کوردیمناجات

نزایەک لە شەوی قەدر

شەوی قەدرەو هەواری دڵ بە سۆیە
نزاو ناڵە ئەوەی هەن ڕوو لە تۆیە
دەری ناکەی لە دەرکی خۆت ئەوی دێ
بە بێ هیوا، ئەگەر بێ ڕەنجە ڕۆیە

فەزای عیرفانە ئەمشەو تا بەیانی
سەرەی هەستە لەوێدا، تۆ چوزانی؟
خوداوەندا ئەوی هات لێی ببوورە
بە لاڕێی برد هەموو دەردی نەزانی

دڵ و ڕۆحی دەکورکێنێ بەرەولات
مرۆڤێ ڕوو ڕەش و گەمژە ئەگەر هات
من و بەرگەی ڕق و تۆڵە چ دوورین !!
سەمەد تۆی و منیش هیچ وکزو لات

لە وەسفی ئەم شەوانە چی بنووسم
لە گەڵ هەست و هەناو، کۆڵە بنووسم
بە نووری خۆشەویستیت هەڵپڕووزام
لە کردەی خۆم گەلێ تووڕەو عەبووسم

خزی دەستم لە سینەی لووسی تووکا
سەرم شۆڕە لە کردەی هیچ و سووکا
قەراری بێ قەراری قوڕب و، وەسڵت
نەگەییە گڕ، شەرارەی هات پڕووکا

تکا شەرم و حەیا، ڕوو زەردی عالەم
خەتا بەخشێ نەبێ، گیری خەم وتەم
بەهاری سەوزی خۆشی هات و ڕۆیی
خەزانە عومری بێ هۆ، سەر دەکا خەم

شەوەو عەشقی موحەمەد دڵ دەکا گەش
بە نازی خۆشەویستی چۆن نەکا غەش
شەمی تاقە لە ماڵی تاری تەنیام
بە بێ سەودای دەبێ چی بێ سەری هەش

هەموو ڕێیەک بەرەو قاپیت بڕاوەن
شەوەو دەرکی هومێدی تۆ کراوەن
قوتابخانەی مرۆڤ دۆستی موحەمەد
ئەوەی ڕاسا لە عالەم دا براوەن

شەوانی قەدرە سۆزی تۆ لە سینە
دەلاوێنێ دڵی مردووم، ئەوینە
بووار نادا چەمی تاوان بەرەو لای
بە خەونیش چێتە لای شای مەدینە

خوا ڕۆژووم ئەگەر بێ بۆ ڕەزای تۆن
ئیتاعەی ئەمرو سۆزی موستەفای تۆن
خەوو خواردن خەیاڵ وبیری کورتم
قەراری قوڕبە، تاسەی مەحتەوای تۆن

خوا شێعرو شعوورو هەست و ئێحساس
بەرەو تۆ دێن لە سەر ڕایەڵی ئیخلاس
بە سیمای پاقژی خۆت و ڕەسووڵت
لە کردەی ناپەسەندی من مەکەن باس

خەڵاتی تۆن قەڵەم کەوتۆتە دەستم
بە لاڕێ چوو تراویلکەی مەبەستم
لە ڕۆژی پرس وجۆی ئاکاری نەنگم
بە تۆو تاقە ڕەسووڵت پشت دەبەستم

خودا تۆبە لە ڕابردوو کە ڕۆیی
دەبا لاچێ لە نێوان ئەمن وتۆیی
بە حوببی ئەو ڕەسووڵەت خاتەمی دین
بەسی بێ با گەلی کورد ڕەنجەڕۆیی

گڕی سینە کڵی بەختی پڕووزان
بڕی یەکسەر بە باڵای من خەم وژان
بە دیدارێکی خۆت و ئەو ئەمینە
ئەبێ ساڕێژی ئەو ناخەی هورووژان

بەرەو لای تۆیە ئەم ناڵە و نزایە
بە غەیری تۆ لە لای کێی تر ڕەوایە
بە ژاکاوییم قەبووڵ فەرموو دیارییم
ئەگەر چی نامە پڕ سووچ و خەتایە

غەفوور کەس نەزانی – ژاکاو
۵ ۳ ۱۳۹۸ هەتاوی

از طريق
غەفوور کەس نەزانی
منبع
sozimihrab
برچسب ها
نمایش بیشتر

غفور کەس نزانی

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن