پرسیار: لە فەزای مەجازیا گرتە ڤیدیۆیێک بڵاو بۆوه که سەبارەت بە هاوسەرگیری لەگەڵ جندۆکان دەدوا! ئەم پرسیارەی خستەڕوو، ئایا هاوسەرگیری لەگەڵ جندۆکان دروستە؟!
وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر بەکورتی و بەپوختی لە دوو تەوەردا:
۱ـ پێناسەی جنۆکە: قوڕئان، بوونی جنۆکەی باس کردووە و سەلاماندوویەتی ئێمەی موسوڵمان بڕوامان بە تەواوی قوڕئان هەیە، بەتایبەت سووڕەتێک به ناوی سووڕەی (الجن)، باسی خووخدەی ئەوان دەکات و بە کورتی ئاوایان دهناسێنیت:
ـ لە ئاگر دروست کراون، بە پێچەوانەی مرۆڤ کە لە گڵ دروست کراوە.
ـ دەرک و فەهمیان هەیە و ڕاست و ناڕاستی لێک جیا دەکەنەوە و دەتوانن بۆ وتەیان، بەڵگە بێننەوە.
ـ بەرپرسن وەک مرۆڤ.
ـ ئیمانداریان هەیە و بێباوەڕیان هەیە.
ـ حەشر و نەشر و زیندووبوونەوەیان هەیە.
ـ دەیانتوانی بچنە بۆشایی ئاسمان و گوێ بگرن لە فریشتەکان، بەس ئیستا ناتوانن.
ـ دەتوانن پەیوەندی بکەن بە مرۆڤەوە و بڕێ ئاگاداریان لێ وەرگرن.
ـ تاکی بەهێزیان تیایە، وەک لەناو مرۆڤا هەیە. یانی هەموویان زۆر بەهێز نین! بۆ وێنە کاتێ پێغەمبەر سولەیمان فەرمووی: کێ دەتوانێ تەختی بلقیسام بۆ بێنێ؟ دانەیێک لە جنۆکەکان بەناوی عیفریت وتی: من بۆت دەهێنم پێش ئەوەی چاوت لهجێی خۆت ههستی!
ـ پێش مرۆڤ دروست کراون.
– بە کورتی جنۆکە بوونەوەرێکی خەیاڵی نین.
۲ـ بەشی دووهەمی پرسیارەکە ئاوایە
ـ گەر قوڕئان وەخوێنین، تەنیا باسی هاوسەرگیری مرۆڤە هاوڕەگەزەکان دەکات، هیچ گرێبەستێکی تر باس ناکات و بە ڕەوای نازانێ مەگەر لە ڕێگەی خەونەوە!
ـ ئەو فەرموودانەی بڕێ لە خەڵکی دەیهێنن و دەیکەن بە بەڵگە لەسەر هاوسەرگیری مرۆڤ و جنۆکە، هەمووی یا لاوازە یا هەڵبەستراوە: «کلها ضعیف لم تثبت فی السنة». بەڵکوو زانایان دەفەرموون که خوای گەورە لە سووڕتەی ڕوومدا دەفەرموێت: «وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجاً لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ»، هەر هاوسەرگیری مرۆڤی بۆ مرۆڤ داناوە و جگە لەمە دروست نییە.
ـ دوو فەرموودە لە دایکە عایشە و ئەبووهوڕەیرەوە نەقڵ دەکەن که هیچیان لە سوننەتدا نهسهلماوه.
ـ خاوەنی تەفسیری ئالووسی دەفەرموێت: «اشبه شیئ بالخرافات!» یانی: «زۆرترین شتێکه که لە هیچ و خورافات بچێت، ئەم شتەیە». دوایی دەفەرموێت:
ـ جنۆکە نابینرێن! باشە پێم بڵێ کاتێ جنۆکە سکی بوو لە مرۆڤ، ئایا مناڵەکەی دەبینرێت یا نە؟ یا بەشێوەی جنۆکەیە یا لەسەر شکڵی مرویە!؟
ـ ئەگەر ئافرەتێ هاتوو سکی پڕبوو، وتی: تۆمەتم دوا مەخەن، هاوسەرگیریم لەگەڵ جنۆکە کردووە! ئایا ئەمە نابێتە دەرگای داوێن پیسی؟ ئایا لێی وەردەگیرێ شتیوا!؟
ـ کەواتە درۆیە، ناتوانرێ و قەت ڕووی نەداوە مرۆڤ لەگەڵ جنۆکە هاوسەرگیری بکات.
ـ زیاتر لە چوار مەزهەبمان هەیە، بەس لەناو مەزهەبە فەڕمییەکانیش هیچیان ئەم مژارەیان باس نەکردووە، بەڵکوو ڕەتیان کردۆتەوە.
– ️ئەوانەی لەملاولا، لە تێلگرام و… ئەم خەیاڵات و خوڕافاتە بە گوێی خەڵکا ئەدەن، ڕاست نییە و بۆ چەواشەکاری و بازاری خۆیانە و بەس.
سەعدی مرادی ـ بانە
پێداچوونهوه: سۆزی میحڕاب