
خوا له‌گه‌ڵته له‌هه‌ر کوێ بی
چه‌نده بیرت له هاوڕێیه‌تی خوا کردۆته‌وه؟ بیهێنه پێش چاوت که‌سێک هه‌میشه ئاگای لێت بێت و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵت بێت. به شه‌و و ڕۆژ، ته‌نانه‌ت کاتێک له خه‌و دای، ئه‌و به‌خه‌به‌ره و لاته. کاتێک دڵخۆشی، کاتێک خه‌مباری، له‌هه‌موو کاتدا؛ به‌ڵێ ئه‌و که‌سه خوای میهره‌بانه. ئه‌و خوایه‌ی که حه‌رز و ئاسمانی له شه‌ش قۆناغدا دروست کرد. خوایێکی زانا و کارزان که هه‌ر کارێکی له‌ڕووی حیکمه‌ت و کاربهجێیی خۆی ده‌کات. خوایێکی ئاگادار به هه‌موو نهێنی و ئاشکراکان و به‌توانا و هێزان و لێزان. دانه به دانه‌ی دانه‌وێڵه و دنکۆڵه و گیانداره وردیله‌کانی سه‌ر ده‌نێنه نێو خاک، له‌گه‌ڵ دڵۆپ دڵۆپ ئاوی تاڤگه و ڕووبار و بارانی ڕوو ده‌که‌نه ناخی زه‌وی، خوا ئاگاداره. چڵ به چڵی گیای سه‌وز و چرۆی ناسکی داره‌کانی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن له خاک و له هه‌رچی گاز و بوونه‌وه‌ر و گیانله‌به‌ری سه‌رده‌ردێنن له خاک، خوا ئاگاداره. ڕێزه ڕێزه‌ی گه‌ردیله‌کان و گازه‌کانی که به‌رز ده‌بنه‌وه به‌ره‌و ئاسمان و دانه دانه‌ی به‌فر و باران و تیشکی ڕووناکییه‌کانی که ده‌بارنه سه‌ر زه‌وی هه‌ر هه‌مووی خوای گه‌وره ئاگاداره. ئه‌و جار مرۆڤێک که حه‌رز و ئاسمان بۆ خزمه‌ت به‌و به‌دیهێنراوه و خوای میهره‌بان به شێوازگه‌لی جۆراوجۆر ڕێزی تایبه‌تی لێناوه، چۆن ده‌شێ ئاگاداری نه‌بێ!! ئایا ده‌زانی له هه‌ر شوێنێک بی خوا له‌گه‌ڵته!؟
«والله معکم اینما کنتم»
له هه‌ر شوێنێ بی خوا له‌گه‌ڵته، ئه‌ی به‌نده‌ی ته‌نیا و داماو و په‌شۆکاو، خه‌م مه‌خۆ، چونکه خوا له‌گه‌ڵته.
گه‌ر له‌نێو جه‌معی یاران و دۆستان و له گه‌شت و سه‌یران و شار و بازار بی؛ یا ته‌نیا و غه‌ریب له وڵاتی بێگانان بی، خوا له‌گه‌ڵته.
له خۆشی و ناخۆشیدا؛ به شه‌و و به‌ڕۆژ، به مناڵی و گه‌نجی و پیری، ساغ بی یا نه‌خۆش، فه‌قیر بی یا ده‌وڵه‌مه‌ند، ده‌سه‌ڵاتدار بی یا بێده‌سه‌ڵات، ژێرده‌سته و داماو بی یا زلهێزێکی مڵهوڕ؛ خوا له‌گه‌ڵته.
که‌واته ئه‌ی مرۆڤی ژیر؛ کاتێ خۆشحاڵ و شادمانی، نه‌که‌ی سه‌رمه‌ست بی و ده‌عیه و ده‌مار سه‌رت لێبشهوێنیت و ههڵتدێریت، چونکه خوا له‌گه‌ڵته و ئاگای لێته.
ئه‌ی تۆی که نوقمی خه‌م و په‌ژاره‌یی و هه‌ست ده‌که‌ی دونیایێکی تار و لێڵ له‌خۆی گرتووی، خه‌م مه‌خۆ، چونکه خوا له‌گه‌ڵته. چه‌ند جار له دۆخێکی وادا که‌وتوویی که دونیا به هه‌موو به‌رفراوانی و ناز و نیعمهتییهوه، هه‌ست ده‌که‌ی به‌ندیخانه‌یه، هه‌ست ده‌که‌ی دونیا که‌سی تێدا نه‌ماوه و هه‌موو ڕووناکییه‌کان له پێش چاوت تار و تنۆک بوون. ئا له‌و کاته‌دا خوا له‌گه‌ڵته و میهره‌بانتر له دایک بۆ تۆ و دڵسۆزتر له خۆشت بۆ خۆته، چونکه خوا کارزانی کاربه‌جێیه. بوون و نه‌بوون و خۆشی و ناخۆشی ئه‌م دونیایه به‌س بۆ تاقیکردنه‌وه‌ن نه‌ک خه‌ڵات و عه‌زاب. چه‌نده‌ها خۆشی که شوکری خوایان له‌سه‌ر به‌جێ نه‌هاتووه، له ئاکامدا بوونه هۆی ده‌رد و ڕه‌نج و چه‌نده‌ها ناخۆشی به هۆی سه‌بر و خۆڕاگری بوونه‌ته مایه‌ی خێر و خۆشی! ڕه‌نگه هه‌موومان به چاوی خۆمان شایه‌تی بووبین.
«لِکَیلَا تَأسَوا عَلَی مَا فَاتَکُم وَ لَا تَفرَحُوا بِمَا ءَاتَی کُم وللهُ لَآ یُحِبُّ کُلَّ مُختَالٍ فَخُورٍ» (حدید:٢٣)
واته: «تا خه‌فه‌ت نه‌خۆن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستتان چووه و دڵخۆش و غه‌ڕڕا نه‌بن به‌وه‌ی که پێی داون و خوا هیچ خۆبه‌زلزانێکی شانازیکه‌ری خۆش ناوێت.»
که‌واته له ڕۆژه ئه‌سته‌م و تنۆکهکان له ڕه‌حمی خوا بێ هیوا مه‌به و له ڕۆژه خۆش و گه‌شه‌کان سه‌رمه‌ست و له‌خۆبایی مه‌به.
بڕوانه مه‌ریمی دایکی عیسا، کاتێک ته‌نیا و بێ که‌س و خه‌مبار، برسی و داماو له بیابان به ده‌رد و ژانه‌وه ته‌نیا مابوو؛ هاواری کرد وای له‌و ڕۆژه ڕه‌شه! خۆزگه بمردبامایه و ئه‌و ڕۆژه‌م به‌چاوی خۆم نه‌دیبا و ناوی مه‌ریه‌م بۆ هه‌میشه له سه‌رزمانان بسڕابایهوه. به‌ڵام خوای گه‌وره ئاگای لێیه‌تی و مه‌ریه‌م که له مه‌ودای ژیانی له‌گه‌ڵ خوا بووه، خواش ئه‌وڕۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه و قاوی لێ ده‌کات ئه‌ی مه‌ریه‌م بۆوا په‌شۆکاوی؟ له‌چی خه‌مباری؟ من له‌گه‌ڵتم له شوێنێکه‌وه خه‌مه‌کانت یه‌ک به دوای یه‌کدا ده‌سڕمه‌وه که خۆشت نه‌زانی و غه‌رقی نوور و ڕووناکیت ده‌که‌م. به‌س پێویسته تۆ له‌گه‌ڵ خوا بی تا خواش له‌گه‌ڵت بێ و هه‌موو شت خۆی ڕاستوڕیس ده‌بێت.
له‌ولاوه بڕوانه قاڕوونی له‌خۆبایی ئه‌و کاته‌ی سه‌رمه‌ست و غلوور به ده‌عیه و ده‌ماره‌وه شانازی ده‌کرد و به بوونێکی خوا بۆ تاقیکردنه‌وه پێی دابوو فیزی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌کرد، حه‌رز قیزی لێ بۆوه و زاری عه‌زابی بۆ لێک کرده‌وه و قووتی دا و نه ئاسه‌واری خۆی ما و نه سه‌روه‌ت و سامانی، هه‌موو هێز و بوونی نه‌یتوانی له سزای خوای گه‌وره ڕزگاری بکات.
ته‌نانه‌ت خوای گه‌وره له دونیای بیر و خیاڵاتیشدا هه‌ر له‌گه‌ڵته. وامه‌زانه ئه‌و بیرۆکه نهێنییه‌ی که به خیاڵت دادێت، که‌س لێی ئاگادار نییه، له‌وێش خوا له‌گه‌ڵته و ئاگادار به نهێنی و ئاشکراته. که‌واته ئاگاداری نهێنخانه‌ی دڵت به و به شێوازێک بیر بکه‌وه که خوا لێت ڕازی بێت، گومانی چاکه‌ت هه‌بێ به‌رامبه‌ر برای موسوڵمانت، خۆت بپارێزه له ئیره‌یی و بوغز و غه‌ره‌ز هه‌مبه‌ر برای بڕوادارت. تۆوی خۆشه‌ویستی و ئه‌وین و دڵسۆزی بڕوێنه له باخچه‌ی دڵت به‌رامبه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێک و گیانله‌به‌رێک. چونکه له خێر و شه‌ڕی نیشتمانی ناو دڵتدا، خوا له‌گه‌ڵته و ئاگای لێیه.
گه‌ر ته‌نیایی و واده‌زانی که‌س ئاگای لێت نییه و خه‌ریکی تاوانی، یا له وڵاتی غه‌ریبایه‌تی و هه‌ست ده‌که‌ی که‌س ناتناسی و به که‌یفی خۆت خه‌ریکی ڕابواردنی، بیرت بێت خوا له‌گه‌ڵته. شه‌رم له خزم و که‌س و کارت مه‌که بۆ تاوان، ئه‌وان هیچیان له‌ده‌ست نایێت. شه‌رم له خوایێک بکه که هیچی لێ ون نابێت. مه‌ترسه له گه‌وره و سه‌روه‌ری نیشتمانت، بترسه له خوایێک که ده‌ره‌قه‌تی سزاکه‌ی نایێی. کار مه‌که به هیوای ده‌ست خۆشی خۆشه‌ویستانت، هه‌وڵ بده به به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوای میهره‌بانت. چونکه له هه‌موو کاتدا هه‌ر خوا له‌گه‌ڵته و ئاگای لێته. نه به‌خشش و خه‌ڵاتی ئه‌و که‌سانه سوودێکی بۆت هه‌یه و نه هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و سزایان، زیانێکت پێ ده‌گێنیت. به‌ڵام ته‌نیا گۆشه‌یه‌ک له میهری خوا به‌سه بۆ به‌خته‌وه‌ری هه‌میشه‌ییت و به‌س هه‌ڕه‌شه‌یێکی ئه‌و کافییه بۆ چاره‌ڕه‌شی هه‌تاهه‌تاییت. که‌واته ته‌نیا هیوات به خوای گه‌وره هه‌بێت و به‌س له‌و بترسه که خوا هه‌میشه له‌گه‌ڵته.
ئاماده کردن: کلسووم حه‌سه‌نزاده