شخصیت هاگفتگو

دیمانه‌ی سۆزی میحڕاب له‌گه‌ڵ مامۆستا موحه‌ممه‌د سه‌باتی – مهاباد

محمد ثباتی

ئاماژه

به مه به ستی زیندوڕاگرتنی ڕۆڵ و خە باتی زانایانو ناودارانی موسوڵمانی گه لی کوردمان و ڕابوردوی پڕله سه روه ری ئه و گه وره پیاوانه ی که  سەدان کارو خزمه تی گه وره یان پێشکه ش به گه له که یان کردوه و بۆ ئەوەی له دیدو ئه ندێشه ی خوێنه رانی به ڕێزدا ون نه بن،ماڵپه ڕی “سۆزی میحڕاب” به پێویستی ئه زانێ که گۆشه یه ک بۆ ژیان و به سه رهاتی ئه و پایه به رزانه ته رخان بکات…

یه کێک له و پایه به رزانه به ڕێز جە نابی مامۆستا موحه‌ممه‌د سه‌باتیه…. مامۆستا و پێشنوێژ و موده رریسی مزگه وتی “رسول الله” ی شاره جوانه که ی مهاباده ،که هاوینی ئه م ساڵ چوینه خزمه تیان و به پێویستمان زانی له ژیان وخه بات و ڕابوردوی پڕ له شانازیان به ئاگابین و ژیانیان بکه ینه سه رمه شق وبه هره مه ند بین لێی. ان شاالله.         

وتووێـژکار


به نێوی وەدیهێنەری بونەوەر

حەمد و ستایش بۆ زاتی الله

دانەری ئەرز و خالیقی سه‌ما

ڕۆژی گەیینی گیان له‌بەرانه

بۆ شەفای دەردان هەر ئەو دەرمانه

ئاو دێری ئەرز و گیاو و گۆڵه

تۆڵه هەستینه بۆ بزنی کۆڵه

باقی هەر ئەوە و هەر ئەو ئەوەڵه

دووره له عەیب و گشت هەڵە و پەڵه

مەتح و سەنای وی نایەته زوبان

ڕەحمان و ڕەحیم عەیانە و به‌یان

سەلات و سەلام بێ حەد و حیساب

له سەر موحەممەد هەم ئال و ئەسحاب

بەڵێ له لایان یەکێک له برایانی سەر به سایتی سۆزی میحراب چەن پرسیارێکم ئاراسته کراوه له گەڵ ڕێز و ئیحترام بۆ ئەو برا بەرێز و دڵسۆزه و بۆ تەواوی برایانی سەر بەو سایته، منیش وەڵامی پرسیارەکانم به زبانی کوردی داوەتەوه.

 بەر له هەموو شتێک داوایان لێدەکەم له کەم و کوڕی وه‌ڵامەکانم ببوورن، خوداش له کەم و کوڕی بەندەکانی دەبوورێ.


١- سۆزی میحڕاب: لە خزمەت بەرێزتان‌دا عەرزی سڵاومان هەیە، لە لایەن سۆزی میحڕابەوە هاتووینە خزمەتت. مایەی سەربەرزیمانە گەر خۆت بناسێنی بە لایەنگرانی سایتەکەمان؟ (پوختەی ژیان‌ـ زێدـ ئاستی توانای زانستی‌ـ هاوسەرگیری‌ و مناڵەکانت و…)

وەڵام: نێوم موحەممەدی کوڕی قادره‌ و له ساڵەکانی ١٣٣٠ یان ١٣٣١ له گوندی سوتو سەر به شارستانی بانه له بنەماڵەیەکی مام ناوەندی له دایک بووم. له تەمەنی منداڵیمدا به پێی باو و ڕەسمی ئەو سەردەمه، بنه ماڵەکەمان کۆچی کردووه بۆ گوندی گوڵی سەر به شارستانی سەردەشت.

 لەوێ تەمەنی منداڵیم تێپەڕاندووه و هەر لەو گونده لای فه‌قێکان دەستم به ئەلفو بێ کردووه. چەن ساڵێک هاوینان دەبوومه شوان و زستانان دەچوومەوه حوجره و دەبوومەوه قوتابی و ئەو شێعرەیان بۆ دەخوێندینەوه:

هاتەوه حوجرەی به که لکه لەقێ    هاوینان شوان و زستانان فەقێ

له بەهاری مانگی گوڵانی ساڵی ١٣۴٢ بۆ یه‌که‌م جار بوومه فەقێ و چوومه گوندی شەمۆڵه، ئەو کات له قوڕئاندا گەیشتبوومه سورەتی قەسەس، له کتێبه فارسییەکاندا کەلاس سێیەمم دەخوێند. لەوێ دەستیان پێ له قوڕئان هەڵ گرتم، ئەگەر چی نەشمدەزانی. گوتیان دەست بکه به تەسریفی زەنجانی.

 بەڵێ دەستم پێکرد، به‌ڵام نەمدەزانی ئەو کتێبه ڕەق و تەقه چییه؟! تێینەدەگەیشتم، دەیان گوت تەسریف به مانای گورانه و گورانیش وەکو نازڵ بوونی بەفر بۆ سەر کێوان و نووسین له سەر قاقەز، ئەسلی واحید مەسدەره. ئەی خودایه مەسدەر چیه؟

بەڵێ که ساڵی ١٣۴٢ی هەتاوی سەرەتای خوێندنم بوو، کۆتایی خوێندنەکەشم له‌ مانگی گوڵانی ساڵی ١٣۵۴ هەتاوی بوو، واتا به مەودای دوازده ساڵان له گوند و شارەکانی سەردەشت – بانه – سەقز – پیرانشار – شنۆ – کوردستانی ئێڕاق بەدوو خوێندندا گەڕاوم و خولاومەوه و تاڵی و سوێرم چێشتووه و خۆشیه‌کانیش یەک جار زۆرن. ئەگەر به‌سه‌ر مێژووی ژیانی ئەو دوازده ساڵه‌دا بگەڕێمەوه به چەن دەفتەر پڕ نابێتەوه. چونکه چۆنم خوێندووه، چۆن خەوتووم و چم خواردووه، چم دیتووه و چم بەسەر هاتووه، هەمووم له بیرن، بۆ هێندێک له ڕووداوەکانی رابردوو گریانم دێ و بۆ هێندێکیشیان قاقا پێکەنین.

له بەهاری ساڵی ١٣۵۴ له گوندی سارتکێ سەر به شارستانی سەردەشت له خزمەت مامۆستای بەڕێز و پایه بەرز جەنابی مامۆستا مەلا خدری عه‌بباسی سیسێری خودا لێی ڕازی بێ و له نێوەراست بەهەشتدا جێی بکاتەوه، ئیجازەی خوێندنی مەلایەتیم وەگرت.

 ئەو مامۆستایه له ئیجازه‌نامەکەیدا ئامۆژگاری زۆری کردووم، به تایبەتی نه‌سیحه‌تی کردووم له وەڵامی پرسیارێکی شه‌رعی که لێم دەکرێ به وردی وەڵام دەمەوه و له مامۆستایانی باڵی خۆم بپرسم و دوایی وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌.

 ڕۆژی دوای ئیجازه وەرگرتنەکەم، ڕاستەوخۆ بەرەو گوندی کانی ڕەش سەر به شاری مەهاباد که لەگەڵ کۆمەڵێکی تێکەڵ له مامۆستایان و دۆستان و خزمان وەڕێ کەوتم، بووم به ئیمام و پێشنوێژی ئەو گونده.

 له پازدەی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣۵۴ له‌گەڵ حەلیمه خانمی کچی خودا لێخۆش بوو؛ سەید عەبدوولکەریم زمزیرانی واتا خوشکی مەلا سەید مستەفا مەحموودیان هاوسەرگیریم کرد.

ئەو خاتوونه، ژن نەبوو، ڕەحمەتی خوا بوو، ماوەی چڵ ساڵ به‌یەکەوه ژیایین، ئێشم له دەستی نەدی، ئاخم لێ نەخوارد، مایەی شانازی ژیانم بوو، له نێو هۆز و خزمان و نێو کۆمەڵانی خەڵکدا سەرم پێی بەرز بوو.

به‌داخەوه له شەشی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی له تەمەنی پەنجا و شەش ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بۆ ڕەحمەت و بارەگای خوداوەندی میرو مەزن و خاوەن بەزەیی گەڕاوه، خودا به کەرەم و بەزەیی خۆی بیبەخشێ و لێی ڕازی بێ.

 له دەسته شێعرێکدا له ژێر ناوی شین بۆ حەلیم گووتوومه:

هەر کات دێیەوه بیرم، چاو به گریانم حەلیم گیان

چ بکەم ماڵی دڵم وێران و سووتاوه حەلیم گیان

به هەموو مڵکی دونیایه‌م نەدەدای حەلیم گیان

باڵی به هێزی ژیانی من بووی حەلیم گیان

بەرووبومی هاوسەرگیری من له گەڵ حەلیمه خاتوون چوار کور و شەش کچ بوو که سوپاس بۆ خودا هەموویان له ژیاندا ماون.

له دەورانی مەلایەتیمدا ماوەی شازده ساڵان له گوندەکانی زمزیرانی سەر به شارستانی سەردەشت و قەباغکەندی سەر به شارستانی میاندواو وانه خوێن و فه‌قێی باشم هەبوون و ئه ائانیش له مزگه وتی “رسول الله”پشت ته پی مه هابادم.

 هەموو ئەو کتێبانەی که ئەو کات باو بوون (واتا هەر دوازده عیلمەکان) به وانه گوتومنەوه و چەن کەس لەو فەقێیانه‌ی که ئیجازه‌نامەیان له کن من وەرگرتووه بریتین لە:

١-مەلا موحەممەدی سێونێ

٢- مەلا خالید کولتەپەیی

٣- مەلا تاهیر کانی سێوێ

۴- مه‌لا موحەممەد ڕەسولی مەهابادی

۵- مەلا ئیبڕاهیم ڕەسولی مەهابادی.


۲ـ سۆزی میحڕاب: هۆکاری چوونە حوجرەت چ بووە؟ لە شاری یان لە دێهاتی لە خزمەت کام لە زانا پسپۆرەکان وانەت خوێندووە؟ ئایا بۆ خوێندن چوویتە دەرەوەی سنووری کوردستان؟

وەڵام: بەشی زۆری ئەو پرسیاره له پرسیاری ئەوەڵدا وەڵامم داوەتەوه.

تەنیا ئەوه دەڵێم: له ماوەی دوازده ساڵی خوێندنمدا سێ ساڵ دەرسم لای مامۆستا مەلا سەید نورالدین واژی که ئێستا له ژیاندایه و ئیمام و پێش نوێژی گوندی پەسوێی سەر به شارستانی پیرانشاره خوێندووە و کۆتایی‌یەکانی خوێندنیشم که ئەویش ماوەی سێ ساڵ بوو، له خزمەت مامۆستای ئیجازه دەرم، مامۆستا مەلا خدری عەبباسی سیسێری خوێندووە و شەش ساڵەکەی دیش لێره و لەوێ؛ واتا ئەو شوێنانەی که ئیشارەم پێ کردوون بووم۰..


٣- سۆزی میحڕاب: سەردەمی فەقێیەتی ئەو ڕۆژگارە چۆن بوو؟ باسی عادەتی ئەو کاتی فەقێیانمان بۆ بفەرموو؟

وەڵام: فەقێکان دوو بەش بوون؛ بەشی هەوەڵیان موستەعید و بەشی دووهەمیان سووخته بوون؛ ئەگەر سووختەیەکی خزمی مامۆستای گەوره له حوجره‌دا هەبا، پێیان دەگوت گونه مەلا و موستەعیدەکان زۆریان ناخۆش دەویست، له‌بەر ئەوەی خزمی مامۆستایه، نەیاندەتوانی زوڵمی لێبکەن و بێروبەوێی دادەن. موستەعید له خزمەت مامۆستای گەوره دەرسی دەخوێند و سووختەش لای موستەعید.

 سووختە ڕێز و حوڕمەتی زۆڕیان بۆ مامۆستای گەوره هەبوو، موستەعیدەکان به‌سەر سووختەکانەوه ئەمیرێکی به‌هێز بوون، سووخته له دەرەوەی حوجرەدا ڕاتبە و دەقنە و جومعانە و نان چنینەوه‌یان له ئەستۆ بوو، له ژووردا پاک و خاوێنی حوجرە و چا لێنان و چرا هەڵکردن و شووشتنی لیباسی موستەعیدەکان و ڕاخستنی نوێنوبانی خەویان و هەڵگرتنیان له‌سەر بوو. سوخته سەربه‌خۆ، مافی قسەکردنی نەبوو؛ نەیان دەتوانی بەرۆکی کراسیان بکەنەوه؛ دەبوو دوای موستەعیدەکان بخەون و کەوشه‌کانی حوجرەی جووت کەن.

 فەقێکان به تێکڕایی نوێژیان دەکرد، ڕۆژوویان دەگرت؛ به‌ڵام بەشێکیان بۆ نوێژی بەیانی تەنبەڵ بوون. مەشهوور بوو هەموو شتێکیان به جەماعەت بوو، به‌ڵام نوێژیان به‌ته‌نێ بوو. له ڕۆژەکانی عەڕەفە و تاسووعا و عاشووڕادا به ڕۆژوو دەبوون.

 فەقێکان بەس کتێبه باو و موتەداوەلەکانیان دەخوێندن، زەمان بۆ خوێندن دیاری نەکرابوو، قوڕئانیان کەم به تەجویده‌وه‌ ده‌خوێنده‌وه. تەفسیر و حەدیس کەم دەخوێندرا، دەگوترا ده‌بێ فەقێ به هێزی عیلمی بیانزانی. فەقێکان به علومی قوڕئان و حەدیس ئاشنا نەبوون.

فەقێ وەک خەڵکی ئەو سەردەمه دەژیان؛ بەڵکه چاکتر؛ خەڵک چیان دەخوارد، ئەویشیان دەنارد بۆ وان. به ڕواڵەت گیر و گرفتیان نەبوو و له هەر بوارێکەوه خەڵک له پشتیان بوو.


۴- سۆزی میحڕاب: بێجگە لە بڕوانامەی حوجرەیی شەهادەی زانستگەتان هەیە؟ ئایا جه‌نابتان کتێب و نامیلکه‌یه‌کتان نووسیوه؟ زه‌وقی شێعرتان هه‌یه؟

وەڵام: جگە له زانستەکانی سەردەم که له حوجرەکاندا باو بوون، له دانشگای ئیلاهییاتی تاران بەڵگەنامەی لیسانسم وەرگرتووە.

 له نووسیندا تەنبەڵ بووم و ئێستاش هەر وام، بۆیه له دانراوەدا جگه له خووتبەیەکی عەڕەبی که بۆ ڕۆژانی هەینیم نووسیوه و تا ئێستا به چاپ نەگەیشتووه، دانراوه‌ی دیکەم نییه، شێعرم نەگوتووه تاک و تۆک نەبێ.


۵- سۆزی میحراب:  بەکام لە زانایانی ئەوده‌م زۆر سه‌رسام بووی؟ گەر دەگونجێ باسی ئەومان بۆ بفەرمووی.

وەڵام: ئەو مامۆستایەی زۆری کار تێکردووم و له هەموو بارێکەوه کەڵکم لێ وەرگرتووه، مامۆستای ئیجازه‌دەرم، مامۆستا مەلا خدری عەبباسی سیسێری بووه. ئەو مامۆستایه به مانای تەواو زانا بوو، دین خۆشەویست و نیشتیمان پەروەر بوو، خەمی خەڵکی له‌بەر بوو، له‌گەڵ هەموو چین و توێژێک دەهاتەوه و له مەیدانی عیلم و زانستدا کەم وێنه بوو.

جارێک له گوندی واوان سەر به شارستانی سەردەشت له‌‌مەڕ قەدیمییەتی عالەم، واتا جیهانی هەستی له گەڵ دوکتۆر خەلیقیدا کەوته باس و لێکۆڵینەوه، دوکتۆر خەلیقی بەر لەوه کتێبێکی له‌مەڕ قەدیم بوونی جیهانی هەستی نووسیبوو و به چاپی گەیاندبوو، دوکتۆر دیفاعی له ناوەڕۆکی کتێبەکەی دەکرد. به شاهیدی چەند کەس، مامۆستا مەلا خدر دوکتۆری بەزاند و پێی سەلماند که ناوەڕۆکی کتێبەکەی غەڵەته و بۆچوونەکانی دوکتۆر عیلمی نین.

 جارێکی دیکەش  له‌گەڵ سەلاحەددین موهتەدی له گوندی زاواکێو، سەر به شارستانی بۆکان، له‌مەڕ مەکتەبی کومونیزم وه فەلسەفەی مارکسیزم مووناقەشەیان بوو، ئەو پیاوه له بەرابەر مامۆستادا خۆی نەگرت و شکستی خوارد و مامۆستا مۆری بێ‌کەڵکی به‌سەر مەکتەبی کومونیزم و مارکسیزمدا کێشا، هه‌روه‌ها ئەو پیاوه که چاک بەزیبوو، هەر ئەوەنده‌ی پێ مابوو که گوتی: مامۆستا؛ ڕێچکەکان ئەتۆ بۆت شکاندووین و لێشمان دوور دەکەویه‌وه!! مامۆستاش فەرمووی: دوور کەوتنەوەی من له ئێوه له بەر بێکەڵکی ڕێگە و ڕێبازەکەتانه.


 ۶- سۆزی میحڕاب: مامۆستای زێده ئازیزم؛ دوای ودم گرتن چەن ساڵ لە پۆستی پیرۆزی پێشەوایەتی خەڵکی‌دا خەباتت کرد؟ ئه‌وه‌ی که بژیوی ژیانی مامۆستایان لەسەر شانی خەڵکی‌یه، ئه‌مه چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

وەڵام: لەو ڕۆژەوه که بەرگی مامۆستاییم کرایه‌ بەر، له نێو چین و توێژی گەلدا و له نێو کۆمەڵانی خەڵکدا بێ وچان و به پێی توانای خۆم بانگەوازی کۆمەڵانی خەڵکم کردووه بۆ دین.

 له قۆناغی یه‌که‌مدا بۆ ناسینی خواوەندی میر و مەزن، واتا تەوحیدی ڕاسته‌قینە و بۆ تێگەیشتن له ئایینی پیڕۆزی ئیسلام و شەقامه ڕاستەکانی و له قۆناغی دووهەمدا هەوڵم داوه بۆوەی کۆمەڵانی گەلان بەردەوام پابەند بن له‌سەر ئەو ڕێبازه ڕاست و پاکه.

له بابەتی ژیاندا دەبێ بڵێم له‌گەڵ تێڕوانین له چۆنیەتی گەلی کوردەواری که بێ کەس و بێ سەرداره و ده‌وڵه‌تی خۆی نییه، چاکترین ڕێگا هەر ئەوەیه که مامۆستا له لایەن گەلەوه ژیانی دابین بکرێ و پشتی بگیرێ.


٧- سۆزی میحڕاب: تا ئەلان چەن فەقێ لە خزمەتتان دەرسیان خوێندووە، یا تەواویان کردووە، یان هەر شەهادەیان گرتووە؟ هەوەڵ‌ و کۆتا کۆڕی ودم‌دانت بە ڕێکەوتی ڕۆژ و ساڵ ‌و ناوی ودم‌گر ئەگه‌ر بکرێ بفەرموون؟

وەڵام: بڕوانه وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌م‌.


٨- سۆزی میحڕاب: وەک ئاگادارن لەم سەردەمەدا فه‌قێ کەم بوون‌ و لە بڕێ جێگە هەر نەماون! هۆکارەکەی چییە؟ لەم تاوانە نەبەخشراوەدا کێ شەپنی سەرەکیە؟ (باوک‌ودایک، یا مامۆستایان، یا لایەنی سێهەمە؟)

وەڵام: له‌ناو چوونی حوجرە سوننەتییەکان و کەم بوونی فەقێکان هه‌م دایک و بابەکان و هه‌م پێشەوا ئایینییەکان بەرپرسیار و تاوانبارن، به‌ڵام زۆربه‌ی تاوانەکه دەچێتە سەر ئەستۆی لایه‌نی سێهەم، جا ئەو کەسایەتییه چ له ناو خۆی گەلدا بێ و چ له دەرەوەی گەلدا بێ.

وێنەی کەسایه‌تی سێهەم وەک پەیدابوونی مەکاتیبی جۆراوجۆری فیکری و ئیلحادی و فێڵ و تەڵەکە و ته‌ڵه‌نانه‌وه‌ی حکومەتی ناوەندی.

 هەمووی ئەوانه کاریگەری زۆریان هەبووه بۆ نەهێشتن و له‌ناو چوونی فەقێ و فەقێیەتی و گەلی ئیمانداریشیان به ناهومێدی کێشاوە و سڕیان کردووه.


٩- سۆزی میحڕاب: ئەمرۆکە باوە کە لە حوجرەکان ‌و مزگەوتەکان، کەسانی توندخوو یا شل‌خوو دەردەچن! یا بە ئاقیدەی خراو مەشڕەف سۆفیلکە باردێن! ئەمە تا کوێ ڕاستە؟ گەر لە شوێنێکی لەباردا فەقێیێک بە خزمەتت بگا وەک ئامۆژگاری چی پێ ئەفەرمووی؟

وەڵام: بەڵێ تووندڕەوی له نێو کەمێک له خوێندکارانی ئایینی و کەسانی ئەهلی مزگەوتدا هەیه و ئەو تووندڕەوییەش خزمەتی به دین و ئایین نەکردووه، بەڵکه زیانێکی زۆریشی به ئایین و گەلی موسوڵمانان گه‌یاندووه.

 ئامۆژگاری من بۆ فەقێ جەوانەکان ئه‌وه‌یه‌ که؛ دوور بن له هەموو فیکرێک و به هیچ لایەنێکەوه نەچەسپێن و تەنیا وەک ڕابردوو خەریکی خوێندن و ئایینەکه‌یان بن و پاش تەواوبوونی دەرسه دینییەکان و خوێندنەوەی کتێبێکی زۆڕ و هەڵسەنگاندنی هەموو ڕێگە و ڕێچکەکان، له‌گەڵ پابەندبوون به مەزهەبێکی فیقهی وەک فقهی ئیمامی شافیعی، ڕێگایەکی ڕاست و ئارام هەڵبژێرن و بەو ڕێگه ڕاستەدا بڕۆن.



١٠- سۆزی میحڕاب: دایک و بابێک کە مناڵی وریا و زیرەکیان هەیە، لەمەڕ فەقێیەتیەوە چۆن سفارشیان دەکەی؟

وەڵام: باشترین بەشێکی باش که له لایەن خوای مه‌زنەوه دەدرێ به دایک و بابەکان، منداڵه. جا ئەگەر ئەو منداڵانەش هۆشیار و بیرتیژ بن بۆوەی خەسار نەبن، ئەڕکی دایک و بابەکانه که داهاتوو و دواڕۆژی ئەو منداڵانه‌یان له‌بەرچاو بێ. ئەوه شتێکی ڕوون و ئاشکرایه که دواڕۆژ، واتا (‌آخرت) بۆ موسوڵمان گەورەترین گەنجه که به‌دەستی بێننن؛ بۆیه ڕاسپاردەی من بۆ ئەو دایک و بابانه که منداڵی زرینگ و هۆشیاریان هەیه، ئەوەیه که کوڕەکان بکەنه خوێندکاری ئایین؛ واتا فەقێ تا بەهرەی دواڕۆژ بەدەست بێنن.



۱۱- سۆزی میحڕاب: مامۆستای بەرێز؛ بانگخوازێکی سەردەمیانە چ تایبەتمەندیێکی هەیە؟ مامۆستای بانگخوازی بەڕۆژ کێیە؟

وەڵام: دەعوەتگەری سه‌رکەوتوو کەسێکه که له سەرەتای بانگەوازەکەیدا به خووه باشەکانی دەعوەتکراوەکان باسەکەی بکاتەوه، چونکه لەم جیهانه‌دا هیچ مڕۆڤێک نییه که لەودا خوو و خدەی باش دەس نەکەوێ، به‌ڵام پێویسته له باس کردنی خوو و خده باشەکانیدا زیادەڕەوی نەکا و به درۆ به دەعوەتکراوەکه شتێک نەچەسپێنێ که لەودا نییه.

دەسته‌یه‌ک له دەعوەتگەرەکان چاوی خۆیان له خووخده باشەکانی دەعوەتکراوه‌که دەنوسینن و زیاتر له سەر خووخده بەد و ناحەزەکانی وان دەدوێن که به ئەزموون دەرکەوتووه ئەو دەستەیه له دەعوەتگەران سەرکەوتوو نه‌بوون.

دەعوەتگەر دەبێ ڕووی دەمی ئەو ئایەت و حەدیسانەی که ئاراسته‌ی خەڵکیان دەکا، سه‌ره‌تا له خۆی بکا، واتا ئامۆژگاریەکان له پێشدا له خۆیدا دەنگ و ڕەنگیان هه‌بێ. پێویسته دەعوەتگەر ئیخلاسی هەبێ، بەو مانایه که دەروونی باشتر و ئاوەدانتر بێ له ڕوواڵەتی.

پێویسته دەعوەتەکه به شێوەی جۆراوجۆر بانگەشه‌ی بۆ بکرێت، چوونکه ئینسانەکان کانگای جۆراوجۆرن، هەر کانگایەکیش کەرەسەی پێویستی خۆی دەوێ؛ کاتێک دەعوەتگەره‌که دەبینێ که خه‌ڵک له ئیڕشاد و رینوێنییەکەی پەند وەرناگرن، ناهومێد و دڵ‌سارد نەبێ.

هەروەها پێویسته دەعوەتگەره‌کان چەن کەسایەتی بن، چوونکه کەسانێک بوون که له بانگەوازی کەسێک پەندیان وەرنەگرتووه، به‌ڵام له بانگەوازی کەسێکی دی پەند و ئامۆژگاریان وەرگرتووه‌.

 خولاسه دەعوەتگه‌ر بۆ گەیشتن به ئامانجی خۆی، دەبێ ڕێگای شەرع و خوازراو کروکاش بکا و له هەر ڕێگەیەکی گوونجاو و ڕەوا و شەرعی بەهره‌ وەربگرێ.


 ١٢- سۆزی میحڕاب: ئایا ساردبوونه‌وه‌ی یەکیەتی ‌و هاودڵی زانایان ‌و بانگخوازان پەسند ئەکەی؟ هۆکارەکانی چین؟

وەڵام: له سەرەتای چوونم بۆ حوجرە و نێو فەقێیان وام دەهاته بەرچاو که پێشەوا ئایینییه‌کان و فەقێکان یەکن، واتا هاوفکری یه‌کن. دەروون و ڕواڵەتیان یەکگرتووه، به یەکەوه چەسپاون، زۆریان یەکتر خۆش دەویست، قەڵا و قەڵغانی یەک و کۆمەک و هاوکاری یەک بوون، گیر و گرفتی مامۆستایەکیان هەمووی به ئی خۆیان دەزانی و کار به تێکڕایی بۆ له ناوچوونی ئەو گیر و گرفته دەکرا. به پێچەوانه‌ش گەشە و سەربەرزی هەر مامۆستایەک گەشە و سەربەرزی ئەوانی‌تر بوو، لەو سەردەمەدا ئه‌گه‌ر له عیلم و زانستدا کەمی هەبا، له خوو و خدەی ئیسلامی و کۆمەڵایەتیدا تەواو تێر و تەسەل بوون.

 بەڵام له سەردەمی ئێستادا له هەموو قۆناغێکدا کەمی بەرچاو دەکەوێ، بەتایبەت له خاڵی یەکگرتووییدا زۆڕ له‌دوایه‌ن و له‌و پێیەدا وەک هیچ چینێک ناچن.

به چەن هۆ:

یه‌که‌م: کەم و کەسریان هەیه له سروشت و خوو و خدەی مەلایەتیدا، له پارسایی و خۆپارێزی و عیلم و زانستەکانی ڕابڕدوو وسەردەم له دواوه و له پاشن و له لایەکی دیکەشەوه هۆیەکانی دەرەکی و لاوەکی زۆرن که دەستیان له نێو خستوون و به خۆیان به‌ستوونه‌ته‌وه‌؛ ئەوه برستی لێ بڕیون.

 پێغەمبەری بەرێزی ئیسلام درودی خوای لێ بێ فەرموویەتی: شەش تاقمه له ئۆممەتیمن هەن، هەر یێکه به هۆیەکەوه فەوتاوه؛ زانایانی ئوممەتی من به حەسوودیەوه فەوتاون و له‌ناو چوون.



 ١٣- سۆزی میحڕاب: بە بڕوای زۆرینەی کارناسان ‌و خەڵکی بۆخوا سوڵحاو، قرخەمەرەزێ دەرکەوتووە لە نێوان زانایان لەکاتی فەتوا و ڕاگەیاندنی وەختی جێژنەکان ‌و ساتی بانگەکان‌دا ئەبینرێ! ئەم گژۆڵەییە بۆچی؟!

وەڵام: دەتوانم بڵێم لەو هۆیانەی که بۆته هۆی یەک نەگرتنی مامۆستایان و پەرتەوازه‌یی و شێواوی نێوانیان، نەبوونی سەرچاوه و لێژنەیەکی ڕابەرایه‌تییە. کەوابوو پێوستێکی خودا پەسەندانەیه که لێژنەیەکی سەرچاوەیی بۆ ڕاپەڕاندنی کار و باری ئایینی و فتوادان له ئوموره شەرعییەکاندا و بۆ سەر و سامان‌دان به چۆنیەتی مامۆستایان هەبێ و دابمەزرێ و ئیلتزامیشی پێوه بکرێ.


۱۴- سۆزی میحڕاب: لەم ڕۆژگارەدا گەنجەکان کەمتر بۆ پرسە شەرعییەکان دێنەوە لای زانایان! لێکدانەوەت بۆ ئەم مژارە چییە؟ بۆچی لە ڕابردوودا دۆخەکە وانەبووە؟!

وەڵام: ئەو تەشکیلاته فکریانەی که له دونیای ئێستادا هەن و پەرەیان گرتووه و پەلیان ڕاهاویشتووه و به تێکڕاش دروشمی جیابوونەوەی دین له دەوڵەت و حکومەت دەدەن، سەرەکین بۆ دوورکەوتنەوەی جەوانەکان له دین و ئایین و خوداپەرەستی و ئەو حاڵ و هەوایه ڕاستەوخۆ کار له سەر ئەوه ده‌کا که جەوانان هۆگری ئایین نەبن.

له لایەکی دیکەشەوه شێوازی ڕاگەیاندن به شێوەی خۆی له ئارادا نییه و ڕاگەیاندن ئاڵ و گۆڕی به‌سەردا نەهاتووه و له چۆنیەتی ڕابردوو نەهاتۆته دەرێ.

 لێرەدا پێویسته که شێوازی ڕاگەیاندن بگۆڕدرێ و به شێوەیەکی نوێ پایەکانی داڕێژرێ و کاری بۆ بکرێ. ئەڕکی هەموومانه که به تین و گوڕ بۆ ئەو ڕێیه کار بکەین، دەنا گومان لەوه‌دا نییه که وەزعەکه باش نابێ؛ بەڵکو خەرابتر و خەرابتر دەبێ و ئاسۆ بەرەو لێڵی دەڕوا.


١۵- سۆزی میحڕاب: یەکێ لەو دیاردانەی که وەختی مامۆستا بە زۆری بەفیڕۆ ئەدا کۆڕی پرسەکانە! ئایا لەناخی دڵەوە بەم دانیشتنە ڕازیت؟ ئایا بیرۆکەیێکی شەرعی سانات هەیە بۆ ڕزگاری لەم کۆڕە ماتەمینانە؟

وەڵام: باو و ڕەسمی کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی که پەسەندی شەرعی ئیسلام نییه له ئێستادا گەیشتۆته ئەو ئاستەی که دەبێ به گژیدا بچی و بەربەرەکانی له گەڵدا بکەی، کات و ساتێکی لەو کۆڕەدا تێدەپەرێ به ڕاستی به فیرۆ دەچێ و پەیدا بوویێکی ناپەسەندە.

 باوی خەڵکی ئەوەیه که بەو کەسەی که له کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی دەگەڕێتەوه، ده‌ڵێن: به خێربێیەوه، خوا خێرت بنووسێ، بەڵام من دەڵێم: به خێرێیەوە و خودا گوناهت بۆ نەنووسێ!

 له‌گەڵ ئەوه‌شدا ئەو ئاداب و نه‌ریتە به جۆرێک کەوتۆته ناو دڵی کۆمەڵگاوه که ئەستەمه تەرک بکرێ.

 له‌بەر ئەوه هەر دار و له لاییکی بۆ له ناوچوونی دابنرێ، سەر کەوتوو نابێ. بەڵام ئەگەر کار بۆ کەم بوونەوەی بکرێ و له دوو پاش نیوەڕۆدا تەواو بکرێ، ڕەنگه پەسەندی خودا بێ و ویژدانیش ئاسووده بێ.


۱۶- سۆزی میحڕاب: لەم ساڵانەیدواییدا لە شار و دێهاتەکان‌دا حزووری سەوزی ئافرەتان‌ و مناڵان بۆ فێربوونی ئەحکاماتی شەرعی ‌و قوڕئان بەرچاوە، بۆچوونی بەرێزت لەم بوارەدا چییە و چۆنە؟ چ سفارشێکت هەیە بۆ فێرخوازان‌ و فێرکارەکانیان؟

وەڵام: بوونی ژن و منداڵەکان له مزگەوتدا و بەشداربوونیان له جومعە و جەماعەت و تەقالا و تێکۆشانیان بۆ فێربوونی قوڕئان و باقی حوکمە دینییەکان کارێکی پیرۆزه؛ به تایبەت که مەبەست پەروردە و ڕاهێنان و حاملاندنیان بێت.

 بۆیه پەیامی من ئەوەیه که ژن و منداڵان و هەر کەسی دیکەش، دڵگەرم بکرێن که بۆ فێربوون و حاملاندن ڕوو له مزگەوت و فێرگەکان بکەن. پیاوانی مزگەوت و فێرگەکان ئەرکی سەر شانیانه که به گەرمی وەریان بگرن و بەرپرسانه تێکۆشن بۆ پەروەردە و حاملاندنیان.


 ۱۷- سۆزی میحڕاب: هاتەی –خاطره- خۆشی ڕۆژگاری فەقێیەتی ‌و سەردەمی مامۆستایەتیت چییە بۆمان وەگێڕی؟ یان خوانەخواست هاتەی ناخۆشی ژیانی مامۆستایەتیت چ بووە؟

وەڵام: چەن خۆشە پەڕ و وەرەقەکانی دەفتەری دڵ هەڵدەیەوه و خۆشی و تاڵییەکانی ڕابڕدوو یاد بکەیەوه.

 له خۆشییەکانی ڕابڕدووی کات و دەورانی فەقێیەتیمدا شۆڕشی پیرۆزی ئەیلولی کوردستانی ئێڕاقە؛ ئێستاش ئەو کاتم له گوێ دەنگ دەداتەوه که ڕادیۆی دەنگی کوردستان به ئاواز و موسیقایەکی تایبەت دەبۆوە و دەیگوت: ئێره دەنگی کوردستانی ئێڕاقە و پاش خوێندنی چەن ئایەت له قوڕئانی پیرۆز گوێمان بۆ هەواڵه تازەکان ڕادەگرت.

 به‌یاننامەی ژومارەواری مەکتەبی عەسکەری پەخش دەبۆوه، به‌هیوا بووین ڕۆژێک له ڕۆژان ئەو بەشه له نیشتمانی جوانی کوردستان به مافی خۆی بگات و بحەسێتەوه. وەبیرم دێ له گوندی ئێمه پیاوێک به نێوی سەعید بەیانیێکی زوو له‌سەر بانێک له‌سه‌ر یەک لاق هەڵدەپەڕی!! خەڵک لێیان دەپرسی، سەعید ئەوه چییه؟ بۆوا دەکەی؟ دەیگوت رادیۆ بگرن دەڵێ مەلا مستەفا چۆته سەر تەختی. ماڵی سەعید ڕادوێیان هەبوو و خەلکی دێ نەیانبوو.

به‌داخەوه خۆشییەکەی ئەو کات و سه‌ردەمەم لێ بوو به تاڵی و ناخۆشی؛ بە پێی پلانێکی نێودەوڵەتی هەرەسیان به شۆڕش هێنا و له لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوه ئەو شۆڕشه پاڵه پشت دەکرا و له وڵاتی ئێران کومەک دەگەیشته دەست شۆڕش، لەو کاتەدا دەوڵەتی ئێران و ئێڕاق کێشەی مەرزیان هەبوو، ئاوی چۆمی کارون و ئاوی چۆمی فورات له باشووری ئێران و ئێڕاق دەگەنەوه یەک و به درێژایی چەندین کیلۆمه‌تر به نێوانی هەر دوو دەوڵەتدا دەڕوا و به شەتتولعەڕەب نێو دەبرێ و به پێی دابەش کردنی ئەو سەردەمی نێودەوڵەتی تا وشکایی خاکی ئێران، هەموو ئاوی شەتتولعەڕەب بەشی ئێڕاقە و ئێران لێی بێ‌بەشه؛ دەوڵەتی ئێران تا نێوەڕاستی ئەو ئاوه داوای دەکرد و ئەو هەله‌ی قۆستەوه و به گەرمی پشتی شۆڕشی کوردستانی گرت تا ئێڕاقی مەجبوور کرد له‌سەر مێزی گفتوگۆ له‌گەڵی دانیشێ. ئەوه بوو له پایتەختی دەوڵەتی ئەلجەزایر شاه و سەددام دانیشتن و ئاکامی ئەو دانیشتنه ئەوه بوو که کورد و شۆڕشه مەزنەکەیان به قوربانی مەبەستەکانی خۆیان کرد و دەوڵەتی ئەمریکاش لۆکەی له گوێی خۆی هاخنی وەک نەبای دیێ و نە بۆران.

 شاعیر دەڵێ:

به ڕاست و چەپا هەڵ مەخولێوه           تەنها هێزی گەل ڕزگاری پێوه

ڕۆژهەڵات هەڵات له کۆڕی خەبات         کەس به حجابڕۆژئاوا نەگەییه ئاوات

دوای ڕێکەوتنی ئەو دوو دەوڵەته ڕابەرایەتی شۆڕشیان ئاگادار کرد که بیست ڕۆژ ماوه‌ی هەیه ڕێگه بۆ خۆی وەدۆزێ، دەنا دەکەوێته بەر هێرشی نیزامی دەوڵەتانی ناوچەکە.

له لایان دەوڵەتی ئێڕاقەوه بەیاننامەی لێبوردن- عفو عمومی- له ماوەی ئەو بیست ڕۆژەدا به گوته‌ی خۆیان دەرکرا. له‌بەر ئەوەی پەنابەرێکی زۆری کوردی ئێڕاقی تێکەڵ له ژن و منداڵ و پیر و خێزانی پێشمەرگه له ئۆردوگاکانی پەنابەران دەژیان و به هێزی نیزامیش دەوریان گێڕابوو! به‌ناچاری ڕابەرایەتی شوڕش بڕیاری دا بەرەو ئێڕان پاشەکشە بکەن و ببنه پەنابەر و لەو هەل و مەرجەدا دەس له شۆڕش هەڵگرن.

هەروەها باشترین یا دووه م بیرەوەری دەورانی مەلایەتیم شوڕش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران له دژی ڕژێمی پادشایەتی بوو، ئه‌و ڕژێمه مەترسیدار بوو، پیاوانی ئەو ڕژێمه واتا ساواکییه‌کان و ژاندرمەکان دژی بیری نەتەوایه‌تی بوون، زوڵمی زۆڕیان له خەڵکی هەژار و نەدار دەکرد، ئێرانیان به فارسی زمان دەناسی، زمانەکانی دیکه لەهجەی فارسی بوون، شێعر و کتێب و نووسین به کوردی به دەگمه‌ن وه‌دەس دەکەوتن، له قاچاخ بوون نزیک بوون، ئەگەر که‌سێک به نووسراوەیەکی کوردی دەس ژاندرمەکان کەوتبا، ڕزگار بوونی ئەستەم بوو. ئێدارەی ساواک سەرچاوەی ترس و خۆف بوو، ئازادی هەر نەبوو، هەموو شتێک له شادا کۆ دەبۆوه؛ تەنانەت هێندێک کەسانی دەرباری شایان به خودای زەوی ناو دەبرد!! زۆر کەس به شاپەرەستی بوونیان شانازیان دەکرد.

بەشی زۆر له خەڵک له ڕژێمی شایەتی بێزار بوون، مەودایەکی زۆر بوو ئەو ڕژێمه دەستی له گەرووی خەڵکی نابوو، بەردەوام زیندانەکانی دەوڵەتی له ئازادی خوازان پڕ بوون؛ به‌تایبەت ئازادی خوازانی کورد.

به‌گژداچوونی ئەو ڕژێمه پێویست بوو، هەموو گەلانی ئێران به تێکڕا، ڕاپەڕین و دروشمی له‌ناوچوونی نیزامی پادشایه‌تیان بەرز کردەوه. ئەو ڕژێمه خۆی نەگرت و به کەمتر له ساڵێک تێکڕما، خەڵک کەوته حەسانەوە و هەناسەیەکی ئازاد و ئاسوودەیان هەڵ کێشا، خەڵک به هومێدبوون که دەوڵەتی داهاتووی ئێران مافەکانیان بۆ دەسته‌بەر ده‌کا.



۱۸- سۆزی میحڕاب: گۆیا خوێندنەوە لە نێوان مامۆستایان‌ و فەقێیان‌دا کەم بۆتەوە! چ شتێک بۆته‌ هۆی؟ یا هێندێ لە مامۆستایانی ناوداری ناوچەکان بە نەناسراوی فەوت دەکەن! بۆ خەڵک نایانناسن؟

وەڵام: کە «مطالعه» واته‌ خوێندنەوەی کتێب کەم بۆتەوه، به بۆچوونی من هۆیەکه‌ی سێ شته؛

له بەر ئەوەی وانه‌گوتنەوە نەماوه و مامۆستاش نیازی به خوێندنه‌وه‌ی کتێب نەماوه.

 دووهەم: له ئێستادا خەڵک وەک سەرچاوه –مرجع-چاو له مامۆستا ناکەن و کەمتر به بەرپرسیاری دەزانن تا پرسیاری لێبکەن؛ ئەوه وای له مامۆستا کردووه که تەمبەڵ بار بێت و خوێندنه‌وه‌ی کتێبی نه‌بێت.

هۆیەکەشی ئەوەیه که ئایین و ئایینداری له نێو خەڵکدا کەمی هێناوە و بەشی زۆریان پشتیان له دین و ئایین کردووه.

سێهەم: لەوڕۆدا خەڵک بۆ موتالا و کتێب خوێندنەوه زۆرتر کەڵک له موبایل و کامپیۆتێر و ئەو جۆره ئەمرازانه وەر دەگرن.

ئەوه که مامۆستایانی ناودار دوای مەرگیان بێ نێون و دەنگیان کەمە و وەچەی داهاتوو نایان ناسن، هۆیەکەی زۆره؛ له‌و نێوه‌دا گەورەترین هۆ دەگەڕێتەوه سەر بێ ئینسافی قەڵەم به‌دەستانی وەچه‌ی دوایی که له سەریان نانوسن و مێژووی ژیانیان بۆ جەماوەری داهاتوو ناخەنه ڕوو.


۱۹- سۆزی میحڕاب: بانگەوازی ئیسلامی ‌و خودی بانگخوازەکان لە دنیای هەوانتەی(مەجازی‌ـ ڕەسانەیی) ئەمڕۆدا چۆن ئه‌نرخێنی؟ ئایا حزووری زانایان‌ و بانگخوازان لەو پێگانەدا بە نیاز ئەزانی؟

وەڵام: دەعوەتگەری له دونیای مەجازیدا زۆر پێویست و زەروورە و دەبێ ببێت بەو مەرجەی که له دەعوەت و بانگەوازەکەیدا بێ‌خەوش بێ و ساخ بوبێتەوه، کار بۆ بانگەوازه‌کەی بکا و مەبەستی ماڵ و مەقام و ناو و شۆرەتی دونیایی نەبێ و به کردار پێچەوانەی گوفتارەکەی نەجووڵێتەوه، بۆ ئەوەی دەعوەتەکەی ئەسەری هەبێ.



۲۰- سۆزی میحڕاب: کۆتا وتە و سفارشت چییە بۆ خوێنەرانی سۆزی میحڕاب بیفەرموو؟

وەڵام: دوعای خێر و سەلامەتی و سەرکەوتن و سەربەرزی بۆ هەمووتان.


وتووێژکار و پێداچوونه‌وه‌: رسول رسولی کیا

برچسب ها

رسول رسولی کیا

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود
بستن