گفتگو

سولتان سه لاحه ددینی ئه یووبی و ئازادکردنی قودس(۲-۱)

 موسڵمانانی جیهان (بیت المقدس) یان(ئورشەلیم) بە ڕووگەی یەکەم و شوێنی میعراجی پێغەمبەری موسڵمانان لەقەڵەم دەدەن. بەپێی گێڕانەوەیەک لە پێغەمبەری مەزن، خوای گەورە لە نێوان تێکڕایی شارەکانی جیهان تەنیا چوار شار بە بەرز و پیرۆز لە قەڵەمداوە، ئەو چوار شارە برتیتین لە:

مەککە یا البلدە
مەدینە یا النخلە
دمشق یا التین
بیت المقدس یا الزیتون
و لەنێو ئەو شارانە بیت المقدس (ئورشەلیم) لە نێو سێ ئایینی گەورەی جیهان وەکوو مەسیح وجولەکە و موسڵمانەکان گرینگی و بایەخی تایبەت بەخۆی هەیە و وەکوو شوێنێکی هەستیار سەیری دەکرێ.

پێڕەوانی ئەو ئایینانە بە درێژایی مێژوو بەمەبەستی زیارەتی شوێنەپیرۆزەکەیان لە هاتووچۆی ئەو شارەدا بوونە. ئەگەرچی هەست و بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی ئەو ئایینانە لە نێوەڕۆکدا دژوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکتر نییە، بەڵام ڕق و کین و دونیاپەرستی سەرۆک و دەمڕاستەکانی بەرژەوەندیخواز هۆکارێک بووە بۆ هاندان و کەڵکی خراپ وەرگرتن و لەئاکامدا قوربانی کردنی هەزاران کەسی بێ تاوان لە هەردوولا.

شەڕ و ململانێی درێژخایەن و خوێناوی بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو شارە پیرۆزە بەدرێژایی مێژوو شتێکی نوێ نەبووە، بەڵام شەڕەکانی خاچ پەرستی لەلاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بە خوێناوی ترینی ئەو شەڕانە ناوبانگی دەرکردووە.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەڕەکانی خاچ پەرستی

بارودۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی: لە سەدەی دوازدەی زایینیدا دوو زلهێزی گەورە دەستیان بە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داگرتبوو، یەکەمیان مەسیحییەکان کە بیزانسییەکانن، و دووهەم فاتمییەکان کە شیعە بوون، لە نێوان ئەو دوو هێزەدا دەوڵەتی عەبباسی لە بەغدا کە سلجوقییەکان دەستیان بە سەرداگرتبوو لاواز ببوو. سلجوقییەکان ناوچەکانی خۆیان پەرەپێدا و لە (ماوراالنهر) ەوە تا ئەرزروم و شام. لە ساڵی ( ۴٨۵ک١٠٩٢ز) دەوڵەتی سڵجوقیش لە ئاکامی شەڕ و ململانێی نێوان میرەکانیدا پارچەپارچە بوو، ئەوەش باشترین دەرفەت بوو بۆ هێرشی خاچییەکان بۆ ناوچەی شام، فاتمییەکانیش لە ساڵی (٢٩٧ ک/٩٠٩ز) لە باکووری ئافریقا و لە وڵاتی تونس دەوڵەتی فاتمییان دامەزراند و لە ساڵی (٣۶٢ ک/ ٩٧٢ز) میسریان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، لە ساڵی(۴٧٨ ک/ ١٠۵٨ز) وڵاتی شامیان داگیرکرد و کردیانە بنکەی بانگەشەی مەزهەبی خۆیان، هەر لەهەمان ساڵدا بانگەشەی مەزهەبیی فاتمییەکان لە بەغدا دەستی پێکرد، بەڵام هەر لە سەرەتای سەدەی یازدەی زایینی لە وڵاتی شام خاچییەکان سەریانهەڵدا و حەولی ئەوەیان دەدا ناوچەکانی فەلەستین بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە بارودۆخێکی وادابوو کە وڵاتی شام تووشی پەرش و بڵاوی هاتبوو، گەلێک میرنشین لە لایان سەردارانی عەڕەبەوە دامەزرابوون. سڵجوقییەکان ناوچەی باکووری شامیان بەڕێوە دەبرد، فاتمییەکانیش دەستیان بە سەر بەشی باشوور داگرتبوو. بە دڵنیاییەوە ئەو دابەشبوونە کاریگەری بە هێزی لە سەر هێرشی خاچ پەرستان بۆ ناوچە کەنارەکانی وڵاتی شام هەبوو. هەر لە سەرەتای سەدەی ۵ی کۆچی ١١ی زایینی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی هەر بە هۆی ئەو پەرتەوازی و لەت و پەتبوونە دەسەڵاتی خەلافەتی عەبباسیی تووشی ئەوپەڕی لاوازی کرد. چوونکە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەستدا بوو. ئەو دۆخە بە هاتنی داگیرکاری بوەیهییە شیعەکان زیاتر زەق بۆوە، چوونکە هەموو دەسەڵاتی خەلیفەیان هێنابووە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەم جۆرە دەسەڵاتی خەلیفە نەما و پێگە و جێگە و ڕێزی کەم بۆوە و تێکڕایی ئەو دۆخە نالەبارەی جیهانی ئیسلام دەرفەتی پەلاماری خاچ پەرستەکان بۆ وڵاتی شام و داگیرکردنی قودس ڕەخساند.
هۆکاری ئایینی: بەشێکی زۆر لە مێژوونووسان هۆکاری ئایینی بە سەرهەڵدانی شەڕی خاچ پەرستی بە ئامانجی ڕزگارکردنی گۆڕی مەسیح لە قەڵەم دەدەن، چوونکە مەسیحییە تووندڕەوەکانی ئوروپا هۆکاری ئایینیان کردە بەڵگەیەک بۆ هێرشیان بۆ وڵاتی شام، کە هێندێ جار لە کاتی هێرشەکانیاندا هۆکاری ئایینی لاواز بوو بە ڕادەیەک لە نێوان ئاراستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای نوێدا وون دەبوو. مەسیحییەکانی ئوروپا دەنگۆی ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە مەسیحییەکانی وڵاتی ئیسلامی بە دەستی فەرمانڕەوایانی ئیسلامی تووشی ئازار و شکەنجەی زۆر هاتوون. هاوکات پاپ ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵکی کۆمەڵگای ئوروپا. هەروەها پرسی حەج کردنی کاریگەری هەبووە لە سەر جوڵاندنی هەست و سۆزی مەسیحییەکانی ئوروپا بە هۆی خراپی ڕەفتاری موسڵمانەکان بەرامبەر حاجییە مەسیحییەکان کە لەو نێوەدا دەسەڵاتدارانی شیعەی فاتمی و تورکانی سڵجوقی لەو شێوە ئاکارە ناڕەوایەدا دەوری سەرەکیان گێڕاوە، چوونکە بۆ ماوەی چوار سەدە تا ئێستا هەلسوکەوتی موسڵمانانەکان لە گەڵ جولەکە و مەسیحییەکان لەو پەڕی هێمنیدا بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوە مێژوونووسانی ئوروپایی دان بەوە دادەنێن کە ژیانی مەسیحییەکانی ژێردەسەڵاتی موسڵمانەکان زۆر باشتر بووە لە ژیانی مەسیحییەکانی ژێر دەسەڵاتی بیزانس.
هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی: سیستمی دەرەبەگایەتی کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە ستەم و چەوسانەوەی خەڵکی هەژار. لە هەمانکاتیشدا مەترسییەکی گەورە بوو لە سەر لاوازی دەسەڵاتی ناوەندیی و ئەو شێوە سیستمەی بە تەواوی لە ئوروپا داماڵیبوو. ئەو سیستمە لەو پەڕی گەشەسەندنی خۆیدا بوو کاتێک کە شاڕلمان زەوی دەدا بەو کەسانەی کە خزمەتی سەربازی سپای شارلمان دەکەن، هاوکات شەڕی ناوخۆ و هێزەکانی” فێکنج” لە فەڕانسە وایان کرد لە هێندێ خاوەن زەوی کە توانای بەرگریان نەمابوو داوای یارمەتی لە دەرەبەگەکان بکەن کە هێزی سەربازیان هەبوو بەرامبەر بەوەی لە خزمەت ئەواندا بن بە مەبەستی پارێزگاری کردنی زەوییەکانیان (اقطاعیات) ماوەی خزمەتی سەربازی ۴٠ ڕۆژ بوو جگە لەوەی کە دەرەبەگەکان زەویان دەدا بەو بنەماڵانەی کە لە زەوییەکانیاندا کاریان دەکرد هەروەها لە پێناوی زیادکردنی بەرهەمدا دەستیان کرد بە کێڵانی باخەکان و ئامادەکردنیان بۆ کشتوکاڵ. بێ گومان جوتیاران بە هۆی چەوسانەوەی دەرەبەگەکان لە هەموو مافە سەرەتاییەکان بێ بەش بوون بۆیە جوتیاران و کۆیلەکان بە دوای ڕێگایەک دەگەڕان بۆ ڕزگاربوون لە سیستمی دەرەبەگایەتی، چوونکە لە سایەی ئەو سیستمەدا کە بچووکترین ئاسەواری ژیانی مرۆڤایەتیی تێدا نەبوو، لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان و بێ بەش بوون لە بەرهەمی کێڵگەکانیان. بۆیە سەرهەڵدانی هێرشی خاچییەکان باشترین هەل بوو بۆ ڕزگاربوون لە دەرەبەگەکان، سەرەڕای مەترسییەکانی ئەو هێرشە، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانەوە زۆر لە ژیانی جوتیاری و کویلەتی باشتر بوو. بەڵام کاریگەری خراپی سیستمی دەرەبەگایەتی تەنیا پێوەندی بە چینی جوتیار و کویلە نەبوو بەڵکوو شوێنەواری لە سەر چینی دەرەبەگیش جێهێشت. چوونکە سیستمی دەرەبەگایەتی لە میراتدا پشتاوپشت بوو، تەنیا کوڕی گەورە مافی وەرگرتنی میراتی هەبوو ئەوانی تر کوڕ و کچ لەو مافە بێ بەش دەبوون و ناچار بەدوای شوێنی تر دەگەڕان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان و دەسکەوتی زەوی کشتوکاڵی چاکتر لە ڕۆژهەڵات.
لە سەرەتای سەدەی ١١ی زایینیدا لە کۆمەڵگای ئوروپاییدا هێزێکی نوێ سەریهەڵدا، ئەویش نۆرماندییەکان بوو کە لە ساڵی ٢٩٩ ک/ ٩١١ز، لە دۆڵی “ڕووباری سین” نیشتەجێ بوون و دواتر ئەو شوێنە بە نۆرماندیا ناسرا. نۆرماندییەکان لە کاروباری دەریاوانی و بازرگانی و چەتەیی و کۆنتڕۆڵکردنی دەریای سپی نێوەڕاست و دەست پێکردنی پێوەندی بە شارەکانی ئیتالیا و دوڕگەکانی بریتانیا و دەریای نێوەڕاست و ڕۆژهەڵات ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو.

هاوکات لە ڕۆم ململانێ لە سەر دەسەڵات نێوان بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەستی پێکرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و فەرامۆش کردنی گەل و نیشتمان و بەرێوەبردنی کاروباری وڵات و لە پێناو بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر بیریان لە زەوی بەپیت و بەرەکەتی زیاتر دەکردەوە، بۆیە دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە میر و پاشاکانی ئوروپا وەکوو: ” فردریک باربارۆسا، ریچارد شێردڵ، فیلیپ ئۆگستس، فردریکی دووهەم و لۆیسی نۆهەم بەشداری شەڕی خاچییەکانیان کرد لە ترسی دەرکردنیان لە کڵێسا و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات وڵاتەکەیان لە لایان پاپەوە، گەلێک میرەکان بە مەبەستی فراوانکردنی ناوچە دەرەکەکانیان بەشداری ئەو شەڕەیان کرد. بێ گومان ئەو هۆکارە سیاسییەش کاریگەری بەرچاوی هەیە لە بەشداری میر و پاشاکانی ئوروپا بۆ شەڕی خاچ پەرستی بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، هەروەک جوتیار و کویلەکان بە مەبەستی ڕزگار بوون لە  چەوسانەوەی دەرەبەگایەتی  و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەشداری ئەو شەڕانەیان کرد.

هۆکاری ئابووری: هۆکاری ئابووری لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی هێرشی خاچییەکان بۆ ڕۆژهەڵات بوو، بە تایبەت کە کۆمەڵگای ئوروپایی لەو کاتەدا لە سایەی دڕندەترین سیستمی دەرەبەگایەتیدا دەژیان، بەشداربووانی شەڕی خاچ پەرستی لە ساڵی ۴٨٧ ک/ ١٠٩۴ز، ئوروپا تووشی نەهامەتی لافاو و نەخۆشی و برسییەتی بوو کە هاندەر بوو بۆ کۆچکردنی خەڵک لە زەوییەکانیان، خراپ بوونی باری گوزەرانی خەڵک و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری ئوروپا بە گشتیی و فەڕانسە بە تایبەتی بووە هۆی ئەوەی کە مەسیحییەکان ڕوو بکەنە وڵاتی شام بۆ ئەوەی کە لە برسییەتی و ڕەش و ڕووتی ڕزگاریان بێت و سەرچاوەی ژیانی باشتریان دەسکەوێت. هاوکات درووستبوونی بیری خورافە لە لای ئوروپاییەکان بەرامبەر بە داهاتە کانزاییەکان ڕۆژهەڵات بۆ نموونە “جوانفیل” دەڵێ: دانیشتووانی دەوروبەری ڕووباری نیل ئێواران تۆڕ دەخەنە ڕووبارەکە ڕۆژی دواتر پڕ بووە لە شتی بەنرخ و گرانبەها کە هەمووی لە بەهەشتی زەوییەوە هەڵقوڵیوە. ئەوەش بۆ خۆی کاریگەری هەبووە لە سەر عەقڵییەتی کۆمەڵگای ئوروپایی. یان پاپ ئوریانی دووهەم لە وەسفی شام دا دەڵێ: ماست و هەنگوێنی تێدا هەڵدەقوڵێ.
بەمجۆرە شەڕەکانی خاچ پەرستی بە دەستپێشخەری مەسیحییەکانی ئوروپایی دەستی پێکرد. ئەو شەڕانە لە هەشت قۆناغدا و لە نێوان سەدەکانی ١١ و ١٣ی زایینی بە ڕشتنی خوێنی هەزاران مەسیحی و موسڵمان دەستی پێکرد.

یەکەمین قۆناغی ئەو شەڕە لە ساڵی ١٠٩۵ی زایینی بەهاندان و کۆکردنەوەی مەسیحییەکانی ئوروپا لە لایان پاپ ئوربانی دووهەم  بە دژی موسڵمانانی تورکی سلجوقی دەستی پێکرد و بە دامەزراندنی دەوڵەتی مەسیحی لە قودسی داگیرکراو لە ساڵی ١٠٩٩ی زایینی کۆتایی پێهات.

یەکێک لە نووسەرانی شەڕەکانی خاچ پەرستی بەو شێوەیە ئاماژە بە خاڵی لاوازی موسڵمانەکانی ئەو سەردەم دەکا:

“… گەورەترین خاڵی بەهێزی فەرەنگییەکان، پەرش و بڵاوی موسڵمانەکان بوو. بە هۆی ناتەبایی ڕێبەرانی موسڵمان و یارمەتی نەدانی یەکتر،  بووە هۆی ئەوەی کە گیانبازانی مەسیح بە ئامانجی خۆیان بگەن. شیعەکان کە خەلیفەکانی فاتمی ڕابەر و پێشەنگیان بوون، بە ڕادەیەک لە خەلیفەی بەغدا و تورکانی سووننی مەزەب بێزار ببوون، لە مەسیحییەکانی سەردەمی تورکەکان تا ئەو ڕادە بەنەفرەت نەبوون…..”

پاپ بەڵێنی پێدان کە هەر کەسێک بەشداری ئەو شەڕە پیرۆزە بکات، گشت تاوانەکانی وەبەر لێبوردن دەکەوێت و لەدانی باج عافوو دەکرێ و دەتوانێ دەست بەسەر گشت سامانی وڵاتی  موسڵمانان بگرێت.

ئامانجی پاپ ئوربانی دووهەم دوو مەبەستی گشتیی بوون:

وەڵامی ئەرێنی بە داوای یارمەتی لە لایان ئیمپراتۆری ڕۆمی ڕۆژهەڵات لە بیزانس کە لە ڕوانگەی پاپ و مەسیحییەکان کۆسپێکی گەورە بوو لە بەردەم موسڵمانەکان.
ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی ئورشەلیم لە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانەکان یان بە واتای پاپ کافرەکان.
بە فەرمانی پاپ ڕۆژی ١۵ی ئوتی ساڵی ١٠٩۵ی زایینی بەرەو وڵاتی پیرۆز کەوتنە ڕێ. سێ لەشکری خاچییەکان لە سێ ڕێگای جیاوازەوە بە هێزێکی گەورەوە کەوتنە ڕێ و بڕیاریاندا کە لە قەستەنتینە بەیەک بگەن.

گەیشتنی خاچییەکان بۆ ئورشەلیم سێ ساڵ و …  لە گەڵ گیرو گرفت و تێکەڵچوونێکی زۆر درێژەی کێشا. بەڵام سەرەنجام لە ١۵ی ژوئیەی ساڵی ١٠٩٩ی زایینی شاری بیت المقدس لە ئاست هێرشی بەردەوام و بێ بەزییانەی ئەواندا بەچۆکدا هات و کوشت و بڕێکی خوێناوی سەریهەڵدا کە دواتر بەرۆکی مەسیحی و جولەکەکانی خۆجێیشی گرتەوە.

    هاشم زوورئاوەر

دریژه ی هه یه

برچسب ها
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن