شعرکوردی

سڵاوات ناردن لەسەر پێغەمبەری ئازیزمان

سڵاوات لەسەر پێغەمبەر

سڵاوات ناردن لەسەر ئازیزمان پێغەمبەرمان بیلبیلەی چاومان 

 خوای گەورە لەسورەی ئەحزابا دەفەموێ: ان اللە و ملئکته یصلون علی النبی” یاایهاالذین ءامنوا صلوا علیه وسلموا تسلیما

 دوای ئەوەی خوای گەورە لە ئاخری سورەی ئەحزابا ئەرکدارمان ئەکا بەوەی سڵاوات لێدەین بۆ پێغەمبەرمان (دخ) زۆر سەرنج راکێش‌و وردەو جێی تێڕامانە بۆچی ئەبێ ئەم ئەرکە هەڵگرین؟!

ـ گەر وردبینەوە لە ناوەڕۆکی سورەکە ئەبین ئەم دڵبەندە چەندە ناسۆری تووش بووە! چەندە لەمەڕ خێزانەکانیەوە ڕەنجێنراوە! دووڕوان چۆن ئازاریان داوە، و… هتد، ئەبینی ئەم زاتە پتەوە لایەنی خراپی لە ئاست ئەوان نەگرتوەتەبەر بە هیچ جۆرێ بەڵکوو ڕێنوێنی کردون بۆ ڕێگەی ڕاست وەک ئەفەرموێ: ئەمن پشتوێنەتان ئەگرم بۆ ئەوەی لە ئاگرو ناسۆری دوورتان خەمەوە هەرچەن تووشی ئازاریش ببم جا کاتێ ئاوا دڵسۆزە جێی خۆیەتی بە دڵ سپاس‌و قەدردانی بین نەک هەر لەشەو ڕۆژی هەینی‌دا! بەڵکوو دایمە سپاسی کەین بە ڕستەی قورئانی سڵاوات لە دیداری بدەین.
ـ هەروەها گەر کەسێک لەگەڵ ئێمەیا چاکە بکات زۆر بەدڵ لێی مەمنوونین، لەبیری ناکەین، جا زاتێ ۲۴ کاتژمێرە دڵسۆزی بۆ ئوممەتەکەی کردبێ و ئەم هەموو چاکەی کردبێ جێی خۆیی نییە لێی مەمنوون (سڵاوات) نەبین؟
ـ جا گەلی کورد لەکاتی وەرگرتنی ئایینی ئیسلامەوە جوان ئەم پەیامە ئاسمانیەیان وەرگرتوەو بە دڵ، بە زمان، بە فۆلکلۆر، بە هۆنراوە چەپکەی سڵاواتیان وەک ڕەشە ڕیحانەو ڕێژنەی بارانە بە چامەو شێعردا لە وڵاتی پڕ لە بڕوای جوان بە شنەی شەماڵا لە زاری زاناو خەڵکیەوە ناردوە.

 

 چەن نموونەیێک 
وەک مامۆستا موفتی‌زادە هۆنراوەی تایبەتی هەیە لەم بارەوە بەناوی ” چەپێ سەڵوات” یا “سەڵواتێ خۆشتر” لەم هۆنراوانەدا ناوی تەواوی گوڵوگوڵزاری کوێستانەکانی کوردستان ئەبات‌و زیاتر لە جوانی ئەوان سڵاوت پێشکەش بە نازدارمان دەکات وەک ئێژێ:

🦋 سەڵواتێ باشتر لە هەرچێ خاسە،،
لەهەرچێ جوانەو خۆشەو خوێن شیرین
🦋 هەر بەر بەیان‌و سەر لە ئێواران،،
پێشکەش بە خزمەت ڕەسووڵی ئەمین،،

 یا
چەن جوانە کورسان‌و دیمەن بەهارانی
چەن خۆشە قاسپەی بەر ڕۆژو نسارانی
سەڵواتێ دڵگرتر لای خواوە پێشکەش بۆ
پێغەمبەری ئازیز (دخ) بۆ ئال‌و یارانی🦋

 

 یاوەکوو مامۆستا بێخود ئەفەرموێ:

هەتا تەجەللی خودا لە عالەما بکا زهوور،،
بە ئاگری گوڵی چەمەن چیا ببێتە کێوی توور،،
فریشتەو ئادەمی ئەڵێن: هەتا ئەبەد لەخوارو ژوور،،
سەلاتی هەق لەسەر شەهێ کە شەق ئەکا قەمەر لەدوور،،
سەلامی هەق لەسەر مەهێ کە ئەسپی خۆر لە غارەکا🦋💐

 

 جا بزانەو وردبەوە ئەم سڵاواتە جوانانە لەکام دڵ‌و دەروون جگە لە کوردی دڵ خاوێن لە کوردستان هەڵقوڵیوە؟

ـ بگرە خەڵکی عەوامیش سۆزو هەستی خۆی لە کێوو کەژی کوردستان بۆ خۆشەویستەکەی دەربڕیوەو لاواندویەتیەوەو لە قاڵبی سپاس‌و سڵاواتا ڕەوانەی مەدینەی کردوە، وەک وتراوە:

🦋 قوربانی ئەو پێغەمبەرەبم کە چاو مەستە،،
قورئانی وا کۆش‌و لەسەر دەستە،،
دەرس ئەڵێ بێ مامۆستا،،
سەیدی عالەم سڵاوات.
یا وەکو ئەم هۆنراوە”

چەندە ماسی لەگۆمان،،
چەندە خیزن لە چۆمان،،
چەندە گەڵان لەداران،،
چەندە گڵن لە زەویان،،
چەندە دەنک لە باران،،
چەندە پووشن لە یاڵان،،
ئەوندە سڵاوات‌بێ لە پێغەمبەرمان
دروودو سڵاوی خوای لەسەربێ.

 زۆرێکی‌تر لە ئەوین‌دارانی پێغەمبەری ئازیزمان (دخ) ئەم ڕێزو حورمەت‌و سڵاواتانە هێمای پێزانینی گەلی کوردە بۆ ڕێبەریان، لە کاتێکا عەرەب‌و قورەیشیەکان ڕێگری دەنگ‌و ڕەنگ‌و پەیامی ئیسلام بون‌و نەیاربوون بەوی‌و بە یارانی‌و هەڵگرانی مەشخەڵی ڕێی ئازادی ئالەو کاتە گرژەدا قورئان دائەبەزێ‌و ئەفەرموێ( ولتعلمن نبٲه بعد حین  ” یا ” ان هو الا ذکر للعالمین) جا جێی دڵخۆشیە لە وڵاتی کوردستان چەپکی سڵاوات دەنێردرێ. لە کۆتاییدا بەم هەستە جوانە ئەیبڕێنمەوە نووسینەکەم کە هۆنەر داوا دەکا لەخوا ئاوا کەش بسازێنێ بۆ سڵاواتی ڕۆحی ڕێبەرمان‌و تاجی سەرمان، ئەڵێ:

 هەوری ئاسمان بخڕۆشێ
 دەریای ڕەحمەت بجۆشێ
 بیکا بە تاوە تەرزەو ڕەوڵەی
ڕەسوڵ داپۆشێ.
 لایبە لە دڵتا خەم‌و خەیاڵات
سینەی بێ کینەی محەممەد سەڵەوات

– اللهم صل علی سیدنا محمد وعلی آل سیدنا محمد، کما صلیت علی ابراهیم وعلی آل ابراهیم فی العالمین انک حمید مجید.

 

ئاماده کردن و نوسین: سه عدی مورادی – بانه

برچسب ها

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود

همچنین ببینید

بستن
بستن