تاریخشخصیت هاگفتگو

وتووێژی”سۆزی میحڕاب” لە گەڵ مامۆستا ڕەشید بورهانی ـ شنۆ

مامۆستا ڕەشید بورهانی ـ شنۆ

وتووبێژی تایبەتی ماڵپەری سۆزی میحڕاب لە خزمەت حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی ـ شنۆ ـ

دەسپێک

روون و ئاشکرایە ئەو پێگەیەی کە زانایانی ئایینی لە ناو موسوڵمانادا هەیانە، لە هەمو پلەو پێگەیەکی دیکە گەورەترە؛ هەر لە بەر ئەوەشە کە جەماوەر ، گرنگییەکی ناوازە بە ژیان و هەڵوێست و کارەکانی زانایان دەدەن، مامۆستایان و زانایانی ئایینی لە ژێر چاوەدێرێکی وردی خەڵکدان، بۆ ئەوەی چاویان لێبکەن و وەک پێشەنگ بە شوێن پێیاندا بڕۆن…
هۆکاری ئەم گرنگی دانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عیلم و عولەما بەشێکن لە بیر و باوەڕی ئایینی، ئەم ڕاستیە زیاتر خۆدەنوێنێ و زەق دەبێتەوە که پێغەمبەر ـــ درود و سڵاوی خوای لە سەر بێت ـــ فەرمویەتی : { العلما ورثۃ الانبیا } واتە زانایان میراتگری پێغەمبەرانن .
بێگومان کاتێک سەیری مێژو و رابردوی نەتەوەییمان دەکەین دنیایەکی هێندە بەرفراوان لە گەورەیی و شکۆداری زانایانمان بەدی دەکەین، کە هیچ کەسێکی خاوەن هەست و ژیر، توانای نکولی لێکردنی نییە. دیارە سەنگ و قوڕسایی هەر چین و توێژێک، دڵسۆزی خزمەتگوزارێکانی دیاری دەکات؛ چونکە مرۆڤ تەنها و تەنها خزمەت و خۆبەخشی گەورەی دەکات و بێگومان زانایان لە رابردوشدا زیاتر ڕۆڵی ئیجابی و مەزنتریان بینیوە لە پێناو خزمەتکردنی ئیسلامی ڕەسەن و هاوشانی ئەوەش بۆ بەرەو پێشبردنی ئەمانج و ئەهدافی کۆمەڵگەی کوردەواری هەوڵی بەردەوامیان داوە ..

لە هاوینی ئەوساڵ(۱۳۹۷ هه تاوی) بۆ مەبەستی وت و وێژ و چاوپێکەوتن سەردانی زانای هەڵکەوتە و ڕەوشەنبیر و نمونەی بەرجەستەی زانای سەردەمیانە و بە هەڵوێست و بوێر، حاجی مامۆستا ڕەشیدی بورهانی مەشهور بە { مەلا ڕەشیدی قایر } م کرد…  لە پاڵ کتێبخانە خنجیلانە و سادەکەی بە یەکه وه دانیشتین، ئەو کتێبخانەیە وەک خۆی سادە بو، بۆن و بەرامه ی کتێبەکانی بۆنی حوجرە بوون، بۆنی تەمەنێکی درێژی خوێندنی ڵێدەهات.
رنگە کەم بن ئەوانەی ناوی زانای دیار و هەڵکەوتووی شاری شنۆ { حاجی مامۆستا ڕەشیدی بورهانی ـ قایر }یان نەبیستبێ . ئەو زانایە یەکێکە لەو زانا دەست رەنگینانەی کە لە بەر دڵان، ڕوح سووک و خوێن شیرین، خۆ بە کەم زان و دەم بە زەردەخەنە و پێکەنینه، توڕەبوونی بە دەگمەنه یا خود هەر پێوە ی دیار نیە ؛ کە چاوت پێیکەوت خۆشت دەوێت…

لە ڕاستیدا ئەو پیاوە سیما جوان و نورانییە وەک زۆرێک لە زانایانی تری کوردستان بۆنی حوجرە و خاکی بوونی لێدەهات و بە خاکی و دڵسوزی و سادەیی ، ژیانی ئەباتە سەر.
چەند جوانە مرۆڤ خاکی و موتەوازیع بێ و هەمیشە خۆی بە خەمخۆر و دڵسۆزی ئەوانیتر بزانێ، بە تایبەتیش مەلا و زانای ئایینی کە لە لایەک پێشەوای خەڵکی بێ و لە لایەک بە بارێک زانست و زانیاری ببێتە مۆم و بۆ دەوروبەریان بتوێتەوە.
بە داخەوە هەندێ جار خاکی نەبوون و ڕۆحی کیبر و خۆ بە زل زانی سنوری هەمو چین و توێژەکان دەبەزێنێ و مەخابن ئەو دیاردە ناشیرینە پەڕیوەی ناو چین و توێژی مەلایانیش دەبێت، کە لێرەوە کارەسات دەخولقێ… بەداخەوە هەندێ جار بە هۆی زانست و فیز و بە هۆی رێزلێنان لە لایەن خەڵکییەوە کەم کەس دەتوانێ لە گەڵیان بدوێ بە تایبەت ئەگەر ئەو ڕێز ڵێنان و پڵەو پایە لە شان و شەوکەتی ئەو نەبێ!

جارێکی تر وەک وەفایەک بۆ تەمەنێک تەدریس و خزمەتکردن بە حوجرە و مزگەوت و هۆشیارکردنەوەی خەڵک، بە پێوستمان زانی مامۆستایەکی میرات گری پێغەمبەر {درودی خوای لە سەر بێ} دیندار و خواناس و بە تەقوا و زانا و دڵسۆزی دین و گەڵ و نیشتمان و ئەستێرەیەکی فەرامووش کراوی ئاسمانی ئێسلام و کوردایەتی لە دەڤەری شنۆ جەنابی حاجی مامۆستا مەلا ڕەشیدی بورهانی ناسراو بە ـــ مەلا ڕەشیدی قایر ـــ ژیان و کەسایەتی و ڕۆڵی بەرچاویان بو خوێنەرانی بەڕێز بخەینە سەر ماڵپەری سۆزی میحڕاب،
بەم بۆنەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ ئەو بەڕێز و خۆشەویستە پێک هێناوە کە سه رنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.


۱-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: سەرەتا حەز دەکەین خۆتان بە بەردەنگانی سۆزی میحڕاب بناسێنن، قوناغی تەمەنی منداڵی و لاوی خوێندنمان بۆ باس بکەیت، چۆن بوو رێگای حوجرەتان گرتەبەر؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: بە ناوی خوا ـ نێوم ڕەشیدە شورەتم بورهانییە ناوی باوکم مەلا سەعیدە ناوی باپیرم مەلا عەبدولقادرە؛ زیاتر لە دوسەد ساڵ لە مەوەبەر بنەماڵەی ئێمە لە نەڵۆسێ بوونە هەر لەو دێیەش زیاتر لە هەشتا نه وه د ساڵ پێش بە وەلەد بوومە بە گوێرەی وەسییەتی باوکم کە لە منداڵی من دا مەڕدبوو و بە تەشویقی دایکم کە لە ساداتی حوسێنی بۆ رێگای خوێندنی عیلمیم گرتە بەر ـ قورئانم لای سێ نەفەر لە قاری مەعروفی ئەو زەمان خوێند ، یەک لە قاریەکان شوکر ئەڵحانیش دەقەیدی حەیات دایە. پاش قورئان خوێندن، فارسی و ” فتح القریب” و یەک دەرسی ” عزی”م هەر لە نەڵۆس خێند. لە ساڵی { ۱۳۲۱ } ی هەتاوی چوومە نێو فەقێیان لە دێی سینگان… خولاسە لە مەنتەقەی شنۆ و لاجان { پیرانشار} و مەرگەوەر و تەرگەوەر و مەهاباد و عێڕاق لە لای زوبدەی فوقەها و مودەرریسینی ئەو زەمان علومی موتەداوەلەی حۆوزەویم بە ئاخیر گەیاند و لە کۆتایی توانیم ئیجازەی تەدریس و ئیفتا لای ئۆستاد مامۆستا حوسێن مەجدی مەهاباد و عەلامە قازی موحەممەدی خزری شنۆیی و مامۆستا تەرجانی { من افضل علمااربیل} وەرگرم ، و لە زانکۆی تاران گەواهی مەعقول و مەنقول لە هەیئەتی مومتەحینەی زانکۆ { دانشگاە } کە مەڕحومی شیخ الاسلامی سەنەندەجی یەکێ لەوان بوو وەرگرم و تا ئەڵحان لە تەدریس و تەحقیق رانەوەستاوم…


۲-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: قوناغی فەقێ و فەقێیایەتی لە سەردەمی خوێندنی خۆتان چۆن پێناسە دەکەن ؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: دەورانی فەقێیاتی ئێمە لە لەحاز زیندەگی زەحەمات و کیشەو گرفتی زۆر تێدا بوو ـ حوجرەی چووکە و دوورە وڵات و بێ ئیمکانات و ساردن زۆر دەدیت بەلام بەعزە مەعنەوییاتەک هەبوو کە ئەمانەی دادەپۆشی ـ ئۆستادی چاک، عیلمی خالیس و زۆر ، تەعەدودی علوم، حەل کردنی مەسائیلی موشکڵی عیلمی و موحەببەت و سەمیمییەت لە بەینی فەقێ و ئۆستاد ؛ ئەو مەعنەوییاتە روحەک بوو خۆشی ژیانی ئێمەی زیاد دەکرد و بۆی مەعلووم دەکردین کە عەلاقە بە خۆراک و مادییات کاری ئەهلی عیلم نییە.


۳-ماڵپەری سۆزی میحڕاب:  وانەی ئەوکاتی حوجرەکان لە چ قەوارەیەک دابوون و چۆن هەڵیان دەسەنگێنی؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: زۆربەی حوجرەکان فەقێ و مامۆستای باشی تێدا بوون و وەک لە پێشەوە ئیشارەن پێ کرد دارو دیوار و خوراک و مادییات مەترح نەبوو؛ لە زۆر حوجران بە دوو فەقێ نانەکن خواردووە، بەڵام ئەوکات کە دەکەوتینە سەر دەرسەکان لە بیرمان دەچوو کە برسینە ـ جاری وا هەبووە بە دوو ڕۆژ نەفەری چایەکن خواردووە ـ ئەگەر موسائەلەو موزاکەرەی عیلمی دەهاتە پێش بە خواردنەوەی کاشی ئاوەکی تۆڵەی چامان دەکردەوە.


۴-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: “لادەرس”و “سەماع” دوو دەستەواژەی دەرسی حوجرەن، تکایه لەم بارەوه بۆمان بدوێن؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی:بەڵێ لە بەعزە حوجرەیەکی کە ئۆستادی گەورەیان تێدا بوو، تەواوی وەختەکەی بە موتالەعە و دەرسی موستەعیدەکانی خۆی دەگوزەرا وا دەبوو موستەعیدەک یا دوو موستەعید دەهاتنە ئەو حوجرەیە و ڕازی بوون بە سەماعی دەرسی موستەعیدەکانی دیکە یەعنی بە لادەرس دانیشن و لە بەیانات و دەرسی موستەعیدەکان ئیستفادەبکەن؛ جا ئەگەر موستەعیدەکان لەوانی ئەسڵی ئیجازەی وەرگرتبا یا نەقڵی مەکانی کردبا ئەو فەقێی لادەرسە جێی وی دەگرتەوە و دەرسی خۆی دەخوێند.


۵-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: وانەی حوجرەکان بۆ بردنەسەری ئاستی زانستی لە کەشی ئەوکاتیدا چۆن بوو؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: لە وڵامی پڕسیارەکانی پێشوو ئاماژەیەک بەو خالە کرا کە: ئاستی زانست زۆر بەرزو عالی بوو و بەعزە مودەریسەک لە بەعزە عیلمەکی دا موتەخەسیس بوونە ـ بەعزەکیش لە هەموو عیلمەکان دا مەلەوان بوونە و مەعلوومە کە بە نەسسی قورئان ” فوق کل ذی علم علیم”


۶- ماڵپەری سۆزی میحڕاب:‘زانست’ و ‘عیبادەت’ دوو باڵی گەشەکردنن، ئەوکات لەناو حوجرەکاندا چۆن بوون؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: لە ڕاستێدا ئەوکات دیانەت و عەقێدە و بڕواو موحەببەت یەکجار زۆر بوو، ئەگەر سوختەیەک نوێژی سبەینێی نەکردبا لە هەموو حوجرەکان باسی دەکرا و دەیانکوت ئەو سوختەیە نوێژی سبەینان ناکاو و لە هەموو حوجران رایان نەدەگرد.


۷-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: دەستەواژەی ‘مەلای دوازدەعیلم’ بە چی دەگوترێ، ئاخۆ ئەم دوازدە عیلمە لە حوجرەکان دەگوترانەوە؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: هەر مەلایەکی کە لە کن مامۆستایەکی بە ناو بانگ ئیجازەی وەرگرتبا، پێان دەکوت مەلای دوازدە عیلم ـ ئەگەر چی ئەو عیلمانەی لە حوجرێ دەخوێندران لە دوازدە { ۱۲ }ی زۆرتر بببون..


۸-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: بەرچاوترین کێشەی فەقێیاتی سەردەمی ئێوە چ بو؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی:بەر چاوترین کیشەی فەقێیاتی ئەودەم لە بارەی ئەو شتانە بوونە: قەواعیدی نەحوو سەرف، حاشیەی قزلجی و تەسریفی مەلاعەلی ، ئەبوتالیبی حاشیەی سیوتی، بەستی عیبارەتی موتەوەلی تەفتازانی و حاشیەی سەید شەریفی جوزجانی و حاشیەی قەرەداغی لە سەرگەلەنبەوی بورهان و عیبارەتی موشکیلەی بەیزاوی و مەداریک.


۹-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: پاش تەواو کردنی دەرس و وەرگرتنی ئیجازەنامە، وانەبێژیتان کردووە؟ لە چ قۆناخێکدا؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: لە وڵامەکانی پێشوو ئیشارەی پێکراوە ـ بۆ وەبیر هاتنەوە: لە وتی ئیجازەم وەرگرتووە بەلکو پێش ئیجازەش لە زەمانی خوێندنی کتێبی مەلاجامی بۆ خۆم دەرسم کووتووە و تا ئیستاش بەردەوامم لە هەموو عیلمەکانی موتەداوەلەی بەینی عولەما.


۱۰-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: هۆکاری هەرەس هێنانی حوجرەکان لە چی دا دەبینن، هەروەها کەم بوونی فەقێیەتی لەکوردستان؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی:تەوجووە بە مادییات و تەرجیحی سروری مادی لە سەر سروری مەعنەوی و چاولێ کەری تەرەقییات دونیایی بۆتە باعیسی کەم بوونەوەی حوجرە و فەقێیان. هەروەها لە گەورەترین کۆسپ و بەربەستی ئەم دیاردەیە ئیختلافات و زۆر بوونی ئارای موتەنەویع بێ دەخل نییە.


۱۱-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: چ ئامۆژگارەیەکت هەیە بۆ دایکان و باوکان تا جگەرگۆشەکانیان هان دەن بۆ خوێندنی ئایینی؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئامۆژگاریم بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە دە هەرحالێک دابن بیر لەو نیعمەتانە بکەنەوە کە خودا پێداون و دەحیساب نایە، دیارە ئەولادیش لە نێعمەتەکانی خودایە ـ ئینجا بۆ سپاسی خودا لازمە لانی کەم کوڕیک یا کچکەکەی هان بدا بۆ خوێندنی ئایینی؛ هەموو منداڵەکانی خۆم هان داوە بۆ خوێندنی دەرسی ئاینی، شوکر بۆ خودا سێیان بوونەتە مەلا و لە خوێندنی مەداریسی جەدیدەش مەحڕووم نەبوونە.


۱۲- ماڵپەری سۆزی میحڕاب:ئاخۆ خوێندنی ئایینی بە شێوەی رابردوو بۆ چاخی سەردەم و عەسری تکنۆلۆژی کاردانەوەی دەبێ ؟
حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: بەڵێخوێندنی ئایینی بە شێوەی رابردوو بۆ چاخی سەردەم و عەسری تکنۆلۆژی کاردانەوەی دەبێ ؛ به لام زۆر لازمە دەستێکی تێوەردرێ ، بەڵام دەستیکی موحەقیقانە…


۱۳-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: پەرتەوازەیی بە ڕوونی دیارە لە ناو مامۆستایانی ئایینی، ئەم لێکدابڕان و پەرتەوازەییە لە چ دا دەبینی و هۆکارەکان چن؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: بە بڕوای من نەقسی عیلم و کەمی موتالەعەیە و نەبوونی سیعەی سەدر کارێگەری زۆری هەیە لەسەر ئەو پەرتەوازییە


۱۴-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: مامۆستای هێژا؛ بە ڕای بەڕێزتان دەکرێ مامۆستای ئایینی سەر بە لایەنێکی ئیسلامی یا سیاسی بێ، یا سەر بەخۆ بێت؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: بەڕای من سیاسی بوون و ئیسلامی بوون پێکەوە زیدونەقیز نینە، چونکە کوتوبی ئیسلامی بەخسوس فیقە لەبابی تەهارەتەوە تا بابی عیتق چ ئەحواڵی شەخسی بێ چ مساییلی ئیجتماع هەمووی مەسائیلی دین و سیاسەتە بە قەولی فەلاسیفە لە سیاسەت ـ المنزل ـ تا سیاسەت ـ البلد ـ بەڵکو تا مەدینەی فازیلە ـ بەڵام بۆ ئاگاداری ، یەک فەردی عالیمی موحەققیق مەقامی باڵاترە لە یەک گروهی سیاسی یا ئیسلامی موتەحەززیب؛ چونکە روحی موحەققیق دەریایەکە و لە جۆگەلەی دا جێی نابێته وه.

بە قەولی مەولەوی رۆمی:

دەریا لە گۆزە دا جێی نابێ ـــــ ئەی عالم تۆ دەریای خۆت لە گۆزەی حاسێ مەکە.


۱۵-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: مامۆستای ئایینی خاوەن پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام ئێستا ئەم دۆخە وا نییە و لە ئاستێکی هەستیار دایە؛ بۆ؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: عیللەت ئەمەیە کە نە کۆمەڵگا و نە مامۆستا وەک جاران نەماون؛ هەر دووک لا لە لایەک پێشکەو توو بوونە و لە لایەک پاشکەو توو؛ بەڵام دوور نییە بە عیلم و عەقڵ هەردووک لا مەقامی قەدیم -عەڕەب کوتەنی- و مەجد و عەزەمەتی سابیق بەدەست بێنیتەوە.

گهی بر طارم اعلام نشینم

       گهی پشت پای خود نبینم.


۱۶-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: ئێستا بۆشاییەکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردەواری دا هەست پێدەکرێ، ئاخۆ لەم دۆخە ناسکەدا ریسالەتی مەلای کورد دەبێ چۆن بێ؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئەگەر ئەو بۆشاییە لە مەعنەوییەت دایە فەقەت عەقیدەی باش و تەحسیلی عیلم و دانیش بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە ، ئەگەر له ماددیات دایە ئەم بۆشاییە کەسب و کار و تەوەککول بە خودا و خواستنی رزق لە خودا چارەیەکی باشە و موجەررەبە؛ بەڵام دەبی ئەولیای ئومور تێبکوشن کە بۆشایی ماددی و مەعنەوی لە ناو کۆمەڵگا پڕ بێتەوە ……


۱۷- ماڵپەری سۆزی میحڕاب:ئایین، دەبێ وڵامدەری کێشەکانی سەردەم بێ، ئەمڕۆ بە فەتوای تاکەکەسی دەبێ وڵامی پرسە گرینگەکان بدرێتەوە یا دەبێ لێژنەی فەتوا هەبێ؟ لەم پێوەندییە هیچ هەنگاوێک هەڵێندراوەتەوە؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: رای من وایە پاش پێغەمبەران { د.خ} ئەوی جەمع دەیزانێ فەرد نایزانی { همە چیز را همگان دانند } بۆیە دەبێ لێژنەی فتوا هەبێ و بۆ سەلاحی کاری عاممە ئیستفادە لە هەموو مەزهەبەکانی مودەووەن بکرێ ـ لە زەمانی ئیمامی ئەبوحەنیفەوە (رض) ئەم کارە دەست پێکراوە و مع الاسف نەبۆتە باو ؛ لە قەرنی هەشت ـ ٨ ـ دا شێخ شەعـرانی و لە قەرنەکانی ئەخیردا ساحیبی { الفقە علی المذاهب الاربعە } واته شێخ جەزەری و سەید سابیق لە ” فقەالسنە “دا  و دە عەسری خۆشمان دا ئۆستاد ” وەهبەالزحیلی” خودا رەحمەتێ لە هەمووان بکا؛ بۆ ئاسانی ئەم لێژنەیە کاریان کردووە .  ” المجلی ” کە لە لێژنەی عیلمی زەمانی ئیمپراتوری عوسمانی تەئلیف کراوە، هەنگاوێک بووە بۆ هەبوونی لێژنەی فتوا..


۱۸- ماڵپەری سۆزی میحڕاب:چ ئامۆژگارێکت بۆ ئەم کەسانە هەیە کە سەرەتای خوێندنیانە؟ بەتایبەت خوێندنی ئایینی؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئامۆژگاریم ئەوەیە عەقیدەیان باش بی، دەرسەکان چاک بخوێنن، بە دەرسەک و دوو دەرس ڕازی نەبن، لانی کەم دەرسی عیلمی و حەدیس و فیقه و تەفسیر بخوێنن بەتایبه ت تەفسیری موختەسەر وەک جەلالەددین و موختەسەری بەیزاوی ـ شتی لە رەفیقان فێربن و ئەوەی دەیزانن بەوانی بڵێن ؛ قەدیم کوتەنی: ئاخاوتنی عیلمیان هەبێ.


۱۹ _ماڵپەری سۆزی میحڕاب: لە ژیانی خۆتدا چ کەسایەتیک کاریگەری دەرونی و مەعنەوی لە سەرت جێ هێڵاوە؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئەووەڵ کەس کە کارێگەری دەرونی هەبوو لە سەرم ، دایکم بوو ـ دووایی کە چوومە ناو فەقێیان و بوومە فەقێ زۆربەی ئۆستادەکانم کە لای باوکمیان خوێندبوو کارێگەریان هەبوو لە سەر رۆحی تینووی خوێندنی من.


۲۰ _ماڵپەری سۆزی میحڕاب: چ ئامۆژگارێکت هەیە بۆ خۆێنەرو خاوەن قەڵەمەکان؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئامۆژگاریم ئەوەیە وەختی خۆیان بە فیڕو نەدەن : عەڕەب کوتەنی ” الوقت سیف قاطع ، ان لم تقطعه یقطعک ” واتە: { وەخت شەمشیرە ، نەیبڕی دەتبڕی }.
ئامۆژگاریم بۆ خاوەن قەڵەمیش ئەوەیە که زوبدە – و کاکل- ی مەعلووماتی بێنیتە سەر کاغەز ؛  بە هەر زاراوەیەک بێ..

بە عیبارەتی جوان ، رێک وپێک و ئەدیبانە شت بنووسی ـ

لازمە بڵێم کە خوێنەر و نووسەر و سوخەنڕان دەبێ عیففەتی خۆی و قەڵەمەکەی و زمانەکەی راگرێ ؛ چۆن لیباسی پاک رادەگرێ ئاواش زوبان و قەڵەمیشی لە جنێو و جنێو فروشی و لاتاو راگڕی ـ

ئەگەر ژیاننامەی پێغەمبەرەکانی دیکە ـ د .خ ـ لە قورئان و حەدیس فێر بی دەزانی خۆت و قەڵەم و زمانەکەت چۆن رەفتار دەکا…


۲۱ – ماڵپەری سۆزی میحڕاب: چ کاتێک هەست بە خۆشی دەکەیت؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئەگەر دە موتاله عەی خۆم دا بەتایبەت لە { قورئان و حەدیس و بەعزە کتێبەکی عیلمی } جێیەکی موشکیل ببینم، زوو یا درەنگ بیزانم، وا دەزانم زانینی ئەو جێ موشکیلە بۆ من جەوان بوونەوەیەکە ؛ واتە حاڵەتی زانین لە کتێبەکان بۆ من خوشترین کاتە.
باوەڕکە وا هەیە نانم بۆ دادەنێن لە بەر موتاله عەی لەبیرم دەچی بیخۆم. زۆر جار وا هەیە بە تێر بوونی رۆحی ئیکتیفا دەکەم لە تێر بوونی جه می.

بە قەوڵی ئەبوعەلی سینا : زانینی عیلم خوشترە لە خواردنی حـەڵـوا کە منداڵ پێیان خۆشە ؛ ئەهلی عیلمیش ئەگەر لەززەتەکەی هەر دە خواردن دابی ئەوە خۆی منداڵ کردووتەوە…


۲۲ –ماڵپەری سۆزی میحڕاب: کۆسپە کانی سەر ڕێگای نووسین لە چی دا دەبینیتەوە؟ چۆن وەسفی نووسین دەکەیت؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: نەبوونی ورە و نەبوونی قەناعەت و هەبوونی ئیحتیاج گەورەترین کۆسپی نووسەران و وەرگێڕانی ئەو سەردەمەیە.

دەگێڕنەوە عەللامە سەید شەریفی جورجانی لە حاڵەتی تەدریس دا کە منداڵەکەی پێی کووت: دایکم دەڵێ بۆ نانی ئەوڕۆ ئاردن نەماوە ! دەرسەکەی ڵێ تێکچوو …ـ به جۆرێک ئەو فەقێیەی کە لە خزمەتی دا دەرسی دە خوێند عەرزی کرد: قوربان ئەوە دەلێی چی؟! عەللامە فەرمووی: فەقێی عەزیزم ؛ ئاردی ئەو کوڕەی هەموو شتی لە بیر بردمەوە !!


۲۳-ماڵپەری سۆزی میحڕاب: ئایا ئەمڕو کۆمپیوتەر جێگای نووسینی نەگرتووتەوە؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی: ئەگەر سفرەیەک دانێن چەند نەوعە تەعامی لەسەربێ ، هەریەکە تامی خۆی هەیە، ئەگەر هه موت خواردن ئه وه حەل دەبن، ئەگەر ئیستفادە لە نووسین و کامپیۆتێریش بکەی ئەوە نووری عەلا نوورە؛ دیارە ــــ یهدی اللە لنوره من یشاء….


ماڵپەری سۆزی میحڕاب: دوا گوتەتان چییە بۆ خوێنەرانی سۆزی میحڕاب؟

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی:تەوسییەم ئەوەیە بۆ خوێنەرانی سـۆزی میحـڕاب ئەگەر ونوسراوه کانی ئه م مالپه ره یان دیت هەمووی بە جووانی بخوێننەوە، ئەگەر نەقس یا قسورەکیان دیت  مودده بانه رەخنە بگرن و بە بەڕێوەبەرەان و بەر پرسانی ماڵپەری سۆزی میحڕابی رابگەێینن .
کەلیمەی {سۆزی میحڕاب} ئەو ناوە خۆشە تەئیید دەکەم: چونکە میحڕاب حەڕبە دەگەڵ نەفس و شەیتان ؛بەڵکو ئامرازی شەرییە و دەبێ ئەم ئامرازەی چاک دەعەمەڵ بێنی .


 

ماڵپەری سۆزی میحڕاب: سوپاس لە بەشداری کردنتان و واڵمدانەوەی پرسیارەکان

حاجی مامۆستا ڕەشید بورهانی:زۆر سپاس بۆ ئێوە بەڕێزانی سۆزی میحڕاب و سپاس بۆ ئەو دەرفەتە کە بۆمنتان رێک خست. والسلام علیکم ورحمۃاللە


لە کۆتاییدا من عەبدوڵڵا عەلی پوور زۆر سوپاسی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵباسیت بورهانی کوڕی بەڕێزی حاجی مامۆستا ڕەشید دەکەم کە لە سازدانی ئەم وت ووێژە ئەرکی سەره کی گێرا.

بەروار ۱۶ گەلاوێژی ۲۷۱۸کوردی
۱۶ مرداد ۱۳۹۷ شمسی
۲۴ ذی العقدە ۱۴۳۹قمری
۷ آگوست ۲۰۱۸ میلادی 

       دیمانە: عەبدوڵڵا عەلی پوور

نمایش بیشتر

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال اجتماعی - مدیر کانال تلگرامی @sozimihrab

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا