اصولفتاوی

فتوای دکتۆر عەلی قەرەداغی دەربارەی دراوی ئەلکترۆنی

دراوی ئەلكترۆنی

ژمارەی دراوە ئەلکترۆنیەکان هەتا ئێستا گەیشتۆتە نزیکی ۹۰۰۰ دراو، لەوانەش بت کۆین و وەن کۆین، لە راستیدا ئەو دراوەی کە تائێستا زۆر بەناوبانگە بت کۆینە، وەن کۆین ناوبانگێکی ئەوتۆی نیە، تەنها لە کوردستان ئەو رەواجە زۆرەی پێ‌ دراوە، هەتا ئێستا هیچ وڵاتێک دانی بە وەن کۆیندا نەناوە، ئەوەی کە هەیە شتی پچڕ پچڕ و متمانە پێ‌ کراو نیە.

بەڵام دەبێت راستیەک بزانین ئەمە بەشێکە لە دەرهاویشتەکانی سیستمی ئابوری سەرمایەداری، ئەو لەسەر بنەمای قازانج مامەڵە دەکات، لەبەرئەوە گوێ‌ نادا بەوەی دراوەکە دانی پێدا نراوە یان نا، ئەوان بەشوێن باجدا دەگەڕێن، مەبەستیان نیە ماهیەتی ئەو شتە چیە.

لە ساڵەکانی هەشتاکاندا option سەری هەڵدا، واتە تۆ مافی شتێک دەفرۆشی، سەرەتا کە سەری هەڵدا خەڵک زۆر حەزی لێ دەکرد، بەڵام بەڕای هەموو توێژەرانی بواری ئابوری ئەوە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەو قەیرانە ئابوریەی کە جیهان لە ساڵی ۲۰۰۸ هەتا ئێستا تێی کەوتووە دەبێت ئێمەش ئەوە بزانین کە نابێت هەر شتێک سیستمی سەرمایەداری دایهێنا ئێمە وەک عورف سەیری بکەین و مامەڵەی پێوە بکەین، ئێمە وەک مسوڵمان بۆچوونی ترمان هەیە کە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی ئابوری ئیسلامی، ئابوری ئیسلامی لەگەڵ موڵکایەتی و بووندا مامەڵە دەکات، مامەڵە لەگەڵ شتی خەیاڵیدا ناکات.

لە ئابوری ئیسلامیدا رەگەزەکانی چالاکی ئابوری پشت دەبەستێت بە (۵) بنەما:

  • بەرهەمهێنان.
  • خەرجکردن.
  • ئاڵوگۆڕ.
  • دابەشکردن.
  • دووبارە دابەشکردن.

من دەڵێم دەبێت رەگەزی یەکەم موڵکایەتی بێت .لە موڵکایەتیەوە بەرهەم دروست دەبێت لە دوایشدا ئەوەکانی تر.

دەبێت هۆکارێک هەبێت کە تۆ شتێکت هەبێت وەک موڵکی تۆ بناسرێت جا ئەو شتە ماددی بێت یان مەعنەوی، دەبێت ئەو شتەش بوونێکی هەبێت، واتە بەرجەستە بێت بۆئەوەی پێوانە بکرێت، ئەوانەی ئێستا رابەرایەتی ئەو پرۆسەیە دەکەن زۆر ویستیان رای من بزانن، وەفدێکی ئەوانەی وەن کۆین هاتن بۆ قەتەر بەباشی گوێم لێ‌ گرتن، بەڵام من پەلەم نەکرد لە فەتواکەدا، من ماوەی شەش مانگ توێژینەوەم لەسەر کرد لە ئەنجامی ئەوەشدا (۵) پرسیاری گرنگم بۆ دروست بوو، من ئەو (۵) پرسیارەم ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، وتم ئێوە وەڵامی ئەو (۵) پرسیارەم بدەنەوە دوایی هەڵوێستی خۆمتان پێ‌ دەڵێم.

یەکەم/ پرسیارم ئەوەبوو، ئایا ئەم پارە کە وەردەگیرێت لە بەرامبەر وەن کۆین دەچێتە کوێ‌؟ بەپێی زانیاری دروست دەچێتە گیرفانی ئەو کۆمپانیایەی کە سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکات و یەک فلس نامێنێتەوە بۆ بەشداربوان.

دووەم/ ئایا هیچ کۆمپانیایەک هەیە کە مافی مەعنەوی ئەمانە لەخۆ بگرێت؟

سێیەم/ ئایا هیچ وڵاتێک هەیە زەمانەتی ئەم وەین کۆین و بت کۆینە بکات، بۆ نموونە دیناری عێراقی عێراق پشتیوانی دەکات، ئەی ئەم وەن کۆینە کێ‌ پشتیوانی دەکات. واتە زەمانەتی نیە.

چوارەم/ ئایا هیچ کۆمپانیایەکی پشکدار هەیە کە خۆی بکات بە خاوەنی ئەم دراوانە و وەک بەشێک لە خۆی حسابی بۆ بکات، وە هەر کەسێک پشکێک بکڕێت ببێت بە بەشدار لەو کۆمپانیایە؟

پێنجەم/ چ زەمانێک هەیە بۆ ئەو خەڵکانەی کە بەشداریان کردووە لە کاتێکدا کە ئەو دراوە پوچەڵا بکرێتەوە؟

لەگەڵا چەند پرسیارێکی تردا کردمان بە ئینگلیزی و ناردمان بۆیان، بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەوەی کە وەڵام بدەنەوە وتیان ئەم پرسیارانە زۆر نهێنی تێدایە، ئێمە ناتوانین بە تەلەفون یان ئێمەیڵا وەڵام بدەینەوە، ئەوان وتیان ئێمە حەز دەکەین سەردانێکمان بکەیت، بەڵام من ئامانجی ئەوان تێگەیشتم، چونکە تەنها ئەگەر وێنەیەکم بگرن لای خۆیان سودی لێ‌ وەردەگرن بۆ شەرعیەت دان بە دراوەکەیان، من رازی نەبووم بەڵکو داوام لێکردن با ئەوان سەردانم بکەن لە قەتەر یان لە هەروڵاتێکی تر، بەڵام هەتا ئێستا وەڵامیان نەبووە لە دوای ئەوە دوو چاوپێکەوتنم لەگەڵا جەزیرە ئەنجامدا، یەکەمیان بۆ تەئصیلی دراوی ئەلکترۆنی بوو کە دەبێت چۆن بێت، وتم دەبێت دراوی ئەلکترۆنی لە دوو شت پێکهاتبێت یەکەم ئەوەی پێی دەڵێن زنجیرەی خوارزمی (بلۆک چین) ئەمە شتێکی دروستە نابێت ئەمە حەرام بکرێت، چونکە ئایندەی چارەنووسی دراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە.

بەپێی زنجیرەی دراو دەبێت لە (ئاڵوگۆڕ)ەوە دەست پێ‌ بکات بۆ شمەک، پاشان بۆ دراو پاشان بۆ دراوی کاغەز پاشان بۆ دراوی ئەلکترۆنی، ئەم دراوە ئەلکترۆنیانە هیچ بونێکی بەرجەستەیان نیە لە خەیاڵدا مامەڵەیان پێوە دەکرێت، ، وەک ئۆپشنی هەشتاکان وایە، یان وەک مارجن و فۆریکسی ئێستا.

ئەم دراوە مامەڵە پێکردنی لە بانک یان بۆ هەرشتێکی تر حەرامە، با ئەوەی کڕیویەتی بیگەڕێنێتەوەو قازانجەکەشی بخاتە کاری خێرخوازیەوە.

من بەشداریم کرد لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر دراوی ئەلکترۆنی، چوار پێنج پڕۆفیسۆری ئەمریکی بواری ئابوری بەشداریان کرد، ئەوان وتیان ئێمە پشتیوانی لە قسەکانی دکتۆر عەلی دەکەین و هیچ قسەیەکمان لەسەر قسەکانی ئەو نیە، وتیان ئێمە رامان وایە هەموو ئەو دراوانە خەیاڵین، وەک دراو و خراونەتە سەر بلۆک چین.

من (۵) چارەسەرم بۆ دانان..

یەکەم/ دەوڵەتێک بیکات بە دراوی دووەمی خۆی، ئەم دراوە یان بیخاتە پاڵا نەوت و غاز، دراوەکە بەو شتانە پشتیوانی بکرێت لەسەر بنەمای زنجیرەی خواریزمی.

دووەم/ یان کۆمپانیایەکی خاوەن پشک رابگەیەنن هەرکەس بە چەند کۆین بەشداری کرد بۆی ببێ‌ بە بەش لە کۆمپانیاکە.

دەربارەی (کیو نێت)یش ئەوە لەلایەن زانایانی کۆمەڵی فیقهی ئیسلامی حەرام کراوە.

لە کۆتایدا دەڵێم مامەڵەکردن بە هەموو ئەو دراوانەوە رویەکی شەرعیان نیە چونکە خەڵک سەرقاڵ دەکات و پارەیەکی زۆری وڵات روو دەکاتە دەرەوە، واتە پرۆسەیەکە بۆ خواردنی ماڵی خەڵک بە حەرام، کەمینەیەک قازانج دەکات لەسەر حسابی زیانی زۆرینە.


دکتۆر عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەکێـتی جیهانی زانایانی مسوڵمان

ارسالی : یوسف مکاری زاده

برچسب ها

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود
بستن