خانواده

ویستگه کانی رمضان

چەند وێستگەیەکی شیاو بۆ ئەو کەسەی که گەیشتە ڕەمەزان

سپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی بەڕێوەبەری شەوگار و ڕۆژگارە و بگۆڕ و چەرخێنەری مانگەکان و ساڵەکانە، دروود و ڕەحمەت لە سەر بەڕێزترینی پێغەمبەران و نێردراوان، پێغەمبەری ئازیزمان محمد(د.خ) و هەروەها لە سەرجەم خزم و هاوڕێ و هەواڵانی، ئا ئەمانە چە ند وێستگەیەکی کورتن لە دەسپێکی ئەو مانگە پیرۆزە کە دڵان زیندوو دەکەنەوە و دەروون دەگەشێننەوە و هەست و هێز پتەو و قایم دەکەن.

 وێستگەی یەکەم؛

بیر بکەوە برای بڕوادارم، خوای مەزن سەبارەت به بەدیهاتنت و هۆی هاتنەدیت، دەفەرموێت: «من هەر بۆیە جنۆکە و ئادەمیم دروس کردووە کە بمپەرستن و بمناسن» (ذاریات:۵۶)

 ئیمامی نەوەوی فەرمووی ئەمە دیاری کردن و دان پێهێنانە کە جنۆکە و ئینسان بۆ پەرەستنی خوای تاقانە بەدی هاتوون، پێویستە لە سەریان ئاوڕ لەو ئایەتە گرینگە بدەنەوە و واز بێنن لە بەشەکانی دونیا کە کەم و بێ‌بایخن. بەڕاستی دونیا ماڵی کاتییە نەک ماڵی مانەوە، ئامرازێکی تێپەڕبوونە نەک شوێنی خۆشی و شادی، ماڵی جیابوونەوەیە نەک ژینگە و زێدی ماندگار. برای دیندارم تێبینت هەبێ لەمەڕ گەورەترین چاکەکانی خوا کە لەگەڵی کردووی: «خۆ ئەگەر بتانهەوێ چاکەکانی خوا بژمێرن بۆتان ناژمێردرێن» (نحل ‌‌۱۸)

له جوانترین و گەورەترینی ئەو نیعمەتانە، نیعمەتی ئیسلامە، کەم نین لە خەڵکانێک کە لەسەر گۆی زەوی دەژین و بێ‌بەش بوون لە وتنی: «أشهد أن لا الە إلا الله و أشهد أن محمداً رسول الله».

دیارە ئەوەش چاکەی خوایە دەیدا بە هەر کەس پێی خۆش بێت، ئەوسا حەمدی خوای بەرز و بەهێز دەکەم لەسەر نیعمەتی هیدایەت و تەوفیق. زۆرن ئەوانەی خۆ بە ئیسلام هەڵداوەسن، بەڵام بە نهێنی و ئاشکرا دژایەتی بەرنامە و پرۆگرامی ئیسلام دەکەن. لە هەمبەر واجبات کەمتەرخەمن و نوقمی تاوان و گوناهن، ئەی خوایە حەمد و سەنا هەر شیاوی تۆیە. تۆ ئەی موسوڵمان، کەیف و خۆشی دەکەی لە ناو نیعمەتەکانی خوای پەروەردگار؛ وەکو ئەمن و ئەمانی وڵات، بەربڵاوی بژێوی ژیان، ساغ و سڵامەتی لەش و گیان، دەسا لەسەرت ئەرکە بە کردەوە و زوبان شوکری خوای پەروەردگار بکەی. دیارە گرینگترین بەشەکانی شوکر کردن؛ عیبادەتی خوای پەروەردگار و خۆپاراستن لەو شتانەیە کە نەهی لێ‌کردوون. لەڕاستیدا نیعمەت و چاکە بەردەوام دەبن بە شوکر و سپاس، هەر وەکو خوای مەزن دەفەرموێت: «ئەگەر لە بەرابەر نیعمەتەکانم سپاسگوزاری بکەن ئەوا منیش نیعمەت و بەخششی خۆمتان بۆ زیاد دەکەم» (ابراهیم:۷)

 وێستگەی دووهەم:

یەکێکی‌تر لە چاکەکانی خوا لەگەڵ تۆ، ئەوەیە تەمەن درێژی کردی و جارێکی‌تر تۆی گەیاند بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان. کەم نین ئەو دۆستانەی کە مەرگ وونی کردن و ئەو خۆشەویستانەی که خاک دایپۆشین. بە ڕاستی تەمەن دڕێژی و مانەوە لەسەر ژیان، هەلێکە بۆ زیادکردنی تاعات و نزیک‌بوونەوە لە خوای مەننان بە کردەوەی چاک. باشترین سامانی مرۆڤی دیندار تەمەنە، مادام وایە هەستیار بە لە هەمبەر کات و ساتەکانت که بەفیڕۆ نەچن و ئەو کەسە لەبیر مەکە که ساڵی ڕابردوو لە تەک مە بەڕۆژوو بوو و نوێژی جێژنی کرد. پاشان کوا ئەو کەسە ئێستا، دوای وەی که مەڕگ وونی کرد. شتێک دابڕە بۆ خۆت لەو فەرموودەی پێغەمبەری خوا: «پێنج شت بقۆزەوە و بە هەل بزانە، بەر لە هاتنی پێنج شتی‌تر، ژیانت بەر لە نەمانت، لەش‌ساغیت بەر لە لەش بەباریت، بێکاریت بەر لە پڕکاریت، گە نجیت بەر لە پیریت، بێ‌نیازیت بەر لە هەژاریت».

تێبکۆشە لە باشترینی خەڵک بیت، هەر وەکو خۆشەویستمان پێی ڕاگەیاندین: «ئیمامی ‌ئەبوبەکر بۆمان دەگێڕیتەوە کە پیاوێک پرسیاری کرد یا رسول اللە باشترین کەس کێیە؟ فه‌رمووی: ئەو کەسەی تەمەن دڕێژە و کردەوەی باشە، ئەوسا پیاوەکە گوتی خرابترین کەس کێیە؟ فەرمووی: ئەو کەسەی تەمەن درێژە و کردەوەی خراپە.»

 وێسگەی سێهەم

ئیخلاس و سافی لە دەرووندا و بە ڕاست ڕووکردنە خوای مەزن واجبە. خۆتان بپارێزن کە عیبادەت بکەن و تێکەڵاوی ڕیا و ڕووبینی بکەن. بێ‌گومان ڕیا، دەردێکی پڕ مەترسییە و بە ڕاستی کردەووکان بەفیڕۆ دەدا. چاکەکانت بشارەوە و ونیان کە، هەر وەکو تاوان و کەم و کوڕی دەشارییەوە، بۆ خۆت هەمبانەیەکی شاراوە لە کردەوەی چاک دابین بکە، کە تەنیا خوای باڵادەست بزانێ، وەک نوێژە سوننەتەکان و ڕژاندنی فرمێسکێک لە ناو تاریکایی شەو، یان چاکەی بە نهێنی و ئەوەش بزانە کە خوای بەرز و بێ هاوتا، تەنیا و تەنیا لە پارێزگاران شت وەردەگرێ. مادام وایە پێداگر بە لەسەر پارێزگاری «بە ڕاستی خوا تەنیا لە پاڕێزگاران چاکە وەردەگرێ» (مائدە:۲۷) و هەروەها مەیە ڕیزی ئەو کەسانەی مەنع دەکرێن لە چوونی بەهەشت، هەر وەکو ئەوەی  پێغەمبەری خوا باسی کردووە و دەفەرموێ «گشت ئوممەتی من ئەچن بۆ بەهەشت مەگەر کەسێک کە سەرپێچی کرد». گوتیان کێ سەرپێچی دەکا یا رسول اللە؟ فەرمووی: «هەر کەس گوێڕایەڵم بێ دەچێتە بەهەشت، هەر کەس بێ ئەمریم بکا ئا ئەوە سەرپێچی کردووە».

وێستگەی چوارەم

دەروونت باربێنە لەسەر یادی خوا لە تەواوی سات و کاتەکانی ژیانت. بەردەوام زوبانت تەڕ و تازە بکە بە زیکری خوا و پارێزەری ئەو نزا بەنێوبانگ و ویردە ناسراوانە به، وەک خوای پەروەردگار دەفەرموێت: «ئەی ئەو کەسانەی بڕواتان هێناوە یادی خوا بکەن، یادێکی زۆر، واتە بێ حەد و سنوور و هەموو بەیانی و ئێوارەیەک خوا بە پاکی و خاوێنی یاد کەن» (احزاب:۴۱،۴۲)

و هەروەها خوا دەفەرموێت: «ئەو پیاو و ژنانەی کە زۆر یادی خوا ئەکەن خوا لێبووردن و پاداشێکی زۆر مەزن و گەورەی بۆ ئامادە کردوون» (احزاب:۳۵)

دایکە عایشە(رض) دەفەرموێت: خۆشەویست بەردەوام زیکری خوای ئەکرد. پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: براوەن (مفردون). وتیان مفردون کێن؟ فەرمووی ئەو ژن و پیاوانەی فرە یادی خوا ئەکەن. ئیبنی قەییم (ر.ح) دەڵێت: بە گشتی مرۆڤ کاتێ وازی لە زیکری خوا هێنا و سەرقاڵی تاوان بوو، ژیان و ڕۆژگاری ڕاستەقینەی خۆی بەفیڕۆ دەدا. لە دواییدا ئەو کەمتەرخەمیەی لە ڕۆژێکدا هەڵ دەگریتەوە کە دەڵێ: «خۆزگە من بۆ ئەو ژیانی پاشەڕۆژە شتێکم پێش خستبا لە دونیادا» (فجر:۲۴) و ئەوەش باش بزانە برای دیندارم هیچ کەس دوای نەمانت کار بۆ تۆ ناکا. نوێژ و ڕۆژوو و خێرت بۆ ناکەن، زۆر تێبکۆشە بۆ زیکری خوا و توێشووی خێر لە تاعەت و عیبادەت ئامادە بکە.

 وێستگە ی پێنجەم

هەستیار و پێداگر بە لەسەر خوێندنی قوڕئانی پیڕۆز هەموو ڕۆژێک. کاتێک بۆ خۆت جەدوەلێکی ڕۆژانە گەڵاڵە بکەی و دوای هەر نوێژێک جوزئێک لە قورئان بخوێنەوە، لە هەموو ڕۆژێک تۆ پێنج جوزئ لە قۆڕئان تەواو ئەکەی. ئەوە باشترین بەرەکەتی خوایە. هێندێک هەن لە سەرەتای مانگ زۆر بە ورە و بەهێزن، پاشان پاشەکشە دەکەن و وای لێدێ ڕۆژ و ڕۆژانێک تێپەڕ دەکەن بەڵام لە قوڕئان خوێندن خەبەرێک نییە، لە کاتێکدا هاتووە لەمەڕ گرینگی خوێندنی قوڕئان، شتێک کە بەڕاستی دڵان دەگەشێنێ و دەروون چێژ دەبینێ، ئیبنی مەسعوود دەگێڕێتەوە و دەڵێ پێغەمبەر فەرمووی: «هەر مرۆڤێک پیتێک لە قوڕئان وەخوێنیت، بەو هۆیە یەک چاکە وەدەس دێنێ، هەر چاکەیەک بە دە قات پاداشی دەدرێتەوە و ناشڵێم (الم) پیتێکە، بەڵکو (الف) پیتێکە و (لام) پیتێکە و (میم) پیتێکی‌تر»

و ئەبی ئیمامەی باهلیش دەڵێ لە پێغەمبەری خوام بیست کە فەرمووی: «قوڕئان بخوێنن بێ‌گومان قوڕئان لە ڕۆژی پەسڵان تکاکارە بۆ یارانی».

 وێستگەی شەشەم

ڕەمەزان هەلێکی دەگمەن و زێڕینە بۆ بانگخوازی بۆ لای خوا، لەو مانگە گەورەیەدا، بە بانگەشەی خزمەکانت و دراوسێکانت و دۆستانت لە ڕێگای نووسراوە و کاسێت و ئامۆژگاری و پاکانە خۆت لە خوا نزیک بکە. هیچ ڕۆژێکی خۆت خاڵی و بێ‌بەش مەکە لە کاری بانگخوازی، بە ڕاستی دەعوەت گرینگترین کاری نێردراوان و پێغەمبەران و بانگخوازان و چاکەکاران بووە. دەسا با تۆش ڕۆڵت هەبێت لەو مانگە پیرۆزەدا، بێ‌گومان دڵەکان تینوون و دەروون ئاوەڵەن و پاداشتێکی فرە گەورەیە. پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: «سوێند بە خوا ئەگەر بە هۆی تۆوە خوا کە سێک شارەزا بکا، زۆر باشترە بۆ تۆ لە وشتری سوور».

شێخ حەسەنی بەسری دەفەرموێ، پێگەی  بانگخوازی لە لای خوا گەورەترین جێگایە بۆ مرۆڤ.

 وێستگەی حەوتەم

خۆت بپارێزە لە کۆڕی بێکاران، زوانت بپارێزە لە غەیبەت و شەیتانی و قسەی ناشیرین و بیگێڕەوە لە هەر شتێک خوا پێی ناخۆشە و تووڕە دەبێ. دڵ و دەروونت ڕابێنە بە قسەی پاک و جوان، تەڕی بکە بە زیکری خوا، ڕەمەزان هەلێکە بۆ زیادکردنی تاعەت و کاتێکی زێڕین بۆ خواپەرەستی و ڕەنگە ئەو هەلەت بۆ نەڕەخسێتەوە، شایەدیش بمری بەر لە گەڕانه‌وەی هەلێکی‌تر و ئەوەش بزانە هەر ڕۆژێک کە مرۆڤی بڕوادار تیا ئەژیت، ئەو ڕۆژە دەسکەوتە بۆ ئەو. ئەبوو هورەیرە خوای لێ ڕازی بێت دەگێڕێتەوە؛ دوو پیاو لە تایفەی بەنی قوزاعە ئیمانیان هێنا لە زەمەنی پێغەمبەردا(د.خ)، یەکیان شەهید بوو، ئەوەی‌تر یەک ساڵ مایەوە. تەلحەی کوڕی عبیداللە(رض) دەفەرموێ لە خەوما بەهەشتم بینی، دیتم کابرای دووهەمی پێش شەهیدەکە لەوێ بوو. واقم وڕمابوو بۆ ئەو ڕووداوە کە بەیانیم کردەوە بۆ پێغەمبەرم گێڕاوە، فەرمووی: «مەگەر ئەوە نییە کە دوای وی بەڕۆژوو بووە لە ڕەمەزان و شەش‌هەزار ڕکەعەت نوێژی کردووە یان ئەوەندە ئەوەندە ڕکەعەتەیە نوێژی ساڵێک».

 وێستەگەی هەشتەم

ماڵی تۆ ئەو سەرەتای ئاراستە کردنی هەوڵی تۆیە، پێداگر بە لەسەر گرتنی نەفست و خۆت بار بێنە لە سەر چاکە، پاشان پێداگری بکە لە کەسانی دەورووبەرت، وەک خێزانت و برات و خوشک و مناڵەکان بە بیرهێنانەوە بە گەورەیی ئەو مانگە و هانیان بدە لەسەر پارێزگاری‌کردن لەسەر نوێژ و زۆر خوێندنی قوڕئان و تۆ ئەمر بە چاکە بکە و نەهی لە خراپە بکە لە ماڵی خۆت، بە قسەی جوان و وشەی ڕاست و ڕەوان هەمووی ئەوانە بە دوعای هیدایەت بۆ وان پەیوەست بکە. ئەو مانگە هەلێکە بۆ گەڕانە و ئامۆژگاری کەمکاران و کەمتەرخەمان. بەڵکو خوای پەروەردگار کەسێک لە دەروبەرت هیدایەت بدات. ئا ئەمە بۆ تۆ گەورەترین پاداشتی دەبێت، هەر وەکو پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت: «کەسێک ڕۆڵی هەبێت لەسەر چاکە، وەکو ئەو کەسەی چاکە ئەکا خێری پێدەگا».

برای موسوڵمانم، ئەگەر چەرخی گەردوون تۆی ترساندووە و دڵەڕاوکەت هەیە لە دواڕۆژ و دەتهەوێ بە کەم‌وکوڕی کار بکەی، دەرگای تەوبە بکە ئامانجت و ڕێگای گەڕانەوە بگرە بەر و بڵێ شایەد کۆتا ڕەمەزانی ژیانم بێ و ڕەنگە من هەر ئەو ساڵ بژیم. بزانە کە ئەو بۆچوونە کە ئێستا هەیه و دوایە کار دەکەم، هەڵەیە. کەوایە ئیش و کارت توند بگرە و بەرەو دواڕۆژ هەنگاو بنێ. سوێند بە خوا بە ڕاستی تۆ نیازت بە یەک چاکە دەبێت و عەز‌ەمه‌ت و گه‌وره‌یی خواوه‌ند و هه‌وڵ و هه‌راسی دواڕۆژت له‌بیر بێ.

و ڕۆژیک که مناڵ لەو ڕۆژەدا پیر دەبێ و فکر بکەوە لەو بەهەشتەی هەر پانتایەکەی بەقەد زەوی و ئاسمانە و ئامادە کراوە بۆ پارێزگاران و ئاورێکیش هەیە کە پێی دەڵین (لظی). واتە: «داماڵێنەرە بۆ پێستی سەر، ئەو ئاورە ئەو کەسە بانگ دەکا کە لە دونیادا پشتی لە حەق و ڕاستی کردبێ و ڕووی لە فەرمانی خوا وەرچەرخانبێ» (معارج:۱۶،۱۷)

به یاداوەری هەمووی ئەوانە بە ئیزنی خوای باڵادەست زوو تۆبەی بکە. تۆبه شتێکە یارمەتی‌دەری تۆیە لە سەر بەردەوام بوون لە عیبادەت و پارێزگاری لەسەر تاعەت. ئەوەندەی لە ڕابردوو لە مەودای تەمەنت بۆ دونیا سەرفت کردووە و کە ئەوەش زۆرە، کەواتە ئەوەی ماوە لە تەمەنت بۆ دواڕۆژی سەرف بکە کە ئەوەش کەمە. لەبەر خوای گەورەش وەپاڕێ بە خاتری نێوە جوانەکانی و سیفاته به‌رزه‌کانی که ئەو مانگه بۆ هه‌موومان به‌خێر و خۆشی تێپەڕ بیت. داوا بکه‌ین که ئه‌و مانگه کۆتا ڕەمه‌زان نەبێت که به‌ڕۆژوو بووین، خوایە گیان نوێژ و ڕۆژووەکانمان لێ قەبوڵ بکەی و لە کەمتەرخەمیمان ببوری و لە ڕابردوو و داهاتوومان خۆش بی، بێ‌گومان هەر تۆی بەخشەر و مێهرەبان.

«خوایە گیان لە هاوسەرانمان و نەوەکانماندا، مایەی ڕووناکی دیدە و خۆشیمان پێ ببەخشە، تا هاوکاریمان بکەن لە خواپەرەستیدا و گەل و کۆمەڵێکی وامان ببێت کە خواناس بێت و خۆشمان بگێڕە بە پێشەنگ بۆ لە خوا ترسان».

ئەی خوایە لە خۆمان و دایک و بابمان و سەرجەم موسوڵمانان خۆش بە.

و صلی الله علی نبینا محمد و علی آله و صحبه اجمعین

 وەرگیراوه له په‌رتوکی ۴۰ وانه بۆ ئه‌و کەسه‌ی وا گه‌یشت به ڕەمه‌زان – عبدالملک قاسم

وه رگیر  هه ژار قوربانی – پیرانشهر 

برچسب ها
نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن