عباداتمناسبت ها

لە پێشوازی رەمەزاندا

پێویستە لەسەرمان کە لە ئێستاوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ پێشوازی مانگی رەمەزان و پێداویستیەکانی بۆ ئامادە بکەین و زمانمان بەم نزایە پاراو بکەین و بڵێین (خوایە گیان سوپاس بۆ تۆ کە جارێکی تر گەیشتینەوە رەمەزان و پشتیوانیمان بکە بۆ بەئەنجامگەیاندنی، ئەو چاکە و تەقوایەشمان بە نسیب بکە کە تیایەتی).

ئەم مانگە پڕە لە خێر و بەرەکەت، مانگی سۆز و بەزەیی و لێخۆشبوون و رزگاربوونە لە ئاگر، مانگی چاکە و ئیحسانە، ئەمە تەنها بۆ ئەم ئوممەتی ئیسلامیەیە و هیچ ئوممەتێکی تر ئەمەی نیە.

لە گرنگترین ئەو ئامادەکاریانەی کە پێویستە، ئەوەیە کە بە بەڕۆژو بوون لە مانگی شەعباندا پێشوازی بکرێت، هەندێک فەرموودە هەیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێغەمبەری خوا مانگەکە هەمووی بەڕۆژوو بووە یان چەند رۆژێکی بەڕۆژوو بووە، ئەگەر هەرکەسێکیش بە بەردەوامی رۆژی دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو بووە با بەردەوام بێت یان هەرکەسێک رۆژووی لەسەرە دەتوانێت لەم مانگەدا قەزای بکاتەوە.

لە گرنگترین ئامادەکاریەکان بریتیە لە بوونی ئیرادەیەکی بەهێز و نیەتێکی باش بۆ بەڕۆژو بوون و رازی کردنی خوای گەورە، بەو ئامانجەش بەڕۆژوو بێت کە بەجێهێنانی فەرمانێکی خوای گەورەیە و ئەنجامدانیشی بۆ کۆمەڵێک ئامانجی بنەڕەتیە، کە لە گرنگترینیان:

یەکەم/ تەقوا [ڵعَلَّکُمْ تَتَّقُونَ]، وشەی (تەقوا) هەموو کارێکی خێر دەگرێتەوە واتە خۆپاراستن، دەبێت مرۆڤی باوەڕدار بە ئیرادەیەکی بەهێز و باوەڕبەخۆ بوون و راستگۆییەوە بڕیاری جێبەجێکردنی بدات، لەو رۆژەدا لە شتە حەڵاڵەکان دوور بکەوێتەوە لە خواردن و خواردنەوەو ئارەزوو، بڕیار بدات لەم مانگەدا لە هەموو حەرام و خراپە و تاوان و درۆ و غەیبەت و … هتد دوربکەوێتەوە، واتە دورکەوتنەوە لەو شتانەی کە خوا حەرامی کردووە، دەبێت ئەم حاڵەتە لای مرۆڤی باوەڕدار پەیوەست نەبێت تەنها بە رەمەزانەوە، بەڵکو لەدوای رەمەزانیش مرۆڤێکی خواناس و راستگۆ و چاکەکاربێت.

ئەگەر لە مانگی رەمەزاندا تووشی تاوانێک بوویت نابێت بیخەیتە ئەستۆی شەیتان، چونکە لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە کە دەفەرموێت “إِذا دَخَڵ رَمَضانُ فُتِّحَتْ أَبْۆابُ الْجَنَّەِ ۆغُلِّقَتْ أَبْۆابُ جَهَنَّمَ ۆسُلْسِڵتْ الشَّێاطینُ” واتە کاتێک کە رەمەزان هات دەرگاکانی بەهەشت دەکرێنەوەو دەرگاکانی دۆزەخ دادەخرێن و شەیتانەکانیش لغاو دەکرێن، کەواتە لە رەمەزاندا هەرکەسێک تاوان بکات خۆی تاوانبارە و دەبێت سەرزەنشتی خۆی بکات، چونکە لە رۆژی دواییدا شەیتان خۆی بێ‌ بەری دەکات لەوانەی کە تاوانەکە دەدەنەوە پاڵا ئەو، بەڵکو دەڵێت تەنها خۆت تاوانباریت چونکە من هیچ هۆکارێکم نەبوو تۆ ناچار بکەم بە تاوانکردن ئەگەر بۆخۆت ئەنجامت نەدایە [فَڵا تَلُومُونِی ۆلُومُوا أَنْفُسَکُمْ مَا أَنَا بِمُصْڕخِکُمْ ۆمَا أَنْتُمْ بِمُصْڕخِیَّ إِنِّی کَفَرْتُ بِمَا أَشْرَکْتُمُونِ مِنْ قَبْلُ إِنَّ الظالِمِینَ ڵهُمْ عَذابٌ أَلِیمٌ] بەڵام ئەوەی دەبینرێت مرۆڤە شەیتان رەفتارەکانن، کە بە بەرچاومانەوە دەبینرێن و هانی باوەڕدار دەدەن بۆ تاوان و خراپەکاری کە لە ئێستادا هۆکاری راگەیاندن و تۆڕە پەیوەندیە جیاوازەکان سەرقافڵەی ئەم کارەن، چونکە لەنێویاندا بەشێکی راگەیاندنیان کردۆتە بازاڕ بۆ خستنەڕووی هونەرێکی رەزیل و بێ‌ مانا کە پڕیەتی لە تاوان و خراپەکاری، لەم رێگەیەشەوە گەنجان و تازەپێگەیشتوان هان دەدرێن کە سەرقاڵی ئەم جۆرە تاوانانە بن و سەرئەنجامیش کاریگەری خراپ پەیدا دەکات لەسەریان و کەسایەتیەکی لاواز و نابەرپرسیار و نا نیشتمانیان لێ‌ دروست دەبێت، لەبەرئەوە ئەرکی گەورەی دەزگاکانی راگەیاندن ئەوەیە کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و پرۆژەی گەورە لە بواری راگەیاندندا جێبەجێ‌ بکەن بۆ پێگەیاندن و پەروەردەکردنی گەنجی باش و مرۆڤی باش و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گێڕانەوەی هاوڵاتیان لە تاوان و خراپەکاری.

بۆئەوەی لە ئەم مانگەدا مرۆڤی مسوڵمان ببێتە مرۆڤێکی چاکەخواز و دورکەوتنەوە لە شەڕ و خراپەکاری و گەندەڵی، واتە ئەم مانگە ببێتە هۆی زیادکردنی چاکەکان و گەڕانەوە لە خراپەکان و بەوشێوەیەش توێشوویەک کۆ بکەنەوە کە لە ماوەی ۱۱ مانگی داهاتوودا وەک وزە کەڵکی لێ‌ وەربگرێت و بتوانێت لەبەرامبەر تاوان و خراپەدا بوەستێتەوەو بەرگریەکی گەورە لە دەروونیدا دروست ببێت بۆ پاراستنی ئاستێکی بەرز لە ئیمان و خواناسی.

پێغەمبەری خوا (صلی) ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە یەکێک لە فەزڵەکانی خوا لە مانگی رەمەزاندا رزگاربوونە لە ئاگر، وەک دەفەرموێت [ۆلِلَّهِ عُتَقَاء مِنْ النَّاڕ ۆذلکَ کُلُّ ڵیْڵەٍ]، واتە پێویستە مرۆڤی باوەڕدار بگاتە ئەم ئاستە کە شایەنی رزگاربوون بێت لە ئاگر، ئەمەش کاتێک دەبێت کە دروشمەکەی بریتی بێت لە “ێا بَاغِێ الْخَیْڕ أَقْبِلْ ۆێا بَاغِێ الشَّڕّ ادبر” واتە “ئەی ئەو کەسەی کە روو لە خێری زیادی بکەو ئەو کەسەش کە رووی لە خراپە و تاوانە با وازی لێ‌ بێنێت”، دەبێت ئەم دروشمە لە ژیانیدا جێبەجێ‌ بکات و لەدوای ئەوەشەوەیە کە دەگاتە ئەو تەقوایەی کە خوا دەیەوێت.

دووەم/ لە رێگەی رۆژوەوە خوای گەورە دەیەوێت بمانگەیەنێتە ئاستێکی مرۆیی بەرز لە هەستکردن بە گرفت و ناڕەحەتیەکانی کەسانی تر، بەتایبەتی هەژاران و هەستکردن بەو بارودۆخە ناهەموارەی کە تیایدا دەژین، مانگی رەمەزان مانگی چاکە و خێرخوازیە، دەبێت لە زیادەمەسرەفی دوور بکەوینەوە، چونکە هەرکەسە دەبێت بە پێویستی خۆی خەرجی هەبێت و زیادەمەسرەفی نەکات، وەک خوای گەورە دەفەرموێت [إِنَّ الْمُبَذڕینَ کَانُوا إِخْۆانَ الشَّێاطینِ] لێرەدا ئەو کەسانەی کە زیادەمەسرەفی دەکەن خوای گەورە بە برای شەیتان ناویان دەبات، ئەمەش سیفەتێکە کە خوای گەورە خۆشی ناوێت، وەک دەفەرموێت [ۆکُلُوا ۆاشْرَبُوا ۆڵا تُسْڕفُوا إِنَّهُ ڵا یُحِبُّ الْمُسْڕفِینَ]، توێژینەوەی جۆربەجۆر هەن لەم بارەیەوە کە هەمووی جەخت لەوە دەکەنەوە کە جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ژیانی مسوڵمانە دەوڵەمەندەکان و هەژارەکاندا ،بەتایبەتیش ئەگەر سەیری دانیشتوانی کەنداو بکەین و بەتایبەتی تریش لە مانگی رەمەزاندا ،ئاستی بە فیڕۆدان و خەرجی لە ئاستێکی بەرزدایە و بێ‌ ئاگاییەکی زۆری پێوە دیارە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکانی هەژار و نەدار، یەکێک لە توێژینەوەکان دەڵێت “ئەگەر ئەو پارە زۆرەی لە مانگی رەمەزاندا خەرج دەکرێت بە زیادە مەسرەفی کۆی بکەینەوەو تەرخانی بکەین بۆ هەژاران ئەوا ۵۰%ی کۆمەڵێک وڵاتی هەژار سودمەند دەبن بۆ ماوەی شەش مانگ”. چونکە بەڕۆژوو بوون بۆ دروستکردنی ئەم هەستەیە و ئەگەر لەلای دەوڵەمەندەکانیش ئەمە دروست نەبێت کەواتە ئامانج لە رۆژوو گرتن چیە؟.

سێیەم/ گەڕانەوە بۆلای خواو پەشیمان بوونەوە لە تاوانەکان یەکێکە لە ئامانجە سەرەکیەکانی بەڕۆژو بوون لە مانگی رەمەزاندا، پەشیمانبوونەوە لە تاوانیش تەنها بە وتە نابێت بەڵکو ئەو پەشیمان بوونەوەیەی کە لای خوای گەورە وەرگیراوە دەبێت بە سێ‌ مەرج بێت..

دابڕان لە تاوانەکە.پەشیمان بوونەوە لە کردنی ئەو تاوانانە.بڕیاردان بۆ نەگەڕانەوە بۆ ئەو تاوانە بەشێوەیەکی هەتا هەتایی.

وەک خوای گەورە دەفەرموێت [إِنَّمَا التَّوْبَەُ عَڵی اللَّهِ لِلَّذینَ ێعْمَلُونَ السُّوء بِجَهَاڵەٍ ثمَّ ێتُوبُونَ مِنْ قَڕیبٍ فَأُوڵئِکَ ێتُوبُ اللَّهُ عَڵیْهِمْ ۆکَانَ اللَّهُ عَلِیمًا حَکِیمًا].

ئەگەر تاوانەکە بەرامبەر مافی مرۆڤێک بوو، ئەوە مەرجێکی تریش زیاد دەکات کە بریتیە لەوەی دەبێت ئەو مافە بگەڕێنیتەوە بۆ ئەو کەسە و گەردنی خۆتی پێ‌ ئازاد بکەیت، ئەمە ئەگەر پەیوەندی بە مافێکی داراییەوە هەبوو بەڵام ئەوەی زۆر قورسە کە پەیوەندی هەبێت بە مافێکی مەعنەوییەوە وەک غەیبەت کردن و دوو زمانی و درۆکردن و.. هتد.

لەبەرئەوە پێویستە زۆر خۆمان بپارێزین لە تاوانە دەروونیەکان ،چونکە دوایی دەبێت پەشیمانی دەرببڕیت و داوای لێبوردنی لێ‌ بکەیت، ئەگەر ئەوە نەکەیت، ئەوا لە رۆژی دواییدا مایە پووچ دەبیت و هەموو کردەوە چاکەکانت بەو تاوانانە دەڕوات.

پێویستە مرۆڤی باوەڕدار بەردەوام گەشە بە چاکەکاری بدات رۆژ بە رۆژ ئەو کارانە بکات کە لەخوا نزیکی دەکاتەوەو لە ئەوانەش خۆی بەدوور بگرێت کە دەبێتە مایەی سەرشۆڕی لە رۆژی دوایی دا، واتە نابێت لە شوێنی خۆیدا وەستاو بێت و بە چەند عیبادەتێک سەرقاڵا بێت و بەمەش دڵی خۆی خۆش بکات کە باوەڕدارێکی تەواوە، وەک دەفەرموێت [لِمَنْ شَاء مِنْکُمْ أَنْ ێتَقَدَّمَ أَوْ ێتَأَخَّرَ]، بەپێی ئەم ئایەتە پێویستە لەسەرمان کە بەردەوام عیبادەتی چاکتر و باشتر بکەین و داهێنانی زیاترمان هەبێت و لە کارە دنیاییەکانماندا دڵسۆزتر و چاکتر بین و نموونەی مرۆڤی دڵسۆز و بەوەفاو هۆشیار و بەئاگا و چاکەخواز بین.

مانگی رەمەزان مانگی گەورەی نزا کردنە، خوای گەورەش ئامادەیی خۆی دەبڕیوە بۆ بەدەمەوەچوونی کەسێک کە داوای لێ‌ بکات وەک دەفەرموێت [ۆإِذا سَأَڵکَ عِبَادِی عَنِّی فَإِنِّی قَڕیبٌ أُجِیبُ دَعْۆەَ الدَّاعِ إِذا دَعَانِ فَلْێسْتَجِیبُوا لِی ۆلْیُۆْمِنُوا بِی ڵعَلَّهُمْ ێرْشُدُونَ]. واتە هەرکەسێک لە بەندەکانم داوام لێ‌ بکات ئەوا من نزیکم و وەڵامی داواکەی دەدەمەوە لەبەرئەوە وەڵامی داواکانم بدەنەوەو باوەڕم پێ‌ بهێنن بۆئەوەی مرۆڤێکی چاک و باش و گەورەبن.

ئەگەر ئەم بنەما سەرەکیانە لە رۆژوودا هاتنەدی ئەو رۆژووە لای خوا رۆژویەکی وەرگیراوەو ئەو ئامانجە گەورەش کە بۆی دانراوە دەیهێنێتەدی کە بەدەستخستنی تەقوایە. 

دکتۆر عەلی قەرەداغی

از طريق
علی قرداغی
منبع
سوزی میحراب
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا