دل نوشتهکوردی

پێشەواکەم! یادت ئەکـەم …

“پارچە پەخشانێک بۆ یادی شەوڕەوی و بڵندبوونەوەی پێشەوای مرۆڤایەتی”

پێشەواکەم! .. نووری چاو و ڕێبەرەکەم! .. یادت ئەکەم .. ئەو کاتەی دوای چەند مانگ و ساڵ .. دوای ئازاری چەندین هاوڕێ و ڕژانی خوێنی سوور و ئاڵ .. دوای گەمارۆ و ئابڵۆقەی تاڵ .. ئەتدا لە دەرکەی ماڵ بە ماڵ .. بۆ وەی مرۆی خاوەن کەماڵ .. تا کرچ و کاڵ .. خاوەن دەعیە و فڕوفیشاڵ .. هەڵنەبژێرن تاریکیەکان .. بە گیان بکڕن تیشکی خۆر و ڕووناک بکەن دیدە و دڵیان ..
یادت ئەکەم، یادت ئەکەم …

ئەو کاتەی دوای کۆچی دوایی خەدیجە خانی هاوسەرت .. هاوبیر و هاوڕێ و هاوخەمت .. دوای کۆچی دوایی مامی گەورە و پشتیوانت .. نەیارانی دڵ پڕ لە قین .. شەمشەمە کوێرە و دوژمنانی ڕووناکی دین .. زیاتر لە جاران بۆیان دانای کەمین .. پێیان وابوو ئیتر ئەتوانن بشکێنن پەرژین .. باخی ساوا بێ‌ناز بکەن .. پەپوولەکان سەرگەردان و بڵاو بکەن ..
یادت ئەکەم، یادت ئەکەم …

ئا لەو کاتە هەستیارەدا .. ئا لەو شەوە نادیارەدا .. ئا لەو زوقم و بەستەڵەک و ئازارەدا .. خوای بە سۆز و زۆر کار بە جێ نەیدان هەدا .. دەستی بەستن و ناویان زڕا .. نەیان‌توانی بکوژێننەوە نووری هودا .. لە شەوێکی ئەنگوستەچاو .. بێ یارمەتی هاوڕێ‌یانی جەرگ سووتاو .. نەیارانیش نەیان توانی داینێن لە ڕێت هیچ تەڵە و داو .. خوای میوان دۆست و خاوەن ماڵ .. خاوەن کەماڵ .. ڕێکی خست بۆت ئا ئەو هەلە .. زۆر بە پەلە .. تا لە زەریای خواناسیدا بکەی مەلە .. پوختە ببی و نەکەی پەلە .. دوای چاوپێکەوتنێکی چڕ .. هاتیتەوە بە دەستی پڕ .. زیاتر لە جاران هیوادار و بە تین و گوڕ ..
یادت ئەکەم هیوای ژینم! یادت ئەکەم …

بەڵام خوشکم برای دینیم! گەر دمانهەوێ ڕابین .. چاوساخی خەڵک و ئازا بین .. دوور لە هەوا و ڕوو لە خوا بین .. هەرگیز سەرمان نەکەن نەوی .. ئەبێ بکەین شەونخوونی و شەوڕەوی .. تا سەرکەوین و سەربڵند .. ڕێکی بکەین گشت کەند و لەند .. تا بڕوێنین باخ و زەمەند .. بەرز بکەین سەری ڕێبەر .. وەجاخی ڕوون و پڕ خێر و فەڕ .. چاو و دڵمان زاخاو بدەین بە دیداری ڕۆژی مەحشەر ..
یادت ئەکەم پێشەوای ژین! یادت ئەکەم …

ئەحمەد عەبباسی ـــ بانە ـ ۳ خاکەلێوەی ۲۷۲۰

برچسب ها
نمایش بیشتر

ئەحمەد عەبباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن