دعوت اسلامیشخصیت ها

عەللامە قەرەداغی ئوممەتێک…لە ڕۆحی کەڵەپیاوێکدا

یەکێک لە نەگبەتیەکانی ئەم گەڵە داماو و بێ خاوەنە ئەوەیە کە، وەک پێویست ڕێز لە زانا و کەڵەپیاو و هەڵکەوتووەکانی ناگرێ، بەو شێوەی کە گەلانی تر ڕێزیان لێ دەنین و، بەرهەم و خزمەتەکانیان دەنرخێنن!.
نمونەش زۆرە….بۆ ئەم ڕاستیە تاڵە.

یادی بەخێربێ خوالێخۆشبوو (دکتۆر گەزنەیی)، جارێ لە یەکێ لە موحازەرەکانی باسی ئەم گرفتەی بۆ ژمارەیەک مەلا کردبوو، یەکیان وتبووی: وانیە جەنابی دکتۆر!!.
دکتۆر وتبووی: تۆ خەڵکی کوێی؟.
وتبووی: خەڵکی(……)؟.
پێی وتبوو: دەی جارێ تۆ هیچ مەڵی، چونکە عەلامە (عبد الکریم مودەریس) لەناوتان بوو، دەرتان پەڕاندن، هاتە هەڵەبجە، لە ویش نەتانهێش، هاتە کرکوک، لەویش نەتانهێش، تا هاتە بەغدا.
لە بەغدا ومزگەوتی گەیلانی لە ناو عەرەب ئیسراحەتی کرد و ناوبانگی دەرکرد….ئیستاش گۆڕەکەی لەوێیە!!.
بەهەمان شێوە.. مەرحوم عەللامە موستەفا زەڵمی لەناو عەرەب وبەغدا ناوبانگی دەرکرد!!.

ئێستاش…عەللامە دکتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری یەکێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان نمونەیەکی زیندووی ئەو ڕاستیە تاڵەیە کە، ئێمە کورد…بە گشتی…وەک پێویست زانا و کەڵەپیاوانی خۆمان ناناسین و ڕێزیان لێناگرین!!.

قەرەداغی….بەتەنیا ئومەتێکە بۆ خۆی.
دەریایەکە لە زانست وپسپۆڕی.
لە کۆتا کۆنگرەی یەکێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان، توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد، بیرمەندی تونسی (عبد المجید النجار) کە تەقدیمی کرد وتی:
من سەرسام و متحیرم، نازانم بڵێیم دکتۆر قەرەداغی پسپۆڕە لەچی؟، لە ئابووری، لە ئوسوڵ، لە فیقە، لە فیکر… لە چی؟.
دوای پێشکەش کردنی توێژینەوە بەپێزەکەی وتی: پێم نەوتن نازانم بە چ ناوێ تقدیمی بکەم؟!.
قەرەداغی خاوەن دەیان توێژینەوەی گرنگ و پەرتووکی بە پێزە.

ساڵی ۲۰۰٨ ویستم تێزی دکتۆراکەم لەسەر بۆچوونەکانی بەڕێزیان بنوسم، لە ئابووری و مامەڵەی دارایی، بۆ ئەو مەبەستە چوومە خزمەتی فەرمووی: نزیکەی ٨۰ توێژینەوە و ۲٥ پەرتووکم هەیە!.
ئەی پاش یازدە ساڵ دەبێ ئێستا چەندی نوسیبێ؟!.
ئەو خاوەنی مەوسوعەی( حقیبة طالب العلم الاقتصادیة) یه كه (۱۲) بەرگە.
ئەو خبیرە لە گۆڕبەندی فیقهی ئیسلامی، و سەرۆکی چەندین دەستەی شەرعی بانک ئیسلامی و دەزگا داراییەکانە.

ئەو سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی گەشەپێدانە.
ئەو میوانی بەردەوامی بەرنامەی (فقە المال) لە کەناڵی جەزیزە موباشر کە، پرسە گرنگەکانی ئابووری و موعامەلاتی دارایی لەڕوانگەی شەریعەتە و ئابووری سەردەمەوە دەخەتەڕوو.
دەیان…کار وچالاکی زانستی تری لەم جۆرە.

قەرەداغی….دامەزڕێنەری رابیتەی ئیسلامی کوردە کە، لە مانگی شەش و ساڵی ۱۹٨٨، و پاش سێ مانگ لە مەرگەساتی هەڵەبجە کە، کورد تووشی بێ ئومێدی بوو بوو، ئەو…موژدەی ئومێدی بە گەڵە سەتەمدیدەکەی دا، وبەردی بناغەی پڕۆژەی خزمەتکاری وخێرخوازی دامەزراند و، لە سەتاوە و تا ئێستاش بێ وچان پرۆژەکانی بەردەوامە بۆ خزمەتی ڕۆڵەکانی ئەم گەڵە.
سەدان مزگەوت و قوتابخانە و پرد و پرۆژەی ئاو و کەفالەتکردنی هەزاران نازداری خێر لە خۆ نەدیو وباوک کوژراوی دەستی براکوژی و تیرۆر
شاهیدی دەستی پاک و هەستی خاوین و کوردایەتی ومەدرایەتی ئەو کەڵەپیاوەن.
نامەوێ باسی گشت خزمەتەکانی ئەو بکەم، چونکە زۆر لەوە زیاترە من بتوانم لێرە باسی بکەم، ئەمە تەنها مشتێکە لە خەرمانێکی مەزن ودەوڵەمەند.
کوردایەتی بە شیعاری بێ ناوەڕۆک و، هاشەو هووشی سەر فیسبوک و، لاف و گەزافی درۆینە و فرمێسکی تیمساحی بێ مانا ناکرێ.

ئەوە کوردایەتی ڕاستەقینەیە ئەو دەیکات.
خزمەتی بێ دەنگ…و..بێ بەرامبەر… و بێ ڕوانین بۆ سوپاس و خەڵات و دەستکەوتی دونیایی.
ئەو قەت چاوی لەوە نیە، بەڵام ئەگەر گەڵی کورد خاوەنی هەبا.
دامەزراوەی نیشتیمانی و دوور لە دەستێوەردانی حیزبی هەبا.
ڕێزی لە زانا و کەڵەپیاوەکانی وەک پێویست گرتبا.
دەبوایە چەندین گونگرە و کونفراسی لەسەر جوهد و خەبات و خزمەتەکانی گێڕا با، وخەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا با.
جا…بۆچی گەلەیی بکەم کە هیچ بۆ ئەو نەکراوە..؟!.
بۆچی بۆ سەلاحەدینی ئەیوبی و قازی محمد و مەحوی ومەولەوی ونالی ونۆدەهی وبەیتوشی ونورسی ومودەریس…هتد. زۆر کراوە تا بۆ ئەمیش بکرێ؟!.
نا…
من هێشتا…دادەبەزم…دەڵێیم:
ڕێزی لێگرتن….بۆ خۆتان.
سوپاس و خەڵاتکردن……بۆ خۆتان.
نرخاندنی پرۆژە و خزمەتەکانی…بۆ خۆتان.
تەنیا ڕێز لە مڕۆڤ بوونی خۆتان بگرن و، ئەوەندە خۆتان ڕیسوا مەکەن، بە تەشهیر و ناوزڕاندنی وتۆمەت لێدانی ئەو کەڵەپیاوە.
بۆچی قەرەداغی غەیری خزمەتکردن بۆ گەلەکەی، بێ بەرامبەر و بەرژەوەندی تایبەت…..چ تاوانێکی کردووە؟!.
شەڕی ناوخۆ و برا کوژی هەڵیرساندووە؟.
ژنی بێوەژن خست ومنداڵی کوردی هەیتو خستووە؟.
دەستی لەشکری بێگەنەی گرتووە بۆ داگیرکردنی کوردستان؟.
کرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی بە عەبادی فرۆشتووە؟.
سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی ئەم خاک وخەڵکەی بەتاڵان بردووە؟.
کۆبانی و مەنبەجی پاش ڕووبارێک خوێنبەخشین ڕادەستی ئەسەد کردووە؟.
بۆچی هێرش بکرێتە سەر ئەو؟.
ئەی ئەم کوردستانە دام ودەزگای فەرمی نیە؟

سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و وتەبێژی فەرمی نیە؟.
بۆچی ئەمانە گشتی نقەیان لێوەنایەت، کەس بە خائن و بێ هەلوێست تۆمەتباریان ناکات…تەنیا قەرەداغی نەبێ؟.
مەگەر سەرۆکی عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەکورد نین؟.
ئەی بۆ کەس باسی ئەوان ناکات؟.
بۆچی یەکێتی زانایانی کوردستان وەک لایەنێکی فەرمی ئاینی لە کوردستان هەڵوێستیان نیە؟ وکەسیش باسیان ناکات؟

قەرەداغی…بەیننامەی دەرکردایە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا.
دەبوو پاش دوو ڕۆژ دوای ئەوە بەیاننامەی دژی خیانەتی ڕادەستکردنی کۆبانی و مەنبەج بە خۆێنمژ و دوژمنی کورد بەشار ئەسەد دەرکردایە.
مەگەر جیاوازی لەشکرکێشی ئەسەد و ئۆردوغان چیە؟. ئەگەر شەڕی ئایدۆلۆژیا کویری نەکردوون؟. بانێکە ودوو هەوا؟؟

قەرداغی کەسایەتیەکی جیهانی و زانایەکی پڕ ئەزموون و ناودارە و ئاگاداری هاوکێشە سیاسیەکانە.
وەک ئێوە هەڵەشە وکورتبین نیە، شوێن سوز و عاتیفەی بێ ئەنجام، و شوێن شەپولی ئەم وئەو ناکەوێ.
ئێوە شەڕی ئایدۆلۆژیا دەکەن، نەک خەمخوری کورد بن، نەک بە تەنگی دەوڵەتی کوردیەوە بن،
چونکە ڕەوتی چەپتان شمولیە و باوەڕی بە دەوڵەتی نەتەوەیی نیە.
ئێوە…ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر قەرەداغی بە تۆمەتی ناڕەوا وەسفی دەکەن..غەیری ڕیسوایی و سەرشۆڕی هیچ دەسکەوتێکتان نابێ.

گەورەیی و شکۆی ئەو کاڵاپیاوە هەرگیز بەم ناماقوڵیانەی ئێوە لەکەدار نابێ.
بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەم شاخی کۆڵ و لارتان مەگیرێننە ئەو شاخە مەزنە، چونکە شکست دەخۆن و، شاختان بە سەختی دەشکێ:
يا ناطحَ الجبلَ العالي ليَكْلِمَه
أَشفق على الرأسِ لا تُشْفِق على الجبلِ

كَناطِحٍ صَخْرَةً يَوْماً ليِوُهِنَها
فَلَمْ يَضِرّْها وأوْهى قَرْنَه الوعِلُ

دکتۆر محمود زمناکۆیی

از طريق
سوزی میحراب
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

سوزی میحراب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا