نه‌ورۆزی ئه‌وساڵ میوانداری لە کێ بکه‌یین؟

کلثوم حسن زاده
هه‌موو ساڵێ له مانگی ڕه‌شه‌مه‌وه به‌ره‌و پیری نه‌ورۆز ده‌ڕۆیین و خۆمانی بۆ ئاماده ده‌که‌یین؛ ماڵه‌کانمان خاوێن ده‌که‌ینه‌وه و ئه‌وه‌ی بۆ گه‌شت و سه‌یران پێویست بێت، ته‌یاری ده‌که‌یین، یا بۆ پێشوازی له میوانی نه‌ورۆزان، ئاماده‌کاری پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌یین، جلوبه‌رگی تازه ده‌پۆشین و سه‌وزه ده‌چێنن و سفره‌کان ده‌ڕازێنن.
ئه‌وساڵیش وا له نه‌ورۆز نزیک ده‌بینه‌وه و پێویسته ئاماده‌کاری بکه‌یین. به‌س ئه‌و ساڵ دۆخه‌که‌مان جیاوازه؛ بۆیه با ئه‌وساڵ له دوو بژارده‌ی میوانیچوون و میوانداری، میوانداری هه‌ڵبژێرین، خۆمان بۆ پێشوازی له میوان ئاماده بکه‌یین و نه‌چینه میوانی.
به‌ڵام کامه میوانه؟ بێگومان میوانی ئهوساڵمان تایبه‌ته. میوانی نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵ، خۆمان و بنه‌ماڵه‌ی خۆمانه. با ئه‌و ساڵ خۆمان میوانی خۆمان بین. به‌ڵام چۆن!؟
به‌م چه‌شنه‌ی که ئه‌و ماوه‌یه وه‌ک میوانێک له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌یین:
کاتێک بڕیاره میوانمان بێت، پێش هه‌موو شتێک ماڵمان خاوێن ده‌که‌ینه‌وه. ئێستاش وایدانێن که بڕیاره میوان بێت، با ماڵه‌کانمان جوان خاوێن که‌ینه‌وه و ته‌واوی ئه‌و ڕێکارانه‌ی که بۆ بێهداشت و پاک و خاوێنی ماڵه‌کانمان پێویسته، ڕه‌چاوی بکه‌یین.
کاتێک میوانمان بۆ دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر ناکۆکییه‌کیش له‌نێو ماڵدا هه‌بێت، به‌ڕووی خۆمان نه‌هێنین و دۆخێکی ئارام و خوازراو بۆ میوانه‌که‌مان به‌دی بێنین و عاجزی نه‌که‌یین. ده‌ی با ئێستاش ناکۆکی و دڵهێشاوییهکانمان وه‌لانێین و ئه‌و ماوه‌یه به‌وپه‌ڕی دڵ‌پاکی و جوانی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌یین، مێهره‌بانتر بین و له یه‌کتر ببوورین؛ به‌شکم ئه‌و ڕه‌فتاره‌مان هه‌رچه‌ند ته‌زویریش بێت، به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌سه‌ر دڵه‌کان بێت و تۆزی کین و بوغزوغهرهز بۆ هه‌میشه له دڵه‌کانماندا بسڕێته‌وه و تۆوی ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و هاودڵی له‌جێ بڕوێنیت.
کاتێک میوانمان بۆ دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین باشترین خواردنی بۆ ساز که‌یین؛ ئه‌و ماوه‌یه‌ش میوانه‌کان بێ‌ناز نه‌که‌یین و خواردنی باش و پێویستیان بۆ ئاماده که‌یین. ئه‌و خواردنانه‌ی که بنکه‌کانی سه‌لامه‌تی بۆ به‌رگری له نه‌خۆشی و ته‌ندرووستی به پێویستی ده‌زانن.
کاتێک میوانمان بۆ دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین باشترین و خۆشترین ساتی بۆ بڕه‌خسێنین؛ ئێستاش هه‌ر ئه‌و کاره بۆ میوانه به‌ڕێزه‌کانی ئه‌وجاره‌مان بکه‌یین، هه‌وڵ بده‌یین له نێو بنهماڵهماندا دۆخێکی خۆش و شاد پێک بێنین. مناڵه‌کان پێویستییان به یاری و گه‌مه‌یه، دایکان و باوکانیش له‌یاد نه‌که‌یین و دۆخێکی گونجاو بۆوانیش پێک بێنین. یاریکردنی تێکڕایی، فیلم چاولێکردن، کتێبخوێندنه‌وه، نوێژ و قوڕئان خوێندنی به‌کۆمه‌ڵ و… کاتێکی جوان و خۆشمان بۆ دروست ده‌که‌ن.
کاتێک میوانمان دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین له‌هه‌ر شوێنێک بین، بگه‌ڕێینه‌وه لای میوانه‌کانمان و بۆ کاری زۆر پێویست نه‌بێت، میوانه‌کانمان به‌جێ نه‌هێڵین. با له‌گه‌ڵ ئه‌و میوانانه‌ش به‌هه‌مان چه‌شن ڕه‌فتار بکه‌یین و بۆ کاری زۆر پێویست نه‌بێت له ماڵ نه‌چینه ده‌ر و زووش بگه‌ڕێینه‌وه ماڵێ. کاته‌کانمان زۆرتر له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌مان به‌سه‌ر ببه‌یین و له‌ده‌وری یه‌ک بین و قه‌دری یه‌کتر بزانین و شوکری خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر به‌جێ بێنین.
کاتێک میوانمان دێت، هه‌وڵ ده‌ده‌یین ته‌کیا سه‌ردانی خۆشه‌ویستانی بکه‌یین. با ئێستاش ته‌کی بنه‌ماڵه‌مان سه‌ردانی خۆشه‌ویستانمان بکه‌یین، به‌ڵام نه‌ک به چوونه ماڵیان، به‌ڵکوو له‌ڕێی ته‌له‌فۆن و ئینتێڕنێتهوه. له‌وانه‌یه که‌سانێک هه‌بن که ده‌مێک بێت لێیان بێ خه‌به‌ر بین، ئێستا ده‌رفه‌ته با هه‌ر ڕۆژه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ند دۆست و خزم و براده‌رێکمان بگرین و له حاڵیان بپرسین. له‌وانه‌یه دوایی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان له‌ده‌ست بچێت.
ئازیزان ده‌توانین له‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی که هاتۆته پێش، باشترین و جوانترین کاته‌کانی ژیانمانی تێدا به‌سه‌ر ببه‌یین و به هاودڵی و یه‌کگری، له ژووری ماڵه‌کانمانه‌وه، دڵه‌کان پێک په‌یوه‌ست بکه‌یین و جیهانێک له جوانی و میهره‌بانی بخوڵقێنین. هاوڕێ و هاودڵی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کتر بین.
ئاگاداری ئه‌و که‌سانه‌ش بین که دۆخی ناله‌باری ژیانیان، له‌و میواندارییه بێبه‌شیان ده‌کات و به‌ناچاری ڕوو له کاروکاسپی ده‌که‌ن. یارمه‌تییان بده‌یین و ئه‌وانیش زۆرتر له‌و میواندارییه به‌شدار بن.
به‌ڕێزان میوانداری ئهوساڵمان زۆر تایبه‌ته، به‌باشی به‌ڕێوه‌ی به‌رین. بیرمان بێت، پاراستنی خۆمان، واته پاراستنی کۆمه‌ڵێک و نه‌پاراستن و که‌مته‌رخه‌می و تێوه‌گڵانی خۆمان، واته نه‌خۆشکردنی کۆمه‌ڵێک. که‌واته ئاگاداری خۆمان و بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگامان بین و پارێز بکه‌یین.
کلسووم حه‌سه‌نزاده