شخصیت هاگفتگو

دیمانه‌ی سۆزی میحڕاب له‌گه‌ڵ مامۆستای ئایینی و شاعیر عبدالله اسفندیاری

پێشەکی

به مه به ستی زیندوڕاگرتنی ڕۆڵ و خە باتی زانایانو ناودارانی موسوڵمانی گه لی کوردمان و ڕابوردوی پڕ له سه روه ری ئه و گه وره پیاوانه ی که  سەدان کارو خزمه تی گه وره یان پێشکه ش به گه له که یان کردوه و بۆ ئەوەی له دیدو ئه ندێشه ی خوێنه رانی به ڕێزدا ون نه بن،ماڵپه ڕی “سۆزی میحڕاب” به پێویستی ئه زانێ که گۆشه یه ک بۆ ژیان و به سه رهاتی ئه و پایه به رزانه ته رخان بکات

یه کێک له و پایه به رزانه به ڕێز جە نابی مامۆستا عبدالله اسفندیاری(بێزار)ه ، مامۆستا و پێشنوێژ و موده رریسی مزگه وتی “میعراج” ی شاره جوانه که ی بۆکانه …

مانگی مەولودی ڕابڕدوو لە ئاوایی وەتەمیش سەر بە شاری بۆکان من وێڕای بنەماڵەی ئازیزم دەعوەت کرابووین ؛ بەو بۆنەیە مەڕاسیمێکی خۆش و بە کەڵکیان پێکهێنابوو….

لە بەشێک لە کۆڕەکەدا ، موجری دەعوەتی کرد لە مامۆستای شاعیر و نووسەر مامۆستا عبداڵڵە اسفندیاری ناسراو بە بێزار لە شاری بۆکان کە بێت و پەخشانەکەی پێشکەشی ئامادەبوان بکات !

زۆرم لاخۆش و عەجیب بۆ … چونکە بەڕاستی من نەمدەزانی مامۆستا اسفندیاری شاعیر و نوسەرە!

بەسرنجێکی زۆرەوە گوێم دا بە پەخشانە چڕوپڕەکەی مامۆستا و بەڕاستی زۆرم چێژ لێوەرگرت..

بەدڵم دا هات لە لایەن ماڵپەڕی سۆزی مێحڕاب دیمانەیەکی لەگەڵ سازکەین

دوایی چەند ڕۆژ ، (ماموستا حدیثی)یەکێک لەدۆستانی مامۆستام بینی پێموت : ئایا دەتوانی دیمانەیەکمان لەگەڵ مامۆستا بێزار بۆ ڕێک بخەی؟

وتی بەسەرچاو ؛ پێیدەڵێم با بزانم دەڵێ چی !!!

 دیمانەکە هەڵنەسوڕا تا کوو بەهاری ئەمساڵ کە بانگیێشت کرام بۆ بووک گواستنەوە لە شاری بۆکان… لە مەڕاسیمی شایی کچی مامۆستای هێژا حسین حەدیسی واتە فاییزە دا چاوم کەوت بە مامۆستایانێکی زۆر لە نێو واندا مامۆستا عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری کە ئەوانیش وەک من میوانی مامۆستای حەدیسی بوون

لە نزیکەوە چووم بۆ خزمەتیان و دوای خستنە ڕوی چەند بابەتێک بۆ نموونە بێ نازی و نامۆبوونی زۆربەی مامۆستایانی ئایینی لە لای زۆر کەس داوایی وتووێژم لێکرد

فەرموویان مامۆستا حەدیسیش باسی کردوە؛ بەسەرچاو بە شانازیەوە ئامادەم بو دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی سۆزی میحڕاب….

زیاتر لەوە ڕاتان ناگرم ؛ ئەوە ئێوە و ئەوەش دیمانەی سۆزی میحڕاب لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری ناسراو بە بێزار ؛ هیوادارم بۆ هەموو لایەکتان بەکەڵک بێت

سۆزی میحڕاب : لەماڵپەڕی سۆزی میحڕابەوە بەخزمەتتان دەگەین چەند پرسیارێکمان هەیە تکایە وڵامان بدەوە*لە پێشدا خۆت بۆ خوێنەرانی سۆزی میحراب بناسێنە؟

 وڵام: بەنێوی بەرزە نێوی بێ هاواڵ و بێ هاوتا* ئەوەی ژیان و خۆشی و ناخۆشی و دەرد و ژان و دەوا و چارەسەر و سەرەنجام مەرگ و نەمان و زیندووبوونەوە و هاتنەوە کایەی دانا*

بە سڵاو و درود بۆ ڕێبەری بەرەی مرۆڤایەتی تاقەسواری مەیدانی پان و بەرینی پێغەمبەرایەنی حەزرەتی موحەمەد*  هەروەها بۆ هەمو هاوڕێ و هاودەم و هاوڕێیازانی*

لەگەڵ ڕێز وسڵاو بۆ ماڵپەڕی پڕ سۆز و دڵسۆز و بەهێز و پێزو بێ پۆزی سۆزی میحڕاب و هەموو خوێنەرانی بەڕێزی*

بەخێربێن زەحمەتو کێشاوە و تەشریفو هێناوە*

نێوم عەبدوڵڵایە شۆرەتم  ئیسفەندیارییە ؛ نازناوم بێزارە* وەک پێناسەکەم ئاماژە دەکات لە ڕێکەوتی ۱۳۴۶/۹/۸ی هەتاوی کۆچی لە ناوچەی گەورکی موکریان لە ئاوایی قالوێ ڕەسواغا یان باساودەلان هاتوومە دونیا و چاوم هەڵێناوە بۆ ژیان*

وەکو زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی هەژار و نەداری کوردەواری بە کەم و کوڕی بەرگ و پێڵاو و ئاو و نان کەوتوومە ڕێ بۆ درێژەپێدانی ژیان.

لە تەمەنی ۶ ساڵی چوومە قوتابخانە چکۆلەکەی ئاواییەکەمان* تا پێنجەمی سەرەتایی لەوێ بووم* پاشان بۆ هەوەڵی ڕاهنومایی بەرەو شاری بۆکان چووم*  چەند مانگ لەوێ خەریکی خوێندن بووم* خۆپیشاندانی جەماوەر دژی ڕژێمی شا درێژەی کێشا* لە شەقامەکان تەق و تۆق و خەڵک دەکوژرا* منیش دەستم لە خوێندن کێشاوە و بەرەو دێ پێم پێوەنا* ساڵێک شوانی مەڕ بووم* لەبەر سەرما و لەبەر باران کەسیرە و خووساو و تەڕ بووم*

 پاشان لە پاییزی ساڵی ۱۳۵۸دا بەرەو فێرگەی فێربوونی زانست و زانیاری و پڕ لە حەیا و ئەدەب و داب و نەریت واتە حوجرەی فەقێیان چووم*با لەبیرم نەچێت کە ئەگەر خوو و خدەیەکی مرۆڤانە و دوور لە تاوانی بێ شەرعی و پاکی و چاکێکم تێدابێت بەرهەمی ئەوئیمان و بیروباوەڕە بووەکە لە حوجرە وەدەستم کەوتووە*

بەڵێ بوومە فەقێ و بە دێ و شارانەوە وێڵ و گەڕیدە و لە بنەماڵە تەرەکەمە بووم* تاهاوینی ساڵی ۱۳۶۵ خەریکی خوێندنی زانستە عەڕەبییە باوەکان بووم* زۆرم زەید و عەمر پێکدادا و لە هەشتێ مشتێیان لێ فێر بووم* پاشان بوومە مەلا و بەکۆچا چووم* لە ئاوایی ئاغوەتمان گیسامە و نیشتەجێ بووم* دوا چوارساڵ لە ئاغوەتمان وەڕەز و بەرەو شارەدێی تورجان چووم* دووساڵ لەوێ بووم* لەوێش ڕۆیشتم بەرەو چۆمی مەجیدخان کەروێشک ئاسا بازرە بووم* لانم خستە ئاوایی ئاتابڵاغی* سێ ساڵ لەوێ لەگەڵ ژیان سەرو کەللەم لێکدا* دوایی هەوار کێچی هەڵێنا* بەرەو بۆکان بارگەم لێنا*

 لەوکاتەوە بە ئەرخەیانی بوومە شارەستانی* ئێستا لەوشارە لە مزگەوتی میعڕاج وەک خزمەتگوزارێکی چکۆلەی دین و ئایین و گەل و نشتیمان خەریکی مەلایەتیم*

سۆزی میحڕاب : وه‌ک دیاره‌ هه‌ست و سۆزی شێعریتان هه‌یه‌، زۆرتر بە چ سه‌بکێک ده‌نووسن و هۆگری شێعری چ شاعیرانێکن؟

وڵام: وەک دەڵێن چۆلەکە خۆی چی و شۆرباوی چی* یانی من لەو پلە دانیم کە هۆنراوە و هۆنەر بخەمە ژێر باس و لێی بدوێم ؛ بەڵام بە بیرۆکە چوکەڵەی خۆم لام وایە کە :

هۆنراوە پێوەندی هۆنەڕە لە گەڵ دونیا و کەل و پەلی دەوروبەر* شیعر زمانی شتەکانە و حاڵ و ئەحواڵی ئەوان لە چوارچێوەیەکی تایبەت دا باس دەکات.

ئەرەستو بیروباوەڕی وایە کە کاری شاعیر و مێژوونووس وەک یەک وان تەنیا جیاوازیان لەوەدایە کە مێژوونووس چ ببینێ بێ دەست تێوەردان و کەم و کوڕی دەینووسێ؛ بەڵام هۆنەر دەیەوێ مێژوو وا بنوسێ وەک بۆخۆی دەیەوێ*

هۆنەر دونیای پان و بەرینی خەیاڵات گەورەتر و بەرینتر دەکاتەوە* هەربەخەیاڵ تابڵۆ لە شتانێک دەسازێنێ و دەیانخاتە دونیای ڕاستەقینەوە و سەرنجی خوێنەر و بینەری خۆی ڕادەکێشێ و ئەویش لەگەڵ دونیایی ڕاستی و ڕاستەقینە تێکەڵ دەکات*

شیعر هەستتێکی خودا داوەیە* سۆزی دەروونە* ئاواتە* هاوارێکە مێشک دەهەژێنێ* هۆنەر ناچار دەکات دەست داتە پێنووس و لێنووسەکەی و جەرگی سپی لێنووس ڕەش هەڵگێڕێ و ئەوهاوارە داسەکنێنێ و ئەو هەست و ئاواتە دامرکێنێ.

من لە شەستەکانەوە دمم لە هۆنراوە وەرداوە* زۆرتر شیعری مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار و ئەوانەم دەخوێندەوە و هۆگریم پێیان هەبوو* ئەوکات شتێکم دەدی پێمخۆش بوو پێی هەڵبڵێم* هەر بە سەبک و ڕێوشوێنی شیعری کلاسیک پیت و وشەو دێرم جەللە دەکرد  و بە خەیاڵی خۆم و نێوم لێدەنا شیعر* زۆرم نووسین* لەدوای ماوەیەک بۆخۆم بیانووم بە هێندێکیان گرت و کردمنە دەستە چیلەی ئاور* تێگەیشتم کە ئەمن شاعیر نیم* بەڵکو بە کزەبایەک پاشکای خرمانی شاعیران شەن دەکەم* پاش کاش لە هێندێک زڕ و زیوان زیاتر چی پێوە نەماوە* ناچار ئەوەی کە بۆخۆم نێوی شیعرم لێنابوو خستمنە لاوە* ئەوانەم هێشتنەوە کە دواتر لە چاپم داوە*

دیتم لە نووسینی نەسردا سەرکەوتوو ترم* بەتەواوی ڕووم کردە ئەوبوارە و لە شتێک بە نێوی شیعر ماڵاواییم کرد

هەڵبەت ئەوەشم لە بیر نەچێت چونکە لە شیعری نوێ باش حاڵی نەدەبووم شیعری نوێم پێ شیعر نەبوو* هەرچەند هێندێکیان مەبەستی زۆر بەکەڵکیان تێدا بوو*

سۆزی میحڕاب :  جگه‌ له‌ شێعر ئایا له‌سه‌ر نووسینی دیش کار ده‌که‌ن؟ زۆرتر له سه ر چ بابه تانیک ده‌نووسن؟


وڵام: به ڵێ جارجار بابەتگەلێکی کۆمەڵایەتیش لە چوارچێوەی کورتەچیرۆکدا دەنووسم*

بۆ وێنە

۱-لەزمان لاوێکی بێ ئیشەوە

۲-درۆشمی بێ ناوەرۆک

۳-چاڵ بۆ خەڵک هەڵکەنی چووزانی بۆخۆت تێناکەوی

۴-دەستەبرا

ئەوانەم نووسیوە و لە ڕۆژنامەی پەیامی بەهاراندا لە بۆکان چاپ کراون*

سۆزی میحڕاب :  ئایا به‌رهه‌می بڵاوکراوه‌تان هه‌یه‌؟ زۆرتر بە چ زمانێک ده‌نووسن؟ نێوی به‌رهه‌مه‌کانیشتان تکایە بفەرموون؟


وڵام: من زۆرتر بەزمانی زگماکی خۆم واتە کوردی دەنووسم* بەڕهەمی بڵاوکراوەشم ۳ پەڕتووکن *

یەکیان کتێبی “تاڵ و شیرین لە ڕێگای ژین” کە ژیاننامەی خۆمە* ئەوانەی کە بە بۆنەی جۆراجۆرەوە بەنێوی شیعر نوسیبوومن هەریەکەو لە جێیی خۆیدا لە گەڵ نەسرەکەگونجاندوومن* دوای تەواوبوونی بەشی ژیاننامەکە پاشماوەکەیم تایبەت کردووە بە شیعرەکانەوە* بەشی کوتایی شیعرەکانیش تەنزێکە کە چەندلاپەڕەی داگیر کردوە بە نێوێ “کەریش میداڵی وەرگرت”

لەو کتێبەدا لە زۆرجێیان بیرو باوەڕی تاکەکەسی خۆمم دەربڕیوە* لەمەر گەلێک بابەتی ڕۆژ دواوم کە خۆێنەرانی ئەوکتێبە داوەری بەکەڵکی و بێ کەڵکی مەبەست گەلەکانن*

۲- کتێبی “وتەو ئامۆژگارییەکانی لوقمانی حەکیم”ە کە لەوکتێبەدا باسی ڕەچەڵەک و ژیان و بەسەرهات و ئامۆژگارییەکانی لوقمانم بە درێژە نووسیوە* کە چاپکراوەکەی تەواو بووە و بەداخەوە تائێستا بە هۆی گرانی قاقەزەوە نەمتوانیوە چاپی کەمەوە*

۳-کتێبی “ڕاوی سێ کۆسان” کە چێرۆکێکی کوردییە و زۆر مەبەستی گرینگ و ئەزموون وەرگرتن لە خوو و خدەی وەک خەیانەت و ناپاکی و دەستبڕی و سەرەنجام لەناوچوون و تێداچوونی تێدایە*

سۆزی میحڕاب :  ئایا کتێبی تازه‌تان له‌به‌ر ده‌ست هه‌یه‌ بۆ نووسین؟ لە چ بوارێکه؟

وه لام : بەڵێ خەریکی نووسینی کتێبێکم بە نێوی “قسەی گەورەپیاوان” کە بەرگی یەکەمی لە ۴۰۰لاپەڕەدا تەواو بووە و کورتەی ژیاننامەی ۷۶ کەس لە گەورەپیاوانی دونیام  لەگەڵ وتە کورت و بەنرخەکانیان تێدا گونجاندووە* لە نووسەران و شانۆگەران و ڕامیاران و تێکۆشەران و ئازایان و تەنانەت خوێنڕێژ و تاوانبارانی وەک هیتلێر و چرچیل و ئیستالین و ئەوانەشی تێدایە* کەسایەتییەکانی ئێرانی وەک کورۆشی کەبیر- ئیبنی سیینا- دوکتۆر حیسابی- سادقی هیدایەت- دۆکتۆر شەریعەتی- ئۆردی گەورە و چەند کەسێکی دیکەی ئێرانی*

لە کوردانیش کەسایەتێکانی وەک  قازی موحەممەد- گیوی موکریانی- مامۆستا هەژار- کاک سوارەی ئێلخانیزادە- وەرگێڕ موحەممەدی قازی و ئیبڕاهیمی یۆنسی و چەندی کەسێکی دیکە*

داوای مۆڵەتی چاپم بۆ کردووە کە بەداخەوە تا ئێستا لەسەر باسی قازی موحەمەد گیری کردووە کە ڕەنگە ئەو باسە حەزف بکرێ و دوای ئەوە مۆڵەتی چاپی پێبدرێ*

سۆزی میحڕاب :  که چاو له‌ دۆخی مامۆستایان بکه‌ین لە ڕابردوودا، ده‌بینین ڕێزێکی زۆرتریان لێ ده‌گیرا و لای خه‌ڵک قسه‌ی زۆرتریان ده‌ڕۆیی. هۆی چییه که له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ک پێویست ڕێز لە مامۆستایان ناگیرێت؟

وڵام-بەڵێ لە ڕابردوودا بەتایبەت لە کوردستان مامۆستایان لە هەموو بوارێکەوە قسەیان بڕی دەکرد و هەر ئەوانیش پێشڕە و پێشەنگی گەلەکەیان بوون*

بۆڕزگاری و بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی کۆمەڵایەتی و گیروگرفت و نیزاعی ئاوماڵەتی و هەموو ئەوانە هەر مامۆستایان بوون کە بەپێی  یاسای شەریعەتی تەواو و دەوڵەمەندی ئیسلام بێ مووچە و بێ خەڵات و بەرات خەریکی خزمەت بە کۆمەڵگای خۆیان بوون* هەڵبەت ئێستاش هەر هەن* بەڵام بەداخەوە ئەوڕۆ زل هێزانی دونیاخۆر و دەسەڵاتدار بە هەموو چەشنە تەبلیغات و پڕوپاگەندە و چەک و چۆڵ و هێزو پێزی خۆیانەوە بەبیانووی جۆراوجۆر بەدزی و بە ئاشکرا دژایەتی دینی پیرۆز و بێ دەغەڵەی ئیسلامیان کردووە و دەیکەن لە حەول و نێکۆشان دان و ناسرەون* حاشای لێناکرێ کە بێ کاردانەوەش نەبووە لە زۆر جێگە و پێگەدا هەنگاوتوویانە و کاری خۆیان کردووە و تا ڕاددەیەک سەرکەوتووش بوون*

 بەتایبەت لە ڕاستکردنەوەی موسوڵمان لە بەرامبەر موسوڵماندا بە هەرنێو و ناتۆرەیەک بووبێ و لە ژێر هەر ئاڵاو واڵایەک دابێ کۆتایان نەکردووە* یانی داریان هەر بە هۆرەی دار قەڵشاندووە* چەپییەکانی نێوخۆش تاڕاددەیەک کاریگەریان لە بێ ڕێزی بە دین و بە مامۆستایان بووە*

دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەونەخشەو هەوڵ و تێکۆشان و هەست و ویستەی ئەوان کاری لە مێشکی موسوڵمانانی ساویلکە کردووە* لە ڕچە و ڕێبازی خۆی لایانداوە و لە ڕێگای ڕاستی خۆی کلایان کردووە* ئەوکلابووە وەک بەرهەڵست و دژێک دەڕوانێتە دین و مامۆێتایانی ئایینی*

زیاتر ئەوە بۆتە هۆی بێ ڕێزی بە مامۆستایان* چونکە کاتێک کە بەهەموو دژدینان حەول دەدەن دینی ئیسلام سووک و چرووک کەن و وە لەرچاوی جەماوەری بخەن دیارە مامۆستایانی ئایینش وەکو ڕێبەرێکی ئەودینە لە بێ ڕێزی بەدوور نابن* بەڵام ئەوە کۆمەڵگای ئێمەیە کە دەبێ ئاگادار بێتەوە کە  ئەوانە هەموو پیلانن و نەخشەی دوژمنانن* چوون بێ ڕێزی بە پێشەوای دینی و دووری لەوان دەبێتە هۆی دووری لە دین* کاتێکیش کە مرۆڤ لەدین دوورکەوتەوە بێ ڕێ دەمێنێتەوە* کە بێ ڕێ ماوە هەر نەیارێک هەر ڕێیەکی بۆخۆی پێی خۆش بوو وەپێشی دەکات و بەرەو هەڵدێری دەبات* لە ڕێگای ڕاستەقینە لای دەدات* ئەو نەیارەش بە ئامانجی چەوت و شوومی خۆی دەگات*

ئەگەر بەچاوێکی ڕووناکبیرانە و ژیرانە و بێ دەغەڵە بڕوانینە کارنامەی مامۆستای  ئایینی کورد بۆمان دەردەکەوێ کە لەڕابردوشدا هەرئەوان بوون بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ زوڵم و زۆر و داگیرکەر لەڕیزی پێشەوەی تێکۆشەران بوون* ئەوان بوون دین و ئایین و داب و نەریت و کلتوور و کەلەپوور و زێد و زمانی زگماکی گەلەکەیان پارستووە و لە هەموو بواراندا لەمپەر بوون و ئاگاداریان لێکردووە*

ڕەنگە هێندێک لە خوێنەران بفەرموون کە ئەو برایە مەلایە بۆیە ڕای وایە* بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کە کەم کەس دەتوانێ خۆی لێ ببوێرێ و ددانی پێدا نەهێنێ* ئەگەر لە ڕوانگەی خەیانەت و خەیانەتکاری چاوێک بە کوردستاندا بخشێنین بێ خەیانەتکار نییە بەڵام لە نێو خائینانیشدا مامۆستایان ژومارەیان ڕەنگە لە پەنجەی دەستان ڕەد نەبێ*

 لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەوە بزانین کە خودا نێنەر و پارێزەی دینی خۆیەتی و کەسانێکیش کە بەڕاست لەگەڵ ئەودینە بن پارێزرا و سەرەنجام سەرکەوتوو دەبن*

زەریاش بە دەمی – – – گڵاو نابێت* ئیسلامیش بە نەخشەی نەیارانی سووک نابێت*

سۆزی میحڕاب :  ئێستا زۆرێک لە مامۆستایان ده‌بینین که له به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو هه‌وڵ و تێکۆشانیان لە بواری په‌روه‌رده‌ی فه‌قێ و نووسین که‌متره‌، بۆچی مامۆستایان هەوڵ ناده‌ن ئاسه‌وارێک له‌دوای خۆیان به‌جێ بێنن؟

وڵام – هەر ئەوپیلانە داڕژاوانەی کە عەرزم کردی لە لایەن دونیاخۆرانەوە داڕژاوە لەسەر ئەوبابەتەش کاریگەری داناوە* هەربۆیە فەقێ و حوجرە و خوێندنی دینی کەم بووە* هەرچەند ئەوەش زیانێکی بەرچاو بە کۆمەڵگای موسوڵمانان دەگەیەنێ*

چونکە کەم بوون و نەبوونی فەقێ لە ڕێبەران و خزمەتگوزانی دینی کەم دەکاتەوە* کەمی ئەوانیش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵگا لە دین*

بەڵێ بەهۆی نەبوونی حوجرە و فەقێ و دەرس نەکوتنەوە هەلی پڕکردنەوەی بۆشی کات زۆرە*  ئێستا کەرەسەبۆ نووسین وەک کامپیۆتێڕ و ئەوانە کارحاسانێکی زۆری کردوە بەڵام چون لەڕابروودا مامۆستا ئازاد نەبوون بۆوەی کە هەرچی لە مێشکیان دایە بینووسن و چاپ بکرێ و بگاتە دەستی خوێنەران*

ئەگەر مامۆستا زەحمەتی کێشابێ و شتێکی نووسیبێ زۆربەیان بەهۆگەلی وەک دەستکورتی و نەبوونی پارەی چاپکردن هەر لە پەناو پەسیواندا ماوەتەوە و تەپووتۆزی فەرامۆشی دایپۆشیوە* کۆچی دوایی کردووە و بەرەو مەڵبەندی سپی پۆشان و خامۆشان ڕۆیشتووە* بە چاپکراوی بەرهەمی خۆی نەدیوە* کە ئەمن پێم وایە زۆرتر ئەوشتە بۆتە هۆی ساربوونەوە و دوورکەوتنەوەلە نووسین*

سۆزی میحڕاب :  سوپاس بۆخوا ئێوه‌ توانیوتانه‌ له‌ بواری نووسیندا هه‌نگاوی باش هه‌ڵێننه‌وه‌، چ که‌س یا کەسانێک گه‌وره‌ترین هانده‌رتان بوون له‌و بواره‌وه‌؟ ئایا به رهه می ترت له به ر ده ست دایه؟

وڵام- بەداخەوە دەبێ بڵێم تا ئەوکاتەی بەرهەمەکانم چاپ کردووە هیچ کەسێک هاندەرم نەبووە* بەڵام دوای چاپبوونی ئەوچەند کتێبە گەلێک لە خوێنەران بوونە هاندەر* یانی دەستخۆشی پێکوتن و هەڵنانی ئەوان بوو بەهۆی ئەوەی کە زۆرتر و بەپەلەتر بەرەوپیری نووسینی دیکە بچم* ئێستا هەمووجارێ بۆخۆم دەڵێم کە درەنگ وەخۆکەوتووم و دەمەوێ زوو پێبگەم* بەپەلە دەمەوێ قەرەبووی ڕابردوو بکەمەوە* هەر بۆیە هاتووم هاوکات پێکەوە ملم لە نووسنی چەند کتیب ناوە*

لەگەڵ نووسینی کتێبی قسەی گەورەپیاوان خەریکی نووسنی ۴ کتێبی دیکەم*

۱-لادێ کانگای کلتوور و کەلەپووری کوردی

۲- زانیارییە گشتییەکان

۳- هەگبەی هەراو

۴- ڕۆمانێک بە نێوی =جواناو=

سۆزی میحڕاب : زۆرتر له‌ چ شاعیر و نووسه‌رانێک ئیلهام و کاریگه‌ری وه‌رده‌گرن؟

وڵام- کاتی خۆی خوێندنەوەی کتێبی بووکی گۆڕستانی کۆن لەنووسینی مامۆستای خوالێخۆش بوو مامۆستا مەلاکەریمی ڕاوچی ئیلهامێکی گەورە بوو* کاتێک ئەوکتێبەم خوێندەوە کاریگەرێکی زۆری لەسەر مێشک و ڕۆح و ڕەوانم دانا* هەستێکی گەلێک جیاواز و ناوازەی خستە دڵ و دەروونمەوە* باوەڕبفەرموون لەسەر هەر ڕووپەڕێکی چەندین تکە فرمێسکی گەشم کردۆتە شاباش* یانی دەبێ بڵێم لاوێچێکم ئەسرینی گەرم و گوڕ لەسەر ئەوکتێبە ڕشتووە*

دووهەم ئیلهام: کتێبی هاوارەبەرەی کاک فەتاحی ئەمیری بوو کە ئەویش ئیلهامدەرێکی بەهێز بوو* هەروەها بەرگی دووهەمی هاوارەبەرە بە نێوی میرزا* هەڵبەت زۆرتر لە کتێبی ڕۆمان و مێژوویی ئیلهام وەر دەگرم*

سۆزی میحڕاب : به ڕای ئێوه‌ شاعیر و نووسه‌ر پێویسته‌ خاوه‌ن چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک بن؟

وڵام- بەڕای من دەبێ شاعیر و نووسەر کەسانێک بن کە لە پێش هەموو شتێکدا دڵسۆز و خەمخۆری کۆمەڵگای خۆیان بن* هەوەها دەبێ بیرمەندانە بیر لەبارودۆخی ڕۆژگار و هەڵسوکەوت و روداوی دەوروبەریان بکەنەوە و دەرد و ژان و کەم و کوڕی و خۆشی و ناخۆشی و ڕێگای چارەسەری گیر و گرفتی کۆمەڵگاکەیان چ لەباری ئاینییەوە و چ لە باری ئابوورییەوە و چ لە بوارانێکی وەک خوو و خدە و شەڕ و ئاشتی و یەکێتی و برایەتیەوە بە ڕۆح و گیان هەست پێبکەن*

ئەو هەستە دەبێ لە پێست و گۆشت و خوێن و ئیسقانیان تێپەڕێ و بگاتە مۆخیان* ئەوکاتەیە کە دەتوانن هەمووئەوانە وێنە بکێشن و لە چوارچێوەی شیعر و پەخشان و نەسر و نوسراوەیان بگرن* لە پێشەنگای گەورەی بیروبۆچونی کۆمەڵگاکەدا لە بەرچاوی بینەران و بیسەران هەڵیان واسن و بیاننوێنن*  تابەڵکو بەوشێوەیە تاک تاکی بێ ئاگای کۆمەڵگا ئاگادارکەنەوە و تێیان بگەیەنن و پێیان بگەیەنن* نووسەر و شاعیرێکی ئاوا دەتوانێ بە شیعر و ئەدەبیات و نووسراوەی خۆی خزمەت بە دین و ئایین و گەل و نشتیمانەکەی بکات و سەربەرزی بۆ خۆی و وڵاتی دابین و تۆمار بکات*

سۆزی میحڕاب : چ قسه‌یه‌کتان بۆ مامۆستایان و قوتابیان هه‌یه‌؟

وڵام- وەک چکۆڵەیەکی مامۆستا و قوتابیان لە خزمەتیاندا عەرز دەکەم کە:

هەرچەندی دەکرێ و تا دەتوانین با بخوێنینەوە* دوای ئەوە هەر ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانەی کە بەسەرخۆمان دێت یان لە دەوروبەرمان ڕوو دەدات ئەگەر نەختێک بەسەرنجەوە بیاننووسینەوە لە داهاتوودا دەبنە شتێکی بەکەڵک و مێژوویی* بەوجۆرە هەم لە ون بوون پاراستوومانن و هەم خزمەتیکیشمان بە خۆمان و بە خامە و بە زمان و بە دین و ئایین و گەلەکەمان کردووە*

سۆزی میحڕاب : کۆتا قسه‌تان بۆ خوێنەرانی ماڵپەڕی سۆزی میحڕاب بفه‌رموون؟

وڵام: هیوای سەرکەوتنتان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە ئاوات بۆ دەخوازم* هیوادارم لە تاعەت و عیبادەت و خزمەت بەدین و نشتیمان و هاونەوعانی خۆتان ماندوونەبن*

من لەماوەی پەنجاوچەندساڵەی تەمەنی خۆمدا ئەوەندەم لێ حاڵی بووە و بۆم دەرکەوتووە کە دونیابەخۆی و ژیانییەوە هەرلە هەوەڵەوە کە هیچ نرخێکی نەبووە ئەوە مرۆڤ بووە کە بە هۆی خوداپەرستی و عیبادەتەوە بایەخی بە ژیان و بەدونیا داوە و ڕێز و حورمەتیشی لەخۆی زیادکردووە*

بەسوپاسەوە عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری =بێزار=بۆکان ۱۳۹۸/۲/۱۷

وتووێژکار : ڕەسوڵ ڕەسوڵی کیا

از طريق
رسول رسولی کیا
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

رسول رسولی کیا

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

یک نظر

  1. سلاو ریزم هه یه بو ماموستا اسفند یاری داوای سه رکه تنی له خودا بو ده که م .له حوجره ی که به خزمه تی ده گه یشتین زور قسه خوش وئه هلی فشه بو ربی دستی خوش وپایه دار بی .
    ده ست خوشی ده لین به برای به ریزمان ماموستا رسولی کیا بو ناساندنی نوسه ران و گه وره پیاوانمان .

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا