اندیشهکوردی

قەڵای بەرزی شارستانیەتی گەلان، چۆن هەرەس دێنێ؟

بۆ بناغەداڕژتنی شارستانیەت و تەمەدونی، میللەتێک،تێپەڕبوونی چەنها سەدە و موتالا کردنی هەزاران کتێب و شەونخوونی کەڵەپیاوانی پێویستە هەتا گەلێک بتوانێ دارەدارە بکا و لە زەلکاوی نەزانی و بێ دەرەتانی سەر وەدەر نێ و بەرەو ئاوەدانی بڕوا.
بۆ بەرزکردنەوەی کۆڵەکەی قایمی شارستانیەت،سەرمایەو زێرو زەمبەری چەنهاڕەگەز، دەتوێتەوە ڕووح و گیانی زۆرکەس، دەکەوێتە پێناوی ئەو کارە ژێرخانیە.

دەڵێن بۆگەیشتن بەلووتکەی تیژی شارستانیەت، سێ کۆڵەکە وبناغە ، پێویستن.
یەکەم:بنەماڵە بەڕابەری سوڵتانی (دایک)
دووهەم : خۆێندنگەبەڕابەری سوڵتانی( مامۆستا)،
سێهەم: کۆمەڵگا بە ڕابەری سوڵتانی( زانا).

مناڵان وگەنجان، دوای تێپەڕکردنی بنەماڵە و خوێندنگە،وەک هەویرێکی خاو، بۆ و پوختە بوون و برژان ،دەدرێنە دەستی زانایان و پسپۆڕانی هەرگەلێک. ولە کۆتاییشدا بۆخۆیان، دەبنە نوێنەری ئەو زاناوبلێمەتانە.
زانایانی بەسۆزو تێگەیشتوو،وێنەی وزەی بەهارن کە دەبنە هۆی پشکووتنی هزروبیری گەنجانی ناو کۆمەڵ.
هەرگەلێک وێنە مەزرایێکە کە پڕە لەڕەگ و ریشەی زانیاری و بلێمەتی. بنەماڵەیە کە کانگاو پێگەی ئەو دڵسۆزانە ، بەرهەم دێنێ .
هەر وڵاتێک کە قۆڵی بەرەو پێش چوونی هەڵماڵیبێ دەبێ زاناکانیان ببنە پێشەنگ و چاو ساغ و ڕێپێشاندەر. ئەوان شارەزاو چرابەدەستی گەلن، شاخەوانی رێگای نەهامەتین، جووتێری مەزرای ژیانن، هاوخەمی شەوانی بێ خەوین.
مامۆستایان،بەپێی ئەزموون و لێهاتوویی کە تووشی بوون، سەدان جار ، زەوی وزاری ژیانیان ، وەرد داوە، خۆشی و ناخۆشیان، شەن کردوە.
مامۆستا لەناو گۆی زەوی، خۆرەتاوێکە کە شەبەق و تیشک دەچێنێ ، نەگبەتی و چەپەڵی دەڕەوێنێ.
دانانی قەڵای شارستانیەت، بێ پسپۆرو زاناو وەستای لێهاتوو، فشەڵۆک و ڕووخاوە. بەرگەی هەرەسی نەگبەتی و بێ هیوایی ناگرێ.
ئەو بەڕێزانە، پێشمەرگەو گیان لەسەردەستن.بۆ شەڕی تاریکی، زەنگاڵ و کاڵەهەڵدەبەستن.پارێزوانن، هەم پەرژینین هەم ژیانن.
زاناو مامۆستا، یەکێک لەو سێ کۆچکانەن کە ژێربەنای شارستانیەتی پێ هەڵدەستێ. هەرکات دوژمن و نەیارێک، داخوازی توانەوە و ڕۆچوونی گەلێک بێ، دەبێ کۆڵەکەکان برووخێنێ .بەرووخانی هەر کۆڵەکەیەک، بەشێک لە شارستانیەتەکە، هەرەس دێنی.
سووکایەتی و بێ حورمەتی، بە مامۆستا و چاوساغی گەلێک، بنکۆڵ کردن و خاپوور کردنی ، پێتەختی ئینسانە، دابەزینی سوڵتانی گەلانە .
سوڵتانێک بە چەکی رووناک بیری و قەڵەم و پرشەنگی زانایی، بێ هیچ کرێ و داوایەک، بۆتە خۆرەتاوی گەل.
ئێستا بۆ زاڵبوون بەسەر نیشتمانێک و دینێک، لەپێشدا، بۆمبارانی فکری دەکەن هەرچی بناخەی ڕابردوویە دەیرووخێنن ئەوجار، بەپێی پیلان و نەقشەی گوڵاوی خۆیان، دەیڕێسن و دەپێچن .
سەدان ساڵە خەریکن کە بتوانن گورزێک لە یەکێک لەوکۆڵەکە پتەوانەی دینی ئیسلام ڕاکێشن و بیلەرزێنن.
بائێمەش نەبینە دەستەچیلەوئاوردووی نەیاران و ناحەزانی گەل و نیشتمان و دینەکەمان.
گەلێ جاران لە بەر بێ ئەزموونیمان، بە سازی نەیاران، رەخساوین و سەمامان کردوە.
بێ خەبەری و بێ ئاگایی و بێ موتالایی ئێمە ، دەبێتە هۆی، بێ ئەدەبی وهێرشی ڕەشەبای هزرو بیری ئەوان.
ڕێز لە زانایان، یانی قایم ڕاگرتنی کۆڵەکەی شارستانیەت و مرۆڤایەتی. ڕووخانی قەڵای حورمەتی مامۆستایان وپسپۆڕان، یانی ڕووچوون لەناو گۆمی بێ سەروو شۆێن و بێ بنی مێژوو.
بائێمەش پارێزوانی سەرمایەو ژێرخانی فکرو بیروی شارستانیەتەکمان بین.

جەهانگیر بابایی ـ سەردەشت

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
sozimihrab
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا