دل نوشتهشخصیت ها

سۆزێکی دەروون بۆ مامۆستای بە ئەزموون

مامۆستا محمد عزیزی

(یادێک لە حاجی مامۆستا محمد عزیزی بەردەڕەشی)

ئەمڕۆ هەشتەمین ساڵە کە یەکێک لە ئەستێرە گەش و تریفە‌دارەکانی ئاسمانی کوردەواری و بە تایبەت ناوچەی بانەی خۆشەویست، ئاوا بووە؛ گەرچی بە جەستە و لاشە لە ناوماندا نەماوە بەڵام بێ‌گومان هەست و هەناسە و ڕۆحی بەرز و مەزنی تا هەنووکەیش زیندوە و تیشکاوێژی دەکا…
ئەو ماوە لە قۆناغی فەقێیەتیەم کە لە خزمەتی‌دا بووم (نزیکەی دوو ساڵ و نیو) خۆشترین ڕۆژەکانی سەردەمی خوێندنم بوو، چونکە هەستم دەکرد لە سەر سفرەی زانستی کەسێک دانیشتووم خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیە کە لە کەم کەس و مامۆستای تردا بینیبووم، لێرەدا زۆر بە کورتی چەند خاڵ دەخەمە بەر دیدەی خوێنەران:

ـ دڵسۆزی لە ڕادەبەری بۆ ئایین و ڕێبازی مەلایەتی، زۆر جار ئەیفەرموو بە خوا قەسەم ئەو مێزەرەم بە کورسی سەرکۆماری ناگۆڕمەوە و تا نەیاریشی زۆرتر بێت زیاتر لە بەر چاوم جوان و لە دڵما شیرین‌تر دەبێت.
هەر ئەوەیش وای لێکردبوو لە کۆتایی تەمەنی و بە نەخۆشی لە گوندی بەردەڕەشەوە حەوتوی ڕۆژێک تەشریفی ئەهێنا بۆ مزگەوتی محمدی لە ناو شاری بانە بۆ دەرس و وانە گوتنەوە بە کۆمەڵێک لە ئێمە کە هێندێکمان کاتێک ئەگەیشتینە خزمەتی جەنابیان دەمێک بوو هاتبوو و چاوەڕێی دەکردین!!!

ـ هەڵگرتنی خەمی گەورە و خۆ ماندوو نەکردن بە باس و بابەتە بچووک و کەم بایەخەکانەوە، مامۆستای ڕەحمەتی هەرگیز حەزی لە بابەتگەلی چکۆلە و ئاڵۆزاوی کە کێشە و ناکۆکی لە نێوان موسوڵماناندا دروست ئەکات، نەدەکرد و لە ئاستێکی گەورە و بەرفراواندا بیری دەکردەوە. مەخابن زۆرن ئەو مامۆستایانەی تەمەنی خۆیان لەو شتە سەرەتاییانەدا دەبڕێننەوە و لە جیاتی ئەوەی کاریگەریێکی باشیان ببێت ڕێز و حورمەتی ڕابوردویشان لە دەست‌داوە…

ـ بەهرەمەند بوون لە عەقڵ و ئاوەزێکی پیاوانە و مەلایانە، کەم کەس و مامۆستای ئایینیم دیوە هێندەی ئەو زاتە ئارام و خاوەن ئەزموون و عەقڵی وردبین بێت؛ لەو هەموو دانیشتنانەی لە خزمەتیا بووین هەرگیز کردارێک یان وتەیێکی وای نەبوەکە پیاو بە دڵیدا بێت بڵێ خۆزگە ئەو شتەی نەکردایە یان نەیفەرموایە، ئەوە بوبوە هۆی ئەوەی لە لای قوتابی و دۆستان و خەڵک بە گشتی جێی خۆی بکاتەوە و خۆی بخزێنێتە کونجی دڵیان و ڕێزی تایبەتی بۆ دابنێن…
هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە مامۆستای ئایینی دەبێ پێش دین و زانستەکەی عاقڵ و ژیر و وردبین بێت چونکە گەر وا نەبێ نە زانستەکەی کەڵک و سوودی ئەوتۆی دەبێ و نە دینداریەکەیشی جێی خۆی دەگرێ.

ـ هەوڵ و خەباتی بێ‌وچان بۆ ڕیشە‌کێش کردنی داب و نەریتە نامۆ و ناحەزەکان، مامۆستای کۆچکردوو لە ناوچەی بانە ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاوی بوو لە هەمبەر نەهێشتن و ڕووخاندنی کۆشکی کۆن و چەندین ساڵەی کۆمەڵێک داب و نەریت ـ وەکوو ژن بە ژنە، گەورە بە بچووک، تووتن کردن و… ـ کە پێی وابوو نەیار و نامۆن بە شەریعەتی پاک و مرۆڤ‌پەروەرانەی ئیسلام؛ لەم بەستێن و چوارچێوەدا سڵی لە هیچ بەرپەرچ و تانە و تەشەر و لۆمەی لۆمەکاران نەدەکردەوە و خۆیشی پێشەنگ و پێشقەڕاوڵی کۆمەڵگە بوو لەو بوارانەدا بۆیە قسەی بڕی دەکرد و شوێنەواری بە جێ دەهێشت.
بەندە لە پارچە هۆنراویێک لە ژێر ناوی ” فێرگەکەم ” ئاماژەم کردوە بەو خو و خدە جوانانەی لە حوجرە قوڕینەکانی کوردوستان پیاو فێری دەبێ و دواتر ناوی کۆمەڵێک لەو کەڵە پیاوانەم هێناوە کە دەرچوی حوجرەن و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا شاسواری مەیدان بوون و خزمەتی دین و ژینی گەلەکەیان کردوە، لە کۆتاییدا وتوومە:
عەزیزی خۆیشمان عەزیز بوو لامان
یاخوا وەحەسێ لە دونیای هەرمـان

آمین یا ربّ العالمین


احمد عباسی – بانە ـ ۲۶ / ۱۰ / ۹۷

نمایش بیشتر

احمد عباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا