دل نوشته

نامەیەکی سەرئاواڵە

دۆستی دانیشتووی ڕۆژئاوام!
سڵاوێکی گەرم وگوڕت ئاراستە دەکەم کە ناسکتر لەهەستی بەیان،روونتر لە نازی کانی و بەتەوژم تر لە تیشکی خۆرە بێ.
زۆر لە مێژ نیە لێک دابڕاوین ، هەرچەند دوور لە باوەشی گەرم و باڵای بەرزو هەستی پاکت، بۆمن دڵ هەژێنە.
هەرکات وشەی کۆچ باڵ دەگرێ و بەرەوگوێم هێرش دێنێ قرچە لەهەناوم دێ و مووی ئەندامم قرژ دەبن، خۆ وشەی کۆچ لەگەڵ کورد، نامۆ نیە و دەستە خوشکێکی دێرینە.
ئەگەرچی ئەوین و دڵداری و دڵ پێکەوە گرێدان، نیازی بە لێک نێزیک بوونەوە نیە .وزەی خۆشەویستی، هێندە بەبڕشت و تەوژمە،کە هیچ کێو و دەریایەک و بەستەڵەکێک، ناتوانێ بەرگری لێ بکا.چوون ڕەگەز و هەوێنێکی تایبەتی هەیە .
هەرکەسێک کەوتە سەرهێڵی ئەوین ودڵداری،هیچ سنوورێک، ناتوانێ سۆمای گەشی کز بکات و پڵیتەی ژیانی داکێشێ و تیشکی رووناکی هەرگیزبە کزە بای دابڕان، ناکووژێتەوە.
ئەوین، شمشێرێکی تیژ و بڕندەیە تەنانەت زەمان و زوڵم و تووڕەیی وزیندانیش، هەنجن دەکا و هەتا ئێستا هیچ چەکێکی بەرگری ، بۆ نەدۆزراوەتەوە.
گەلێک دووانەی خۆشەویست هەن کە قەت یەکتریان نەدیوە یان لە باوەشی مێژوودا خەوتوون یان قەت لەم دونیایەدا بەچاو نابینرێن بەڵام ئەویندارەکە ی بە فرمێسکی پڕلەژان، دەبوورێتەوە و دەپشکوێ. بۆ وێنە هەستی خۆشەویستی خوای دلۆڤان لەوجۆرە عەشقانەیە!
ئێستا تۆی ئازیز، کە کەوتوویە وڵاتانی هەندەران، هەست دەکەم بەشێک لەدڵ و دەروونم لێ دابڕاوە و ەک ئەوەی کە بەچەپەچاخی هیجران و دووری، دڵم دوو بەش کرابێ .
بەڵام گەیشتن بەپلەکانی سەرکەوتن و بڕینی کۆسپی ژیان، هێزوباوەڕێکی پتەوی دەوێ.

هەوەڵ هەنگاوت کەدەنێیە وڵاتانی پیشەسازی و سەرکەوتوو، تارمایێک مێشک و بیرت دادەگرێ و هەستی خۆ بەکەم گرتن و بێ متمانەیی، پەلامارت دەدا و سەرت لەو هەموو تێکۆشانە و دەست ڕەنگینیەی مرۆڤی ڕۆژئاوایی، سووڕ دەمێنێ. بێ ئەوەی کە خۆت بتهەوێ سەری کوڕنۆش بۆ بیروفکری بەرز و پاکی ئەو وڵاته دادەنوێنی. بەلایەک دا ناحەقت ناگرم چوون لە گەڵ دواکەوتوویی وڵاتانی خۆمانی بەراورد دەکەی!

بەڵام ئازیزم!
ئەوسەرسووڕمانە، بێهۆشت نەکا وکێیەتی و کەسایەتی تۆ تووشی شێرپەنجە ی فەرهەنگی و داب و نەریتت نەکا. خۆدۆڕاندن و لەبیرچوونەوەی کەسایەتی،یانی مەرگی گەنج! یانی سڕینەوەی نەتەوە و مێژووی چەن هەزار ساڵە و پڕ لەشانازی!یانی توانەوە و ژێر پێ که وتن و هەڵنەستانەوە
! یانی ڕزینی مێشک و دەروون ودارووخانی کۆڵەکەی پیاوەتی و مرۆڤایەتی!
تووشی هەڵە نەبی ،ئێمە خاوەنی داب و نەریت و ڕەسەنی جوانین و گەلێک دەوڵە مەندین .

هەژاری و داماوی وڵاتانی ئێمە، تەنیا لەبەشی پیشەسازییە با پێک هەڵکێشانەکەت جوامێرانە بێ!
بڕینی لووتکەی سەرکەوتن و باڵادەستی، ئارەزۆ وخواستی هەرگەنجێکی ژیرو وریایە. ئەگەر ئەوهەستە نەبێ کەس بەرەو داهاتوێکی گەش، هەنگاو نانێ. بەڵام گەنجی ژیر دەبێ بزانێ کەسایەتی و بوونی خۆی، بەهیچ زێڕ و زەمبەرێک نافرۆشێ لەبەرئەوەی کە، لە قیمەت نایە بەهۆش بە ئەو گەنجینەو سامانەت لێ نەفڕێنن و هەڕاجی نەکەی!
من باشتر لەخۆت، ئەتناسم دەزانم ڕۆڵەیەکی وریا و ژیرو هەستیاری.دەزانم چەندە دڵسۆزی گەل و نیشتمانی، بۆم روونە بۆ هەتیوی و بێکەسی و هەژاری گەلەکەت، مێشکت پڕ لە ئازارە. وەبیرم دێ کە چەن ها شەو، فرمێسکی گەشت بۆ ژانی گەل، لاجانگی خووساندووی و دەردو مەینەتت کێشاوە.
بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو خاڵە باشانەی کەهەتن بەپێویستی دەزانم وەک هەواڵێکی خۆشەویست و بەئەمەگ، زەنگی وەبیرهێنانەوەت وەدنگ بێنم نەوەکوو خوای نەکردە سەرسام بیت و جوانی و زریقەو بریقەی شارستانیەت، لە هەوڵ و تێکۆشان و خۆێندن، دوورت بخاتەوە وبەشتی پڕو پووچ، بتخافڵێنێ.
جێگاکەت ،وڵاتێکی بێ دەنگ و هەراو دوور لە شەڕ و کوشت و کوشتارە.مێشک لەدۆخی ئاوا ئارامدا دەپشکوێ و بەرهەمی جوان پێک دێنێ.ئەوان توانیویانە بە قیمەتی گیانی ئێمە ،ئەو هەل و فرسەته بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بکەن.
کاتێکی زۆر و بەنرخت هەیە،لاپەڕەزێڕینەکانی مێژوو وەرد بدەوە.بزانە کەئەو وڵاتەی کەتۆی سەرسام کردوە چ تاڵان وبڕۆیەکی بۆگەیشتن بەو دەوڵەمەندیه هەبوە! چەن ها وڵاتی هەژارو نەداری وەک ئێمەی قڕ کردوون هەتا بۆ خۆی هاتۆتە سەر!.
بۆ سەرهەڵدانی خۆیان، ملێونەها هەژارو بێکەس و ڕەش و رووتیان،لە خوێن دا گەوزاندوون. چەن ها دایک و مناڵیان لێک دابڕیون و سەدان سێدارەیان بۆ لاوان وگەنجانی ئەووڵاته هەژارانە، هەڵاوەسیون .گەنجانێک کە تەنیا بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان وە جواب هاتبوون وچەکی شەڕەفیان کردبۆ شان. هەر ئەوان لێمان بوونە ئاغا و کوێخا ،بەنێوو مۆرکی دزو جەردە و ئاژاوەچی ، پەتکیان لەمل کردن.
بە زانیاری و بەڵگەی باوەڕ پێکراو سەلمێنراوە کەکۆشک و بناغەی ڕۆژاوای ئەوڕۆ، لەسەر کانی زێڕو نەوت و بەرهەمەکانی وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا دامەزراوه .بەناو ئاوەدان کردنە

وە( ئیستعمار) سوپایان خستۆتەناو ئەو وڵاتاته دەوڵەمەندانە و بەڵام لەڕاستی دا دزی و تاڵانیان کردوون.
هێزی لەبڕان نەهاتووی گەلەکەت،هێندە قووڵ و بێ بنە و ڕابردوێکی پڕلەشانازی لە پشته کەهەموو زانایەکی مێژوو ناسی خۆیی و بێگانە، دانی پێ دێنێ.
ڕەچەڵەک و ڕەسەنی ئێمەی کوردی ئەوڕۆیی بەپێی بەڵگەی زانایانی ئورووپایی، دەگەڕێتەوە سەرلۆلۆکان وگوتیەکان و مادەکان، کەئەوانیش بناغە و کۆڵەکەی کۆنن،تیشکی جوامێری و پیاوەتیان وێردی سەرزمانە.چەن ها پسپۆرو ئەدیب و شاعیرو عارفمان هەن کەلەبەر بێکەسی و بێ وڵاتی، نێویان ونەو لەژێر گڵکۆی مێژوودا خەوتوون.
کورد ،دوو کۆڵەکەو پشتیوانی وەک نەتەوە و ئایین لە ژیاندا هەن کە بەمتمانەوە هێزێکی پۆڵایینن و لەبەرامبەر هەموو هێرشێک، دەیانپارێزێ.
جاتوخوامن بەرەباب و پشتی ئەو گەلە ڕەسەنانە بم و مێژوێک ئاواپڕشنگداریان بۆ خۆڵقاندبم ڵەهەڕەشەو گوڕەشە وفڕو فیشاڵی فەرهەنگ و دابی ڕۆژاوا دەترسم؟ خۆدۆڕاندن لەو جێگەیە دا، هێمای ترسەنۆکی و بێ غیرەتییە!
لەلایەکی دیکەشەوە خوایەکی وشیارو بەهەست و دلۆڤان، کەلەهەموو کات و ساتێک دا، بینای حاڵمانە ، دایمە بێ نووستن و خەونووچکە، چاوەدێری کارو کردەوەو هزرو بیرمانە.کەسایەتێکی ئاوا بەڕیز،شک بەرم چۆن خۆم وژیانم دەدۆڕێنم؟
بەلێکدانەوەیەکی سادە، دەردەکەوێ کە ئاڵای شۆرشی موحەممەد( د) بۆ ئازادی و ڕەهایی چینی چەوساوە و کۆیلە بوە و درووشمی بەرابەری ڕەگەزی ڕەش و سپی داگیرساندوە وپشتی ساماندارو زاڵم و زۆرداری چەماندۆتەوە.
باوو باپیرانی جوامێرو زانای ئێمە،هەر زوو ،لە پێش زۆربەی گەلاندا ڕاپەریون و زانیویانە کە ئایینی ئیسلام چەندە دەوڵەمەندو بەپێزە. بۆیە نوێنەری تایبەتی ولێزانیان ناردۆته خزمەت موحەممەد(د)و بەباوەشی گەرم و ئاواڵە بەپیریەوە چوون.
مرۆڤی ژیرو تێگەیشتوو ، چاکە و خەراپە جوان لێک هەڵداوێرێ و یاسای ڕێک و پێک و دەوڵەمەند و بەپێز، بۆ خۆی و دۆستانی هەڵدەبژێرێ. هەتا بتوانی شارستانیەت و نەجابەت ومانەوەی خۆی، سەقام گیر کا.
هەرئەولێک دابڕانە و دواکەوتووییە و بێ کەسیەی کە ئێستا یەخەو بەرۆکی من و تۆ و گەلەکەمان،بەرنادا بەرهەم و خەڵاتی ڕۆژاوایە کەزۆر بەناپیاوانە و خوێڕی گەرانە، ئەتکیان بە گەلی ئێمە کردو لاق و لەتەریان بڕینەوە.
بەداخێکی زۆرگرانەوە، زۆرێک لە گەنج و لاوی کورد، لەو تاوانە مێژووییە بێ ئاگان و نازانن بەزم و هەراو کیمیاباران و ئەنفال و کۆچی ئێستای لاوانی نیشتمان، هەرتاوان و هەڵەی وڵاتانی پێشکەوتوویە!
خۆشەویستم!
تۆ چاو لەو حکوومەتانە ی ڕۆژهەڵات مەکە کەبەناو دین گەلانێکی هەژارو بێکەسی وەک ئێمە دەچەوسێننەوە ،ئەوانە بۆ مانەوەی خۆیان و ڕەزامەنی ئاغاکانیان، مۆرکی دین و ئایین لەو بیرقرپۆکەیەیان دەدەن ئەگەر ئاوانەکەن چیدی ناتوانن دەسەڵات ڕاگرن .
لەبیرت بێ، هیچ مرۆڤێک جێگروو نوێنەری تایبەتی خوا نیە. ئەویش وەک من و تۆ، ئینسانە جابا لە هەر ڕەسەن و ڕەچەڵەکێک بێ.خوای لێزان کەسی لەکەس بانتروباڵا دەست تر ساز نەکردوە ئەوە کردەوەی جوان و پەسەندە کەڕێزو حورمەتی مرۆڤەکان هەڵدەسەنگێنێ.
هیوادارم ،باڵاخانە تیژو بەرزەکان و شەقامە پان و بەرینەکان و کارخانەی پیشەسازیەکانی ئەورووپاو ڕۆژاوا،سڕت نەکا و خۆت لەبیر نەباتەوە کە کێی و لەکوێڕا چووی و بۆ چی چووی؟
بەشی پیشە سازی و ئامێری درووستکراو لەگەڵ دەوڵەمندی فەرهنگ و مێژوو و مەعنەویات و پیاوەتی، لێک جیا بکەوە و هەرشتەی لەجێگای خۆی دانێ.
هەردەم لەبیری ڕۆڵەکانی سنوور نشین و هەژارو بەرگ شڕ ودەست قەڵشاوی ئێرە دابە هەتا بتوانی لە داهاتوێکی نێزیک دا،ئاستی زانیاری و هزرت گەشە پێ بدەی و لەخزمەت گەل و نیشتمانتدا وەگەڕی بخەی و بەتێگرا هەژاو چەوساوەکانمان لەو نەگبەتییە ڕزگار بکەین.
ئەوجار بۆت ئاشکرا دەبێ کە مەبەستی من چ بوە و بۆ ئاوا دڵم پڕە لەدەرد وژان و پێنووسم گڕەزۆک و چاو بەگریانە!
چاوەکەم!
بەخوای مەزن و دلۆڤانت دەسپێرم،قەت لەبیرم ناچی! وێنەی جوانت لەناو دڵم دا هەڵداوەسم!بۆنی ئەوینت لە شنەی شەماڵ وگفەی زریان وەردەگرم و وەڕەزی تۆی پێ دەشکێنم !
چاوەڕوانی پێوقەدەمی پڕ خێرتم هەربژی فێنکایی دڵم!
هەواڵێکی خۆشەویستت لەڕۆژاوا

جەهانگیر بابایی ـ سەردەشت ـ بەفرانباری ۹٨

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن