گفتگو

سولتان سه لاحه ددینی ئه یووبی و ئازادکردنی قودس(۲-۲)

سەرهەڵدانی سەلاحەددین

لە هەلومەرجێکی وەها ناسک و هەستیاردا بوو کە سەلاحەددینی ئەییبووبی چاوی بە دونیا هەڵێنا. سەلاحەددین کوڕی یووسف کوڕی ئەییبووبی کوڕی شادییە. ابن خلکان دەڵێ بەشێکی زۆر لە مێژوونووسان لە سەر ئەو باوەڕەن کە باوک و کەس و کاری سەلاحەددین لە (دوین) وە هاتوون کە شارێکە لەو پەڕی ئازەربایجان، ئەوان ڕوادین و ڕوادیش تیرەیەکە لە هەزبانی کە هۆزێکی گەورەی کوردانە. شادی باپیرەگەورەی سەلاحەددین لەو گوندی دوین ڕا وێڕای دوو کوڕەکانی نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆ دێتە بەغدا  ودواتر بۆ تکریت کۆچ دەکەن.

سەلاحەددین هەڕەتی مناڵی و خوێندن لە شاری دێمێشق لەو پەڕی ئاسایش و هێمنییەوە دەباتە سەر و پێش ئەوەی کە بچێتە ناو هێزی چەکداری، سەرقاڵی  خوێندن و زانست دەبێ.

باوکی سەلاحەددین ئەوکات دەسەڵاتداری تکریت بوو و باوک و مامی سەلاحەددین کاربەدەستی حکوومەتی نوورەددین مەحموود بوون. ئەسەدەددین شێرکۆ مامی سەلاحەددین لە سێ  هێرشی نوورەددین بۆ میسر بەشداری کرد و لەهێندێکیان ناوبراوی هاوڕێی خۆی کرد تا ئەوەی کە سەرەنجام بە هاندانی شێرکۆ چووە ناو سپایەک کە دواتر بووە بە فەرماندەی ئەو.

سەلاحەددین وێڕای سپای شێرکۆ  بەمەبەستی فەتحی میسر کە لە ژێر دەسەڵاتی فاتمییەکاندا بوو، کەوتەڕێ. دوای شەڕ و ململانێی زۆر لە ئاکامدا لە تەمەنی ٣۵ساڵیدا و لەساڵی ١١٧٣ی زایینی فەرمانڕەوایەتی گرتەدەست و بناغەی دەوڵەتی ئەیووبی کوردی دامەزراند.

سەردەمی دەسەڵاتداری سەلاحەددین بۆ میسرییەکان چاخێکی زێڕین و پڕپیت و بەرەکەت بوو، چوونکە بێجگە لە ئاسایش  و هێمنی، گەشەی ئابووریشی بەدواوە بوو. سەرەڕای گەمارۆی ئابووری حکوومەتی سەلاحەددین لە لایان پاپەوە، سەوداچیی زۆر لە وڵاتان و شارەگرینگەکانی ئوروپایی بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی چەک و چۆڵیان دەگەیاندە ئەو وڵاتە.

لەسەردەمی سەلاحەددین بەهۆی ئۆگری زۆری ناوبراو بە زانستەکانی ئایینی  و فقهی و عیرفان، ناوەندەکانی زانست و فەرهەنگی وەکوو زانکۆی ئەزهەر زۆر لە ڕادەبەدەر گەشەی سەند.

یەکەمین هێرشی خاچ پەرستەکان بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی سەلاحەددین

پادشای بیت المقدسی داگیرکراو چاوی تەماعی بڕیبووە وڵاتی میسر، بەمجۆرە بوو کە هێرشیان کردە لەنگەرگای ئەسکەندرییە، کەچی سەلاحەددین لەو پەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە ئەو هێرشەی ئەوانی پووچەڵ کردەوە.

سەلاحەددین لە پاییزی ١١٧۶ دوای ئەوەی کە سووریای هێنایەژێر دەسەڵاتی خۆی، تورانشای برای کردە پارێزگاری ئەو وڵاتە و خۆی بۆ میسر گەڕاوە.

هاوکات لە گەڵ ئەو ئاڵۆگۆرانە، سەلاحەددین بڕیاری لێدانی پارە بەناوی خۆی بوو کە ئەوپەڕی دەسەڵاتی ناوبراوی دەسەلماند.

فەتحی بیت المقدس بە دەستی سەلاحەددین

لە ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەجەبی ۵٨٣ی کۆچی شەوی ئیسرا و میعراج  واتە دوومانگ و نیو دوای گرتنەوەی (حطین)  شاری پیرۆزی قودس بە بێ ڕژانە دڵۆپە خوێنێک خۆی بەدستەوەدا، تەواو بە پێچەوانەی ئەوەی کە پێش ٨۵ ساڵ ڕوویدا، کاتێک کە خاچ پەرستەکان قودسیان گرت و پێی وڵاخەکانیان لە ناو خوێنی موسڵماناندا دەچەقی. بەڵام سەرەڕای ئەوە سەلاحەددین فەرمانیدا کە ماڵی کەس تاڵان نەکەن، پیاوەکانیان لە نێوشاردا دەگەڕان نەیاندەهێشت کەس دەست بۆ قەشە و کریستانییە ئوروپاییەکان درێژ بکات، هەروەها لە سەر داوای سەلاحەددین، ئەبووبەکری برای ١٠٠٠ دیلی خاچ پەرستی ئازاد کرد و هەر لە ڕیی خوادا ٧٠٠ دیلی تریش ئازاد کران و بڕیاریدا پیرەمێرد  و ئەو ژنانەی کە بێ خاوەنن، ئازاد بکرێن. پێشتریش ئەو ژنە دیلانە ئازاد کران کە جاران بە دیل گیرابوون و لە گەنجینەی خۆی پووڵ  وپارەی بە سەر بێوەژن و هەتیواندا بڵاو دەکردەوە.

ڕانیسمان دەڵێ: بە ڕاستی دڵ نەرمی و بەزەیی سەلاحەددین تەواو پێچەوانەی کرداری داگیرکەری خاچ پەرستەکانی هەڵمەتی یەکەمی سەلیبی بوو. ئەو سەرکردەیە بە تووندی سزای ئەو کەسەی دەدا کە ئازاری دیلە مەسیحییەکانی دەدا.

ڕۆژی هەینی سەلاحەددین و کۆمەڵێک لە نوێژکەران نوێژی هەینی  و نوێژی شوکرانەبژێریان لە (مسجدالاقصی)  کرد و قازی قوزاتی حەڵەبی ناسراو بە زەکییەددینی دێمشقی بەو بۆنەوە وتارێکی خوێندەوە.

ڕیچارد شێردڵ ئەوەی بەس بوو کاتێک کە کارێک بکات کە ئەو پەڕی قین و نامەردی و ترسەنۆکی بنوێنێت، کاتێک فەرمانیدا ئەو موسڵمانانەی کە دەهاتنەوە دەرەوە و ژمارەیان نزیک بە ٣٠٠٠ کەس دەبوو، بیانهێنێتە سەرگردێک و لەوێ بە گوریسی بەستیاننەوە و خاچ پەرستەکان تێکرا پەلاماریاندان و هەموویان کوشتن هەروەک مێژوونووسێکی ڕۆژئاوایی دەڵێ: سەربازەکانی ڕیچارد ئەوەندە سەرقاڵ و تامەزرۆی ئەو کوشتارە بوون، زۆر بە دڵێکی خۆشەوە سپاسی خودایان کرد کە ئەو هەلەی بۆ ڕەخساندوون.

ئەو کارە نامرۆڤانەی ریچارد و هەڤاڵانی دژی دیلە موسڵمانەکان، گەلێ لە ڕەوشتی بەرزی سەلاحەددینی سەرکردە دوور بوو، کە چۆن لە گەڵ دوژمنی داگیرکەر جوڵاوە؟ چی بە دیلەکان کرد؟ دوای سەرکەوتنی حتین، پاشان دوای ڕزگاری قودس  و شارەکانی فەلەستین و شام. ئەو کارەی ڕیچارد کردی، کردەوەیەکی شوورەیی، پێچەوانەی ڕەفتاری سەلاحەددین بوو لە گەڵ مەسیحییەکان.

لەگەڵ ئازادبوونی بیت المقدس بە دەستی موسڵمانەکان، بە وتەی( یهودالحزیری مێژووانی جولەکە) جولەکەکان کە پێشتر و لە سەردەمی داگیرکاری مەسیحییەکان زیارەتی شوێنەپیرۆزەکانی خۆیان لێ قەدەغەکرابوو، ڕێگای هاتووچۆی ئەو شارەیان پێدرا تا زیارەتی شوێنەپیرۆزەکانیان بکەن.

سەلاحەددین بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە پێڕەوانی ئایینەکانی ئیبڕاهیمی لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بە باوەشی ئاوەڵا وەردەگرێت.

بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی بیت المقدس بە دەستی سەلاحەددینی ئەیوبی لە ساڵی ١١٩٠ی زایینی پاپ  و پێڕەوانی بڕیاری گرتنەوەی سەر لە نوێی ئەو شارەیاندا.

ئەمجارەیان مەسەلەکە ئاڵۆزتر ببوو، بەجۆرێک کە ڕیچاردی یەکەم پادشای بریتانیا ناسراو بە ریچارد شیردل و فلیپ ئاگوست پادشای فەڕانسە بەشداری شەڕیان دەکرد، ساڵێک دواتر لە شەڕی عکا پێکەوە گەیشتن.

ساڵ و نیوێک لە تێکەڵچوونی نێوان هێزەکانی خاچ پەرستی و موسڵمانەکان بێ هیچ ئەنجامێکی بەرایی درێژەی هەبوو، دووسپای پادشاکانی ئوروپایی لەو شەڕانەدا تووشی زیانێکی قورس هاتن، بۆیە ناچار بڕیاری ئاشتیان لە گەڵ سەلاحەددینی ئەییووبیدا.

ئەوان متمانەیان بە ئازایەتی و بوێریی سەلاحەددین نەبوو، کەچی سوڵتان بە تەنیایی  لە ئاست هێزەکانی خاچ پەرستی و ناردنی پەیتاپەیتای هێزەکانی تازە نەفەسی ئوروپایی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات خۆڕاگرییەکی وەهای نیشاندا کە  مێژوو بە شانازییەوە تۆماری دەکات.

بڕیاری واژۆکراوی نێوان هەردوو هێز بە ماوەی پێنج ساڵ درێژەی هەبوو.

بە باوەڕی زانایان و مێژوونووسانی ڕۆژئاوایی شەڕەکانی خاچ پەرستی لە بنەڕەتدا شوێنەواری باش و ئەرێنی بۆ کۆمەڵگای ئوروپایی بە دواوە بووە کە ئەوانی شارەزای زانست و پێشکەوتنەکانی زانستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات کرد.

ئاکار و ڕەوشت  و باوەڕی دینی سەلاحەددین

نووسەر و لێکۆڵەڕی ڕۆژئاوایی (استیون رانیسمان)  لە کتێبی بەنرخەکەی مێژووی شەڕەکانی خاچ پەرستی لە پێوەندیی لە مەڕ ئەو کەسایەتیە بەو شێوەیە دەنووسێت:

سەلاحەددین  ئەندامێکی کز و لاوازی هەبوو، سیمایەکی خەمخۆر و هێمن، خاوەنی ئاکار و ڕەوشتی بەرز، پەسندی سادەیی دەکرد و لە خۆنواندن و لەخۆبایی بوون بێزار بوو. ئۆگری سرووشت دەشت و چیا بوو، سەرەڕای ئەوانە لە خوێندن و موتالاکردن خۆی نەدەبوارد….

هەمان ئەو نووسەرە لە بارەی دوژمن و نەیاری سوڵتان واتە ریچارد شیردل بەو شێوە هەڵسەنگاندنی کردووە:

ئەو کەسێکی ناڕەسەن و ناجسن، بێ ئەمەگ و نالێهاتوو بوو، بەڵام لە گۆڕەپانی شەڕدا زۆر ئازا و بوێر و ناوبانگ بوو.

سەلاحەددین کە بەنازناوی (المظفر) و (سیف الدین) ناوبانگی دەرکردبوو، زۆر پارێزگار بوو و ڕۆژگاری ژیانی وێڕای بوێریی، بە یادی خوا ڕادەبوارد و ئۆگرییەکی زۆری بە قورئانی پیرۆز و گێڕانەوەکانی پێغەمبەری مەزن(د-خ) هەبوو.

ناوبراو ڕێزی درووشم و هێماکانی دینی دەگرت و مرۆڤێکی ڕێک و پێک و بەدیسیپلین بوو.

سەلاحەددین فەرمانڕەایەکی بەسۆز  و بەزە و هاورێی چەوساوان و جوامێر و دڵاوا بوو. لە هەڵسوکەوتدا ڕەوشتێکی جوانی هەبوو، ڕەچاوی گشت تایبەتمەندییەکانی ڕەوشت و ئەخلاقی دەکرد. لە کۆڕ  و دانیشتنەکانی ناوبراو کەس ئێرەیی بە کەس نەدەبرد. پێگەیەکی قووڵی جەماوەری لە ناو خەڵکدا هەبوو و گشت خەڵک بە تێکڕایی خۆشیان دەویست…..

سەلاحەددین کەسایەتییەکی دێموکڕات بووە بە چەمکی ئەمڕۆ، بەردەوام حەولی داوە دڵی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، هاوکات ڕێزی زۆری سەرباز و فەرماندەکانی گرتووە، نانی لە گەڵ خواردوون و لە خێوەت لە گەڵیان نوستووە، زۆری ڕێز لە ڕاوبۆچوونەکان و ڕای دێموکڕاتی ئەنجومەنەکەی گرتووە. پێش بڕیاردان لە هەرشتێک کۆبوونەوەی لە گەڵ شارەزایانی ئەو بوارە کردووە و دواتر بڕیاری داوە.

لە تایبەتمەندییەکانی تری سەلاحەددین هەڵسوکەوتی دادپەروەرانەی لە گەڵ شکست خواردووەکان بوو، بەردەوام ڕێزی بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی ئایینەکانی تری دەگرت.

هەمووی ئەو تایبەتمەندیانەی کە لە کەسایەتیی سەلاحەددین کۆبوونەوە بواریان ڕەخساند بۆ ئەوەی کە وەکوو بلیمەت و سەرکردەیەک لە مێژووی ئیسلام و لە سەدەکانی نێوەڕاستدا لە لای ئوروپاییەکاندا لە مێژووی خاچییەکاندا.

ئەو تایبەتمەندییە بە دڵنیاییەوە گەورەترین هۆکار بووە بۆ سەرکەوتنی چەکداری و پێشکەوتنی شارستانییەتی ناوچە و لە ئاکامدا دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی ئەیوبی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە نێوان ساڵانی۵۶٧ک/  ١١٧١ز- ۶۴٨ک/ ١٢۵٠ز) کە نزیکەی ٨١ ساڵ فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان کردووە و سەرکردەی گەورەترین بەرەی ئیسلامیان کرد. سەلاحەددین حوکمڕانی بەشێکی زۆر لە کوردستان، وڵاتی شام و فەلەستین و میسر و لوبنان و یەمەن و سودان)ی کرد کە لەو ماوەیەدا توانی پەرە بە شارستانییەت و زانست و هونەر و بازرگانی نێوخۆ و دەرەکی  و ڕۆژئاوا و بەتایبەت شارەکانی ئیتالیا بدات، وێڕای ئەوەی کە بارودۆخی ناوچەکەی لە ڕووی دادپەروەری و هێمنی  و ئاسایشەوە سەقامگیر کرد و بەشێکی زۆر لە یاسا و بازاڕ و بناغەی شارستانی و ئاوەدانی ڕۆژئاواییەکان  لە دەوڵەتی ئەیوبی کوردی وەرگیراوە

ڕوون و ئاشکرایە کە بە درێژایی مێژوو بە دەگمەن کەسایەتیی وەکوو سەلاحەددین بە تایبەتمەندییەکانی زانایی و مرۆڤ پەروەری هەڵدەکەوێ، چوونکە بە درێژایی مێژوو دوو تایبەتمەندی سەرکەوتن و لێبوردەیی قەت پێکەوە سازگاریان نەبووە.

و بە یەکێک لە سەردارەکانی خۆی (ملک الظاهری کوڕی)  کە وەکوو فەرماندەیی حلب ڕەوانەی دەکرد، بەو شێوەیە ئامۆژگاری دەکرد:

من ئێوە بە خوای مەزن کە سەرچاوەی هەموو ڕسق و ڕۆزییەکانە دەسپێرم.

بەردەوام مل کەچی  ویست و ئیرادەی خوای مەزن بن چوونکە تەنیا ئەوە کە سەرچاوەی ئاشتی و هێمنی و ئارامییە.

ئاگادار بن کە هیچ کات خوێنی کەس بە ناڕەوا نەڕێژن، چوونکە خوێنی بەناڕەوا ڕشتن چاوپۆشیی نییە.

حەول بدەن کە بەردەوام  دڵی ژێردەستان  بەدەست بهێنن.

ژیرانە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی بکەن.

 هەڵسەنگاندنی ناڕەوا و نەرێنیتان بە نیسبەت کەسی تر نەبێت.

سەلاحەددین کۆچی دوایی کرد  و ماڵ و سامانێکی ئەوتۆی لە پاش خۆی بەجێ نەما. لە کاتی مەرگیدا زێڕ و زێوێکی لە خەزێنەی خۆی جێ نەهێشت، تەنیا ۴٧ درهمی ناسری و دینارێک زێڕ نەبێ. ماڵ و مڵک و مەزرایەکی نەبوو. لە دوایین ساڵی ژیانی بڕیاری چوونی ماڵی خوای هەبوو بەڵام بە هۆی هەژاری و نەداری لە گەیشتن بەو ئاواتەیدا ناکام ما.

قارەمانی ئازا و بوێر و سوڵتانی وڵاتی بەرینی ئەیوبی کە سێ پێتەختی ( قاهرە و دێمێشق و حەڵب) ی هەبوو، لەو پەڕی هەژاریدا جیهانی جێهێشت.

سەرەڕای ئەوەی کە ناوبانگی سوڵتانی سوڵتانەکانی هەبوو، بەڵام دەست  و پێوەندییەکانی ناچار بوون بەمەبەستی دابینکردنی خەرجی کفن و ڕێوڕەسمی ناشتنی، هێندێک پووڵ بە قەرز وەربگرن.

سوڵتان لە ڕۆژی چوارشەممە ۴ی مارسی ١١٩٣ لە تەمەنی ۵٧ ساڵیدا لە شاری دێمێشق دوای نوێژی بەیانی کۆچی دوایی کرد. دوای بەڕێکردنی تەرمی سەلاحەددین، قازی فازڵ شمشیرەکەی هەڵگرت و بردی لە ناو گۆڕەکەی لە تەنیشتی دریژ کرد و پێی گوت: ئەی سەرکردەی مەزن لە سەفەری بەرەو بەهەشتت ئەوە بکە بە داردەستی خۆت، جا هەموو دایانە پڕمەی گریان.

سەلاحەددین دوای خۆی ١٧ کوڕ و کچێکی لە پاش خۆی بە جێهێشت؟

مێژووناسان لە داخی لەدەست چوونی سەلاحەددین نووسیویانە: بەڕاستی لە دوای مەرگی خولەفای ڕاشدینەوە تا ئێستا جیهانی ئیسلام کۆستێکی وایان نەکەوتووە.

کۆتایی.

  هاشم زوورئاوەر

 به شی یه که می ئه م بابه ته(سولتان سه لاحه ددینی ئه یووبی و ئازادکردنی قودس(۲-۱)

برچسب ها
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن