فتاویفقه

حوکمی خواردنه‌وه‌ی میزی حوشتر !

لەم ماوەیەدا کاناڵی ڕووداو هەواڵی دا کە – م . ع – کەڵەک لە سعوودیە دەستبەسەر کرا! چون خەریکی جادووە! میزی وشترەکان دەخواتەوە! جا ئەم هەواڵە سەرنجی خەڵکی ڕاکێشا بۆ ئەم پرسیارە! زۆر ئەپرسن میزی وشتر پاکەو ئەخورێتەوە؟ یان پیسە؟ گەر پاک نییە بۆچی ئەم کەسە وەک پیاوێکی ئایینی ئەم کارە دەکات؟

وه‌ڵام

پێشەکی ئەوە بڵێین بابەتە پزیشکییه‌کانی پێغەمبەری ئازیز(د.خ) بۆ سەردەمی خۆی کاریگەری چاک و باشی بووە، زۆرێک لە نەخۆشی و کێشەکانی سەردەمی خۆی چارەسەر کردووە، شک لەوەدا نییە ئاکار و فەرموودەکانی خۆشەویست کراون بە چەند بەشەوە وەک زانایان فەرموویانە، واتە نابێ تەواوی فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا(د.خ) بە یەک بڕیاڕ و بە یەک جۆر چاو لێبکەی! ئەمە ئەو کێشە سەرەکییەیە کە زۆربەی مامۆستاکان تێی کەوتوون و کۆمەڵگەیان بەرەو لێتاو بردووە! ئه‌ینا گەر فەرموودەکان وەک زانایانی پێشین دابەشیان کردووە وەرگرین، نەک تووشی شۆک نابین، بەڵکو زۆربەی کێشەکان چارە دەبن.

ـ جا ئیستە ئەوە بزانین کە پێغەمبەری خوا(د.خ) نەیفەرمووە نەخۆشەکانتان و کێشە تەندروستییەکانتان تەنیا بەم چارەسەرانەی من چارەسەر کەن! ئەو بۆ سەردەمی خۆی کەڵکی لە ڕووەک و دەورووبەر بینیوە بۆ خزمەت بە کۆمەڵگا، تەنانەت زۆربەی کێشەکانی وەک وەحی چارەسەری نەکردووە بەڵکوو بڕێکیان پاڵپشتی سرووشی لەسەره‌ وەک هەنگوین و ڕەشکە و شیر و… ئەمانیش بۆ هەموو دەردێ دەوا نین و بۆ هەموو کەسێکیش چارە نین، بۆ؟ چونکە ئیستا تەوەری پزیشکی لە دنیا ڕۆڵی سەرەکی خۆی بەرەو پێشچوون دەبینێ و سات بە سات نوێکاری لە چارەسەرییەکاندا ئەبینن. کەوابوو پێویست ناکا خۆمان یان کۆمەڵگا بە شتانێکەوە سەرقاڵ کەیین کە ئێکسپایەرن و کاتیان بەسەر چووە.

ئێستا دێینەوە سەر بابەتی ڕەوایی و ناڕەوایی مژارەکەی خۆمان
ـ لە کتێبە فیقهییەکاندا زۆر بەدوادا چونم کرد بۆ ئەم مژارە تاکوو ڕاستییەکان دەرکەون، دوای گەڕان ئاوا باسی لێوە کرابوو (جا دوایی بەرهەمی توێژینەوەکەش ئەخەینەڕوو). لە کتێبی (فقەالاسلامی و ادله)دا لە باسی ئەو پیسییانەدا کە ڕای جیاوازی زانایانی لەسەرە، لە لاپەڕەی ۳۱۲ به‌رگی یەک ئاوا باس دەکات:
میزی و شیاکەی ئەو حەیواناتەی گۆشتیان دەخورێ، دوو بۆچوون هەیە:

زانایانی مالکی و حەنبەلی مەزهەب دەفەرموون: میزی ئەو ئاژەڵانەی حەڵاڵ گۆشتن وەک وشتر، مه‌نگا و گوێلک، مریشک، کۆتر و کەو، تەواوی پەلەوەرەکان، تەنانەت ڕیقنە و جیقنە و شیاکەیان پاکە و پیس نییە. گەر ئاژەڵێک گۆشتی مەکرووه‍ بێ، میزەکەشی لە پاکیدا مەکرووهە. کەواتە میزی حەیوانی گۆشتحەرام پیسە.

ەڵگەیان بۆ ئەم ڕایەیان ئەوەیە:

ـ پێغەمبەری خوا بۆ ئەو پۆلە خەڵکەی لە عوکەل یا لە عورەنییەکان بوون، هاتنە خزمەتی و دوای مانەوەیان لە مەدینە بە کەشووهەوای ئەوێ تێک چوون، ڕۆشتنە دەرۆ لە مەدینە و بۆ چارەسەری پێغەمبەری خوا(د.خ) فەرمووی: دەتوانن شیر یا میزی وشترەکانتان بخۆنەوە، چاک دەبن. (رواه الشیخان و احمد).

بۆچوونی زانایانی فەرموودە لەسەر ئەم فەرموودە چۆنە؟

ئەم فەرموودە بە شێوازی جۆراوجۆر لە کتێبەکاندا هاتووە، بەس هەموویان یەک ئامانج ده‌پێکن. فەرموودەناسان لە ڕاڤەیدا دەفەرموون: سرووشتی هەرکە وەریگرت دەتوانێ بیخواتەوە یاخود نەیخواتەوە.
ڕای دووهەم هی زانایانی حەنەفی و شافعی مەزهەبە، ئەوان دەفەرموون: میز و ڕشانەوە، شیاکە چ هی ئاژەڵان بێ، چ هی مرۆڤ، پیسە بێ دوودڵی. بەڵگەشیان زۆرە کە نەهی کراوە لە میزی مرۆڤ کە پیسە، بۆ فەرموودەی عورەنییەکانیش دەفەرموون: بۆ چارەسەری بووە، نەک بۆ هەموو کەس و بۆ هەموو کات و ساتێ، چونکه چارەسەری بەو شتانەی پیسن، ڕەوایە و دروست. (وەک لە کتێبی ـ قانون در طب ـ ئاماژەی پێکراوە)
ـ بەس ئەوەی کە دەفەرموون پاکە، واتە نوێژییە و جل لە نوێژ نابات، ئەوە لە مەزهەبەکانی تردا وایە، ئه‌ینا لە مەزهەبی پێشەوا شافعیدا به‌گشتی دەفەرموون:

ـ خاوەنی موغنی موحتاج دەڵێت: میز پیسە، جا میزی ئادەمیزاد بێ یا هی ئاژەڵ بێ، گۆشتی بخورێ یان نا.
ـ خاوەنی شەریعەتی ئیسلام دەڵێت: هەرچی لە پاش و پێشی گیانلەبەر دەرچێ وەکوو شیاکە و پشکەڵ و میز و وەزی مەزی بە پیس دەناسرێ.
ـ مامۆستا ڕەبیعی دەفەرموێت: میزی مرۆڤ یا هەر ئاژەڵێک بێ پیسە.

زۆربەی سەرچاوە شەرعییەکان گەڕام هیچیان ئیجازەی خواردنی میزیان نەداوە، چونکه بە پیسی دەزانن، تەنانەت ئەو فەرموودە تایبەت دەکەن بەو کاتەوە و گشتییەتی پێ نادەن.

فتوای لێژنەی دایمی ئاوایە:
زانایانی اللجنە الدائمە دەڵێن: «میزی ئەو ئاژەڵانەی گۆشتی دەخورێت پاکە، ئەگەر بەر لاشە کەوت یان بەکار ھێنرا بۆ لاشە، ئەوا نوێژکردن بە میزەوە دروستە.» “فتاوى اللجنه الدائمه” (۶/۴۱۴)

ئێستا با بێین لە لایەنی زانستی سەردەمەوە هەڵی سەنگێنین بزانین چۆنە؟
ـ زانستی سەردەم ئەوندەی بەدواداچوونم بۆکرد، بە دروستی نازانن بۆ چارەسەر بەکار بێ، جگە لە چەن تایفەیێک لە عەڕەب کە خواردنەوەی میزی وشتر لە ناویانا بووەتە عادەت.

ـ پوختەی توێژینەوەکە
پێغەمبەری ئازیز(د.خ) بۆخۆی نەیخواردووە، تەنانەت ئەسحابیش نەیانخواردوەتەوە.
ـ ئەو حوکمە بۆ گشت کەسێک و سەردەمێک نییە. چونکە زانایان نەیانگشتاندووە.
ـ کەسانێک بۆ مەرامی خۆیان پەرەی پێ دەدەن.

ئاماده‌ کردن: سەعدی مرادی
سۆزی میحڕاب

برچسب ها
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن