دعوت اسلامیگفتگو

دەلاقەیەک بە ڕووی نوێگەری لە وتاری ئاینی دا

وێگەری لە وتاری ئاینی دا

دیمـانەیەکـی ڕۆژنامـەوانی لەگەڵ نووسـەر و رۆژنامەنووس، مـەولـوود بەهرامیــان

دیمـانە: عەبدوڵڵا عەلیپوور

ئاماژه: مەولوود بەهرامیان، لەدایکبووی ساڵی ١٣۵٣ی هەتاوی له شاری شنۆیە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەکانی شنۆ و مەهاباد تەواو کردووە و دوای وەرگیرانی لە زانکۆی تەربیەت موعەللیمی تەورێز(١٣٧۴)، کارناسی ئیلاهیات وەدەست دێنێ(١٣٧٧)و سەرەنجام لە ڕەزبەری ١٣٩۴دا، ماستەری فەلسەفەی ئەخالق لە زانکۆی پەیام نووری تاران بە نووسینی نامەی «حدود و قلمرو گفتوگو با مخالف از منظر قرآن » وەردەگرێ و ئێستا ماوەی زیاتر له ٢٠ ساڵه، مامۆستای قوتابخانەکانی شاری بۆکانە.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاویدا، کاری ڕۆژنامەوانی بە شێوازی ڕەسمی دەست پێدەکاو لە حەوتەنامەی « داهاتوو » و له یەکەم گۆڤاری نوێئەندیشی دینی ئەهلی سوننەی ئێران؛ « اندیشه اصالح » وەک دەستەی نووسەران دەوری بەرچاو دەبینێت و ئێستاش سەرنووسەری گۆڤاری « شهرخدا »یە. خاوەنی چەن کتێب و نوسراوەیە و لە بواری وەرگێڕانیشەوە دەستێکی باڵای هەیە.

نوێگەری و نوێخوازی لە وتاری ئایینیدا، پێویستی و خواستی هەنووکەیی و گرنگی ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتیە و بەشێکە لە حەز و ئاواتی زۆرێک لە مرۆڤەکان. بە ڕامان و سەرنج دان لە دۆخی جموجۆڵ و کاروباری موسڵمانان، دەبینین کە لە سەر ڕەوتی وتاری ئایینی و نوێگەری لە شێوازی وتارخوێن و پێدا چۆنەوەی بنەڕەتی؛ گفتوگۆ زۆر دەکرێ؛ هەر بۆیە ئەم قوناغەی ژیانی بانگخوازی، پێویستی بە مکانیزم و ڕێکاری نوێ هەیە تا بەم هۆیەوە جوانترین خزمەت بە چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگە بکات.

بۆ تاو و توێ و شیتەڵکردنی ئەو باسە گرینگ و هەستیارە، کۆمەڵێک پرسیارمان ئاڕاستەی بەڕێز مەولوود بەهرامیان کردوە کە سرنجی ئێوە بەڕێز بۆ خوێندنەوەی ئەو وتووێژە ڕادەکێشین.

پرسیار: سەرەتا پێناسەیەک لە سەر نوێگەری بفەرموو، نوێگەری چییە و چۆن لێی تێبگەین؟

نوێگەری و نوێبوونە سروشتی ژیانی ئینسان و جیهانە و هەر شتێک بەگوێرەی یاسایەکی نەگۆڕ لە نوێبوونەوە و گۆڕان و گەشەکردن دایه. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: « کُلَّ یَوْمٍ هُوَ فِی شَأْنٍ ». واته بەردەوام خوای گەورە بە شێواز گەلی جۆراوجۆر خۆی پیشانی ئێمە دەداو خەریکی ئەنجامی کاره و وەک کووتوویانە: «لا تکرار فی الت جلی» لە تەجەللی خوای گەورەدا بۆ مرۆڤەکان، دووپاتبوونەوە بوونی نییە و بەردەوام ئەو خۆنوواندنە نوێ دەبێتەوە. بۆیە هەموو شتێک پێویستی بە نۆژەنکردنەوه هەیە و تەنانەت بۆچوونی ئێمەش سەبارەت بە خوا و تایبەتمەندییەکانی دەبێ ڕۆژبەڕۆژ نوێ بێتەوە. خوای گەورە لە ئێمەی باوەڕدار داوا دەکا که ئەی ئەو کەسانەی باوڕتان هێناوە، ئیمان بێننەوە.(یَا أَیُّهَ ا الَّذِینَ آمَنُوا آمِنُوا) ئیمانی ئێمە پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە.
زۆر جار بە هۆی ژەنگ و ژاری تاوان و لەبیرچوونەوە و غەفڵەت ڕەنگە ئیمانەکەمان کۆنی بەسەردا بێ.
دەبێ بەردەوام ئێمانمان تازە کەینەوە. هەڤاڵانی پێغەمبەر –د.خ – که دەگەیشتنە یەکدی بەیەکتریان دەگووت: «اجلس بنا نؤمن ساعه»؛ وەرە با ساتێک دانیشین و ئیمان و باوەڕمان نوێ کەینەوە و ئەو نوێبوونەوەیە هەر لە ساتی یەکدی بینینەوە دەستی پێدەکرد تا ئەو کاتەی که لە یەکتر جیا دەبووونە.
دیارە ئایینیش وەک دەقە دینییەکان، پێویستی بە نوێ بوونەوە هەیە؛ لە فەرموودەدا هاتووە که خوای مەزن لەسەرەتای هەر سەدەیەکدا کەسێک دەنێرێ که دین یان ئەمری دین نوێ کاتەوە. یانی لە زیادکردن و کەمکردنەوەی دین، ئایینەکە بپاڵێوێ و نوێی کاتەوە. بەواتایەکی دی، تێگەیشتن لە دین و ئایینیش دەبێ نوێ بکرێتەوە.
چوونکە « واقع » و « مرۆڤ » و « دەق » که سێ کوچکەی تێگەیشتن لە دینن و مەعریفەی دینی پێک دێنن، دوویان لە
حاڵی گۆڕانی بەردەوام دان. یانی مرۆڤ و واقع دەگۆڕێن، هەر بۆیەش خوێندنەوە و تێگەیشتنەکانیش نوێ دەبنەوە و هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی واقع دەبن و خوێندنەوەیەکی سەردەمیانه بۆ دین دێتە ئاراوە و نوێگەری لە مەعریفە و بیری دینی دێتە گۆڕێ و وڵامی پرسیارە نوێیەکانی مرۆڤی سەردەم بە « لسان قوم» واته بەگوێرەی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبیات و بیر و هزری سەردەم دەدرێتەوە.ئەگەر وڵامی کۆن بە پرسیارە نوێیەکان بدەینەوە بێگومان ئەوە دەسپێکی داڕمانی شارستانیەت و ئیفلیجبوونی بیر و هزری ئایینیمان دەگەینێ و ڕادەی هەڵاتن لە دین یان بێزاربوون و دوژمنایەتی کردن لەگەڵ دین، زیاد دەکا و پەرە دەستێنێ هەر بۆیە نوێبوونە وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکی دین، دەبێ هەمیشە ببێ و راڤە و تەفسیر و خوێندنەوەی نوێ لە کیتاب و سوننەت بکرێ و بیر و زەین و دڵی بەردەنگانی پێ بخەمڵێنرێ. ئیسلام ئایینێکی دۆگما و چەقبەستوو نییە و دینێکی ئینسانییە و ڕەچاوی هەموو بەربەست و لێهاتوویی و تواناکانی مرۆڤی کردووە و ڕەوتی گۆڕانی ژیانی ئینسان. ڕەچاوکردنی بنەمای نەبوونی جێگیربوونو گۆڕانی هەموو شت و کەس (اصل عدم ثبات و تغییر) وا دەکا که ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بێتەوە و ئێمەی وا ڕاهێناوە که سرنج بدەینە پرۆسەکان و رەوتی گەشەی ئینسان، دین و جیهان و زانست بە ڕەوتێکی پەرەسەندن و (تکاملی) و (فرایندی) ببینین و چاو چڕ نەکەینەوە لەسەر کۆتا بەرهەم ( واته فراورده و پرۆداکت). بە واتایەکی دی، ئێمە دەبێ «فەرایەند»ی چاو لە هەموو شتەکان و لەوانیش ئایین و تێگەیشتن و خوێندنەوەمان لە ئایین بکەین و پێمان وا نەبێ که کۆتا فەراوەردەکانی که لە ئاییندا بوونیان هەیە، ئەوەی وا هەیە، ئەوە ئاخرییەتی ئیدی نابێ دەستی تێوەردرێ و گۆڕان و نوێبوونەوەی بەسەردا بێ، بەپێچەوانەوە دەبێ عەقڵیەتمان ئەوە بێ که ئەم ڕەوتە دوا نوسخە نییە و دەبێ ڕەوتی عەداڵەت سەنترانەی زاڵ بە سەر دەق و فەرمانە دینییەکان درێژەی پێ بدرێ و لەگەڵ عەقڵی سەردەم و دادپەروەری سەردەم، هاوتەریب و گونجاو بێ. ئەوە زۆر بە کورتی پێناسەیەک لە نوێگەری و نوێخوازی و تەجدید و نوێکردنەوە بوو.

پرسیار: وتار چییە؟ وتاری ئایینی بە چی دەوترێت؟

ووتار یەکێک لەو توانایانەیە که خوای گەورە بۆ دەربڕینی بیر و باوەر، هەست و سۆز و عاتفە و ویست و ئیرادە که بەر لە قسە و وتار کەس ئاگاداریان نییە، وەک هەرێمێکی دەرەکی داویەتی بە مرۆڤ که ژوورەوەی خۆی پێ تەعبیر بکا.
بەواتایەکی دی ووتار، کردەیەکی مرۆڤییه که ویست و ئیرادە و ئیختیار تێیدا بوونی هەیە و گوزارشت له مراز و نەهێنییەکانی ناوەوەی مرۆڤ دەکا. ئەم ووتارە دەکرێ بە نووسین بێ، دەشکرێ بەشێوازی گووتن بێ. ووتاری ئایینی پێموایە بە قسە و بۆچوونێک دەگووترێ که دەخوازێ تەعبیر لە تێگەیشتنی مرۆڤێکی دیندار و
دیندۆست و خاوەن ئەزموونی دینی که بانگەشە بۆ دینداری دەکا و پێی وایە که دین دەتوانێ هۆی بەختەوەری و ئارامی و شادی و… مرۆڤەکان پێک بێنێ و بەشێوازێکی عاتفیانە و وەک پڕوپاگەندایەکی پڕ لە هەست و سۆز دەخوازێ هەست و شوعوری جەماوەر هەڵبخڕێنێ و سرنجیان بۆ لای باوەرە دینییەکان و پەرستشەکان و کردەی دینی و حاڵ و ئەحواڵی ئایینی و عیرفانی ڕابکێشێ و هەر بۆیە دەبێ ئەو کەسەی که ووتاری دینی دەدا، هەم بە زمانی لەش، هەم بە زمان و هەم بە کردەوە و هەم بە حاڵ، که ئەوانە دەبێ پێکەوە گونجاو و هاوتەریب بن، دڵ و زەین و هەموو هەرێمەکانی بوونی مرۆڤ، بکاتە بەردەنگی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێ کاریگەری لەسەر ئەو مرۆڤە هەبێ و ئەنگیزەی گۆڕان لەناوەوە و لە ئاکامدا لە دەرەوە (کردار و ووتار)دا بێتە ئەنجام و ئینسان ئاراستەیەکی دینی بەخۆیەوە ببینێ و بێتە ناو بازنەی ئیمانی دینی و ژیانی باوەڕدارانەوە. بەکورتی ئەو قسە و باسە ووتاری دینیە.

پرسیار: وتاری ئایینی لە ئەمڕۆدا بە پێی پێویست نەیتوانیووە گوێگران بدوێنێت ئەمەش گوێگران نائومێد و بێزار دەکات، بەڕای بەڕێزتان خاڵە لاوازەکانی وتاری ئاینی چین؟

وەک باسم کرد که ووتاروێژ دەبێ بە زمانێکی سەردەمیانە و بە گوێڕەی پێداویستییەکانی خەڵک واڵمی ئەمرۆییانە به پرسیارە نوییەکانی بەرەی خوێندەوار و نوێ بداتەوە. بە تەعبیری قورئان بە « لسان قوم » واته بە زمانی سەر دەمیانە و بە دەستەواژە و چەمکی نوێ و سەر دەمیانە وڵام بداتەوە. جگە لەوەش بەرەی نوێ، بۆ پرسیارەکانی بەڵگەی دەوێ و مل بۆ «تعبد=واته قوبوڵکردنی بێ بەڵگە » و بانگەشەی بێبەڵگە ڕاناکێشێ. ئەو، بۆ هەموو شت
دەلیل و بەڵگەی دەوێ. ئەو لە زانستە نوێیەکاندا پرسیاری جیددی بۆ هاتۆتە گۆڕێ که پێویستیان بە وڵامدانەوەی جیددی و زانستیانە هەیە. ووتاروێژ دەبێ ئەو ڕاستییانەی لەبەر چاو بێ و گووتاری دینی خۆی وەها ئاراستە بکا که پشکی هەر شتێک بە هەمان شت بدرێت و به نەفەسێکی حەقخوازانەوە، وڵامی پرسیارەکان بدرێتەوە و لە ئێش
و ئازارەکانی تاکی ئەمڕۆ کە بە زۆر نەخۆشی دەروونیەوە دەناڵێنێ کەم کاتەوه. جگە لەوەش وتاروێژ دەبێ کردەوەی وەپێش قسە و ووتاری بکەوێ، ئەگینا قسەکانی بێگیان و مردوو دەبن و ناتوانن هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر تاک و کۆمەڵ هەبێ. بە واتایەکی دی، دین که زۆربەی هەرە زۆری وەبیرهێنانەوە(تذکر/تذکره) یە و ئەوەش سوود به ئیماندار دەگەینێ، ئەو وەبیرهێنانەوەیە بۆ زەین (ذهن) نییە و بۆ دڵ واته قەلبە که دڵ هیچکات لە دووپاتبوونەوەی حەق و حەقیقەت وەرەز نابێ و ئەوە زەینە که لە چەندپاتەبوون بێزار دەبێ و ئەگەر چەمکێکی زەریفی ئیمانی بە تەواو وجوودەوە نەوترێ، زەین نیسبەت بەو چەمکە ساوازه دەبێ و هۆی «ملال» و ماندوویەتی بۆ فەراهم دێ و لە ئاکامدا دەبێتە هۆکاری هەڵاتن لە خوودی دین و زایە بوونی کەسەکەش. جا بۆیە ووتاری دینی ئەگەر بەو جۆرە نەوترێ، بێگومان دەبێتە هۆی زیان و لە باربردنی بانگەوازی دینی. « مَّا زَادَهُمْ إِلَّا نُفُورًا »

پرسیار: زۆر جار وتاربێژ غیرەت و حەماسەتی خەڵکی جوڵاندووە لە کاتێکدا کاریگەری خراپی هەبووە و ئامادەبووان بۆنەتە قوربانی، ئەگەر بەراوردێک لە نێوان وتار و ژیانی مامۆستایانی رابردو و ئیستا بکرێ، دیدی بەڕێزتان چۆنە و چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

پێموایە بەگشتی ئینسانی نەریتی و سوننەتی، یەک شتی لە ئینسانی نوێ باشتر بووه، ئەویش ئەوەیه که ئەوان هەرێمەکانی،«باوەر و بڕوا»، «ئیحساسات، هەیجان و سۆز» و «ویست و ئیرادە » یا لە گەڵ «قسە» و «کردرا» یان، یەکی دەگرتەوە و بەواتایەکی دیکە ئەوان خاوەن کەسایەتێکی یەکپارچه بوون.
بەمانا ئەخالقی و دینییەکەی، ئەوان سادق و ڕاستگۆ بوون لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دەوروبەریشیان؛ بەڵام لە چاخی نوێدا –بەداخەوە – چەشنە دابڕان و پچڕپچڕبوونێک کەوتە ناو شوناس و کەسێتیی ئینسانەوە و زۆر جار قسە و کردار لەگەڵ بیر و باوەڕی تاک، یەک ناگرنەوە. جا بۆیە ووتاروێژ دەبێ تێکۆشێ « زانست » و « عەمەل » و « حاڵ » ی خۆی هاوئاهەنگ بکا و قسەیەک نەکا کە خۆی عەمەلی پێنەکردووە یان شتێک نەڵێ که خۆی باوەڕی پێی نییە. بەردەنگ زۆر خێرا ئەو ناتەباییانە دێتە بەرچاوی و قسەکەر و وتاروێژی بەمجۆرە، تەنیا کارێک کە دەیکا ئەوەیە که هەم ئابڕووی خۆی دەبا و هەم ئەو چەمک و حەقە کە دەیویست ڕایبگەینێ لەباری دەبا و ناتوانێ حەقی مەتڵەبەکە ئەدا بکا. ئەگەر ئەو فەکتانەی که ئاماژەم پێدا وەک ڕاستی وەربگرین پێموایە، جیاوازییەکان لەنێوان بانگخوازی کۆن و نوێ زیاتر دەردەکەوێ. ووتاروێژی ڕاستەقینە که جووڵە دروست دەکا کەسێکە که هیممەتی بەرزی هەیە و نەفسێکی ئازا و ڕەهای هەیە و حازرە لە پێناو بانگەشەکانی بە هەموو جۆر، گیانبازی و فیداکاری بکا.
دەڵێن ئەگەر کەسێک بۆ بانگەشەکانی بەڵگەی پێ نەبێ دەنگی بەرز دەکاتەوە و دەگوڕێنێ بۆ ئەوەی ئەو خاڵە لاوازییە دابپۆشێ. قسەی حەق و بانگەشەی بە دەلیل و بەڵگە پێویستی بە خۆ سوور هەڵگێران، گوڕاندن و تووڕەبوون و ئیهانەی بەر دەنگەکان نییە. پێویستی بە قسەی سووک و جنێو و ناوزڕاندنی ئەم و ئەو نییە.

پرسیار: چی بکەین بۆ ئەوە کە نوێگەری لە وتاری ئایینیدا دروست بکەین؟

هەنگاوی یەکەم ئەوەیه که دەبێ بەردەنگی خۆمان بناسین. جگە لەوەش دەبێ ئاگاداری گۆڕانکارییەکانی بیر و هزری باو بین و لەوەش گرنگتر بە دیدێکی مەقاسیدیانەوە دین عەرزە کەین و ئەسڵ و فەرعمان لێ تێک نەچێ و ڕادەی گرنگیدان بە بابەتەکان بەپێی ئەو ڕاستییانە بێ که باسم کردن. ووتار وەک ڕاگەیەنێک دەبێ پەیامی نوێی پێ بێ و بەردەنگ دەبێ ئامادەگی زەینی و قەلبی بۆ وەرگرتنی پەیام هەبێ و هۆکاری دابچڕان و نەگەیشتنی پەیامەکان دەبێ بناسرێن و لە ناو ببرێن یا خوود کەم بکرێنەوه.
ووتاری نوێ بەو تایبەتمەندییانەی کە باسیان لێکرا دەبێ تابع و دەرەنجامی گوتاری نوێ بێ. گوتارێک که لەگەڵ زمانی هۆز و سەردەمدا دێتەوە و پەیامڕاگەیەن غەریب نییە و دەتوانێ مرازی دڵی خۆی لە چوارچێوەی ووتاردا به بەردەنگەکان بگەینێ و ئومێدی ئەوەی هەبێ که ئەوانیش خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەیان لە قسەکانی هەیه.

پرسیار: ڕێساکانی نوێگەری لە وتاری ئایینیدا چین و چۆن وتاری ئایینی نوێ بکرێتەوە؟

پێمخۆشە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا ئەوە بڵێم که ئەمڕۆ تاکلایەنە قسەکردن و وەک فارسەکان دەڵێن (القای یکسویه)و تەلقین و مونۆلۆگ و سوخەنڕانی ئەو کاریگەرییەی جارانی لەسەر بەردەنگ نەماوە.بەجێی هەمووی ئەوانە، دەبێ لە دیالۆگ و گفتوگۆ و ووتووێژ کەڵک وەربگیرێ. ووتاروێژ ئەگەر خۆی بە هەقی ڕەها و تۆخ بزانێ و بیهەوێ کە عەقڵی بەرانبەر بەم نەفەسەوە بدوێنێ، بێگومان شکست دێنێ؛ بەڵکو دەبێ فیکری خۆی وەک کاڵایەک لە ویتریندا بنوێنێ و پێی وانەبێ که بەرانبەرەکەی سەداسەد باتڵە و ئەم هەقی ڕاستەقینەیە. عەقڵانیەتی ڕەخنەیی پێمان دەڵێ که دیتنەوەی هەق ئەوەندە هاسان نییە بەڵکوو پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی بەر فراوان و ماندوویینەناسانەی کۆی زانایان و مرۆڤەکان هەیە و ئەوەندە ئاشکرا نییە که هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە بکا که هەقیقەت لە گیرفانی ئەو دایە.ئێمە هەموومان بەیەکسان بەشوێن حەق و حەقیقەتدا وێڵین و عەوداڵی ڕاستەقینەین جا بۆیە به قسە
کردن و دیالۆگ حەول دەدەین لە یەکدی تێبگەین و لە یەکتری حاڵی بین و لە گووتار و مشت و مڕی فیکری و ووتووێژدا، هەق تا ڕادەیەک خۆی دەنوێنێ و وردە وردە، ودەر دەکەوێ. بانگخواز دەبێ خوازیاری هەق بێ نەک خۆی بە خاوەنی هەق بزانێ. ئەگەر وا بیر کاتەوە که حەق زۆر ڕوونه و هەرهەمووەکەشی لای خۆیەتی، بێگومان ناتوانێ بەردەنگی بەرانبەر(مخاطب مخالف) بخوێنێتەوە و لێی تێبگا. بە کورتی دەبێ وتاروێژ دەبێ باوەری مەعریفییانەی وابێ که لە سەدا پەنجای هەق لای ئەوە و بەرانبەرەکەشی بە هەمان شێوە. جا ئەو کاتەیە که لە هەناوی دیالۆگ و گفتوگۆدا، هەقەکانی ئەو بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و بەتاڵەکان فڕێ دەدا و بەم چەشنە بەرانبەرەکەشی لە هەق نیزیک دەکەوێتەوە و ئەویش لەو دڵبەرە زیاتر نیزیک دهبێتەوە و لە ئاکامدا باشتر دەتوانێ « ئەویدی » بخوێنێتەوە و تێگەیشتنێکی هاودڵانەی بۆ بۆچوونەکانی هەبێ. ووتووێژ بناغەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و شارەستانیانەیە و چارەیەکمان جگە لەو نییە و ئەگەر ڕەچاوی نەکەین، دەرەنجامێک جگە لە شەڕی بەناو حەقیقەتەکان و تووندوتیژی چاوەڕێمان ناکا.

پرسیار: لاسایی کردنەوە و چاولێگەری لە خرابترین جۆرەکانی پەتای بانگخوازە کە هەردەم ڕیسەکەیان دەکاتەوە بە خوری کە ئەوەش وەک خاڵێکی نەرێنی لە سەر جوڵانەوەی بانگخواز و وتاربێژ دیتە هەژمار؛ بەڵای بەڕێزتان ئەم کیشەیە راستەوخۆ کارێگەری لە سەر فەهم و تێگەیشتنی دینی و ئایینی دەبێ؟

بەڵێ ڕاسته. مرۆڤی بانگخواز یان ووتاروێژ دەبێ بۆخۆی بێ، لە لاسایی خۆی ڕزگار کات. قسەیەک کە لە ناخەوە نەیەتە دەرێ و پشتیوانەی باوەر و کردەیی لەپشت نەبێ، بادی هەوایە و نە تەنیا کاریگەری ئەرێنی نابێ بگرە زۆر خەساریش بەدوای خۆیدا دێنێ. زۆر جار دیومانە کەسانێک دەبنە جێگەی چاولێگەری و لاسایی کردنەوە و
ووتاروێژ بە شێوازێکی ناشیاو، دەستەواژەکانی ووتاروێژەکە دەکار دێنێ و وەک ئەو هەناسە دەدا و… که سەرجەم ئەوانە دەبنە هۆکاری سڵەمینەوە و ناحەزکردنی ووتاری دینی و خوودی ووتاروێژەکەش.بۆ نموونە ئێستا ووتاروێژە لاوەکانی لای ئێمە لە ووشەگەلی وەک «خوای پەروەردگار» و «یا سوبحانەڵاڵ!» و… بەلاسایی کردنەوە لە هەندەک داعی بەناوبانگ، سوود وەردەگرن یان لە جێگەیەکدا کە جێی سەرسوڕمان نییە، سەرسوڕمان دەنوێنن یان دەنگیان بەرز دەکەنەوه و لە خەڵک تووڕە دەبن، تەنانەت جاری وایه بێڕێزی بە خەڵک دەکەن، جاری وایشه دەگرین و… هەموو ئەوانە ووتاروێژ ناشرین و پەیامەکەشی بێبایەخ دەکەن.
جگە لەوانە، ووتاروێژ دەبێ موقەللید نەبێ، بۆ کێشەکان و پرسەکانی کات – شوێنی خۆی و ژینگەی خۆی و به گوێرەی پێویستی بابەت، ووتار ئاراسته بکا. دەبێ عەقڵ و ڕادەی تێگەیشتنی خەڵک لەبەر چاو بگرێ و بە زمانێکی ساده، بۆ چارەسەری بابەتەکان، ئەهلی ئیجتهاد و لێکۆڵینەوه بێ و بەردەوام خەریکی مۆتاڵای بابەتیانه لەسەر
کێشەکان بێ.

پرسیار: ئایا ڕەوایە بۆ کەسانێک بەتایبەت لە ناوچە گوندنشین و هەژارنشینەکانی شار و شارۆچکەکاندا کە زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە و بێبەشی دەیان ساڵە ژیانی لێ کردوونەتە بیمەی دۆزەخ!؟ جارێکی تر بە گوتارێکی ئاگراوی دۆزەخیانەی سەرکوتکەر، ڕۆحیان پەرێشان بکرێ؟

کاکی برا، پێموایە دین زۆر قسەکردنی ناوێ؛ دەقی ئایەت و حەدیس خوێندنەوە بۆ خەڵک، کاری داعی و بانگخوازی ڕاستەقینە نییە. بانگخوازی راستەقینە به بوون و حوزوری خۆی، شاهیدی لەسەر حەقانیەتی پەیامەکە و باوەڕکەی دەدا. بەڵام جگە لەوانەش داعی دەبێ چەند کار بکا: بەگوێرەی ئایەتێک لە سوورەتی نەحلدا کە دەفەرموێ: ( ادْعُ إِلَى سَبِیلِ رَبِکَ بِالْحِکْمَهِ وَالْمَوْعِظَهِ الْحَسَنَهِ وَجَادِلْهُم بِالَّتِی هِیَ أَحْسَنُ إِنَّ رَبَّکَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِیلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِینَ ﴿النحل: ١٢۵ ﴾ و هەروەها ئایەتێکی دیکە که لە چەند شوێنی قورئاندا دووپات بۆتەوە که دەفەرموێ: (هُوَ الَّذِی بَعَثَ فِی الْأُمِیِینَ رَسُولًا مِنْهُمْ یَتْلُو عَلَیْهِمْ آیَاتِهِ وَیُزَکِیهِمْ وَیُعَلِمُهُمُ الْکِتَابَ وَالْحِکْمَهَ وَإِن کَانُوا مِن قَبْلُ لَفِی ضَلَالٍ مُّبِینٍ ﴿الجمعه: ٢﴾

قۆناغێ یەکەم: دەعوەتی بە حیکمەت هەمان قۆناغی تلاوەتی ئایاتی ئافاقی و ئەنفوسییە (یَتْلُو عَلَیْهِمْ آیَاتِهِ) که دیارە لە ئایەتێکی دیکەدا نیشانەکانی خوا (آیات) به دووبەش پۆلێن کراون: سَنُرِیهِمْ آیَاتِنَا فِی الْآفَاقِ وَفِی أَنفُسِهِمْ حَتَّى یَتَبَیَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ یَکْفِ بِرَبکَ أَنَّهُ عَلَى کُلِ شَیْءٍ شَهِیدٌ ﴿فصلت: ۵٣﴾

قۆناغی دووهەم: مەوعیزەی حەسەنە که هەمان( وَیُزَکِ یهِمْ) کەیە بریتی لە پەندو ئامۆژگاری باش که بە دوو شێوەی «تبشیر» و «انذار» جێبەجێ دەکرێ.

قۆناغێ سێهەم: جیدال بەشێوازێک که باشترە (جدال باللتی هی أحسن) که ئەوەش بۆ ئەو کەسانەیە که دوو قۆناغەکەی دیکە وەرناگرن و نابنە باوەڕدار و بەشێوازێکی باشتر قسە و باسیان دەگەڵ دەکرێ و خاڵە دژبەرەکانی بیر و هزریان وەدەر دەخرێن.
ئەو دەستەیەش کە دوو قۆناغەکەی پێشوو وەردهگرن قۆناغێ سێهەم واته: « وَیُعَلِمُهُمُ الْکِتَابَ وَالْحِکْمَهَ » که بریتییه لە فێرکردنی ڕێسا و بنەماکانی سەرەکی ژیان و شێوازی پیادەکردنیشی بەشێوەیەکی حەکیمانە، جێبەجێ دەکرێ.

بەباوڕی من ئەم سێ قۆناغە بە باشی نەناسراون و زۆربەی داعی و وتاربێژەکانی ئێمه، جیاوازی نێوان ئەو سێ قۆناغەیان نەتوانیوە لێی تێبگەن.
لە وڵامی بەشی کۆتایی پرسیارەکەتدا عەرزم ئەوەیە که هەمیشە مزگێنی دان و تەبشیر دەبێ لە پێش ترساندن و ئینزارەوە بێ. دەبێ ووتاروێژ بە خوێندنەوەی ئایاتێک کە باسی بەهەشت و ڕازیبوونی خوا لە مرۆڤ و هۆکارەکانی ئەو ڕەزایەتە لە پێش تۆقاندن و ترساندن باس بکا و ڕەغبەت و مەحەببەتی خوا گیان، بە باس لێکردن لە ناوە جوانەکانی لە دەروونی مرۆڤەکاندا بەدی بێنێ و حەولی ئەوە بدا که تاک، به هاندەری ناوەکی (انگیزش درونی) خۆیەوە بە مەعریفە و عیرفانێکی ڕاستەقینە بگا. هەڵبەت ئەگەر ئەو بارە وڵامدەر نەبوو دەتوانێ لە (انذار) و هەڕەشە بە کەڵک وەرگرتن لە کۆی ئەو ئایەتانە که ترس و دڵەڕاوکێ بۆ مرۆڤی نافەرمان دروست دەکەن و جیاوازی ژیانی باوەڕدارانە و متمانە و نەبوونی ترس و خەم بۆ ئیماندار لە دونیا و بوونی دڵەڕاوکێ و ترس و نائەمنی و خەم بۆ بێباوەڕمەندی ئایینی لە ژیانی دونیادا و هەروەها جیاوازیان لە کاتی سەرەمەرگدا و دواتریش، بێنێتە بەر باس و ئیمان بە قیامەت واتە هەست بە پرسیاریەتی لە هەمبەر کردار، قسە و ویست و ئیرادەی قەلبیان تێدا دروست بکا. بەکورتی دەبێ مزگینیدەر و ئاسانگیر بێ نەوەک خەڵک بتۆقێنێ و بێزاریان بکا.

پرسیار: ئەو خاڵ و جەوهەر و میحوەرەی کە گرنگە بۆ ئەوە وتاری ئاینی بکرێتە سەر چاوەی گفتوگۆ لە گەڵ عەقڵ و هەست و شعووری خەڵک و هاوسەنگی لە نێوان حەماسەت و عاتفە و سۆز ڕابگرێ چین و چۆنی هەڵدەسنگینن؟

ووتاروێژ دەبێ بە ووتاری خۆی خەڵک بۆ لای ڕامان و تێفکرین لە قسەکانی خۆی هان بدا و لە هیچکس چاوەڕوانیی تەئیدی بێبەڵگەی نەبێ. دەبێ بەسەر ئەو بابەتەی که باسی لێدەکا موسەللەت بێ و لە مەهارەتەکانی ئاخاوتن و قسه کردن بە باشی کەڵک وەربگرێ. سەرەتا و ئاخری قسەی دیاریکراو بێو ئاکام و دەرەنجامی بابەتەکەی بۆ بەر دەنگ ئاشکرا بێ.
لە مەسەل، حیکمەت و حەکایەت و هۆنراوه و… بە باشی سوود وەربگرێ. چەند ڕێگەچارە بۆ ئەو پرسەی تەرحی کردووە بێنێتە بەرباس و بەردەنگ خۆی یەکیان هەڵبژێرێ. حەول بدات خەڵک بۆ لای دۆزینەوەی حەقیقەت هان بدا و هەست و سۆز و عاتفەی مرۆڤەکانیش بەرەو جوانییەکان و ویست و ئیرادەی تاک بەرەو خێرخوازی واته عەداڵەت، ئیحسان و مەحەببەت و خۆشویستنی مرۆڤەکانی دیکه رابکێشێ. تەرحی بابەتە ئەخلاقی و عیرفانییەکان، ئەگەر بەرهەمی ئەزموونی ڕۆحی و دینیی وێژەر بن، دەتوانن تەوەرێکی باش بن بۆ قسە لێکردن و ووتاردان و بەشدارکردنی خەڵک لەو تام و چێژەی که خۆی وەریگرتووه.
لە ووتاری ئایینیی مامۆستایانی ئایینیدا دەبێ هیندەک پرسی وجوودی و ناوەکی مرۆڤ شرۆڤە بکرێن وەک: خەم، شادی، مەحەببەت، دادپەروەری، ئازادی، شک و گومان، ئیمان، ئارامش و هێمنایەتی، دڵەڕاوکێ، جوانی، هیوا، ناهومێدی، تەنیایی، مردن، واتای ژیان، خۆناسین، لەخۆبیگانەبوون، خۆویستی و خۆخۆشویستن، خۆسازی، ئێش و رەنج، کۆی ئەو شتانەی لە بووندا دەگۆڕێن و ئەوانەش وا نەگۆڕن، جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤەکان و نەهێنیی ئەم جیاوازییانە. بەکورتی دین و وتاری دینی دەبێ ئینسانەکان بەرەو حەقیقەت ڕێنوینی بکا و لە ئێش و ئازارەکانیان کەم کاتەوە.

پرسیار: جیهانبینی مرۆڤ گۆرانکاری بە سەر داهاتووە خاڵی ئەرێنی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە لەوە دایە کە مرۆڤەکان لە هەموو کاتێک زیاتر تامەزرۆ و تینووی بەها ڕۆحی و ئیمانییەکانن، چونکە هەڵپەکردن بۆ دونیا و پووڵپەرەستی و ئارەزووەکان، ڕوح و دەروونی ماندوو کردووە، هەر بۆیە گرنگە کە گوتاری مامۆستایان گوتارێکی ڕۆحی و ئیمانی خەست و خۆڵ بێ، گوتارێک کە ناسکی بۆ ڕۆح و زیندوویەتی بۆ دڵ بگێڕێتەوە. بە ڕای بەڕێزتان بۆ گۆرێنی ڕێبازی مەعریفی تێگەیشتنمان بۆ رۆحی وتاری ئاینی و تازەگەری لە ڕووی زمانەوانییەوە چێ بکرێ؟

ئەگەر باوەڕمان وایه که نێو ئاخنی ووتاری ئایینی دەبێ قورئان و فەرمووده بێ که ئەویش شرۆڤەی قورئانه و قورئان کتێبێکه بۆ هەموو مرۆڤەکان، لە هەر کاتێکدا و لە هەر شوێنێ و بارودۆخێک، قسەی بۆ گووتن هەیە، دەبێ ئەو کتێبه وەها بخوێنینەوە که سەرچاوەی ئیلهامدەری عەقڵانیەت و مەعنەویەت بێ؛ چونکه بیری قووڵ و جیددیترین پێویستیی مرۆڤی سەردەم کۆکردنەوەی عەقڵانیەت و مەعنەوییەت پێکەوەیە، بە شێوەیەک که هەر پێویستییەکی دیکه، دەتوانێ میسداقێک له میسداقەکانی ئەو پێداویستییە بێ. مرۆڤی ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر قۆناغێکی مێژوویی دیکه، خاوەنی کەرەسە و ئامرازی دەستێوردان لە جیهانی دەوروبەری خۆیەتی واته جیهانی سروشتی و جیهانی مرۆیی دەگۆڕێ نە وەک مرۆڤی کۆن تەنیا راڤەی بکا. ئەو گۆڕان و دەستێوردانەش، بەرهەمی
گەشەی زانستە تەجرەبییەکان، تەکنۆلۆژیا و پیشەسازییه. ئەگەر مرۆڤی نوێ، لەلایەنی مەعنەوییەوە دەوڵەمەند نەکرێ، مەترسی ئەوە هەیە که لەم کەرەسانه بۆ وێرانکردن و خرا کردنی جیهانی سروشت و جیهانی مرۆییی دەوروبەری خۆی کەڵک وەربگرێ. هەر بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو ساتێک زیاتر پێویستیمان به مەعنەوییەت هەیە. جگه
لەوە، مرۆڤی سەردەمی ئێستا که به عەقڵانیەت خووی گرتووه، ڕەدکردنەوەی عەقڵانیەت نە هەقه و نە باشیشه و نه ئیمکانیشی هەیە. عەقڵانیەت میراتێکی بەنرخه که بە ڕەنجێکی زۆر و نەختە نەخته وەسەرێک نراوه و نابێ لەپێناو هەندەک خوێندنەوەی سەقەت لە مەعنەوییەت لە دەستی بدەین. بە ڕای من پێویستترین پێداویستیی ئەمڕۆ، وەدەسهێنانی خوێندنەوەیەک له مەعنەوییەته که لەگەڵ عەقڵانیەتدا بێتەوه و دژبەری یەکدی نەبن. دەبێ ووتاروێژ لەسەر دوو شت هەڵوەسته بکا یەکیان سیستەمی بان تەبیعەت (مابعدالطبیعی) ژێر بەنای قورئان و دووهەم سیستەمی ئەخالقی که لە پشت ڕواڵەتی ئایەتەکانی قورئان خۆیان حەشار داوه.
لە کۆتاییدا پێویسته ئەوە بڵێم که ووتاری ئایینی و قورئانی لەگەڵ دوو مەترسی ڕووبەڕوویه: یەکەم؛ نەناسینی پێداویستییەکانی جیهان و مرۆڤی ئەمڕۆ و لەکیسدانی هەستی دەستبەرکردنی ئەو پێویستییانه که دەبێته هۆکاری ئەوەیکه خوێندنەوە و موتاڵاکانی داعی و ووتاروێژ هاوتەریب لەگەڵ سەردەم نەبن و دووهەم؛ ئەو ترسه که نەکا خوێندنەوەکانی ئێمه بگەن بە درەنجامگەلێکی وەها که لەگەڵ باوەڕەکانی ڕابردووانی ئێمە نەیەنەوە. ئەو ترسه بێجێیە ئەگەر تووشی ئێمە بێ، تووشی ئیفلیجبوونی فیکر و بیرمان دەکا و وامان لێدەکا که لە بۆچوونەکانی ڕابردووان (سلف) ، بتێکی نوێ دروست کەین و سەبارەت بە بۆچوونەکانی ڕابردووەکان،گوێڕاڵییەکی کوێرانەمان ببێ که ئەوە ڕێک دژی ڕێنویینیەکانی قوڕئانه و دەبێ کارێک بکەین بەردەنگەکانمان هان بدەین بۆ بیرکردنەوه و هەرگیز نابێ عەقڵ و ئاوەزی خۆمان لەپێناو خەڵکی دیکه دابنێن و بەڵکوو دەبێ باوەڕەکانمان دەرنجامی تێگەیشتن و موتاڵا و ڕامانی خۆمان بن. ووتاروێژ دەبێ خەڵک بەرەو ئەو ئاقارە هان بدات و نوێگەری لە بۆچوونەکانیدا دیار بێ و شتی ڕێژەیی (نسبی) بە موتڵەق لەقەڵەم نەدا و خۆی و بەردەنگەکانی لە نەخۆشییەکانی ئاشقی خۆبوون (خودشیفتگی)، پێشداوەری، دەمارگرژی(تعصب)، دۆگمابوون و چەقبەستوویی، نالێبوردەیی و خۆڕافە پەرەستی بپارێزێ و ئەوەی لە بیر بێ که ئیمانی راستەقینه، ئازایەتی و ئازادی بۆ مرۆڤ بەدیاری دێنێ و چەقبەستوویی و دەمارگرژی، هۆی ڕەنجێکی بێئەژمار بۆ مرۆڤ و دەوروبەری بەدی دێنێ.
کۆتا قسەم ئەوەیه که ووتاروێژ دەبێ ڕوون، بێ گرێ و گۆڵ و بێ ئیبهام و ئیهام و پێچ و پەنا پرسەکان بۆ خەڵک شی کاتەوه و به قسەی چەند توێ و چەند ڕەهەندی، ئاوی مەعریفه و عەقڵانیەت و مەعنەوییەت، لێڵ نەکا و لام وایه، ڕاستییەکی تاڵ، زۆر بەنرختر لە درۆیەکی بریقەداره.

به سوپاسه وه

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

یک نظر

  1. نویگه ری یه کیکه له واجبه زور گرینگه کان ، گه ر نه لیم له تروپکی واجبه کاندایه . ده‌ ست خوشی له به ریز کاک مه ولوود و کاک عه بدو لله ده‌ که م

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا