دل نوشتهکوردی

ساتێک لە خزمەت دکتۆر خوڕڕەمدڵ دا

نشان مـرد حـق چە گویـم
چو مرگ آید تبسم بر لب اوست
«ئیقباڵ لاهووری»

زۆر ئەستەم و شه‌که‌تکه‌رە نووسین لە حاند ڕووداوێکی ڕه‌نجێن و وزەبەزێن، کە ئێستاش قەبووڵکردنی زۆر قورس و دڵتەزێن و ناخهەژێنە، ڕووداوێک کە لە ناخی دڵەوە مرۆڤ دەخاتە باروودۆخێکی مەینەتبار و خەم‌هێنەر. لە ڕاستیدا هەرچی خوا بیهەوێ هەر ئەو دێتە پێش: «وَکَانَ أَمْرُ ٱللَّهِ قَدَرًا مَّقْدُورًا» و فه‌رمانی خوای گەورە بڕیارێکی بڕیاردراوه‌.

لێدوان و نووسین لەسەر ژیانی ڕاڤەکاری قوڕئان، وەرگێڕ و نووسەرێکی بەتوانا، بە تایبەت کەسایەتییەکی وەک دکتۆر خۆڕڕەم‌دڵ کە زانایانە و وەستایانە ئەرکی نووسەری و وەرگێڕانی بەڕێوە بردووە، بۆ کەسێکی وەک منی لاڵەپەتە و نەخوێندەوار له‌ ئاست وی، زۆر چەتوون و کێشدار و قورس و ئەستەمە.
بێگومان گوزەرێکی قووڵ بۆ نێو خەلەوخەرمانی مامۆستای ئەدەب و ئەخلاق و قەڵەم و ئەدەبیاتی شیرین بەیانی هەمیشە بەهاری ئەو مەزنە پیاوە، گوزەرێکی قووڵی مەعنەوی و ئەخلاقییە کە دڵاوێز و سەرنجڕاکێش هەموان دەخاتە باوەشی زەریای قووڵی پڕ گەوهەری نابی خۆیه‌وه‌. بە دەربڕینێکی تر دەرکرێ ئەوە بڵێین کە: کەم کەس هەیە ئەگەر جارێک چاوی بە گوڵزاری “فی ظلال القرآن”، شنەی ڕەحمەت، تەفسیری نوور و… لە نووسینی ئەو مەزنە پیاوە کەوتبێ، بەڵام خولیا و شەیدای قەڵەمی نەبێت!

لە ڕاستیدا ڕووخۆشی و لێهاتوویی و ڕەوشتبەرزی زانای پایەبەرز، وێنەی دەرکەوتنی هەتاو لە پشت هەور وابوو کە بە پێی توانا و تێگەیشتن تێکڕا لەژێر تیشکی ڕۆشنایی زانستی ئەو بەهرەمەند دەبوون. کۆچی لە ناکاوی کوژانەوەی نووسەر و ڕاڤەکاری قوڕئان و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، دڵی هەموانی هەژاند و گشت ئەوینداران و خۆشەویستانی زانستی خستە ناو خەم و مەینەتێکی ناخهەژێن، بە جۆرێک ئێش و ئازاری جەڕگبڕی خستە ناو ژیانی ڕێبوارانی ڕێگەی زانستی ئیسلامی و کولتوور و فەرهەنگ و ئەهلی قەڵەم.

بێگومان ڕووناکبیر و ڕاڤەکاری گەورەی قوڕئان، دکتۆر خوڕڕەمدڵ لەو دونیایەدا ژیاوە، هەر وەک زۆربەی نووسەران و وەرگێڕان کەسانێک هەبوون کە بەرهەڵستکار و نەیاری ئەو بوون و هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا هاوبیر و هاوڕا و هاودەنگی خۆی هەبوون؛ بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانە کۆچی دوایی ئەو مەزنە پیاوە دڵی هەموانی ڕاچڵەکاند.

لە ڕاستیدا خەمی کۆچ و مردنی بەڕێز دکتۆر خۆڕڕەم‌دڵ تەنیا پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو خەسارێکی گەورەیە بۆ دونیای ئیسلام.
ئەگەر چی من باوەڕمەندم مەشخەڵی ئەم ڕێگایە هەردەم ڕووناک دەمێنێتەوە و دڵنیام ڕاڤەکار و نووسەری بە توانای ترمان هەن و دێنە گۆڕەپانی زانست و نووسین و وەرگێڕان، هەرچەند ڕێگاکەش ئەستەم بێت، بەڵام هەر ڕووناک دەمێنێتەوە.

دکتۆر مستەفا خۆڕڕەم‌دڵ یەکێک لە ئەستێرە پڕشنگدارەکانی دیاری ناوچەی کوردەواری و جیهانی ئیسلام بوو کە شێوەزار و ستایلێکی تازە و نوێی بۆ وەرگێڕان و ڕاڤەی قوڕئانی پیرۆز هێنایە کایە، بە جۆرێک بەشێکی زۆر لە نووسەران و وەرگێڕان وەک سەرچاوەیەکی بەهێز بایەخ و گرینگی تایبەتیان بە تەفسیری نوور دەدا، ئەمڕۆ دەبینین تەفسیری نوور یا خود تەفسیری شنەی ڕەحمەت لەنێو ماڵی زۆربەی موسوڵمانان و لەنێو مزگەوتەکان لەبەر دەست‌ دایە. ڕاڤەکاری ناسراوی وڵاتی کوردەواری هەتا هەتایە لە دونیای نووسەران و وەگێڕان، ناوی گەش و پڕشنگدارە و جێی شانازی هەموو کوردێکە.

لەڕاستیدا مێژووی ئێمە، مێژووی مەزنە پیاوانی ئێمەیە، با ڕێگە نەدەین ئەوان لەبیر بکرێن.

لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو هەڵێک ڕەخسا بە مەبەستی وتووێژێکی تایبەت لەژێر ناونیشانی “نوێگەری لە تەفسیری قوڕئان” چووین بۆ خزمەت زانای هەڵکەوتووی ناوچەی کوردەواری… دوای دانیشتن و گوێڕاگڕتن لە وتە زۆر بەنرخ و جوامێرانەی بەڕێز خۆڕڕەم‌دڵ، زۆر بە دڵفرەوانی و ڕووخۆشی دوای کۆمەڵێک ئامۆژگاری پڕبایەخ وه‌ڵامی بەڵێی داینەوە، بەداخەوە بە هۆی سەرقاڵی بەڕێزیان بە کاری وەرگێڕان و لە جێی خۆیدا کەمتەرخەمی من، کارەکە بە نیوەچڵی مایەوە!
لەو دانیشتنەدا دکتۆر خۆڕڕەم‌دڵ ئاماژەی بەوە کرد کە: بە هۆی ئەوە قوڕئان لە ڕووی دەروونییەوە وەستاندمی و ئەو کاریگەرییە مەعنەوییە ئەنجامدارانەی لەسەر ڕوحی من نەخشاند، بە جۆرێک هەستم کرد قوڕئان ترۆپکی ڕامان و تێفکرینە، بە دەربڕینێکی تر دەکرێ بڵێین قوڕئان: توانیوێتی وه‌ڵامی هەموو ئەو پرسیارە فەلسەفییە قووڵانە بداتەوە کە بە دڕێژایی بوونی مرۆڤ ورووژێنراون.

دوای ماوەیەک خەریکبوون بە وەرگێڕانی قوڕئان، ڕۆژێک هەستام ڕۆیشتم بۆ خزمەت بەڕێز کاک ئەحمەد موفتی زادە بۆ ئەوە بەشێک لە وەرگێڕانەکەمی نیشان بدەم و ڕای ئەو سەبارەت بە وەرگێڕانی خۆم بزانم، کاتێک چوومە خزمەتی بەڕێز مامۆستا ناسری سوبحانی تەشریفی لەوێ بوو. بەڕێز خۆڕڕەم‌دڵ وتی باش لەبیرم نییە هۆکاری چی بوو کاک ناسر داوای پەرتووکەکەی بەر دەستمی کرد و منیش نووسراوەکەم پێ دا، دوای خوێندنەوەی فەرمووی: دڕێژەی پێ بدە کارێکی زۆر جوان و جوامێرانەیە و هیواخوازم سەرکەوتوو بی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جوان منی ڕاسپارد و هانی دام بۆ وەرگێڕانی قوڕئان و تەواوکردنی ئیشەکەم، بە جۆرێک دڵخۆش و دڵگەرم بووم و ئیتر تا تەواوم کرد لەسەر وەرگێڕانەکە مامەوە.

پەروەرێنی بێهاوتا لە ناو دڵی خەڵکدا خۆشەویستییه‌کی تایبەت و دڵگر و سەرسامکەری پێ داوە، بە جۆرێک هەر ڕۆژەی نووسراوەیەکی بەهێز و جوامێرانە لە حاند دڵسۆزی و خەمخۆری ئەو دێتە بەردەستی خوێنەران.

هەندێک لەو خاڵە جوامێرانەی دکتۆر کە لە ناو پەرتووک و نووسراوەی هۆگرانی بەڕێزیان چاوم پێ کەوت دەیخەمە بەرچاوی ئێوەی ئازیز:

یەکەم: مرۆڤێکی ڕووخۆش و بیرجوان و ڕەوشت جوان و بێ فروفێڵ بوو.
دووەم: ڕه‌خنه‌‌هه‌ڵگر بووە، واتە سانایی عه‌یب و ئیرادی خۆی قه‌بووڵ ده‌کرد.
سێهەم: وانەبێژێکی لێهاتوو بووە، هەم لە فێرگەی ئایینی و هەم لە زانستگاە.
چوارەم: لە بیر و هزری ئایینی میانەڕەو بوو.
پێنجەم: کۆڵنەدەر و ماندوونەناس بووە لە خزمەت بە قوڕئان و زانستی ئایینی و…
شەشەم: له‌خۆبردوویی‌، خۆنه‌ویستی‌ وەک ڕەوشتی جوامێرانەی بەڕێزیان ئاماژەی پێ کراوە.
حەوتەم: خواویست و عاریف و خواناس و خۆپارێز و ملکەچی خوا بوو.
هەشتەم: مامۆستایەکی دڵسۆز و خەمخۆری گەنج و لاوی وڵاتی خۆی بوو.
نۆهەم: سەرمەشقی زانایان و نووسەران بوو.
ئەگەر چی مردن و کۆچی خزم و ئازیزان قورس و ئەستەمە، بەڵام ناکرێ حاشا لەوە بکرێ کە: مردنی مەزنە پیاوانی ئێمە کزه‌‌هه‌ستێن و ڕوح‌ته‌زێن و هه‌ناوبڕ و هه‌ناودڕ و دڵته‌زێنە!

مەخابن! ژیانی پڕ لە کەندولەندی نووسەر و وەرگێڕی ئێمەی کورد، ئەگەرچی شانبەشانی نووسەرانی وڵاتانی تر لە ئاست زانست چوونەتە پێش، بەداخەوە لە زۆربەی ئەو سەرکەوتنانە بە شێوەیەک ستەمیان لێ کراوە، وەک پێویست گرینگی بە زەحمەت و نووسراوەکانیان نادرێ!

کسی کە نکونام میرد همی
زمرگش تٲسف خورد عالمی

نووسین: عەبدوڵڵا عەلیپوور

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن