دعوت اسلامیفقه

دەلاقـەیـەک بە ڕووی نوێـگەری لە فیقهـی ئسیـلامــیدا(دیمانه ۲-۱)

گفتگو با ابوبکر کاروانی

دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بەڕێز کاک ئەبووبەکر عەلی (کاروانی) پسپۆڕ و شارەزا لە زانستە ئیسلامییەکان

دیــمانە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

به‌ڕێز کاک ئه‌بووبه‌کر عه‌لی (کاروانی) له‌دایکبووی ١٩۶۵ی زایینی له شاری شارباژێری پارێزگای سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستان و دانیشتووی شاری سلێمانییه‌، نووسه‌ر و چالاکوانی سیاسی و بیرمه‌ندی ئایینی و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان له‌ ڕابردوودا بووه‌، سێ ده‌وره‌ ئه‌ندامی ده‌فته‌ر سیاسی یه‌کگرتووی کوردستان و دوو ده‌وره‌ به‌ربژێری ئه‌میندارییه‌تی گشتی یه‌کگرتوو بووه‌. به‌ڕێز کاروانی ئه‌ندامی سه‌ندیکای نووسه‌رانی کوردستانه‌ و خاوه‌ن ده‌یان وتار و پڕۆژه‌ی توێژینه‌یی له‌ گۆڤاره‌ بڕواپێکراوه‌کانی کوردستانی عێڕاق و چه‌ند به‌رگ کتێبه‌ له‌ بواره‌کانی ئه‌ندیشه‌ی سیاسی و ناسیونالیسمی کوردی‌ که به‌نێوبانگترین کتێبی: «ئیسلام و ناسیونالیسم»ه.

پێشەکی

نوێگەری لە فیقهی ئیسلامی چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارە پێداگر و شێلگیر و جیددییە کە ئەرکی زانایانی ئایینی ئوممەت شی کەنەوە نەک هەر ئەم وتووێژە، بە جۆرێک دەبێ کارێک بکەن لە خێراترین کاتدا جێبەجێیش بێ. پێدەچێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ بابتێک هێندەی باسی فیقهی ئیسلامی جەدەل و کێشە و مشتومڕی لەسەر نەبێ، واتە هەموویان لەسەری دەدوێن و لە لایەکی تر هیچ کام لە زانایانی هاوچەرخ قسەیەکی جیددی و شێلگیرانەیان لەسەر ئەو پرسە نییە، دووربوونەوە و بێئاگاییەکی قووڵ و قورس باڵی خستۆتە سەر هەڵگرانی ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینی. ئالێرەوە ئەرک و وەزیفەی ڕۆشنبیرانی ئیسلامی دەردەکەوێ کە: قوڕئان و فەرموودە و فیقهـ، وەک پەیامێکی نەمر دەرکەوێ و نە قوڕئان ببێتە فەرموودە و نە فیقهـ و… ببێتە شتێکی تر…

نوێگەری لە فیقهی ئیسلامی هەر لە دێر زەمانەوە جێگای مشتومڕی زانایانی ئیسلام بووە، بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە ئیجتهاد و فەتوادا و نوێگەری، سەرەڕای زانست و ئەزموون، بریتییە لە بوێری، ئەگەر چی ڕەوت و بزاڤەکان بە پشت بەستن بە قوڕئان و فەرموودە و بنەما فقهییەکان دێنە مەیدانی تێکۆشان، بەڵام تێگەیشتنی دروست لە دەقەکانی دەبێتە دوڕیانی جیابوونەوەی ڕەوتەکان و لێرەوە تێگەیشتنی دروست دەبێتە پێوەری ناسینەوەی ڕێبوارانی ڕاستەقینەی ڕێگای حەق و ئیتر چیدی مەلەف و شوناسیان لەگەڵ کەسانی دی تێکەڵ نابێ.

هه‌ر له‌و بواره‌دا دیمانه‌یێکمان سه‌باره‌ت به‌ نوێگه‌ری له‌ فیقهی ئیسلامیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کاک ئه‌بووبه‌کر عه‌لی (کاروانی) پێک هێناوه‌.

پرسیار: تکایە پێناسەیەک لەسەر فیقهی ئیسلامی بفەرموون، بەچی دەوترێت فیقهی ئیسلامی، جیاوازی نێوان (فیقهــ) و (شەریعەت) چییە؟

وەڵام: پێش هەر شتێ‌ دەمەوێ‌ بڵێم فیقهی ئیسلامی میراتێکی گەورەیە، بە حوکمی خوێندنی (حقوق)یشمان ئەوە دەزانین کە بە یەکێ‌ لە قوتابخانە فیقهی‌ و تەشریعییەکانی دنیا دادەنرێت. هەندێ‌ لە وڵاتانی خۆراوا‌ و لەوانەش فەڕەنسا لە کاتی خۆیدا بۆ نوێکردنەوەی یاسا لە وڵاتەکانیان، سوودی زۆریان لەم فیقهـه وەرگرتووە. ئەگەر فیقهی ئیسلامیش گەشەی بەردەوام‌ و سروشتی خۆی بکردایە، لە ئێستادا ڕۆڵێکی زۆر گەورەتری دەبینی.
دوای ئەم پێشەکییە کورتە لە وەڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتاندا دەڵێین: هەر یەک لە (فیقهـ) و (شەریعەت) زیاد لە پێناسەیەکیان لەلایەن زانایانەوە بۆ کراوە. ڕای زانایانیش سەبارەت بە سروشتی پەیوەندی نێوانیان جیاوازە. بەڵام سەرەڕای جیاوازی بۆچوون‌ و پێناسەکان، هەندێ‌ خاڵی هاوبەشیش پێناسەکان لە یەکتری نزیک دەکاتەوە. لەوانەش: خوایی‌بوونی سەرچاوەی شەریعەت ‌و مرۆیی‌بوونی ڕێکاری هەڵێنجانی (فیقهـ)ه. بەگشتی‌ و بێ‌ چوونە نێو درێژی ئەم ڕا‌ و جیاوازییانه ‌و خستنەڕووی بەڵگە‌ و بۆچوونەکان دەڵێین: دەتوانین مانای شەریعەت نزیک بکەینەوە لە واتای ڕێبازی ژیان‌ و چوارچێوەکانی هیدایەت‌ و ڕێنوێنی پەروەردگار بۆ مرۆڤ ‌و بەتایبەتیش مرۆڤی باوەڕدار. بە پشتبەستن بە ڕیشە زمانەوانییە عەڕەبییەکەی شەریعەتیش دەتوانین بڵێین: شەریعەت ئاماژەیە بە کانیاوی نوورینی مەعنەوییەتی خوایی‌ و سەرچاوەی ئیلهام لێوەرگرتن‌ و ڕۆشنایی بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگای ژیان. بەتایبەتیش لەو بەشەی پەیوەستە بە چۆنیه‌تی ژیان‌ و پەیوەندی مرۆڤ بە خوا‌ و ئامانج لە ژیانکردن‌ و مەنزوومەی ئەخلاقی‌ و هێڵە گشتییەکانی تێگەیشتنمان لە ژیان‌ و گەردوون‌ و دواڕۆژ ‌و نهێنی بوون‌ و مرۆڤ ‌و سنوورەکانی خودا.
)فیقهـ)یش هەر وەک زانایانیش پێناسەیان کردووە، ئاماژەیە بە ئەحکامە کردارییە هەڵێنجراوەکان لە بەڵگە (تفصیل)یەکان، یاخود وەک هەندێ‌ لە زانایان فەرموویانە: «فیقهـ، تێگەیشتنە لە دەقەکان‌ و لێدەرهێنانی ئەحکامە لێیان.»
واتە ئاماژەیە بە تێگەیشتنی زانا یاخود بیرمەند لە چوارچێوەی کات‌ و شوێن‌ و قۆناغی مێژوویی‌ و ژینگە‌ و هەل‌ و مەرجە جیاوازەکان لە دەقە ئیسلامییە دامەزرێنەرەکان ‌و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی تر لە پێناو وەڵامدانەوە بە پرسیار‌ و کێشە‌ و خواستەکان. لێرەشەوە دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵێ‌ خاڵی جیاواز لەنێوان (شەریعەت) و (فیقهـ)دا بکەین، لەوانەش:
یەکەم) شەریعەت، پێدراوێکی خواییە، لە کاتێکدا (فیقهـ) بەرهەمی ئیجتیهاد‌ و تێگەیشتن‌ و جوڵەی عەقڵی زانایانە. بە دەربڕینی پێشەوا غەزالی: زانستێکی دنیاییە بۆ بەرزفت (چبگ) کردنی ژیان، بەتایبەتیش لەلایەن دەسەڵاتەوە.
دووەم) شەریعەت، فراوانترە بە حوکمی لە خۆگرتنی بنه‌ماکان ‌و مەنزوومەی ئەخلاقی‌ و بەهاکان، لە کاتێکدا جوغز‌ و بازنەی (فیقهـ) بەرتەسکترە و تەنها گرنگی بە ئەحکامە عەمەلییەکان دەدات.
سێهەم) ئوسوولی شەریعەت لە ئوسوولی فیقهـ جیاوازە، گەرچی (علم اصول الشریعە) لە مێژووی ئێمەدا وەک زانستێکی سەربەخۆ نەخەمڵیوە ‌و گەشەی نەکردووە‌ و لە دووتوێی چەند زانستێکی جۆراوجۆردا پڕژاوە ‌و چارەسەر کراوە. بنه‌مای شەریعەت باس لە بەها باڵاکان‌ و ئامانج و ڕووێکی گرنگی جیهانبینی ئیسلامی ده‌کا. لە کاتێکدا (أصول فیقە) زانستێکە بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی بەردەستی فەقیهـ ‌و زانا‌ و چۆنیەتی سوود لێوەرگرتنیان بۆ لێهەڵێنجانی حوکمی شەرعی.
چوارەم) شەریعەت بە گوێرەی ئایەتی ١٨ی سووڕەتی جاسییه، لە بەرامبەر هەوا‌ و ئارەزووەوە دێت، ئەوەش وادەکا دوای پەرستشەکان، باس لە ئەخلاق‌ و شێوازی ژیانکردن‌ و سوودوەرگرتن لە ئیمکانیاتی ژیان‌ و دنیا بکات، لە چوارچێوەی ڕێنوێنی‌ و سنووری خۆیدا.
لە کاتێکدا فیقهـ نزیک دەبێتەوە لە واتای یاسا ‌و پێوەری دیاریکردنی ئەرک و مافەکان.
پێنجەم) بە بڕوای ئێمە بە گوێرەی ئایەتەکەی پێشوو، هێزی پیادەکەری شەریعەت، مرۆڤی باوەڕدار‌ و کۆمەڵگەیە. واتە کۆمەڵگە خۆی هەوڵی پیادەکردنی دەدات‌ و پیادەکردنەکەشی پەیوەستە بە ئیمان ‌و قەناعەت‌ و پاڵنەری باوەڕدارەوە لەگەڵ هێزی مەعنەویی کۆمەڵگە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی شەریعەت بە تێپەڕینی ڕۆژگار دەبێت بە بەشێ‌ لە داب‌ و نەریتی میللی ‌و تێکەڵاو بە فەرهەنگی ژیانی ڕۆژانە‌ و کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دەبێت. هەر ئەمەشە وای کردووە هەندێ‌ بیرمەند (دەوڵەتی خەلافەت) لە خەلافەتی ڕاشیدیندا قەتیس بدەن، بەوەش نیزامی سوڵتانی لە بەرگی خیلافەتی، لە مێژووی موسوڵماناندا جیا بکەنەوە، واتە لە سایەی خەلافەتی ڕاشیدیندا پیادەکردنی شەریعەت بە پاڵنەری ئیمان ‌و قەناعەتی باوەڕدارانە بووە نەک زۆری دەوڵەت. لە کاتێکدا (فیقهـ) هەر وەک پێشەوا غەزالی باسی کردووە، تێکەڵاو بە ستراتیژی دەسەڵات دەبێت ‌و ئامرازی دەسەڵاتدارانە بۆ کۆنترۆڵکردن‌ و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە‌ و زۆری حکوومەت لە پشت پابەندبوون بە ئەحکامەکانییەوە هەیە. بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی خۆیان بە دەوڵەتی دینی پێناسە دەکەن‌ و لایەنگرانی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی نوێ‌، یاخود فۆڕمێک لە دەسەڵاتی سوننەتی دەسەڵاتدارانن. لە هەندێ‌ خوێندنەوەی سەلەفی یاخود سوننەتی کەلەپووڕی‌ و مێژوویشدا، تەنانەت ئەحکامەکانی پەیوەست بە عیبادەتەکان‌ و هەندێ‌ وردەکاری ژیانی تاکەکەسیش لەڕێی زۆری دەوڵەتەوە هەوڵی پیادەکردنیان دەدرێت. بەوجۆرەی که لە کارنامە‌ و تێگەیشتنی گرووپە توندڕەوەکان ‌و هێزگەلی وەک تاڵیباندا دەبینرێت‌ و ئاراستەی گشتی فیقهی مێژوویش بە شێوەی نەزەری ‌و تیۆری پشتیوانی دەکات.
شەشەم) شەریعەت، ژێرخان‌ و کۆڵەکەی ڕاگیری فیقهە. شەریعەت، ئه‌سڵە و فیقهـ، فەرعە. شەریعەت، خودی دەق ‌و ئەرزشە ‌و فیقهـ، تێگەیشتن لەو دەقەیه‌.
حەوتەم) شەریعەت تا ڕادەیەکی زۆر لە بەشێکی گرینگدا چەسپاوە‌ و گەردوونییە بە حوکمی ئەوەی لە ڕووێکیدا، واتای دووەمی (خودی) دینە بە هەندێ‌ جیاوازییەوە کە ئاماژەی پێ دەکەین. واتە سەرچاوە ‌و ئامانج و نوورە و ڕووناکی بڵاو دەکاتەوە. مەرجەعە‌ و دەگەڕێینەوە بۆلای. چونکە جگە لە بواری ئیمان و عیبادەت و ئەخلاق ‌و هەندێ‌ بنەما‌ و چوارچێوەی ژیانی خێزان‌ و حەرام‌ و حەڵاڵ، ناچێتە وردەکاری ژیان‌ و ڕێکخستنی کۆمەڵگەوە، هەر ئەوەش ئەمری کردووە ‌و بە (ثوابت)ی ئیسلام دادەنرێت. لە کاتێکدا (فیقهـ) لەو سۆنگەوە کە پەیوەندی بە عەقڵ ‌و تێگەیشتنی مرۆڤ ‌و پێش گریمانەکانی زانا ‌و بیرمەند ‌و گۆڕاوەکانی ژیان‌ و ڕێبازەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە‌ و نوێبوونەوەی پرسیار‌ و کێشەکان‌ و جۆری چارەسەرەکان‌ و کات‌ و شوێنەوە هەیە، گۆڕاوە ‌و دەبێت بەردەوام لە نوێبوونەوەدا بێت. دەنا تووشی چەقبەستوویی ‌و لە بەرەنجامی ئەوەشدا، کەمبوونەوەی کاریگەری‌ و پەراوێزکەوتن دێت. چونکە فیقهـ بەشێکە لە (تراپ) ‌و کەلەپووڕی گەلانی موسوڵمان‌ و ئوممەتی ئیسلامی، لە کاتێکدا شەریعەت بەو جۆرە نییە. هەروەها فیقهی کۆن‌ و نوێمان دەبێت، بەڵام شەریعەتی بەو جۆرەمان نابێت. بە کورتی فیقهـ بە حوکمی پەیوەستبوونی بە کاری عەقڵی‌ و ئیجتیهادی زانایانەوە، دەچێتە چوارچێوەی پێناسه‌ی فیکری ئیسلامی، واتە هەموو ئەوەی جوڵەی عەقڵی ئیسلامی لە مێژوودا لە کارێک لەگەڵ دەق‌ و واقیع‌ و ژیاندا بەرهەمی هێناوە‌ و دەهێنێ‌. بەوەش ملکەچی دەچێتە ناو مێژووە‌ و ملکەچی گۆڕانکاری دەبێت.
هەشتەم) بە بڕوای ئێمە بەکارهێنانی چەمکی شەریعەت، لەلایەن خوای گەورەوە لە ئایەتەکەدا، ئەم چەمکە دەبەستێتەوە بە چەمکی ئوممەتەوە، واتە کارێکی ئایینی لەگەڵ کۆمەڵی باوەڕداران، کە لە بەرەنجامدا ناسنامەیەکی هاوبەشی دەستەجەمعی بەرهەم دێنێت‌ و میللەتی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش وادەکات دەستەواژەی: «ئیسلام دین‌ و دەوڵەته» بە ورد‌ و زانستی نەزانین‌ و بە وتەی بیرمەندێکی ئیسلامی بیکەین بە: «ئیسلام دین و ئوممەتە». ئوممەتێ‌ گەورەتر لە دەوڵەت، بە تایبەتیش دەوڵەتی نوێ‌، کە هەر لە بنەڕەتەوە هی ئەوە نییە ئەم باسەی بخرێتە چوارچێوەوە، دەنا واتای(دەوڵەت) و (ئوممەت)یش دەشێوێن، هەر وەک چۆن لە هەندێ‌ شوێن ئەزموون ‌و هەوڵەکان بەم ئاقارەدا و بەو چارەنووس ‌و ئاکامە گەیشتن، هەرچی فیقهە بە پلەی یەکەم مامەڵە لەگەڵ (تاک) دەکات. چونکە فیقهی ئیسلامی گەرچی لە سایەی دەوڵەتدا گەشەی کردووە، بە پلەی یەکەم فیقهێکی تاکەکەسییە‌ و وەڵامی پرسیاری تاکەکەسییەکانیش دەداتەوە‌ و ماف‌ و ئەرکەکانیش هەر لەم ڕووەوە دیاری دەکات. دوای ئەوە پەیوەستە بە دەوڵەت‌ و دام‌ و دەزگاکانییەوە، بەو جۆرەی لە مێژوودا هەبووە‌ و هەندێ‌ دەوڵەتیش لەم سەردەمەدا خۆیان وا وێنا دەکەن پیادەی ئەو دەکەن.
نۆیەم) شەریعەت کۆیەکی بەیەکداچووی بەشەکانیەتی، ئیمان‌ و عیبادەت‌ و ئەخلاق‌ و حەرام‌ و حەڵاڵ و ئەرزش‌ و بەهاکانە‌ و هەریەکەشیان دەبن بە پاڵپشت‌ و قوڵایی‌ و ڕەگ‌ و بەرهەمی ئەوی تر. بەوەش هاوڕایە لەگەڵ تەڕ ‌و پاراوی ئیمان و فەزای عیرفانی و هەستی گەرمی باوەڕدارانە‌ و عاشقانە‌ و سینەسافانە چاوی کانی سالیکانە‌ و ژیانی ئەخلاقیانە‌ و بەرزڕوانینە ژیان‌ و پارێزگاری لە پاڵنەرە ناوەکییەکانی ئەخلاق‌ و پابەندیی باوەڕدرانە. واتە ڕوحە: «وکَذلِکَ أَوْحَیْنَا إِلیْکَ رُوحًا مِّنْ أَمْڕنَا …» (شوڕا/۵٢) و لە سایەی شەریعەتمەداریدا ژیان مێرگێکی ئاڵا‌ و واڵایە، هەرچی فیقهە بەو جۆرە نییە. تاڕادەیەکی بەرچاو وشک‌ و لە قاڵبدا داڕێژراوە، تێکەڵ بە زاراوە‌ و تەلیسمی زانایان‌ و ئەمر ‌و نەهی سەلەفیانە‌ و هەندێ‌ جار بێگیان‌ و دادگاییانەیە. هەر ئەمەش وای کردووە، دوای جیابوونەوەی فیقهـ، چەندین قوتابخانەی ئەخلاقی ‌و عیرفانی سەر هەڵبدەن‌ و هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەی وتمان‌ و خستمانە ڕوو، دەبێ سەرنجی ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش بدەین:

اــ تاکوو ئێستا هێڵەکانی جیاکردنەوەی نێوان (شەریعەت) و (فیقهـ) کاڵن‌، هەندێ‌ جاریش وەک دوو ناو بۆ ناونراوێک ‌و هاوواتا بەکار دێن؟! بۆ نموونە مامۆستا (عەبدولکەریمی مودەرریس)یش بەرهەمە چوار بەرگییە فیقهییەکەی خۆی ناو ناوە: (شەریعەتی ئیسلام بە گوێرەی پەیڕەوی ئیمامی شافیعی). کە لە ڕاستیدا فیقهە نەک شەریعەت. لانی کەم بە گوێرەی ئەوەی خستمانەڕوو، ئەم تێکەڵاوکردنەش کێشەی جۆراوجۆری لێ کەوتۆتەوە، لەوانەش: تێکەڵاوبوونی (مقدس) ‌و (نامقدس) ‌و وتە ‌و ئیجتیهاد‌ و ڕای زانایانە بە کەلامی خوا‌ و پێغەمبەر. سڵکردنەوە لە نوێبوونەوەی قوڵ ‌و جەوهەری (فیقهـ) ‌و (گۆڕاو) کردن بە (نەگۆڕ) ‌و تێکەڵکردنی سەرچاوە ‌و لێوەرگیراو ‌و یەکسانکردنی درەخت‌ و بەرهەم ‌و… هتد.
‌ب- لەگەڵ گرینگی جیاکردنەوەی (شەریعەت) لە (فیقهـ) کە پێویستی بە کارلەسەرکردنی زانستیی زۆرە‌ و یەکجار خزمەتیش دەکات، بە حوکمی سەرچاوەبوونی شەریعەت بۆ فیقهـ ‌و گەورەبوونی جەستەی فیقهـ لەسەر کایەکانی تری شارستانییەتی ئیسلامی‌ و نەبوونی دید‌ و پێوەری ڕوون بۆ جیاکردنەوەیان لەگەڵ یەکتر، جۆری لە تێکەڵاوبوون هەر دەمێنێ‌، بەڵام کار ناکاتە سەر پێناسە گشتییەکان.
‌ج- بە گوێرەی بۆچوونی ئێمە کە نابێت شەریعەت لە بازنەی (متغیرات)دا بێت، بەڵکوو تا ڕادەیەکی زۆر هێما بێت بۆ نەگۆڕەکان، هەندێ ئەحکام با (قطعی الدلالە)ش بن، لەوێنەی حه‌ددی دزی ‌و حه‌رابە و هاوشێوەکانیان، لە سۆنگەی ملکەچبوونی حوکمەکان بۆ (بوون‌ و نەبوونی/علّه) و (حیکمە) ‌و (مقاصد) ‌و بە وەسیلە سەیرکردنیان لە ڕوانگەی (فقهی مێ‌لات) و (مناگ الحکم) و (مصلحە)ەوە، ناچنە بازنەی شەریعەتەوە‌ و لە بازنەی (فیقهـ)دا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
‌د: یاخود دەتوانین بڵێین تەنها ئامانجی حوکمەکان، کە فەلسەفەی پشتی تەشریع کردنیانە، بەشێکە لە شەریعەت بە حوکمی ئەوە، پێویستییەکی بەردەوامی مرۆڤە‌ و کۆمەڵگە مرۆییەکان پێیان لەوێنەی پاراستنی ئاسایشی سەر‌ و ماڵ و گیان‌ و کەسێتی‌ و … هتد. بەڵام خودی حوکمەکان‌ و ڕواڵەتی دەرەوەیان وەک وەسیلەی بەدیهێنانی ئەو مەقسەدانە، دەچنە بازنەی قەڵەمڕەوی فیقهەوە، بە حوکمی گۆڕاوبوونیان بە گوێرەی کات‌ و شوێن‌ و دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوەی (ڤاهر)ی و (حەرفی)‌ و سەلەفی.

پرسیاری ۱: مامۆستای هێژا؛ هەندێ بۆ چوون بۆ ئەوە دەچن کە ئایینی ئیسلام، هاوشێوەی مەسیحییەت پێویستی بە چاکسازی هەیە، ڕای بەڕێزتان لەو بارەوە چیە و پەیوەندی بە نوێکردنەوەی فیقهەوە چیە؟

وه‌ڵام: ئەم بۆچوونە ڕاستی تێدایە. بەڵام نابێت بە ڕەهایی وەری بگرین‌ و پێویستی بە وردکردنەوە‌ و ڕاستکردنەوە‌ و خستنە چوارچێوە هەیە. پێش هەموو شتێک دەبێت شارەزاییمان لە بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی مەسیحییەت‌ و تەوەر ‌و ناونیشانە گشتی‌ و گرینگەکانی‌ و زەمینەی سەرهەڵدانی هەبێت. ئەنجا باس لە پێویستبوون‌ و نەبوونی دووبارەبوونەوەی لە بازنەی ئایینی ئیسلامدا بکەین.
ناتوانین لە دەرەوەی بەدامەزراوەییکردنی ئایینی مەسیحی‌ و کڵێسا‌ و دەرهاویشتەکانی بۆ سەر تێگەیشتنی ئایینی‌ و سیاسەت‌ و واقیع‌ و کۆمەڵگە‌ و سیسته‌می سیاسی‌ و مەعریفی باو‌ و دەستپێکردنی بوژانەوە‌ و ڕینیسانس لە ئەورووپا، بیر لە چاکسازی ئایینی لە خۆراوا‌ و چوارچێوەی ئەزموونی مەسیحییەتدا بکەینەوە. مەسیحییەت وەک دەیزانین دامەزراوەیەکی هەرەمی ئایینییە بە ناوی کڵێسە. پاپا‌ و پیاوانی ئایینی‌ و کڵێسا چینێکی خاوەن ماف‌ و ئیمتیازی دینی‌ و سیاسی‌ و ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی بوون، تەنانەت خاوەن زمانی تایبەت بە خۆیان بوون، کە ئەویش زمانی لاتینی بوو لە زمانی خەڵکە ڕەش‌ و ڕووتەکە جیاواز بووە. بە ناوی ئاسمان‌ و خوداوە قسەیان دەکرد ‌و خۆیان بە نوێنەری ئەوان لەسەر زەوی دەناساند، لێکدانەوەی دەقی ئایینیان قۆرغ کردبوو، لە دەرەوەی ئەوانەوە دانیان بە لێکدانەوەیەکی ئایینی جیاواز دانەدەنا، بڕوایان بە وەرگێڕانی ئینجیل بۆ زمانە نەتەوەییەکان نەبوو. ڕۆڵی میانگێڕییان لەنێوان خودا‌ و باوەڕداری مەسیحیدا دەگێڕا‌ و پێیان وابوو، باوەڕدار ناتوانێ‌ ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودادا بدوێ‌‌ و پەیوەندی ڕوحی پێیەوە هەبێت و بە ناوی خوداوە ڕەوایەتیان بە دەسەڵاتداران دەدا، یا خود لێیان ده‌سەندنەوە؟! بەگشتی دژ بە کرانەوەی عەقڵ ‌و پێشکەوتنی زانست بوون، دانیان بەوە دانەدەنا عەقڵ سەرچاوەی مەعریفە بێت، فیزیا‌ و گەردوونناسی ‌و زانستی پۆنانیان کردبوو بە بەشێ‌ لە عەقیدەی پیرۆز‌ و لادان لەو پێدراوە زانستییانە‌ و سەلماندنی پێچەوانەکانیان لەلایەن زانایانی بواری زانستە سروشتییەکانەوە، بە بێ‌باوەڕی‌ و زەندەقە لە قەڵەم دەدا‌ و زانایانیان لەسەر سزا دەدا‌ و دەکوشت.
تا کار لای بەشێکیان واتە بەشێ‌ لە پیاوانی ئایینی گەیشتە ئەوەی لەم دنیایەدا بەهەشت بفرۆشن‌ و دادگای پشکنین دابنێن‌ و خەڵکانێکی زۆر بە مەرگ‌ و سووتاندن سزا بدەن!! لە پاڵ ئەمەشەوە‌ و لەژێر کارتێکردنی ئیسلام‌ و جیهانی ئیسلامی ‌و ژیارەکەی‌ و ئاڵوگۆڕە نوێکان لە ناو خودی ئەورووپادا، بزوتنەوەیەکی بوژانەوەی فیکری‌ و ئەدەبی‌ و هونەری‌ و زانستی دەستی پێ کردبوو، دەستەبژێرە نوێکان‌ و نوخبەیەکی نوێ دەیانویست دۆخێکی جیاواز لەمە بێننە کایەوە. ئیعتیبار بۆ ژیان‌ و مرۆڤ بگێڕنەوە. (ئایین) و (ژیان) لەو دۆگمایی‌ و چەقبەستووییە ڕزگار بکەن. ئەمە بە کورتی ئەو واقیعە مێژووییە بوو که بزوتنەوەی چاکسازی مەسیحی لەنێویدا سەری هەڵدا. بەڵام هەرچی پەیوەستە بە دنیای ئیسلامەوە، وێنەکە گەر هەندێ‌ هاوبەشیشی هەبێت، لە هەندێ‌ ڕووەوە دۆخەکە لەسەر ئاستی (ئایین)‌ و (مێژوو) و (واقیع) جیاوازە. بەڵام نابێت ئەم جیاوازییە بۆ پێویست نەبوونی ڕیفۆرم بە واتا فراوانەکەی بەکار بهێنرێت، بەڵکوو تەنها یارمەتیدەرمان بێت بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانەکەی. بە حوکمی ئەوەی ڕیفۆرمی ئایینی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری دنیای ئیسلامە.
سەرەتا هەر وەک باسمان کرد و بەو جۆرەی مێژوونووسانیش باسیان کردووە، لەوانەش مێژوونووسی کورد (کەماڵ مەزهەر ئەحمەد)، ئیسلام کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بزوتنەوەی چاکسازی ئایینی مەسیحی هەبووە، ژیانی ئیسلامیش کە مەسیحییەکان لەڕێی جەنگەکانی مەسیحی‌ و دواتر وەرگێڕانی بەرهەمی زانا‌ و فەیلەسوفە موسوڵمانەکانەوە پێی ئاشنا بوون، ڕۆڵی بەرچاوی لە سەرهەڵدان‌ و گەشەکردنی بەرایی بوژانەوە ‌و ژیانی نوێی خۆراوادا هەبووە.
چونکە هەندێ‌ لەو مەسەلانەی چاکسازیخوازە ئایینییەکان داوایان دەکرد ‌و هەوڵی بەدیهێنانیان دەدا، لە ئیسلامدا هەن‌ و چارەسەر کراون. لە وێنەی ئەوەی ئیسلام دان بەدامەزراوەییکردنی ئایین دانانێ‌‌ و پیاوی ئایینی پیرۆز ناکات‌ و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئایین‌ و بیروباوەڕی خەڵکدا پێ‌ نادات ‌و فەرمانڕەوا بە پیرۆز نازانێ‌‌ و هیچ کەسێکیش بە نێوەندگیر‌ و واسیتە لە نێوان خودا‌ و بەندەدا قەبووڵ ناکات‌ و ڕەتی دەکاتەوە. قوڕئان کراوەیە بۆ تێگەیشتنی باوەڕداران بەگشتی‌ و هیچ دامەزراوەیەکی نییە مافی قۆرخکردنی لێکدانەوەی ئایینی هەبێت.
بەڵێ‌ (ئیسلام) پێویستی بە ڕیفۆڕم نییە، بە تایبەتیش کە دەقی دامەزرێنەری ئیسلام پارێزراوە ‌و دەسکاری نەکراوە، قوڕئان وەک ئەوەی دابەزیوە، گەیشتووە‌ بە دەستی ئێمە و (قطعی الثبوت)ە. بەڵام تا خوا حەز کات تێگەیشتنی ئیسلامی‌ و مەعریفە‌ و فیکری دینیمان پێویستی بە نوێبوونەوە ‌و چاکسازییە.
سەرەنجام ‌و بەکردەوە ‌و لە واقیعی موسوڵمانانیشدا دین ئەوەیە. مەعریفە ‌و فکری دینی‌ و تێگەیشتنی زانا‌ و شەرعناس ‌و بیرمەندان ‌و ڕێبەرانی ئایینی بۆ موسوڵمانان دەیخەنە ڕوو. ئەگەر لەسەر ئاستی ئیسلامیش وەک ئایین و دەق بگوازینەوە بۆ ئاستی ئیسلامی مێژوویی، واتە واقیعی مێژووی موسوڵمانان‌ و چۆنیەتی پیادەکردنی ئیسلام‌ و کارگه‌لێک لەگەڵیدا‌ و دینداری موسوڵمانان، هەست دەکەین بەشێ‌ لەوەی لە واقیعی ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاستدا هەبووە، لە واقیعی مێژوویی دینداری ئیسلامیشدا هەبووە، بەتایبەت لە چاخەکانی پاشەکشەی ژیاری ئیسلامی‌ و جاڕدانی داخستنی دەرگای ئیجتیهاد‌ و نوێبوونەوە‌ و باڵادەستی ڕوحیەت‌ و لۆژیکی لاساییکردنەوە‌ و چەقبەستوویی فیقهی‌ و فیکری‌ و ژیانی. بۆ نموونە بە ناوی ئایینەوە بۆ ماوەی نزیک به (٣٠٠) ساڵ ڕێگا نەدراوە چاپخانە بێتە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، لەلایەن بەشێ‌ لە زانا‌ و ناوەندە ئایینییەکانەوە دژایەتی دەسکەوتە زانستە نوێکان‌ و خوێندن‌ و زانستی نوێ‌ کراوە.
ئەوەش پاڵی ناوە بە هەندێ‌ زانای چاکسازیخوازەوە که دژ بەم چەقبەستووییە دینییە بوەستنەوە‌ و داوای نوێبوونەوە ‌و گۆڕانکاری بکەن، پێشەوایانی بوژانەوە و هۆشیاربوونەوەی نوێش لە جیهانی ئیسلامیدا، چاکسازیخوازە ئیسلامییەکانی سەدەی نۆزدە بوون لەوێنەی: تەهتاوی، خەیرەددینی توونسی، ئەفغانی، عەبدە، کەواکیبی، شێردڵ، ئیقبال، نامیق کەماڵ، نائیبی ‌و سەعید نەورەسی کۆن… هتد. ئەوان ئاڵای چاکسازی ئایینییان بەرز کردەوە‌ و داوای وازهێنانیان لە تەقلید‌ و ڕابردووپەرستی‌ و مەزار‌ و مەرقەد لەباوەشگرتن‌ و گریان‌ و فغانی بێ‌ کردەوە ‌و خوڕافە‌ و هەست بە لاوازیکردن ‌و لێپرسراوێتی لە ئەستۆنەگرتن کرد.
بە گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی ئەو پێشەنگانە تێدەگەین، ئەوان ئاگایان لە بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی مەسیحی هەبووە، باوەڕێکی قوڵیان بە گرینگی ڕێفۆرم‌ و چاکسازی ئایینی لە دنیای ئیسلامدا هەبووە، وەک پێشمەرجێک بۆ چاکسازیکردن‌ و نوێبوونەوە لە کایەکانی تری ژیانی موسوڵماناندا، ئاڵای دژایەتی دواکەوتوویی موسوڵمانانیان هەڵکردبوو، شەو‌ و ڕۆژ لە خەمی ئەوەدا بوون که گەلانی موسوڵمان لەگەڵ پاراستنی کەسێتی مەعنەوی خۆیان، بگەنەوە بە کاروانی شارستانێتی نوێ‌، بۆ ئەوەی لە ڕێی بە دەستهێنانی زانست‌ و تەکنۆلۆژیا‌ و شێوازەکانی بەڕێوەبردن‌ و حوکمڕانی نوێوە، هێز‌ و توانا بۆ جەستەی زەبوون‌ و خاراوی دنیای ئیسلام بگێڕنەوە ‌و توانای بەرگری لە خۆکردنی بەرامبەر شاڵاوی داگیرکەرانەی خۆراوا هەبێت. بە بیری فراوان‌ و سەلیقەی زانستی‌ و عەقڵی کراوەشیان، جیاوازییان لەنێوان خۆراوای ئیستعمار ‌و داگیرکردن و خۆراوای زانست‌ و شارستانییەت‌ و ڕێکخستنی نوێی سیاسیدا دەکرد. مەبەستیان بوو لە ڕێی چاکسازی ئایینەوە فۆڕمە کۆنە ستەمکارەکەی حوکمڕانی سوڵتانی تێپەڕێنن‌ و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حوکمڕانی مۆدێلی دەوڵەتی نیشتمانی لە مێژووی نوێی خۆراوادا دەوڵەتی ئازادی‌ و دادپەروەری نوێ‌ دابمەزرێنن. بەڵام بەداخەوە لە سەدەی بیستەم ‌و لە سایەی توندبوونی شاڵاوی داگیرکاری‌ و سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا نوێکان‌ و بزاوتی ئیسلامیی نوێدا کە زیاتر کاری لەسەر (هەویەت) دەکرد‌ و خەمی دواکەوتوویی ‌و دژایەتی ستەمکاری (استبداد) بەو جۆرەی لەلای چاکسازیخوازەکانی سەدەی نۆزدەی دنیای ئیسلامدا ئامادە بوون داخراوی ‌و ترس لە بەرامبەری ژیاردا، باڵی بەسەر ناوەندە دینییەکە کێشایەوە. بە کورتی لە ئێستادا دنیای ئیسلام، پێویستی بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە لە مەعریفە ‌و تێگەیشتنی دینی خۆی هەیە، ناوەندە سوننەتی‌ و تەقلیدییەکەی ئایین‌ و حەوزە‌ و زانکۆ‌ و ئیسڵاحییە حەرەکییەکە، بەدەست جۆرەها ڕواڵەتی دواکەوتوویی‌ و چەقبەستوویی‌ و کاڵ و کرچیەوە دەناڵێنن، گەرچی چەندین ڕەمزی چاکسازیخوازی نوێ‌ دەرکەوتوون‌ و لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی چاکسازی فیکری‌ و فیقهی‌ و کەلامیان داوە، کە هێشتا بڕینی ئەو ڕێگایە زۆری ماوە‌ و چاوەڕێی زانا‌ و بیرمەندی بوێر‌ و لێهاتوویی تر دەکات، تا چیتر لە بازنەیەکی داخراودا نەخولێینەوە ‌و دنیای ئیسلامیش شانۆ‌ و گۆڕەپانی جۆرەها فۆڕمی ئایینی دەمارگیر‌ و داخراو‌ و خوێناوی‌ و دواکەوتوو نەبێت‌ و ناوبانگی ئیسلام لەوە زیاتر نەشێوێنرێت‌ و لەکەدار نەبێت‌ و گەلانی موسوڵمانیش لەوە زیاتر دووچاری مەینەتی‌ و شەڕ‌ و ململانێ‌ نەبن‌ و لە دواکەوتوویی ئابووری ‌و سیاسی‌ و ژیاریشدا نەژین.

پرسیاری ۲: ئایا نوێکردنەوە لە فیقهدا ڕوو دەکاتە ناوەڕۆکی ئایین، وەک: سیستمی عقاید‌ و عیبادات‌ و ئەخلاق‌ و نەگۆڕەکان؟

وەڵام: بێگومان نەخێر، کێشەیەک کە ئەم پرسیارەش لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، یەکسانکردنی فیقهی ئیسلامییە بە ئیسلام! کە هەر وەک پێشتر بە کورتی ڕوونمانکردەوە کارێکی نامەنهەجی‌ و هەڵەیە.
)فیقهـ) بوارێکی مەعریفی ‌و زانستی تایبەتە، ئەگەر دۆخێکی مێژوویی دیاریکراو قەوارەیەکی لە خۆی گەورەتری پێ‌ بەخشیبێت، سروشتە تایبەتی‌ و سنووردارەکەی ناگۆڕێ‌‌ و دواتر دەبێت ڕاستبکرێتەوە، ڕاستکردنەوەکەش پێش ئەوەی بڕیاری زانا‌ و شەرعناس‌ و بیرمەندەکان بێت، بەرهەمی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ژیان‌ و ئەو ئاڵوگۆڕانەیە بەسەر ژیانی تاکەکەسی‌ و کۆمەڵایەتیدا دێت.
لە ڕوویەکی ترەوە ڕێگا بە خۆم دەدەم بڵێم (فیقهـ) بە پلەی یەکەم زانستێکی شکڵا تەوەر (محور)ە. قاڵببەندی ئەرک و مافەکان دەکات‌ و زۆر بەلای جەوهەری ئاییندا ناچێت، زانستی (فیقهـ) بە پێچەوانەی سیاقە قوڕئانییەکەی‌ و خستنەڕووی ئەحکام لە قوڕئاندا، کە کەمەربەندی ئیمانی‌ و ئەخلاقی لە پێش‌ و دواوەی هەیە، ئەمڕۆ نەهیەکی تا ڕادەیەک وشک و (تدوین)کراوە. بۆیە (فیقهـ) هەر لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا کێشەی نییە، بەڵکوو لەسەر ئاستی بەڕێوەچوونی ژیانی تاکەکانیشدا کێشەی هەیە‌ و باوەڕدار ناچارە بە دوای قوتابخانە‌ و کایەی مەعریفی ‌و ڕوحی‌ و ئەخلاقی تری ئیسلامیدا بگەڕێت، بۆ ئەوەی جۆرێ لە تەڕ‌وپاراوی بە ئایینداریەکەی ببەخشێت‌ و هاوسەنگی دەروونیش بۆ خۆی بگێڕێتەوە.
لێرەشەوە دەڵێین (ثوابت)ەکانی ئیسلام چەسپاو ‌و (ثوابت)ەکانی فیقهـ نین، هەمەلایەنەبوون‌ و (شموولیە)ی فیقهیش، هاوچەشنی هەمەلایەنەبوونی ئیسلام نییە، بەڵکوو چەسپاو ‌و (ثوابت)‌ و خەسڵەت‌ و تایبەتمەندی خۆی هەیە. خودی فیقهـ وەک بەرهەمی کاراکردنی عەقڵی ئیسلامی بۆ تێگەیشتن لە دەق لە ڕوانگەی پرسیار‌ و کێشە‌ و چاوەڕوانییەکانی واقیع‌ و سەردەم، ئاماژەیە بە سەیرورە‌و گۆڕان. واتە ئەسڵ تیایدا گۆڕانە. جگە لە بازنەی حەڵاڵ ‌و حەرام و ئەخلاق ‌و عیباداتەکان.
جگە لەوە، هەر وەک دەزانین دەبێت هەر لەسەرەتاوە مەسەلەی ئیمان ‌و باسی عەقیدە لە بازنەی بایەخپێدانی فیقهی دەربکەین. چونکە ئەو بابەتە دەچێتە چوارچێوە‌ و قەڵەمڕەوی زانستێکی ترەوە کە زانستی کەلامە
ئەحکامە ئەخلاقیەکانیش بە شێوەیەکی گشتی دەچنە بازنەی ئەخلاقناسی‌ و پاکژکردنەوە (تزکیە)ی دەروونەوە. مەسەلە ڕوحییەکانیش وەک چوارچێوەی تایبەتمەندی دەبێت بە پلەی یەکەم لای ئەهلی تەسەوف ‌و قوتابخانەی عیرفانی ئیسلامی بۆیان بگەڕێین. هەر ئەمەشە وای کردووە، چەندەها فیقهـ و شارەزای بواری فیقهـ مورید ‌و سالکی قوتابخانەی عیرفانی ‌و تەسەوف بن ‌و لەم بوارەشدا بەدەر لە مامۆستا‌ و پێشەواکانیان لە بواری فیقهدا، شێخ‌ و پیر ‌و ڕابەری ڕوحیان هەبێت. خودی واقیعی کوردەواری ‌و مێژووی زانست‌ و زانایانی شەرعی پڕە لەم نموونانە. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی و گەلانی تری موسوڵمانیش مەسەلەکە هەمان شتە.
وەک ئاماژەشمان پێ کرد، فیقهـ لە مەسەلە دینییەکاندا کار لەسەر ناوەڕۆک ناکات، بەڵکوو کار لەسەر شکڵ و دیوی دەرەوە‌ و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕواڵەت‌ و بەرچاودا دەکات. (الشرع یأخز بالڤاهر و الله یتولی السرائر).
لەم مامەڵەکردنەشی لەگەڵ ڕواڵەت‌ و بەڵگە‌ و دیوی دەرەوەی ژیان‌ و مرۆڤدا، هەندێ‌ جار فیقهـ لە دین ‌و ئەخلاق جوێ‌ دەبێتەوە.
بۆ نموونە بەدەستهێنانی ماف لە ڕێی شایەتی درۆوە، لە ڕووی فیقهیەوە کێشەیەکی نیە، چونکە مەرجی سەلماندنی داوا‌و مافی تیایە. بەڵام گوناهێکی دینی ‌و ڕەزیلەتێکی ئەخلاقیە.
لە بەر ئەوە نوێکردنەوە لە (فیقه)دا ڕووناکاتە ناوەڕۆکی هیچ کام لەو کایانەی لە پرسیارەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەڵکوو ڕوودەکاتە بونیادی زیهنی‌ و زانستی‌ و مەنهەجی بەرهەمهێنانی فیقهی‌ و ئەو بوارانەی لە وەڵامەکانی پێشووتردا ئاماژەمان پێکرد. هەر وەک ئاماژەیە بەوەی حوکمی فیقهی پاڵپشتێکی فەلسەفی‌ و (مقاصد)ی هەبێت. (مقاصد) ڕۆڵێکی سەرچاوەیی ‌و بەرهەمهێنەری گەورەتر‌ و فراوانتری لە بواری بەرهەمهێنانی فیقهدا بگێڕێت. ئەگەر قسەیەک لەم بوارانەش بکەین کە لە پرسیارەکەدا هاتوون. دەبێت نوێکردنەوەی فیقهی لە خەمی ئەوەدا بێت، ئەحکامی فیقهی عیبادەتەکان لەسەر حسابی فەلسەفە‌ و ناوەڕۆکە ڕوحی‌ و ئەخلاقی‌ و مەبەستە باڵاکانیان نەبێت. واتە جۆرێ‌ لە هاوسەنگی لەنێوان جەوهەری عیبادەت‌ و چۆنیەتی ئەنجامدانی، کە ڕووە فیقهییەکەی پێک دەهێنێت، بێنێتە دی.
بۆ ئەوەی هەر وەک لە ئەسەرێکدا هاتووە، ئیسلام نەبێت بە ناو ‌و قوڕئان نەبێت بە ڕەسم‌ و ژیانی ڕوحی‌ و ئەخلاقی ‌و کۆمەڵایەتی موسوڵمانانیش لە چەند سرود و مەڕاسیمێکی شکڵی‌ و ڕواڵەتیدا کورت نەبێتەوە، بەڵکوو قوڵاییەکی ویژدانی‌ و وجودی هەبێت‌ و پارێزگاری لە ڕەهەندە ئاسمانییەکانی مرۆڤ‌ و پەیامە باڵاکەی لە ژیاندا بکات.
لە بواری حەرام‌ و حەڵاڵیشدا چاکسازی لە سنووردارکردنی بازنەی حەرامەکاندا بێت. جگە لەو حەرامانەی لە قوڕئان‌ و دەقدا چەسپاون‌ و کۆدەنگی موسوڵمانانیان لەسەرە… (فیقهـ) دەبێت لەسەر بناغەی ڕێسای (الاصل فی الاشیا‌و الإباحە) بینا بکرێت. لە پەیوەندی بەم بابەتەشەوە کێشەی فیقهـ بە پلەی یەکەم لەسەر ناوەڕۆکی حەڵاڵ ‌و حەرامدا نییە، بەڵکوو بە گوێرەی پێویست کار لەسەر نەکردن‌ و ڕەنگدانەوەیەتی لە حوکمی فیقهیدا. وەسوەسە لەسەر دروستنەکردن بۆ باوەڕدار زیاد لە پێویست وردنەکردنەوە ‌و ئاڵۆزکردنی مەرج‌ و سنوورەکانە. بەو جۆرەی بۆ نموونە لە گرتنی ڕۆژوو هەندێ‌ لە ڕووکاری ژیانی تایبەتی‌ و گشتی‌ و ئافرەتی موسوڵماندا دەبینرێت، کە لەگەڵ ژیانی سەردەم‌ و گۆڕانی وێنای ئافرەت بۆ خۆی ‌و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە‌ و ژیان ‌و پێوەرە نوێکانی ژیانکردن ناگونجێت. هەڵبەت ئەو پێوەرانەی کە دەچنە بازنەی موباحاتی ژیان‌ و بەرهەمی ڕووە ئەرێنییەکەی ژیان‌ و مرۆڤایەتین.
قسەیەکی تر کە لەم ڕوەوە بکرێت هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، بە نه‌گۆڕدانانی هەندێ‌ سزایە. لە وێنەی سزای هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ‌و مەیخواردنەوە ‌و (حرابە) ‌و چەندەها سزا‌ و ئەرک و مافی تر، کە هێندەی عورف‌ و واقیعی مێژوویی‌ و ئەحکامی مەرحەله‌ی کاریگەر بووە بە سەریانەوە، ئاماژە نین بە نه‌گۆڕ بە مانا ئیسلامییە فراوانەکە.

درێژەی هەیه

دیمانه: عه‌بدوڵڵا عه‌لیپوور

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

عبدالله علیپور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن