دعوت اسلامیفقه

دەلاقـەیـەک بە ڕووی نوێـگەری لە فیقهـی ئسیـلامــیدا ( دیمانه ۲- ۲ )

گفتگو با ابوبکر کاروانی

دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بەڕێز کاک ئەبووبەکر عەلی (کاروانی) پسپۆڕ و شارەزا لە زانستە ئیسلامییەکان.

به‌ڕێز کاک ئه‌بووبه‌کر عه‌لی (کاروانی) له‌دایکبووی ١٩۶۵ی زایینی له شاری شارباژێری پارێزگای سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستان و دانیشتووی شاری سلێمانییه‌، نووسه‌ر و چالاکوانی سیاسی و بیرمه‌ندی ئایینی و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان له‌ ڕابردوودا بووه‌، سێ ده‌وره‌ ئه‌ندامی ده‌فته‌ر سیاسی یه‌کگرتووی کوردستان و دوو ده‌وره‌ به‌ربژێری ئه‌میندارییه‌تی گشتی یه‌کگرتوو بووه‌. به‌ڕێز کاروانی ئه‌ندامی سه‌ندیکای نووسه‌رانی کوردستانه‌ و خاوه‌ن ده‌یان وتار و پڕۆژه‌ی توێژینه‌یی له‌ گۆڤاره‌ بڕواپێکراوه‌کانی کوردستانی عێڕاق و چه‌ند به‌رگ کتێبه‌ له‌ بواره‌کانی ئه‌ندیشه‌ی سیاسی و ناسیونالیسمی کوردی‌ که به‌نێوبانگترین کتێبی: «ئیسلام و ناسیونالیسم»ه.

 پرسیاری٣: چۆن فیقهی ئیسلامی نوێ‌ بکرێتەوە، ئایا نوێکردنەوەی فیقهی ئیسلامی پێویستە؟

وه‌ڵام: سەرەتا پێش ئەوەی باس لە نوێبوونەوەی فیقهی ئیسلامی‌ و پێویستبوونی نوێبوونەوەی بکەین، دەبێت ئاماژەیەکی کورت بە چەمکی تازەکردنەوە یا خود تازەگەری (التجدید) لە بازنە فراوانەکەی جیهانبینی ئیسلامیدا بکەین. واتە دەبێت لانیکەم، تێگەیشتنی خۆمان دەربارەی تازەگەری ئایینی لە دیدی ئیسلامییەوە بخەینە ڕوو، ئەنجا تێگەیشتنمان بۆ تازەبوونەوەی فیقهی بخەینە ڕوو ‌و سەرنجەکانی ترمان دەربڕین. هەر وەک ڕوونە تازەگەری (تجدید) لە فەرهەنگی ئیسلامیدا چەمکێکی تازەداهاتووی ئەم سەر دەمە نییە ‌و لەژێر فشاری مۆدێڕنە‌ و شارستانێتی نوێدا سەری هەڵنەداوە. بەڵکوو ئەم هۆکارانە زیاتر تیشکیان خستۆتە سەری ‌و ئاماژەکانیان فراوانتر کردووە، ئەویش بە حوکمی گەورەیی تەحەدداکان‌ و ڕیشەییبوونی گۆڕانکارییەکان‌ و بە گوتەی (دکتۆر سروش) نەسخ بوونەوەی دنیای کۆن لە چەندین ڕووەوە. تازەگەری ئیسلامی ڕەوایەتی لە خودی دەقەوە وەردەگرێت، هەر وەک دەزانین فەرموودەیەکمان هەیە کە باس لەوە دەکات که هەموو سەری سەدەیەک خوا کەسێک دەنێرێت بۆ ئەوەی ئایین تازە بکاتەوە. هەر لەسەردەمی پێغەمبەریشەوە (د.خ) کە بە مەعازی فەرموو: ئەگەر شتێکت بینی وەڵام‌ و چارەسەری لە قوڕئان‌ و سوننەتدا نەبوو، ئیجتیهاد بکە. بە درێژایی مێژووی موسوڵمانان (ئیجتهاد) دانی پێدانراوە، سەروەتی گەورەی فیقهی ئیسلامیش بەرهەمی ئیجتیهادی زانایان‌ و ئەو مافەیە کە ئیسلام بە زانای موجتەهید‌ و بیرمەندی داهێنەری داوە ‌و هێندەش بە گرنگی گرتووە‌ و زانایانی بۆ هانداوە، کە هەڵەکردنیش لەو بوارەدا بە چاکە دابنێ‌ ‌و پاداشتی بۆ دیاری بکات.
بەڵام ئەگەر زانایان لانیکەم لە چاخی گەشانەوەی شارستانی‌ و تەمەددونی ئیسلامیدا لەسەر ئەوە کۆک بووبن‌ و جیاوازیان لە سنوورەکەیدا هەبووبێت، ئەوا دواتر دروشمی (لیس بإمکان أبدع مما کان) بەرز کرایەوە و ئەو مافە بە خود درا جاڕی داخستنی دەرگای ئیجتیهاد بدرێت… سەبارەت بە تازەگەریش، ئەگەر لەبەر بوونی دەق نەوترابێ‌، نکۆڵی لە ڕەوایەتی بکرێت، ئەوا بە کردەوە دژایەتی (مجددان) کراوە ‌و لەسەر ئەوەی کێ‌ شایستەی ئەو نازناوەیە‌ و کوت‌ومت ناوەڕۆکەکەوی چیە، ڕای جیاواز‌ و تەنانەت ناکۆک و دژ بەیەکیش هەبووە، هەندێ‌ جاریش وێنای (مجدد) و (مخرب) لە یەکتری نزیک کراونەوە!!
بە کورتی، بە بڕوای ئێمە، بەشی زۆری زانایان لە مێژوودا، (تجدید) بە (إحیا‌و) تێگەیشتوون! پێشەوا غەزالی کتێبەکەی خۆی ناونا: (تجدید إحیا‌و علوم الدین) ئەمەش تازەکردنەوەی ئایینی یەکسان دەکات بە تۆزلێتەکاندنی ‌و بوژاندنەوەی لە ژیانی باوەڕداران‌ و هۆشیارکردنەوەیان بەرامبەر ئەرک و وەزیفە ئایینییەکانیان ‌و دەستگرتن بە ئەحکام‌ و بەهاکانیەوە. بزاڤی ئیسلامی نوێش بە شێوەیەکی گشتی لەم چوارچێوەدا لە (تجدید) تێگەیشتووە، تێگەیشتنی ئەم بزاڤە بۆ تازەکردنەوە بە پلەی یەکەم، لە چوارچێوەی ڕێکار‌ و میکانیزم‌ و شێوازی کارکردندایە، نەک دووبارە خوێندنەوەی ئایین لە ڕوانگەی ئەو گۆڕانکارییە گەورە ‌و بنەڕەتییانەی بەسەر ژیان‌ و جیهاندا هاتوون. بەڵام گۆڕەپانەکە لەو زانا‌ و بیرمەندانەی کاریان لەسەر قوڵایی ئایین‌ و دووبارە بەستنەوەی بە سەردەم‌ و پرسیار‌ و چاوەڕوانییەکانیەوە کردووە چۆڵ نەبووە. لەوانەش زانا‌ و بیرمەند‌ و چاکسازیخوازەکانی سەدەی نۆزدەی جیهانی ئیسلامی، کە تازەکردنەوە بە دووبارە بیناکردنەوەی مەعریفەی دینی‌ و تێگەیشتن لە ئایین لێکداوەتەوە‌ و هەوڵیان داوە، ته‌کلیفی ژیانێکی موسوڵمانانە لە دنیای نوێ‌‌ و گۆڕاودا بکەن‌ و وێنایەکی نوێ‌ بۆ وەزیفە‌ و ڕۆڵی ئایین لە مێژووی هاوچەرخدا بخەنە ڕوو. بە تایبەتیش لە فەزای گشتیدا، لەگەڵ ئەوەی بە واتای (احیا‌و)یش کاریان لەسەر چەمکەکە کردووە.
ئێمەش (تجدید) بە پلەی یەکەم بە تازەکردنەوەی تێگەیشتنی موسوڵمانان لە ئایینەکەیان لە ڕوانگەی گۆڕانکارییەکان‌ و واقیعی ژیانیانەوە دەزانین‌ و دەبینین. بە گوێرەی ئەمەش، تازەکردنەوەی فیقهی ئیسلامیش، وەک کایەیەکی مەعریفەی ئیسلامی، هەمان ناوەڕۆکی بەسەردا دەچەسپێت، هەڵبەت ئەم بە ڕوونتر بەسەریدا دەچەسپێت. چونکە ئەگەر (ئایین) وەک مەنزوومە‌ و کۆیەکی عەقیدی‌ و پەرستش ‌و ئەخلاق‌ و حەرام‌ و حەڵاڵا بواری ئەوەی تێدا بێت، لانیکەم بەشێ‌ لە ئاماژە‌ و ناوەڕۆکی چەمکی تازەگەری (تجدید) بە بوژانەوەی هەستی ئایینداری موسوڵمانان لێک بدەینەوە، ئەم لێکدانەوە بۆ (فیقهـ) زۆر واتادار نایەتە پێش چاو.
کەواتە تازەگەری فیقهی باس لە نوێکردنەوەی تێگەیشتنی زانایان‌ و موسوڵمانانە بۆ (فیقه) ‌و وەزیفەکەی لەم سەردەمەدا. یاخود بە واتایەکی تر، بەرهەمهێنانی فیقهێکی نوێ‌‌ و پێداچوونەوە ‌و لە تەتەڵەدانی ئەو بەشە لە کەلەپووڕی فیقهی‌ و ئیجتیهاد‌ و تێگەیشتنی زانایانی پێشووە، کە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی ژیان‌ و جیهاندا ناسازگارە، پێ‌ لەسەرداگرتنی، جگە لەوەی (احراج)ی بۆ موسوڵمانان دروست دەکات‌ و دێنێتە پێشی، دوو بەرەنجامی خراپی تریشی لێ دەکەوێتەوە:
ٲ ــ پەراوێزکەوتن لە ژیان‌ و واقیعی موسوڵمانان بە حوکمی وەڵامگۆنەبوون بۆ پرسیار‌ و کێشەکانیان. ب ــ تۆمەتبارکردنی فیقهی ئیسلامی بە دواکەوتوویی‌ و چەقبەستوویی. تازەکردنەوەکە جگە لەم ڕووە، واتە نوێکردنەوەی دەقی فیقهی لەڕێی تەرجیحدان‌ و ئیجتیهادی نوێوە، قسەکردنی نوێ‌ لەسەر ڕۆڵی فیقهـ لەم سەردەمە‌ و ئەندازەی بەشداریکردنی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە‌ و ساختارەکەی دەگرێتەوە. بە حوکمی ئەوەی فیقهی ئیسلامی لە مێژوودا لەبەر هۆکارێک زیاد لە ڕادەی پێویست، قەوارە‌ و ڕۆڵی لەسەر حسابی کایەکانی تری مه‌عریفە‌ و تەمەددونی ئیسلامی، گەورە کراوە؛ لەم سەردەمەشدا، لەبەر ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ژیان‌ و کۆمەڵگە‌ و جۆری ڕێکخستنی سیاسی‌ و دەوڵەتداری‌ و تێگەیشتنی موسوڵمانان بۆ ئایین‌ و ژیانی تاکەکەسی ‌و گشتیاندا هاتووە، ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگە ئاسان نییە، هەمان ڕۆڵ و وەزیفەی جاران بگێڕێت‌ و بەدی بێنێت. ئەگەر قسەکانیشمان کورت بکەینەوە، دەبێ‌ بڵێین: تازەکردنەوەی فیقهی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر‌ و لەدواخستن نەهاتووی ئەمڕۆی ژیانی گەلانی موسوڵمانە، بە حوکمی ئەوەی بەشێ‌ لە فیقهـ هەر وەک وتمان وا دەکات فیقهـ بخاتە پەراوێزەوە‌ و بیخاتە ژێر پرسیارەوە، خۆ ئەگەر پێی لەسەر داگیرا‌ و تێکەڵ بە سیاسەت‌ و ستراتیژی هێز‌ و دەسەڵات بوو، توندوتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت‌ و ڕۆڵێکی پێچەوانەی ئەخلاق سالاریش دەگێڕێت، چونکە کێشەی لەگەڵ ئەخلاقدا بۆ دروست دەبێت. کە ئەمە بابەتێکی دوور‌ و درێژە‌ و ناتوانین لێرەدا شیکردنەوەی تەواوی بۆ بکەین‌ و ڕەنگە لە وەڵامی هەندێ‌ پرسیار لە دواتردا ئاماژەیەکی کورتی پێ‌ بکەین. بەڵام ئێمە دەبێت لەنێوان نوێبوونەوەی قوڵ ‌و ڕووکەشدا جیاوازی دابنێین، چونکە هەموو هەوڵێکی نوێبوونەوە وەک یەک نییە، مەرج نییە فیقهیش لە نوێبوونەوەدا پێش ژیان بکەوێت، بەڵکوو ئەسڵ ‌و بنەڕەت وایە بزوتنەوەی ژیان‌ و مێژوو تەحەددای نوێبوونەوە بۆ فیقهـ ‌و بەگشتیش فیکری ئیسلامی دروست بکا.

فیقهی ئیسلامی وەک کایەیەکی مەعریفەی ئیسلامی، بە قەولی (سرووش)مەعریفەی پاشینە، واتە بۆ تازەبوونەوە سوود لە نوێبوونەوەی مەعریفەی مرۆڤایەتی لە کایەکانی تری ژیان وەردەگرێت. هەر بۆیە مەسەلەی نوێبوونەوەی فیقهی ئیسلامی پێش ئەوەی مەسەلەیەکی زانستی ‌و فیقهی بێت، مەسەلەیەکی ژیانییە. بوون‌ و ڕەوایەتی لە خودی ژیان‌ و بەرەوپێشچوونی شارستانییەتەوە وەردەگرێت . ژیانی نوێ‌، فیقهی نوێ‌ دەخوازێت، بۆ ئەوەی بەریەککەوتن لە نێوانیاندا ڕوو نەدات. لەهەر شوێنێ‌ ئەم بەریەککەوتنە ڕوویدابێت، ڕەوتی گەشەکردنی فیقهـ ‌و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەش شێواوە‌ و دەشێوێت. کایە‌ و ئەرکەکان بەشێوەیەکی ناسروشتی تێکەڵ بەیەک دەبن. گەر بشگەڕێینەوە بۆ مەسەلەی نوێبوونەوەی ڕووکەش‌ و ڕاستەقینە، دەبێت بڵێین: مەبەست لە نوێبوونەوەی ڕووکەش، دەرکردنی هەندێ‌ فتوا ‌و ڕای پەرش‌ و بڵاوی فیقهییە لەسەر هەندێ‌ پرسی نوێ‌ ‌و ئیشکالیەتی سەردەم، بێ‌ ئەوەی دەست بۆ بونیادی فیقهـ ‌و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان‌ و دووبارە بیناکردنەوەی ببرێت. لە کاتێکدا نوێبوونەوەی ڕاستەقینە ئاماژەیە بە بوونی دیدێکی هەمەلایەنەی مەنهەجی‌ و بونیادی بۆ نوێبوونەوە. لە تازەکردنەوەی (أصولی فیقهـ)وە دەست پێ دەکات بۆ داهێنانی فەلسەفەی فیقهـ ‌و جیاکردنەوەی سەرچاوە لە دەقی (جز‌و)ی‌ و بەستنەوەی فیقهـ بە ئامانج ‌و بەها ‌و (کلیات)ەکانەوە.
(أصول فقە) گەرچی یەکێکە لە شانازییەکانی مێژووی شارستانییەتی ئیسلامی، بەڵام دەبێ ئاگامان لەوە بێت که بەرهەمی عەقڵکاری زانایانە ‌و چەسپاو‌ و پیرۆز نییە. ئامراز‌ و میتۆدی تێگەیشتن‌ و گەیشتنە بەڕاستی وەڵامەکان. ڕێباز‌ و دەستەبەرییەکە بۆ چۆنیەتی گەڕانەوە بۆ دەق ‌و دواندنی‌ و سوود لێوەرگرتنی‌ و بەرهەمهێنانی فیقهـ لەسەرچاوە پەسەندکراوەکانەوە. مادام مەسەلەکەش باس لە زانست‌ و عەقڵ ‌و مەعریفەی مرۆییە، کەواتە باس لە کۆن‌ و نوێیی ‌و ڕێژەییبوون‌ و مێژووییبوون‌ و پێویستی نوێبوونەوەیە، بەڵام لە سایەی بانگەشەی بێ‌ بەڵگەی داخستنی دەرگای ئیجتهاد‌ و باڵکێشانی لاساییکردنەوە. تەنانەت فیقهـ ‌و ڕا و فتوا ‌و ئیجتیهادی زانایانیش جۆرێ‌ لە نەگۆڕی‌ و چەسپاوی پێ بەخشرا! چ جای (أصول) کە لە (فیقهـ) ئاڵۆزترە‌ و عەقڵکاری زۆرتری تێدایە ‌و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گەشەکردنی زانست‌ و مەعریفەی مرۆیی‌ و فراژیبوونی شارستانییەتەوە.

(أصول) بە حوکمی زانستبوونی، کاریگەر بووە بە پێدراوە زانستی‌ و مەعریفی‌ و شارستانییەکانی قۆناغی تۆمار (تدوین)کردن‌ و گەشەکردنی، لەژێر کاریگەری لۆژیکی (صوری) یۆنانیدایە. کەواتە فەلسەفەی یۆنان‌ و مەعریفەی بەشەری ئەوکاتە لەگەڵ ئیزافەی موسوڵمانان خۆیان ‌و دووبارە تەوزیفکردنەوەی، ڕۆڵیان هەبووە لە تێگەیشتن لە دەق ‌و شەریعەت ‌و مەرامی خودا و بەرهەمهێنانی فیقهـ و فیکر ‌و کەلەپووڕی ئیسلامی.
لەوکاتەشەوە تاکوو ئێستا مەنهەجەکانی تێگەیشتن لە دەق ‌و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفە‌ و هێرمۆنتیکا، گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە. توێژینەوەکان دەربارەی زمان پانتایی نەزانراوی زۆریان دۆزیوەتەوە ‌و پەردەیان لەسەر زۆر شت لاداوە. بۆیە ناکرێت سوود لەم پێشکەوتنە مرۆییانە وەرنەگیرێت‌ و هەمان ئاسۆ شارستانییەتە کۆنەکان، چوارچێوە بۆ خوێندنەوە‌ و جۆری لێهەڵێنجان ‌و (استنباگ)ی ئێمە دابنێن. کەواتە گۆڕانی قوڵ تەنها لە ڕێی نوێکردنەوەی مەنهەجیەتی تێگەیشتن لە دەق‌ و قوڕئان ‌و سوننەت‌ و (سیرە)وە بەدی دێت. دەبێت ناوەڕۆکی (أصول)یش بە گوێرەی ئەم لۆژیکە‌ و ڕۆچوونی زۆرتر بە (نص)دا‌ و دواندنی‌ و تێگەیشتن لەبەر ڕۆشنایی (حکم)‌ و (مقاصد) ‌و (کلیات)دا، نوێ‌ بکرێتەوە.
هەندێ‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی (اصول)ی یاخود فیقهیش پێداچوونەوە ‌و دوبارە داڕشتنەوەیان دەوێت. لەوانەش (لا اجتهاد فی مورد النص) چونکە وەرگرتنی ئەم ڕێسایە بە ڕەهایی جۆرەها کێشەمان بۆ دروست دەکات، هێزگەلی توندڕەوی داعش ‌و هاوشێوەکانیان تێگەیشتنی خۆیان بەر مەبنای ئەم ڕێسایە ‌و تێزی هەمەلایەنە‌ و شمولیەی ئیسلامی دادەڕێژن. بەوەش هەوڵی سڕینەوەی مێژوو و جیاوازی کات‌ و شوێن دەدەن، بە کردەوەش نکۆڵی لە بوونی (علە) ‌و (حکمە) و (مقصد) لە حوکمی شەرعیدا دەکەن‌ و کارەسات دەخوڵقێنن.
پێناسەکردنی (دەق) چی (دەقە) یەکجار گرینگە. بەتایبەتیش لە بواری فەرموودەدا کە کەڵکی خراپی لێوەرگیراوە‌ و بە گوتەی د. یوسف قەرزاوی لە کتێبەکەیدا دەربارەی سوننەت بە هۆی نەبوونی تیۆرێکی (چبگ) کە (بۆ دەق‌ و زاراوەی فەرموودە‌ و چۆنیەتی سوود لێوەرگرتنی) بێ‌ سەروبەره‌یی ‌و ناڕێکی‌ و خراپ سوود لێوەرگرتنێکی زۆر دەبینرێت. هەڵبەت ئەم پرسە دوور‌ودرێژە‌ و لێرەدا تەنها ئاماژەی پێ دەکەین، ڕێسا (قاعدە)ی زێڕینیش لەم بوارەدا ئەوەیە کە دەڵێت: (ئیسلام بۆ هەموو کات ‌و شوێنێکە، بەڵام هەموو ئیسلام بۆ هەموو کات ‌و شوێنێک نییە) هەڵبەت جگە لە (ثوابت)ی عەقیدی‌ و عیبادی‌ و حەڵاڵ ‌و حەرام کە ئەویش بە لۆژیکی خۆی ئەم ڕێسایەی بە سەردا دەچەسپێت. بەڵام وەکوو بابی موعامەلات ‌و پانتاییە گشتییەکە نییە. چونکە جیاوازییەکە لەوێدا زۆرتر لەسەر بناغەی تاکەکەسییە، بۆ نموونە مرۆڤێ‌ موسوڵمانیشە ناتوانێ‌ زەکات بدات یاخود ڕۆژوو بگرێت‌ و بچێت بۆ حەج لەبەر نەبوونی مەرج‌ و پێویستی‌ و بوونی عوزر. ئەوەی توندڕەوی‌ و توندوتیژی دروست دەکا، ڕەچاونەکردنی ئەم ڕێسا زێڕینەیە. گرینگە لێرەشدا ئاماژەیەک بە مەسەلەی (مناگ الحکم) بکەین، کە زانایانی (اصول) و ڕوژاندوویانە‌ و ئاماژە بە بوونی زەمینیەیەکی فەرهەنگی‌ و ڕوحی‌ و ئەخلاقی‌ و دامەزراوەیی‌ و سیاسی‌ و مەعریفی‌ و ئابووری دەکات، بۆ نازڵکردنی دەق و لە خۆگرتن (استیعاب)کردنی. بەم جۆرەش، هۆی دابه‌زین نابێت بە باسێ‌ لە مێژوودا، بەڵکوو بە گوتەی مامۆستا ناسری سوبحانی پرۆسەیەکی بەردەوامە‌ و ئاماژەیە بە بوون‌ و نەبوونی بۆنە‌ و زەمینە‌ و پێویستی بۆ نازڵکردنی دەق‌ و کاراکرد‌ و کارپێکردنی. هەر لەم ڕوەوە، واتە لەگەڵ بوونی دەقیشدا، جۆرێکی تر لە ئیجتیهادمان هەیە، کە بە ئیجتهادی (مێلی) ناوزەد کراوە.

واتە نازڵکردن‌ و نەکردنی (دەق) بە قوڕئانیشەوە بەتایبەت لە بابی موعامەلاتدا، پەیوەستە بە ئەو بەرەنجامە چاوەڕوانکراوەی لێی دەکەوێتەوە.
بە گوێرەی ئەمەش دەقێ‌ هەرچەند (قطعی الثبوت) ‌و تەنانەت (قطعی الدلالە)ش بێت، ئەگەر زانرا ئاکام‌ و بەرئەنجامی نەخوازراو ‌و پێچەوانەی (مقصد)ی شارعی دەقەکەی لێ دەکەوێتەوە، نابێ کاری پێ‌ بکرێت . قاعیدەی (در‌و المفاسد أولی من جلب المصالح)یش هەر بەو جۆرەی سەرەوەیە ‌و دەبێت لە چوارچێوەی تێگەیشتنە باوە کۆنەکە دەربهێنرێت، کە زیاتر بۆ بەسەرخۆدا داخران‌ و خۆکەناردان ‌و کشانەوە لە ژیان‌ و بە (تجسس) سەیرکردنی بەرامبەر بەکار هاتووە. ئەم ڕێسایە مەرج نییە هەموو جارێک و لە هەموو شوێنێکدا بەم جۆرە بەکار بێت، یا خود بە کارهێنانەکەی بە گوێرەی ناوەڕۆکی پیادەکردنە مێژووییەکەی بێت، کە وەک وتمان، خراوەتە خزمەت موحافیزه‌کارییەکی ناپێویست‌ و بەربەست دروستکردن لەبەردەم نوێبوونەوە‌ و کرایی‌ و گەشەکردندا. یەکێ‌ لەم بوارانەی لە بەرەنجامی خراپ بەکارهێنانی ئەم ڕێسایەش دوچاری زیان بووە، بواری پرس‌ و کێشە‌ و مافەکانی ئافرەتی موسوڵمانی سەردەمە. بەدەر لەوەی وتمان هەندێ‌ ئاماژەشمان پێ کرد، نوێکردنەوەی فیقهـ هەموو جاڕێ‌ یەکسان نییە بە بەرهەمهێنانی فیقهێکی نوێ‌‌ و وەڵامگۆ بەسەردەم‌ و پرسیار‌ و کێشە‌ و ئەرکەکانی، بەڵکوو پەیوەستە بە هەندێ‌ خاڵی تریشەوە، لەوانەش:

١- گۆڕانی چاوەڕوانیمان لە (فیقهـ): بە بڕوای ئێمە، چاوەڕوانی مرۆڤی سەردەم‌ و باوەڕداری مۆدێڕن لە فیقهـ لە چاو موسوڵمانانی پێشوو پێش سەرهەڵدانی مۆدێڕنه‌ و شارستانییەتی نوێ‌، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ژیان‌ و ڕێکخستنی سیاسی‌ و دەوڵەتی نوێ‌، ئاتاجیان بە فیقهـ کەمتر بۆتەوە. فیقهـ لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا بەشدار دەبێت، بەڵام ناتوانێت لە بواری گشتیدا کۆنترۆڵکردنیانی هەبێت، دەبێ ئامادەبوونەکەی سازگاربێت لەگەڵ مەنزوومەی مافەکانی مرۆڤ ‌و هاوڵاتی‌ و لە بەرگی یاسادا بێت‌ و زۆر زەق نەبێت، چونکە زەقبوونەوەی فیقهـ لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، دەوڵەت‌ و فەرمانڕەوایی دەکات بە دینی. بە دینیکردنی دەسەڵاتیش لەم سەردەمەدا، وەک ڕێسایەکی گشتی کۆمەڵگەیەکی ئایین لاوازی بە شوێندا دێت‌ و ڕۆڵی ئەخلاقیانەی دین لاواز دەکات.
گرنگە لەوە تێبگەین کە مرۆڤی سەردەم، ئەرک هەراسان ‌و مافخواز‌ و ژیان دۆستە، ڕوحی ماندووە ‌و شەپۆلی ژیان لەگەڵ جوانییەکانیدا شەکەتی کردووە. بۆیە زۆر بەرگەی ئه‌مر و نەهی فیقهی ناگرێت. زیاتر پێویستی بە پڕشنگدانەوەی ئیمان ‌و سکوونەت‌ و ئەخلاقی دینییە، بە واتایەکی تر، زیاتر پێویستی بە دینە نەک فیقهی دینی، لە کۆمەڵگە ئاڵۆزە پێشکەوتووەکانی خۆراوادا، تەنانەت خەڵکێکی زۆر واز لە دینیش دێنن‌ و لە بازنەی ئیمانی ڕووتدا دەگیرسێنەوە. کە دیارە ئەوە بەشێکی پەیوەستە بە سروشتی کێشمەکێش‌ و پەرەسەندنە مێژووییەکانی ئەو کۆمەڵگەیانە، جگە لە ڕەنگدانەوەکانی لۆژیکی سەرمایەداری‌ و کەڵەکەبوونی نیازی ساختە‌ و پێشکەوتنی بەردەوام‌ و هەستکردنی مرۆڤ بە جۆرێک لە ونبوونی مەعنەوی ‌و سەراسیمە و وجودی.

٢- خاڵی دووەمیش تەواوکەری خاڵی یەکەمە‌ و ئاماژەیە بە هەوڵدان بۆ ئەوەی فیقهـ بچێتەوە قەوارە سروشتییەکەی خۆی‌ و جۆرێ‌ لە هاوسەنگی (توازن) بۆ نێو کایە مەعریفییە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان بگەڕێتەوە. لە وێنەی (عیرفان) ‌و (ئەخلاقناسی). کە ڕەنگە بۆ موسوڵمانی سەردەم ئەولەویەتیان بەسەر فیقهـدا هەبێت.

٣- تێکەڵکردنی (فیقهـ) بە ژیان‌ و لەوێوە سەیرکردنی ئەرکەکانی ‌و چۆنیەتی سوود لێوەرگرتنی‌ و دیاریکردنی ئاستی پێویستپێبوونی. کە باس لە دابڕانی نێوان (فیقهـ) ‌و ژیانیش دەکەین، دەمانەوێت ئاماژە بە کێشەی نوێبوونەوەی فیقهـ ‌و درێژەکێشانی ئەو بەشە لە کەلەپووڕی فیقهی بکەین، کە بەرهەمی بارودۆخێکی مێژوویی جیاوازە‌ و لەگەڵ ئێستای واقیع‌ و ژیانی مرۆڤی موسوڵمان‌ و کۆمەڵگە موسوڵمانەکاندا سازگار نییە. ئەوەش وایکردووە جۆرێ‌ لە دابڕان لە نێوان نەوەنوێکان ‌و فیقهی ئیسلامیدا دروست بێت. بە حوکمی ئەوەی بەرجەستەی شێواز‌ و فۆرمێکی ژیانی بەسەرچوو دەکات‌ و ناتوانێ‌ وەڵامگۆ بێت بە پێویستییەکانی سەردەم.

۴- جیاکردنەوەی (فیقهـ) لە (مێژووی فیقهـ): ئێمە پێمان وایە ناوزەدکردنی کۆی بەرهەمی زانایانی موسوڵمان لە بواری فیقهـ ‌و کەلەپووڕی فیقهی بە فیقهی ئیسلامیناوزەدکردنێکی ورد‌ و مەنهەجی‌ و زانستی نییە. (ئیجتیهاد و ڕا ‌و فەتوا)ی زانایان لە مێژوودا، مێژووی فیقهـ پێکدەهێنن، نەک فیقهـ خۆی. لێرەشەوە دەبێت تێگەیشتنمان بۆ مێژووی فیقهی ئیسلامی نوێ بکەینەوە ‌و مانا‌ و ڕەهەندی نوێی پێ‌ ببەخشین.
واتە مێژووی فیقهـ تەنها ئاماژە نابێت بە چۆنیەتی سەرهەڵدانی (تدوین) ‌و مەزهەب‌ و فیقهییەکان‌ و گەشەکردنیان‌ و جیاوازی نێوانیان ‌و… هتد، بەڵکوو فیقهی بەرهەمهاتوو لە مێژووشدا دەکات بە بەشێ‌ لە مێژووەکەی. ئەوەش نەک هەر کارێکی ئاساییە بە حوکمی ئەوەی لە مێژوودا بەرهەم هاتووە ‌و بەرهەمی ئیجتیهاد ‌و ڕای زانایانی لە پێشینەمانە، بەڵکوو پێویستیشە. لەو ڕوانگەوە کە ڕا‌ و ئیجتیهادە مێژووییەکان لە چوارچێوە مێژووییەکەی خۆیاندا سەیر دەکرێن‌ و (الزام)یەتیان کەم دەبێتەوە‌ و وەکوو پێشینه‌ی قەزاتیان لێ دێت‌ و نابن بە ماڵ بەسەر فیقهی ئیسلامی‌ و تەنانەت خودی ئیسلام‌ و هێما بۆ دواکەوتوویی ئەم فیقهە‌ و کەم توانایی لە خۆگونجاندنی لەگەڵ گەشەکردنی ژیان‌ و شارستانییەت‌ و نوێبوونەوەی ژیانکردنی مرۆڤی موسوڵمانی سەردەم. لەم ڕووەشەوە گرنگە هەموو ئەو بابەتانەی مێژوو نەسخی کردوونەوە لە وێنەی کەنیزەک و کۆیلە و… هتد. لە فیقهدا لاببرێن ‌و تەنها وەک مێژووی فیقهی ئاگاداریان بین.

۵- بیناکردنەوە ‌و داڕشتنەوە‌ و گوزارشت لێدانەوەی فیقهـ بەر مەبنای جیاکردنەوە لە نێوان فیقهـ ‌و ئیسلامدا. ئەگەر جیاکردنەوە لەنێوان فیقهـ ‌و شەریعەتدا بەو جۆرەی بە کورتی ئاماژەمان پێ کرد، پێویست بێت، ئەوا جیاکردنەوە لە نێوان فیقهـ ‌و دینیشدا پێویستە. پێویستە بەجۆرێک سەیری فیقهـ نەکرێت که ئیسلام لەودا کورت بکرێتەوە. چونکە جۆرەها ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئاستی خودی ئیسلام ‌و ژیان‌ و واقیعی موسوڵماناندا لێدەکەوێتەوە. پێویستە فیقهـ، وەک کایەیەکی دیاریکراوی مەعریفەی ئیسلامی بمێنێتەوە، نەک بەرگی کۆی ئیسلامی بەبەردا بکرێت. وەک بەداخەوە لە زۆر کات‌ و شوێندا وای لێهات.

۶- نوێکردنەوەی نموونە هێنانەوەکان ‌و فەزای هێمایی ‌و نەمادی فیقهی ئیسلامی، بۆ ئەوەی هەنگاوبەهەنگاو لەگەڵ گەشەکردنی شارستانێتیدا پێش بکەوێت. دەبێت ببێتە فیقهێکی شارستانی نوێ‌‌ و بۆ مرۆڤی خاوەن فەرهەنگ‌ و شارستانێتی نوێش بنووسرێتەوە. نموونەکانی هەڵقوڵاوی ژیانی سەردەم بن لە ڕووی فەزای بیرکردنەوە‌ و نموونەهێنانەوە‌ و قیاسکردنەوە، کەش‌ و هەوای ژیانی دەشتەکی‌ و کشتوکاڵی سادە تێپەڕێنێت‌ و دەستوپەنجە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سەردەم‌ و پێویستییەکانی موسوڵمانێکی شارستانی نوێ‌ نەرم بکات. دەنا نەوە نوێکان تێی دەپەڕێنن‌ و توانای کێبەرکێی فۆڕمە کێبەرکێکەرەکانی ژیانکردن‌ و مەنزوومەکانی وەڵامدانەوەی نامێنێت.

٧- بە گوتەی هەندێ‌ زانا‌ و بیرمەندی نوێ‌ فیقهی مێژوویی بە پلەی یەکەم ئەرک (واجب)مەدارە، ئەمەش لە ڕووە سیاسییەکەیدا زەقترە. لەکاتێکدا دەبێت فیقهی ئیسلامی نوێ‌‌ و هاوچەرخ ماف (حقوق)مەدار بێت ‌و کێشەی لەگەڵ جەوهەری مافەکانی مرۆڤ‌ و هاوڵاتیدا نەبێت‌ و ڕەهەند‌ و (تأصیل) ‌و ئیزافە‌ و ڕیفۆڕمکردنی قوڵتریان پێ‌ ببەخشێت.

٨- دەرهێنانی باس‌ و خواسەکانی پەیوەست بە نیزامی سیاسی‌ و دەوڵەت لە بازنەی فیقهی ئیسلامی‌ و پەرەپێدانی لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسی ئیسلامی، وەک کایەیەکی سەربەخۆی مەعریفە‌ و کار لەسەرکردنی زانستی.

 پرسیاری۴: ئایا نوێکردنەوە لە فیقهدا ڕوو دەکاتە ناوەڕۆکی ئایین، وەک: سیستمی عقاید‌ و عیبادات‌ و ئەخلاق‌ و نەگۆڕەکان؟

وەڵام: بێگومان نەخێر، کێشەیەک کە ئەم پرسیارەش لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، یەکسانکردنی فیقهی ئیسلامییە بە ئیسلام! کە هەر وەک پێشتر بە کورتی ڕوونمانکردەوە کارێکی نامەنهەجی‌ و هەڵەیە.
فیقهـ بوارێکی مەعریفی ‌و زانستی تایبەتە، ئەگەر دۆخێکی مێژوویی دیاریکراو قەوارەیەکی لە خۆی گەورەتری پێ‌ بەخشیبێت، سروشتە تایبەتی‌ و سنووردارەکەی ناگۆڕێ‌‌ و دواتر دەبێت ڕاستبکرێتەوە، ڕاستکردنەوەکەش پێش ئەوەی بڕیاری زانا‌ و شەرعناس‌ و بیرمەندەکان بێت، بەرهەمی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ژیان‌ و ئەو ئاڵوگۆڕانەیە بەسەر ژیانی تاکەکەسی‌ و کۆمەڵایەتیدا دێت. لە ڕوویەکی ترەوە ڕێگا بە خۆم دەدەم بڵێم فیقهـ بە پلەی یەکەم زانستێکی شکڵا تەوەر (محور)ە. قاڵببەندی ئەرک و مافەکان دەکات‌ و زۆر بەلای جەوهەری ئاییندا ناچێت، زانستی فیقهـ بە پێچەوانەی سیاقە قوڕئانییەکەی‌ و خستنەڕووی ئەحکام لە قوڕئاندا، کە کەمەربەندی ئیمانی‌ و ئەخلاقی لە پێش‌ و دواوەی هەیە، ئەمڕۆ نەهیەکی تا ڕادەیەک وشک و (تدوین)کراوە. بۆیە فیقهـ هەر لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا کێشەی نییە، بەڵکوو لەسەر ئاستی بەڕێوەچوونی ژیانی تاکەکانیشدا کێشەی هەیە‌ و باوەڕدار ناچارە بە دوای قوتابخانە‌ و کایەی مەعریفی ‌و ڕوحی‌ و ئەخلاقی تری ئیسلامیدا بگەڕێت، بۆ ئەوەی جۆرێ لە تەڕ‌وپاراوی بە ئایینداریەکەی ببەخشێت‌ و هاوسەنگی دەروونیش بۆ خۆی بگێڕێتەوە.
لێرەشەوە دەڵێین (ثوابت)ەکانی ئیسلام چەسپاو ‌و (ثوابت)ەکانی فیقهـ نین، هەمەلایەنەبوون‌ و (شموولیە)ی فیقهیش، هاوچەشنی هەمەلایەنەبوونی ئیسلام نییە، بەڵکوو چەسپاو ‌و (ثوابت)‌ و خەسڵەت‌ و تایبەتمەندی خۆی هەیە. خودی فیقهـ وەک بەرهەمی کاراکردنی عەقڵی ئیسلامی بۆ تێگەیشتن لە دەق لە ڕوانگەی پرسیار‌ و کێشە‌ و چاوەڕوانییەکانی واقیع‌ و سەردەم، ئاماژەیە بە سەیرورە‌و گۆڕان. واتە ئەسڵ تیایدا گۆڕانە.
جگە لە بازنەی حەڵاڵ ‌و حەرام و ئەخلاق ‌و عیباداتەکان. جگە لەوە، هەر وەک دەزانین دەبێت هەر لەسەرەتاوە مەسەلەی ئیمان ‌و باسی عەقیدە لە بازنەی بایەخپێدانی فیقهی دەربکەین. چونکە ئەو بابەتە دەچێتە چوارچێوە‌ و قەڵەمڕەوی زانستێکی ترەوە کە زانستی کەلامە ئەحکامە ئەخلاقیەکانیش بە شێوەیەکی گشتی دەچنە بازنەی ئەخلاقناسی‌ و پاکژکردنەوە ته‌زکییه‌ی دەروونەوە. مەسەلە ڕوحییەکانیش وەک چوارچێوەی تایبەتمەندی دەبێت بە پلەی یەکەم لای ئەهلی تەسەوف ‌و قوتابخانەی عیرفانی ئیسلامی بۆیان بگەڕێین. هەر ئەمەشە وای کردووە، چەندەها فیقهـ و شارەزای بواری فیقهـ مورید ‌و سالکی قوتابخانەی عیرفانی ‌و تەسەوف بن ‌و لەم بوارەشدا بەدەر لە مامۆستا‌ و پێشەواکانیان لە بواری فیقهدا، شێخ‌ و پیر ‌و ڕابەری ڕوحیان هەبێت. خودی واقیعی کوردەواری ‌و مێژووی زانست‌ و زانایانی شەرعی پڕە لەم نموونانە. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی و گەلانی تری موسوڵمانیش مەسەلەکە هەمان شتە.
وەک ئاماژەشمان پێ کرد، فیقهـ لە مەسەلە دینییەکاندا کار لەسەر ناوەڕۆک ناکات، بەڵکوو کار لەسەر شکڵ و دیوی دەرەوە‌ و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕواڵەت‌ و بەرچاودا دەکات. (الشرع یأخز بالڤاهر و الله یتولی السرائر). لەم مامەڵەکردنەشی لەگەڵ ڕواڵەت‌ و بەڵگە‌ و دیوی دەرەوەی ژیان‌ و مرۆڤدا، هەندێ‌ جار فیقهـ لە دین ‌و ئەخلاق جوێ‌ دەبێتەوە.
بۆ نموونە بەدەستهێنانی ماف لە ڕێی شایەتی درۆوە، لە ڕووی فیقهیەوە کێشەیەکی نیە، چونکە مەرجی سەلماندنی داوا‌و مافی تیایە. بەڵام گوناهێکی دینی ‌و ڕەزیلەتێکی ئەخلاقیە. لە بەر ئەوە نوێکردنەوە لە فیقهدا ڕووناکاتە ناوەڕۆکی هیچ کام لەو کایانەی لە پرسیارەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەڵکوو ڕوودەکاتە بونیادی زیهنی‌ و زانستی‌ و مەنهەجی بەرهەمهێنانی فیقهی‌ و ئەو بوارانەی لە وەڵامەکانی پێشووتردا ئاماژەمان پێکرد. هەر وەک ئاماژەیە بەوەی حوکمی فیقهی پاڵپشتێکی فەلسەفی‌ و (مقاصد)ی هەبێت. (مقاصد) ڕۆڵێکی سەرچاوەیی ‌و بەرهەمهێنەری گەورەتر‌ و فراوانتری لە بواری بەرهەمهێنانی فیقهدا بگێڕێت. ئەگەر قسەیەک لەم بوارانەش بکەین کە لە پرسیارەکەدا هاتوون. دەبێت نوێکردنەوەی فیقهی لە خەمی ئەوەدا بێت، ئەحکامی فیقهی عیبادەتەکان لەسەر حسابی فەلسەفە‌ و ناوەڕۆکە ڕوحی‌ و ئەخلاقی‌ و مەبەستە باڵاکانیان نەبێت. واتە جۆرێ‌ لە هاوسەنگی لەنێوان جەوهەری عیبادەت‌ و چۆنیەتی ئەنجامدانی، کە ڕووە فیقهییەکەی پێک دەهێنێت، بێنێتە دی.
بۆ ئەوەی هەر وەک لە ئەسەرێکدا هاتووە، ئیسلام نەبێت بە ناو ‌و قوڕئان نەبێت بە ڕەسم‌ و ژیانی ڕوحی‌ و ئەخلاقی ‌و کۆمەڵایەتی موسوڵمانانیش لە چەند سرود و مەڕاسیمێکی شکڵی‌ و ڕواڵەتیدا کورت نەبێتەوە، بەڵکوو قوڵاییەکی ویژدانی‌ و وجودی هەبێت‌ و پارێزگاری لە ڕەهەندە ئاسمانییەکانی مرۆڤ‌ و پەیامە باڵاکەی لە ژیاندا بکات. لە بواری حەرام‌ و حەڵاڵیشدا چاکسازی لە سنووردارکردنی بازنەی حەرامەکاندا بێت. جگە لەو حەرامانەی لە قوڕئان‌ و دەقدا چەسپاون‌ و کۆدەنگی موسوڵمانانیان لەسەرە… فیقهـ دەبێت لەسەر بناغەی ڕێسای (الاصل فی الاشیا‌و الإباحە) بینا بکرێت. لە پەیوەندی بەم بابەتەشەوە کێشەی فیقهـ بە پلەی یەکەم لەسەر ناوەڕۆکی حەڵاڵ ‌و حەرامدا نییە، بەڵکوو بە گوێرەی پێویست کار لەسەر نەکردن‌ و ڕەنگدانەوەیەتی لە حوکمی فیقهیدا. وەسوەسە لەسەر دروستنەکردن بۆ باوەڕدار زیاد لە پێویست وردنەکردنەوە ‌و ئاڵۆزکردنی مەرج‌ و سنوورەکانە. بەو جۆرەی بۆ نموونە لە گرتنی ڕۆژوو هەندێ‌ لە ڕووکاری ژیانی تایبەتی‌ و گشتی‌ و ئافرەتی موسوڵماندا دەبینرێت، کە لەگەڵ ژیانی سەردەم‌ و گۆڕانی وێنای ئافرەت بۆ خۆی ‌و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە‌ و ژیان ‌و پێوەرە نوێکانی ژیانکردن ناگونجێت. هەڵبەت ئەو پێوەرانەی کە دەچنە بازنەی موباحاتی ژیان‌ و بەرهەمی ڕووە ئەرێنییەکەی ژیان‌ و مرۆڤایەتین.
قسەیەکی تر کە لەم ڕوەوە بکرێت هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، بە نه‌گۆڕدانانی هەندێ‌ سزایە. لە وێنەی سزای هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ‌و مەیخواردنەوە ‌و (حرابە) ‌و چەندەها سزا‌ و ئەرک و مافی تر، کە هێندەی عورف‌ و واقیعی مێژوویی‌ و ئەحکامی مەرحەله‌ی کاریگەر بووە بە سەریانەوە، ئاماژە نین بە نه‌گۆڕ بە مانا ئیسلامییە فراوانەکە.

 پرسیاری۵ : هەوڵی چاکسازی‌ و نوێکردنەوە لە فیقهی ئیسلامیدا ئەرکی سەرشانی کێیە؟

وەڵام: بە بڕوای ئێمە زیاد لە کەس‌ و ناوەندێک دەتوانن ڕاستەوخۆ‌ و ناڕاستەوخۆ بەشداری لە چاکسازی‌ و نوێکردنەوەی فیقهی ئیسلامیدا بکەن. بێ‌ ئەوەی هەندێ‌ لەوان ئامانجیان ئەوە بێت، بەڵکوو ئاکام‌ و لێکەوتەی کار‌ و جموجۆڵەکانیانە.
ئەگەر قەناعەتمان بە پاشکۆبوونی مەعریفەی دینی بۆ مەعریفەی بەشەری هەبێت (کە لە ڕاستیدا هی یەکەمیش هەر بەشەرییە)، ئەوا هەموو نوێبوونەوە‌ و گەشەکردنێک لە بوارە مەعریفی‌ و زانستییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتیدا، بە هەردوو کایەی زانستە سروشتی‌ و مرۆییەکان، ڕەنگدانەوەیان لەسەر نوێبوونەوەی فیقهـ دەبێت. بە حوکمی ئەوەی پرسیار‌ و کێشە‌ و تەحەددای نوێ‌ دەخەنە بەردەم‌ و دیدی زانا‌ و موجتەهیدیش بۆ ژیان‌ و گەردوون‌ و مرۆڤ فراوانتر دەکات‌ و گۆشەنیگای تێڕوانینی تازەی پێ‌ دەبەخشێت. کەواتە سەرجەم ژیانسازەکان، هەموو ئەوانەی لە ناوەندەکانی کار‌ و تێکۆشان‌ و پیشەکانیانەوە، کار لەسەر پێشکەوتنی زانست‌ و مرۆڤ‌ و کۆمەڵ و مرۆڤایەتی دەکەن، ناڕاستەوخۆ پشکیان لە نوێبوونەوەی فیقهدا هەیە، بە حوکمی ئەوەی نوێبوونەوەی فیقهی بەرهەمی نوێبوونەوەی ژیانە، چەقبەستوویی ‌و سکونەتیش ڕەنگدانەوەی مەنگی‌ و ڕاوەستاوی ژیانە. چەقبەستوویش ئاماژەیە بە پێشنەکەوتنی ژیان ‌و لە جێی خۆ نەجوڵان‌ و گەشەنەکردن‌ و نوێبوونەوەی فیقهە.
زانا‌ و شەرعزان‌ و ئوسوولی‌ و بیرمەندەکانیش ڕاستەوخۆ ڕۆڵیان لە نوێبوونەوەی فیقهدا دەبێت. بە حوکمی شارەزایی ‌و پسپۆڕی‌ و بوونی توانا‌ و کەرەسەی توێژینەوە‌ و پەرۆشی‌ و هەست بە لێپرسراوێتی دینی‌ و زانستی‌ و ئەخلاقیکردنیان. توێژەران ‌و ئەکادیمستەکان لەم ڕوەوە دەتوانن ئاسۆی نوێ‌ بە ڕووی فیقهی ئیسلامیدا بکەنەوە. کۆڕ‌ و ناوەندە زانستی‌ و فیقهییە ئیسلامییەکان‌ و زانکۆکان‌ و کۆلیژەکانی تایبەت بە خوێندنی فیقهـ و بنه‌ماکان ‌و زانستە ئیسلامییەکان، دەتوانن ڕۆڵی دەستنیشانکەریان لەم ڕوەوە هەبێت. دەوڵەتیش لە ڕێی نوێکردنەوەی شێوازەکانی ته‌دوین و چاکسازی سیاسی‌ و کرانەوە‌ و هاندانی توێژینەوە‌ و پشتیوانی لێکردنی ماددی ‌و مەعنەوی دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت. مەرجیش نییە لە هەموو وڵاتێکدا دەوڵەت‌ و ناوەندەکان‌ و تەنانەت ژیان سازانیش بە تەنیشت یەکەوە ‌و بەهاوکاری یەکتر ئەم کارە بکەن.
لەبەر جیاوازی ئاستی گەشەکردنی شارستانی ‌و زانستی‌ و سروشتی سیستمی سیاسی‌ و کلتووری زاڵ و پەرەسەندنی مێژوویی وڵاتە جیاوازەکان. لەگەڵ بایەخی گەورەی هەوڵە تاکەکەسییەکانیش لەم بوارەدا دەبێت بەشێکی گرنگی هەوڵەکان لەم ڕوەوە، دەستەجەمعی بن ‌و لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی‌ و ناوەندە زانستییەکان هاوکاری‌ و هەماهەنگی‌ و یەکتر تەواوکردن هەبێت.

 پرسیاری ۶: مامۆستای هێژا؛ بە ڕای بەڕێزتان ئەو دەقانەی موفتی پشتیان پێ دەبەستێت‌ و دەیانکاتە پاڵپشت بۆ دەرکردنی فتوا چین؟ یا خود مەترسیدارترین هەڵدێری کەسی فتوادەر لەچیدا دەبینن؟ ئایا کەش‌ و هەوای داسەپاو‌ و زەبری دەسەڵاتداران، شوێنەواری لەسەر ڕەوتی فتوادان دەبێت؟ ئایا دەستگرتن بە فتوای کۆنەوە کۆنەپەرستییە؟ چۆن ئەو بابەتە دەورووژێنن؟

وەڵام: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کە زیاد لە پرسیارێکی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە دەڵێین:

١ــ وەک بنەڕەت‌ و هێڵی گشتی ڕوونە، دەبێت موفتی پشت بە دەقی قوڕئان ‌و سوننەت بببەستێت. بەڵام بە بڕوای ئێمە کێشەکە لێرەدا کۆتایی پێنایەت، چونکە پاشخانی زانستی‌ و مەزهەبی فیقهی ‌و قوتابخانەی کەلامی‌ و هەندێ‌ جار ئینتیمای سیاسی‌ و نەتەوەییش کاردەکاتە سەر جۆری بەڵگەهێنانەوەکان. هەموو ئەمانە ئەگەر لە هێڵە گشتییەکەی سەرەتاش کە ئاماژەمان پێ کرد، جیاوازیان نەبێت، لە جۆری گەڕانەوە بۆ دەقەکان‌ و تەنانەت ڕادەی پەسەندی‌ و ناپەسەندی بەشێ‌ لە دەق بەتایبەتیش لە بواری فەرموودەدا کاریگەرییان هەیە. بە حوکمی ئەوەی قسەی جیاوازمان لەسەر ئاستی بەهێزی دەق هەیە، بۆ نموونە فەرموودەی (احاد) لەناو ئەویشدا بۆ نموونە (مرسل) و (لاواز ــ ضعیف) تا چەند پشتی پێ دەبەسترێت‌ و بە بەڵگە دادەنرێت‌ و ڕەوایەتی بە فتوا دەدا‌ و موفتی دەتوانێ‌ بۆی بگەڕێتەوە؟ بەڵام ئەمە تەنها بەشێ‌ لە کێشەکەیە. ڕەهەندێکی تری فراوانبوونی ناوەڕۆکی خودی دەقە بە جۆرێک فیقهـ و ڕا و ئیجتیهاد ‌و فتوای زانایانی پێشووش دەبن بە دەق یا خود وەک دەق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت‌ و موفتی پشتیان پێ‌ دەبەسترێت.
ڕەنگە لە سایەی لاوازی توانا‌ و مەلەکەی ئیجتیهاد‌ و لاوازی ڕەوتی نوێکردنەوەی فیقهی‌ و نزمی ئاستی زانستی‌ و پێگەیشتوویی موفتی وابکات، کە دەقی فیقهی پێشوو، بۆ بەشێ‌ لە زانایان ڕۆڵی پلە یەک ببینێ‌!! بەتایبەتیش بۆ کەسانێ‌ کە توانای فتوادانیان لاوازە‌ و فتواکانیان هێندەی پەسەند (ترجیح)دانی ڕایەکی فیقهی پێشووترە بەسەر ڕایەکی تردا، وەڵامی سەربەخۆی موفتی نییە بە پرسیاری ئاراستەکراو. مەسەلەیەکی تر کە پێویستە هەر لەم چوارچێوەدا سەرنجی لێبدەین ئەوەیە کە موفتی لەم سەردەمەدا، مەرج نییە ڕاستەوخۆ بۆ دەق بگەڕێتەوە، بەڵکوو دەکرێت مامەڵە لەگەڵ دەقی بە ڕێساکراودا بکات لە وێنەی (ڕێسا فیقهییەکان) و ئامانجی بنەما ئوسولییەکان. بە واتایەکی تر، ئەگەر فتوا بە شێوەیەکی گشتی بە بەشێ‌ لە فیقهی ئیسلامی دابنرێت، ئەوا موفتی دەتوانێ‌ لە ڕێی گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی ئەحکامی شەرع لەوانەش (عورف) و (مصالح المرسلە) و (استحسان)، هەر وەها ڕەچاوکردنی (مقاصد)ی شەریعەت فتواکەی دابڕێژێت‌ و پاساوی بدات، دوای ئەوە بگەڕێتەوە بۆ (دەق) لە پێناوی زیاتر دڵنیایی دروستکردنی باوەڕدار لەمەڕ ئەو بەڵگانەی موفتی پشتی پێ بەستووە. دیارە ئەم بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێت‌ و لێرەدا حەزناکەین لەوە زیاتر لەسەری بڕۆین. ئەم قسەیەم لە سۆنگەی کەم توانایی بەشێ‌ لە موفتییەکانە لە مامەڵەکردنێکی زانستی لەگەڵ دەقی زۆر‌ و هەندێ‌ جار جیاواز‌ و قورسی لێدەرهێنانی ڕێسای گشتی‌ و دۆزینەوەی پێوەر (ڤابگە) ‌و ڕوحی شەریعەت.

٢- مەترسیدارترین هەڵوێستی موفتی لە کۆمەڵێ‌ خاڵ دا دەبینین، لەوانەش:
ٲ- لاوازی ئاستی زانستی
. ب- داخراوی فیکری‌ و تەنگنەزەری‌ و دابڕان لە واقیع‌ و تەوژمە فیکری‌ و قوتابخانە قانوونی ‌و پێدراوەکانی سەردەم‌ و ڕۆژگار.
ج- توندڕەوی ‌و دەمارگیری بۆ مەزهەب‌ و دەستە‌ و قوتابخانەیەکی فیقهی‌ و کەلامی دیاریکراو، کە وا لە موفتی دەکات لە گۆشەنیگایەکی تەنگەبەرەوە بڕوانێتە شتەکان‌ و هەموو دیمەنەکە نەبینێ‌‌ و حەز‌ و حوکمدانی پێشوەختە بخاتە نێو وەڵامدانەوە فیقهییەکانەوە.
د- ملکەچبوون بۆ خواست‌ و فشاری سیاسی ناڕەوا و چەماندنەوەی دەقی شەرعی بۆ ئەو مەبەستە ناڕەوایە.
ە- لاوازی کەسێتی مەعنەوی ‌و تەقوا‌ و ئامادەگی بۆ سازشکردن لە پێناو دەستکەوتی ماددی‌ و پلە‌وپایە ‌و لەڕوودابوون.
هەرچی پەیوەندی بە شوێنەواری ئەوەی ناوتان ناوە کەش‌ و هەوای داسەپاو‌ و زەبری دەسەڵاتداران بەسەر ڕەوتی فتواوە، بە دڵنیاییەوە لە مێژوو واقیعی مێژوویی‌ و ئێستاشدا کاریگەری هەبووە ‌و هەیە ‌و لە داهاتووشدا دەیبێت، بەڵام بەو واتایەی نا که سەرجەم زانا‌ و موفتییەکانی سایەی زەبری دەسەڵات‌ و ستەمکاری سیاسی بە گشتی ملکەچی ئەو واقیعە دەبن، یا خود شوێنەوارەکە بەسەر هەمووانەوە وەک یەکە‌ و یەکسانە. چونکە موفتی‌ و زانایان لە دۆخێکی لەو جۆرەدا دەبن بەچەند دەستەیەکەوە، لەوانەش:
ٲ- قسەکەرانی ڕەسمی بە ناوی دەوڵەت‌ و دەسەڵاتی باوەوە. ئەوە بە تەعبیری شیستەری نوێنەرایەتی، خوێندنەوەی فەرمی لە دین دەکەن.
ب- موفتی‌ و زانایانی ناڕازی‌ و ڕەخنەگر‌ و ئامادەی قوربانیدان.
ج- زانایانی بێدەنگ‌ و هەڵبژاردنی دۆخی سەر سەلامەتی ‌و خۆدوورگرتن لە هەموو فتوایەک کە ململانێ‌‌ و بە بەریەککەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتدا لێ بکەوێتەوە.
بەڵام ئەو فتوایانەی کێشمەکێشی سیاسی بە دوای خۆیاندا دەهێنن‌ و زەبر‌ و زۆری دەسەڵاتدارانیش دەبێت بە ئامرازی بانگەشە‌ و سەپاندنی یا خود دژایەتیکردن‌ و ئازاردانی خاوەنەکەی، زیاتر لەو فتوایانەدا خۆیان دەبیننەوە، کە مۆرکێکی سیاسیان هەیە. یا خود دژ بە ئایدۆلۆژیا‌ و ناسنامەی مەزهەبی‌ و هێڵی فیکری‌ و فیقهی یا خود سیاسی دەوڵەتن. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵات (دینی) بێت یا خود (سکیولار) کاریگەری بەسەر فتوادانەوە دەبێت. بەشێ‌ لە موفتییەکان لە سۆنگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان یا خود ترس لە پێگەکانیان یان باوەڕبوونیان بە ناسنامەی دەوڵەت‌ و خوێندنەوە فەرمییەکەی بۆ دین، یا خود خۆبواردن لە چەوساندنەوە، یان دیدگای دینی‌ و فیقهی تایبەت بە خۆیان، بە ئەرێنی یاخود نەرێنی بە ژینگەی سیاسی‌ و جۆری سیستمی سیاسی کاریگەر دەبن. ئەوەش کار دەکاتە سەر جۆری فتواکانیان. کاریگەرییەکەش لە هەندێ‌ سیستمدا دەگاتە ئاستێکی بەرز، بۆ نموونە لە سعودیەدا بە حوکمی ئەوەی دەسەڵات لە ڕووی مێژووییەوە ‌و بەگوێرەی تیۆرییەکەی ئیبنی خه‌لدوون بەرهەمی هاوپەیمانییەکە لە نێوان بانگەوازێکی دینی وەهابییەت لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیاسی، ئایین تاڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی پاساودەر دەبینێت. بە جۆرێک ئێمە لە وتارێکدا بە (ئایینی پاشکۆ) ناوزەدمان کردووە. بۆ نموونە کاتێک دەسەڵات دەیەوێت دژی دیاردەیەک یاخود هێز‌ و ناوەندێ‌ بووەستێتەوە، دەق ‌و فتواکان بەو ئاقارەدا دادەڕێژرێن ‌و لێک دەدرێنەوە.

هەر کاتێ‌ دەربارەی هەمان مەسەلە ڕای گۆڕا، هەمان موفتی‌ و دامەزراوەی ئایینی لە بۆچوونە پێشووەکانی پاشگەز دەبێتەوە‌ و سەر لەنوێ‌ دەق‌ و فتواکان دەخرێنە خزمەت ئاراستە‌ و بۆچوونە نوێکانی دەسەڵاتدارانەوە. لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا بە حوکمی دینیبوونی نیزام ئەم جەدەلیەتەی نێوان سیاسەت‌ و فتوا وەک ڕووێکی جەدەلیەتی نێوان دەوڵەت و دین بەهێزە.
هەتا سیستمی سیاسی‌ و دەسەڵاتدارانیش لەم سەردەمەدا نادیموکڕات بێت، شوێنەواری بە سەر فتوا ‌و بەگشتی ئایینەوە نەرێنی‌ و خراپ دەبێت، با دەسەڵاتە نادیموکڕاتەکە دینیش بێت، چونکە دینیبوونی دەسەڵات، تکا بۆ نادیموکڕاتبوون‌ و ستەمکاربوونی ناکات‌ و جۆرەها ڕەزیلەتی ئەخلاقی‌ و شێوانی کۆمەڵایەتی‌ و نەزۆکی مەعریفی بەرهەم دەهێنێت‌ و ئایین لە سایەیدا دوچاری لێکدانەوەی زۆرەملێیانە‌ و پیادەکردنی نادادپەروەرانە‌ و لایەنگرانە‌ و بەرژەوەندیخوازانەی نادروست دێت.
لەم شوێنەشدا گەڕانەوە بۆ بەشێ‌ لە ئەدەبیاتی ئیسڵاحخوازە گەورە موسوڵمانەکانی سەدەی نۆزدە لە وێنەی کتێبەکەی کەواکبی (گبائع الإستبداد) و (تنزیه المللە)ی ئایەتوڵێ‌ نائیبی خزمەتمان دەکەن. کە ئاماژەی بوێرانەیان بە ئاسەوارە خراپەکانی ئیستیبدادی دینی کردووە‌ و بە یەکێ‌ لە خراپترین فۆرم‌ و شێوازەکانی ستەمکاریان لە قەڵەم داوە . وەک ڕێسایەکی گشتیش تا موفتی بێلایەنتر ‌و فەزای گشتی ئازادتر ‌و بێ‌ فشارتر بێت لە حەقیقەتی دین‌ و ڕوحی شەریعەت‌ و ڕاستی نزیکتر دەبێتەوە.

٣- لە ڕاستیدا ناتوانین بە ڕەهایی بڵێین دەستگرتن بە فتوای کۆن، کۆنەپەرستی‌ و خراپە. چونکە ئەوەی پەیوەندی بە مەعریفە ‌و دین ‌و مرۆڤەوە هەیە، کۆن‌ و نوێیی پێوەرێکی یەکلاکەرەوە نییە، با پێوەرێکی گرنگیش بێت. ئەوەی لەم ڕووەوە ڕۆڵ دەبینێت‌ و گونجاوی ‌و نەگونجاوی فتوای دوێنێیە بۆ پرسیارەکانی ئێستا، نەک خودی کۆن و نوێیی. ڕاستە وەک ڕێسای گشتی مادەم فتوا ڕادەربڕینە دەربارەی مەسەلەیەک لە کات ‌و شوێن‌ و ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراو لە فتوای دوێنێ‌ بۆ ئەمڕۆ نابێ‌ ‌و لە دەستگرتن بە بەشێ‌ لەوانیش دەبێتە ڕابردووپەرستی ‌و ئیحراجی دروستکردن بۆ باوەڕداران‌ و ستەمیشی لێ دەکەوێتەوە. بە حوکمی ئەوەی سەپاندنی فۆڕمێکی بەسەرچووی ژیانکردنە بەسەر دۆخێکی جیاواز ‌و مرۆڤ ‌و پرسیار‌ و کێشەی نوێ‌‌ و جیاوازدا. بەڵام ئەوە تەنها ڕێسایەکی گشتییە، دەنا هەندێ‌ فتوای پێشوومان هەیە که ئیسلامی تر ‌و کراوەتر ‌و وەڵامگۆترن لە هەندێ‌ فتوای نوێ‌. بە حوکمی توندڕەوبوون ‌و دیدگاداخراوی موفتی‌ و هۆکاری تری جۆراوجۆرەوە. بە کورتی ئەوەی لەم ڕوەوە تەحەککوم دەکات، دووری‌ و نزیکی فتوایە لە ڕوحی دادپەروەری سەردەم ‌و بەرژەوەندی باوەڕداران‌ و ئیحڕاجی دروستنەکردن‌ و تێکنەدانی ژیانی موسوڵمانە بە واقیعی سەردەم ‌و توانای وەڵامگۆبوونەبۆ پرسیار‌ و چاوەڕوانییەکانی ئێستا.

دیمانه: عه‌بدوڵڵا عه‌لیپوور

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن