تاریخ و سیرهمعرفی.مصاحبه

ده وله تی «دوسته کی» کورد له میژوی ئیسلامدا

دەوڵەتی دۆستەکی کورد لە مێژووی ئیسلامدا

    ئاماژە:

 دوای رووخانی دەوڵەتی (ماد) ی کورد بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بۆ ماوەی  ٧٠٠ ساڵ  کەوتە ژێردەسەڵاتی داگیرکەرانەی  هەخامەنشی و ساسانییەکان، بەشێکی تریش لە ژێردەسەڵاتی ڕوومییەکانی بیزانس دەچەوساوە، بێ ئەوەی کە قەوارەی سەربەخۆی خۆیان هەبێ. کوردستان لەو ماوەیەدا بووە گۆڕەپانی ململانێی ئەو دوو زلهێزە و سووتەمەنی شەڕێکی ماڵوێرانکەر کە بێجگە لە کاولکردنی کوردستان هیچ قازانجێکی تری بۆ کورد نەبووە. ئەو ستەم و چەوسانەوەو شەڕ و ململانێی ئەو دوو زلهێزە لە سەر خاکی کوردستان بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان پێشوازی لە هاتنی ئیسلام بکەن و بە پێچەوانەی ئەوانەی کە ئەو دەنگۆیە بڵاودەکەنەوە کە مێژووی کورد دوای ئیسلام لە تەم و مژیدایە و هیچ ئاسەوارێک لە ژیار و شارستانییەتی و کیانی سەربەخۆی تێدا بەدی ناکرێ، کەچی بەدانپیدانانی مێژووناسان، دوای هاتنی ئیسلام نزیک بە ۶٠ دەوڵەت و میرنشینی کوردی لە کوردستان دامەزرا کە یەکێک لەوان دەوڵەتی( دۆستەک) یا (مەروان) ی کوردە کە زیاتر لە سەدەیەک فەرمانڕەوایی بەشێکی گرینگ لە خاکی کوردستانی کرد و زلهێزەکانی هاوچەرخی خۆی دانیان پێداهێنا و تەنانەت بۆ سەرنج ڕاکێشانی زیاتر بۆ لای خۆیان لە ململانێ لە گەڵ یەکتر بوون کە لەو وتارەی ژێرەوە بە کورتی دێنینە بەرباس و لێکۆڵینەوە:

له ساڵی (۳۷۲) ک (۹۸۲) زاینی دەوڵەتی دۆستەکی ( مەروانی ) کوردی له بەشێکی کوردستانی گەوره دا که به کوردستانی ناوەڕاست ناوی دەبەین ، که بەشێ له کوردستانی تورکیای ئەم سەردەمەی پێکهێناوه ، دامەزراوه  کە هاوچەرخی دەوڵەتانی کوردی( ڕوادی، شدادی، بەرزیکانی) بووە  و تەنانەت لە ژێرکاریگەری ئەواندا دامەزراوە. ئەو دەوڵەتە لە ئاکامی یەکێتیی لە گەڵ میرنشینی بۆتان دامەزرا.

فەرمانرەوایەتی دەوڵەتی دۆستەکی ( مەروانی) هەموو زەوییەکانی ویلایەتی دیاربەکر و ماردین ، سعرد ، سیرت ، بەدلیس و بەشێک له ولایەتی موسڵ سەرەڕای قەزای ئەردەشیری سەر به ویلایەتی ( ئالنرک ، ئەلمەزیر ، خەرپوت ، حصن زیان ) هەروەها ویلایەتی ئورفە بەشێک له ناوچەی جەزیره له کوردستانی سووریا له ناوچەی ( راس العین ) ، تا رووباری دیجله ، که ئێستا شارەکانی ( وەریسیه و عاموده و قامیشلی و دیرک ) دەکەوێته سەر ، گرتبۆوه . گرینگترین شارەکانی دەوڵەتیش بریتی بوون له دیاربەکر ، میافارقین و جزیرەی بۆتان ، ئەرزن ، بەدلیس ، خەلات ، ئەردیش ، حسنکێف .

دامەزرێنەری ئەم دەوڵەته ( پاد) ی کوڕی ( دۆسته ک ) بوو کە بە  قارەمانی شەڕ و جیهاد لە گەڵ خاچ پەرستەکانی بیزانس ناوبانگی دەرکردبو . دامەزرێنەری دەوڵەتی دۆستەکی (پاد) سەرەنجام لە ئاکامی شەڕکردن لە (حەمدانییەکان)  کوژرا ونیسبەت بە تەرمەکەی  بێ ڕێزییەکی ڵە ڕادەبەدەر کرا کە بووە هۆی ڕق  و بێزاری و ناڕزایەتی دەربڕینی خەلکی موسڵ  و ووتیان کە بۆچی ئەو جیهادگەرە ئیسلامییە دەبی ئەو شێوە هەڵسوکەوتە ناڕەوایەی بەنیسبەت بکرێ؟! بۆیە تەرمەکەیان کفن کرد و نوێژیان لە سەر خوێند و بەخاکیان ئەسپارد و زۆری بۆ گریان  و ڕەسمی سەرەخۆشیان بۆ دانا. دوای شەهیدبوونی پاد، ابوعلی حسن ی خوارزای کاروباری دەوڵەتی دۆستەکی گرتەدەست.

 دوای مەرگی پاد دەوڵەتی دۆستەکی کورد وەکوو بەشێک لە خاکی موسڵمانان کەوتە ژێر هەڕەشە  ومەترسی هێرشی خاچ پەرستەکان، بۆیە لە ساڵی«۳۸۲-۹۹۲م»  ئیمپراتۆری بیزانس«بسیلیوسف»  هێزێکی گەورەی بە مەبەستی داگیرکردنی شارەکانی «ملازگر- خلاط-  الجواز(ذات الجوز) – اردیش» ڕەوانە کرد و گەمارۆی دان، بەڵام دانیشتوانی ئەو شارانە خۆڕاگرییەکی بێ وێنەیان نیشاندا و بە تایبەت(ابوعلی) فەرمانڕەوای دۆستەکی بۆ خۆی  و هێزەکانی خۆی گەیاندە ئەو ناوچانە  و زەبری کاریگەری  لێ وەشاندن و بە مەبەستی لاوازکردنی ورەی هێزەکانی بیزانس گوتی: هەر لە کازیوەی بەیانیدا هێزەکانی ئیسلام لە هەموو ناوچەکانی وڵاتانی موسڵمان دێنە یارمەتی من. بە م جۆرە بوو کە بە ئازایەتی بێ هاوتای خۆی دەوڵەتی دۆستەکی کورد لە ژێر هەڕەشە  و داگیرکاری خاچ پەرستانی بیزانس ڕزگار کرد. دوای شکستی بیزانس لە داگیرکردنی کوردستانی ناوەڕاست، هەردوولا ناچار بە بەستنی پەیمانی ئاشتی  و تەبایی بۆ ماوەی دەساڵ بوون کە سەرکەوتنێکی مەزن بۆ (ابوعلی) لە لایەنی سیاسی و نیزامییەوە لە قەڵەم دەدرا، چوونکە دەرگای شەڕی و داگیرکاری بەڕووی دەوڵەتێکی مەزن(بیزانس) داخست کە سەدان ساڵ بوو هێرشی دەکردە ئەو بەشە لە خاکی کوردستان  و تاڵان و  برۆ و کاولکاری زۆر ئەنجام دەدا، بە هۆی ئەوەی کە دراوسێی ئەو ئیمپراتۆرییە مەزنە بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پادشا کوردە پەیمانی سوڵح و ئاشتی لە گەڵ بیزانس بەست بەڵام پێوەندییەکی قووڵی لە گەڵ هەر سێ دەوڵەتە مەزنەکەی جیهانی ئیسلامی وەکوو عەباسی  و فاتمی  و حەمدانی دامەزراند، سیاسەتێکی ئاشتیخوازی کە فەرمانڕەوایانی دوای خۆی ڕەچاویان کرد  و ژیانێکی پڕ لە هێمنی  و ئاشتی  و تەبایی بۆ گەلی کوردی دۆستەکی دەستەبەر کرد. دوای کوژرانی (ابوعلی) بە هۆی پیلانێکی دزێو لە دیاربەکر، «ممهدالدوله» کاروباری دەوڵەتی دۆستەکی گرتە دەست کە وەکوو فەرمانڕەوایانی پێشوو ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئاشتی و تەبایی و بەهێزکردنی دەوڵەتی دۆستەکی گێڕا.

دانپیانانی دەوڵەتانی مەزنی جیهانی ئیسلام بە دەوڵەتی دۆستەکی و«ممهدالدوله»:

هەر سێ دەوڵەتی مەزنی ئەوکات نوێنەرانی خۆیان بۆ لای (ممهدالدولە) نارد، خەلیفەی عەباسی «القادربالله»، سوڵتانی بوەیهی «بهاءالدوله» بە ناردنی باڵوێزی خۆیان بۆ لای ممهدالدولە دانیان بە حکوومەتەکەی ناوبراو و دەوڵەتی دۆستەکی هێنا.

خەلیفەی فاتمی «الحاکم بن العزیز»ی وێڕای لێژنەیەکی فەرمی بەمەبەستی دانپیانان بە حکوومەتەکەی ناوبراو نارد کە دیارییەکی بە نرخیشیان پێ بوو.

ساڵی (۴٠١) کۆچی «شیروه» بە پێی پیلانێک ممهدالدولەی پادشای دۆستەکی کوشت و پێتەختەکەی هێنایە ژێر دەسەڵات و رووخانی دەوڵەتی دۆستەکی ڕاگەیاند. بەڵام لەو سەروبەندەدا «ابوالقاسم» والی (ئەرزن) هەواڵی کوژرانی ممهدالدولەی پێ گەیشت و بە خێرایی (نصرالدولە)ی مەروانی لە پیلانی کوشتن ڕزگار کردو دواتر خەڵکی بە دەوریدا کۆکردەوە و هێزەکانی شیروەی لە دەوروبەری پێتەخت شکستدا و دەرگای میافارقینی پێتەختی بە ڕوویدا داخرا.

شیروە نامەیەکی بۆ قەڕاڵی بیزانس نارد و پێشنیاریدایە کە حازرە پێتەختەکەی ڕادەستی ناوبراو بکات، بەڵام خەڵک کە لە مەبەست و کردەوەکانی ناوبراو گەیشتن، ئەوپەڕی ڕق  و بێزاری خۆیان لە شیروە دەربڕی و دوای نوێژی جومعە بە دژیی ڕاپەڕین و هێرشیان کردە هێزەکانی شیروە و کۆشکی پادشایەتیان هێنایە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. دواتر هێزەکانی نصرالدولە بە سەرکەوتنەوە هاتنە ناو شار و کاروباری وڵاتیان ڕێکخست و شیروەش وەبەر لێبوردن کەوت.

دوای ئەوەی کە نصرالدولە کاروباری وڵاتی ڕێکخست، بڕیاریدا کۆشکێکی جوان و ڕازاوە و مەزن وەکوو کۆشکی پادشاکانی هەر سێ زلهێزەکەی سەردەم ساز بکات. هەر سێ دەوڵەتە مەزنەکەی عەباسی، فاتمی و بیزانس دانیان پێداهێنا و پێوەندییەکی دۆستانەیان لە گەڵی دامەزراند.

ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە نوێنەری هەر سێ دەوڵەتە مەزنەکە لە ڕۆژێکدا گەیشتنە کۆشکی پادشایەتی دەوڵەتی دۆستەکی. نصرالدولە کە لە سەر کورسی پادشایەتی دانیشتبوو، نوێنەری عەباسییەکان لە لای ڕاستیی و نوێنەرانی فاتمی و بیزانس لە لای چەپی دانیشتبوون. هەر یەک لەو دوو  دەوڵەتە مەزنەکەی جیهانی ئیسلام واتە عەباسی و فاتمی بە مەبەستی فەرمانڕەوایی کردنی جیهانی ئیسلام لە ململانێی یەکتردابوون و  بۆ پێوەندیی گرتن لە گەڵ دەوڵەتی دۆستەکی کوردیش هەر یەک لەوان خەریکی ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری ئەو دەوڵەتە بۆ لای خۆیان بوو.  کەچی لە ئاکامدا پادشای دەوڵەتی دۆستەکی نازناوی خەلیفەی عەباسی کە(نصرالدولە) بوو، هەڵبژارد، بێ ئەوەی کە بایەخ بە نازناوی خەلیفەی فاتمی کە (عزالدولە) بوو، دابنێت.

ئەو دانپیانانەی دەوڵەتی دۆستەکی بە خەلیفەی عەباسی بەو هۆیانە بوو کە عەباسییەکان سووننە مەزهەب بوون ولەباری مەعنەوییەوە لە کوردستاندا جێی ڕێزی ئەو خەلکە بوون و لەباری ئابووریش کوردستان زۆرترین مامەڵەی لە گەڵ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی عەباسییەکان هەبوو و شتومەکەکانی بازرگانی کوردستانی ناوەڕاست بەشێکی زۆری هەناردەی بەغدا دەکرا.

بەڵام ئەو گوێڕایەڵی و پێوەندی گرتنی دۆستەک بە بەغدا و عەباسییەکان بەو مانایە نەبوو کە لە گەڵ فاتمییەکان لە دوژمنایەتی و ڕقەبەرایەتی دابێ، بەڵکوو لە گەڵ ئەوانیشدا لە چوارچێوەی خۆیدا پێوەندیی هەبوو و لەو پێوەندییەدا بێ لایەنی پاراستووە تا ئەو کاتەی کە فاتمییەکان هێرشیان کردە کوردستان ئەو پێوەندییە سەقامگیر بووە و لەو بارەوە دەوڵەتی دۆستەکی هاوسەنگی پاراستووە.

نصرالدولە به ناوبانگترین و لێهاتووترین پادشای دۆستەکی

نصرالدولە به ناوبانگترین و بەهێزترین سەرکردەی دەوڵەتی دۆستەکی بوو کە لەگەڵ پەنابەران هەڵسوکەوتێکی باشی هەبووە، لە سەردەمی ناوبراو چەندین میر و بازرگان و وەزیر و جوتیار بە مەبەستی ده ربازبوون لە سەختییەکانی ژیان پەنایان بۆ بردووە، نصرالدولە ڕێزی گرتوون و ژیانێکی پڕ لە ئاسایش  و هێمنی بۆیان دەستەبەر کردووە. کاتێک کە پادشای(انجاز) لە لای (طغرل بگ) بە دیل گیرابوو، بیزانس کە لە حەولی ئازادکردنیدا بوو بەڵام نەیتوانی و داوای لە نصرالدولە کرد کە حەولی ئازادکردنی بدات، بەم شێوەیە بوو کە نصرالدولە «شیخ السلام اباعبدالله بن مروان» ی ناردە لای سوڵتانی سلجوقی و ئازادی کرد. ئەو کردەوە جوامێرانەی نصرالدولە بووە هۆی زۆربوونی ڕێز و گەورەیی ناوبراو لە لای قەڕاڵی بیزانس.

نصرالدولە  ئەرکەکانی ئایینی خۆی زۆر بە ڕێک و پێکی بەجێ دەهێنا بە شێوەیەک کە لە ماوەی ژیانیدا نوێژی بەیانی تەرک نەکرد. هەر سێ ڕۆژ جارێک لە گەڵ فەرماندە پلە بەرزەکانی سپا دانیشتنی هەبووە. یەکێک لە سیاسەتەکانی ناوبراو ئەوە بووە کە بە مەبەستی پێشگرتن بە خوێن ڕشتن و کاولکاری و سوڵح و ئاشتی، پارەی دەدا دوژمنانی هێرشکەر. کەسێکیی دڵسۆز بوو  و بایەخێکی تایبەتی دەدایە ئاوەدانی  و پێشکەوتنی داب و نەریتی وڵاتەکەی.

لەلایەنێکی تر کەسێکی دادپەروەر بووە و ئەگەر ژیانی ناوبراو لێک بدەینەوە، بەو ئەنجامە دەگەین کە ژمارەیەکی کەم لە پادشاکانی هاوچەرخی خۆی، ئەو خەسڵەتە شیاوەی نصرالدولەیان هەبووە و هیچ گەلێک وەکوو نەتەوەی کورد لە سایەی دەوڵەتی خۆیان بە ئاشتی  و هێمنی و ئازادی و دادپەروەری فەرمانڕەوایانی خۆی ژیانی بەسەر نەبردووە. بەتایبەت (نصرالدولە) کە هێندێک لە مێژوونووسان ڕێزی سۆز و بەزەیی و دادپەروەری ئەویان کردووە وەکوو:

  «ابن کثیر»در(البدایه والنهایه) دەنووسێ: وڵاتەکەی – دۆستەکی- ئارامترین و هێمن ترینی ئەو ناوچەیە بوو کە دادپەروەری لەو پەڕی خۆیدا بوو.

«ابن اثیر» وەسفی سیاسەتەکانی نصرالدولە دەکا و دەنووسێ: بە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتەکەی زانای زۆر هەبووە، بۆیە پلە و پایەی قووڵ و هەڵسوکەوتی لە گەڵ خەڵکی خۆی لەو پەڕی بەرزیدا بووە و  دادپەروەری ئەو پادشاکوردە و سیاسەتەکانی بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری خەڵکی وڵاتانی تر.

مێژوونووسی گەورە(فارقی) وێڕای ئاماژە بە خەسڵەتی دادپەروەرانەی نصرالدولە، باس لە ئاوەدانی و پێشکەوتنی وڵاتەکەی دەکا و دەنووسێ لە سەردەمی ناوبراودا ستەم لە هیچ کەس نەکراوە و ماڵ و نامووس و مڵکی پارێزرابوو، هەروەها دەڵێ هۆی ناوبانگییەکەی ئەوە بوو کە لە ماوەی فەرمانڕەوایی خۆیدا دراوێکی لە هیچ کەس وەرنەگرتووە. پیاوێکی دڵسۆز و ڕووخۆش بە تایبەت کە سۆز و بەزەییەکەی باڵندەکانیشی گرتەوە و لە سەرما و سۆڵەی زستاندا فەرمانیدا کە دانەوێڵە بدەنە ئەو باڵندانە و بە گشتیی هەموو ساڵێ باڵندەکان میوانی ئەو پادشاکوردە دادپەروەرە دەبوون.

له دەوڵەتی دۆستەک ( مەروانی ) دا شارستانییەتی و هونەر زۆر پێشکەوتن ، پەیکەری میافارقین و ئامەد دیاربەکری سه رلەنوێ درووست کرایەوه و گەلێک مزگەوت و کاروانسەرا و پرد درووست کرا و له کۆشکی پاشایانی کورددا مۆسیقا و هەڵپەرکێ پەرەی سەند و هونەری پێشکەوتنی بەخۆیەوه بینی و دەوڵەمەند بوو . دەوڵەتی دۆستەکی دراوی تایبەت بە خۆی هەبووە کە لە شارەکانی (میافارقین ، دیاربکر، جزیره ، خلاط و … لێدەدرا، کە چەند نموونەی ئەو لە عەنتیکەخانەکانی بریتانیا و لە  لەندەن و عەنتیکەخانەی هومایۆن لە ئێستانبول پارێزگاری لێ دەکرێ. دراوەکانی عەنتیکەخانەی بریتانیا بەو شێوەیەن:

یەکێک لەوان لە ساڵی ( ۳۸۵هجری – ۹۹۵ م ) لە شاری جزیرە لێدراوە کە ناوی (ابوعلی)  کوڕی مەروانی لەسەر هەڵقەندراوە. دراوی دووهەم لە شاری ( نصیبین ) و لە ساڵی ( ۳۹۷ه – ۱۰۰۷ م ) لێدراوە کە ناوی ( الدوله ابی مب  ) واتە سەعیدی کوڕی مەروان لەسەر دراوەکەی دەبینرێ. دراوی سێهەم لە ساڵی ( ۴۱۲ ه – ۱۰۲۱م ) لێدراوە کە ناوی( نصرالدوله ابی نصر ) فەرمانڕەوای لە سەر دەبینرێت.

لە باری فەرهەنگییەوە دەوڵەتی دۆستەکی بایەخێکی تایبەتی بە گەشە و نەشەی ئەو بەشە داوە و ڕێزی زانایانی ئایینی و پزیشکی و ئەدیبان و یاساناسان بە تەواوی گرتووە. ئەو ڕێز و بایەخ و گەورەییە بۆتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئەو بوارانە لە هەموو ناوچەکانی جیهان بێنە وڵاتی دۆستەکی و خەریکی خوێندن و گەشەی زانستەکەیان بن. هەروەکوو (ابن اثیر) دەنووسێ کە: نصرالدولە بووە ڕووگە و هیوا و ئومێدی گشت زانایان لە هەموو ناوچەکانی جیهانی ئیسلام.

(مقدسی) ئاماژە بە بوونی مەزهەبەکانی شافعی و حەنبەلی لە کوردستان دەکا، بەڵام مەزهەبی حەنەفی شوێنکەوتووی کەمی هەبووە کە بەشێکی بەرچاوی لە ناوچەی جزیرە بووە. لە کۆتاییەکانی فەرمانڕەوایی دەوڵەتی دۆستەکی مەزهەبی شافعی لە کوردستان بە فەرمی دانی پێداهێنرا کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزرانی قوتابخانەی ئیمام شافعی لە میافارقین کە بەڕێوبەر و مامۆستاکەی ( ابو عبدالله محمد بن بیان بن محمد الکازرونی ) بوو.

لە دەوڵەتی دۆستەکیدا پێڕەوانی سێ ئایینی مەسیحی و یەهودی و زەرتەشتی هەبوون کە لە کاروباری ئایینی خۆیاندا لەو پەڕی ئازادیدا بوون و وەکوو ئەهلی کتێب هەڵسوکەوتیان لە گەڵ دەکرا.

 رووخانی دەوڵەتی دۆستەکی:

دەوڵەتی دۆستەکی کورد هاوچەرخی دەوڵەتی تورکانی سلجوقی بوو که له سەردەمی مەنسووری ناصرالدولەی کورد دا ، تۆغرۆڵ بەگ سەرۆکی سلجوقییەکان بوو .

له ساڵی ۱۰۴۳ ی زایینی دا تۆغرۆڵ بەگ به سەرۆکایەتی تۆغا ئاسغلی ۱۰۰۰ سواری نارده سەر میافارقین ، بەڵام هێزی تورکی سلجوقی بەرامبەر به سوارەکانی کوردی دۆستەک خۆیان رانەگرت و زۆر به پیسی شکان و تاڵانیش کران ، ئیتر له دوای ئەوەوه تورک خۆی دوور رادەگرت .

له کۆتاییەکانی سەردەمی دەسەڵاتداری ناصرالدوله دا دەوڵەتی دۆستەکی بەرەو کزی چوو و نیزامولمولکی سوڵتانی سلجوقییەکان ، به هەڵی زانی و هێزێکی سوارەی به سەرکردایەتی فەخرەدولەی نارده سەر مەروانییەکان ، فەخرەدوله  له نزیکی ئامەد لەشکری خۆی دوو بەش کرد ، بەشێکیان به سەرۆکایەتی کور‌ەکەی خۆی زەعمیرولروئەسا نارده سەر ئامەد و بۆ خۆشی له گەڵ هێزەکەی تردا هێرشی کرده سەر ( وان ) که پایتەخت بوو ، ناصرالدوله به ناچار بەرەو ( جزیره ) هەڵات .

 له ساڵی ۱۰۸۶ دا و دوای میافارقین و ئامەد ، ئیتر دەوڵەتی دۆستەکی ( مەروانی ) کورد کەوته ژێر دەستی تورکه سلجوقییەکان و له ساڵی ۱۰۹۷ دا کۆتایی به دەسەڵاتی  دۆستەکی ( مەروانی ) کورد هات .

                                                                                                                   کۆتایی

  هاشم زوورئاوەر

 

برچسب ها

نوشته های مشابه

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود

همچنین ببینید

بستن
بستن