اصولعبادات

حـەج گەورەترین ئەزمـوونی ئـیمانی

حـەج گـەورەتریـن ئەزموونی ئیمانی

ئاماژە:
کۆ دەنگی زانایانی ئایینی لە سەر ئەوەیە کە فەریزەی حەج یەکێکە لە پایەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هەر بەویشەوە کەسایەتی مرۆڤی موسوڵمان تەواو دەبێ و بڕوای دادەمەزرێت.
حەج قوتابخانەیەکی ئیمانییە و دەورەیەکی ڕەوشتی پەروەردەییە کە تیایدا مرۆڤی باوەڕدار و ئیماندار بڕواکەی زیاتر و پتەوتر دەکات و پلە و پایەی بەرز و بڵندتر و پتەو دەکات و ڕەوشتەکانی پوخت و تۆکمە دەکات، کە ئەوەش بۆ کەسێکە ئەرک و یاساکانی پەیوەندی بە فەریزەی حەج به‌ باشی ئەنجام بدات و خۆی لە تاوان و موناقەشە و سەرپێچی به‌دوور بگرێت و لە ئازاردانی خوشکان و براکانی خۆی بپارێزیت.
بە هەڵوەستەکردنێکی هێمنانە و هۆشیارانە لە سەر فەرموودە دانسقەکەی پێشەوامان حەزرەتی موحەممەدﷺ کە لە بارەی گەورەیی وەرزی حەج دەفەرموێ: {العمرة إلى العمرة كفارة لما بينهما، والحج المبرور ليس له جزاء إلا الجنة} واتە: لە نێوان دوو عومرەدا گوناهەكان پاك دەبنەوە و حەجی وەرگیراو لە بارەگای خوای باڵادەست پاداشتەكەی تەنها بەهەشتە. تەوەر و تیۆرێکی مەزن لە قووڵایی تێکستەکەیدا بەرجەستە دەبێت، کە خوێنەر ڕووە و ڕامان و ڕووانینێکی دوورتر و بەرفراوانتر لە مەودا و مەبەستە ئایینییەکه‌ی ئاراستە دەکا و بە پێی خوێندنەوە و خەمڵاندنێکی ڕاشکاوانەی بەجێهێنانی فەریزەی حەج و بارهێنانی رۆح و پەروەردەی مرۆڤ بەدی دەکرێت، واتە مەغزداریی و بەهاداریی کاکڵە و کرۆکە ئاڵتوونییەکەی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە فەرموودەکە بە تەنها لە ڕەگ و ڕەهەندە ئایینییەکەوە چڕ نابێتەوە، بەڵکوو درێژ دەبێتەوە بۆ ناو ئاخنی فەرهەنگێکی پەروەردەیی ڕەسەنایەتی هاوچەرخ…

لە ڕاستیدا هەمیشە فەرموودەکانی سەروەرمان ئەو جیاوازیی و ڕەسەنایەتییەیان تیادا ڕەنگدەداتەوە کە تایبەتمەندیی لە قاڵبدان و قۆرخکاریی هەڵناگرن و لەوە پڕتر و تێر و تەسەلتر کە بە هەگبەیەکی بەتاڵەوە لە بارەیانەوە بدوێین و چوارچێوە بۆ شیکار و شرۆڤەی واتا وێستگەی تێگەیشتنەکان بسازێنین…
بەتایبەت ئێمە مانانێك كە هێشتا مەشقی مەله‌وانیی لە دەریای وشە یاقووتییەكانیدا دەکەین‌ و لە تاوسەندنی شەپۆلێكیدا خۆمان لە كەنار و لێواردا دەبینینەوە، لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەو مەزەندە ئاقڵمەندانەیەش لە چوارچێوەیەكی فەلسەفییانەی پڕشنگدارتردا دەتریسكێتەوە، كە ستراتیژیەتی ئاراستە و ئایندەسازیی لە ئایینی ئیسلام بۆ گرۆكانی مرۆڤایەتی بە گشتی و موسوڵمانان بە تایبەتی لە سەر بنچینەی نەخشەڕێیەكی دوور مەودا بنیاتنراوە، كە وێنەی نەبووه و نابێ لەو گەردوونەدا. بەو مانایەی لە بونیادی ئایین ئیرگەراییەكەیدا بەرنامەسازییەكی دوورنما‌ و دووربینانە داڕێژڕاوە، كە لە یەك كاتدا خەسڵەتی زیندووێتی پەیامەكەی و حەوسەڵەی پێڕه‌وكردنێكی شایان بە بەرزیی و سەنگینییەكەی لە لای شوێنكەوتووانی چەسپاوتر و قووڵتر دەكاتەوە.

لە ئێستای زەمەنی جیهانگیریی و تەكنەلۆژیاشدا كە هاوكێشەكان پێچەوانە دەبنەوە، تادێ بۆچوون و لێكدانەوە تەقلیدییەكانیش كاڵتر دەبنەوە و ڕووكارە ڕاستەقینە درەوشاوەكان بەردیدەتر دەبن و ئەو هەقیقەتەش لە بەجێ هێنانی فەریزەی حەج بەرچاوتر و ڕوونتر ڕەنگدەداتەوە، چونكە ئەگەر جاران وێنای حەج و سووڕانەوە و خولانەوە بە دەوری ماڵی خوا  لەو چوار چێوەیەدا بكردبا كه‌ كردارێكە ماندوو بوون و شەکەتی و بێتاقه‌تی لێ پەیدا دەبێت، ئەوا بە پێی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییە هاوچەرخەكان “كە لە ئێستادا بە وەرزی وەرچەرخانی دیرۆكی و بازدانە بارگاوییەكانی بە دەرەنجامی بەرهەمداری گرانبەها و گونجاو لەگەڵ ئامار و ئاماژە قوڕئانی و فەرموودەییەكان تێپەڕ دەبێت كە لەسەر جەستەی مرۆڤ و وەزیفە فیسیۆلۆجییەكانیی ئەنجامدراون ئەوە سەلمێندراوە، كە وەرزی حەج دیاردەیەكی سرووشتییە و پێویستە جەستەی مرۆڤ پیادەی بكات بۆ ئەوەی ئەرکەكانی بە شایستەیی و ڕێكخراوه‌یی ئەدا بكات‌ و زۆریش پێویسته‌ بۆ دروست کردن و بنیات نانی شارەستانییەتێکی هاوچەرخ و سەقامگیر لە ناو ژیانی تاک و کۆمەڵگەی موسوڵمانان.
بە مەبەستی بەرچاوڕوونی‌ و بەهێزتربوونی ئەو ڕاستییانەی لە سەره‌وە ئاماژەمان پێدان، تیشك دەخەینە سەر هەندێك ڕاوبۆچوونی زانایان:

پەند و حیکمەتەکانی حەج ئەوەندە بەرزە کە مرۆڤ لە ئاستیدا دەستەوەستانە و ئەوەندە قوڵ و وردە، تەنانەت زۆر جار بیری تیژی مرۆڤ پەی پێ نابات، کە ئەگەر حەج و نهێنییەکانی حەج وەک نموونە بهێنینەوە، ئەوە بە ئاشکرایی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، بەڵام دەکرێ ئاماژە بە هەندێک لایەن و دڵۆپێک لە نهێنییەکانی ئەو گەشتە بە تێگەیشتنێکی سادە و مرۆڤ ئاسا شی بکەینەوە…
ئەگەر ئێمە سەیری قوڕئان بکەین دەبینین وشەی حەج لە {۹} جێگا هاتووە، ئەمەش بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە واجباتی حەج لە “نۆ” ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت، لەبەر ئەوە {۹} جار باسکراوە و ڕۆژی {۱۰}یه‌م دەبێتە جێژن که‌وا له‌ سوڕه‌تی حەجیش لە ئایەتی {17} هاتووە. ئەگەر {181} دابەشی {27} بکەین ژمارە {۷} دەر دەچێت و بە پۆینتەکانەوە کەوا مەعلومە ڕوکنەکانی حەج {٧} ڕوکنن و لە لایەکی ترەوە ژمارە {٧} پێوه‌ندی بە دڵی مرۆڤه‌وه‌یه‌. چونکە دڵی مرۆڤی ئاسایی لە ٧٢ تا ٧٦ جار لێدەدات کە ژمارە ٧ ی تێدایە و بە گوێره‌ی ئه‌و وێنانه‌ی گیراوە بە هۆی مانگی دەستکردەوە، کەعبە دەکەوێتە ناوەڕاستی زەوی، که‌واته‌ کەعبە ناوک و ناوەڕاستی زەوییە. بۆیە دڵەکان گشتیان یەکە یەکە ڕووی ئارامیان ئاراستە دەکەن لۆ گشت شوێنە جباکانی جیهان، بۆ ئەوەی لە سەر خۆشەویستی خوای تاک و تەنیا و گوزارشت لە یەک بیروباوەڕی و یەک دڵی دەربڕیندا بەیەک بگەنەوە.

لە ڕاستیدا هەر کاتێک وەرزی حەج دێتەوە، دڵ و دەروونی باوەڕداران جۆش دەخوات بەرەو ماڵی خوا {مەککەی پیرۆز}، ئەمەش یەکێکە لە موعجیزەکانی قوڕئان و گەورەیی حەج و وەرگیرانی دوعای ئیبڕاهیم پێغەمبەر {دروودی خوای لەسەر بێت}. «رَبَّنَا لِيُقِيمُوا الصَّلَاةَ فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ وَارْزُقْهُمْ مِنَ الثَّمَرَاتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ».

عەبدوڵڵای کوڕی عەبباس ڕەزای خوای لێ بێت دەفەرموێ: ئەگەر خوای گەورە ئاماژەی بە (ٲفئدﺓالناس) بکردایە و (من) ته‌بعیزیەی به‌کار نەهێنابایە، ئەوا خەڵکانی تر لە ڕۆم و گاور و جولەکە بەهەمان شێوە دڵیان جۆشی دەخوارد بەرەو ماڵی خوا. بۆیە لەناو خەڵکیدا تایبەتی کردووە بە {من الناس} بە باوەڕدارانەوە و لە ناو باوەڕدارانیشدا ئەوانەیان کە توانایان هەیە.
بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین ئەو فەرمانەی کە خوای گەورە داویەتی بەسەر باوەڕداراندا، چەندین حیکمەت و مەبەستی هەرەبەرز و بەرژەوەندیی مرۆڤەکانی تێدایە، جا بۆ ژیانی دونیایان بێ یا دواڕۆژ. هەندێکیان دەرکیان پێ دەکرێ لە ڕۆژگاری مرۆڤەکان و هەندێکی تر لە سەردەمی تردا و هەندێکی تر دەرکی پێ ناکرێ هەتا ڕۆژی دوایی.

خوێنەری هێژا… با ئێمەی مرۆڤی باوەڕدار وەرزی حەج بکەینە قوتابخانەیەکی پەروەردەیی بۆ هێشتنەوەی رۆح بە پاکی و دەستگرتن بە بنەما و ڕێبازە باڵاکان و بەها ئینسانی و مرۆڤایەتییەکان کە واتە بە گەورە هێشتنەوەی رۆح و دوورکەوتنەوە لە خووە خراپەکان و خۆڕاهێنان لەسەر خووە پەسەندەکان و پەروەردەکردنی دەروون. ئەمانە بریتین لە فەلسەفە و مانا و مەبەستی حەج، واتا لە پێناو گۆڕینی ژیان بە سەرکەوتنی و ئیڕادەی مرۆڤەکان دەتواننرێت شارەستانییەتێکی سەقامگیر دروست بکرێ بۆ خزمەت بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی…

لە ڕاستیدا هەر کردەوەیەکی خواپەرەستی تام و چێژێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بێگومان گشت ئەو فەرمانانە بۆ بەرژەوەندیی دونیا و دواڕۆژی ئێمەیە.
حەج وەک سەرجەم فەڕزەکانی تری خوای گەورە کاریگەری لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە هەیە.
خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆز لە چەند شوێن ئاماژە بەو باسە گرینگە دەکا وەک لە سوڕەتی ئاڵی عیمڕان دەفەرموێ: {فِيهِ ءَايَٰتٌۢ بَيِّنَٰتٌ مَّقَامُ إِبْرَٰهِيمَ ۖ وَمَن دَخَلَهُۥ كَانَ ءَامِنًا ۗ وَلِلَّهِ عَلَى ٱلنَّاسِ حِجُّ ٱلْبَيْتِ مَنِ ٱسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ۚ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ ٱللَّهَ غَنِىٌّ عَنِ ٱلْعَٰلَمِينٙ} واته: تیایدا هه‌یه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌ و نیشانه‌ی ڕوون (که‌ یه‌کێکیان) شوێن وه‌ستانه‌که‌ی ئیبڕاهیمه‌،‌ هه‌ر که‌س چووبێته‌ ئه‌و شوێنه‌ بێ ترس بووه‌ (له‌ زیان و ئازاردان)، بۆ خودا هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئاده‌می یه‌وه‌ حه‌ج کردنی ئه‌و ماڵه‌ هه‌ر که‌سێک که‌ توانای گه‌یشتنی(ڕۆیشتنی) هه‌بێت و‌ هه‌ر که‌س باوه‌ڕی نه‌بێ (یان توانای هه‌بێت و نه‌چێت) ئه‌وه‌ به‌ ڕاستی خوا بێ نیازه‌ له‌ هه‌موو جیهانیان. (ئاڵی عیمران:97)

چەند پەیامێکی گرینگ لەو ئایەتە:

یەکەم: دەبێ مەبەست لە ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕازی بوونی خوای گەورە بێت: «للە علی الناس حج البیت»

دووەم: فەڕزەکان ئەرکی سەر شانی مرۆڤی باوەڕدارن: «وللە علی الناس…»

سێهەم: خوای گەورە بانگهێشتی مرۆڤ دەکات، بەڵام منەتی لەسەر ناکات: «وللە علی الناس…ومن کفر فٳن اللە…»

چوارەم: لە ماڵی خوا ــ مەککە ــ نیشانگەڵێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا هەن کە باس لە گەورەیی خوای گەورە دەکەن، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بیرەوەری سەرجەم پێغەمبەرانه‌ تاکوو دەگاتە ئیبڕاهیم پێغەمبەر و کۆتا پێغەمبەرمان بیر دەخاتەوە: «فیە آیات بینات…»

حەج: جلوەیەکی جوانە لە خۆشەویستی و سپاردنی دڵ و گیان بە خوای گەورە، حەج کانگای ئیخلاس و لێبووردنە.

حەج: سەرفەرازی و بەختەوەری دونیا و دواڕۆژە.

حەج: واتە گەشتی دڵ و گیان بەرەو بارەگای عاشقانه.

حەج: کۆنگرەیەکی گشتی ساڵانەی بێ وێنەی مرۆڤی باوەڕدارە کە دەبێ لەو رێوڕەسمەدا نهێنی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکان و دوور کەوتنەوە لە ڕزیلی موسوڵمانان بدۆزڕێتەوە.

فەریزەی حەج وەک لە قوڕئاندا گرینگی تایبەتی پێدراوە، مرۆڤی باوەڕداریش دەبێ بەها و ڕێزی تایبەتی بۆ دابنێ تا فێری گوێڕایەڵی بێچەندوچوون ببین.

حەج گەلێک مانای جوان لە خۆوە دەگرێ کە دەتوانین بە کورتی ئاماژە بەو چەند خاڵە بکەین: لە کاتی ڕۆیشتن بەرەو ئەو سەفەرە و خواحافیزی لە دۆستان و خزمان، مانای مردن و قورسایی رۆح کێشان دەگەیەنێ. کاتی سواربوونی فرۆکە، مانای خستنە سەر تابووت و دارەمەیت لە خۆوە دەگرێ. لە کاتی پۆشینی لیباسی ئیحڕام، مانای کردنە بەری کفنی مردوو بە خۆوە دەگرێ.
وەستانی ئەو هەموو مرۆڤە لە سەحرای مەحشەر بێ جیاوازی نەتەوە و ڕەنگ و زمان، بە یەک پۆشاکی سپی؛ وه‌ستان له‌ دەشتی مەحشەری قیامەتمان بیر دەخاتەوە…

حەج ڕەمزی یەکتاپەرەستی و خواناسییە، مەککە بە واتای ئاڵایەکی گرینگە بۆ شانۆگەری ژیانی برایەتی و یەکیەتی و بەیەکەوە ژیان لەسەر کۆی زەوی.

بە دەربڕینێکی دی دەکرێ ئەوە بڵێین کە حەج واتە وەک کۆبوونەوەیەکی گشتی و ئەنجومەنێکی جیهانی وایە تاکوو بینەری گەورەترین ئەنجومەنی ساڵانەی موسوڵمانان بین. هەڵبەت ئەنجومەنێک کە خانەخوێیەکەی خوای باڵادستە و نەک لایەنێکی تر…
حەج واتە ئاشبوونەوە لە گەڵ خود: بەداخەوە ئێمە زۆر جار ئاشنا نین بە خودی خۆمان و شوناسی خۆمان بزر کردووە، ئەو وەرزە پیرۆزە هەلێکی گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە و پاککردنەوەی رۆحەکان و هێشتنەوەیان بە پاکی و گەورەیی و ڕاهێنانی دەروونمان لەسەر پەرەستش و ئارامی و دوورکەوتنەوە لە ڕزیلی…
حەج وەخەبەرهێنانی ویژدانە: کە زۆر پێویستە و ویژدان بنەمایەکی سەرەکی ژیانی مرۆڤ بێت بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئاسوودەیی دەروونەکان…

حەج واتە فێرمان دەکات لێبوردەیی دەبێ ئامانجی ژیانی مرۆڤەکان بێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە ژیانماندا هەست بەو چەمکە جوانە ناکەین. وەرزی حـەج دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وەخه‌بەرهێنان…
لە ڕاستیدا ئێستا کە وەرزی حەج هەڵهات، موسوڵمانان بە باشترین شێوە پێشوازیان لە مانگێکی نوێی ژیانیان و مێژوویەکی پرشنگدار کرد.

کۆتا قسەم:
ئیبنو ڕەجەب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرموێ: بەختەوەر ئەو کەسەیە لە کاتی هاتنی وەرزەکان و ڕۆژەکان و ساتە پڕپیت و بەڕەکەتەکان دەقۆزێتەوە و سوودیان لێ وەردەگرێت و بە هۆیەوە لەو کات و ساتانەدا نزیک دەبێتەوە لە خوای باڵادەست، بەڵکوو پریشکی و خەڵات و بەخششانەی بەرکەوێت و بە شێوەیەک بەختەوەر بێت پێی…
بە ڕامان لەو دەقانەی کە باس لە گەورەیی وەرزی حەج و نۆمینەی حاجیان و ڕۆژی عەرەفە دەکرێ، دەرک بەو دەسکەوتانە دەکەین کە پێغەمبەری خوا ٍﷺ مژدەی پێداوین، هیچ ڕۆژێک نابینین لە مێژووی ئیسلامدا کە پڕ بێت لەو فەزڵە مەزنانە…
فەریزەی حەج ده‌رفه‌تێکه کە قەرەبوو ناکرێتەوه‌ و زۆر ئه‌سته‌مە.

نووسین: عەبدووڵڵا عەلیپوور

سەرنج: بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوودم لە وتارەکانی بەرێز تەحسین حەمەغەریب و بەرێز ئەبووبەکر کاروانی وەرگرتوو

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا