اندیشهعقاید

سوننه‌نی خوا بۆ دابەشکردنی ڕۆژی

ڕۆژی

سوننەت و ڕەوشی خوای گەورە لە دابەشکردنی ڕۆژی یا ڕزق و ڕۆژی بەخێوکردنی گیانلەبەران

سەرەتا پێناسەی ڕزق؛ لە زاراوەی کوردەواریدا پێی دەوترێ ڕسق. لە وشەدانی (لسان العرب)یدا هاتووە (الرزق) واتە: بەخشین، دان. هێندێ جاران بە باران دەوترێ ڕزق: «وَمَا أَنزَلَ اللَّهُ مِنَ السَّمَاءِ مِن رِّزْقٍ فَأَحْیَا بِهِ الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا»

رزق دوو بەشە:
١- بەشێکی دیارە وەک قووت.
۲- شاراوەیە وەک زانست و ناسین.

وشەدانی (المعجم الوسیط) ئاوا پێناسەی دەکا. (الرِزق) ناوێکە بۆ ئەو شتەی کراوەتە بەشی تۆ. یانی تەواوی ئەوەی سوودی لێ ڕەچاو دەکرێ وەک جلوبەرگ، ئەوەی دەچێتە گەدە و تەن هێزی پێ دەگرێ: «فَلْیَأْتِکُم بِرِزْقٍ مِّنْهُ». قیل: کم رزقک فی الشهر؟ یانی ڕاتبەکەت چەندەیە لە شارا.

لە پەڕاوی (النهایه لابن الٲثیر)دا ده‌ڵێ: یەکێک لە ناوەکانی خوای گەورە (الرزاق) واته ئەو زاتەیە ڕزقی ئافراندووە و ڕزقی چێکراوانی دیاری کردووە و پێی گەیاندوون.

لە (المفردات للراغب)دا ئاوا شی دەکاته‌وه‌؛ ڕزق هەم بە بەشی بەردەوام دەوترێ، جا دنیایی بێ یا دواڕۆژی، هەم بە سەهم دەوترێ. هەروەها بەوەش دەوترێ که دەگاتە نێو دەروون و چێژی لێ دەبینێ. «وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاکُم مِّن قَبْلِ أَن یَأْتِیَ أَحَدَکُمُ الْمَوْتُ» یانی لە ماڵ و کەسایەتی و زانست. سەبارەت بە رزقی دواڕۆژ: «وَلاَ تَحْسَبَنَّ الَّذِینَ قُتِلُواْ فِی سَبِیلِ اللّهِ أَمْوَاتاً بَلْ أَحْیَاء عِندَ رَبِّهِمْ یُرْزَقُونَ» ڕازق بەو کەسە دەڵێن کە داهێنەری ڕزق بێ، بەخشەر و هۆکاری ڕزق بێ. ڕەززاق تەنیا بۆ زاتی ئەڵڵا دەوترێ.
پوختەی مەبەست؛ ئەو واتایەی گەرەکمانە لە وشەی ڕزق بریتییە لەوەی هەر ماڵێ قازانجی ببێت، جا ماددی بێ وەک: زێڕ و زیو، حەیوان، زار، میوە، ماڵی جێگر، خواردن، جلوبەرگ، خانووبەرە و… تاد. یاخود دەروونییە (معنوی) پەروەردە و ڕاهێنان، زانست، گەورەیی و پلەی دنیایی، دەسەڵات، ژیری و زیرەکی، ڕەوشتبەرزی و کەسایەتی و… هتد. جا یەکسانە لە دنیایا سوودیان ببێ وەک ئاماژە پێکراوان یا لە دواڕۆژا وەک ڕەزامەندی خوای گەورە و پاداشتی و بەخششەکانی بەهەشت و… هتد لە وانەی خوای دڵۆڤان پێی ڕاگەیاندووین.

چەن ئایە سەبارەت بەوەی خوای مەزن ڕۆژیدەرە وەک: «وَمَا مِن دَآبَّهٍ فِی الأَرْضِ إِلاَّ عَلَی اللّهِ رِزْقُهَا وَیَعْلَمُ مُسْتَقَرَّهَا وَمُسْتَوْدَعَهَا کُلٌّ فِی کِتَابٍ مُّبِینٍ» یا «وَکَأَیِّن مِن دَابَّهٍ لَا تَحْمِلُ رِزْقَهَا اللَّهُ یَرْزُقُهَا وَإِیَّاکُمْ وَهُوَ السَّمِیعُ الْعَلِیمُ» یاخود «إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّهِ الْمَتِینُ». زۆر ئایەتی‌ تر کە ئاماژە بە ڕۆژی خوڵقاوەکان ئەدەن.

کەواتە ئەبێ ڕۆژی هەر لە خوا داوا بکەین، وەک لە قوڕئانا فێرمان دەکات «فَابْتَغُوا عِندَ اللَّهِ الرِّزْقَ» واتا لەلای خوا داوای ڕۆژی کەن. یانی موسوڵمان ئەبێ پشت بەخوا ببەستێ لە بەدواداچوونی ڕۆژی و دوعاش بکات سەبەب و دەرگای ڕۆژی بۆ هاسان و سووک بکات.
ڕەوشی خوای ڕۆژیدەر وایە حەیواناتی جۆرێ خوڵقاندووە، خۆیان سەربەخۆ دوای ڕۆژی وەدەسهێنانی خۆیان بکەن بە گرتنەبەری هۆکارەکان وەک بزوان و کۆچکردن و شوێنگوێزانەوەی و گەڕان بەدوایدا. بەم جۆرەش مرۆی وا ئافراندووە بە کەڵک وەرگرتن لە هۆکار و ئامڕازەکان، هەریەک ڕۆژی خۆی پێ‌ بگات، ڕێگەی ڕۆژیشی بۆ سانا و ساکار کردووە و فەرمانی داونێ که ڕەنجدەر بن بۆ گەیەشتن بە مەبەستیان.

تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ڕزق و ڕۆزی: ئاماژەمان‌ کرد بەوەی خوای گەورە ڕۆژی ئەدات بە خوڵقێناراوانی بە گرتنەبەری هۆکارەکان، وەک گەڕان بە زەویدا: «هُوَ الَّذِی جَعَلَ لَکُمُ الْأَرْضَ ذَلُولاً فَامْشُوا فِی مَنَاکِبِهَا وَکُلُوا مِن رِّزْقِهِ وَإِلَیْهِ النُّشُورُ». واتا، بڕۆن بگەڕێن و سەفەر بکەن بەسەر زەویدا بۆ هەموو جۆری کاسبی و ئیش‌ و کار و سەوداکردن. ئەم بڕگەی ئایەکە «وَکُلُوا مِن رِّزْقِهِ» یانی کەڵک ببینن لەوەی خوای گەورە کردوویەتییە نیعمەت بەسەرتانەوە. پێغەمبەر(د.خ) ئەفەرموێ: خوای گەورە بەندەی بڕواداری پێشەوەری خۆشەوێت.

گەر هەوڵدان بۆ پەیاکردنی ڕۆژی تەنیا ڕێگەی بەدەسهێنانی بێ و ڕەنجدان بۆی زۆر بەزەحمەت بێ، هەر ئەوە باشترە لەوەی دەرۆزەگەری بکات مادام توانایی هەبێت. وەک ئەفەرموێ: ئەگەر گوریسەکەت بخه‌یه‌ بن باڵت و بچیتە دارستان و کۆڵەدار بە شان بێنیت بیفرۆشێ و ڕووقاییم دەرچێ، باشترە دەرۆزەگەری بکات، بیدەنێ یا نەیدەنێ.

کاسبی کردن دژبەری پشتبەستن بە خوای دڵۆڤان نییە. پێشەوا عومەر(ر.خ) ئەڵێ: بیستم لە خۆشەویست ئەی فەرموو: گەر بەڕاستی پشت ببەستن بە خوا، ڕۆژیتان ئەیا وەک چۆن پەلەوەر بەیانی بە سکی خاڵی ئەڕوا و ئێوارە بە سکی تێرەوە ئەگەڕێتەوە.

حەکیم ترمزی ئەڵێ: پێشەوا عومەر بەلای تاقمێک لە خەڵکی تێپەڕبوو و فەرمووی: ئێوە کێن؟! چیتان ئەوێ؟ عەرزیان کرد: پشتمان بەستووە بە خوا. فەرمووی: بەڵکوو ئەنگۆ خۆرەرن و هیچی‌تر! ته‌وەککول بۆسەر خوا ئەوەیە که پیاوێ تۆوەکەی داچێنێ و ئەوجار پشت ئەبەستێ بە خوای گەورە.

کاسبی حەلاڵ لە پلەی خەباتکردنە لە پێناو خوایا. لە ئایەی بیستی سورەی (المزمل)دا ڕاستەوخۆ باسی کردووە: «… وَآخَرُونَ یَضْرِبُونَ فِی الْأَرْضِ یَبْتَغُونَ مِن فَضْلِ اللَّهِ وَآخَرُونَ یُقَاتِلُونَ فِی سَبِیلِ اللَّهِ…» فەخری ڕازی ئەڵێ: خاڵی زەریفی ئەم ئایە ئەوەیە خوای گەورە یەکسانی خستووەتە نێوان خەباتگێڕان و موسافیران بۆ کاسبی زەڵاڵ.

ڕۆزی فەڕدارە، هەرکە خوای گەورە سامانی دایە بەبێ تەماع و دەرۆزەکەری، ئەوە سوننەتی خوایی دەیگرێتەوە بە بەفەڕبوونی ڕۆزییەکەی. حەکیم کوڕی حیزام ئەڵێ: پێغەمبەر(د.خ) پێی فەرموو: ئەی حەکیم ئەم سامانە شیرین و سەوزه‌، جا هەرکەس بە سەخاوەتی دەروونەوە بیبات بەڕێوە، پیرۆز دەبێ، بەڵام کەسێ بە منەمن بیبات بەڕێوە، سامانی بێفەڕ دەبێ، وەک ئەوەی بخوات و تێر نەبێ. پەلی سەرۆ باشترە لە پەلی خوارۆ. مانای بەرەکەت یانی جێگیربوونی خێری خوایی لە ناخی هەر شتێکا.

خوای مەزن ڕۆزیدەری ئیماندار و بێ ئیمانه‌ (مؤمن، کافر)

خوای گەورە بەڵێنی داوە و ئاشکرا فەرموویەتی که ڕۆژی گیانلەبەران دەستەبەر ئەکەم. کەواتە هەر ڕۆحلەبەرێ لەم سەرزەوییە ببیندرێ یا نە، گەورە بێ یا نە، موسوڵمان بێ یا نە و… ڕۆزی خۆی ئەدات «کُلاًّ نُّمِدُّ هَؤُلاء وَهَؤُلاء مِنْ عَطَاء رَبِّکَ وَمَا کَانَ عَطَاء رَبِّکَ مَحْظُوراً» واتا: ڕۆزی بڕوادار بە بێبڕوا ئەدەین.

چێژبینین لە ڕۆزییە پاکەکان.

حەلاڵ و حەرام مافی خوای باڵادەستە بۆ کەس ڕەوا نییە، قەدەغەی شتێ بکات کە خوای گەورە مەعافی کردووە بە بەهانەی دشکردن یا ڕامکردنی دەروون، یا… گەر حه‌لاڵ بوو، کەڵکوەرگرتن لێی ڕه‌وایه‌، گەر حەرام بوو، واجبە توخنی نەکەوین. «قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِینَهَ اللّهِ الَّتِیَ أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالْطَّیِّبَاتِ مِنَ الرِّزْقِ قُلْ هِی لِلَّذِینَ آمَنُواْ فِی الْحَیَاهِ الدُّنْیَا خَالِصَهً یَوْمَ الْقِیَامَهِ کَذَلِکَ نُفَصِّلُ الآیَاتِ لِقَوْمٍ یَعْلَمُونَ».

یاسای بنەڕەتی لە چێژگرتنی ڕۆزییە پاکەکان.

ئیبنوعەڕەبی ئەڵێ: ئەوەی ئەم یاسایە ڕێک ئەخا بریتییە لەوەی لەسەر مرۆ پێویستە بخوات، ئەوە دەسی ئەکەوێ، پێخۆری لەگەڵ بێ یا نە. ناوەخنی خواردنەکە نەکاتە ئەرک لەسەرەخۆی. خۆشەویست تێری ئەخوارد گەر ببوایە، ئارامگر بوو کاتێ نەبوایە. چەلی وابوو هەڵوای ئەخوارد و چەلی واشبوو هەنگوینی نۆش ئه‌کرد. گەر گۆشتی بۆ هەڵکەوتایە ئەیخوارد و… پێخۆری نەئەکردە ئەرک بۆ خۆی و خێزانەکەی.

خوددی سامان خاوەنەکەی بنباڵ ناکات لە خوای گەورە.

بە گوێرەی سوننەتی خوایی بڕێ جار مرۆ بە هۆی کاسبییەوە ساماندار ئەبێ. چون سوننەتی خوایی واهاتووە سەروەت ئەبەخشێتە بڕوادار و بێبڕوا، گوێڕایەڵ و یاغی. سرفی دەوڵەمەندی مرۆ بنباڵ ناکاتە لای خوا! ئەوەی مرۆ نێزیک دەکاتەوە لە خوای گەورە، ئیمان و ئاکاری بەرزە: «وَمَا أَمْوَالُکُمْ وَلَا أَوْلَادُکُم بِالَّتِی تُقَرِّبُکُمْ عِندَنَا زُلْفَی إِلَّا مَنْ آمَنَ وَعَمِلَ صَالِحاً فَأُوْلَئِکَ لَهُمْ جَزَاء الضِّعْفِ بِمَا عَمِلُوا وَهُمْ فِی الْغُرُفَاتِ آمِنُونَ».

ڕۆزیدان و گرتنەوەی (هەژاری و بژاری)
چەلی وایە خوای گەورە زۆر زۆر ئەدا بە بڕێک لە ئینسانه‌کان! ئەوە ئەچێتە ڕیزی دەوڵەمەندانەوە. بڕگەی دووهەمی مرۆکان ڕۆزیان لێ ئەگرێتەوە، زۆر هەژار و برژاو ئەکەون! ئایا ئەوەی کە پێی داوه‌، شایانی بوونیەتی، ئەوەش کە نەدارە، نیشانەی سووک بوونییەتی؟!

وەڵام؛ نەخەیر، دەوڵەمەندی و هەژاری، هێمای لیاقەتی و بێلیاقەتی مرۆکان نییە. هەبوویی لە دنیایا بەڵگەی شایانی خاوەنەکەی نییە و ئەوەش ناگەیەنێ لەلای خوای مه‌زن خۆشەویستە! چونکە خواوەن تەعالا زۆرێک لە تاوانکاران و زاڵمان و مڵهوڕانی پارەخنکاو کردووە! جا لەبەر سێ هۆ ئەوەی کردووە:

۱ـ یا لەبەر ئەوەیە (یَفْعَلُ مَا یَشَاءُ، و یَحْکُمُ مَا یُرِیدُ)ه.
۲ـ یا ئەوەی کردووە لەبەر بەرژەوەندی و حیکمەتێک.
۳ـ یا بۆ ڕێگەدان و جڵەوشۆڕکردنە.

جاری واشە خوای گەورە دەرگای ڕۆژی ئەبەستێ لە ڕاستوێژان و چاکان و… لەبەر حیکمەتێ کە جگە خۆی کەس نازانێ یا سوننەتی گشتی خۆی واسە. «فَأَمَّا الْإِنسَانُ إِذَا مَا ابْتَلَاهُ رَبُّهُ فَأَکْرَمَهُ وَنَعَّمَهُ فَیَقُولُ رَبِّی أَکْرَمَنِ» (۱۵)
«وَأَمَّا إِذَا مَا ابْتَلَاهُ فَقَدَرَ عَلَیْهِ رِزْقَهُ فَیَقُولُ رَبِّی أَهَانَنِ»(۱۶)
«کَلَّا بَل لَّا تُکْرِمُونَ الْیَتِیمَ» (۱۷)
«وَلَا تَحَاضُّونَ عَلَی طَعَامِ الْمِسْکِینِ» (۱۸)
«وَتَأْکُلُونَ التُّرَاثَ أَکْلاً لَّمّاً» (۱۹)
«وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبّاً جَمّاً» (۲۰)

بەکورتی؛ یانی ئەوەی بە هێندێ که‌س دارایی ئەدات و هێندێ نەبوویی ئەدات، هیچان وانەزانن سەربەرزی و ڕێزە بۆیان لە لای خواوەندەوە یا سووکایەتی و بێحورمەتییە بۆیان! نا، خواوەن ماڵ ئەدا بە کەسێ خۆشی بووێ یا خۆشی نەوێ. لە هەردوو حاڵەکەیا ئامانج پێبەندییە و بۆ نەداریش سوپاسگوزاری.

فەلسەفەی جیاوازی مرۆکان لە ڕۆزی‌دا چییە؟

۱- خزمەتگوزاری یەکتری پێ بکەن: «أَهُمْ یَقْسِمُونَ رَحْمَهَ رَبِّکَ نَحْنُ قَسَمْنَا بَیْنَهُم مَّعِیشَتَهُمْ فِی الْحَیَاهِ الدُّنْیَا وَرَفَعْنَا بَعْضَهُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ لِیَتَّخِذَ بَعْضُهُم بَعْضاً سُخْرِیّاً وَرَحْمَتُ رَبِّکَ خَیْرٌ مِّمَّا یَجْمَعُونَ». واتا: خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: ئایا ئه‌وان ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌، واته‌: پێغه‌مبه‌رایه‌تی دابه‌ش ئه‌که‌ن و به‌ خه‌ڵکی ئه‌به‌خشن، ئێمه‌ ژیان و بژێوی ئه‌وانمان دابه‌ش کردووه‌ له‌ ژیانی دونیادا و پله‌ی هه‌ندێکیانمان به‌رز کردۆته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێکیاندا له‌ دونیادا به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و ده‌سه‌ڵات و هێز و توانا، تا هه‌ندێکیان خزمه‌تی هه‌ندێکیان بکه‌ن به‌ کر و پاره‌، یان هه‌ندێکیان گاڵته‌ به‌ هه‌ندێکیان ئه‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ هه‌یانه‌، به‌ڵام ڕه‌حمه‌تی خوای گه‌وره‌ باشترین شتێکه‌ که‌ مرۆڤ کۆی بکاته‌وه‌، نه‌ک ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و شته‌ دونیاییه‌کان.

۲- بەرگری لە یاخی بوون:
ده‌وڵه‌مه‌ندى هۆکاره‌ بۆ خراپه‌کارى: «وَلَوْ بَسَطَ اللَّهُ الرِّزْقَ لِعِبَادِهِ لَبَغَوْا فِی الْأَرْضِ» هه‌ژارانی ئه‌هلی (صوففه‌) ئاواتیان خواست و وتیان خۆزگه‌ ئێمه‌یش هه‌بوون بووینایه‌، ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وان دابه‌زی: ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ ڕزق و ڕۆزی بۆ به‌نده‌کانی فراوان بکات و زۆریان پێ ببه‌خشێ له‌سه‌روی پێویستی خۆیان، ئه‌وا زوڵم و سته‌م له‌ یه‌کتری ده‌که‌ن له‌سه‌ر زه‌ویدا و له‌ خۆیان بایی ده‌بن و فه‌خر و شانازی به‌سه‌ر یه‌کتریدا ده‌که‌ن «وَلَکِنْ یُنَزِّلُ بِقَدَرٍ مَا یَشَاءُ» به‌ڵام خوای گه‌وره‌ به‌ ویست و حیکمه‌تی خۆی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی دیاریکراو بۆیان دائه‌به‌زێنێ، ئه‌وه‌نده‌ی که‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی تێدا بێت، (باشترین ژیان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رقاڵت نه‌کات له‌ په‌رستنی خوای گه‌وره‌ و توشی تاوانت نه‌کات) «إِنَّهُ بِعِبَادِهِ خَبِیرٌ بَصِیرٌ (۲۷)» خوای گه‌وره‌ زۆر زانیارییه‌کی وردی هه‌یه‌ به‌ به‌نده‌کانی و زاناتره‌ که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی یان هه‌ژاری بۆیان باشتره‌ و زۆر بینایه‌ و هه‌موو شتێکیان ئه‌بینێت).

ئیماندار بۆ ئەم جیاوازییە سەغڵەت و مات نابێ. موسوڵمان لە دنیایا هیچ کات و ساتێ بۆ ئەم جیاوازییە دنیاییە خەفەت ناخوا، چۆن ئەزانێ ئەم دنیایە ئاقیبەت هەر تیاچوونە، ئارمانجی هەموومان ڕەزامەندی خوایە و دواڕۆژ کە قەت قەت بڕانەوەی نییە! هەروەها ئەزانێ کە دنیا چەنێ بێنرخە لای خوای گەورە. بەڵگەی پووچی دنیا لای خواوەندی مەزن دوای ئایەی سی‌ودووی زوخڕوف ئاوا ئەفەرموێ سه‌باره‌ت به‌ بێنرخى سه‌روه‌ت و سامان و دونیا: «وَلَوْلَا أَنْ یَکُونَ النَّاسُ أُمَّهً وَاحِدَهً» و ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوایه‌ که‌ زۆرێک له‌ خه‌ڵکی نه‌زان و نه‌فام وایان گومان ده‌برد که‌ به‌خشینی ماڵ و سه‌روه‌ت و سامان به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر خۆشویستنمان بۆیان و هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌ر کوفر کۆببه‌نه‌وه‌: «لَجَعَلْنَا لِمَنْ یَکْفُرُ بِالرَّحْمَنِ لِبُیُوتِهِمْ سُقُفًا مِنْ فِضَّهٍ وَمَعَارِجَ عَلَیْهَا یَظْهَرُونَ» (۳۳) ئه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ کوفریان به‌ خوای گه‌وره‌ بکردایه‌، دونیامان پێ ئه‌به‌خشین و سه‌قفی ماڵه‌کان و پلیکان و په‌یژه‌کان که‌ پیایدا سه‌رئه‌که‌ون هه‌موویمان بۆ ئه‌کردن به‌ زیوبه‌ڵام له‌به‌ر دڵی باوه‌ڕداران پێیان نابه‌خشین «وَلِبُیُوتِهِمْ أَبْوَابًا وَسُرُرًا عَلَیْهَا یَتَّکِئُونَ» (۳۴) وه‌ ده‌رگای ماڵه‌کان و جێگای پاڵدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موویمان ئه‌کرد به‌ زیو. «وَزُخْرُفًا» و بۆیانمان ئه‌ڕازانده‌وه‌ به‌ نه‌خش و نیگار و ئاڵتوون «وَإِنْ کُلُّ ذَلِکَ لَمَّا مَتَاعُ الْحَیَاهِ الدُّنْیَا» به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی خۆشی ژیانی دونیایه‌ و ده‌بڕێته‌وه‌ و کۆتایی دێت، پێغه‌مبه‌ری خوا -صلی الله علیه وسلم- ده‌فه‌رموێت: »ئه‌گه‌ر دونیا لای خوای گه‌وره‌ کێشی باڵه‌ مێشوله‌یه‌ک نرخی هه‌بووایه‌، ئه‌وا خوای گه‌وره‌ قومه‌ ئاوێکی به‌ کافر نه‌ده‌دا» «وَالْآخِرَهُ عِنْدَ رَبِّکَ لِلْمُتَّقِینَ» (۳۵) به‌ڵام قیامه‌ت لای په‌روه‌ردگارت تایبه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌که‌ن، وه‌ ئه‌وه‌ باشتره‌.

ڕەوینەوەی تێگەیشتنێکی نالەبار:

واتێنەگەین مەبەستم ئەوەیە خۆڕادەستی هەژاری و نەداری کەین و کاسبی نەکەین! نا نا، بەڵکو مەبەست ئەوەیە موسوڵمان دوای گرتنەبەری ئەسبابی ژیان و ژیانەوە و هەستان بە ئەرکە شەرعییەکانی بۆ مسۆگەرکردنی ڕزقوڕۆزی بە ڕێگای دروست و ڕەوایا و… واش هەر نەداربوو! ئەو ساتە پێویستە ئەم ئایات و فەرموودانە بیرخۆی بێنێتەوە و خەمۆکی داینەگرێ بۆ تەنگی ژیانی.

هەڵوێستی موسوڵمان لە ئاستی سەروەتەکەی چییە؟ چ ئەرکێکی هەیە؟

۱- بزانێ ئەم داراییەی دارایە، پێی هی خۆی نییە!؟ بەڵکو ماڵی خوایە پێی داوە: «وَآتُوهُمْ مِنْ مَالِ اللَّهِ الَّذِی آتَاکُمْ» و له‌و ماڵه‌ی خوای گه‌وره‌ پێی به‌خشیوون، ده‌به‌خشن. «وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاکُم».

۲- بترسێ لە یاخیبوونی بە سەروەتەکەیەوە. چونکە سامان مرۆڤ یاخی و لادەری ئەکات «کُلُوا مِنْ طَیِّبَاتِ مَا رَزَقْنَاکُمْ وَلَا تَطْغَوْا فِیهِ» بخۆن له‌و خواردنه‌ به‌تام و چێژ و حه‌ڵاڵانه‌ی که‌ پێمان به‌خشیون، به‌ڵام سنوور مه‌به‌زێنن، یاخود کوفرانه‌بژێری نیعمه‌تی خوای گه‌وره‌ نه‌که‌ن «فَیَحِلَّ عَلَیْکُمْ غَضَبِی» له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سزای من دائه‌به‌زێته‌ سه‌رتان «وَمَنْ یَحْلِلْ عَلَیْهِ غَضَبِی فَقَدْ هَوَى» (۸۱) و هه‌ر که‌سێکیش تووڕه‌بوون و سزای منی بۆ جێبه‌جێ بێ، ئه‌وه‌ به‌هیلاک ئه‌چێت و فڕێ ئه‌درێته‌ شوێنی نزم که‌ قوڵایی دۆزه‌خه‌. یاخی بوونەکەیان ئەوەیە زۆر خەریکی گەمە و گاڵتە و گەپ و خەرجی زیادە و ئیسرافکردن لە هەموو شتێکا. گوناهکردن و دوورکەوتنەوە لە عیبادەت و تاعەت و…

۳- بەسەرهاتی قاڕوون بێنێتە پێش چاوی کە ماڵ‌ و دارایێکی یەکجار زۆری هەبوو! یاخی بوو، سەرکەشی ئەکرد، ئەیوت ئەم سەروەتەم بە ڕەنج و لێزانینی خۆم کۆ کردووەتەوە و… تاد، بەرهەمی ئەم ئەتوارانەی ئەمەبوو: «فَخَسَفْنَا بِهِ وَبِدَارِهِ الْأَرْضَ» خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: خۆی و ماڵه‌که‌یشیمان به‌ ناخی زه‌ویدا برده‌ خواره‌وه‌ و ڕۆچوو به‌ ناخی زه‌ویدا.

هەڵوێستی بابای هەژار لە کاتی تەنگ دەستیدا چییە؟

۱- موسوڵمان بە دڵنیاییەوە بزانێ کە فەقیری و دەوڵەمەنی بە ویستی خوایە و هیچیان ئاماژە نین بە ڕێز و حورمەت و سووکایەتی بەندەکان لای خوای گەورە و بەس بۆ هەڵسەنگاندن و ئازموونە. چون خواوەند چۆنی بوێ و بەچی بیهەوێ ئەو ئازموونە ئەکات.

۲- بزانێ عیبادەت لەم ساتەیا بریتییە لە خۆڕاگری و سەبر! گەر ناشکوری نەکرد، ئەچێتە ڕیزی ئەو پارێزگارانەی (المتقین) پاداشیان بێ حەساوە.

۳- نائومێد نەبێ، دڵ نیگەران نەبێ بۆ تەنگ دەستی‌ و نەداری و ژیان زبرییەکەی، با دایمە ژیانی خۆشەویست(د.خ) و یارانی وەبیر خۆی بێنێتەوە.

۴- بزانێ مەتاعی دنیا کەمە و تامی ئەڕوا، شایان نییە کیسەی خەفەتی بۆ هەڵگرێ.

۵- سەیری کەم دەرامەدانی خوار خۆیەوە بکات.

۶- ئەو فەرموودەی لە دڵا بێت کە فەرموویەتی: لە دنیایا یا غەریب بە، یاکو ڕێبواری ڕێگە بە.

ئەم فەرموودە بنەمای ڕەسەنە بۆ زوهد و تەرکی دنیا. پێشەوا نەوەوی ئاوا ئەفەرموێ: پاڵ مەدەن بە دنیاوە، مەیکەنە نیشتژای خۆتان، خۆتان بە مانەوەی دنیا گیرۆدە مەکەن.

ڕێبوار لە دنیادا بۆیە ئەگەڕێ، چونکه عەوداڵی خاکەکەیەتی. مرۆڤ لەم دنیایەیا ڕۆڵی کۆیلەیێک ئەبینێ گەورەکەی ناردوویەتی بۆ پێویستییه‌ک زوو ئیشەکەی بکات و وەگەرێ.

نووسه‌ر: دکتۆر عه‌بدولکەریم زەیدان
وه‌رگێڕ: سه‌عدی موڕادی
سۆزی میحڕاب

از طريق
سعدی مرادی
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن