شخصیت هاگفتگو

دیمانه‌ی سۆزی میحڕاب له‌گه‌ڵ مامۆستا عوسمان دانیشی – مهاباد

مامۆستا عثمان دانشی

ئــامـــاژە:

لە مەراسیمی بە خاک ئەسپاردە کردنی مامۆستای لێزان و هۆزان، پسپۆڕ و وەرگێڕی گەورەی قوڕئان خوالێخوشبو دوکتور محەممەد ساڵح ئیبڕاهیمی لە مقبرﺓ الشعرای مەهاباد، چاوم بە مامۆستا عوسمان دانیشی کەوت و بەخزمەتی گەیشتم.
هەرچەند بە داخی گرانەوە ئەسپاردە بەخاک کردنی تەرمی مامۆستا ئیبڕاهیمی لە لایەن مامۆستایان و گەورە پیاونی سابڵاغەوە پێشوازێکی بەرچاوی لێ نەکرا و تەنیا تاقمێکی زۆر کەم وەک نمونە مامۆستا دانیشی لەو ڕێو ڕەسمە دا بەشداریان کرد؛ بەڵام بە هۆی ئەهلی قەڵەم و نوسەر و پسپۆڕ بوونی مامۆستا ئیڕاهیمی، ئێستا لە نێو هەمو ئەهلی سوننەی ئێران و بەشێکی زۆر لە دونیای ئیسلام دا، کەسایەتێکی ناسراو و لەبیر نەکراوەیە.
دوای بەخاک ئەسپاردە کردنی تەرمی مامۆستا محەممەد ساڵح، وێڕای بەڕێز مامۆستا دانیشی بەڕەو ماڵ گەڕاینەوە.
پرسیارم لە مامۆستا عوسمان کرد کە، بڵێی لە بەینی گەورە پیاوانی ئایینی ناوچەکەمان دا چەن کەسایەتی ناسراو و نێو بەدەرەوەی وەک بەڕێز دوکتور ئیبڕاهیمی مان هەبێت؟!!!
بۆچی مامۆستایانی ئێمە [ کوردەواری] داوی تەمەنێک هەوڵ و خزمەت بە خـەڵک و نیـشتیمـان، بە بێ نێو و نیشـان سەر دەنێنەوە و بە مەرگ و مردنیان نێو و ئاوازەشیان تەواو دەبێت؟!!
مامۆستا دانیشی وێڕای هاودڵی لە گەڵ وتەکانی من، فەرموی: هۆکار بۆو ڕەوتە نەخوازراوە زۆرن بەڵام، سەرەکی ترین هۆکار خودی مامۆستایانن کە بە تەواو مانا خۆیان لە مەیدان و گۆڕەپانی نوسین و قەڵەم بەدور کردۆتەوە و ئەسەر و شوێنەوارێکی زیندو و بەرچاو لە پاش خۆیان جێ ناهیڵن…
لە درێژەی قسە و دەردەدڵەکانی مامۆستا دا، پێشنیارم کرد کە دیمانەیەک لەگەڵ ماڵپەڕی سۆزی میحڕاب پێک بێنێت، کە خواهەڵناگرێ زۆر ڕوح سوکانە و بە دڵێکی ئاوەڵاوە وڵامی داینەوە.
ئەوەی لە ژێر دا دەیخوێنەوە بەرهەمی ئەو چاوپێک کەوتنەیە کە لە دواساتەکانی بە خاک ئەسپاردنی تەرمی مامۆستا محەممەد ساڵح ئیبڕاهیمی لە گۆڕەستانی بداغ سوڵتانی سابڵاغ و لە قەتعەی مقبرﺓالشعرا لە گەڵ مامۆستا عوسمان دانیشی پێک هات…
دواکارین خوای میهرەبان ڕوحی مامۆستا ئیبڕاهیمی بە بەهەشتی خۆی شاد بکات و ئاواتەخوازیشین کە، لە بۆچون و بیرەوەرێەکانی مامۆستا مەلا عوسمان یش کەڵکی پێویست وەرگرین.


به نێوی ئەو خودایەی که خوڵقێنەره و فەرمان به خوێندن و خوێندنەوه دەدا
پێشەکی سڵاو و ڕێز و دەس خۆشیم بۆ ئێوه بەرێوەبەرانی (سۆزی مێحراب) هەڵکەوتو له شاری سابڵاغ (مهاباد) هەیە.
داوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و هەمو دڵسۆزانی دین دەکەم.


سۆزی میحڕاب: لە خزمەت بەرێزتان‌دا عەرزی سڵاومان هەیە، لە لایەن سۆزی میحرابەوە هاتوینە خزمەت تان. مایەی سەربەرزیمانە گەر خۆت بناسێنی بە لایەنگرانی سایتەکەمان( پوختەی ژیان‌ـ زێدـ ئاستی توانای زانستی‌ـ هاوسەرگیری‌و مناڵەکانت و..).
وەڵام: له سەر ویستی ئێوەی بەرێز خۆم دەناسێنم.
نێوم عوسمانە و ناسراو به دانیشی، له دایک بووی ساڵی ١٣۴٢ی هەتاوی له بنەماڵەیەکی خودا دۆست و جوتیار له ئاوایی (قالوێ زەندان) له ناوچەی گەورکان سەر به شاری مەهاباد پێم ناوەته دونیا و خۆم داوەته بەر ململانەی ژیانی پڕ له کوێرەوەری.

ئێستا دانیشتوی شاری مەهاباد مزگەوتی ڕۆستەم بەگ م

له پەنا تێپەڕاندنی خوێندنی قوتابخانه، به ڕێنوێنی دایک و بابم سی پارەم درایه دەستی و هاتوچۆی مزگەوت و حوجرەم دەکرد.
وام له بیره له ساڵی ١٣۵٠ی هەتاوی هەر له شوێنی له دایک بوونم له لایەن بنه ماڵه به تایبەت خوا لێخۆشبوی بابم ڕەوانەی حوجره کرام له خزمەت مامۆستا عبدالرحمانی خەلیفە زاده ئیمام و مودەرریسی ئەو کاتی قالوێی زەندان و ئیمام جومعەی پێشوی بۆکان، ملم نایه بەر خوێندنی عەڕەبی.

منیش هەر وەک مامۆستاکانی کوردوستان له گەڵ لێفە و سەرینێک و چەند کتێب په رتەوازەی حوجرەکانی کوردستان، مەڵبەندی پیرانان ، ئاوایی قەڵاتەڕەشێ سەر به شاری پیرانشار له خزمەت مامۆستا عەبدوڵڵای سورخابی بووم.
له هاوێنی ١٣۵٧ی هەتاوی هاتمە ناوچەی مەهاباد ئاوایی ئیندرقاش، خزمەت مامۆستا سەیید قادر قوڕەیشی، پاشان له شاڕەکانی بۆکان و مەهاباد له هاوینی ساڵی ١٣۶٢ پێم نایه مزگەوتی جامیع ی (سور) مەهاباد له خزمەت مامۆستا مەلا ئەبوبەکری مەحەممەد کەریمی..

له سەرەتای ساڵی ١٣۶٣ کۆری ئیجازەنامە گیرا و هەر لەو ساڵەشدا ژیانی هاوبەشیم پێک هێنا و ڕووم له ئاوایی جه موغه سەر به شاری بۆکان کرد و به قەولی کوتەنی: بووم به مەلا…

پاشان چومه ئاوایی کۆخان سەر به شاری میاندواو و له ساڵی ١٣٨١ هاتمه مەهاباد مزگەوتی ڕۆستەم بەگ.
تا له دێهات بووم حوجره م ئاوەدان بو، پاشان به هۆی کەم بوونی فەقێ نه تەنها حەجرەی ئێمه بەڵکو زۆربەی ئەو حوجرانەی که هەمیشه گمەی دەهات به داخەوه ڕویان له چۆل بون کرد و تۆزی چۆل بونیان لێ نیشت. بەو هۆیە منیش له دەرس کوتنەوه دوور کەوتمەوه و تووشی خەسارەتێکی گەوره و قەرەبو نەکراوە بووم.


سۆزی میحڕاب: هۆکاری چونە حوجرەت چ بووە؟ لە شاری یان لە دیهاتی لە خزمەت کام لە زانا پسپۆرەکان وانەت خوێندوە؟ ئایا بۆ خوێندن چویەتە دەرەوەی سنووری کوردستان؟
وەڵام: لە وڵامی پرسیاری پێشدا گوتم و نیازی به دو پاتکردنەوه نیه تەنیا ئەوەنده نەبێ خوێندنم له کوردوستانی ئێران بووه.


سۆزی میحڕاب: سەردەمی فەقێیەتی ئەو ڕۆژگارە چۆن بوو؟ باسی عادەتی ئەوکاتی فەقێیانمان بۆ بفەرموو؟
وەڵام:  باشم له بیره،ئەگەر به بیری ئێستا بیر کەمەوه؛ تێپەڕاندنی حوجرە و فەقێیەتی سەرم سوڕ دەمێنێ؛ نەبونی هه ر چەشنە ئیمکاناتێک و تەنانەت به لیباسی شۆڕە و قه ڵافەتێکی گەورەوه پیاڵە و کاسەمان هەڵدەگرت و کۆڵان به کۆڵان دەرگا و دەرگامان دەکرد بۆ نان و پێخۆر؛ ڕاتبە و جومعانە بۆ پارە و قەند و چایی..

ئەگەر له قەڵافەتی بەرزی حوجره بڕوانین ئەو هەمووه پیاوه بەرز و بەرێز و ناو دارانەی کورد و کوردوستان له دڵی پڕ له زوڵاڵی حوجرەکان هەڵقوڵاون، ئەوەندەی سەرمان بەرز کەینەوه قەڵافەتی باڵای بڵندیان وەبەر ڕەهێڵەی چاو نایەن.
تا پاراستنی ڕەسم و یاسای حوجرەکان هەبو و دەپارێزران، پیاوانی زۆڕ هەڵکەوتە و لێزان و بڵیمەت و شورشگێر و شاعیر و نوسەر و پسپۆر … له حوجرەکان سەریان هەڵداوە…

به ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم له کەمتر وڵاتان ئەو جۆره پیاوه هەڵکەوتانەی وڵاتی کوردستانی خۆشەویستمان که له پەنا مزگەوتەکان هەڵکەوتوون؛ دەبیندرێن.


سۆزی میحڕاب: ڕێنامەی وانەکانتان چەن ساڵی دەبرد؟ وانەکانی حوجرە چ جۆر بوون؟
ـ تا چ ئاستێ بایەخ دەدرایە نوێژی بە کۆمەڵ ‌و ڕۆژوی سوننەت، خواپەرستی لە ناو فەقێ ‌و مەلای ئەو سەردەم دا چۆن بوو؟
ـ یان تا کوێ بایەخیان ئەدا بە قورئان‌ و فەرموودە؟ ـ فەقێ‌ و حوجرەی ئەو کات چ گرفتێکیان بوو؟
وەڵام: دەرسەکان هەر ئەو کتێبانه بوون که له ڕابردو دا باو بوون و دەخوێندران.

ماوەی سێزده ساڵ دەورانی خوێندنی عەرەبیم له حوجرەکاندا تێپەراند…

سەرەڕای بونی خەوفی خودا (تقوی) له نێو عولەمایانی ڕابردو ، سرنج دان به عیبادەت و جومعە و جەماعەت له نێو کۆڕی فەقێکان، ئەو جۆرەی شایان بو بەر چاو نەبو!
زۆربەی تێکۆشانی پێشو بۆ فێربونی علومەکان بو ؛ نەک قورئان و حەدیس و تەفسیر. خوێندنی شەریعەتیش بایه خێکی تایبەتی پێ دەردا…

له بواری بژیویش دا زۆڕ گرنگی پێ نەدەدرا، ئەوەی بوومان ته نیا لیباسی بەری بو که خۆمان پێ شیک و پیک دەکرد؛ تەنانەت کتێب و پێ نوسیش زۆر کەم بو، هەر بۆیه هەفتەی ڕۆژێک واته (سێ شەممۆیانه) بۆنوسینەوەی کتێبی دەرسی هەفتانه تەرخان کرابوو.


سۆزی میحڕاب:  جیا لە بڕوانامەی حوجرەیی شەهادەی زانستگەتان هەیە؟
ـ وەرگێران‌ و نووسین چی؟ ـ زەوقی هۆنراوە و هەڵبەست تان هەیە؟

وەڵام: تا تەواو کردنی پۆلی سەرەتایی له قوتابخانه خوێندومە و له خوێندن و مەدرەکی زانستگا بێ بەش بومه…

بەداخەوه له بواری نوسین و وەرگێڕان و شێعر، قەڵەمم لەگەڕ دا نەبوە و بێ بەش بوم.


سۆزی میحڕاب: بەکام لە زانایانی ئەوده م زۆر کاریگەر بووی؟ گەر دەگونجێ باسی ئەوەمان بۆ بفەرموی؟

وەڵام: ئەگەر پێزان بم دەبێ خۆم به خزمەتگوزاری هەمو مامۆستاکانم بزانم، ئەگەر کەم و کوڕێک بوبێ که بێ شک هەبوه، به تایبەت سەرەتای خوێندن که نیازی زۆری به حەوسەلە و زانست و ماندو بونی ئوستاد هەیه؛ بەشی زۆری له لایان خۆمەوه بووه.
پێ زانینی خۆم ئاراستەی مامۆستای خۆشەویست و ناودار مامۆستا مەلا ئەبوبەکری مەحەممەد کەریمی دەکەم که ڕۆڵێکی یەکجار زۆر و بەر چاویی هەبووە و هەیه له بارهێنانی فەقێدا.


سۆزی میحڕاب: دوای ودم گرتن چەن ساڵ لە پۆستی پیرۆزی پێشەوایەتی خەڵک دا، خەباتت کرد؟ ـ بژیوی ژیانی مامۆستایان لەسەر شانی خەڵکی یه، ئەمه چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

وەڵام: له سەرەتای ساڵی ١٣۶٣ی هەتاوی که ماڵ ئاواییم له حوجره کرد و لیباسی پیروزی مەلایەتیم به شان دادا، تا ئێستا هەر لەو بوارەدا ماومەتەوه، من خۆم له بواری بژیوی ژیان هیچ کەم و کۆرێکم نەبوه و نەدیوه، نیاز و پێویستیم به خەڵک نەبووه، توانیومه به دەست و بازوی خۆم کەم و کۆڕیه کانی ژیان پڕ کەمەوه؛ واقعیەتیش ئەوەیه مامۆستایانی ئایینی له وڵاتی ئێمەدا هەر ئەوانن توانیویانه و کەمەری هیممەتیان بەستوە و قەناعەتیان به خۆ کردوه؛ دەنا ئەو شێوه ژیانه شیاوی سەردەمی ئەوڕۆ به تایبەت هی مامۆستا بەرێزەکان نییه.



سۆزی میحڕاب:  ئایا دوای وەرگرتنی ودمی مەلایەتی، دەرس وێژیت کردووە و فەقێت هەبووە؟

وەڵام: له سەرەتایی دەست پێ کردنی مەلایەتی واته ساڵی ١٣۶٣ تا ساڵەکانی ۹ – ۱۳۷۸ حوجره ئاوەدان بووه. پاشان هەر وەک خۆتان دەزانن به هۆی کەم بونی فەقێ، زۆڕبەی زۆری حوجرەکانی کوردستان که مایەی شانازی هەمو لایەک بو، به داخ و کەسەرێکی زۆرەوه حوجرەکان ڕویان له چۆل بوون کرد و حوجرەی ئێمەش قفڵی چۆل بوونی لێ درا.


سۆزی میحڕاب:  وەک ئاگادارن فەقێ لەم سەردەمەدا کەم بوونە و لە بڕێ جێگە هەر نەماون! هۆکارەکەی چییە؟
ـ لەم تاوانە نەبەخشراوەدا کێ شەوێنی سەرەکی هەیە؟ (باوک‌ و دایک، مامۆستایان یا لایەنی سێهەمە؟).

وەڵام: هۆکاری نەبوونی فەقێ و چۆل بوونی حوجره به بڕوای من زۆرن..

دڵ پێ خۆش نەبوون به فەقێ و فەقێیەتی و مەلایەتی به ڕەوشی ڕابردو، سەرەڕایی دابەزینی رێز و حورمەت و بوونی زەخت و زۆرێکی نارەوا بۆ سەر مامۆستا ئایینیه کان له لایەن دەسەڵات داران و خەڵکەوه…

مەگەر نابینین زۆر لەو مامۆستایانەی که جێی فەخر و شانازیین بۆ ئیسلام و گەل و نەتەوەکەمان وازیان له مەلایەتی هێناوە و ڕوویان کردۆته بازار و کار و کەسبی جۆرا و جۆر، کەلێنیان دیارە و بۆته خەسارێکی گەورە؟؟

….. سرنج نەدان به پێشەوا ئایینیه کان و تەنانەت بێ حورمەتی پێ کردنیان و ئازار دانیان ڕاستیێکی حاشا هەڵنەگرە…
لەو لایەشەوه با ڕووی قسەمان له گەڵ خەڵک و مامۆستاکان بکەین: نه تەنیا نووری چرای بەرپرسایه تیان لاواز بووه؛ بەڵکو به داخ و کەسەرێکی گرانەوه دەتوانین بڵێین ئەو نوورە پڕشەنگدارەکوژاوەتەوه و لە خامۆشی دایە که زۆر زۆر جێی داخ و کەسەرە…
هیوام وایه انشاءالله به خۆ دا بێینەوه و ئاوڕێک له ڕابردووی خۆمان بدەینەوه و ئەو بەڵا گەورەی که ڕووی له ئێمە و دین و وڵات و گەلەکەمان کردووە کە بێ شک مەترسیێکی گەورەیه؛ بتوانین دەستی برایەتی و دڵسۆزی بدەینه دەستی یەکتر بۆ ئەوەی هەوری ڕەشی چۆڵی مزگەوت و حوجرەکان له ئاسمانی نیشتیمانی جوان و خۆشەویستمان ڕامـاڵیین تاکو گرمە و گممە و ورتەی دەرس و دەور و خوێندن بگەرێتەوه نێو حوجرەکان و سەرلە نوێ سەر هەڵداتەوه.
ئەو هەموه مامۆستا ڕوناکبیر و پسپۆر و زانا و نوسەر و هۆنەرە له هەمو بوارەکاندا هەڵقۆڵاو له دڵی خەڵک و نێو جەرگەی حوجرەکاندا بوون؛
بەو هیوایەی ئەو هەستە دینی و نەتەوایەتیه بۆ ئەو ڕێگە و ڕێبازه نوێ بێتەوە و هەر بەردەوام بێت و چرای پڕ نووری حوجرەکان وەک جاران بدرەوشێتەوه.


سۆزی میحڕاب:  ئەمرۆ باوە کە لە حوجرەکان‌ و مزگەوتەکان کەسانی توندخوو یا شل‌خوو دەردەچن! یا بە یـاقیدەی خەراپ و سۆفیلکە مەشڕەف بار دێن ! ئەمە تا کوێ ڕاستە؟  گەر لە شوێنێکی لەباردا فەقێیێک بە خزمەتت بگا وەک ئامۆژگاری چی پێ دەفەرمووی؟

وەڵام:بەلێ، ئەگەر گوێیەکان تەرخان بکرێن بۆ بیستنی قسە ناڕەوایەکان به تایبەت بۆ ئەو پروپاگەندانەی که دژایەتێکی سەختیان دەگەڵ ئیسلام و موسوڵمانان هەیه؛ ئێستا که بیرۆکەی تووند و تیژی له ئارادایه، هەل ڕەخساوه بۆ دژبەرەکانی دین؛ ئەو شته ڕوون و ئاشکرایه کە ئایا حوجرەکان ئاوەدانن تاکو تووند و تیژیان لێ سەرهەڵدا؟
هەر ئەوه بۆ خۆی نیشان دەدا  ئەو قسانه دورن له ڕاستی و ئامانجی دژبەرانی ئەو گەل و نەتەوەیه ڕوون و ئاشکرایە.
بڕواداران به تایبەت لاوه دڵپاک و بەڕێزەکان نه تەنها له مزگەوتەکان فێری توندڕەویی ناکرێن، بەڵکوو هاندراون بۆ دوور کەوتنەوە لە خیانەت و جینایەت به گەل و نیشتیمانی ئازیزمان.

ئەرکی هەموو لایەکمانه ڕێگه به هەل پەرستان و خیانەتکاران و جیرەخۆڕەکان نەدەین چی دیکه له پشتەوەڕا خەنجەری خۆ فرۆشی و ژەهراوی لەو گەله ستەم لێکراوه بدەن و بە ئامانجی نارەوا و نادروستی خۆیان بگەن.
گەلی به ئیمان و ووره بەرزی کوردوستان ئەو ڕێگایانەیان زۆر تاقی کردۆتەوه و سەر بەرزانه له پیلانی فڕ و فێڵی دوژمنان تێگەیشتوونە و خۆیان دەرباز کردووه.
فەقێ بەڕێزەکان که هەمیشه جێی فەخر و شانازی گەل و وڵات بوونە، باش دەزانن گەلی کوردستان چاوی بڕیوەته قەڵەم و هەڵوێستی پاک و بێ گه ردی وان؛ خۆیان باش تێدەگەن که ڕووحی ئیسلام قەت ڕێگەی بەو توند و تیژییه نەداوه که داهاتویەکی نادیار و شوێنەوارێکی زیانباری بەدوا وەیه.


سۆزی میحڕاب: ئەو دایک و بابەی کە مناڵی وریـا و زیرەکیان هەیە، لەمەڕ فەقێ و فەقێیەتیەوە چۆن سفارشیان دەکەی؟

وەڵام: لێم ڕوون و ئاشکرایە دایک و بابه بەرێزەکان بیریان لەوه کردۆتەوه ئەوانەی ڕوو له مزگەوت و قوڕئان به دەست بوون و له ڕیگە و ڕێبازی قورئان و عولومی دیندا به دروستی و دڵسۆزانه چونەته پێش و هەڵوێستیان بوێرانە بووە.
هەر ئەوانەن بونەته پێناسەی ئەم گەل و نەتەوەیه له هەمو وڵاتان؛ ئاڵا به دەست و دین دۆست، پێش ڕەوی کاروانی رزگاری خوازانەی گەل بونە. سینگیان قه ڵغانی پاڕاستنی خەڵک و نیشتیمان بووه و ژین و ژیانیان، ڕوح و گیانیان بەختی ڕێگای رزگاری کردووه، ئەوه شتێک نیه ئێمه بتوانین له بیر خۆمانی بەرینەوه؛ مێژوو هاوار دەکا و شایەتیمان بۆ دەدا هەر دەبێ له خۆتان بپرسن حەیف نییه ئەو ڕۆله زێرەکانه جێی ئەوان نەگرنەوه و ئەو ئاڵا پیڕۆزە نەدرێتەوە دەست ئەوان و ئەو شانازێش به ئێوه دایک و بابەکان نەبرێ؟!


سۆزی میحڕاب:  بەڕای جەنابتان پێشنوێژ و وتارخوێنێکی سەردەمیانە چ تایبەتمەندیێکی هەیە؟ مامۆستای بانگخوازی بەڕۆژ کێیە؟

وەڵام: بۆ هەر بانگخوازێکی دینی چەن شتێکی سەرەکی پێویسته ببن:
بوونی بڕوا، ئیمانێکی دروست، ئەوەی دەیڵێ و دەیکا هەڵقوڵاو له دەرونێک که خۆشی بڕوایی پێ بێ و بەرێوەبەری بێت.
بوونی تەقوا، واته له خوا ترسان…
وەختێک ترسی لە خوا ببێ، بێ گومان ئەوەی ناڕەوایه نایکا و خۆی لێ دوور دەخاتەوە. بوونی ئیخلاس بەوەی دەگوترێ تەنها مەبەست لە کار و تەڵاش پێک هێنان و وەدەست هێنانی ڕەزایەتی خوا و بە جێ هێنانی دەستوری ئەو بێت.

شارەزا بوون به سەر زانستەکانی قورئان، حەدیس و زانستی ڕۆژ، پاراستنی حەریم و پاوانی ئەوان دەتوانێ شوێنەوارێکی باش و پێشکەوتوانەی ببێ.


سۆزی میحڕاب:  یەکیەتی‌ و هاودڵی زانایان ‌و بانگخوازان سارد و بێ ڕووحە، ئەو ڕاستییە تاڵەتان تا کوێ قبوڵە؟
ـ هۆکارەکانی چیـن؟

وەڵام: بەڵێ
چون وایه ناتوانین قه بووڵمان نەبێ، ڕاستی جێی داخه داعیان و پێشەوایانی دین کە هاواریان بۆ دینه، خۆشیان لەو قەیران و گێژاوە کەون. ئەو هەمووە ئایەتەی قورئان و فەرمودەی ڕەسوڵی خودا بۆ یەکڕیز بوون و یەکدەنگ بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا، لێک سور هەڵگەران و یەکتر وەرنەگرتن و لێک دوور کەوتنەوه بۆته خەسڵەتیان.
ئەگەر نەبیێته بێ ئەدەبی و لێمان نەرەنجێن، ئەو پەرەوازە کەوتنه و پشت کردن له دین و ڕوو کردن له زەرق و بەرقی دونیا و له پەنا ئەوەشدا هەر بیڵێین باشه، قەیناکا با لێشمان بڕەنجێن، هێندێکیان کەوتونه داویی دوژمن و به تووزەلەی ئەوان هەڵدەپەرن، بۆ ئاغا پێ کووتنی به درۆ و پاروبادانێکی هیچ…

تۆ بڵێی ڕۆژێک به خۆدا نەێنەوه و ویژدانی خەوتوویان وەخەبەر نەێێ و ئاوڕێک وە ویژدان و دین نەدەن و شنە بای شەماڵ کاو و دان لێک هەڵاوێرێ؟


سۆزی میحڕاب:  بە بڕوای زۆرینەی کارناسان‌ و خەڵکی بۆخوا سوڵحاو، کێشە و ململانێک لە نێوان زانایان لەکاتی فەتوا و ڕاگەیاندنی دەمی جێژنەکان و ساتی بانگەکان‌ دا دەبینرێ! ئەو ناکۆکی و گژۆڵییە چییە؟!
ـ بۆ چارەسەری ئەو دۆخ و کەش نالەبارە، دامەزراندنی مەڵبەندێکی یەکریزی‌و یەکگرتوویی نیاز نییە؟

وەڵام: لێک بڵاو بوون و پرەوازەیی مامۆستاکان به بیر و بۆچونی جۆراوجۆر و خۆ دوور خستنەوەی عالمە ناودارەکان به هۆیی ڕەخسانی هەل و مەرجی لێک پچراو و دەست تێوەردانی دەستی نامۆیان و نەیاران و چاندنی تۆویی دوبەرەکی له لایەن دژبەرانی دین و گەل و هەڵکەوتووانی؛ هەڵکوتانی تاقمێک که شیاوی فتوا دان نیین و بێ بەرپرسانه بەربونه گیانی دین؛ به داخەوه کەس نییه بەرپەرچیان داتەوه.

سەرەرای ئەو هەمو کەند و کۆسپانه زۆر جاران هەوڵ دراوه بۆ پێک هێنانی ( لێژنەیەک یا بڵێین شورا ) شوکری خودا هەر وەک ئاگادارن پێک هاتووه به نێوی (شوڕای مامۆستایانی ئایینی مهاباد)…..


سۆزی میحڕاب:  لەم ڕۆژگارەدا گەنجەکان کەمتر بۆ پرسە شەرعیەکان دێنەوە لای زانایان! لێکدانەوەت بۆ ئەم مژارە چییە؟
ـ بۆچی لە ڕابردودا دۆخەکە وانەبووە؟!

وەڵام: بەو شێوەی که پێویست بێ و شایانی لاوه بەرێزەکان بێ، تەبلیغاتی پێک هێنانی کۆڕ و کۆبوونەوه و کلاسی قورئان نییه. لەو لاشەو ڕاگەیندراوەکان، ڕەسانەکان، تۆڕەکۆمەلایەتیه کان که بەشی زۆریان به دەست کەسانێکەوەن کە کاریان بەگژ داچوونی ئیسلام و موسوڵمانان به شێوازی جۆراوجۆرە.


سۆزی میحڕاب:  یەکێ لەو دیاردانەی وەختی مامۆستا بە زۆری بەفیڕۆ دەدا کۆڕی پرسەکانە! ئایا لەناخی دڵەوە بەم دانیشتەنە ڕازی؟
ـ ئایا بیرۆکەیەکی کردەوەیی و شەرعیتان هەیە بۆ ڕزگاری لەم کۆڕە ماتەمینـانە؟

وەڵام:هەر وەک خۆتان باش دەزانن سەرەخۆشی له وڵاتی ئێمەدا ڕەواجی پێدراوه دەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ ڕیشە و بنەمایەکی شەرعی و دینی نیە و به بەر چاو ناکەوێ،
دەگەڵ ڕیز بۆ ڕابردووەکان به بێ سرنجدان بە ڕەوش و یاسای دینی لەو سەردەمەدا کەوتوینه ئەو قەیرانه که بۆته گرفتارێکی گەوره و به مل کۆمەڵگای ئیسلامی چەسپاوه؛ به هیوای داهاتنی ئەو ڕۆژه کە ئـاڵا به دەستـان و دڵسۆزانی دین بتوانن به یەکدەنگی و یەک ڕیزی تەکانێک به خۆ بدەن تا یاسا دینیه کان به سەر یاسا عورفیه کان دا سەرکەوتو کەن.


سۆزی میحڕاب: لەم ساڵانەی دوایی لە شار و دیهاتەکان‌دا حزوری سەوز و بەرچاوی ئافرەتان‌ و مناڵان بۆ فێربونی ئەحکامی شەرعی‌ و قورئان بەرچاو و حاشا هەڵنەگرە، بۆچوونی بەرێزت لەم بوارەدا چییە و چۆنە؟ـ چ ڕاسپاردەیەکت هەیە بۆ فێرکار و قوتابیان لەو بەستێنە دا؟

وەڵام: سەر کەوتنی هەموو لایەک له خوا گیان داوا کارم، زۆر دڵخۆشم ئەوەش جیی شوکره دایکه بەریزەکان و منداڵه خۆشەویستەکان به دڵی بی گه ردیان پێ دەنێنه ماڵەکانی خودا و پەنا دەبەنە بەر قوڕئان.وو

بەرێزان کاتێک دێینه سەر دونیا گوێمان به وشەی پیرۆزی شەهاده و ئیمان دەکرێتەوه، مێشک و بیرمان به لاالەالاالله زاخاو دەدرێ، ئاوازەی بانگ به گوێی ڕاست و قامەت به گوێی چەپ؛ کەوایە دەبێ پێزان بین بە دڵ و گیان و وەفادار بین بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانی پەروەردگار و بڕینی ڕیگا و ڕێبازی پێغەمبەری خێر و خۆشێکان…

به ڵێ چاوەڕوانی دەکرێ له بەرپرسان و بەڕێوه بەرانی که لاسەکان به ورەی بەرزیان و ئیمانی بێ خەوشیان، ئەوەی له توانایان دایه بۆ گەشە کردنی بیرۆکەی ئیمانی و فێر کردنی قورئان قۆڵی هیممەت هەڵمالن.


سۆزی میحڕاب:  هاتەی – خاطره- خۆشی ڕۆژگاری فەقێیەتی‌ و سەردەمی مامۆستایەتیت چییە بۆمان بگێڕێوە؟
ـ یان هاتەی ناخۆشی ژیانی مامۆستایەتیت چ بووە؟

وەڵام: ناخۆشترین بیرەوەری که ئێستاش ئازارم دەدا ئەو کاته بو که فەقێ بۆم له ئیندرقاش له پەنا مەهاباد، دژبەرانی گەلی کورد خۆیان بەو گونده داکرد و نزیک به شێست کەس له خەڵکی بەرێزی ئەو گوندەیان له پیرە پیاو و ژن و منداڵ قه لاچۆ کرد که بەشی زۆریان له بەر دەرکی حوجره و نێو مزگەوت کوژران.


سۆزی میحڕاب:  وەک دەڵێن خوێندنەوە و توێژینەوە لە نێو مامۆستایان‌ و فەقێیان‌دا کەم بۆتەوە، بەڕای جەنابتان هۆکار چییە؟
 یا هێندێ لە مامۆستایانی ناوداری ناوچەکان فەوت دەکەن بە نەناسراوی! بۆ خەڵک نایانناسن؟

وەڵام: من وای لێ تێدەگەم شایەد واش نەبێ، وەختێک چرای حوجرەکان کز دایسێ، چرپەی لاقی هات و چۆی مزگەوتەکان کەم دەبێ، شڵپەی ئاوی دەس نوێژی نوێژ خوێنەکان کەم دەبێ، گەمە و گرمەی نێو مزگەوتەکان سست دەبێ بێ شک چرای دڵی کتێب و کتێب خوێندنەوەش خۆی تاق ناکاتەوه و چاو لەوانه دەکا و بەرەو شەوەزەنگی تار و دور کەوتنەوه دەڕوا و مشتەری کتێب و کتێب خانەکان بازاری هەڵڵا و بگریان بەرەو چۆل بوون دەچێت و نێوی بەرز و پیرۆزی مامۆستایانی نێوداریش دوای مەرگیان ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەیان کەم ڕەنگ و بێ ڕەنگ دەبێ.


سۆزی میحڕاب:  بانگخواز و بانگەوازی ئیسلامی‌ لە دونیای هەوانتەی( مەجازی‌ـ ڕەسانەیی) ئەوڕۆدا چۆن دەنرخێنی؟
ـ ئایا حزووری زانایان‌ و بانگخوازان لەو بەستێنەدا بە پێویست دەزانی؟

وەڵام: لەو کاتەوه ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێی ناوەتە کوردستانی جوان ئەوەندەی دیکەی ڕازاندەوه و بناغەی مزگەوتەکان و درگا و منارەکان سەریان بەرز کردنەو و ڕیشەی تەوحید خۆی هاویشته دڵەکان، پەرده له سەر گۆیەکان لادرا، بۆ بیستنی هاواری قورئان دەعوەتگەرانی دین قوڵیان هەڵماڵی و هاتنه مەیدان و باوەشی گەرم کرایەوه بۆ وەرگرتنی ئیمان؛ ئەوەش لووتفی ئەڵڵا بو کەوتینه شوێن قورئان و دوور کەوتینەوه له گاور و جوولەکە و بوت پەرەستەکان به حەول و تێکۆشانی دەعوەتگەران.
لێرەدا ئەرکی دەعوەتگەران قورس تر دەبێ له جاران، بێ جگه له مینبەر و میحراب و کۆر و کۆبونەوەکان له فەزای مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتێکان به تایبەت ئەوانەی به توانان دەنگدانەوەیان ببێ و هەل به هەلپەرەستان نەدەن و پیلانی پیلانگێران و فڕ و فێڵی زۆرداران و دژبەرانی دین و گەل به هەمو شێوازێک له فەزای مەجازی وڵام دەنەوە و بۆ ئەو ئەرکەش شەو و ڕۆژ نەناسن.


سۆزی میحڕاب:   ئەگەر فەرمایشێکت هەبێ وەک دوا قسە پێمان خۆشە گوێ بیستی بین.

وەڵام: وادیاره وەختەکەمان ڕوو له تەواو بونه. داوایی هێور و ئارامی دەکەم، بۆ لای خۆدا بێینەوه بگەڕێینەوه، چی تر موسوڵمانان نەبنه دار دەستی بێگانه، بەگژ یەکتر دا نەچن، په لاماری یەکتر نەدەن و خوێنی یەکتر نەرێژن.
داوا له لایەنگرانی سۆزی مێحراب و خوێنەرە بەڕێزەکانیش دەکەم دەستی یارمەتیمان بۆلا درێژ کەن و هەڵە و پەڵەمان له قاو نەدەن و بۆمان ڕاست کەنەوه، مەمنونتان دەبین و به خواتان دەسپێرم.
والسلام علیکم و رحمه الله و برکاته


براتان عوسمان دانیشی – مەهاباد – مزگەوتی ڕۆستەم بەگ

وتووێژکار و پێداچوونه‌وه‌: رسول رسولی کیا

 

ڕێکەوتی ۱۳۹۷/۰۷/۲۰

نمایش بیشتر

رسول رسولی کیا

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا