تاریخ

چاوه ڕوانی دایک (دل نوشته)

ئێوارەی ڕۆژێکی پاییز بوو، کاتێ ڕۆیشتی، هەتاویش دوایین زەردە پەڕەکانی خۆی لە سەر ئاوایی خڕ کردەوە و دوایین تیشکی زەردی زێڕینی خۆی بەسە ر کێو و چۆمدا باراند.
کاتێک کە ڕۆیشتی، کۆترەسپییەکانیش لەسەر بانە گڵینەکەی ماڵمان ڕۆیشتن و سنگی ئاسمانیان بە باڵە بۆرەکانیان قەلاشت.
کاتی ڕۆیشتنت، پاسارییەکانیش کە هەموو کات لە سەر پەلی دارمێوەکەی حەوشە دەیانخوێند، بە خێرایی خۆیان خڕ کردەوە و لەسەر سپی داری حەوشەی جیرانەکەمان نیشتنەوە و چیدیکە ئاوازی دڵکەش و دڵڕفێنیان نەخوێند. بە ڕۆیشتنی ئەوان خەمێکی گەورەی دیکە بەسەر دڵما هات.
چەند ساتێک لە ڕۆیشتنی تۆ تێنەپەڕیبوو، من هێشتا لە بن هەیوانە گڵینەکەی ماڵەکەمان دەستم لە کەلەکەم ناوە و دوا هەنگاوەکانت دەبژێرم. چاو لە گەواڵی ئاسمان دەکەم و لەبەر خۆمەوە وت و وێژ دەکەم. ئاخ ڕۆلەکەم ئاخ! بۆچی ڕۆیشتی؟ بۆچی دایە پیرەکەی خۆتت بە تەنیا جێ هێشت؟ لە بەر خۆمەوە ناوت دێنم. دڵم لە دووریت ژان دەکات. چاوم لە ڕێگاکە ناکەمەوە
ئەو ڕێگایەی کە لە بەر چاومایە، ڕێیەکی خۆڵاوییە، کە بە شار دەگات.
ئازیزم هێشتاش هەر لە بەر چاومی، بەو زەردەخەنە شیرینەتەوە، کە لێوت وەک خونچەگوڵ دەپشکوێنێ، بەو نیگا مێهرەبانەتەوە کە سەرسامم دەکات ،بەو جانتا گوڵ گوڵیەتەوە کە بە دەستی خۆم دامە دەستت، دوو چاوی ڕەش و گەشت کە وەک ئەستێرە وان، لە چاوم ناترووکێنی، سەرت لە نیگاکانم سوڕمابوو چاوت لێدەکردم .
تا دواهەمین هەنگاوەکانت، هەر چاوم لە و ڕێگا خۆڵینە بڕیوە، کە لە بەر چاوما نابڕێتەوە… نابڕێتەوە.
ئێوارە بەو هەموو خەم بارییەی خۆیەوە، نە لە من گەیشت و نە لە تەنیایی ماڵە بچکۆڵانەکەمان.
پەنجەرە دارەکەی پشتەوە دادەخەم. دڵم دەگیرێ، لەوە دەترسم کە ناکا پەنجەرەی چاوم بەرەو پەنجەرەی تۆ داخەم بۆ هەمیشە. جارێکی دیکە دەستم بەرەو پەنجەرەی دیوەکە دەبەم، جیڕەیەکی لێدێت و دەکرێتەوە.
لە پشت ئەو پەنجەرە دارەدا، هومێدێک بۆ من نییە ،ڕێگا بوو، رێگا.
هەر لە بن پەنجەرەکە دادەنیشم و چاو لەم لاو لەو لا دەکەم .لە ناکاو چاوم بە وێنەکەت دەکەوێ، کە لەسەر تاقەکە لە قاپ گیراوە. دواییش خەو بەسەرمدا زاڵ دەبێت. هەر کە چاو وێک دەنێم، تۆ دەبینم. بەو بەژن و باڵا ڕێک و پێکەتەوە زەردەخەنەی هەمیشەیی لە سەر لێوەکانتە، دێت و لێوە چرچ و چۆلەکانم بۆ ڕەنگ دەکەیت، هەموو کات کە چاوم دادەخەم، دێیت و منیش لە گەڵ خۆتدا دەبەیت.
جاری وا هەیە دەمبەیتە کن چۆمی بەر دێ، جاری واش هەیە دەمبەیتە ناو باخە سێوەکەی ماڵی خۆمان. لەوێدا پێکەوە پیاسەیەکی خۆش دەکەین، لە لات دەحەسێمەوە، گەلێک وت و وێژ دەکەین، جاری واش هەیە دەمبەیتە کن جۆگەلە ئاوی بەر ماڵەکەمان، یان خود دەمبەیتە لای کانی بەر ماڵان .
هەموو ڕۆژێک لە بەیانییەوە تا ئێوارە، بە عەتری یادی تۆوە خۆم بۆن خۆش دەکەم.
نازدارەکەم! ئەمشەویش هەر وەک هەموو شەوان، پێکەوە شان بە شانی یە ک لە ناو ڕەزە ترێ ڕەشەکەدا، کات بەسەر دەبەین، پێکەوە دێین و دەچین، پێکەوە پێدەکەنین و خەریکی ئیشین، ئەمشەویش تا بەیانی هەر لە لامی. پاشان وەخەبەر دێم بۆ نوێژ و نەزای بەیانی. هەموو کات و ساتەکانم بەسەر دەبەم بە یاد و ناو و بۆنی تۆوە. هەموو کات چاوەڕوانی تۆم، تا ئەو کاتەی دە گەڕێیەوە ، چاوم لەو رێگایە هەڵنابڕم. تا ئەو کاتەی مابم، چاوم هەر لە چاوەڕوانی تۆ دایە .
ڕۆڵە ئازیزەکەم! گوێت لە دەنگمە، گوێت لە هەستمە.
بگەڕێوە نازەنینم! پێش ئەوەی چاوەڕوانیی تۆ بمکووژێت. پێش ئەوەی لە دووری تۆدا، ماڵئاوایی لە ژیان بکەم و نەتبینمەوە، بگەڕێوە.
سەوزە حەیدەری(سانا)

برچسب ها
نمایش بیشتر

سه وزه حیدری

@ مترجم وشاعر @ آذزبایجان غربی - مهاباد ☑ دانشجوی روان شناسی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن