بە ناوی خاوەن زانستی ڕەها
لێکدانەوەیەکی قوڕئانی بۆ ئایەی ۳۴ سوورەی نیسا‌ء
پێشەکی ئەگەر حەدیس و ڕیوایەت و وتەی شارەزایانی ئایینی بە قوڕئان پێوانە بکەین، بە گشتی هزری چەوتی ئایینی نامێنێ. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بە شێوەی ڕەهای حەدیس و ڕیوایات و وتەی زانایانی ئایینی بنەما و سەرچاوەی تێگەیشتن لە قوڕئان بن، نە پێش دەکەوین و نە وڵامی هەڵپەرستانی ئایین فرۆشانمان بۆ دەدرێتەوە و لە پێشکەوتنیش دەوەستین هیچ، بەڵکوو بە کردەوەش ملی پێدادەنێن کە ناتوانین خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەمان هەبێت بۆ ئەم بەشەی کە پەیوەندی بە کات و جێگای خۆی هەیە. هەروەها ئەگەر بە ڕاڤە و لێکدانەوەی بەشێک لە زانایانی چەوت بیر دڵنیا بین بە جێی ڕاڤەی قوڕئان بە قوڕئان -وەک کاک ناسر سوبحانی دەفەرمێ: هێندێک جار بۆ تێگەیشتن لە ئایەتێک، گەڕانەوە بۆ سوورەی هەڵگری ئەم ئایەتە بەسە- ئه‌وه ئایینەکەمان گەشە ناکات و بە پێشێلکاری مافی مرۆڤەکان بە گشتی و بەتایبەتی مافی بێ‌باوەڕان، کەمینەکان، باوەڕدارانی ئایینه‌کانی‌تر و مافی ئافرەتان تۆمەت بار و تیتاڵمان پێدەکرێت. پێویست بە ئاماژەیە که خوانەخواستە لە بنەڕەتدا مەبەستمان ئه‌وه نییە ڕوهەڵماڵاو بین و لە پیرۆزی وتەکانی سەروەری خۆشەویستمان بەتایبەتی و کاریگەری ئەرێنی ڕیوایات و تێکۆشانی زانایانی ئایینی بەگشتی کەم کەینەوە. بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە بۆ دروستی و نادروستی هزری ژەهراوی دۆستانی نەزان و دەرفەتخوازانی بێ هەڵوێست و نەیارانی زانا، هۆشیارانە گشت بابەتە هەستیارەکانی ئایین له‌گه‌ڵ قوڕئان هاوتەریب کەین و قوڕئانیش بەڵگەی کۆتایی و ئولتیماتۆم بێت.
لە پەیوەندی بە باسەکەمان هەر لەسەرەتای ئەم سوڕەتە ئەگەر زانستانە و لەسەر بنەمای قوڕئانی لێکدانەوه‌مان نەبێت، ئەو بۆچوونه دێته ئاراوه کە ئافرەت لە کەلەکەی چەپی پیاو، نەک ڕاستیش لە لایەن خوای گەورە بەلاری و نالەباری لە بواری هزری و سۆزداری بەدی هاتووە، کەچی لە قوڕئانی پیرۆز و فەرمودەی دروستی پێغەمبەری خوا(د.خ) لەم بوارەدا هیچ ئاماژەیەک نه‌کراوه. ئەگەر لە بواری فەلسەفی ئایینی لەم بابەتە چڕ بینەوە، نەشیاو و نەگوونجاوە. چونکه ئافرەت گەر بە لاری بەدیهاتبێ، ئه‌و ده‌م لە هەمبەر لاری و لاساریشیدا ناشێ بەرپرسیار بێ، چونکه بە ویستی خۆی نییە و بە زۆرەملی پێی دەکرێت و ناشکرێت مرۆڤ لە هەمبەر زۆرەملی ئەرکدار بێت.
بەر لەوەی باس لە واتای قوڕئانی ئایەی ۳۴ سوڕەی نیسا‌ء بکەین، پێویستە بگوترێ ناو بردنی سوڕەتێکی قوڕئان بە نسا‌ء، به واتای داکۆکی و پشتیوانی‌کردنی ئافرەتانه لەم بەشە هەستیاره که ئافرەتان مایەی ئۆقرە و هێورکردنەوەی پیاوانن، نەک نادادپەروەری لە هەمبەریاندا.
«الرجال قوامون علی النساء بما فضل الله بعضهم علی بعض و بما انفقوا من اموالهم فصالحات قانتات حافظات للغیب بما حفظ الله واللات تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن فی المضاجع واضربوهن فان اطعنکم فلا تبغوا علیهن سبیلا ان الله کان علیا کبیرا»
واته: پیاوان سه‌رپه‌رشتیارن به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌کانیانه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕێز و زیاده ئه‌رکێکه‌وه که خوا داویه‌تی به هه‌ندێک به‌سه‌ر هه‌ندێکی تردا (سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که) پیاوان له ماڵ و سامانیان خه‌رج ده‌که‌ن (له پێناوی ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی ئافره‌تاندا)، له‌ولاشه‌وه ئافره‌تانی ژیر و دیندار و گونجاو هه‌میشه گوێڕایه‌ڵی مێرده‌کانیانن، نهێنی نێوان خۆیان و مێرده‌کانیان ده‌پارێزن (به‌تایبه‌ت ئه‌و نهێنیانه‌ی خوا ده‌یه‌وێت پارێزراو بن) به‌هۆی ئه‌وه‌ی که خوا مافه‌کانی ئه‌وانی پاڕاستووه، ئه‌و ئافره‌تانه‌ش که ئێوه ده‌ترسن سه‌رکه‌شی و سه‌رپێچی بکه‌ن، سه‌ره‌تا ئامۆژگاریان بکه‌ن، (ئه‌گه‌ر سوودی نه‌بوو) له‌ناو جێ‌دا پشتیان تێبکه‌ن، (ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش سوودی نه‌بوو) لێیان بده‌ن (به‌مه‌رجێک لێدانه‌که له ده‌م و چاو نه‌بێت و ئاسه‌وار به‌جێ نه‌هێڵێت)، ئه‌گه‌ر به‌م هۆیانه‌وه له لادان و یاخی بوون وازیان هێنا، ئه‌وه ئیتر سته‌میان لێ مه‌که‌ن و ڕێگه‌ی تر مه‌گرنه‌به‌ر (بۆ ئازاردانیان) بێگومان خوا به‌رز و بڵند و گه‌وره‌یه، (ئه‌گه‌ر سته‌میان لێبکه‌ن تۆڵه‌تان لێده‌سێنێت).
پێویستە بۆ زیاتر شیکاری و وردبوونەوەی ئەم ئایەتە، ئەو وشانە دەست نیشان بکرێن کە سەرنج ڕاکێشەرن.
یەک: واژەی (الرجال)
واتە پیاوانی خاوەن ژن، نەک هەر پیاوێک یان ئەم پیاوانەی به‌رپرسیارن لە بەرامبەر دابین کردنی توێشووی ڕۆژانەی ژنانی نیزێک لە خۆیان وەک دایک، خوشک وهتد. هەر وەک بەشێکی ڕاڤەکەران وایان ڕاڤە کردووە، ناکرێت بۆ هه‌ر پیاوێک دروست بێ. چون بەشێک لە وەڵامی (الرجال) دەفەرموێت: (حافظات للغیب) واتە: ئەم ژنانەی لە نەبوونی هاوسەرەکانیان لە داوێن‌پیسی خۆ دەپاڕێزن یان ئەگەر ترسان لە ناپاکی هاوسەره‌که‌یان، واتە: (نشوزهن) کە هیچ کامیان بۆ غەیری هاوسەر ناگونجێ.
دوو: واژەی (قوامون)
(قوام) لە ڕیشه‌ی وشەی (قیام) وەرگیراوە و زیادەڕۆیی تێدا کراوە، واتە لە ڕادەبەدەر سەرپێ وەستان و پێچەوانەی دانیشتنە، کەوابوو بە پێی بنه‌مای ئەم وشەیە، هیچ کات ناکرێ بە واتای سەروەری و بەڕێوەبەری بێت، یان پلەی تایبەتی پێدان بێت. بەڵکوو تەنیا ئەرک پێدانە.
لە بواری یاسایەوە هەرکات چاڤگەی (قوام) کە قییامە حەرفی (علی) ی پێوە لکێندرا، واتاکەی دەبێتە ئاگا لێ بوون و پاراستن، نەک سەروەری و گەورایەتی، وەک دەوترێ: «قام الممرض علی المریض» واتە: نەخۆشەوان هەستا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی خۆی بەسەر نەخۆشدا.»
بە ڕوونی دەردەکەوێت لێرەدا بە هۆی خزمەت کردنی نەخۆش بۆ نەخۆشەوان پلە بەرزی مەبەست نییە، بەڵکوو لەبەر شارەزایی لەم بوارەدا ئەرکی خزمەتی پێ سپێردراوە، بۆ زاخاوی مێشک.
ڕۆژێک چوومە سەرەخۆشی. مامۆستایەک بە مامۆستایەکی لە خۆی بەتەمەنتر دەی ووت، من مزگەوتی ئافرەتانم بە پێی شەریعەتی ئیسلام داناوە، دەزانی چۆن نهۆمی یەکەمم بۆ پیاوان داناوە و هاو ئاستیش واتە هه‌م که‌فیشم بۆ ژنان داناوە شەریعەت وادەڵێ پیاو دەبێ هەر لەسەر بن و ژنیش لە ژێرەوە…
کۆتای بەشی یەکەم
ئیسماعیل سۆهرابی گوندی وەتە میش
پێداچوونه‌وه: سۆزی میحڕاب