دهردهدڵێك له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستم
یا ڕه‌سوله‌ڵڵا كاتێك پێت نایه سه‌ر ئه‌م هه‌رده، دونیایێكی كڕ و مات و نه‌فام بوو، تاریكستانێك بوو له نادادپه‌روه‌ری و جه‌ور و سته‌م، هه‌موو مافه‌كان ژێر پێ نهرابوون. كه تۆ هاتی، بوویه خۆرێك كه تیشكی نوورت به‌هه‌ر كوێ گه‌یشتبا، ڕزگاری ده‌هات له‌م تاریكهسهلاته.
ئه‌ی خۆشهویستترینم گه‌ر بمهه‌وێ ئاماژه بكه‌م به دانه‌دانه‌ی دیارییه‌كانی بۆت هێنایین، ئه‌وه لاپه‌ڕه‌كانی په‌ڕاوم یه‌ك له دوای یه‌ك پڕ ده‌بنه‌وه و پێنووسم ته‌واوی دێت و ده‌ستم ماندوو و شه‌كه‌ت لێ ده‌كه‌وێت و دیارییه‌كانی تۆ كۆتایی پێ نایێت. به‌ڵێ ئه‌وه تۆ بووی كه:
دادپه‌روه‌ریت هێنا له جێی نادادپه‌ره‌ری و زوڵم و سته‌م داتنیشاند.
دیلی و كۆیلایه‌تی جێی خۆی به ئازادی و سه‌ربه‌ستی دا.
كه‌ڕامه‌ت و شه‌ڕه‌فت بۆ هێنایین و زه‌بوونی و بێچارهییت وه‌لانا.
بێڕێزی و سه‌ركۆنه‌كردن خه‌ڵاسی هات و ڕێز و حورمه‌تت به مرۆڤایه‌تی به‌خشی.
ئازیزه‌كه‌م؛ به‌م چه‌شنه به‌رنامه‌ی خوای مه‌زنت كرده خه‌ڵاتی ژیان و بیر و باوه‌ڕی پووچ و گه‌نده‌ڵت به‌ره‌و لووتكه‌ی جوانبیری گۆڕی.
نه‌ك هه‌ر مافی ئافره‌ت، یا هه‌ر مافی مناڵ و…، ته‌نانه‌ت مافی نه‌یارانیشت دیاری كرد! بۆیه له ئاست مهزنایهتیت بهچۆك داهاتن و دانیان به گه‌وره‌ییت دانا. ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵان و دار و دۆڵ و كێوه‌كانیش له نووری ڕه‌حمه‌تت بێبه‌ش نه‌بوون. به كورتی بڵێم مافی دوباره ژیانت به ژیان به‌خشییه‌وه. تاكوو ڕۆشنایی شه‌ریعه‌ته پاكه‌كه‌ت جیهانی له خۆ گرت و ئاسووده‌یی و هێمنایه‌تی باڵی كێشا به‌سه‌ر زه‌ویدا…
چیبكه‌م نووری چاوم؛ ده‌ره‌قه‌تی به‌یانی نیعمه‌تی بوونت نایێم و كه‌می دێنم…!! پێغهمبهرهكهم؛ تۆ گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی خوایی بووی بۆ سه‌ر زه‌وی.
به‌ڵام ئازیزه‌كه‌م؛ دوژمنانی ئه‌و نووره و به‌دبه‌ختان و چاره‌ڕه‌شان، چاویان به‌و هه‌موو به‌خته‌وه‌رییه هه‌ڵنایێت، چونكه ده‌ستی جه‌ور و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یان كورت بۆته‌وه، خۆیان له داروبه‌رد ده‌ده‌ن كه ئه‌و نووره بكوژێننه‌وه و نازانن خه‌یاڵیان خاوه.
یاڕهسولهڵڵا ئه‌وان هه‌رچی ده‌كه‌ن، كه‌یفی خۆیانه و گله‌ییان له‌سه‌ر نییه. به‌ڵام هێندێ جار دڵم له خۆمانی موسوڵمان، خۆمانی شوێنكه‌وته‌ی تۆ پڕ ده‌بێت.
ئاخر خۆشه‌ویستم به نێوی تۆ چ زوڵم و سته‌مێك كه ناكه‌ن! بۆ نازانن تۆ دژی زوڵم و سته‌م بووی!؟
به نێوی تۆ خوێنی چه‌نده‌ها بێ‌تاوان و ژنان و مناڵانی پاك كه ناڕێژن! جا بۆ نازانن له ئایینی تۆدا ڕشتنی خوێنی بێ‌تاوان، تاوانه!؟
به نێوی تۆ شاره‌كان و ئاوه‌دانییه‌كان كاول ده‌كه‌ن! جا بۆ نازانن تۆ بۆ ئاوه‌دانی هاتی نه‌ك وێرانی!؟
به نێوی تۆ به زه‌بری شمشێر شاده‌ی به خه‌ڵك دێنن، ده‌نا سه‌ریان ده‌په‌ڕێنن! جا بۆ نازانن تۆ زۆریت ته‌نانه‌ت له مامه‌ی خۆشت نه‌كرد، نازانن زۆری له دیندا نییه!؟
له به‌رگی شه‌ریعه‌تی تۆدا غه‌در له هه‌ژاران ده‌كه‌ن، ماڵی هه‌تیوان ده‌خۆن، دزی له بازاره‌كان ده‌كه‌ن! بۆوا بێ‌ئاگا له یاسا و ڕێساكانی تۆن!؟
پێغهمبهرهكهم جاری وایه حه‌ڵاڵه‌كان، حه‌رام ده‌كرێن و حه‌رامه‌كان، حه‌ڵاڵ!!
بیر ده‌كه‌مه‌وه گه‌ر بۆ ساتێك بگه‌ڕێیته‌وه و بڕوانییه كۆمه‌ڵگای موسوڵمانان، ده‌بێ چه‌نێ شه‌رمه‌زار بین!!
بۆیه دڵم ده‌گیرێ ماڵ و گیانم فیدات بێت، ئه‌وڕۆكه هه‌موو شانازی دایكان و باوكان ئه‌وه‌یه كوڕه‌كه‌یان ناوی موحه‌ممه‌ده، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ نێوی موحه‌ممه‌د، ئایا ئه‌وه‌نده هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ڕه‌وشتی موحه‌ممه‌دی!؟ دونیا پڕه له موحه‌ممه‌د و موحه‌ممه‌دی ده‌گمه‌نن. ئه‌وانی هه‌شن یا سه‌ركووت ده‌كرێن به دواكه‌وتوویی یا دهستوباڵیان ده‌به‌ستن.
دڵم پڕ ده‌بێ ئه‌ی ئازیزترینم كاتێ ده‌بینم هه‌رچی شه‌ڕ و پێكدادانه له نێو موسوڵمانانه، له كاتێكدا تۆ هاتی تا په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان بڵاو كه‌یه‌وه. تۆی كه نه‌ك هه‌ڵگیرسێنه‌ری شه‌ڕان نه‌بووی، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له لوتكه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتتدا، له دوژمنانت، له‌وانه‌ی ده‌ربه‌ده‌ریان كردی و ماڵ و سامانیان داگیر كردی، خۆش بووی. یا ڕه‌سوله‌ڵڵا بێدهڕهتان ئه‌سرین له چاوانم ده‌بارێت كاتێك ئه‌و هه‌موو جیاوازییه ده‌بینم و كه‌چی هه‌مووی به‌یه‌ك شت داده‌نێن!!
ئه‌ی قوربانی ڕێگای پیرۆزت بم، شانازی ده‌كه‌یین موسوڵمانین، كه‌چی له زمانمان ئه‌ولاتر ناڕوات و كرده‌وه‌كانمان شتێكی دیكه‌یه، بۆ بیرمان چۆته‌وه كه ڕه‌فتار و كرده‌وه‌كه‌ت بوو كه قوڕئانی پیرۆز جه‌ختی له‌سه‌ر كرد و ڕێزی لێنا؟
پێغهمبهرهكهم گیانم به فیدات بێت، بمبوره ئه‌وه‌نده گله‌یی و گازه‌نده ده‌كه‌م، دڵم زۆر پڕ بوو و ویستم ده‌ردی دڵم بۆ تۆ هه‌ڵڕێژم. ئاخر له په‌یامه‌كه‌ت دوور كهوتووینهوه و ئه‌وده‌م له بێگانان داوای ده‌رمانی ژاراوی ده‌كه‌یین. بیرمان چۆته‌وه ده‌رمانی هه‌موو ده‌رده‌كانمان لای تۆیه، له به‌رنامه و شه‌ریعه‌تی ڕازاوه‌ی تۆ دایه. ئه‌ی ئازیزه‌كه‌م ئێستاش ناتناسین یا زۆر كه‌م ده‌تناسین. كاتێك له هه‌ر موسوڵمانێك بپرسرێ ئایا پێغه‌مبه‌رت خۆش ده‌وێت؟ بێگومان بێ‌دوودڵی ده‌ڵێت: به‌ڵێ زیاتر له خۆم. به‌ڵام ده‌ردمان ئه‌وه‌یه كه ڕه‌نگه به‌شێكی ڕاست نه‌كه‌یین، ده‌نا چۆن ده‌بێ كه‌سێكمان خۆش بووێت و به‌قسه‌شی نه‌كه‌یین!؟
گه‌نجێك به‌خاتری خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئاماده‌یه زۆر كاری سه‌خت و دژوار بكات، ئه‌ی ئێمه بۆ نابێ به هه‌موو هێزمان په‌یڕه‌وی یاساكانی تۆ بین!؟ بۆ مه‌گه‌ر یاساكانی تۆ جگه له به‌خته‌وه‌ری ئێمه چی پێیه!؟ به‌ڵێ یاڕهسولهڵڵا نه به‌گوێره‌ی پێویست ده‌تناسین و نه خۆشمان ده‌وێیت، ده‌نا كوا ئه‌وه حاڵی شوێنكهوتووانت ده‌بوو!!؟ ئیقباڵی لاهووری زۆر جوان فه‌رموویه‌تی:
شبی پیش خدا بگریستم زار كه چرا مسلمانان زارند و خوارند؟
ندا امد كه تو نمی دانی این قوم دلی دارند و محبوبی ندارند
واته: شه‌وێك لای خوا ناڵه و هاوارم كرد كه ئه‌ی خوایه موسوڵمانان بۆوایه زه‌لیل و داماون؟ گازم لێ كرا وتی كه تۆ نازانی ئه‌و گه‌له، دڵێكیان هه‌یه و خۆشه‌ویستیان نییه!!
ئه‌وه نه‌خۆشییه‌كه تووشی بوویین، بۆ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه لای تۆ، ئه‌ی پێغه‌مبه‌رم جارێكی تر بتناسینه‌وه و خۆشمان بوێیهوه.
نووسینی: كلسووم حه‌سه‌نزاده