عباداتمناسبت ها

ڕەمـەزان، سەکۆیەک بۆ گەیشتن بە ڕێگای نوور

ڕەمـەزان، سەکۆیەک بۆ ڕەخساندنی دەرمانخانەی ئیمانی و گەیشتن بە ڕێگای نوور

دەسپێکێکی باشە ئەگەر بڵێم: به‌ پێشکه‌وتنی زانسته‌کان، زیاتر ئاینی ڕاسته‌قینه‌ ئاشکرا ده‌بێت، ئاشکرایه ئه‌و سەردەمەی کە پێغەمبەر ﷺ تێدا نێردرا سەردەمی تاریکایی بوو، واتە تێنەگەیشتن یا خود ڕاکردن لە ڕاستی و نەخوێندەواری هەموو دنیای داگرتبوو، بەڵام کاتێک کە قورئانی پیرۆز هاتەخوارەوە و چەندین ئاماژەی سەرسوڕهێنەری تێدابوو و بۆ زۆرێک لە ڕاستیە زانستیەکان ده‌رگای له‌ مرۆڤه‌کان کرده‌وه‌ بیروڕای مرۆڤ ئاڵوگۆری بە سەرداهات و بە خوێندنەوەیەکی تازە لە ژیان بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون هنگاویان هەڵێناوە و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ئەوەیە کە: بە تێپەڕبوونی ڕۆژگارەکان و به‌ پێشکه‌وتنی زانسته‌کان، مرۆڤەکان بۆیان دەردەکەوێ کە ئەم پەیامە پیرۆزە لە لایەن خوداوە بۆ مرۆڤەکان هاتووە، بێگومان ئیعجازی زانستییش لە قورئان و سوننەتدا هۆکارێکی گەورەی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن و بەڵگەیەکی زۆر ڕۆشنە لەم ڕۆژگارەماندا لە سەر ڕاستی پەیامی قورئانی پیرۆز.
لە جیهانی ئەمرۆدا لە گەڵ ئاڵۆزبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای تازەو پێشکەوتوودا، مرۆڤ زیاتر پرژایە سەر شتە مادییەکان و گەیشتە ئەو قۆناغەی کە ئاستی کۆنترۆلکردنی بۆ خودی خۆی بەرەو لاوازیی بچێت، تا ئەو رادەیەی ئەو مرۆڤە خۆی و ئاساییشەکەی لە دەست بدات.
بێگومان ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر، ژیانێک نییه پڕ له سه‌رمایه و پۆست، چونکه سه‌رمایه و پۆست به ته‌نیا به‌خته‌وه‌رت ناکه‌ن، به‌ڵکوو فاکتۆرن یا خود یارمه‌تیده‌رن بۆ ژیانێک له به‌خته‌وه‌رییدا، هەڵبەت ئه‌گه‌ر بێتو تاکی خاوه‌ن سه‌رمایه و پۆست بزانێت چۆن مامه‌ڵه به سه‌رمایه‌ و پۆسته‌که‌یه‌وه بکات…

ڕەمەزان سەکۆیەک بۆ گەیشتن بە ڕێگای نوور

بڕوادارانی بەرێز: چەند ڕۆژێکمان ماوە مانگی ڕەمەزان هەوار و هەوارگەی تێک بنێ و ماڵ ئاوایی لە ئەوینداران و هۆگرانی خۆی بکات، ئەو کات و ساتە گرینگ و هەستیارانە کە دەرفەتی تەوبە و گەڕانەوەو ئیمان نوێکردنەوە و ڕۆژی بە خۆداچوونەوەیە، بۆ ئەوەی چاکەی زیاتر بکەین و لە خراپە دوور کەوینەوە، بە تایبەتی لە ڕووی ئیمانییەوە بە خۆدا بچینەوە، بۆ ئەوەی بە ڕاستی ئیماندار بین و ئیمانێکی بە سەمەرەو بەرهەممان هەبێت، چونکە ئیمان دوو جۆری هەیە، یەکەم: ئیمانی تەقلیدی کە لە سەر ڕێبازی عەقڵ و زانست دانەمەزراوە، ئەوە ئیمانێکی لاوازەو خۆی لە بەردەم ئارەزوو شەهەواتەکان ناگرێت، لە وانەیە دینی خۆی بە ماڵێکی کەمی دونیا بفرۆشێت، ئەمەیان بە ئیمانێکی کامڵ و تەواو داناندرێت. دووەمیان: ئیمانی ڕاستەقینە، واتە بە زمان دانی پێدا بندرێت و بە دڵ باوەڕی پێی هەبێت و بە ڕاستی بیزانێت…
خوای گەورەو دلۆڤان دەفەرمووێ: { یَا أَیُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَتْکُمْ مَوْعِظَهٌ مِنْ رَبِّکُمْ وَشِفَاءٌ لِمَا فِی الصُّدُورِ وَهُدًى وَرَحْمَهٌ لِلْمُؤْمِنِینَ ــــ سورەی یوونس ئایەتی ۵۷ واتە: ئەى خەڵکینە لە لایەن پەروەردگارەوە ئامۆژگارییه‌کى گەورە و گرینگ بۆ ئێوە هاتووە، کە شیفاو دەرمانە بۆ دڵ و دەرونتان و ڕێنمایى و ڕەحمەتە بۆ بڕواداران، پێیان بڵێ: دڵ بە فه‌زڵ و میهرەبانیەکەى خوا خۆش بکەن کە زۆر گەورەترە لە هەموو ئەو شتانەى لە دنیادا هەوڵى کۆکردنەوەى دەدەن، کە زۆر گەورە و بەنرخترە لە دنیا و هەرچى تێدایه‌.
بڕوادارانی ئازیز: نیعمەتى ڕۆژوو نیعمه‌تێکه‌ کە هاوتاى نیە و دەبێت هەمیشه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ لە بەرچاومان بێ و دڵ بەوە خۆش بکه‌ین کە ڕەمەزان پێمان دەڵێ: بژی بە پڕی نەوەک بمری بە بەتاڵی!
ڕۆژوو ئەو زانکۆ و زانستگایەیە کە زۆر شتمان فێر دەکات!
مانگی پیرۆزی ڕەمەزان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یامی خوای په‌روه‌ردگاره‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤه‌کان نێردراوه‌ هیچ لایه‌نێک و بوارێک لە بواره‌کانی ژیانی تێدا فه‌رامۆش نه‌کراوه‌، لایه‌نی ده‌رونی، جه‌سته‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌واوی بواره‌کانی تر… جا یه‌کێک له‌ بواره‌ گرینگه‌کانی که‌ قورئان وه‌ک په‌یامی ئیسلام گرنگی پێداوه‌ بریتیه‌ له‌ لایه‌نی ده‌رونی مرۆڤ هه‌م له‌ ڕووی دیاری کردنی نه‌خۆشی و گرفته‌کانی هه‌م له‌ ڕووی چاره‌سه‌ر کردنی کێشەکانی. قورئانی پیرۆز بۆ خۆی هێزێکی رۆحی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و کاریگه‌ریه‌کی زۆر ئه‌خاته‌ سه‌ر ده‌رونی مرۆڤ و به‌راده‌یه‌کی باش له‌ دڵه‌راوکێ‌ ڕزگاری ئه‌کات وه‌ک خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رمووێ: {وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَهٌ لِلْمُؤْمِنِینَ — سورەتی ئیسرا ئایەتی ۸۲ } به‌ڵێ‌ قورئان شیفایه‌بۆ نائارامی و سه‌ر گه‌ردانی چونکه‌ ده‌رونی مرۆڤ په‌یوه‌ست ئه‌کات به‌ خوای په‌روه‌ردگار و هه‌ست به‌ په‌ناو پارێزگاری ئه‌کات ئه‌مه‌ش که‌وای کردوه‌ که‌ زۆر له‌ زاناو فه‌یله‌سوفه‌ پایه‌ به‌رزه‌کان ته‌نانه‌ت له‌ ئایینه‌کانی تریش باس له‌ گه‌وره‌یی ئه‌م قورئانه‌ پیرۆزه‌ بکه‌ن وه‌ک: زانای ئینگلیزی {چمبری} ده‌ڵێت: به‌ڕاستی له‌ توانای پێنوس دانیه ‌باسی ئه‌وه‌ بکات که‌ مسوڵمانان تا چ راده‌یه‌ک له‌ ئاداب و ده‌ستووری مرۆڤایه‌تی و به‌خته‌وه‌ری چیان له‌ گه‌ڵ خۆیان هێنا بۆ به‌شه‌ریه‌ت!
خوای گەورەو دلۆڤان دەفەرمووێ: { شَهْرُ رَمَضَانَ ٱلَّذِى أُنزِلَ فِیهِ ٱلْقُرْءَانُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَ بَیِّنَٰتٍ مِّنَ ٱلْهُدَىٰ وَٱلْفُرْقَانِ ۚ فَمَن شَهِدَ مِنکُمُ ٱلشَّهْرَ فَلْیَصُمْهُ ۖ وَ مَن کَانَ مَرِیضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّهٌ مِّنْ أَیَّامٍ أُخَرَ ۗ یُرِیدُ ٱللَّهُ بِکُمُ ٱلْیُسْرَ وَلَا یُرِیدُ بِکُمُ ٱلْعُسْرَ وَلِتُکْمِلُوا۟ ٱلْعِدَّهَ وَلِتُکَبِّرُوا۟ ٱللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَىٰکُمْ وَلَعَلَّکُمْ تَشْکُرُونَ — واتە: مانگی ڕه‌مەزان مانگێکه‌ قورئانی تێدا نێرراوەتە خوارەوە بۆ ڕێنمایی بۆخه‌ڵکی و بەڵگەیەکی ڕۆشن بۆ ڕێنموونیی و جیاکردنەوەی ڕاست و نادروست، ئینجا هەر کەسێک لە ئێوە مانگی ڕەمەزانی بینی با بە ڕۆژوو بێت، هەر کەسێک نەخۆش بوو یان لە سەفەردا بوو با بە ئەندازەی ئەو ڕۆژانە قه‌زای بکاتەوە لە چەند ڕۆژێکی تردا، خوای گەورە ئاسانی ئەوێ بۆ ئێوە و گرانی ناوێت بۆتان، قه‌زای ڕەمەزانتان لە سەر دانرا تا مانگه‌که‌ بگرن بە تەواوی و بەگەورە ناوی خوا بەرن لە سەر ئەو ڕێنموونی یەی کە کردونی و تا سوپاسی خوا بکەن ـــــ سورەتی بەقەرە ئایەتی ۱٨۵ } .
چەند وانەیەکی گرینگ لەو ئایەتە پیرۆزە

یەکەم: مانگی ڕەمەزان، مانگی هاتنەخوارەوەی قورئانی پیرۆزە

تەنیا مانگێ کە ناوی لە قورئاندا هاتووە و شەوەکانی زۆر پیرۆز و گرینگن و لای خوای گەورە رێزیان زۆرە شەوانی ” قەدر “ن کە لەو مانگەدا هاتوون

دووەم: ڕەمەزان، مانگی میوانداری خوای گەورەو دلۆڤانە

بڕواداران لە مانگی ڕەمەزان، بە کارتی💌 یَٰٓأَیُّهَا ٱلَّذِینَ ءَامَنُوا۟ کُتِبَ عَلَیْکُمُ ٱلصِّیَامُ ـــ بانگ هێشت کراون بۆ باڕەگای خوای گەورە و باڵادەست

چەند تایبەتمەندی و خاڵی گرینگ لەو زیافەتەدا

یەکەم: خانەخوێ، خوای گەورەو دلۆڤانە کە بۆ خۆی زیافەتەکە بەرێوەدەبا

دووەم: کات و شوێنی میوانداری دیاری کردووە، واتە مانگی ڕەمەزان کە:

سەرەتایەکەی، ڕەحمەتە
نێوەڕاستی، لێخۆشبوونە
کۆتایەکەی، هەڵگرتنەوەی خێر و پاداشتە

سێهەم: کەرەسەی پەزێرایی، هاتنە خوارێی قورئان هاورێ لە گەڵ پۆلێک لە مەلایەکە و بۆ گەیشتن بە ڕێگای نوور و گەشەی رۆح و دوور کەوتنەوە لە ئاگری دۆزەخ.
چوارەم: چۆنییەتی پەزێرایی، هاوکات لە هاتنی دەستەیەک لە مەلایەکە بۆ ڕازاندەوەی کۆڕکە و خزمەتکردن بە میوانان لە شەوی قەدر، پێداویستی یەک ساڵی میوانەکان ئامادە دەکرێ…ئەو کۆڕە هیچ جیاوازیەکی ئەو تۆیی لە گەڵ میوانداریەکانی دونیایی نییە خوای گەورە و دلۆڤان بۆ خۆی دەبێتە خانەخوێی مرۆڤ گەلێکی نەزان و هەژار و فانی و خوڵقاو…

یاساو ڕێسایەک بۆ بەشداری و بەرێوەبردنی میوانداری لەو ئایەتەدا

یەکەم: دەبێ لە درۆ، چاوپێ هەڵێنان، دوزمانی و… خۆ بپارێزێ کە گەورەترین یاسای بەشداری لەو میواندارییە. بایەخ و گەورەیی ڕەمەزان بە هاتنەخوارێی قورئانە، واتە بایەخ و کەسایەتی مرۆڤ دەتوانێ بە پێی گاریگەری قورئان لە ناو دڵی دیاری بکرێ ــــ الذی انزل فیە القران

دووەم: ناراحەتی و ئازار و کێشە و گرفت لە سەر مرۆڤ کەم دەکاتەوە ـــ لا یردبکم العسر…
ڕۆژوو سەکۆیەکە بۆ گەرانەوەی ئاشتەوایی و دەسپێکێکی باشە بۆ گەشەی مرۆڤ.

لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەرمان دروودی خوای لە سەر بێت زۆر باسی ڕۆژوو کراوەو، واتە کۆمەڵە لایەنێکی زۆر گرنگی هەیە، وەک: شوێنەواری دەروونی لە سەر ئیماندار، ئەمن و هێمنی و هەستکردن بە پشوێکی دەروونی،
هاوکات لە گەڵ ئەوەشدا شوێنەواری کۆمەڵایەتی گرنگی تری هەیە، وەک ئەوەی ئیمان وات لێ دەکات بە ناهەق ئازاری کەسانی تر نەدەیت…مرۆڤی باوەڕدار ئەوەی بۆ خۆی پێ خۆشە بۆ براکەشی پێ خۆشە، وەک پێغەمبەر ٍﷺ ئاماژەی بەو خاڵە گرینگە کردووە …ئیمانداری ڕاستەقینە خۆی دەپاریزێت لە قسەی بێ کەڵک و ڕەچاوی بەڵێن و پەیمان و ئەمانەتەکانی خۆی دەکات، خۆی لە شتی حەرام دەپارێزێت و ڕازییە بە قەزاو قەدەری خواو، ئەزانێت ئەوەی بەسەر مرۆڤ دێت ناتواندرێت بگۆردرێت. هەر وەها ئیمان شوێنەواری ئەخلاقی گرنگیشی هەیە، لەوانە کەسێکی ڕەوشت بەرزو ئاکار جوانە، وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: إِنَّ مِنْ أَکْمَلِ الْمُؤْمِنِینَ إِیمَانًا، أَحْسَنَهُمْ خُلُقًا، وَأَلْطَفَهُمْ بِأَهْلِهِ واتە: بەڕاستی ئیمان تەواوترینی باوەڕداران، ڕەوشت بەرزترینیانەو، نەرم و نیانترینیانە لە گەڵ خانەوادەکەی.

ڕۆژوو، گەشتی دڵان…

مرۆڤی باورەدار سەرەتای ڕەمەزان و کۆتایی ڕەمەزان بۆ گەران بە دوای مانگدا سەرقاڵ دەبێ، لە سەرەتاوە بۆ ئاسمان دەروانێ بۆ دۆزینەوەی مانگ، لە کۆتایشدا بۆ ئاسمان دەروانێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی مانگ، واتە گەڕانی سەرەتا ئەو دوربینی و ئامانجەیە کە ڕۆژوو بە مرۆڤی دەبەخشێت هەمیشە چاوی لە ئاسمان بێت، دورتر لە بەرپێی خۆی بروانێت بەرزتر لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەرزتر لە پێداویستیە فسیۆلۆجیەکان لە خواردن و خواردنەوە، بەڵکو بەرەو ئامانجێکی بنەرەتی ئه‌ویش ئەوەیە کە ئێمە لە مەملەکەتی ئاسمانەوە هاتوین و دەمانەوێت بۆ ئاسمان بگەڕێینەوە، نەهاتین سەر دابخەین و هەموو خەونەکانمان لە سەر زەویدا کورت بکەینەوە، هاتوین چاو ببڕینە ئاسمان و بگەڕێینەوە بۆ ئەو مەئوایەی هەڵه‌کانمان و نزم روانینمان ئێمەی لێدەرکرد، بۆ گەرانەوەش پێویستمان بە تەوبە و بەرز ڕوانینە.

مەولانا دەفەرمووێ:

ما ز بالاییم و بالا می رویم
ما ز دریاییم و دریا می رویم

ڕوانینی دوەمیشیان بۆ مانگ بۆ ئەوەیە بزانین پێی گەشتین، توانیمان ئەم مانگە قەرەبوی ئەو هەڵەیە بکەینەوە کە بووە هۆی دابڕانمان لە مەملەکەتی خۆمان و کۆتایی بەو فیراقە بهێنین کە نــزم ڕوانینمان توشی کردین.
ئیبن و عەرەبی ڕەزای خوای لێ بێت پێیوایە هەموو ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە ڕۆژووەوە ئەو ڕاستیە دەخەنە ڕوو کە ڕۆژوو بالا بونە و کەماڵە، ئا لێرەوە لە ڕاڤەی دەرگای { ڕەییان } دا جارێکی دیکە هەمان وێناکردن دەبەخشێتەوە و دەڵێت، { ڕەییان } بە واتای تێر ئاو بوون. واتای گەشتنە کەماڵ و نەمانی پێداویستیە بە ئاو. هەر بۆیە لە کاتی بە ڕۆژووبوندا رۆحی مرۆڤەکان کەماڵ ده‌بێت و تێر ئاو دەبێت و ئیدی ناتوانێت لەوە زیاتر هەڵبگرێت، هەر بۆیه‌ پێویستی بە درگایەکە لێیەوە بچێتە ناو بەهەشتەوە تەعبیر لەو کەماڵە رۆحیە بکات…کەوایە با هەر یەک لە ئێمە بێین به‌ پێى تەمەن و تواناو ئەرکى خۆمان لە ژیانی دونیا، ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا چەندەمین ڕەمەزانە کە ڕەمەزان ده‌بێته‌ میوانى ئێمە؟ واتە هەموو ساڵێک کە ئێمە دەبین بە میوانى چـرتە ساتەکانی پڕ چێژ و ناسک و دڵ ڕفێن و نوورینی بـەربانگ لە ئێواراندا و به‌رده‌وام جوڵه‌ و بزاوت و سه‌یر و سه‌مەر و نه‌وه‌ستان به‌ره‌و ڕه‌زامه‌ندى خودا، به‌ره‌و جلیوه‌ى نووره‌ ئه‌زه‌لى، حاڵێکه‌ ته‌نها ڕێبوارى ئه‌م ڕێگه‌یه‌  شیرینیه‌که‌ى ده‌چێژن. به‌م حاڵه‌وه‌ به‌ که‌رنه‌ڤاڵى ئیستغفار نیشانى بده‌ین که‌ ئه‌و خودایه‌ى ده‌یپه‌رستین پاک و بێگه‌رده‌ له‌ هه‌موو که‌موکورتییه‌ک. جا بۆ ڕاستى نیه‌ت و مه‌به‌ستمان ده‌بێت که‌رنه‌ڤاڵى ئیستغفار لە چرتە ساتەکانی پڕ نووری سەحـەر لە شەوەکانیدا بگەێنینە لوتکە و لە مانگى غوفراندان ئاهەنگى سەرکەوتن بەسه‌ر نەفس و حەز و غەفڵەتدا بگێرین. ئای چەند خۆشە ئەو حاڵ و کات و ساتە کە سەرتاپا دەبێتە خەڵاتى خوایى و دڵى ڕێبوارى ڕێگەش دەبێته‌ ڕووگە و نیشنگەى تەجه‌لاى خوایى و جلیوەى نوورى ئەزەلى لەو دڵەدا دیار کەوێ، چۆن وانیه‌ خودا ڕوخسارو جیهانى ماددەى وەلاناوە و تەنها جێگاى تێروانینى ئەو دڵى عارفێکى نورانییە… لێرەوەیە خۆشەویستمان دەفەرمووێت: تَسَحَّرُوا فَإِنَّ فِی السُّحُورِ بَرَکَهً ـــ واتە: پارشێو بکەن چونکە لە پارشێودا خێر و بەڕەکەتی خوای گەورە بۆ ئۆقرەیی دڵ و دەروون و گەشەی رۆح و پاڵاوتنی کۆ ئەندامەکانی جەستە وەدەستان دەکەوێ.
نـزاو پارانەوە و ڕاز و نیاز و داواى لێخۆشبوون لە خوای گەورە و دلۆڤان لە کاتی بەربانگدا { لِلصَّائِمِ فَرْحَتَانِ یَفْرَحُهُمَا إِذَا أَفْطَرَ فَرِحَ وَإِذَا لَقِیَ رَبَّهُ فَرِحَ بِصَوْمِهِ ــ لێرەوە کە باس لەوە دەکرێ بۆ مرۆڤی باوەردار دوو کاتی زێرین هەن بۆ پێگەیشتن و دیداری خوای باڵادەست، بیر و هزرمان بۆ لای ئەوە ڕادەکێشێ ئاخۆ ئەگەر لەو کات و ساتە پڕ چێژ و خۆشە کامێرایەکی شاراوە هەبایە و بمانتوانیبایە هەست و سۆز و ئەوینی خوای گەورە و دلۆڤان لە هەمبەر نـزا و پارانەوە و گەیشتنی بەندەی بە خزمەتی خوای گەورە لەو کات و ساتە هەستیارەدا، دیدارەکەی بۆ ڕۆماڵ بکردباین چ دیمەنێک و چ خۆشیەک لەو دیدارەدا دەبینڕا…!؟ ئاخۆ خوای گەورە و دلۆڤان چە شەوق و زەوقی هەبێ لەو کاتە پڕ لە ئەوین و خۆشەویستیەدا ؟!؟ تەنانەت وێناکردن و بیر کردنەوەی دڵی مرۆڤی باوەردار دەهەژێنی چ جای ڕوودانی ئەو دیدارە پڕ لە نوور و خۆشەویستی یەدا !!! ئەی دەبێ خوای گەورە خۆی چۆن بێ…؟!
ئایا ئامانجی سەرەکى ڕۆژوو تا چه‌ندە لە ژیانی ئێمه‌ هاتۆتە دیى، ئایا ئێمه‌ چوینەتە خزمەتى قورئان تاکو بزانین ڕەفتار و ڕەوشتی دۆستانی خوا چین و چەندەێ له‌ خوو و ڕەفتاری ئێمەدا کاردانەوەی هەبووە…؟
خوای گەورەو باڵادەست دەفەرمووێ: { وَ إِذَا سَأَلَکَ عِبَادِى عَنِّى فَإِنِّى قَرِیبٌ ۖ أُجِیبُ دَعْوَهَ ٱلدَّاعِ إِذَا دَعَانِ ۖ فَلْیَسْتَجِیبُوا۟ لِى وَلْیُؤْمِنُوا۟ بِى لَعَلَّهُمْ یَرْشُدُونَ —– واتە: هەر دەمێ بەندەکانی من پرسیاریان لێ کردیت دەربارەی من، ئەوا بێگومان من لێیانەوە نزیکم، نزای نزاکاران هه‌رکاتێک هاوار و نزام لێبکه‌ن گیرا دەکەم، دەی با ئەوانیش بە دەنگ منەوە بێن و بڕوام پێ بهێنن بەڵکو ڕێی ڕاست بدۆزنه‌وە.
ئەوێندارانی مانگی ڕەمەزان! لە کاتی ” بەربانگدا ” ساتێک مانەوە لە خەڵوەتدا خۆراکێکی ڕوحی بە مرۆڤ ئەبەخشێ تاوەکوو هەموو کاتەکانی تری ژیانی پێ بەسەر بەرێ و بژی. دەی کەوایە ڕێز لەو کات و ساتە نوورین و پڕبەهایە بگرە تا تیایدا خۆشبەخت و بەختەوەر بی…
ڕۆژوو دەبێ ببێتە هۆی نوێبوونەوە لە تێگەیشتمان لە ژیان و جێبەجێکردنى داخوازیەکانى قورئان، چۆنیەتى پەروەردەکردن و پێگەیاندنى نەوەیەکى باشتر له‌ خۆمان لە سەر قورئان، و نوێبوونەوەى چۆنیەتى تۆمارکردنى ڕۆژێکى نوێى ته‌مەن.
بە دەربڕنێکی دیی دەکرێ بڵێن: ڕۆژوو گرتنی یەک مانگ لە ڕەمەزاندا هۆکارێکی گرینگە بۆ پاڵنەر و بە هێز کردنی ئیمان و باوەری مرۆڤ، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕاهێنان و ئیرادە و بە هێز کردن و پەروەردەکردن و گەشەی رۆح و عەقڵ و سەرجەم کۆئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ… ڕەنگە ئەو پرسیارە بۆمان دروست بێ کە ئاخۆ ئێمە توانیومانە ئەو سەروەرەی کە شاهی تەختی دڵانە، بە شێوەیەک کە شایانی قەدر و قیمەتی ئەو بێت، بە مرۆڤی ئەم سەردەمەی بناسێنین و بڵێسەی تاسە و شەیدایی لە ناخیاندا تاو بدەین.!؟ نەخێر ئەگەر مرۆڤایەتی ئەوی بناسیایە، دەبووە مەجنونی و دەیدایە ئەو کەژ و هەردە، هەر کاتیش یادی شیرینی ئەو ڕۆحەکانی پێچابا، دڵی دەکەوتە جۆش و چاوەکانی ئەسرینیان بۆ دەڕشت؛ ئیتر ئەو کات بۆ چوونە نێو جیهانی پاکی پێغەمبەرایەتیەکەیەوە دەکەوتە پەرواز و لە پێناو گیان بە بەرداکردنەوەی خۆڵەمێشی دڵی سووتاوی کە لە تاو عەشقی ئەو گڕی سەندبوو خۆی دەدایە بەر شنەی با تا بەرەو هەوارگەی ئەوینی ئەو ڕاپێچی بکا. ئەگەر عەقڵ و ھەستەکانیش ھەرگیز پەیی پێ نەبەن ئەوا دەروونەکان بوونەتە پەروانەی دەوری ئەو شەمعە، ئەو خۆرە لە داھاتوویەکی زۆر نزیک ئەو عەقڵە دەربەدەر و پەرێشانانەی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەرەو ئەو بدەنە پرتاو و بە وێنەی مێشی زستان لەملاو ئەو لادا پەکیان کەوتووە بۆ ئەم حاڵەیان دەستی پەشیمانی دەگەزن و بە خۆیان دەڵێن
ئاخ و داخ ئێمە بۆ نەبووینە پەروانە و بەرەو ئەو نەڕۆیشتین! بەڵام ئەو کات لەوانەیە بۆ ھەندێکیان زۆر درەنگ بێت و ھەموو شتێک کۆتای پێ هاتبێت… ئەمڕۆ ئەگەر بەراوردێکی خێرا لە نێوان کەش و هەوای ڕەمەزان لە نێوان ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ بکەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێ ساڵانی ڕابردوو خەڵک وەک وێستگەیەکی پاک بوونەوە و بەخۆداچوونەوە بەشەوق و زوق و دڵخۆشیەوە خۆیان بۆ ڕۆژی چەژنی ڕەمەزان ئامادە دەکرد و یەکەم هەنگاویان ئەوەبوو کە لە گەڵ ئەوانە ئاشت ببنەوە و گەردن ئازایی لە یەکتر بکەن کە دڵیان لە یەک هێشاوە، چونکە ئەوەیان خاڵێکی یەکجار زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بە دڵ و دەروونێکی پاکەوە بچینە نێو ئەو ڕۆژە نوورینە{ چەژن }، کە چی ئەمڕۆ ئەو دیاردەیە بەدەگمەن هەستی پێ دەکرێ و هەنگاوی جیدی بۆ دانانرێ، مەخابن ئەمڕۆ خەڵک دڵی وەک بەرد ڕەق بووە و هیچ شتێک کاری لێ ناکات و مەسەلەی ئاشتی و ئاشتەوایی بە شتێکی لاوەکی وەردەگرێت، جاران خەڵک بەو پەری خۆشیەوە لە چەژنی ڕەمەزان هەمووی گەردنی یەکتریان ئازاد دەکرد و پێشوازیان لە یەکتری دەکرد و دڵەکانیش پاک ئەبوونەوە کە چی ئێستا بە شێوازێکی تر…!

بڕواداری بەرێز و ئازیز، ئایا لە دوای تێپەرکردنی مەقامەکانی { ایاک نعبدو و ایاک نستعین } و تێکۆشانێکی رۆحی و بڕینی ڕێگای حەقیقەت له‌م مانگه‌دا سوور بویت له‌ سه‌ر ته‌وبه‌ کردن و گەرانەوە بۆ لای خوای گەورە و دلۆڤان؟ ئایا بەڕاستی بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ت داوه‌؟ ئایا بڕیارت داوه‌ واز له‌ هه‌موو گوناهه‌کان بهێنیت و لاپه‌ڕه‌یه‌کى نوێ لە ژیان هه‌ڵبده‌یته‌وه‌ لە گه‌ڵ په‌روه‌ردگارى ئاسمانه‌کان و زه‌وى؟
ئایا پلانت داناوه‌ بۆ به‌رنامه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی دوای ڕەمەزانت کە مرۆڤێکی باوەرداری بە ڕوەشتی کارجوان و بەکەڵک بی، یا خود هەر مرۆڤێکی ڕەمەزانی؟ به‌ چ شێوه‌یه‌ پێشوازى له‌ رۆژه‌کانى دوای ڕەمەزان ده‌که‌یت؟
کۆمه‌ڵێ پرسیارن، که‌ پێویسته‌ هەر یەک لە ئێمە بە تەنیا لە گۆشەیەک لە گەڵ خوای باڵادەست خەڵوت بکەین و زۆر ڕاستگۆیانە وه‌ڵامیان بدەینه‌وه‌…

وەرگێڕ: عەبدوڵڵا عەلی پوور

سەرنج: لە کاتی وەرگێڕان و نووسینی ئەم نامیڵکەیە کەڵک و سوودم لە وتارەکانی بەرێزان دکتۆر عوسمان موحەممەد غەریب، تەحسین حەمە غەریب، مودریک عەلی عارف، مامۆستا شەماڵ موفتی، کتێبەکانی تەحسین حەمەغەریب، ئەنتێرنێت و…وەرگرتووە

از طريق
عبدالله علی پور
منبع
http://sozimihrab.org
برچسب ها

عبداللە علی پور

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - نقده @ شغل : دعوتگر دینی و فعال مدنی

نوشته های مشابه

پاسخی بگذارید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

لطفا نظرات خود را با حروف کوردی یا فارسی تایپ کنید
نظرات حاوی مطلب توهین آمیز یا بی احترامی به اشخاص ، عقاید دیگران، و مغایر با قوانین کشور منتشر نمی شود
نظرات پس از تائید منتشر می شود
بستن