەتان لەبیر بێت، ساڵی ڕابردوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگی داوە، کە بڕی (۳۵۰۰/۰۰۰) ملوێن و نیو دوڵاری تەنیا لە یەک مانگ لە وڵاتانی وەک: سوریا، ئێڕاق، میسر، لیبیا بەسەر مناڵانی بێ باوک و هەژاراندا دابەش کرد، کە هەموو دونیای تووشی شۆک کرد! پەروەردگار دەفەرموێت: «هَلْ جَزَاءُ الْإِحْسَانِ إِلَّا الْإِحْسَانُ» واتە: مەگەر پاداشتی چاکە تەنها چاکە نییە؟!سوورەتی ئەڕڕەحمان، ئایەتی ۶۰

لەڕاستیدا، بەخشین؛ به‌ یه‌کێک له‌و ڕێسا ئه‌خلاقییانه‌ داده‌نرێت که‌ پێیان دوترێت (ڕێسای‌ ئه‌خلاقی‌ پوخته‌ی ئایینی‌) واته‌: ئه‌و ڕێسایانه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئایین نه‌بوایه‌، هه‌رگیز بوونیان نه‌ده‌بوو و بێ‌ ئایینیش مانه‌وه‌یان نابێت.

بەخشین؛ ئامانجی‌ کاری‌ پێغه‌مبه‌ران و به‌ری‌ شیرینی‌ ئیمانه‌ و له‌

قوڕئانی‌ پیرۆزدا زۆر به‌چڕوپڕی ئاماژەی پێدراوە.

خواى په‌روه‌ردگار هه‌موو فه‌رمایشتێکى ڕاست و دروسته‌ و په‌یمانى خۆى ده‌باته‌ سه‌ر (وعد الصدق)، په‌یمانى خوای گەورە وەک لە قوڕئاندا ئاماژەی پێ‌کراوە، ده‌فه‌رموێت: «اللّهُ لا إِلَهَ إِلاَّ هُوَ لَیَجْمَعَنَّکُمْ إِلَى یَوْمِ الْقِیَامَهِ لاَ رَیْبَ فِیهِ وَمَنْ أَصْدَقُ مِنَ اللّهِ حَدِیثاً» واته‌: ئه‌ڵڵا، خوایه‌که‌ بێجگه‌ له‌و هیچ خوایه‌کى تر نییه‌، سوێند به‌خوا له‌ ڕۆژى قیامه‌تدا کۆتان ده‌کاته‌وه‌ که‌ هیچ گومانێکى تێدا نییه‌، جا کێ هه‌یه‌ قسه‌ى له‌ خوا ڕاستر بێت؟ سووڕه‌تی نیسا، ئایەتی٨۷

کۆتایی قسە: خوێنەری هێژا و سەنگین، بەخشین؛ هەوێنی ژیان و ویست و داخوازییەکانی ژیانە، بۆتە مایە و هەوێنێک کە سنووری تاکەکەسی بەزاندووە.

بەخشین؛ واتە: ئیمانێک لە سروشتی ژیان.

بەخشین؛ واتە: قووتی ڕۆح، کە وەبەر گیان دێت.

بەخشین؛ واتە: سەنگی مەحەک بۆ باوەڕداران و دەوڵەمەندان.

بەخشین؛ واتە: گەشتێکی ڕۆحی بۆ ژیانی هەژاران.

لە جیهانی ئەمڕۆدا هیچ فەلسەفە و ژەهرێک بۆ گۆڕەپانی ژیان لەوە کوشەندەتر نییە کە، تێڕوانینی ماددییه‌ت هەبێ بۆ ژیان…!!

نووسین و ئامادەکردن: عەبدووڵڵا عەلیپوور
ســۆزی میحــــڕاب

سەرچاوەکان:

وتاری بەڕێز دکتۆر عوسمان موحەممەد غەریب، بەڕێز مامۆستا هێژا نەورۆز، بەڕێز کاک ئەحمەدی موفتی زادە، دکتۆر عەبدولواحید، دکتۆڕ ڕەزا تاڵەبانی، بەڕێز مودریک عەلی عارف

برچسب ها
نمایش بیشتر

عەبدووڵڵا عەلیپوور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن